Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
چەند وشەیەکی تر لەبارەی ڕاپەڕین و شۆراکانەوە

چەند وشەیەکی تر لەبارەی ڕاپەڕین و شۆراکانەوە

Closed

نامەیەک بۆ هاوڕێی شاعیرم، (مەشخەڵ)
چەند وشەیەکی تر لەبارەی ڕاپەڕین و شۆراکانەوە

کاروان عومەر کاکەسوور

 

لە سایتی دەنگەکان بابەتێکت لەژێر ناونیشانی (لە یادی بیست ساڵەی ڕاپەڕین… ئاوڕێک لە بزووتنەوەی شورایی)دا بڵاو کردووەتەوە، کە منیش بە پێویستم زانی هەر لەو بارەیەوە سەرنجی خۆمت بۆ بنووسم و چەند پەرەگرافێکی بۆ زیاد بکەم.
سەرەتا دەبێت بڵێم کاتێکی زۆر گونجاوت بۆ نووسینی ئەو بابەتە هەڵبژاردووە، بەوەی لە ڕۆژگارێکدایە، کە ناڕەزاییی جەماوەر لە دژی ناعەدالەتی و نایەکسانی زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، بۆیە باسکردن لە ئەزموونەکانی ڕاپەڕینی بەهاری نەوەدویەک بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ زۆر پێویستە. هەر بۆ زانینت منیش لەم چەند ڕۆژەی پێشوو وەک بە (گۆران عەبدوڵلا)ی هاوڕێشمم گوتووە باسێکم لەم بارەیەوە ئامادە کردووە، بەڵام تەواوم نەکردووە و بۆ ساڵی ئاییندەی هەڵدەگرم.
لە شوێنێکی وتارەکەتدا باس لەوە دەکەیت، کە لە کاتی دروستکردنی شۆرای کرێکارانی کارگەی نەسیجدا من ڕێگر بووم لەوەی شیعرێکی تۆ بخوێندرێتەوە، گوایە شیعرەکە درێژ بووە. ڕاستییەکەی من ئەمەم لە بیر نییە، بەڵام باوەڕ دەکەم، چونکە من ئەوسا تێڕوانینێکی زۆر تەسکم بۆ مانای ئازادی هەبوو، کە دواتر ویستم بە هەموو شێوەیەک بە خۆمدا بچمەوە و تا لە توانامدا بێت ئەو تێڕوانینە بگۆڕم. زۆر لەو هاوڕێیانەم ئاگادارن، کە من هەر لەگەڵ گەیشتنم بە ئەڵمانیا، ڕەخنەی جدیم لە تێڕوانین و هەڵسوکەوتی خۆم بە تایبەتی و هیی هاوڕێیان بە گشتی گرتووە. ئەو پرۆسێسەیش ئاسان نەبوو و ماوەیەکی درێژی ویست، تاکو خۆم لە بەشێکی زۆر لەو تێڕوانینە کۆنانەم ڕزگار بکەم. ئەو پرۆسێسە لای من هەر بەردەوامە و درێژەیشی دەبێت. من لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هەر پێوەندییەکی کۆنم لەگەڵ هاوڕێیانی خۆم نوێ کردبێتەوە، پێش هەموو شتێک ڕەخنەم لە خۆم گرتووە و داوای لێبوردنم لەوان کردووە. ئەگەرچی لەگەڵ تۆیش پێوەندییەکی زۆر دۆستانەم هەیە، بەڵام ئەو پێوەندییە زیاتر سیمایەکی ئەدەبییانەی هەبووە. بە مانایەکی تر تۆ وەکو شاعیر و وەرگێڕێک و من وەکو نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە باسەکانمان تایبەت بوون بە ئەدەب. ئێستایش دەرفەتێکی باشە، تاکو داوای لێبوردنت لێ بکەم. هەروەها داوای لێبوردن لە هەر هاوڕێیەکی تر دەکەم، کە بە هۆی جیاوازیی بۆچوون و تێڕوانینەوە بە چاکی هەڵسوکەوتم لەگەڵ نەکردووە. مادام باس لە شۆرای کرێکارانی نەسیجە، با یەک هەڵەی بچووکیش ڕاست بکەمەوە، کە ئەوەی من لەوێ خوێندمەوە شیعر نەبوو، بەڵکو باسێک بوو، کە لەبارەی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە ئامادەم کردبوو، بەڵام بە زمانێکی ئەدەبی نووسیبووم. ئەو باسەم یەکەمجار لە دەواجن خوێندەوە. ئەو شیعرەی (ناسر حەفید)، کە ئاماژەت پێ داوە بە بۆنەی ئاهەنگی یەکی ئایارەوە خوێندرایەوە، کە زۆر نووسەر و هونەرمەندی تریش تێیدا بەشدار بوون، لەوانە (ناڵە حەسەن)، (ڕزگار عومەر)، (جەمال کۆشش) و (ئازاد)، کە شیعریان پێشکەشی جەماوەر کرد. (وەفیق زامدار)ی هونەرمەندی شێوەکار و هاوڕێیەکی تری هونەرمەندمان وا بزانم ناوی (ئاراس) یان (سەردار) بوو هەر بەو بۆنەیەوە پێشانگایان کردەوە. هەورەها (زاریا شێخەنۆڤا)ی هاوڕێمان ئاهەنگەکەی بەڕێوە دەبرد.
هاوڕێی ئازیزم مەشخەڵ گیان! زۆر بە دروستی باست لە دڵسۆزیی هاوڕێیان لە لایەک و ناکامڵییان لە ڕووی فیکری و نەبوونی تێڕوانینی وردیان بۆ خۆیان و بۆ دنیا کردووە. منیش گومانم لە دڵسۆزیی هاوڕێیانی خۆمان نەبووە. خۆشبەختانە ئەو هاوڕێیانەی ئێمە وەک چۆن لە ڕۆژگارێکی زۆر سەختدا لە دژی بەعس وەستانەوە، بە هەمان شێوە و بۆ ساتێکیش دەستەڵاتی ئەو دوو حزبەیان بە ڕەوا نەزانیوە، یان لانیکەم یەکێ لەو هاوڕێیانەی ئێمە لەپێناوی هەندێ دەستکەوتی ماددیدا سەنگەری خۆیی بۆ ناو ئەو حزبانە نەگواستەوە. ئەو فایلانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس کەوتنە دەست خەڵک، هیچیان ناوی هاوڕێیانی ئێمەیان تێدا نەبوو. باسی ئەوەیشت کردووە، کە کۆمۆنیستەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕاپەڕیندا هەبوو. لەمەشیاندا بە تەواوی پشتگیریت دەکەم. لە دوای دانوستانی بەعس و یەکییەتی بێدەنگییەکی سامناک لە شارەکاندا هەستی پێ دەکرا. لایەنگرانی یەکییەتی، کە پێشتر ڕۆڵی سەرەکییان لە خۆپێشاندانی سەرەتای هەشتاکاندا هەبوو، لەگەڵ ئەو دانوساندنەدا بە تەواوی سارد بووبوونەوە، کەسانی وەک (محەمەد سەرسپی)ی باوکی (دلۆڤان)ی هاوڕێمان بە دەگمەن مابوو، کە دواتر گیرا و لە سێدارە درا. ئەوانەی هەر لە سەرەتاوە ڕەخنەیان لەو پڕۆسێسە دەگرت، کەسانی چەپ بوون و ڕیزەکانی یەکییەتییان جێ هێشتبوو. هەندێکیان بووبوونە لایەنگری ئاڵای شۆڕش وەک (سەپان) و (ڕەوەز)، کە دواتر ئەوان چوونە شاخ. ئەوە بوو یەکەمیان گیانی بەخت کرد و دووەمیان وازی هێنا و گەیشتە ئەوروپا. بە داخەوە لەوساوە ئاگام لە هەواڵی نییە. هەندێکیان گرووپی سەربەخۆیان پێک هێنابوو، بێ ئەوەی هیچ شێوە ڕێکخراوبوون و دیسپلینێکیان بەو گرووپانەیان دابێت وەک (ئازاد ئارمان)، (ئاسۆ حامیدی)، (فەرهاد مەولوود)، (شیروان مەولوود)، (وشیار)، (ئەحمەد پاشا)، (دڵشاد)ی برای (ڕەوەز) و یەک دووانێکی تر. ئێمەیش ئەو هاوڕێیانەی لەناو پارتییەوە هاتبووین (خەلیل ساڵح)، (حسێن ڕەشید) و من پێوەندیمان لەگەڵ ئەو گرووپانەدا هەبوو. چەند هاوڕێیەکی تریشمان هەبوون. لەوانە (حەمە سەرسپی) و (هیوا سلێمان)، کە یەکەمیان خوێندکاری زانکۆی موسڵ و دووەمیان هیی زانکۆی بەغدا بوو. هەر دووکیشیان بە هۆی بەشدارینەکردنیان لە مەشقی سەربازی، دەرکرابوون. هەروەها (دکتۆر حسێن)، (دکتۆر مزەفەر بارزانی)، (بەهرۆز) و زۆری تریشمان دەناسی و لەو بارەیەوە گفتوگۆمان دەکرد. ئێمە، کە لەناو پارتییەوە هاتبووین، بە هۆی ئەوەی لە زووەوە هاوڕێی (ئەنوەر عومەر) بووین، کە ئەویش وازی لە کۆمەڵە ‌هێنابوو، سەرەتا