Skip to Content

Sunday, May 5th, 2024
شۆستەکان …. هەباس بۆسکانی

شۆستەکان …. هەباس بۆسکانی

Closed
by March 8, 2011 ئەدەب

شۆستەکان دوو قۆڵی درێژکراوی شارەکەم
بە درێژایی خەم راکشاو
هەندێکیان رازاوە بە درەخت و مناڵانی ئاوفرۆش
هەندێکیش قوڕبەسەر
وەک دایکانی بەدووا-هەواڵ وێڵ..

شۆستەکان مێژووی سەیری مناڵین
دڵە خورپێن، کاتی موشێن و بووژانەوە
ئارامین، کاتی ژووان وماچی بەپەلەی عاشقان..

شۆستەکان مۆڵگەی سیخووڕ و
شۆرشگێڕ و میرەنوێکانن
شایەتی زوڵم و
شایەتی پەیمانی عەشق و
شاهیدی خوێنی ڕژاون شۆستەکان..

شۆستەکانی ووڵاتم
لەپڕ قادرمەن بەرەو کەشکەڵان
لەپڕ پانتایی ناکۆتان رووەو باخچە نەدۆزراوەکانی
دەرەوەی شار
شۆستەکان لەپڕ فەرمانی پۆستاڵ لەپێیە
لەپڕ مەئوای راحەتی شاعیران..

شۆستەکان
هەندێک جار ملکەچن وەک گوڵەبەرۆژەی شەوان
هەندێک جار دڵشکاون و بێدەنگن وەک تریفەکانی سوبح..

شۆستەکان
هەندێک جار هەموو حیکایەتەکان دەخۆن
سوژنی گەرم بکە بەچاویانا نقەیان نایەت،
هەندێک جاریش ئەوەی پێیان بڵێ “لەل” یەخەی دەگرن
قسان لەکەس قەبوڵ ناکەن..

شۆستەکان،
هەندێک جارتاریکن وەک دڵی دایکی “گەرمیان” *
هەندێک جار مەلەکوتی نوورن
وەک دڵی کوکوختییەکانی بەیان..

شۆستەکان،
هەندێک جار عەمیلی ئیمپریالیزمن
بازاڕی چەکی دزراون و پیلانن دژی ئێواران
هەندێک جاریش لەوێوە خەتمایلن
بۆ پەسەوانەکانی ئازادیی..

شۆستەکان پڕبوون لە حەشامات
ئەوەتان خوێنی رژاو
ئەوەتان مناڵانی پێکراو..

شۆستەکان گریانی قوتدراون
ئارامیی پێش بورکان و
سروتی پێش هێرشی ئاگرن
شۆستەکان..

•    گەرمیان مناڵێکی شەهیدکراو لە خۆپیشاندانەکانی كوردستان.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.