
ئه‌وه‌ی كوردستان له‌وڵاتانی تر جیا ئه‌كاته‌وه مه‌ترسیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌یه
جیاوازیه باسنهكراوهكهی نێوان كوردستان و مسرو تونس
له‌وه‌ته‌ی شه‌پۆلی خۆپیشاندانه پرۆ = دیموكراسیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوهرٍاست ده‌ستی پێكردووه , به دوو شێوازی جیا‌و و بۆ دوو مه‌به‌ستی دژبه‌یه‌ك باسی جیاوازیه‌كانی كوردستان و ئه‌و وڵاتانه ده‌كرێت , ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه وه بیر دههێنرێـتهوه كه كوردستانی پێ جیا ئهكرێـتهوه له تونس و مسر و ئه‌و وڵاتانه‌ی تری ناوچه‌كه كه چاوه‌ڕێی به‌ده‌رنانی سه‌رۆكه دیكتاتۆره‌كانیان لێ ده‌كرێـت ) لیبیا , یه‌مه‌ن , به‌حره‌ین, جه‌زائیر …( . دیاره بۆ دوو ئارگیۆمێنتی جیاواز و دژ به‌یه‌ك هه‌موو جارێك ئه‌م جیاوازیانه باس ده‌كرێت := لایه‌نێكیان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه دژ به خۆپیشاندانه‌كان و بۆ به‌رگری كردن له ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له هه‌وڵی نیشاندانی ئه‌وه‌ن كه كوردستان بارودۆخێكی ناسكی هه‌یه , وڵاتێكی به‌دوژمن ئابڵوقه‌دراوه , هێشتا ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن قه‌واره‌ی نیه كه به‌رگه‌ی ئاژاوه‌یه‌كی له‌م جۆره بگرێت , هاوكات سه‌ركردایه‌تی و پارله‌مانێكی شه‌رعیشی هه‌یه كه له لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌وه ده‌نگی بۆدراوه ! هه‌ر بۆیه ئه‌م جیاوازیانه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌نه‌درێت سیناریۆكه‌ی قاهیره‌و تونس له كوردستاندا دووباره بكرێتـهوه , چونكه پێویسته ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا بپارێزرێت و به‌رگری لێبكرێت . به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا لایه‌نگرانی خۆپیشاندانه‌كه بۆ به‌هێزكردنی ئارگیۆمێنتی خۆیان باسی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن له‌و وڵاتانه‌ی سه‌رۆكه‌كانیان به‌ده‌رناوه , داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی و سوپایی نیشتمانی هه‌یه , خزمه‌تگوزاری كاره‌باو ئاویان هه‌یه , وڵاتی یه‌كگرتو و حكومه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیان هه‌یه , ژێرخانێكی ئابوری نیشتمانی به‌هێزیان هه‌یه كه هه‌موو ئه‌مانه له كوردستاندا نیه , هه‌ربۆیه خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیه‌تی زۆر له‌وه زیاتر بكات كه گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه كرودوویانه ..
