دوَزى كورد لەنیوان تفەنگىجەنەڕالەكان و جانتاىدیبلوَماسى ئیسلامیەكاندا
ئامادەكاری تەوەرە:ئاسۆ عوسمان…….
رەنگبێ بەهەڵەدا نەچووبووین ئەگەر بڵێین كێشەی سیاسی و نەتەوەیی نێوان كورد لەگەڵ توركەكان هاوكاتە لەگەڵ یەكەمین درووستبوونی هەوەڵین قەوارە یان دەوڵەتی توركەكان لەمێژوودا كەخۆی لەدەوڵەتی عوسمانییەكاندا (سەدەی سیانزە) دەبینێتەوە،لەو چركە ساتە بەدواوە كێشەیەكی ئاڵۆز وچارەسەرنەكراو تا ئەمڕۆ خۆی خزاندە نێو پرسە گەرمەكانی رۆژهەڵاتی نێوینەوە كە ناوی كێشەی كورد – توركە،بەدرێژایی شەش سەدەو نیو زیاتر لەژێر سایەو فەرمانڕەوایی خەلافەتی عوسمانی‌دا كورد نەك لەهیچ ماف و ئازادییەك بەهرەمەند نەبووە بەڵكو هەمیشە لەژێر ستەم و چەوساندنەوەی میللی‌دا راگیراوە و هەمیشە وەك كۆیلەیەكی سیاسی تەماشای كراوە.
بەڵام لەگەڵ هاتنە سەركاری توركە ناسیۆنالیستەكان(كەمالییەكان)لەتوركیا لەدوای بڕانەوەی یەكەمین جەنگی جیهانی و دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەلمانی لەسەر جەستەی رزیو و مردارەوەبووی دەوڵەتی خەلافەت كێشەی كورد چوارچێوەیەكی توندتری بەخۆوە گرت و كەمالییەكان لاپەڕەیەكی نوێیان هەڵدایەوە لەچەوساندنەوەو ستەملێكردن لە كورد هەر لەو نێوەندەدا هەموو هەوڵە سیاسی و شۆڕشگێڕییەكانی كورد بە زەبر و ئاگر و ئاسن وەڵام درانەوە.
توركیای عەلمانی و دیموكراسی بۆ كورد نەك هیچ دەسكەوتێكی نەتەوەیی وسیاسی تێدا نەبوو بەڵكو بووە مایەی كابووس بۆ كوردەكانی باكوور بۆیە سەرەتای چەوساندنەوەی كوردەكان لەبڕیاری قەدەغەی ئاخاوتن و پەیڤین بەزمانی كوردییەوە دەستیپێكرد تاوەكو سەركوتكردن و سووتماككردنی وڵات و لەنێوبردنی فیزیكی .
لەلایەكی ترەوە توركیا بەدەر لەچەوساندنەوە وسەركوتكردنی مافەكانی كوردی باكوور هەمیشەش كارتێكردنی هەبووە لەسەر هەر پێشكەوتنێك لەمافی كوردەكانی پارچەكانی تردا،بۆ نموونە بەردەوام توركیا یارمەتی و هاوكاری جیدی ئێراقی كردووەو دەكات بۆ پاشەكشەپێكردن بەمافەكانی گەلی كورد لەباشووری كوردستان،ئەگەر لاپەڕەكانی دیرۆك هەڵبدەینەوە لێوانلێوە لەرێككەوتنەكانی تورك وئێراق بۆ سەركوتكردنی كوردولەناوبردنی هەر دەسكەوتێكی كوردەكانی باشوور تەنانەت زۆرجار دەستپێشخەریی مەزنی بۆ داگیركەرانی كوردستان كردووە لەو بوارەدا.
بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایی چەند پێشكەوتنێك هەرچەندە وەك پێویست نین لەرەوشی سیاسیی كوردەكانی باكووردا روویانداوە،بەڵام چاودێرانی سیاسی رایدەگەیەنن ئەم پێشكەوتنانە زیاتر شكڵین ئەگەر نا هیچ شتێكی ئەوتۆ لەباری سیاسی و فەرهەنگی كوردەكانی باكوور نەگۆڕاوە كەشایەنی باس بێت،بەڵام لەهەمان كاتدا بە گەواهی هەموو لایەك بارودۆخەكە بەبەراورد بەپێشان وەها تەنگەبەر و گران نییە كە كورد تێیكەوتبوو .
بەڵام جارێكی تر لەگەڵ هاتنەوە سەركاری پارتی دادوگەشەپێدان ئومێدەكان بوژانەوە بەوەی ئەم پارتە پڕۆژەی پێیە بۆ چارەسەری كێشەی كورد،ئێمە دەپرسین ئایا ئەم پارتە پڕۆژە چارەسەری پێیە بۆ كێشەی كورد؟ئایا كێشەی كورد لەگەڵ هاتنەوە سەركاری ئەم پارتە لەكام كەنار لەنگەر دەگرێت؟لێرەوە دەپرسین ئایا ئەم پارتە بەهەمان رێگای پێشوودا دەڕوات یان گۆڕان دروست دەكات؟ بەشدار بوانى تەوەرە، فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید: سیاسی و ڕۆژنامه‌نووس، رۆبیتان کاکه‌زاڵ ماجستێری زانسته سیاسییه‌کان زانکۆی یۆتۆبۆری، سوید ، پشکۆنه‌جمه‌دین نوسەرو ڕوَژنامەنوس، ڕووناک شوانی نوسەرو ڕوَژنامەنوس
ئاسۆ:كێشەى كورد ئەو كێشە هەلپەسێردراوەیە كە بۆتە قەیرانێكى سیاسى گەورە بۆ توركیا ، تاوەكو ئێستا باڵى سەربازیى توركیا و شۆڤێنییەكان كە خاوەن كاریگەریى گەورەن لەسەر سیاسەتى ئەو وڵاتە كێشەى كورد بە تیروَر دەناسێت ، لەبەرامبەر دا پارتى داد وگەشەپێدان كەپارتێكى ئیسلامییە ئێستا سەرۆكایەتى پەڕلەمان وحكومەت دەكەن باس لە چارەسەركردنى كێشەى كورد دەكەن بەڕێگاچارەى دبلوَماسى و ئاشتییانە. پرسیارێك كە لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە ئایا پارتى داد‌و گەشە پێدان تواناى چارەسەركردنى كێشەى كوردى هەیە لە كاتێكدا باڵى سەر بازیى و پارتە توندڕەوەكانى تری توركیا بەهەموو شێوەیەك هەر جوَرە چارەسەرێكى كێشەى كورد ڕەت دەكەنەوە؟