پێوەندیمان زیاتر لەگەڵ ئەو خۆش بوو. بەردەوام دەمانویست لە ڕووی تیۆرییەوە خۆمان پێ بگەیەنین. ئەوسا (ئەنوەر عومەر)، توانایەکی باشی لە مارکسیزم هەبوو، کە دواتر لەبەر هەر هۆیەک بێت سارد بووەوە و دەتوانم بڵێم وازی هێنا. ئێمە لەم ڕووەوە سوودی زۆرمان لە (ئەنوەر عومەر) بینی. (ئەنوەر)، (خەلیل) و من بە هۆی بەشدارینەکردنمان لە مەشقی هاوینەی سەربازی لە زانکۆ دەرکرابووین و بەردەوام دەمانخوێندەوە. دوایی (ئەنوەر) چونکە لە زانکۆی سەڵاحەدین بوو، وەرگیرایەوە. هێندەی پێ نەچوو (خەلیل ساڵح) گیرا و (حسێن ڕەشید) و من ماینەوە. من لە ڕێگای (سەپان) و (ڕەوەز)ەوە (ئازاد ئارمان)م ناسیبوو، بۆیە تا دەهات پێوەندییەکەمان زیاتر پەرەی دەسەند. هەمووشمان لەپاڵ کەلەپووری مارکسیزمدا ئەدەبمان دەخوێندەوە و بەرگریمان لە ئەدەبی سۆسیالیزم و شۆڕشگێڕ دەکرد، بەڵام من لە هەموویان زیاتر خەریکی ئەم لایەنە بووم، چونکە چیرۆکیشم دەنووسی. پێشتر یەک دوو چیرۆکم نووسیبوو، بەڵام ساڵی هەشتاوشەش هەر کە وازم لە پارتی هێنا و بوومە کۆمۆنیست، ئیتر ناوەرۆکی چیرۆکەکانیشم گۆڕان، بەڵام هێشتا نەمدەویست بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەبارەی کرێکارانەوە بنووسم. من ڕەخنەی زۆرم لێ دەگیرا، گوایە زیاتر بایەخ بە ئەدەب دەدەم و کەمتر کاتی خۆم بۆ خوێندنەوەی بڵاوکراوەکان تەرخان دەکەم، ئەگەرچی من بەردەوام کتێبەکانی مارکس و ئەوانی ترم دەخوێندەوە و ئەوانیش ئەمەیان دەزانی بە تایبەتی (ئازاد ئارمان)، کە هەمیشە لەم ڕووەوە بەرگریی لێ دەکردم. (خەلیل)، (حسێن) و من لەناو پارتییش مارکسیزممان دەخوێندەوە و بە ئەقڵی ئەوسامان دەمانویست گۆڕانکاری لە حزبماندا بکەین، کە دوای ئەوەی زانیمان ئەمە خەیاڵە، وازمان هێنا. باوەڕم وایە ئەم هاوڕێیانە ئەمەیان بە چاکی لە بیر مابێت. (خەلیل ساڵح) ئەگەر سەری لە خۆی نەشێواندایە، ئێستا بێگومان یەکێک بوو لە ڕووناکبیرە زۆردەگمەنەکانی ئێمە. ئەو کوڕە لە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی کتێبی فیکریی دەخوێندەوە و بە چاکی لێیان تێدەگەیشت. ڕۆڵی گەورەی لە خۆپێشاندانی خوێندکاراندا بینی. گرفتی (خەلیل) ئەوە بوو، کە ئازایەتی و هەڵەشەییی لە یەکتر جیا نەدەکردەوە. ئەو مرۆڤێکی زۆر چاونەترس بوو چ لە ڕووی فیکری و چ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ستەمدا، بەڵام زیاد لە پێویست هەڵەشە بوو. من خۆم تا ماوم قەرزاری ئەوم. بە هەرحاڵ دەتوانم بڵێم ئێمەی کۆمۆنیستان لەو سەردەمە زۆر بە گەرمی خەریکی چالاکی بووین، لە کاتێکدا حزبەکان دەنگیان بڕابوو. ڕۆژگارێکی زۆر سەخت بوو. هێزەکانی بەعس سەری هەموو کۆڵانەکانی شاریان گرتبوو، بەڵام هەرگیز بۆ ساتێک سارد نەدەبووینەوە. بەردەوام کتێب و بڵاوکراوەی قەدەغەکراومان پێ بوو. نەک هەر باسمان لە شۆڕش و ڕووخانی بەعس دەکرد، بەڵکو ئەوسا حوکوومەتی شۆراییمان بە ئاڵتەرناتیڤ دەزانی. زۆرجار لە قەراغی مەرگ دەگەڕاینەوە. دەمەوێت تەنیا باسی یەکێ لەو جارانە بکەم، کە (شیروان مەولوود) و من دەبووایە سێ زەرفی گەورەی پڕ لە بڵاوکراوە لە ماڵی (حسێن ڕەشید)ەوە، واتە لە خانووەکانی نەسیجەوە بۆ شوێنێکی تر ببەین، کە لەو ماوەیە بە دەست نووسیبووماننەوە. تاکسییەکمان گرت و هێندەی نەبرد لە فولکەی نەسیج خۆمان لەناو کۆنتڕۆڵی قوات خاصەدا بینییەوە. سێ جار لەو شوێنە داوای شوناسیان لێ کردین، کە ئەوەی من ڕاستە هیی زانکۆ بوو، بەڵام ئەگەر داوای دەفتەر خدمەیان لێ بکردمایە، کە هەمیشە داوایان دەکرد، ئەوا بێگومان گیرابووین. دەبێت ئەوەیش بڵێم شووناسی خوێندکارانی کۆلیژی ئێمە گۆڕابوو، بەڵام نازانم چۆن هەستیان پێ نەدەکرد. بڵاوکراوەکان هێندە زۆر بوون، کە (شیروان) نەیدەتوانی بیانشارێتەوە، بۆیە لە جامەکەوە دیار بوون. من دەبووایە زوو زوویش سەفەری سلێمانی بکەم، تاکو هاوڕێیانی ئەویش ببینم بە تایبەتی (عەزیز حەسەن) و (حەمە قەدۆ). دەشمزانی هەر کاتێ داوای دەفتەر خدمەم لێ بکەن، ئەوا ئاشکرا دەبم، کە من لە زانکۆ دەرکراوم. هەر جارێ سەفەری سلێمانیم دەکرد، بە باوکمم دەوت دەچم بەشداری لە مەشقی سەربازی دەکەم، کە ئەو بەو قسەیە نەک هەر ڕێگای دەدام، بەڵکو زۆریش دەگەشایەوە. دیارە هیچ یەکێ لەو هاوڕێیانەم حاڵیان لە هیی من چاکتر نەبوو، بۆیە دەکرێت ئەوانیش بیرەوەریی خۆیان بنووسنەوە و باسی ئەو ڕۆژگارە بکەن. ئێمە دوای ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بە بڕیاری سەرکردایەتیی بەعس بۆ زانکۆ گەڕاینەوە. ئەمجارەیان (عەزیز)، (فەرهاد) و من کۆمەڵێ هاوڕێی ترمان ناسی لەوانە (قابیل)، کە دواتر ئیسلامییەکان لە هەولێر تیرۆریان کرد. دوو ژوورمان هەبوو، کە بە ژووری کۆمۆنیستەکان ناسرابوون. ئەو دوو ژوورە پڕ بوون لە کتێب و بڵاوکراوەی قاچاغ و تا بەیانی خەریکی گفتوگۆ بووین. دەبێت ئەوەیش بڵێم کە لە زانکۆیش تەنیا کۆمۆنیستەکان چالاکییان هەبوو، ئەگینا زۆربەی ئەوانەی پێشتر باسیان لە یاخیبوون دەکرد، نائومێد بووبوون و ئامادە نەبوون بەشداری لە هیچ شێوازێکی ڕووبەڕووبوونەوەدا بکەن. بۆ نموونە (عەزیز) و من لەگەڵ زۆر کەس گفتوگۆمان دەکرد، کە دەبێت قسەمان بکەینە یەک و نەبینە بەعسی، کەچی هەر یەکەی بیانوویەکی دەهێنایەوە. لێرەدا ئاماژە بە هەڵوێستی (شێرزاد فاتیح)یش دەدەم، کە هەمان هەڵوێستی ئێمەی هەبوو. ئەندامانی دوو ژوورەکەی ئێمە بە تێکڕای دەنگ دژی ئەوە بوون لە هیچ حاڵەتێکدا ئیمزا بکەن. تەنیا باسی کۆلیژی پەروەردە دەکەم، کە بە زۆر خوێندکاریان دەکردە بەعسی، ئەگینا لە کۆلیژەکانی تر هاوڕێی تریشمان هەبوون، کە نەدەبوونە بەعسی وەکو (ئاراس محەمەد). ئێمە لە زانکۆی سەلاحەدینیش هەندێک هاوڕێی کچمان ناسیبوو لەوانە (تارای کیمیا)، (تارای فیزیا)، (نیگار مستەفا حەیران) و زۆری تر، کە ئەوانەیش چەپ بوون و ئامادەییی یاخیبوونیان هەبوو. دواییش ئەو سێ کچە لە ماڵی (ئازاد ئارمان) دوو ژووریان بە کرێ گرت، کە هێندەی دیکە تێکەڵی چالاکییەکان بوون. ڕاستییەکەی ماڵی (ئازاد ئارمان) و (شادیە عەزیز)ی هاوسەری وەک بنکەیەکی حزبی و ڕۆشنبیری وابوو. هەموومان لەوێ یەکترمان دەبینی. خەڵک دەیانزانی ئێمە خەریکی کاروباری حزبیین، بەڵام من ئێستایش نازانم چۆن زمانیان لێ نەدەداین.