له راستیدا هه‌ردوو ئارگیۆمێنتهكه شتێك له راستی ودروستی تیادایه به دهرلهوهی بۆ چ مه‌به‌ستێك و له چ سیاقێكدا ده‌خرێـته‌ڕو , به‌ڵام خاڵی زۆر سه‌رنج راكێش و جیاوازی زۆرمهترسی دار و باسنهكرا و له‌چه‌ند شوێنێكدایه كه تا ئێستاكه نه‌مان بیستووه هیچ لایه‌نێكیان به‌وردی باسی لێوه بكه‌ن . سه‌رچاوه‌ی ئه‌م مه‌ترسیه‌ش له‌وه‌دایه كه كوردستان تا ئێستاكه‌یش هه‌ر زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری دروستبونی شه‌ڕی ئه‌هلی و براكوژیه ئه‌گه‌ر بێـتوو ئه‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تی خۆپیشاندانه‌كانی ده‌كه‌ن ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بن له داهێنانی شێوازێكی هێنده مه‌ده‌نیانه و هێمنانه‌ی كاری جه‌ماوه‌ری كه بتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و توندوتیژیانه بێت كه حیزبه چه‌كداره‌كان له‌ده‌ستیان دێت به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی شه‌قام بیكه‌ن . رابردووی په‌نجاساڵه‌ی شه‌ڕی حیزبی و میلیشیایی مینهیهكی سیاسی و سایكۆلۆجی وه‌های دروستكردووه كه له هه‌موو ململانێیه‌كی سیاسی‌دا ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ له هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی تر به‌هێزتر بێت . ئه‌م دۆخه گرفتئامێزهی سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیكردنی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی په‌لامار و ههڵكوتانهسهریهكتری هێزه‌كان و شه‌ڕی خوێناوی پێ دروست ئه‌كرێت , هێنده توانای ئیداره‌دانی ململانێكانی نیه به شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌و مه‌ده‌نیانه . ئه‌م سیاسیانه هێنده‌ی توانای خه‌ڵك كوشتن و ته‌خوینكردن و په‌لاماری خوێناویان هه‌یه , به‌هیچ شێوه‌یه‌ك توانای دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی هاوبه‌شیان نیه تا له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانیان پێكه‌وه بچنه گه‌مه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌وه . دیاره پرسیاری ئه‌وه‌ی كێ ئه‌م دۆخه‌ی دروستكردووه و كێ لێی به‌رپرسیاره ؟ ئه‌وه چ كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسیه كه هه‌موو گۆڕانكاریه‌كی جدی فڕێی بداته لێواری شه‌ڕی ئه‌هلیه‌وه ؟ ئه‌وا پرس گه‌لێكی تره‌و ئێره شوێنی وه‌ڵامدانه‌وه‌یان نیه , لێره‌دا ته‌نها به‌نیشاندانی بنه‌ما ده‌زگایی و سه‌ربازی و ئابوریه‌كانی ئه‌م مه‌ترسیه‌وه ده‌وه‌ستین .
كوردستان خاڵیه له ده‌زگایه‌ك كه شوێنی كۆده‌نگی هه‌موو لایهكبێـت
له كوردستاندا هیچ هێزێكی سه‌ربازی نیشتمانی , هیچ ده‌زگایه‌كی بانحیزبی تێوه‌نه‌گلاو له‌ململانێ سیاسیه ناوخۆییه‌كان نیه بۆشایی حكومه‌ت پربكاته‌وه له‌هه‌ر قه‌یرانێكی سیاسی‌دا , ئه‌و هێزانه‌ی به‌ناوی پاسه‌وانی هه‌رێم و پۆلیسی دارستان و هێزه‌كانی ناوخۆ و …هتد رێكخراون , روداوه‌كانی دوای 17 ی شوبات نیشانیداین كه تا چه‌نده هێزی حیزبین و چه‌ند ئه‌توانن ده‌ستكراوه‌بن له كوشتنی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌دا . ئه‌مانه هه‌میشه فاكته‌ری خوێناویكردنی ململانێ سیاسیه‌كان ئه‌بن , نه‌ك پاراستنی ئاسایش و سه‌رو ماڵی خه‌ڵكی كوردستان . له سایه‌ی هێزی له‌م جۆره‌یشدا ئاسته‌مه كوردستان بتوانێت ململانێی و سیاسی دیموكراسیانه‌و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیانه‌ی تیا بكرێت به بێ تارماییه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ . له راستیدا نه‌بونی داموده‌زگای حكومه‌تی و نیشتمانی باڵاتر له سه‌ركرده حیزبیه‌كان گرێیه‌كی گه‌وره‌ی ناكامی ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستانه . به‌ڵام ئه‌م كه‌موكوڕیه له ئارگیۆمێنتی هیچ لایه‌كدا وه بیرناهێنرێـتهوه , ئه‌گه‌رچی رۆژانه‌یش له‌گه‌ڵ ده‌رئه‌نجام و جێكه‌وته بیزاركهرهكانیدا مامه‌ڵه ده‌كه‌ین . بۆ نمونه , كه‌س نیه لاری له‌وه هه‌بێت كاریگه‌ری دووئیداره حیزبیه‌كه‌ی رۆژانی شه‌ڕی ناوخۆ تا ئێستایش به‌رده‌وامه , حكومه‌تی هه‌رێم له سلێمانی و هه‌ولێر خاوه‌نی یه‌ك سیاسه‌تی ئابوری و ئیداری و خزمه‌تگوزاری نیه , یان ئه‌و ده‌سه‌ڵات و هه‌یكه‌له ئیداریه‌ی پێی ده‌وترێـت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌م پێشێلكاری و ده‌ستێوه‌ردانی كادره باڵاكانی پارتی و یه‌كێتیدا هیچ هه‌یبه‌ت و توانایه‌كی خۆپارێزی هه‌بێت .. ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی پارتی و یه‌كێتی پابه‌ندن به چوارچێوه شه‌رعی و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی حكومه‌ته‌وه چ پێویست بوو زێره‌ڤانی له‌هه‌ولێره‌وه بێت بۆ پاراستنی مقه‌ڕه‌كانی پارتی له سلێمانی ؟ یاخوود ئه‌و كۆسپ و گیروگرفتانه‌ی له‌سلێمانی و له‌ناو یه‌كێتیه‌وه بۆ كابینه‌كه‌ی به‌رهه‌م صاڵح دروست ده‌كرا چ تهفسسیرێك هه‌ڵده‌گرێت ؟ هه‌موو ئه‌م راستیانه ئه‌وه‌مان نیشان ئه‌دات كه ئێمه نهدامو ده‌زگای ده‌وڵه‌تی و حكومكردنی مۆدێرنمان هه‌یه , نه‌ئه‌و دهوڵهتمهدارانهیش statesman كه لێپرسراوانه توانای ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كانیان هه‌بێت . هه‌ر بۆیه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه و له‌وه‌ته‌ی یاده‌وه‌ریمان پاراستبێتی , هیچ جارێك نه‌بووه قه‌یرانێكی بچوكی نێوان دوو حیزبی) خاوه‌ن چه‌ك و میلیشیا ( دواتر په‌ره‌ی نه‌سه‌ندبێت بۆ) ئینزار , تهقهلهیهككردن , شه‌ڕی به‌ربڵاوتر , په‌لامار و شه‌ره‌جنێوی میدیای , پهلڕاكێشانی وڵاتانی دراوسێ و دواتریش دروستكردنی لیژنه‌ی دووقۆڵی و سێقۆڵی بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بارودۆخه ( , له بیست ساڵی رابردوودا ئه‌م نوخبه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی هه‌رێم ته‌نها ئه‌م سیناریۆ سیزیفیهیان دووباره‌كردۆته‌وه . هه‌ر ئه‌م راستیه مێژوییه تاڵانهیشه وایكردووه پێمان وابێت شه‌ڕی ناوخۆ مۆته‌كه‌یه‌كی تا ئێستایش ئاماده‌یه له ناو ململانێكاندا ئه‌گه‌ر حه‌كیمانه له شه‌قامه‌وه وه‌ڵامنه‌درێته‌وه . ئه‌مه ئه‌و جیاوازیه ترسناك و تاڵه‌یه كه هیچ لایه‌ك ناتوانێت به‌ئاشكرا دانی پیابنێت . وتنی راستی له‌م جۆره زیره‌كی و بوێری هاوشیۆهی ئه‌وه‌ی معه‌مه‌ر قه‌زافی و سه‌یفی كوڕی ده‌وێت . كه بێشه‌رمانه ده‌یان گوت یان سه‌رۆكایه‌تی ئێمه , یان شه‌ڕی كۆڵان و شه‌قامه‌كان . بێگومان ئه‌مه خواستی هه‌موو دیكتاتۆرێكه , ئه‌وان ئاساییه به‌لایانه‌وه سێیه‌كی هاوڵاتیه‌كانی خۆیان بكوژن به‌س بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورسیه‌كه بمێننه‌وه , به‌ڵام تونس و مسر و پێشتریش جۆرجیا ئه‌وه‌ی نیشانداین كه ئه‌شێت به حیكمه‌تی سه‌ركرده‌كانی شه‌قام , به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی توندوتیژی دهزگاداپڵۆسێنهرهكان به گوڵ وگفتوگۆی هێمنانه و شێوازی مامه‌ڵكردنی مه‌ده‌نیانه خۆپیشاندانه‌كان بگاته ئامانجی خۆی , بێ ئه‌وه‌ی بیانوی كوشتن و خوێنڕژاندن بدرێته ده‌ستی پارێزه‌رانی سه‌رۆكه‌وه .
محه‌مه‌د حسێن
Muhe79@yahoo.com