پشکۆنه‌جمه‌دین:کێشه‌ی کورد و ده‌وڵه‌تی تورک، ڕیشه‌که‌ی بۆ قوڵایی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک ڕۆ ده‌چێت و له مێژووی ئیمپراتۆریای عوسمانی‌دا گوراوه و له‌وێ ڕا سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌م کێشه‌یه، سهدهبهسهده و له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی زه‌مه‌ندا، ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵ بووه و پاشتر له ده‌ستپێکی دامه‌زراندنی تورکیای سێکولاری ئه‌تاتورکدا، یاسا و ڕێساکانی که‌مالیزم، نکۆڵی لێکردنی کێشه‌ی ژیان و بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کیان، له قاڵبی یاسای بنچینه‌یی وڵات‌دا، شه‌ته‌ک داوه. ئه‌گه‌ر چاوێک به مێژووی ئیمپراتۆریای عوسمانی و کێشمه‌کێش و ململانێکانی کورد، له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا بخشێنین و ڕۆڵی زه‌برئامێزانه‌ی ئه‌و ئیمپراتۆریایه، له تێکشکاندنی ئیماراته کوردییه‌کاندا ببینین، ئه‌وجا له قووڵایی مێژووی ئه‌م کێشه‌یه ده‌گه‌ین و بایه‌خ و گرنگیی ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی تورک، له گه‌شه‌نه‌کردن و شکڵنه‌گرتنی قه‌واره‌ی سیاسیی کوردی‌دا درک ده‌که‌ین. ئیماره‌ته کوردییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده، ده‌کرا ببنه بنه‌ما و زه‌مینه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی. دیاره درووستنه‌بوونی قه‌واره‌ی سیاسیی کوردی، هۆکاری زۆرن و ناکرێت هه‌موو ئۆباڵه‌که له ئه‌ستۆی فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان بنێین.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی مێژووی خوێناویی کورد و ئیمراتۆریای عوسمانیش، دیسان ده‌توانین بڵێین که دۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵاێتی و فه‌رهه‌نگیی کورد، له ده‌ستپێکی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیپراتۆریای عوسمانی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیادا، به خاڵی وه‌رچه‌رخانی نهگێتیڤانهی خۆی ده‌گات و کورد له‌و کهچهمافه کۆمه‌ڵاێتی و فهرههنگییانهش بێبه‌ری ده‌بێت، که هه‌لومه‌رجی ئه‌وێ ڕۆژێی ئیمراتۆریاکه به کوردی به‌خشیبوون. ئه‌وه‌مان له یاد بێت که "ئه‌ستانه"ی ئه‌وێ ڕۆژێ، مه‌ڵبه‌ندی کار و چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامه‌ڤانی و فه‌رهه‌نگیی کوردان بوو.
تورکیای نوی، که له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌کانی فیکری که‌مالیزم دامه‌زرێنرا، ئه‌و به‌شه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی (تورکیای نوێ)ی کرده وڵات و ده‌وڵه‌تی تورکان و یاسای بنچینه‌یی وڵاتی به فیکر و پره‌نسیپه‌کانی که‌مالیزم یاساڕێژ کرد و ئیدی تێرم و ئیدۆمه سیاسی و ئیتنییه‌کان له یاساکاندا جێ که‌وتن و جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌ک خاک، یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک زمان کرد، ئه‌ویش: تورکیا، تورک و زمانی تورکی بوون.
لێره‌وه تێده‌گه‌ین که ماکی ئاڵۆزی و گرفنچکی کێشه‌ی کورد، له دووتوێی یاسای بنچینه‌یی تورکیا و فیکری که‌مالیزمدا خه‌وتووه.
پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و هه‌ر پارتێکی سیاسی دیکه‌ش، پێش ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کوردان پێ بێت، ده‌بێت پرۆژه‌ی بۆ تێکشکاندنی بنه‌ماکانی که‌مالیزم و هه‌موارکردنی یاسای بنچینه‌یی وڵات هه‌بێت و له‌م بواره‌دا کار بکات. تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ده‌وڵه‌تێکی مۆدرنی سێکولاری هاوچه‌رخ و دیموکرات، پێویستی به‌و هێزه سیاسییانه هه‌یه که جورئه‌تی هاوێژتنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌یان هه‌بێت. له ئێستادا، نه پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و نه هیچ هێزێکی سیاسیی به‌توانا، ئه‌م مه‌یل و بوێرییه‌یان له‌خۆیان نیشان نه‌داوه. هێشتا ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و ره‌وته شۆڤێنیسته‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیا، به‌کار و باڵاده‌ستترن.
فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید: : بۆ ئەوەی لە توانای راستەقینەی پارتی داد‌و گەشەقێدان بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای كورد لە توركیا تێبگەین پێویستە ئەو پرسیارە بكەین ئایا پارتی داد وگەشەپێدان توانای گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی توركیای هەیە؟ چونكە ئەگەر ئەو نەتوانێت لە مەسەلە گرنگەكانی تری توركیا گۆڕان بكات ئاشكرایە ناتوانێت مەسەلەیەكی هەستیارى وەك كورد لە توركیا چارەسەر بكات.
من پێموایە كە پارتی داد‌و پەرەپێدان وەرچەرخانێكی گەورەی لە سەرجەم سیاسەتی گشتى توركیا دروست كردوە، گرنگی سەركەوتنەكانی داد‌و پەرەپێدان لەوەدا نیە كە رێژەى زۆری دەنگدەرانی كورد‌و توركی لە توركیا دابین كردوە بەڵكو گرنگییەكە لەوەدایە كە ئەم سەركەوتنانەی لە ئەنجامی گۆڕینی زۆر لە سیاسەتە باوە كلاسیكەكانی توركیا- وەك بەرتەسككردنی دەسەڵات وهەیمەنەی دامەزراوی سەربازی لە توركیا وچارەسەركردنی مەسەلەى هەڵلاوسان وبێكارى,,,هتد- هاتۆتە كایەوە،. بە هەرحاڵ تاكو ئێستا ئەم پارتە توانیویەتی پێشەنگی گۆڕانێكی گەورەى توركیا بێت، هەندىَ لە گۆڕانانەش پەیوەندی راستەوخۆ وناڕاستەوخۆی بەمەسەلەی كوردەوە هەیە.