بە هۆی شەڕی کەنداوەوە زانکۆ داخرابوو. من چەند ڕۆژێک چوومە بەغدا، چونکە (نیگار)، هاوسەری پێشووم، لە ماڵی دایکوباوکی بوو. کاتێ ویستم بگەڕێمەوە، ڕێگای نێوان بەغدا و شارەکانی کوردستان گیرابوو، تەنیا ڕێگای مووسڵ مابوو، ئەویش بە شەمەندەفەر. سوپای بەعس شکابوو و لەبەر سەرباز شوێن نەبوو لەناو ئەو شەمەندەفەرە لێی دابنیشیت. من کتێبی (متاهات، نصوص وحوارات في الفلسفة والادب)م لەگەڵ خۆم هێنابوو، تاکو لە ڕێگا بیخوێنمەوە، کە کۆمەڵێ گوتار و گفتوگۆی (نیچە)، (هایدگەر)، (هابرماز)، (جیل دۆلۆز)، (مێشێل فۆکۆ)، (ڕۆلان بارت)، (جۆرج لویس بۆرخیس) و زۆری تری تێدابوو و لە بەغدا چاپ کرابوو، بەڵام لەوێ هەستم کرد دەرفەتێکی باشە قسە بۆ ئەو سەربازانە بکەم، بۆیە وازم لەوە هێنا خۆم بە خوێندنەوەی کتێبەکەوە خەریک بکەم. ئەو کاتە خەڵک کەم و زۆر قسەیان دەکرد. لە بەغدا گەنج کۆ دەبوونەوە و نوکتەیان لەسەر (سەدام حسێن) و دارودەستەکەی دەکرد. من لەناو ئەو شەمەندەفەرە لای چوار پێنجێک دانیشتبووم. یەکێکیان دەیوت سی دەوڵەت بوون، ئەگینا شەڕمان نەدەدۆڕاند. ئیتر من بۆم باس کردن کە لە شەڕدا بردنەوە نییە، بەڵکو تەنیا دۆڕاندن هەیە و ئەویش بەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەکەوێت. لەمەوە ئەوانیش قسەی خۆیان گۆڕی و هەر یەکەی بە شێوەی خۆی ناڕەزاییی دەردەبڕی. من لە موسڵەوە گەڕامەوە هەولێر بۆ لای هاوڕێیەکانم، کە وەکو وتم بە زۆری لە ماڵی (ئازاد ئارمان) و (شادیە عەزیز) یەکترمان دەبینی. هەر لە ماڵی ئەوانیش پلان بۆ ڕاپەڕین داندرا. لەو ڕۆژەوە عێراق کوەیتی داگیر کرد، ئێمە خۆمان بۆ ڕاپەڕین ئامادە کرد. ڕاستە کەسمان شارەزاییمان لە چەک و تەقەمەنیدا نەبوو، بەڵام بڕیارمان دا بە هەر شێویەک بێت چەک کۆ بکەینەوە. باسی حوکوومەتی شۆراییمان دەکرد. ئەوسا من ئەو کتێبەی (لەنین)م خوێندەوە، کە لەبارەی سۆڤیەتەکانەوە نووسیویەتی. لە بیرمە چەند ڕۆژێ پێش ڕاپەڕین (شیروان مەولوود)، (خدر عەبدولڵا)، (موئەیەدی هونەرمەند) و من لە خانووەکانی ئیسکان بۆسەیەکمان بۆ جاشێک نایەوە، تاکو لەناکاو پەلاماری بدەین و چەکەکەی لێ بستێنین، بەڵام ئەو نەهات و پلانەکەمان لەبار چوو. لەوێوە چووینە گەڕەکی باداوا، تاکو خەڵک بۆ ڕاپەڕین هان بدەین. بە ڕێکەوت هاوپۆلێکی کۆنی خۆمم بینی و قسەمان لەگەڵ کرد. من وتم هەوڵ بدەین لەگەڵ ژنانیش قسە بکەین، بەڵام ئەو برادەرە دەنگی خۆیی قەڵەو کرد و وتی: (کورە ئەوە ئەتوو دەرێی چ؟ ئەوە ئیشی ژنان نییە. بە سەری توو هەر بە خۆمان دەزانین کوو ئەو گەڕەکەی لە خۆفرۆشان خاوێن دەکەینەوە. ئەوە بە ژنان کوو دەکرێ!!). ئێمە تا هاتینەوە ماڵ هەر بەو قسەیە پێدەکەنین. من دەموتەوە و ئەوان قاقایان لێ دەدا. هەروەها (وشیار) و من دەمانویست چەک لە جەیشی شەعبییەک بستێنین، کە من ڕێگاکەیم دەزانی، بەڵام ئەویش سەری نەگرت، چونکە نەهات. تومەز هەموو خۆیان شاردبووەوە. من بە جەمەدانی دەموچاوی خۆمم پێچابوو، چونکە کابرا دەیناسیم. کاتێ لەگەڵ (وشیار) بۆ ماڵی ئێمە گەڕاینەوە، پێڵاو و دەرلینگی پانتەڵۆنمان هەمووی قوڕاوی بوو. باوکم پرسیی ئەوە بۆ ئاوامان لێ هاتووە، وتم لە کارەبا کار دەکەین. چاڵ هەڵدەکەنین و ستوونی تێدا دەچەقێنین. ئەو سەری با دەدا و دەیزانی ڕاستیی لێ دەشارمەوە. هەر لەگەڵ (وشیار) ڕۆژی پێنجی مارچ بەشداریمان لە خۆپێشاندانی شێخەلڵا کرد، کە دەبێت بۆ مێژوو بڵێم (سەلاح مەزن) لەو خۆپێشاندانە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو، بەوەی بۆ چاوبەست جلی ئەفسەریی لەبەر کردبوو. شەوی دە لەسەر یازدەی مارچ لە ماڵی (ئازاد ئارمان) کۆ بووبووینەوە و دەمانزانی سبەینێ ڕاپەڕینە. بۆ یەکەمجار لەوێ (سەردار)م بینی، کە خەڵکی سلێمانی بوو، بە داخەوە ناوی باوکی نازانم. ڕۆژی یازدەی مارچ من ویستم زوو زوو لە ماڵ بێمە دەرێ، بەڵام باوکم دەرگای لێ گرتم و گوتی: (نابێت بچیت). دایکم وتی: (ڕێگای بدە و با بچێت). ئینجا باوکم وتی: (بەڵام زۆر ئاگات لە خۆت بێت). لای ماڵی خۆمان لە ڕووناکی خەڵک کۆ بوونەوە و بە بەرد هێرشمان کردە سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس. لەوێ من کڵانشینکۆفێکم دەست کەوت. لای کۆلیژی پەروەردە ئەمنەکان خۆیان حەشاردابوو و تەقەیان لێ دەکردین. چەند کەسێک بریندار بوون. لە مەنزوومە بەرگریی زۆریان کرد و تاکو نیوەڕۆ ئەوێ نەگیرا. لەگەڵ (ئازاد ئارمان) و هاوڕێیانی تر لە مەنزوومە یەکمان گرتەوە و ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلایشمان دەست کەوت. تاکو ئەو ڕۆژە ئێمە نەمانزانیبوو مەنزوومە چییە، چونکە زۆر جار چ بە ڕۆژ و چ بە شەو لەسەر ئەو شەقامەی تەنیشتی بە کۆمەڵێ کتێب و بڵاوکراوەی قەدەغەوە پیاسەمان کردبوو. لە سەعاتێکدا دە جار زیاتر لەوێ تا ئەوسەر چووبووین و گەڕابووینەوە. بە پێویستمان زانی هەر بەو ئۆتۆمۆبیلەی دەستکەوتمان بوو، سەردانی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بکەین، کە ئێستا ناوی شوێنەکەم لە بیر نەماوە. ئەوەندە دەزانم لە نزیک ڕانیە بوو. (فەیسەڵ عەزیز)م بۆ یەکەمجار ناسی، کە ئۆتۆمۆبیلەکەی لێ دەخوڕی. هاوڕێیان سێ کەسیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن، کە (ئازاد ئارمان)، (ئاسۆ حامیدی) و من بووین. لەوێ (ڕەحمانی حسێن زادە) و یەک دووانێکی ترمان بینی و بە وردی لەبارەی بارودۆخی ڕاپەڕینەوە گفتوگۆمان کرد. ئەوان پێیان وتین لە سلێمانی شۆرا دامەزراوە. ئەوە بوو هەر بەو ئۆتۆمۆبیلە، کە جامێکی شکابوو بەرەو سلێمانی بە ڕێ کەوتین. دەزانم زۆر بووین، چونکە هەر جارێ بە نۆرە دووانمان دەچووینە سەندووقەکەی، بەڵام من هەر ئەمانەم لە بیر ماوە: (ئازاد ئارمان)، (ئاسۆ حامیدی)، (شیروان مەولوود)، (فەرهاد مەولوود)، (وشیار)، (سەردار) (فەیسەڵ عەزیز) و من. رەنگە (دڵشاد)یشمان لەگەڵ بووبێت! بەو تاریکییە (فەیسەڵ) لێی دەخوڕی، بەڵام شوفێرێکی زۆر وریا بوو. وا بزانم لایتەکانیشی شکابوو. لە ڕێگا لە تاسەیەکی دا و زۆری نەما وەربگەڕێین. ئەوسا (ئاسۆ) و من لە سەندووقەکە دانیشتبووین و باسی کتێبی (نەخۆشیی چەپڕەویی منداڵانە)ی (لەنین)مان دەکرد، خەریک بوو بکەوینە خوارێ. لە سلێمانی چووینە ماڵی پووری (نیگار) و زۆر ڕێزیان لێ ناین. ئەوانیش باسی شۆرایان کرد و ئێمە زۆر بەوە دڵخۆش بووین. بۆ بەیانییەکەی چووینە بنکەی شۆراکان، کە قوتابخانەیەک بوو و ژمارەیەکی زۆر گەنج تێیدا کۆ بووبوونەوە. ئێمە بە ناوی هەڵسووڕاوانی هەولێرەوە قسەمان کرد.. دواتریش لە بەردەرکی سەرا سەدان لایەنگرانی شۆرامان بینی، هوتافیان دەکێشا. ئەوسا بە هەموو حزبە کوردییەکان نەیاندەتوانی ئەو ژمارەیە کۆ بکەنەوە. هەر ئەو ڕۆژە بۆ هەولێر گەڕاینەوە. سەیرمان کرد وا دوو بنکەی شۆرا کراوەتەوە، یەکێکیان هیی خەڵک و ئەوی تریان هیی کرێکاری، ڕاستتر هیی ڕەوتی کۆمۆنیست. یەکەمجار بوو ئەو سیمایانە ببینم. زۆربەیان لای من نوێ بوون و پێشتر هەرگیز ئەوانەم نەدیبوو. لەوانە (موزەفەر عەبدولڵا)، کە بە گۆچان دەڕۆیشت. لەو سەردەمە هاوڕێ کەرکووکییەکان زۆر ئاکتیڤ بوون لەوانە (جەمال کرێکار)، (سەمیر نووری)، (گۆران عەبدولڵا)، (جەمال کۆشش) و زۆری تر، بە داخەوە ئێستا ناویانم لە بیر نەماوە. بۆ یەکەمجار تۆیشم لە کاتی دامەزراندنی شۆرای کرێکارانی نەسیج بینی، کە بە دارشەق دەڕۆیشتیت، (مەشخەڵ) گیان. لەوانەیە پێشتریش یەکترمان دیبێت و من نەمزانیبێت. هەر لەو ڕۆژگارە لەگەڵ (عەبدولڕەحمان مەولوود)، (دکتۆر پشتیوان)، (دکتۆر یونس) و زۆری تر یەکترمان ناسی. لەو کۆبوونەوانە کەس گوێی لە کەس نەدەگرت و هەمووی هەر دەیویست قسە بکات. شۆرای کرێکاری، کە ڕەوتی کۆمۆنیست بوون، دەیانویست ئەوانەی خەریکی شۆرای خەڵکن بەوە تۆمەتبار بکەن، کە پشتیان لە داخوازییەکانی کرێکاران کردووە. هەرچی هەڵسووڕاوانی شۆرای خەڵک بوون پێیان وابوو ڕەوتی کۆمۆنیست دەیەوێت ئەو ڕووداوە بە خزمەتی ڕێکخراوەکەی خۆی ئاڕاستە بکات. بە کورتی باسەکان هەژار بوون و وەک تۆ دەڵێی (مەشخەڵ) گیان زۆربەمان لە ڕووی فکری و تیۆرییەوە لاواز بووین. بۆ زانینت ئەم دۆخە هێشتا بەردەوامە. ئێستایش بەشێکی زۆری کۆمۆنیستانی ئێمە دوور و نزیک ئاگایان لە کەلەپووری مارکسیزم نییە، بەڵام ئێرە بە شوێنی ئەم باسە نازانم. لە سەردەمی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا، چونکە کەسەکان حەماسێکی گەورەیان هەیە و لەناو ئێتمۆسفێرێکی حەماساوییشدا هەڵدەسووڕێن، بۆیە پێیان وایە تەنیا خۆیان ئازا و بوێرن و هەموو ئەوانەی تر ترسنۆکن، یان خەمساردن. وەک سەرنج دەدەین خەڵک لە سەردەمی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا تۆمەت دەدەنە پاڵ یەکتر و توندوتیژیی زۆر بەرهەم دەهێنن، کە ئەمە لایەنێکی سایکۆلۆجیی هەیە و بە پێویستی نازانم لێرە باسی بکەم.
