Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
رۆڵی رۆشنبیران لە ناڕەزایەتییەکاندا

رۆڵی رۆشنبیران لە ناڕەزایەتییەکاندا

Closed
by March 14, 2011 گشتی

 ‌

نووسەران و شاعیرانیش وەک ھەر تاکێکی کۆمەڵگا، وابەستەن بەو ژیانەو بەوھەلومەرجەی کە لەواقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسییاندا دەگوزەرێت، ھەموو ئەو خەم و نەھامەتیانەی رووبەرووی کۆی خەڵک دەبێتەوە بەشێکیشی بەر ئەوان دەکەوێت و ناتوانن خۆیان لە تەوژمی  کاریگەرییەکان دەربازبکەن، بەکورتی نووسەران و رۆشنبیران و شاعیران، بەتەنھا کارییان ئەوە نییە سەریان بەرنەوە ناو خەیاڵ و ئەندێشەکانیان و خۆیان بدەنە بەر شەپۆلی خەون و نووسین و وشەکانیانەوە، بەڵکو بەشێوەیەک لەشێوەکان نووسینیش وەک زۆر ھۆکاری دیکە دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرگرتن بە ھەلومەرجێک، یاخود وەلامدانەوە بەکێشەیەک لەکێشەکانی ژیانی واقیعی کۆمەڵگا.
لەدنیادا زۆر ناوی گەورەی ناو کایەی ئەدەبی و رۆشنبیری بەرچاو دەکەون کە ئەگەر لەلایەکەوە بەھۆی نەمری و جوانی و بەرزی بەھای نووسین و تێکستەکانیانەوە بووبنە کەسایەتی جیھانی، ئەوا لەلایەکی دیکەوە بەھۆی بوونی ھەڵوێستە ئینسانیەکانیانەوە ئەم بڕوانامەیان پێبەخشراوە، مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئەو کارەسات و نەھامەتیانەی لەژیانی واقیعدا روو دەدەن ببنە ھەوێنی داھێنان و نووسینەکانیان، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ئەوان لەروانگەی جیاوازو لەرەھەندێکی فراوانترەوە تەماشای مەسەکانیان کردووەو ھەڵوێستەکانیان و باس و خواسەکانیان لەپانتاییەکی فراونتری مەعریفی و فکری و رۆشنبیریدا بەرجەستە بوون و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆھەلومەرجەکان ھەبووە.
لێرەش نووسەران و رۆشنبیران دەتوانن لەرووداو و پێشھاتەکاندا رۆڵێکی بەرچاو بین لەئاراستەکردنی شتەکاندا، دەتوانن ببنە ھێزێکی کاریگەر لەسەر کۆی بونیادی بیرکردنەوەو جموجوڵەکانی خەڵک، دەتوانن زیاد لەتەفسیر و پێناسەیەکیان ھەبێت بۆ ئەو شتەی کە روودەدات، ئاخر جوانی نووسەرو رۆشنبیر لەوەدایە بۆیەک لەحزە لە کۆمەڵگەکەی دانەبڕێت و ھاودەنگ و ھاوخەونی ئینسانەکان بێت.
ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانیدا دەیبینین بوونی بۆشاییەکە لەعەقڵی رۆشنبیری و کاریگەری بیرکردنەوەی نووسەران لە ئاراستەکردنێکی تەندرووستدا، ئەو یەک دوو رۆشنبیرەی لەوێ ئامادەن و گوتارییان ھەیە، زۆر کەمترە لەچاو ئەو لەشکرەی کە خۆیان بە کارەکتەری گەورەی ناو ئەو کایە گرنگە دەزانن، ئەو بۆشاییە دەبێت ھێزە جددی و کاریگەرەکەی رۆشنبیران پڕیبکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو داخوازی و نیگەرانیە بەرحەقانەی کۆمەلانی خەڵک بەئاراستەیەکدا نەڕوات کە دوور بێت لەخواستە ئینسانیەکانمانەوە، لێرەدا گرنگ نییە ئەو نووسەرو رۆشنبیرە سەر بەکام رەوتی بیرکردنەوە و گروپی سیاسییە، گرنگ ئەوەیە ھەمووان کۆکبن لەسەر ئەوەی کە ھەوڵێک ھەیە بۆ جوانترکردنی ژیان، بێگومان جوانکردنی ژیانیش بەشێکە یان خەونێکە لەخەونە گەورەکانی نووسەران و رۆشنیرانیش.

ئیدریس عەلی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.