هەرچەندە تاكو ئێستا ئەم پارتە نەیتوانیوە كێشەى كورد لە توركیا چارەسەر بكات و بەبەراورد لەگەڵ كێشەكانی تر‌ى توركیا گۆرانكارى گەورەی بەدەستنەهێناوە، بەڵام پێدەچىَ بەشێكی زۆرى كوردی توركیا تاكو ئێستا باوەڕیان بەم پارتە هەبىَ وچاوەڕوانی شتی زیاتر بن، بوژاندنەوەی ئابورى ناوچە كوردنشینەكانی توركیا و هەڵگرتنی سانسۆر لەسەر گۆرانی وخوێندن و زمانی كوردی هەموو بەشێكن لە ئاماژەكانی گۆران لە توركیا، بەڵام دیارە تاكو ئێستا مەسەلەی ململانىَ ى دامەزراوی سەربازی وپارتە عیلمانیەكان لەگەڵ پارتی داد‌و پەرەپێدان یەكلانەبۆتەوە، ئەگەر بەقازانجی داد‌و پەرەپێدان یەكلابێتەوە بێگومان دۆخەیە زیاتر دەگۆڕێت. بەڵام ئەم مەسەلەیە تەنها پێویستی بە گۆرانكارى لەسیاسەتی توركیا بەرامبەر بە كەورد نیە بەڵكو پێویستە كوردەكانی توركیاس هەڵسوكەوتی سیاسی خۆیان بگۆرَن زیاتر تێكەڵ بە ژیانی سیاسی توركیا بن.
1-کێشه‌ی هه‌ڵواسراو وپڕلهقهیرانی کورد به‌درێژایی هاتنی حاکمییه‌تی که‌مال ئه‌تاتوورک بۆسهردهسهڵات، تاههنووکههیچ کات عیلمانییه‌کان وداموده‌زگاکانی سوپا بیریان لهمینتالیتێتی ڕیفۆرم وڕێگهچارهی ئاشتی یانه نه‌کردۆته‌وه ،بهڵکووبهپێچهوانهوه هه‌مووکات لهسهرکووت وسته‌می به‌رده‌وام درێخی‌یان نه‌کردوه ،بێینهوهسهرمهبهستی پرسییارهکه، دوای ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک گه‌نج له 18/ئابی 2001 له‌هه‌ناوی پارتی فه‌زیله‌ی ئه‌ربه‌کان هاتنه‌ده‌ره‌وه‌و جاڕی درووستبوونى پارتی دادوگهشهپێدانیان دا،دوای سهرکهووتنهکانیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی 3ی تشرینی 2002،بهچهندساڵێکی زۆرکه‌م توانیان تورکیالهناوقهیرانی هه‌ڵاوسانی لیره‌ی تورکی ومهرگهساتهکانی بێ‌کاری وگه‌نده‌ڵی بێنێته‌ده‌ره‌وه،به‌ڵام پارتی دادوگه‌شه‌پێدان وه‌ک فریادڕه‌س بۆپرسی کورد بهئهژماربێنین خۆێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه‌یه،به‌ڵی له‌ئابی 2005ا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆخان له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری دانی به‌بوونی کوردلهتورکیانا، به‌ڵام سیاسه‌ت ودرووشمهدیماگۆگییهکانی پارتی دادوگه‌شه‌پێدان بۆڕێگهچارهی مهسهلهنهتهواییهتییهکانی کورد،فرۆشتنه‌وه‌ی دیموکراسی درۆینه‌یه به‌کورد لهبهرامبهرململانێ لۆکالییهسیاسییهکانی ناوتورکیا، بێ دوودڵی ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌ووره‌یه،تێگه‌یشتن لهههرهات وهاواروڕاگهیاندنێکی دادوگه‌شه‌پێدان وه‌ک فریادڕه‌س بۆپرسی کورد بهئهژماربێنین.،
ڕووناک شوانی: ئه‌وه‌ی ئاشکرایه له لای هه‌موو که‌سێک که دوا بڕیاری و ده‌سه‌ڵاتی یه‌که‌می به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا باڵی دامه‌زراوه سه‌ربازیه‌که‌ی ئاراسته‌ی ده‌کات ، زۆربه‌ی کاتیش به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. پارتی داد و گه‌شه‌پێدان وه‌ک پارتێکی ئیسلامی موعته‌دلی تورکیا که له‌لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵکی تورکیاوه( به کوردیشه‌وه) له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ده‌ست هێناو و تاوه‌کو ئێستایش توانیویه‌تی هه‌ندێک له‌و به‌ڵێنانه‌ی که له ئهجیندایدا هه‌بوو به جێی هێناوه . بار و دۆخی ئابووری تورکیا تا ڕاده‌یه‌ک هه‌نگاوی باشی به‌ره‌و پێشه‌وه ناوه ، په‌روه‌رده و خوێندن زیاتر له جاران گه‌شه‌ی کردووه ، میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌کان ئازادییه‌کی فراوانتریان هه‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێ‌کاری تا ڕاده‌یه‌ک که‌متر بووه‌ته‌وه ڕێژه‌ی له‌شفرۆشی ژنانیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵه‌کانی پێشوودا له پاشه‌کشێدایه . دیاره ئه‌م گۆڕانکاریانه ڕێژه‌یین و له ئاستی پێویست و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی تورکیادا نین ، به‌ڵام هه‌نگاوی بۆ نراوه . هه‌ر ئه‌م ڕیفۆرمانهش بوون که هانی تورکیای دا که به جورئه‌ته‌وه جارێکی دیکه داخوازی به ئه‌ندامبوونی له ئه‌وروپای یه‌کگرتوودا تازه بکاته‌وه ، چونکه هۆیه‌کی گرینگی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی EU له جاره‌کانی پێشوودا بۆ به ئه‌ندامبوونی تورکیا مه‌سه‌له‌ی مافی مرۆڤ به گشتی و توند و تیژی دژ به ژنان بوو ، کێشه‌ی کوردیش هۆیه‌کی تره که بووه‌ته له‌مپه‌ر له به‌دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی تورکیادا ، که له‌م ڕۆژانه‌دا دووباره له کۆبوونه‌وه‌کانی EU که‌وتووه‌ته به‌ر باس . له ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یشدا پارتی داد و گه‌شه‌پێدان توانی باوه‌ڕی ئه‌مریکا به‌ده‌ست بهێنێته‌وه پاش ئه‌و سارد و سڕییه‌ی که له ساڵه‌کانی پێشووتردا که‌وتبووه نێوانیان ، هه‌روه‌ها له په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ ئێران و وڵاتانی تریشدا پێشڤهچوونیکی باشی به خۆوه بینیوه . به‌ڵام کاتێک که دێینه سه‌ر پرسێکی چاره‌نووسسازی ناوخۆی تورکیا که ئه‌ویش کێشه‌ی کورده ده‌سه‌ڵاتی باڵی سه‌ربازی و پارته ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی تورکیا زاڵن به‌سه‌ر سیاسه‌تی داد و گه‌شه‌پێداندا ، ئه‌مه‌ش له دوا ڕۆژدا تای ته‌رازووه‌که لاسه‌نگ ده‌کات و به‌زیانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ته‌واو ده‌بێت .
