
8 ی مارت رۆژێکی مه‌زن و شکۆداره له هه‌موو جیهاندا
له قوڵایی دڵمه‌وه پیرۆبایی ئه‌م رۆژه پیرۆزه ده‌که‌م له هه‌موو ژنانی جیهان به‌گشی و ژنانی کوردستان به‌تایبه‌تی و هه‌موو خۆشه‌ویسته‌کانم له کچ و خوشک و هاوڕێ ژنه‌کانم و ئه‌و هاوڕێ پیاوانه‌ی که به ڕاستی ڕێز له‌م ڕۆژه ده‌گرن و له مانا و به‌های قوڵی ئه‌م ڕۆژه تێده‌گه‌ن.
زۆر جار گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین که به ژنان ده‌ڵێن نیوه‌ی کۆمه‌ڵ، وابیرده‌که‌مه‌وه ئه‌م قسه‌یه ته‌نیا بۆ خوڵککردنی ژنان بێت، یان له‌به‌ر نه‌بوون و ده‌ستنه‌که‌وتنی ده‌سته‌واژه و په‌یڤێکی هێنده جوان به قه‌ده‌ر جوانی و مه‌زنی و شکۆداری ژن بۆیه ناچار پیاوان له بۆنه‌کاندا، له کاته‌کانی قسه‌وباس له‌سه‌ر ماف و یه‌کسانی ژنان به‌پیاوان و ده‌ربڕینی هه‌ستێک شایسته به ژنان، ده‌ڵێن، ناتوانرێت ژنان وه‌لانرێت چوونکه نیوه‌ی کۆمه‌ڵن. من وابیرده‌که‌مه‌وه که ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به سۆز بیر له بوونه‌وه‌ری ژن نه‌که‌ینه‌وه، ژنان زۆر له‌وه به‌به‌هاتر و به‌نرخترن که ته‌نیا له نیوه‌ی کۆمه‌ڵ بوونیانه‌وه ئه‌رکی پیاوان بێت به هه‌ندیان وه‌ربگرێت. ژن ئه‌و بوونه‌وه‌ره جوانه‌یه که له‌هه‌ر‌چ شوێنێکی ژیاندا نه‌بوو ئه‌و شوێنه بۆنی ژیانی لێنایه‌ت، قوتابخانه‌کان، خوێندنگاکان، زانکۆکان، شوێنه‌کانی کار، گه‌شتوگوزار و ناو ئامرازه‌کانی هاتووچۆ و ناو ماڵ و ناو شه‌قامه‌کان و ناو باخ و باخچه‌کان و هه‌موو شوێنێکی ئه‌م جیهانه به‌بێ ژن بۆنی ژیانی لێنایه‌ت. ڕه‌نگه لێره‌دا پێم بڵێن بۆ پیاویش ئه‌وه ڕاسته، یان ژنه به‌ڕێزه‌کان بڵێن، ئێمه‌ش ئه‌و هه‌سته‌مان هه‌یه به‌رامبه‌ر به پیاوان، ئه‌م قسه‌یه ڕاسته، به‌ڵام ڕاستر له‌م قسه‌یه ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ی ژن ده‌یگه‌یه‌نێت و پێشکه‌شی ژیان و به‌رده‌وامی ژیان و غه‌ریزه‌ی هه‌میشه‌یی بوونی ده‌کات ئه‌وه ژنه پێش ئه‌وه‌ی پیاوبێت ، ئه‌وه ژنه پێش پیاو بۆنی ژیانی لێدێت، ئه‌وه ژنه پێش پیاو میهره‌بانه بۆ ژیان، ئه‌وه ژنه پێش پیاو ئاشتی خوازه بۆ ژیان ، ئه‌وه ژنه پێش پیاو بۆ ژیان پشودرێژه، ئه‌وه ژنه پێش پیاو بۆ ژیان پێده‌که‌نێت، ئه‌وه ژنه پێش پیاو ژیان ده‌ڕازێنێته‌وه، ئه‌وه ژنه پێش پیاو ژینگه پاک ڕاده‌گرێت، ئه‌وه ژنه پێش پیاو ڕقی له خوێن ڕشتنه، ئه‌وه ژنه پێش پیاو بۆ ژیان سازش ده‌کات، ئه‌وه ژنه پێش پیاو فرمێسکی په‌شیمانی هه‌ڵدڕێژێت، ئه‌وه ژنه پێش پیاو ئارامیی ده‌دات به ژیان، ئه‌وه ژنه پێش پیاو بۆ ژیان نه‌رمونیانه، ….هتد.
ژن، ئه‌و مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره به‌ڕێزه‌یه که چه‌ندین مانگ کۆرپه‌له‌یه‌ک له سکیدا هه‌ڵده‌گرێت، که ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه ژیان به‌رده‌وام نه‌ده‌بوو، ئه‌وه‌ش هه‌ر ژنه که دیسان ده‌توانێت بۆ ژیانی ساواکه‌ی شیر بزێنێته مه‌مکه‌کانیه‌وه.
