Skip to Content

Wednesday, May 1st, 2024

كەسمان چاوەرێت نەبووین…محەمەد قادر

Closed
by March 8, 2011 گشتی

هەر وەك پێشتریش لە فەیسبوكەكەی خۆم لە وەلامی هاورییەك كە وتبووی (بۆچی ریبوار سیوەیلی لەسەر روداوەكانی كوردستان بێدەنگە؟) وتبووم، كە ئێمە هیچ چاوەروانیەكی ئەوتۆمان لە سیوەیلی نیە، هەموومان كەم تا زۆر ئەزانین ئەم پیاوە ماوەیەكی ئێجگار درێژە بێدەنگی هەلبژاردووە و خۆی یەكلا كردۆتەوە. یەكالابوونەوەی ریبوار سیوەیلی لەسەر روداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان، شتیكی تازە نیە، ئیمە پیشتریش نە لەكاتی تیرۆری سەردەشت و نە لەكاتی یاسای خۆپیشاندان و نە لەكاتی پرۆژە یاسای دەستور و نە زۆر كێشە و پرسی تری نا كۆمەلگاكەمان هیچ وتەیەكمان لەم نوسەرە نەبیست. ئەگەر هەر شتیكیشی نوسیبی یان وتبیت بیكومان هەلقولاوی سایكۆلۆژیایەكی دووفاق بووە كە نازانیت خۆی لە كام لایەندا ساخ بكاتەوە. مەبەست لە خۆساخكردنەوە ئەوە نیە ئیمە بە لای لایەنیكی سیاسی، یان ئایدۆلۆژیایەكی تایبەتدا هەلویست وەرگرین، بەلكو مەبەست ئەوەیە كە كۆمەلكای ئیمە لە ماوەی ئەم دوو سالەی دواییدا بە تایبەتی زیاد لە چەندین جار رووبەرووی دەستدرێژی دەسەلاتی سیاسی بۆتەوە و رۆشنبیر دەبی قسەی خۆی لەسەر بكات. رۆشنبیران بیكومان هەلویستیان جیاوازە لەسەر روداویك بەلام نابێ بێ هەلویست بن، رۆشنبیر هەر لە كیشەیەكی بچوكی ناو دوو ئینسانەوە تا دەگاتە كیشەیەكی گەورەی وەك ململانیی دەسەلات و خەلك، دەبێ‌ قسەبكات و لەسەریان بدوی. بیكومان زۆریشن ئەو رۆشنبیرانەی كە دژ بە ماهیەتی كاری رۆشنبیری و دژ بە رۆلیكی ئەخلاقی و ئینسانی، یان بێدەنگ دەبن، یان ئەو كاتەش كە ورتەیەكیان لێوە دێت پێش هەموو شت لە پێگەو بەرژەوەندی شەخسیانەوە بووە. ئێمە دەتوانین ریبوار سیوەیلی لە هەر دوو خانەكەدا پۆلین بكەین. واتە یان بیدەنگ بووە یان ئەو كاتەش كە بیدەنگ نابیت، شتیكی ووتوە كە زۆربەی جاران بەرگری بووە لەو دەسەلاتەی كە بیگومان سیوەیلی یەرژەوەندی خۆی لەگەلدا دەبینیتەوە. دیارە نمونەكان زۆرن بەلام من تەنها لەسەر دوا نامەی ئەم نوسەر دەوەستم كە لە مالپەری دەنگەكان بلاویكردۆتەوە. مامۆستا هەر لە سەرەتاوە دەلیت:” هەندیك رووداو لە ژیانی نەتەوەیی ئیمەدا هەن، بۆ كەسیكی وەكو من وا باشترە خۆیان لە هەلویستی راگوزەریانە بە دووربگرن و خەلك هەلویستی پێشووتریان بۆ حساب بكات”. ئەم دیرە بە تەنیا ئەوە دەهینیت كە یەك وتاری رەخنەیی لەسەر ئیشكالیەتەكانی بنووسین، بەلام من لیرەدا تەنها بە چەند دیرێك رازی دەبم. بەرلە هەموو شتیك ئەگەر هەندیك لەو رووداوانەی كە مامۆستا باسی دەكات شایانی ئەوە بن بێدەنگیان لێبكرێت، ئەوە هەموومان دەبی دەممان لە ئاستیدا داخەین، ئیدی تیناگەین ئەو غرورە چیە كە سیوەیلی خۆی لەوانی تر جیادەكاتەوە و پێی وایە كە ئەو دەبێ بێدەنگ بێت, پاشان پێمان نالێت كامە هەلویستی پێشوو،؟؟ مامۆستا نابێ‌ پێی خۆش بێت هەندیك هەلویستی پێشووی بۆ حساب بكەین، چونكە وەكو لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد، ئەو هەلویستانە بە جۆریك پر شەرمەزارین كە سیوەیلی هەر جۆریك بیت دەبی لە بیر خۆی و ئیمەشی بباتەوە. بەقسەی مامۆستا بێت رۆشنبیران تەنها یەك هەلویستیان بەسە و ئیدی دەبی لەبری هەموو رووداوەكانی دی هەمان هەلویست وەربگرین. غافل لەوەی كە هەموو روداویك وردبونەوە و بیركردنەوەی تایبەتی خۆی ئەویت، هەموو رووداویكیش هەلویستی تایبەتی دەخوازێت. دوابەدوای ئەوە لە برگەیەكی تردا مامۆستا دەمانباتەوە سەر گفتوگۆیەكی رادیۆی ئازادی كە بەرگری لە ویستی خوپیشاندەران كردووە. بەلام لە شوینیكی تری وتارەكە پێمان دەلیت ئەوەی كە ئیستا ئەگوزەریت تەنها كۆنە قینێكی رابردووە.ئەم پارادۆكسە لە چەندین شوینیی دیكەی نامەكەدا هەیە، وەكو وتم تەعبیرە لە سایكۆلۆژیەتی مامۆستا كە ناتوانی یان نایەویت بە ئاشكرا قسەی خۆی بكات. بەكورتی لە نێوان دووبەرداشی ئەو بەرژەوەندییانەی كە نزیكببون لە دەسەلات بۆت دروست دەكات، و ئەو دۆخەی كە ئیستا لە شەقامەكانی كوردستاندا هەن. مانای ئەوەی كە لەلایەك بتەویت رۆشنبیر بیت و لەلایەكی دیكەش شتێك نەلیی دڵی دەسەلات گەرد بیگرێت. سیوەیلی بەرادیەك بێ‌ ئاگایە یان خۆی بێ‌ ئاگا كردووە لە وواقیعی ئێستا كە پێی وایە ئەمە كۆنە قینە و بەدلنیاییەوە مەبەستی ئەو ململانییەی كە لە نێوان یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆران و بە تایبەتی نەوشیروان مستەفا و جەلال تالەبانیدا هەیە، و نازانیت ئەوەی كە ئیستا لەسەر جادەكانە ململانێی دوو دنیابینی و دوو نەوەیە، ململانێی هەموو كەرتە بەشخوراوەكانی كۆمەلگای ئێمەیە لەگەل ئەو دەسەلاتە سیاسیەی كە كۆمەلگای بەم دەردە گەیاندووە. لە ئێستادا بەشدارانی ئەم خۆبیشاندانانە چەند گۆرانن، ئەوەندەش یەكگرتوو و كۆمەل و نارازییەكانی یەكیتی و پارتیشن، چەند ئیسلامین ئەوەندەش سیكۆلارن.  مامۆستا باس لەوەش دەكات كە دوایین هەولی ئەو نامەیەكی تایبەتە بۆ سەرۆكی هەریم كە داوای لیكردووە رۆڵی یەكلاكەرەوە ببینیت. گەرچی وەكو هەموو قسە دووفاقەكانی تری سیوەیلی ئەم قسەیەش تەمومژی زۆر هەلدەگرێت،بەلام جێی خۆیەتی بپرسین رۆلی یەكلاكەرەوە مانای چی؟ وەكو ئەوەی سەرۆكی هەریم بەشێك نەبیت لەم دۆخەی كە ئەگوزەریتّ!! پاشان ئوستاز ئەركی یەكلاكردنەوە ئەبەخشیت بە سەرۆك، ئیدی بۆ  ئەو ئەركەی ناخاتە سەرشان كە جیزبەكەی بەردەوام  دەستدرێژی دەكاتە سەر ئەم كۆمەلگایە و دەبێ‌ ئەو وەك سەرۆكی ئەم حیزبە بەری لێبگرێت؟ بەلام مامۆستا كەس چوزانی خۆ رەنگە ئەگەر ئیمە روداوەكان بە باشی ورد بكەینەوە، كاربگاتە ئەوەی كە تۆ لە نامەكەتدا داوای دەستلەكاركیشانەوەی سەرۆك بكەیت.. سیوەیلی دەلیت :”من زیندانی پێشینەی خوێندنی خۆمم و سالانیكە لە زەمینەی فیكر و فەلسەفەدا كارمكردووە،ئەمەش رێگە نادات هەمیشە و هاوكات بە رووداوەكان هەلوێست وەربكریت”. بەلێ‌ مامۆستا پێی وایە ئەگەر لە زەمینەی فیكر و فەلسەفەدا كارت كرد، ئیدی نابی لە بەرامبەر روداوەكان هەلویست وەرگرین، لە راستیدا ئەم دیرە ئەوە دەهێنێت هەمووی ئەوانەی لەم ولاتەدا ئیدعای فیكر و فەلسفەیان هەیە بە درێژی وەلامی ئەم مامۆستای فەلسەفەیە بدەنەوە. مێژوو پرە لەو خاوەن قیكر و فەیلەسوف و گەورە بیرمەندانەی كە شانبەشانی رووداوەكانی سەردەمەكەیان هەلویستیان وەرگرتووە و خاوەنی قسەی خۆیان بوون. بیركردنەوەی سیوەیلی ناگاتە تۆزقالیكی سارتەر بەلام سارتەر لەگەل خەلك هاتە سەرجادە، فۆكۆ هەروەها، ماركس و رۆسۆ هەروەها…ئەمانە و دەیانی تر پیاوی گەورە و سەرقال بە فیكر و فەلسەفە بوون بەلام لەگەل رووداوەكانی سەردەمەكەی خۆیاندا تەفاعولیان كردووە. مامۆستا ئەگەر رۆژئاوا بە كەم ئەزانێت ئەوەندە بەسە لە رۆڵی بیرمەندانی ئیرانی و میسری وردبیتەوە لەو بزوتنەوانەی كە لە ولاتەكەیاندا بەرپابووە. مامۆستا ریبوار بەمەشەوە ناوەستیت و دەلێ‌ :”هاورییان ناكرێت من سەدان لاپەرەم لەسەر ناتوندوتیژی و لیبوردەیی نوسیبێت و كەچی لە ساتەوەختیكدا هیچ رێزم بۆ قسە و هزری خۆم نەمینیت و بكەومە تەرویجكردنی توندوتیژی و هاندان و پشێوی نانەوە.” ترسناكترین نوسینیك دوای روداوەكانی 17ی 2 بۆ شەرعیەتدان بە سەركوتكردنی خەلك، ئەم وتەیەی سیوەیلیە و لە راستیدا گەورەترین سوكایەتیشە بە هەموو ئەو رۆشنبیر و بیرمەندانەی كە قسە لەسەر ئەم بارودۆخە ئەكەن. ئوستاز بۆ ئەوە لە بیری خۆی دەباتەوە ئەوەی توندوتیژی ئەنوینیت دەسەلاتی سیاسی و دامودەزگا عەسكەرتاریەكانی ئەوانە. ئەوانن گوللەیان ناوە بە خەلكەوە وتا ئێستاش هەشت كەسیان كوشتوە و زیاتر لە 200 كەسیان بریندار كردووە و ژمارەیەكی ئیجگار زۆریان دەستگیر و بی سەروشوین كردووە. ئەوە ئەوانن بۆمبی دەنگی دەتەقیننە و خەلك ئەترسینن و هەر ئەوانن شەو مافیائاسا هەلدەكەوتنە سەر خیمەكانمان و ئەمانگرن و خیمەكانمان ئەسوتینن. بەلام سیوەیلی ئەوپەری بیریزی بە خۆپیشاندەران دەكات و پیی وایە ئەگەر هەلویست وەرگریت تەرویجی توندوتیژی ئەكات. بی ئەوەی بچوكترین قسەی لەسەر ئەو كوشتارەی 17ی 2  و روداوەكانی دوای ئەوە بكات. من نازانم ئەو سەدان لاپەرەیەی كە ئەم پیاوە لەسەر ناتوندوتیژی نوسیویەتی كامەیە؟؟ و ئەوەندەش بی ئاگا نین نەزانین ئوستاز چی دەنوسیت و چۆن دەنوسیت..