هاوڕێیانی ئێمە زیاتر لەگەڵ شۆرای خەڵک بوون و بەردەوام لە کارگە و گەڕەکەکان قسەمان بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەکرد. بێگومان ڕەوتی کۆمۆنیستیش دەهاتن، بەڵام بە یەکەوە ڕێک نەدەکەوتین. ڕەوتی کۆمۆنیست بە هیچ شێوەیەک واقیعەکەیان بە وردی نەخوێندبووەوە و دەستبەجێیش داوای حوکومەتی کرێکارییان دەکرد. لە بیرمە ئێمە یەکەم ڕۆژ سەردانی بنکەکەیانمان کردن، کە لە نزیک سینەما سەڵاحەدین بوو. (جەمال کۆشش)، (ئازاد)، (ڕەحیم) و یەک دووانێکی تری لێبوو. بە شێوەیەک باسی حوکوومەتی کرێکارییان دەکرد، کە وایان دەزانی لەم چەند ڕۆژە دایدەمەزرێنن، بەڵام ئێمە ڕێگامان لێ گرتوون. (جەمال کۆشش) لەپشت مێزێک دانیشتبوو. کاغەزێکیان هێنایە بەردەمی، تاکو مۆری لێ بدات. هەرچەندی کردی (ستامپ پاد)ەکە ئیشی نەکرد. ئیتر ناچار ما بە تف ڕووی ئەو (ستامپ پاد)ە سواغ بدات و کارەکەی مەیسەر بکات. لە دەرەوە گوتمان ڕێکخراوێک نەتوانێت کاغەزێک مۆر بکات، چۆن حوکوومەتی کرێکاری دادەمەزرێنێت؟ ئەو توانایە لە کوێ دەهێنێت؟ (ئاسۆ حامیدی) گوتی: (مۆرکردنی کاغەز بە هەرحاڵ، کە ڕەنگە بە تف مەیسەر بکرێت، بەڵام حوکوومەتی کرێکاری بە تف دانامەزرێت). ئەرێ خۆ ئێمەیش لە هیچ کاتێکدا وازمان لە گاڵتە نەدەهێنا!! وەنەبێت ئێمەیش لەوان باشتر بووبێتین، بەڵام ئەوە هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە هەمووان لە خەمی قۆناغەکەدا بووین و بە هیچ شێوەیەک نەماندەویست ئەو حزبە کۆنەپەرستانە دەست بە سەر کۆمەڵگادا بگرنەوە. ئەوان خەریکی رێکخستنەوەی خۆیان بوون. بەردەوام ئەنفالچی و سەرۆکجاشەکانیان بانگ دەکرد و پلەوپایە و سامانیان پێ دەبەخشین. ڕۆژانە ئێمە لە لایەن ئەوانەوە هەڕەشەمان لێ دەکرا. بۆ نموونە بە حوکمی ئەوەی من بابەتێکم لەبارەی راپەڕینەوە ئامادە کردبوو و بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشم دەخوێندەوە، زیاتر لە جارێک چ لە دەواجن و چ لە کاتی دامەزراندنی شۆرای خەڵکی مەنتکاوەدا هەڕەشەم لێ کرا، بەڵام هەموو ئەمانە ساردیان نەدەکردینەوە. ئێواران درەنگ درەنگ بیرمان دەکەوتەوە، کە ئێمە لە بەیانییەوە دەممان لە نان و ئاو نەداوە. ئەوسا بە خێرایی دەچووینە ڕێستەورانتێکی لای سینەما سیروان و لەوێ کەمێک فەلافلمان دەخوارد. کاتێ دەگەڕامەوە و باوکم دەیپرسی: (ئەوە ئەتوو خەریکی چی؟) منیش هەر بە کورتی دەموت: (شوورا بابە، شوورا). جارێکیان گوتی: (ئەرێ وەرە پێم برێ کوڕی نازانم کێ! ئەتوو لە غەسالەی ئیش دەکەی؟ هەر دەرێی شوورا شوورا؟ باشە کەینێ لەسەر ڕستەی هەریدێخی؟ ئەدی ئەوە کەینێ هیشک دەبیتەوە؟). واتە کەی لەسەر تەناف هەڵیدەخەیت و کەی وشک دەبێتەوە. لە کاتی دامەزراندنی شۆرای کارگەی جگەرەدا دوای ئەوەی قسەمان بۆ خەڵک کرد، ئینجا دەست بە هەڵبژاردنی نوێنەران کرا. هێشتا هەڵبژاردنەکە تەواو نەبووبوو، یەکێ لە کرێکارەکان، کە تەمەنی پەنجا ساڵ دەبوو، هاتە لام و وتی: (ئەمن دەڕۆم). منیش گوتم: (بۆچی دەڕۆیت؟ خۆ هێشتا تەواو نەبووە؟). ئەو وتی: (ئەوانەی ماینە هەموو ژنن، ئێ قابیلە دەنگی خۆم نادەمە ژنانیش، مامۆستا!!). ئینجا دووبارە بۆیم باس کرد، کە ژن و پیاو هیچ جیاوازییان نییە. هەتا سیویەکی مارچ ئێمە بۆ ساتێک پشوومان نەدا، کەچی بە خۆشترین ڕۆژانی ژیانی خۆمانمان دەزانی. کارگەکەی باوکی (نیگار)مان کردبووە بنکەی خۆمان و شەوانیش هەر لەوێ دەخەوتین، کە لە گەڕەکی تەیراوە بوو. یەک دوو جاریش ئەندامانی سەرکردایەتیی کۆمەڵە سەردانیان کردین. ڕۆژی سیویەکی مارچ، کە سوپای بەعس هاتەوە، ڕۆژێکە، کە دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم (مەشخەڵ) گیان. هەموو هێزی بەرەی کوردستانی شاری جێ هێشت و ئێمە ماینەوە، کە تەنیا یەک دووانێکمان شارەزاییمان لە چەک و تەقەمەنیدا هەبوو. ئێمە شەو درەنگ خەوتین و دەمانویست بزانین ئەو هێرشەی بەعس کەی دەگاتە هەولێر. بەیانی لەگەڵ دەنگی تەقەی تفەنگ و هاڕەی فڕۆکە بە ئاگا هاتین. لە گەڕەکی تەیراوەوە بە چەکی سووک و بە دەم وتنی سروودی ئێنتەرناشیۆناڵەوە بەرەو گەڕەکەکانی خواروو بەڕێ کەوتین، تاکو پێش لە سوپای بەعس بگرین. ئەوەندە خۆشباوەڕ بووین، وامان دەزانی بەرەی کوردستانی شەڕ دەکات، بەڵام ئەوان لە ڕۆژی پێشووەوە شاریان جێ هێشتبوو. بۆ مێژوو دەڵێم (مامۆستا عەبدولخالیق) بە حەماسێکی گەرمەوە پێش ئێمە کەوتبوو. وەک چۆن ڕاپەڕین خەڵک کردی، بە هەمان شێوە خەڵکیش بەرگرییان لە شار کرد. زۆر کەس سەیریان بەوە دەهات، کە ئێمە دەچووین شەڕ بکەین. ئێمە لەو گەڕەکە بووین، کە بەعس ناوی لێ نابوو (حی صدام). ماڵەکان چۆڵ کرا بوون و دەرگایان خرابووە سەر پشت. فڕۆکە بەردەوام بۆمبی بە سەر شاردا دەباراند. نەماندەزانی بەو چەکە سووکانە لەگەڵ چی شەڕ بکەین و چۆنی بکەین، لە کاتێکدا هەر شارەزاییمان لە شەڕدا نەبوو. دوایی چووینە گەڕەکی (حی العسکری) و (مام غەفوور)ی یەکییەتیمان بینی. گوتی: (وا دەچمە گەڕەکی ئازادی، چونکە دوو دەبابە گەیشتوونەتە ئەوێ). تا ئەو کاتەیش وامان دەزانی شەڕەکە تەنیا لە سنووری شارە و نەگەیشتووەتە ناوەوە، بۆیە من پرسیم: (چی…؟! دەبابە گەیشتووەتە ناو هەولێر؟). ئەو وتی: (هیچ نییە. دەریان دەکەین). برادەرێک وتی: (مام غەفوور نایەوێت بڵێ پاشەکشێ دەکەم، بەڵکو دەیەوێت بەو بیانووە خۆی بدزێتەوە). ئیتر ئێمەیش بە پێوستمان زانی بچینە عەنکاوە. لە (حی العسکری) لە هەموو لایەکەوە تەقەمان لێ دەکرا، بێ ئەوەی بزانین سەرچاوەی ئەو تەقانە لە کوێن. (ڕاستگۆ)ی برای (شەماڵ عەلی)، یادی بەخێر، کە گەنجێکی زۆر ئێسکسووک بوو، گوللەتۆپێکی پێبوو. لە بەردەرگای ماڵێک جێی هێشت، گوایە دوایی بۆی دەگەڕێتەوە. ئێمە هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد ئەو شارە بگیرێتەوە، کە ئەمە نیشانەی ساویلکەیی و کەمئەزموونیمان بوو. ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری بەرازیلی گەیشتە ئاستمان و دەستڕێژیی لێ کردین، بەڵام کەسمانی نەپێکا. زۆر شپرزە بووبووین. یەکەمجار بوو بە ڕاستی هەست بە مردن بکەم. لە دەشتێک تەرمی سێ چوار ژن و پیاومان بینی. ڕاستییەکەی سەرەتا نەمدەزانی ئەوانە کوژراون. پرسیم: (ئەوە ئەوانە بۆ ڕا نەکەن؟). گوتیان: (کوژراون). بیکەیسییەک لای تەرمی پیاوێکیان کەوتبوو. هیچ لە مردوو نەدەچوون. ئەو دیمەنە هێندەی تر ئێمەی شپرزە کرد. گەیشتینە لای ئەمنی هەولێر و دەیان دەستڕێژیان لێ کردین. بە کورتی لە هەموو لایەکەوە گوللەیان تێ دەگرتین. لۆرییەک هات، کە ئەگەر بڵێم لە سەد کەس زیاتری هەڵگرتبوو، لێم نابێتە درۆ. هەندێک خۆیان پێوە شۆڕ کردبووەوە. ئێمەیش هەر چۆنێ بێت شوێنی خۆمان کردەوە. من دەستم بۆ (ڕاستگۆ) ڕاکێشا، تاکو ئەویش بێت، بەڵام نەهات و وتی و چاوەڕێی ئۆتۆمۆبیلێکی تر دەکات. ئێستایش وا دیمەنەکەیم لە بەرچاوە. ئەوە بوو دوایی لەگەڵ سێ هاوڕێی ترمان هەر لەوێ گیانیان بەخت کردبوو. ئێمە گەیشتینە عەنکاوە. ئەوەی تاکو ئێستایش لێی تێ ناگەم ئەوەیە، کە چۆن خەڵکی ئەوێ وەک نە بایان دیبێت و نە باران، گوێیان بەو کارەساتە نەدەدا. بازاڕیشیان دانەخستبوو. لە بەردەمی دووکانێک دابەزین. من هەندێک کێکم کڕی و وتم بۆ (تاڤگە)ی خوشکمە، کە ئەوسا تەمەنی هەشت ساڵ بوو. هێشتا باوەڕم نەکردبوو، کە شار گیراوەتەوە و ئێمە دەبێت ڕوو لەو شاخانە بکەین. کێ دەڵێ هەر دەربازیش دەبین؟ لە عەنکاوە تراکتۆرێکمان گرت و لای دەواجنەکان فڕێی داین. کۆپتەر ئەو ناوەی تۆپباران دەکرد. لەسەر سک دەخشین و دەمانویست بگەینە گەڕەکی مەلایان. ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەو شوێنە گیانیان لە دەست دا. ئێمە گەیشتینە گەڕەکی مەلایان و لەوێ لەگەڵ (ئازاد ئارمان)، (فەیسەڵ عەزیز)، (فوئاد عەزیز) و زۆری تر یەکمان گرتەوە. دەبابەکانمان لێ دیار بوو، کە لەو دەشتە هاتوچۆیان بوو. ئێمە لەپەنا هەندێک گردۆلکە خۆمان مەڵاس دا، گوایە بەو چەکە سووکانە شەڕ دەکەین. هەرە شارەزاکانمان (فەیسەڵ عەزیز) و برایەکانی بوون، ئەگینا ئێمە تەنیا دەمانزانی (مارکس) و (ئەنگلز) لە فلان کتێبدا وایان وتووە و ڕەخنەیان لە فیسار گرتووە. سەرکەوتنی شۆڕشی کڕیکاران حەتمییە و ڕووخانی سەرمایەداری ئەگەر ئەمڕۆ نەبێت، ئەو بێگومان سبەینێیە. هەندێکمان هەر ئەمانەیشمان نەدەزانی. دەبابەکان لێمان نزیک نەبوونەوە، بەڵام ئێمە لەو سەربانانە دابەش بووبووین و دەمانویست لە ئاستی هەر هێزێکدا بوەستین، کە هێرشمان بۆ بهێنێت. تاکو شەو ماینەوە. ئیتر پلانمان دانا چۆن خۆمان دەرباز بکەین. لاندکرۆزەرێک تاکو ئەو کاتەیش مابووەوە و بەو دەشتە تاریکەدا ملی نا. وتیان ئەوە (کۆسرەت ڕەسووڵ) بوو دەرچوو. بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەمە تاکە هێزی بەرەی کوردستانی بوو تا ئەو کاتە لە شار مابێتەوە. ئێمەیش دوای ئەو وشەی نهێنیمان دانا و دەرچووین. بە مەزەندەی خۆم ئێمە لە سەد کەس کەمتر نەبووین، دەشێ زیاتریش بووبین. دەبابەکان لەسەر ڕێگامان بوون. ناو بە ناو بە لایت ئەو دەشتەیان ڕووناک دەکردەوە. ئێمە هەندێجار لەسەر سک دەخشین و هەندێجار بە پێ دەڕۆیشتین، بەڵام من تاکو ئێستایش سەرم سووڕ ماوە چۆن هەموومان تێدا نەچووین، چونکە دڵنیام ئەوان هەستیان بە بوونی ئێمە دەکرد، بەوەی زۆر لێیانەوە نزیک بووین. هەموومان ماندوو و شەکەت بووین، نەک هەر لەبەر ئەوەی بە درێژاییی ڕۆژ دەممان بەر نان و ئاو نەکەوتبوو، نەک لەبەر ئەوەیش کە یەک دەقەیش دانەنیشتبووین، بەڵکو بە زۆری لەبەر ئەوەی پشتمان لە شارێک دەکرد، کە هەزاران هیوامان لەسەر دامەزراندبوو. لە نزیک لۆفەکانی مەسیف گەیشتینە پاسێک، کە جامەکانی شکا بوو و لەوێ جێما بوو. هەندێکمان لەگەڵ ئەوەدا بووین لەناو ئەو پاسە پشوو بدەین و بزانین سبەینێ چی ڕوو دەدات، کە من یەکێک بووم لەوانە، بەڵام زۆربە لەگەڵ ئەوەدابوون بڕۆین. کاتێ ڕۆژ بووەوە، ئینجا قورساییی کارەساتەکەمان بینی، کە چۆن منداڵ و پیر بەو لۆفانەدا سەر دەکەوتن. هەندێکیان شەکەت دەبوون و گیانیان دەردەچوو. هەر چۆنێ بێت گەیشتینە مەسیف و خانوویەکمان کردە بنکەی خۆمان. لەوێ زانیمان ئەو پاسەی هەندێکمان دەمانویست پشووی تێدا بدەین، تۆپی بەر کەوتبوو و کەسی تێدا بە ساغی دەرنەچوو بوو. ئێمە نەماندەویست لە هەولێر دوور بکەوینەوە، چونکە بەردەوام بیرمان لە گەڕانەوە دەکردەوە. خەڵک سەردانی بنکەکانی بەرەی کوردستانییان دەکرد و لێیان دەپرسین، کە ئاخۆ ئەو بارودۆخە تا کەی وا دەبێت و ئێوە چ پلانێکتان هەیە، بەڵام ئەوان تەنیا درۆیان دەکرد و ڕاستییان لێ دەشاردنەوە. لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەدا ئێمە زۆر برسیەتی و سەرمامان چەشت، بەڵام بەردەوام قسەمان لەسەر ئەوە دەکرد، کە دەبێت چی بکەین. لەوێ (شەماڵ عەلی) و (موزەفەر عەبدولڵا)یشمان بینی، کە پێشتر هەر لە ڕۆژگاری شۆراکان یەکترمان ناسیبوو. پلانی گەڕانەوەمان دادەنا و خۆمان بۆ ڕاپەڕینێکی تر ئامادە دەکرد. (ئاسۆ حامیدی) لە ڕۆژگاری شۆراکانیش، پێش ئەوەی سوپای بەعس بێتەوە، هەمیشە لاساییی منی دەکردەوە، کە چۆن لە بەرەی کوردستانی تووڕە بووم و بە دەم ئاخهەڵکێشانەوە گوتوومە: (دەبێت شۆڕشێکی تر بکەین. ئەم شۆڕشەیان لەبار برد). بە هۆی شەڕی کۆڕێ ڕێگا داخرابوو و منیش دەمویست بۆ شار بگەڕێمەوە. ئەوە بوو بەیانییەک زوو زوو لەگەڵ (سەباح کاوێس) و سێ کەسی تر لە شەقڵاوە بە شاخی سەفیندا هەڵگەڕاین. ئەگەرچی دەمانزانی کارێکی ئاوا لە مەترسی دوور نییە، بەڵام گەڕانەوەیشمان پێویست بوو. ئێوارەکەی گەیشتینە دەربەندی گۆمە سپان و لەسەر ئەو شەقامە وەستاین، بەشکو ئۆتۆمۆبیلێکمان دەست بکەوێت و بمانباتەوە، بەڵام تەینا یەک بیلدۆزەر بۆمان وەستا، کە هەموومانی خستە ناو دەمەکەی. تا ناو شاری بردین. دوو ڕۆژ لە هەولێر مامەوە. چوومە کارگەکەی باوکی (نیگار) بەو مەبەستەی بزانم شتەکانمان چیان لێ هاتووە. تایپرایتەرێک و هەندێک کتێب و بڵاوکراوەی لێ بوو. هەموویانم لەژێر لم شاردەوە. ئینجا چووم بۆ بەغدا بۆ لای (نیگار) و کەسوکاری، کە تا ئەو کاتە هیچ هەواڵێکی منیان نەدەزانی. ئەو ماوەیە لە بەغدا مامەوە و خەریکی خوێندنەوەی هەندێک لە کتێبەکانی (مارکس) و ئەوانی تر بووم، کە لە کتێبخانەکان