رۆبیتان کاکه‌زاڵ:ئه‌م پرسیاره، هه‌ر له‌ساتی ئاراسته‌کردن و هه‌وڵدان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی، دو کێشه له خۆ ده‌گرێت. کێشه‌ی یه‌که‌م ئه‌و تێکهڵاوکردنهیه له نێوان دیدی ئێمه وه‌ک کورد بۆ واتای چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد و دیدی سیاسی تورکه‌کان بۆ پێناسه‌کردنی کورد وه‌ک گروپی ئیتنیکی له‌بری نه‌ته‌وه. کێشه‌ی دوه‌م قسه‌کردنه سه‌باره‌ت به ، وه چاوه‌ڕوانی له، پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و نه‌خشه‌و ستراتیژییه‌کانی به‌رامبه‌ر به کێشه‌ی کورد. من هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌به‌ر که‌می ده‌رفه‌تی زۆر نوسین له دیمانه‌یه‌کی ئه‌وتۆدا، ههردوکێشهکه و وه‌ڵامی پرسیاره‌که له یه‌ک کاتدا باس بکه‌م. گرنگه که ئێمه ئاگاداربین له‌و بارودۆخه‌ی که تورکیا وه‌ک وڵاتێک، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی که‌مالیزمه‌وه، پیایدا تێپه‌ر ده‌بێت. کێشه‌ی تورکیا له ساڵانی 50 کان به‌دواوه ده‌رکه‌وتنی چه‌ندین دیسکۆرسی جیاوازه که له‌هه‌وڵداندان بۆ سه‌رله‌نوێ واتادان به بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی که‌مالیزم به تایبه‌تی یه‌کێتی نه‌ته‌وه ، سێکیولاریزم و شۆڕشگێڕی. له‌م هه‌وڵانه‌دا زۆر جار به مه‌رامی دروستکردنی هاوده‌نگی و ته‌بایی ،هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خۆهێشتنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری که‌مالیزمی له‌ده‌سه‌ڵاتدا، بازبازێنێک له پێش و پاشخستنی به‌گرنگدانانی کام له بنه‌ماکانی که‌مالیزم له پێش ئه‌ویدیدا رووی داوه. تورکیا ئێستا سه‌رباری کێشه‌ی کورد کێشه‌ی به ئیسلامبوونی ده‌وڵه‌تیشی هه‌یه. پارته‌که‌ی که‌مال ئه‌تاتورک CHP هه‌رخۆی له‌سه‌ره‌تادا دژ به چه‌په‌کان له 80 کاندا ده‌رفه‌تی ده‌رکه‌وتنی ئیسلامی هێنایه‌کایه‌وه، به‌ڵام ئیسلامێک که خۆی پێناسه‌ی ده‌کرد نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی ئیسلامێک خۆی چۆن پێناسه ده‌کات. ده‌کرێت ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ گۆڕان له دیسکۆرسی که‌مالیزمدا له لایه‌ن که‌مالیسته‌کان خۆیانه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر پێویستی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی کێشه پراکتیکییه‌کانی سیاسه‌تی ئه‌وکاته. به‌لای باڵی پارته‌که‌ی ئه‌تاتورک و ژه‌نه‌راڵه، گوایه، پاسه‌وانه‌کانی کارکردن به‌ده‌ستوری تورکیا ،هێشتنه‌وه‌ی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ی تورک له گه‌ڵ باڵاده‌ستبوونی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ئایندا له کایهگشتییهکاندا مه‌رجی سه‌ره‌کییه و وه‌ک چوارچێوه‌یه‌ک ته‌ماشا ده‌کرێت که سه‌رله‌به‌ری ههوڵهسیاسییهکان ده‌بێت له و چوارچێوه‌یه‌دا خه‌ونی سیاسی خۆیان دابڕێژن. پارتی داد و گه‌شه‌پیدان که له‌ئاکامی کاژفڕیدان و دوکه‌رتبونی پارته سیاسییه‌کانی پێشوو دروست بووه، پارتێکه که به‌رهه‌م هاتوی به‌پراکتیک به‌شداریکردنه له حوکمڕانی و ژیانی سیاسی تورکیادا. لێره‌وه چیتر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌م پارته ده‌ینێت، له کاتی سیاسه‌تکردن و حوکمرانیدا، هه‌م له‌لایه‌ک کارکردنه له‌سه‌ر پێدانی شوناسی تایبه‌تی به دانیشتوانی تورکیا وه‌ک وڵات و هه‌م له‌لایه‌کیتره‌وه کارکردنه بۆ گۆڕینی ئه‌و وێنه‌یه‌ی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی کایه‌ی گشتی و کایه‌ی تایبه‌تی پیشاندراوه تا ئێستا، که به‌رجه‌سته‌بووه له ده‌وڵه‌ت و ئایندا(ئیسلام). پارتی داد پێده‌چێت خه‌می سه‌ره‌کی دووشت بێت، له‌لایه‌ک ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی که بنه‌مای که‌مالیزمن ئه‌م سه‌ر له نوێ له‌دیدی خۆیه‌وه و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پێناسه‌ی بداتێ ، به‌مه‌ش به‌لای که‌مه‌وه جێگایه‌ک بۆ ئاین له ناو سیاسه‌تدا مسۆگه‌ربکات، له‌لایه‌کیتره‌وه بۆ گه‌یشتن به‌ده‌ست ئاوهڵاییهکی ئه‌وتۆ پێویستی به ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ده‌نگی ده‌نگده‌ران هه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. به ڕای من لێره‌وه ده‌کرێت تهماشیهک له تواناکان و مه‌رامه‌کانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان بکه‌ین. سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد و جێگای له لای پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، گرنگه ئاگاداری ئه‌وه‌بین که کێشه‌ی کورد ته‌نها هێند گرنگه له‌باسکردنی ئه‌م پارته‌دا، که ده‌ستکاریکردنێکی دیسکۆرسی که‌مالیزمی سه‌ره‌تایه، ئه‌گه‌رنا ناکرێت له روی سیاسییه‌وه چاوه‌روانبین پارتێکی سیاسی ئیسلامی تورکی نوێنه‌رایه‌تی دیسکۆرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد له تورکیادا بکات، له‌کاتێکدا خۆی شوناسی ئیسلامی خۆی نمایشده‌کات له‌به‌رچاوی سیاسه‌تی تورکیا و نێوده‌وڵه‌تیشدا. ده‌کرێت پارتی داد پێی باشبێت که کێشه‌ی کورد بۆبه‌رژه‌وه‌ندی پرۆژه‌کانی خۆی به‌کاربهێنێت به‌مه‌به‌ستی لێدانی دیسکۆرسی ژه‌نه‌ڕاڵه‌کان و پارته جمهوریهکهی ئه‌تاتورک.
ژه‌نه‌راڵه‌کان ده‌ڵێن مه‌ترسی پارتی داد له سه‌ر تورکیا دوو شته، یه‌که‌م به ئیسلامکردنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویدی له‌ڕێی کورده‌کانه‌وه بهفیدراڵکردنی تورکیا. ئه‌م دو مه‌رامه‌ش بێگومان دژ به تێگه‌یشتنی که‌مالیسته‌کانی ئه‌مڕۆیه سه‌باره‌ت به باڵاده‌ستی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ئایندا و یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی که ئه‌مڕۆ نوێنه‌رانی ئه‌م دیسکۆرسه وه‌ک پیرۆزترین و سه‌ره‌کیترین بنه‌ماکانی که‌مالیزم و ده‌وڵه‌تی تازه‌ی تورکیا لێی ده‌ڕوانن. که‌واته ده‌توانین بڵیین پارتی داد به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه بۆ لێدانی که‌مالیسته‌کان به‌لام به‌رنامه‌یه‌ک نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی که‌مالیزم به‌ڵکو گۆڕینی کهمالیزمێکه که له‌سه‌رده‌ستی مۆدێرنیزم دروستببوه به کهمالیزمێکیتر که له ئاست شه‌پۆلی پۆست مۆدێرنیزم‌دا خۆی رابگرێت، له ئاست چه‌ندین به‌های وه‌ک پلورالیزم و ره‌خنه له مۆدێلی کولتوری و ژیاری خۆرئاوا(ئه‌وروپا). که‌واته ده‌توانین بڵێین کێشه‌ی کورد به‌وجۆره‌ی کورد لێی ده‌دوێت ئاماده‌یی نییه له به‌رنامه‌ی سیاسی پارتی داد و گه‌شه‌پێداندا. ئه‌وه‌ی که ئاماده‌یی هه‌یه تایبه‌ت به‌کورد چه‌ند لایه‌نێکه. لایه‌نی یه‌که‌م نوێنه‌رایه‌تی کردنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه بۆ ئه‌و بارودۆخه‌ی که کاسبکاره مامناوه‌ندی و بچکۆله‌کان به‌ده‌ست سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌کانه‌وه توشیان هاتووه، که ئه‌م سه‌رمایه‌دارانه په‌یوه‌ندی توندیان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت هه‌یه. لایه‌نی دووه‌م ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ده‌ره‌وه‌ی که‌مالیزمه که ئه‌کرێت له پ‌ک‌ک دا خۆی بنوێنیت. ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ده‌ره‌وه‌ی که‌مالیزم کار له‌سه‌ر بنه‌ماکانی که‌مالیزم ناکات به‌مه‌به‌ستی ریفۆرم، ئه‌وه‌نده‌ی بۆ تورکه‌کان وا ده‌رده‌که‌وێت که‌سه‌ر له‌به‌ر داواکاری پاشگه‌زبونه‌وه‌یه له‌و بنه‌مایانه. ژهنهرالهکان له ئه‌مڕۆی تورکیادا له‌سه‌ر دژ به ئیمپریالیزم کارده‌که‌ن، به قسه‌ی خۆیان، بۆیه کێشه‌ی سه‌روه‌ری پێناسه کهمالیستییهکهی گه‌ل و نه‌ته‌وه زیاتر گرنگی پێده‌ده‌ن. پارتی داد و گه‌شپێدان ئه‌م کێشه‌یه‌ی به‌جۆرێک چاره‌سه‌رکردوه که هیچکات باس له‌وه ناکات کێ گه‌ل یاخود نه‌ته‌وه‌یه له تورکیادا کێ تورکه‌و کێ تورک نییه، به‌ڵکو ئه‌و دێت تورکبوونی دانیشتوانی تورکیا به به‌ڵگه نه‌ویست وه‌رده‌گرێت و شه‌ڕی خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌و تورکبوونه به پارتی کۆماری و ژه‌نه‌راڵه‌کان ده‌فرۆشێت. لێره‌دایه که کێشه‌ی کورد چیتر ده‌بێته کێشه‌یه‌کی ئیتنیکی ناو تورکیا، وه به گوێره‌ی لایه‌نگرانی ژه‌نراڵه‌کان وه‌ک زیاتر له 30 گروپی ئیتنیکیتری ناو تورکیا. ده‌بێت کورد ئاگاداربێت له‌وه‌ی که مۆدێلی جمهورییه‌تی ئه‌تاتورک بۆ دروستکرنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ره‌سێکی له‌سه‌رخۆدایه به‌ڵام ئه‌م هه‌ره‌سه هیچکات وا روونادات که به روونی بهرچاومانبکهوێت هێنده‌ی له گۆڕانکاری هیگیمۆنییهتی دیسکۆرسێکدا ده‌رده‌که‌وێت له پانتایی پێناسه‌کردنی شوناسه‌کاندا له ناو تورکیادا. به‌ره و پۆستمۆدێرنیزم بوونی ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌م سه‌رده‌مه‌دا گوتاری سیاسی ئیسلامه میانرهوهکانه، که من پێم وایه به‌ده‌ر له مه‌رامه‌کانی ئه‌و پارته ئه‌مه ههلسوڕانێکی ژیرانه‌ی سیاسییه که له تێگه‌یشتنێکی پێگه‌یشتوی ناوکۆیی گۆڕانکارییه کۆمه‌لایه‌تی و ئابورییه‌کانی ناو تورکیاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌گه‌ر له چه‌ند دێرێکدا وه‌ڵامی پرسیاره‌که بده‌مه‌وه ده‌ڵێم له سیاسه‌تدا شتێک نییه ده‌رئه‌نجامی زۆر دیاریکراو و نه‌خشه‌بۆدانراو بدات به‌ده‌سته‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی گه‌مه‌یه‌که بۆ داڕشتنی ستروکتوری روداوه‌کانی داهاتوو و ئاراسته‌کردنی گه‌مه‌که‌ره‌کان. بۆیه وه‌ڵامی من بۆ ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌یه که کێشه‌ی کورد به واتا کوردیه‌که‌ی بوونی نییه له چوارچێوه‌ی که‌مالیزمدا( ناڵێم جێگای نابێته‌وه) بۆیه چاره‌سه‌رکردنی به‌ده‌ست پارتی داد و گه‌شه‌پێدان نییه. ئه‌گه‌ر ههربمانهوێت کێشه‌ی کورد و پارتی داد پێکه‌وه گرێ بده‌ین ده‌کرێت پرسیار بکه‌ین له‌وه‌ی که ئاخۆ دیسکۆرسی نه‌ته‌وه‌یی کوردی تا چه‌ند ده‌توانێت سود ببینێت له پارتی داد و ده‌ستکاریکردنه‌کانی بۆ بنه‌ماکانی که‌مالیزم؟ کامه‌ن ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی که ده‌توانن و ده‌خوازن دیسکۆرسی نه‌ته‌وایاتی کوردی جێگابکه‌نه‌وه له ئاڵوگۆڕه کانی داهاتودا؟
ئاسوَ:لە سەرهەڵدانى گرژییەكانى ئەم دواییەى نێوان توركیا‌و كوردستان،سەركردایەتى سیاسى هەرێمى كوردستان لە لێدوانەكانیاندا گەشبین بوون بەوەى دەوڵەتى توركیا بە سەروَكایەتى ڕەجەب تەیب ئەردوَگان ژیرانە مامەڵە دەكات لەگەڵ ڕووداوەكان بەڵام ئەوەى كە ئێستا ڕوودەدات پێچەوانەى ئەو گەشبینییە بوو، پرسیارەكەى من ئەوەیە گەشبینى بەرپرسانى هەرێم بە پارتى داد و گەشە پێدان لەكوێوە سەر چاوەى گرتووە؟