بەلام وادیارە ئێمە زۆر لەوە بە گێلتر دەزانن و تیناگەین بەشی هەرە زۆری فیكری ناتوندوتیژ گاندی تیۆریزەی كردووە و هەردەم لەناو خەلك و لە پێشەوەی خۆپیشاندەرانیشەوە بوو. مامۆستا ئەیەویت فێڵمان لی بكات یان هەر بەراستی زۆر هەلە لە فیكری ناتوندوتیژی گەیشتووە و نازانیت ئەم فیكرەیە خەباتی مەدەنی رەتناكاتەوە و بە بنەرەتبكی گەورەشی دەزانیت، نازانیت رەتكردنەوەی توندوتیژی بە مانای رەتكردنەوەی خۆپیشاندان و چالاكی مەدەنی نایەت، بەلكو بەرگرییەكی سەرسەختیشی لێدەكات. ئەگەر مامۆستا بیانوی ئەوەیە كە ئەو رووداوانەی لە سلیمانی دەگوزەریت نامەدەنین، كەواتە وادیارە ئەی چۆنە مامۆستا لە شوینیكی ئەم نامەیەدا دەڵیت من بەردەوام بەشەخسی لەگەل ریكخەرانی ئەم خوپیشاندانانە لە پەیوەندیدا بووم كە بەرەوە توندو تیژی نەروات؟!!! من بە راستی جگە لە دلنیابوون لەو سوكایەتیەی كە سیوەیلی بە ئیمەی كرد، لەوش یەقینم پەیداكرد كە ئەسلەن ئەم پیاوە لە ناتوندوتیژی یان تینەگەیشتووە یان بەرژەوەندییەكانی رێگەی پێنادەن ددانیان پێدا بنێت. مامۆستا لەبری ئەوەی باسی ئەو درندەییەی دەسەلات بكات، هاتووە باس لە سوتاندنی كتیبخانەكەیمان بۆ دەكات و ناراستەوخۆ ئەوەمان پێدەلیت مادام من بە تەنها گریانیك رازی بووم ئیدی ئیمەش دەبی بەرامبەر ئەو هەموو دەستدرێژیە بیدەنگ بین، مامۆستا باسی ئەوەش دەكات ئەوان مەحكەمەیان بیدەنگ كرد,,, ئیدی خۆی لەوە دەشاریتەوە ئەوانەی كە دادگایان گەیاندۆتە ئەم دۆخە یەكیكیان دەسەلاتی ئەو حیزبەیە كە ئیستا مامۆستا لە سیبەریا دەحەسیتەوە.. سیوەیلی سوتاندنی كتیبەكەی بە گرنگتر لە خوینی ئەو هەموو گەنجە دەزانیت كە دەكوژرێن. لە دوا دیرەكانی نامەی سیوەیلیدا كۆمیدیا دەگاتە لوتكە و دەلێ‌:” ژمارەیەكی زۆر لە دلسۆزان ئامۆژگارییان كردم هەر لەسەرەتای رووداوەكانی سلیمانیەوە بەهیچ شیوەیەك بەشداری لە بەرهەمهینانی توندوتیژیدا ناكەم و ئەمەش بووە بناخەی ئەوەی كە نەمانەویت لە هەولیریش دەستپیشخەری هیچجۆرە كاریك بین كە توندوتیژی لیدەكەویتەوە..” جیگەی پرسیارە كە سیوەیلی خۆی ناتوانیت بیربكاتەوە كە دەبی دلسۆزان ئامۆژگاری بكەن.. لەسەرەتای نامەكەیدا باس لەوە دەكات كە من خەریكی فیكر و فەلسەفەم و بۆیە بیدەنگم لەبەرئەوەی دەمەوی وردبمەوە و بیربكەمەوە، بەلام ئیستا دەلی ئامۆژگارییان كردم..!!! پاشان بەراستی ئەو دلسۆزانە كێن؟ ئیمە نازانین ئایا بەراستی ئامۆژگارییان كردی یان ئەمریان پیكردی..؟ ئەوەندەی من بزانم لەم كاتەدا ئەو كەسانە دلسۆزن كە بەرگری لە مافی و ئازادییەكانی خەلك بكەن و بەرگری لە خۆپیشاندان وەك مافیكی سەرەتایی بكەن، ئیدی بەراستی تیناگەین دلسۆزەكانی مامۆستا لە جنسی كام دلسۆزانەن. هەروەها وەك بیانویەك بۆ ئەمە باسی ئەوە دەكات كە ئیمە دەستپێشخەریمان نەكردووە كە هەمان شت لە هەولیر رووبدات، گوومان لەوەدانیە هەمووان دەزانین كە هەزارانی وەك سیوەیلی دەستپێشخەرییان بكردایە، هەر لە هەولیر هیچ رووینەدەدا، كە ئەمەش بۆ ئەو سەركوتكردنە گەورەیە دەگەرێتەوە كە خەلكی ئەو شارە چەوساوەیە لە ئیستادا بە دەستیەوە دەنالینن، نەخیر مامۆستا ئەوەی كە وادەكات هەولیر بیدەنگ بیت، رەشبگیرییە، هەرەشەیە، توقاندنە، بارەگا سوتاندنە، زانكۆ داخستن و دەركردنی خویندكاری شارەكانی ترە…دەنا درەنگ یا زوو ئەوشارەش بێدەنگی دەشكێنێت و چاوەرێی دەسپێشخەری تۆ نیە. مامۆستا هۆكاری ئەمە بۆ ئەم دێرە دەگەرێنیتەوە:” چونكە هیچ متمانەم بەم هیزە دەسەلاتدارانەی خۆمان نیە كە بتوانن ناتوندوتیژانە رەفتار بكەن، لەوسەریشەوە دەزانم پەروەردەكردن و گەورەكردنی مندال چەندە زەحمەتە و ئەمەش ریگەم لێدەگرێت تا كاریك بكەم مندالی خەلك بدری بە كوشت.” بی بنەماترین پاساو بۆ بێدەنگی رۆشنبیرێك لەم دۆخەدا هەر ئەم دێرەیە، مامۆستا وائەزانی ئەوەی لەسلیمانی لە سەجادەكانن بە دنە و هاندانی رۆشنبیران هاتوون كە ئەگەر واش بیت جێگەی خۆیەتی بەرگری لەو رۆشنبیرانە بكەین، گەنجان مافی خۆیانە هۆشیاربن لەم ولاتەدا چی دەگوزەرێتن مافی خۆیان نارازی بن و بینە سەرجادە و یەكێك لەئەركەكانی رۆشنبیرانیش ئەوەیە ئەم هۆشیارییە دروست بكەن،  ئەگەر مامۆستا متمانەی بە دەسەلات نیە كە توندوتیژی نەكات، دەبا ئەو بێدەنگیەی بشكێنێ‌ و رەخنەی توندوتیژی دەسەلات بكات، ئەگەر دەسەلاتیك توندوتیژ بوو، بێدەنگ بین و هیچ نەلێین تا نەمانكوژن، یان بە خەباتیكی مەدەنی دەسەلات لەم توندوتیژییە دامالین؟؟ّ!!! مامۆستا رێگەی یەكەمیانی هەڵبژارددووە و خۆ ئەگەر ئێمە باسی لە رابردووش بكەین و لەبەرئەوەی بەعس سەركوتكار و توندوتیژ بوو، ئیدی با هیچ نەلێێن و بێدەنگ بین.. بەراستی باوەرناكەم هیچ نوسینیك لە  مێژووی كورددا تا ئەم رادەیە ستایشی كۆیلەیەتی كردبێت..
لە كۆتاییدا ئەمەوێ‌ دیسان ئەوە دووبارە بكەمەوە كە پێویست ناكات سیوەیلی تكامان لێبكات و بلێت(كەس چاوەرێی شتی گەورە لە من نەكات..) ئێمە چاوەرێی هیچ هەلویستیك لەم پیاوە نەبووین، رەنگە هەندێك گەنجی سادە و دلپاك دۆشدامابن لەبەرامبەر ئەم هەموو درندەییەدا بۆ ئوستازەكەیان هیچ ناڵێتـ، بەلام ئەمە چەند پرسیارێكی حەقیش بێت، پرسیاری من نیە، چونكە لەگەل ئەم بێدەنگیەدا راهاتووین و ژیان و بێدەنگی سیوەیلیمان لە خۆی پیرۆز كردووە، بەلام ئەمە مانای ئەوە نیە كە سوكایەتی بە خەلك بكات ئیمە قسە نەكەین، مانای ئەوەنیە خۆپیشاندەران بە توندوتیژ ناوببات ئیدی ئیمە وەلاممان نەبێت.. مانای ئەوەنیە ستایشی كۆیلەبوونی ئیمە بكرێت و هەلویست وەرنەگرین، من دووبارە و چەندبارەی ئەكەمەوە ئەم نامەیەی سیوەیلی نەك تەنها سوكایەتیەكی گەورەیە بەو گەنج و خۆپیشاندەرانەی كە ئیستا لەسەرجادەكانن، بەلكو سوكایەتی و بێحورمەتیەكی گەورەشە بەو رۆشنبیر و نوسەرانەش كە پال بە پالی ئەم بزوتنەوەیە دەنوسن و پشتگیری لە خەلك دەكەن. ئەگەر من وەك خۆپیشاندەریك هەلویستی خۆم لەم وەلامەدا كورت كردبیتەوە، بێگومان دەبی ئەو نوسەر و رۆشنبیرانەش هەلویست وەرگرن و وەلامی ئەم نامەیە بدەنەوە.
سليمانى/8/3/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.