بە ئاشکرا دادەندران و دەفرۆشران، لە کاتێکدا لە کوردستان هەر کەسێک یەکێ لەوانەی پێ بگیرایە، دوور نەبوو لە سێدارەی بدەن. فڕۆکەی هاوپەیمانان بەردەوام لەسەر ئاسمانی بەغدا دەسووڕایەوە و خەڵکی بێزار دەکرد. لە بەغدا وەفدی بەرەی کوردستانیم لە تیڤی بینی، کە بە گەرمی و زۆر بە پەرۆشەوە ئەملا و ئەولای دیکتاتۆریان ماچ کرد. هاوڕێ عەرەبەکانم هەزار جوێنیان دەدا و دەیانوت دەیانەوێت ڕژێمێکی ڕووخاو هەستێننەوە سەر پێ. کاتێ گەڕامەوە هەولێر هەواڵێکی زۆر خۆش و یەکێکی ناخۆشم بیست. هەواڵە خۆشەکە ئەوە بوو، کە دووبارە خۆپێشاندان دەستی پێ کردبووەوە، بەڵام هەندێک لە هاوڕێیانمان لەو خۆپێشاندانانە گیرابوون لەوانە (ئاسۆ حامیدی). باش بوو زۆر نەمایەوە. ئەمجارەیان (وشیار) لە کەرکووک گیرا. لە کۆنترۆڵ نامەیەکیان پێ گرتبوو، گوایە ویستبووی بۆ سلێمانیی ببات. ئێمە زوو زوو سەردانی دایکیمان دەکرد و دڵیمان دەدایەوە، بەڵام ئەو وای دەزانی (نیگار) و من ناردوومانە، بۆیە دەیوت هەمووی خەتای سلێمانییەکانە. ژنێکی زۆر میهرەبان بوو، بەڵام وەکو هەر دایکێکی تر ناهەقی نەبوو، ئەگەر بە گیرانی کوڕەکەی سەغڵەت ببێت. ڕۆژێک (نیگار) و من لە کارگەکەی باوکیەوە بۆ ماڵ دەگەڕاینەوە و بە بازاڕدا ڕۆیشتین. (نیگار) ئەو کتێبەی (لەنین)ی خستبووە جانتاکەی شانیەوە، کە لەبارەی سۆڤیەتەکانەوە نووسیویەتی و من پێش ڕاپەڕین دەمخوێندەوە، چونکە دەیویست بۆ ماڵەوەی بهێنێتەوە.  ئەوەندەمان نەزانی لە نزیک بانک یەکێ بانگی کردین. کە ئاوڕم دایەوە ئەمنێک بوو، کە ئێمە لە ڕۆژگاری ڕاپەڕین گرتبوومان. (شەماڵ عەلی) و من و یەک دوو کەسی تر بووین، کە ئێستا ناویانم لە بیر نەماوە، لە ماڵەکەی هێنامانە دەرێ و بۆ بنکەی شۆرامان برد، تاکو هەندێک پرسیاری لێ بکەین. ئەمنەکە عەرەب بوو، بەڵام هاوسەری کورد بوو و کەمێک کوردیی دەزانی. دوای ئەوە ئێمە دەبووایە بچینە دەرێ و بە هاوڕێیانمان گوت، کە دەبێت ئەو پیاوە لە بنکەی شۆرا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوان چووبوون دابوویانە دەست بەرەی کوردستانی. ئەوانیش دەستبەجێ ئازادیان کردبوو. ئیتر ئەو ڕۆژە کابرا ئێمەی دیبوو، چونکە ماڵیان لە بازاڕ بوو و (نیگار) و من بە بەردەمیدا ڕۆیشتبووین. کاتێ بانگی ئێمەی کرد، هەموو گیانی دەلەرزی، لە کاتێکدا مەفرەزەی ئینزیبات تەنیا چەند مەترێک لێمانەوە دوور بوو. بە ئاخافتنی هەولێری لە منی پرسیی: (ئەتوو نەبووی لە مەقەڕی ئیسلامی، وەکی ئەمنتان گرت؟). توومەز ئەو شۆرا (سۆڤیەت) بە شوورا (الشوری)ی ئیسلامی تێگەیشتبوو. پێش ئەوەی من وەڵامی بدەمەوە (نیگار) گوتی: (ئەم لە ئیسلامییەکە نەبوو). پیاوەکە وشەی (ئەم) بە (ئەمن)ی هەولێری تێگەیشت و گوتی: (نا، ئەتوو نارێم). بە منی گوت کە ئێستا دەتوانێت بمگرێت و حوکمی سێدارەم بۆ ببڕێتەوە، چونکە ئەو بڕیارە بە سەر هەر کەسێکدا جێبەجێ دەکرا، کە ئەندامی حزبی بەعسی لە ڕاپەڕین کوشتبێت. بەردەوامیش گیانی دەلەرزی. ئیتر دوایی وتی لە شیمەی بەعس نییە کاری وا بکات و خواحافیزت بێت.
لەو ماوەیە دەوامی زانکۆیش دەستی پێ کردەوە، بەڵام من زۆر درەنگ چووم. کاتێ گەڕامەوە، ئەوان یەک دوو تاقیکردنەوەیان کردبوو. زۆر گوێم نەدایە. ڕۆژێکیان (عەزیز حەسەن مەولان) لە سلێمانییەوە هات و گوتی لەوێ ڕاپەڕینیان کردوووە و دووبارە سوپای بەعسیان لە شار ڕاو ناوە. ئێمەیش بە پێوستمان زانی لە هەولێر دەستی پێ بکەین. وەک هەمیشە لە ماڵی (ئازاد ئارمان) و (شادیە عەزیز)ی هاوسەری بڕیار درا و پلانی بۆ داندرا. لەگەڵ (موزەفەر عەبدولڵا)، (شەماڵ عەلی) و (وەستا جەلال)یش قسە کرا. هەموومان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتین، کە شەو بچین یەکێ لە مزگەوتەکانی باداوا کۆنتڕۆڵ بکەین و جاڕی ڕاپەڕین بدەین. من چەکێکم لە ماڵی پوورم هێنا، کە لە ڕۆژگاری ڕاپەڕین شاردبوویانەوە. خستمە گوشێکەوە و (نیگار) هەڵیگرت. دڵنیایش نەبووین، کە تەقەی پێ دەکرێت. دوای ئەوەی لە کۆڕەوەکە گەڕابوومەوە، دایکم هەمیشە پێی دەوتم ناتوانم تۆ و هاوڕێیەکانت بە بێ چەک ببینم. خەڵک وتبوویان هەتا ئێستایش لە هەندێک شوێن چەک فڕێ دراوە و حوکوومەت کۆی نەکردوونەتەوە، بۆیە زۆرجار دایکم و (نادیە)ی خوشکم دەچوون و لەپەنا دیوار و قەراغی شار دەگەڕان، بەو مەبەستەی چەکێک بدۆزنەوە، بەڵام بێسوود بوو. دەبووایە (تارای کیما)، (تارای فیزیا)، (نیگار)، (عەزیز) و من بەو چەکەوە بچینە باداوە و لەوێ لەگەڵ هاوڕێیانی تر یەک بگرینەوە. (وەستا جەلال) و ئەوان کەوتبوونە کەمینی جاشەکانەوە و بە هەزار حاڵ خۆیان پێ ڕزگار کرابوو. ئێمەیش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەوەی ئێمە هەندێک جیاواز بوو. نەمانزایبوو ماڵی سەرۆکجاشێک، (نازانم ناوی چی بوو، بەڵام دڵنیام پارتی و یەکییەتی دەتوانن لە دۆزینەوەی یارمەتیم بدەن، چونکە لام ڕوونە وا لە ڕیزی خۆیاندایە) لە گەڕەکی زراعەن و ڕێگامان لێ دەگرن. پێش ئەوەی ئەوان هیچ شتێک بڵێن، من چوومە بەردەمیان و سەڵاوم لێ کردن. ئینجا وەک یەکێک لەسەر شانۆ تەمسیل بکات و بە شێوازی ئاخاوتنی سلێمانی وتم: (چۆنن قوربان؟ لە چییان؟ ئەوەی راستی بێت لە ماڵی مامۆستا عەزیز حەسەن مەولان ئەگەڕێین. خۆی هەموو دوو ساڵە هاتوونەتە هەولێر. بیستوومانە ژنەکەی بووە بە ژێر سەیارەوە…… تاد). تا من ئەمانەم گوت، کچان بە چەکەکەوە بەرەو مەنتکاوە، بۆ لای ماڵی (ئازاد ئارمان) چوون. کارەبایش نەبوو، بۆیە خێرا لە چاو ون بوون. جاشەکان هەر سەیری ئەوانیان دەکرد. دوایی لە ئێمەیان پرسیی: (ئەو کچانە لەگەڵ ئێوە بوون). خۆمان لە گێلی دا و گوتمان: (نەخێر، کچی چی؟). ئیتر بەم شێوەیە دەرباز بووین. مادام لە نزیک زراعە و ڕووناکیین، با باسی ئەو کوڕە تورکمانە هەرزەکارەیش بکەم، کە ناوی (بارزان) بوو و بە (بازۆ) بانگ دەکرا. ڕۆژی پێشوو چووبووە لای ئەو کۆنترۆڵەی، کە قوات خاصە لە گەڕەکی ئێمەیان دانابوو. بەردەکانی فڕێ دابوو و پێی وتبوون: (ئێمە نامانەوێت، ئیتر چارەی ئێوە لە کوردستان ببینینەوە و بڕۆن). ئەوانیش هەر لەوێ گوللەبارانیان کردبوو.