فه‌ره‌یدون حه‌مه‌ڕه‌شید: من پێم وایە سەرچاوەی سەرەكی ئەو گەشبینیەى حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خراب تێگەیەشتنی كڕۆكی مەسەلەكەو بەرامبەر سروشتی كێشەى پ‌ك‌ك و توركیا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.توركەكان، بەگشت توێژ‌و پارتەكانەوە لەسەر مەسەلەی پ‌ك‌ك كۆكن بە پارتێكی تیرۆریست دایدەنێن و وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشتی نەتەوەیی وڵاتەكەیان سەیرى دەكەن،نواندنی نەرمی بەرامبەر بە كورد وكێشەكانی لەدیدی پارتی داد‌و گەشەپێدان هاوتەریب نیە لەگەڵ نەرمی بەرامبەر بە پ‌ك‌ك. لە دۆخی ئێستادا هیچ پارتێك لە توركیا ناتوانێت نەرمی بەرامبەر بە پ‌ك‌ك نیشان بدات چونكە وەك خیانەتێكی نیشتمانی وهەرەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی توركیا سەیر دەكرێت. ئێمەی كوردی عێڕاق تێروانینی جیاوازمان بۆ مەسەلەی پ‌ك‌ك ودۆزی كورد لە توركیا هەیە زۆر جار وەك یەك هاوكێشە سەیرى دەكەین بۆیە لێكدانەوەكانیشمان بەو ئاقارە دەڕوات، لەراستیدا ئەم مەسەلە نە لای ئەمریكیەكان ونەلای ئەوروپیكانیش وانیە.ئەوەش بۆخۆی بەڵگەیە كە هەڵوێستی زۆربەی وڵاتی جیهان وناوچەكە لە كێشەی ئەم دواییەی توركیا‌و پ‌ك‌ك وهەرێمی كوردستان زیاتر لایەنگرى توركیا نەك هەرێمی كوردستان بوو. زۆر لە سەركردەكانی كورد پێیان وابوو كە ئەمریكا گوشار دەخاتەسەر توركیا بۆ هێرش نەكردن بۆ سەر هەرێم، بەڵام ئەوەی رویدا بەپێچەوانەوە بوو گوشار خرایە سەر هەرێم بۆ قایل بوون بە دەستێوەردانی توركیا. ئەو سەردەمە زێڕینییەى نێوان ئێمەو ئەمریكا كە بەشێكی زۆری لە خراپی پەیوەندی توركیا وئەمریكا سەرچاوەی گرتبوو خەریكە تەواو دەبێت، ئیتر لەمەودوا که کهئهگهردهسهڵاتی مكورد دەبىَ بەپىَى واقعی ئێستای خۆىی قورسایی راستەقینەی خۆی سیاسەتە ئیقلیمی و ناخۆییەكانى دابرێژىَ.
2- به‌بۆچوونی من گه‌شبینی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد لهبهرامبهرئهوهی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆخان به‌ژیرانه بهرخووردهکات،من باوڕم وایه سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد چه‌نده له‌سه‌رئاستی میدیاوه خۆی وه‌ها پیشاندابێت که‌له‌هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا باکی نیه ئه‌وه‌ش به‌شێکه لهتاکتیکی سیاسی تهنهامانۆڕی سیاسی بووه له‌سه‌رئاستی ڕاگه‌یاندن . به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆکدا ههمیشهلهدڵه ڕاوکێ و کهروێشکهخهودا بووه .تیلهچاوێکیشی هه‌ر له ئهمهریکاوهێزهکانی هاوپه‌یمانان له‌ناوچه‌که‌دا بووه، . بۆچوونی منیش وه‌هانیه که‌سه‌رکردایه‌تی کورد گه‌شبین بێت به‌پارتی دادوگه‌شه‌پێدان….
ڕووناک شوانی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکیا ئه‌م به‌شه ئازاده‌ی کوردستان له چوارچێوه‌ی عێڕاقێکی یه‌کگرتوودا ده‌بینێت ، و نه دان به مه‌سه‌له‌ی فیدراڵییه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌نێت و نه چاویشی پێدا هه‌ڵدێت ، به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌م ڕاستیه ئاماده نه‌بوونی بۆ پێشوازی کردن و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ به‌رپرسێکی کورددا نه له ناو عێڕاق نه له تورکیایشدا ، ئه‌و کاته‌ی که وه‌فدێکی عێڕاق سه‌ردانی تورکیای کرد به‌رپرسانی تورک ئاماده نه‌بوون دان به ئه‌ندامبوونی کورده‌کانی ئه‌و وه‌فده فه‌رمییه‌ی حکومه‌تی عێڕاقدا بنێن، پێم وابێ چه‌ند جارێکیش له میدیاکاندا سه‌رۆکی هه‌رێم و به‌رپرسانی کوردیان به سه‌ره‌ک عه‌شیره‌ت ناوبردووه و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه‌ته‌وه که ئاماده نین دانیشتنیان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن . ئه‌مه‌یه ئه‌و عه‌قڵییه‌ته‌ی که حوکمی تورکیا ده‌کات . گه‌شبینی سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستان له نهخوێندنهوهیهکی مه‌ودا فراوانی سیاسییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ، که به داخه‌وه هه‌میشه حیساباتی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد کورتبینه بۆیه تووشی شکست و فه‌شه‌لی سیاسی یه‌ک له دوای یه‌ک ده‌بێت ، ده‌نا ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌کی قووڵی ستراتیجییه‌تی سیاسه‌تی تورکیای بکات هه‌رگیز لێی ئه‌رخایه‌ن نابێت و به گه‌شبینیه‌وه ناڕوانێته جم و جۆڵه‌کانی . پارتی کرێکارانی کوردستان چه‌ندین جار ئاگر به‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاندووه که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا نه‌ک هه‌ر وه‌ڵام ناده‌نه‌وه به‌ڵکو فشاری سه‌ربازی زیاتر ئه‌خه‌نه سه‌ر پ‌ک‌ک و ڕۆژ به ڕۆژ زیندانه‌کانیان پڕ ده‌که‌ن له خه‌ڵکی ئازادیخواز و به ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازی خۆپیشانده‌ران ده‌بنه‌وه .
