
بهیاننامهی ژماره 2ی گۆڤاری کۆنسێپت
بەیاننامەی ژمارە 2
بەرەو دیالۆگی ئەقڵانی
خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات یەکێک بوو لەو پێچە مێژوویانەی کەپەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵکی خستە بەردەم پرسیارەوە. گومانکردن و بێ متمانەیی و خوێنڕشتن و ڕق بۆتە کەشی گشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی. لەبەرامبەر ئەوەدا کەڵەکەبوونی کێشەکان و پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ و گەندەڵی و مەحسوبیەت و دواکەتوویی، تەحالوفات و گەمەی سیاسی ناجۆر ئەم بارودۆخەی دروستکردووە. بەگشتی سیاسەت دوور لەئەقڵانیەت لەنێو ئەم کێشانەدا هەڵسوڕاوە. ئێمە وەک دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (کۆنسێپت) کەگۆڤاریکی فیکریی و فەلسەفیە لەو بڕوایەداین، کەغیابی ئەقڵانیەتی سیاسی و تۆلەرانس و لێبوردەیی و داروینزمی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخەن، لەم گۆشەنیگایەوە ئێمە وەک گۆڤاری کۆنسێپت لەو بڕوایەداین کەئەم پرنسیبانەی خوارەوە، پێشنیاری خەتی گشتی و پرنسیبی کارکردنی گشتی هەنووکەیی بێت :
یەکەم: دیالۆگی نیشتمانی لەسەر بنەمای دیالۆگی ئەقڵانی ناونیشان و پڕنسیبی سەرەکی گفتوگۆکان بێت.
دووهەم: دیالۆگەکان لەسەر سێ بنەما بوەستن، ڕاستگۆیی و شەفافیەت و دادپەوەری. بەمانای بەشداریکردنی هەمووان نەک تەنها ئۆپۆزیسیۆن، بەڵکو بەشداریکردنی چەپەکان و لیژنەی مەیدانی ئازادی و نوێنەرانی میدیای ئازاد و ڕۆشبیرە جیدییەکان لەدیالۆگدا. باگفتوگۆکان لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵگە بێت نەک هەر لایەنە سیاسیەکان.
سێهەم : خۆپیشاندانی مەدەنیانە ناونیشانی سەرەکی خەبات بێت بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی، بەبێئەوەی زمانی بریندارکردن و تۆمەتبارکردن بەکار بهێنێنرێت.
چوارەم: ڕووداوەکانی حەڤدەی شوبات بەڕێڕەوی یاسایی و بەپەلە و شەفافیانە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، بێگومان بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکانی تریش هەمان پڕنسیب میکانزمی شەفافانەی بۆ بەکار بخرێت، بامیدیا مافی زانیاری بۆ هەموار بکرێت.
پێنجەم: زمانی میدیای هەمووان، دوور بکەوێتەوە لەبریندارکردن و هەریەکەو میوانداری ڕای جیاوازی یەکتری بکات. پێمان باشە شانۆیەک لەمەیدانی ئازادی دامەزرێت و گفتوگۆی لایڤ لەنێوان هەموو لایەنەکان بەردەوام لەکارابێت. با گەر مومکین بێت هەموو کەناڵەکانی پارتی و یەکێتی و کەی ئین ئێن بەشێکی زۆری بەرنامەکانیان بۆ بیروڕای پێچەوانەی خەتی سیاسیان تەرخان بکەن، بامیوانداری بیروڕاکانی دژی خۆیان بکەن.
شەشەم: با خۆپیشاندانەکان نەبێتە هۆی فراوانکردنی سنورەکانی ئیسلامی سیاسی کەئیدۆلەکانی پێچەوانەی ئیدۆلەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیە، ئیدۆلەکانی ئیسلامی سیاسی ئاڕاستەی دورستبوونی شورای ئیسلامەویە و ئامانجی گۆڕینی یاسا سروشتی و پراگماتیەکانە بۆ یاسایەک لەسەر بنەمای ئاینی. بەتایبەت یاساکانی باری کەسێتی و لوتژەننە نێو ئەدەب و فیکر لەڕیگەی خوتبەبێژەکانەوە، بەنێوی ئەخلاقی گشتی .
حەوتەم: بەراوردکردنی کوردستان بەتونس و جەزائیر و میسر هەڵەیەکی مەنهەجیە و پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی و زەمینەی کولتوری نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و دروستبوونی حکومەت و هاوکێشەی هێزە دەرکیەکانی دەرەوەی هەرێم و نێو عێراق، خوێندنەوەیەکی تر هەڵدەگرێت وەک لەبەرهەمهینانی ئەو ڕستە سیاسیە.
هەشتەم: با پەڕلەمان ببێتە مەرجەعی یەکەمی حکومەت و پێداچونەوە بەدەستور و چەسپاندنی عەلمانیەت و جیاکردنەوەی ئاین لەدەوڵەت. بائەمە شانبەشانی پێداچونەوە بێت لەکڵێشەی سەرۆکایەتی کەلەسەرجەم ناوچەکە هەرەسی هێناوە، سیکۆلاریزم بەشێکی تەواوکاری دیموکراسیە.
نۆهەم: با لیژنەیەکی ڕاوێژ لەڕۆشنبیران و بیرمەندان بۆ حکومەت پێک بێت و لەقەیرانەکاندا گفتوگۆ بکەن و گوێیان لێ بگیرێت. باهەر سیاسیەکان هەڵسوڕێنەری سیاسەت نەبن لەم کۆمەڵگەیەدا.
دەهەم: وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەرەوەردە دوو وەزارەتی کولتوری گرنگن و دەبێت جارێکی تر پێکهاتە وهەڕەمی بیروکراتیەتی ئەو دوو وەزارەتەدا بخرێنە بەردەم هەیکەلکردنەوەیەکی نوێیەوە.
یازدەهەم: بێکاری گەنجان و توڕەبوونیان بەهەند وەربگیرێت و وەزارەتی کۆمەڵایەتی و پەروەردە بەو پەیوەندیەدا بچێتەوە کەلەنیوان نێرو مێی ئەم کۆمەڵگەیەدا لەقەیراندایە، بادیوار لەنێوان ئەم دوو توخمەدا زیاتر بەرزنەکرێتەوە. باکۆمەڵگەیەک بوونی هەبێت ئازادی تەنها ئازادی سیاسی نەبێت، بەڵکو ئازادی پەیوەندیەکانی نێوان کیژ و کوڕانی ئەم وڵاتە بێت، ئەم هەنگاوە دوورمان دەخاتەوە لەتوندوتیژی کۆمەلایەتی و سیاسی.
هیوادارین دیالۆگ و ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی ناونیشانی کاراکردنەوەی حکومەت و دروشمی چاکسازی کۆمەڵایەتی بێت، نەک تەنها لەسەر ئاستی سیاسی بەڵکو لەسەر ئاستی کلتوریش کاری خۆی بکات. بۆ ئەمە ئاشتبوونەوەی کۆمەلایەتی و سیاسی و دیالۆگ تاکە چارەسەرە. زمانی ئەقڵ تاکە چارەسەرە..
• گۆڤاری کۆنسێپت