ئێمه‌ی پیاو و ژن هه‌موومان مرۆڤین، هه‌موشمان شایه‌ن به ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر و خۆشبژین، هه‌مووشمان وه‌ک یه‌ک شایسته به خۆڕێکخستنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و دادپه‌روه‌رانه و یه‌کسانین. زۆربه‌ی زۆری پیاوان ئه‌م قسه ساده و ساکارانه‌ی من له‌م نووسینه‌دا ده‌یکه‌م ده‌یزانێت، ڕه‌نگیشه کاتێ که بیخوێنێته‌وه بڵێت خۆ ئه‌م نووسینه شتێکی بۆمن تیا نه‌بوو که نوێ بێت! ڕه‌نگه ئه‌مه ڕاست بێت! به‌ڵام له‌وه ڕاستر ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی پیاو له‌گه‌ڵ زانینی ڕاستیه‌کاندا، به ئاشکرا ڕاستیه‌کان پێشێل ده‌که‌ین، به ئاشکرا له پێناوی پیاوسالاریی خۆماندا و له پێناوی به‌خته‌وه‌ریی و خۆشی خۆماندا ژنان ده‌چه‌وسێنینه‌وه، ژنان به پله دوو ته‌ماشاده‌که‌ین له کۆمه‌ڵگادا، هه‌موو پیاوان به قسه‌کردن دژی بیریی دین و خێڵ و ترادسوێنه دواکه‌وتووه‌کانن بۆ ته‌ماشاکردنی ژن و خوێندنه‌وه‌ی ژن، که‌چی هه‌مووشمان خۆشی له‌و بیرۆکانه وه‌رده‌گرین و ناتوانین به یه‌ک ده‌نگ له ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌م ڕۆژه پیرۆزه‌ی ژناندا به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاته په‌تریارکی و خێڵه‌کی و دینی و فێندیمێنتالیسته‌کان بته‌قینه‌وه وبڵێنی چیتر به‌سه.
ده‌بوایه له‌م ڕۆژه پیرۆزه‌دا، پیاوان شه‌رمیان بکردایه له خوێنڕشتن، ده‌بوایه له‌م ڕۆژه‌دا پیاوان بێده‌نگ بوونایه، ژیانیان ئارام ڕاگرتایه، ده‌بوایه له‌م ڕۆژه‌دا و له به‌رشکۆداری ئه‌م ڕۆژه به یه‌کجار له هه‌موو جیهاندا نه‌فره‌ت بکرایه له هه‌موو تووندوتیژیه‌ک، ده‌بوایه له‌م ڕۆژه‌دا سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانی ئه‌م جیهانه ته‌نیا شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێیان بکردایه‌ی، ده‌بوایه ده‌نگی موسیقا و گۆرانی جیهانی بخرۆشانایه، ده‌بوایه هه‌موو هێزه چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه‌کان به یه‌کجار له‌م ڕۆژه‌دا ڕابوه‌ستانایه و پشویه‌کیان بدایه‌و سه‌ریان نه‌ویبکردایه له‌به‌رده‌م ئه‌م ڕۆژه پیرۆزه‌ی جوانترین بوونه‌وه‌ری ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا، ده‌بوایه ڕۆژی ژنانی جیهان و ڕۆژی ئاشتی جیهانی یه‌کبخرایه و ئاوێته‌ی یه‌کتری بکرایه، ده‌بوایه هه‌موومان دانمانبنایه به‌وه‌ی که ڕۆژی ژنانی جیهانی گه‌وره‌ترین ومه‌زنترین و پیرۆزترین ڕۆژی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌یه، ده‌بوایه ئه‌مڕۆ خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی ئازادی ته‌نیا گۆرانی و مۆسیقایان لێبدایه، ده‌بوایه شۆڕشگێڕه‌کانی لیبیا و دیکتاتۆره‌کی لیبیا(موعه‌مه‌ر قه‌زافی) که بدرۆزنیه‌وه پاسه‌وانه‌کانی خۆی له ژنان داناوه، گوای بڕوای به ژن و ڕێز له ژن ده‌گرێت!! هه‌ریه‌که له ئاستی خۆیه‌وه له سنوری خۆیدا ڕابوه‌ستایه و ته‌قه‌ی نه‌کردایه و گۆڕانی و په‌یڤی جوانیان بچڕیایه، ده‌بوایه ئێمه‌ی مرۆڤ ئه‌م ڕۆژه‌مان بکردایه به ڕۆژێک بۆ بۆنی ژیان پێکه‌وه بۆ هه‌موومان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی ژن پێشکه‌شی ده‌کات به ژیان پیاو ناتوانێت پێشکه‌شیبکات، ده‌بوایه پیاوان له‌به‌رده‌م ژن و ژیاندا ڕابوه‌ستایه، ده‌بوایه له‌م ڕۆژه‌دا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌ری خۆی نه‌ویبکردایه له‌به‌رده‌م ژناندا و ئه‌وه‌ی بیربکه‌وتایه‌ته‌وه که ئه‌گه‌ر ژنانی کورد و کوردستان نه‌بوونایه پیاوانی خه‌باتگێڕ و شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌کان هیچیان پێنه‌ده‌کرا به‌رامبه‌ر به دوژمنه سه‌رسه‌خته‌کانی کوردستان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی به ده‌یان ژن چه‌کیان کرده شانیان له‌گه‌ڵ برا و مێرده‌کانیان یان له‌گه‌ڵ هاوڕێکانیاندا، به ده‌یان له ژنانی کوردستان له سێداره‌دران و زیندانی کران، به ده‌یان ژن ئێستا به شاخه‌کانی قه‌ندیله‌وه‌ن، به ده‌یان ژن جه‌رگی سوتا وماڵی وێران بوو، به ده‌یان ژن بێ پیاو مایه‌وه و منداڵه بێ باوکه‌کانی به‌خێوکرد، به ده‌یان ژن به به‌رچاوییه‌وه که‌سوکاری ئه‌نفالکران، به ده‌یان ژن جلی بوکێنی بۆ ده‌یان ساڵ هه‌ڵگرت و چاوه‌ڕوانی زاوای بێ سه‌روشوێنکراو و ئه‌نفالکراوییکرد، به ده‌یان ژن هه‌موو که‌سوکاری له کیمیاباراندا تیاچوون و هه‌ر خۆی بۆ مه‌ینه‌تی ژیانی ژنان مایه‌وه.
هه‌زار جار به‌رز و پیرۆز بێت ڕۆژی ژنانی جیهان.