رۆبیتان کاکه‌زاڵ:بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره گرنگه له پێکهاتی عه‌قڵی سیاسی کوردی تێبگه‌ین له باشوری کوردستاندا. ئه‌م تێگه‌یشتنه و رونکردنه‌وه‌ی کارێکه که لێره‌دا ناکرێت له‌سه‌ری بڕۆین له‌به‌ر دوورودرێژی بابه‌ته‌که. به‌ڵام ده‌کرێت ئه‌وه بڵێین که سیاسه‌تی کوردی سیاسه‌تێکی داموده‌زگایی نییه و تێگه‌یشتنی له چۆنێتی گوزه‌رانی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی هێشتا له زومی به‌رژه‌وه‌ندی رێکخراوی تایبه‌تییه‌وه‌یه و ناکامڵییهکی ته‌واوی پێوه ده‌رکه‌وتوه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، له سه‌ر هه‌ردوو ته‌وه‌ری ناوخۆ و ده‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌شبینییه له روانگه‌ی کارکردنی پارتی داد بۆ گۆرانکاری له دیسکۆرسی که‌مالیزمه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت من ئه‌و کات هاوڕام له‌گه‌ڵیان له‌وه‌ی که‌ده‌بێت ئێستاش گه‌شبینبین. به‌ڵام له راستیدا من له ته‌ماشکردنی هه‌ڵسوڕانی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستانه‌وه، له رابوردویدا، گه‌شبین نیم به‌وه‌ی که ئه‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه‌ی وردی گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسییه‌کانی ناو تورکیا هه‌ڵوێستی خۆیان بونیاد نابێت. هۆی ئه‌م ره‌شبینییه‌ی من ده‌گه‌ریته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌لاتی سیاسی له کوردستاندا هێشتا ده‌وڵه‌ت نییه، له کارکردن‌دا خۆی وه‌ک ده‌وڵه‌ت ته‌ماشای خۆی ناکات، به‌ڵکو تا ئێستاش زیاتر له گه‌مه‌که‌رێکی سیاسی بچکۆله ده‌چێت که نوقمی به‌رژه‌وه‌ندی رێکخراوه‌ییه و هه‌وڵه سیاسیه‌کانیشی زیاتر وه‌ک ڕێکخراوێک ده‌دات. نه‌بوونی ده‌زگا و په‌روه‌رده‌نه‌کردنی پسپۆڕی بواری په‌یوه‌ندی(سیاسه‌تی) نێوده‌وڵه‌تی و سوود وه‌رنه‌گرتن له‌و پسپۆرانه‌ش که شیاون بۆ گوێلێگرتن، هۆی سه‌ره‌کی گومانهکانمن له‌وه‌ی که ئه‌وان هه‌ڵوێستیان پاش شیکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که وه‌رگرتبێت. به‌ڵام گه‌شبینی ته‌نها له لای سیاساتمهدارانی کورده‌وه نه‌بوو به‌ڵکو ته‌نانه‌ت ئه‌ورۆپا و ئه‌مریکاش گه‌شبینی تا ئه‌مڕۆ نیشان ده‌ده‌ن. گه‌شبینی ئه‌وان له به‌ر چه‌ند هۆیه‌که، له‌وانه دروستبونی مۆدێلیک بۆ ده‌وڵه‌تی دیموکراتی که پارتی ئیسلامی به‌ڕێوه‌ی به‌رێت. ئه‌مریکا و ئه‌وروپاش پێده‌چێت پێکڕا ئه‌م ئومێده‌یان هه‌بێت. هه‌رچی ئه‌وروپایه ئه‌وا مه‌رامی ده‌ستڕاگه‌یشتنی هه‌یه به سه‌رچاوه وزه‌ییه‌کانی ئێران و وڵاتانی وه‌ک ئه‌فغانستان و ده‌وروبه‌ری، به‌تایبه‌تی غاز. سه‌باره‌ت به لوله‌کێشی غاز چه‌ندین پرۆژه له پێشبڕکێدان له ناوچه‌که‌دا که یه‌کێکیان ئه‌مریکا تێیدا به‌شداره به‌لام پرۆژهیهکیدی هه‌یه بۆ گه‌یاندنی غازله ئێرانه‌وه به ئه‌وروپا له رێگای تورکیاوه که ئه‌م پرۆژه‌یه هه‌م تێچوون که‌م ده‌کاته‌وه وه هه‌م زووتر له پرۆژه ئه‌مریکییه‌که ته‌واو ده‌بێت. پێشبڕکێی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ چین و هیندستان له‌سه‌ر سه‌رچاوه وزهییهکانه، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش ئه‌وه دابین ده‌کات تا ئه‌وروپییه‌کان هه‌ندێک مه‌ترسییان که‌م ببێته‌وه. بۆیه دورنییه ئه‌وروپییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌موو حوکومڕانێک له تورکیادا مامه‌ڵه بکه‌ن و دۆستایه‌تی دروستبکه‌ن. ئه‌وروپییه‌کان له لایه‌کیتره‌وه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ئیسلامی توندڕه‌و له ئه‌وروپادا حه‌زیان بهبونێکی ئیسلامی هه‌یه که بتوانێت کیشه‌ی ئیسلام له ناوچه‌که‌دا بگرێته ده‌ست، که ئه‌ویش تورکیایه‌کی سێکیولار/ ئیسلامییه. هه‌مان کات به ئیسلام بوونی دۆستێکی ئه‌مریکی گورزێکی گورچکبڕه له پرۆژه‌ی ناتۆ له یه‌کێتی ئه‌وروپادا، پێناسهدانهوهیهکیتره به ناتۆ که ئه‌وروپییه‌کان عهوداڵینی. ئه‌مریکا دۆسته ژهنرالهکانی خۆی تا ئێستاش هه‌ر ده‌پارێزێت و ره‌نگه بکرێت هه‌ڵوێستی ئه‌مریکی وا تێبگه‌ین که کاتێک کۆندۆلێزا رایس به ئه‌رێتی باسی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌کات خۆی له خۆیدا مه‌به‌ستی لاوازکردنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌م پارته بێت له تورکیادا. یارییه سیاسییه‌کانی ناو تورکیا گه‌لێک ئالۆزترن له‌وه‌ی به‌کورتی بتوانرێت باسیان بکرێت به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ی که ده‌بێت له هزرماندا هه‌میشه ئاماده‌یی هه‌بێت ئه‌وه‌یه که تورکیا وڵاتێکی گرنگه و گه‌لێک ده‌وڵه‌ت خوازیاری دروستکردن و هێشتنه‌وه‌ی پهیواندین له گه‌ڵیدا به تایبه‌تی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا. سه‌یر ئه‌وه‌یه که لایه‌نگران و دۆستانی پارتی(CHP) و ژه‌نراڵه‌کان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له رێی ناوی سه‌رکرده‌ی هه‌ردوو پارته سه‌ره‌کییه‌که‌وه تاوانبار ده‌که‌ن به هه‌موو جۆره یارمه‌تیدانێکی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان. بۆیه من ده‌ڵێم گه‌شبینی ریتۆریکی سیاسی ناکرێت پشتی پێببه‌سترێت له شیکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌کرێت به‌هه‌ند وه‌ربگیردرێت کارامه‌یی سیاسییه له پراکتیکدا بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی له پشتی خۆ رێکخستنی سیاسییه‌وه وه‌ستاون.