نەماندەویست بە هیچ شێوەیەک ڕاپەڕینی دووەم درەنگ بکەوێت. ئەوە بوو ڕۆژی حەڤدەی تەمووزمان دانا. چەند لافیتەیەکمان نووسی و لەناکاو چووینە ناو قەرەباڵغییەکەی شێخەلڵا. دەستمان پێ کرد. خەڵکی بازاڕ ئەوەی ویستی لەگەڵمان بەشدار ببێت، مایەوە و ئەوەی نەیویست، ڕای کرد. هەتا بەردەمی پارێزگاری هەولێر چووین. تەقەیان لێ دەکردین و نەدەگەڕاینەوە. چوار هاوڕێمان گیانیان بەخت کرد. (ئاراس)، (ڕەشاد) و دوو برای (ڕەشاد) (ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم). ناکرێت لێرەشدا هەڵوێستی بەرەی کوردستانیمان لە بیر بچێتەوە، کە شان بە شانی بەعس دژمان دەوەستانەوە. پێیان دەوتین ئێوە ئاژاوەگێڕن و مفاوەزاتمان لێ تێک دەدەن. تەنانەت نەیاندەویست بریندارەکانمان بۆ نەخۆشخانە ببەن. بەیانییەکەی من دەبووایە بچمە مووسڵ و تاقیکردنەوەم هەبوو. لە قۆناغی چوارەمی زانکۆ بووم. ڕێگا گیرابوو و یەک یەک نەفەرەکانیان دەپشکنی، بەڵام نەمزانی کەسیان گرتبێت. لەو ڕۆژەوە بەعس سوپای خۆیی لە هەولێر کێشایەوە، چونکە بۆی دەرکەوت مانەوەی مەحاڵە. بە داخەوە تاکو ئێستا کەس باسی ڕاپەڕینی دووەمی نەکردووە. لە پشووی هاوین (نیگار) و من باری ئابووریمان خراپ بوو و نەشماندەویست بە هیچ شێوەیەک یارمەتی لە کەسوکارمان وەربگرین، بۆیە من زۆربەی کتێبەکانی (نیگار) و هیی خۆمم برد و لە بەردەمی قەڵا دام نان، بەو مەبەستەی بیانفرۆشم. لەمەوە بوومە کتێبفرۆش و دواتر (کتێبخانەی دواڕۆژ)م دانا، ئەگینا بە هیچ شێوەیەک پلانم بۆ دانەنابوو. کتێبخانەکەم بووبووە بنکەی چەپەکان. تەنانەت ئەو شوێنەی من کتێبخانەم لێی دانا، پێشتر چۆڵوهۆڵ بوو، کەچی وای لێ هات بە قەرەباڵغترین شوێنی شار ناو دەر بکات. ناویان لەو شەقامەی نزیکشم نابوو (شەقامی چەپەکان)، بەوەی چەپی هەموو شارەکە و هیی شارەکانی تری لێ کۆ دەبووەوە. هەر لەو ڕۆژانە بەردەوام لە مەراسیمەکاندا بەشداریمان دەکرد و نەماندەویست بۆ ساتێک لە بەرانبەر دەستەڵاتی دوو حزبەکەدا بە چۆکدا بێین. ناکرێت ئاماژە بە ڕۆڵی هەندێک گەنجی یاخیی وەک (ڕێبوار عەبدولڵا)ی برای (گۆران عەبدولڵا)، (تەیب)، (عومەر) و زۆری تر نەدەم، کە ئەگەرچی لە قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی بوون، بەڵام عەشقی خوێندنەوە و یاخیبوون بوون. ڕۆژانە سەردانی کتێبخانەی منیان دەکرد و کتێبیان دەکڕیی، یان بە قەرز دەیانبرد.
ئێمە بۆیە کوردستانمان جێ هێشت، چونکە شوێنمان نەدەبووەوە. باسی ئەوەیش ناکەم چۆن لە ئیبراهیم خەلیل هەمان ئەفسەرەکانی سەردەمی بەعس ڕەخنەیان لێ دەگرتین، کە وڵاتی خۆمانمان خۆش ناوێت و دەچینە ئەورووپا. ڕۆژانە لە بەرهەتاو دەوەستاین. (دواڕۆژ)ی کوڕمم دەبردە پەنا لۆریی تورکەکان، تاکو لەوە زیاتر هەتاوی گەرم نەیسووتێنێت، کە تەمەنی چەند مانگێک بوو. ڕۆژێکیان ئۆتۆمۆبیلێکی کەشخە لە بەردەمی ئەو ئۆفیسە وەستا، کە ئێمە بیست ڕۆژ بوو داوای ڤیزەی تورکیمان لێ دەکرد و بە پارەیش پێیان نەدەداین. ئەو گۆرانیبێژە لەو ئۆتۆمۆبیلە دابەزی، کە ئەم گۆرانییەی دەوت: (ڕووناکیی چاومان، گڵۆپی ماڵمان، گڵۆپی ماڵمان هەر تۆی سەددام… تەرەنەن نەننەن!! نەنەنەن نەننەن…!! تەتەن تەنتەن!! تەنتەن نەنتان!! تەتەنەن تەنتان!! تەنتان تەنتەن!!). (جەمال کرێکار) لێی پرسیم ئاخۆ دەزانم ئەوە کێیە. وتم: (نەخێر). ئینجا پێی وتم ئەوە فڵان گۆرانیبێژە و لە قوتابخانەی ئەوان سەرۆکی اتحاد طلبە بووە. ڕێگای بۆ چۆڵ کرا و بە ڕێزێکی زۆرەوە چووە ژوورێ. ئەی چۆن؟ هونەرمەند نییە؟ گۆرانیی بۆ قادسیە نەگوتووە؟ هەر خێرا ئیشەکەیان بۆ جێبەجێ کرد. چی لەوە خۆشترە بە چاوی خۆت هونەرمەندی ئایدۆڵی خۆت لە نزیکەوە ببینیت! ئەو کاتەی پارتی بووم دەمگوت تۆ بڵێی ڕۆژێک شۆڕشمان سەر بکەوێت و هەموو ئەوانە دادگایی بکەین، نەمدەزانی دیسان هەر ئەوانە دەبنەوە خاوەنی وڵات و ئێمە بە ناپاک و دوژمنی نیشتیمان حساب دەکرێین. بۆ نا، مەشخەڵ گیان؟! دەبێت شانازی بەو ناپاکییەوە بکەیەن. ئێمە وڵاتێکمان بۆ چییە، کە مرۆڤی تێدا زیندانی بکرێت؟
من ئەم ئێوارەیە ئەمانەم بە خێرایی نووسی، کە ڕەنگە هەڵە و کەموکورتیی تێدا بێت. باوەڕ دەکەم ناوی زۆر کەسم لە بیر چووبێت. زیاتر مەبەستم بوو شتەکان بگێڕمەوە، نەوەک لێکدانەوەیان بۆ بکەم. دواجار دەڵێم ئەمە بەشێکە لە مێژووی من و لێی پەشیمان نیم، بەڵام لە نەوەدووەوە ویستوومە بە شێوەیەکی جیاواز بیر بکەمەوە و تاکو ئێستایش لەم بیرکردنەوەیە بەردەوامم، بێ ئەوەی بە هیچ ئەنجامێک گەیشتبم، کە ئەمەیان بۆ من مایەی خۆشبەختییە.
ڕێز و خۆشەویستیم بۆ تۆ و بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی لێرە ناویان هاتووە. داوای لێبوردن لەوانە دەکەم، کە ناویانم لە بیر نەماوە، یان بە هەڵە ناویانم نووسیوە.

Previous
Next