پشکۆنه‌جمه‌دین: کێشه‌ی کورد له تورکیادا و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، له سۆنگه‌ی خورتبوون و چوونه‌سه‌ری ئاستی تێکۆشانی سیاسی و جه‌ماوه‌ریی بزاڤه‌که و فشاری شه‌رمنانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له بواری (مافه‌کانی مرۆڤ و که‌مینه ئیتنیه‌کاندا) بۆ سه‌ر تورکیا، دۆخێکی نوێی به‌خۆوه گرتووه. ئه‌ردۆگان و سه‌رانی پارتی داد و گهشهپیدانێش، ناکاران حه‌قیقه‌تی ئه‌م باره نوێیه له‌به‌رچاو نه‌گرن. ئه‌م لهبهرچاوگرتنهی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی، جارێ نه ژیربینانهیه و نه هیچ واقیعبینێکی تێدایه. ئه‌وان ناخوازن کێشه‌که وه‌ک هه‌یه بیبینن و چاره‌سه‌رێک که ده‌یخوازێت، بیخه‌نه بواری پراکتیکه‌وه. ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی پارته‌که‌یان و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای که‌مالیزم و ڕاگرتنی دڵی مه‌یله شۆڤێنیستهکانیان پێ گرنگتره. گه‌شبینیی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان له‌مه‌ڕ به‌رنامه‌ی ئه‌ردۆگان و پارته‌که‌ی، وه‌کو هه‌موو پێشبینییه سیاسییه‌کانی دیکه‌یان، پووچه و هیچ بنه‌ما و بناغه‌یه‌کی زانستی و لۆژیکیی نییه.
ئاسوَ:بەسەركەوتنەوەى پارتى داد‌و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنەكانى توركیا كە ڕێژەیەكى زوَر كورد لەو وڵاتە دەنگى بۆداون و نزیك بە 75 كورسى لە پەڕلەمانى توركیا لەسەر لیستى پارتى داد وگەشەپێدان لەكوردەكان پێكهاتووە،ئەمەش هەڵوێستى سیاسى كوردستانی دابەشكردووە.سەر كردایەتى كوردستان لەباشوور پێیانوایە پارتى داد پڕوَژەى پێیە بوَ چارەسەركردنى كێشەى كورد لەتوركیا،لەبەرامبەریشدا سەركردەكانى كوردی باكوور لە پارتى كرێكارانى كوردستان ((pkkو پارتى گوَمەڵگەى دیمو‌كراتى كە خاوەنى راستەقینەى كێشەكەن لەگەڵ توركیا ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكەنەوە كە پارتى داد و گەشە پێدان هیچ پڕوَژەیەكى پێبێت بۆ چارەسەرى كێشەى كورد.ئەم دوو هەڵوێستە سیاسییە چوَن دەخوێَنیتەوە؟
ڕووناک شوانی : ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که پارتی داد و گه‌شه‌پێدان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به خه‌ڵکی تورکیایاندا سه‌باره‌ت به به‌رقه‌رار کردنی دیموکراسییه‌ت زۆر واقعی نه‌بوون و نابن ، هێرشی ئه‌م دواییه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و به‌ر په‌رچدانه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن . وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا پ‌ک‌ک و پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراسی ئه‌زموونی سیاسی درێژیان هه‌یه له‌و ململانێ سیاسییه‌دا و ڕۆژانه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی واقعی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک ( به هه‌موو باڵه‌کانیه‌وه ) ڕوو به ڕوو ده‌بنه‌وه ، بۆیه باوه‌ڕیان به بوونی هیچ پڕۆژه‌یه‌ک نییه که سوودی بۆ پاشه‌ڕۆژی نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌بێت و که چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ی بکات ، چی له چوارچێوه‌ی تورکیادا و چی له به‌شه‌کانی تری کوردستاندا که به پراکتیک دژایه‌تی ده‌کات . به‌ڵام وادیاره سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆشباوه‌ڕانه له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌کانی پارت داد و گه‌شه‌پێدان مامه‌ڵه ده‌کات .
رۆبیتان کاکه‌زاڵ :چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له سه‌رده‌ستی پارتی داد و گه‌شه‌پیدان له وه‌ڵامی پرسیارهکانیتردا باسکرا، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بوترێت ئه‌وه‌یه که بۆ چی له‌م گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و سیاسهتکردنهدا، به پێچه‌وانه‌ی پارته کوردییه‌کان، تای ته‌رازوی سه‌نگی سه‌رکه‌وتن و راکێشانی ده‌نگده‌رانی کورد به‌لای پارتی داد و گه‌شه‌پێداندا ده‌شکێته‌وه؟ ئه‌م پارته حوکمڕانه سودی گه‌وره‌ی سیاسی له دوو هه‌لی زۆر تایبه‌تی وه‌رگرتوه. یه‌کێک له‌و هه‌لانه پشتگیری کهمالیزمبوو له ئیسلام بۆ لاوازکردنی ره‌وا