
رۆژباش شووشە…..فەرهاد کەریم
ئەی مرۆڤ تۆ گەر لە زمانی باران نەگەی، چۆن لە فڕین و گمەی کۆتر دەگەی؟ تۆ گەر لە پاکیزەیی پەپوولە نەگەی، چۆن لە( کۆچ)ی باڵندەکان دەگەی؟ تۆ گەر لە نیشتمان و هاونیشتمانی تێنەگەی،چۆن لە مرۆڤبوون و جیهانبوون تێدەگەی؟ ئەی مرۆڤ رۆژانە ویژدانت ئەتک دەکرێ و ویژدانت دەمرێ و ویژدانت دەکوژرێ.. گومانم هەیە گەر تۆ بەرد نەبی مرۆڤیش نی، ئەی مرۆڤ؛
(کەسێک، بە بەردەکانی ووت
ببنە مرۆڤ
بەردەکان ووتیان
هێشتا
وەک پێویست
رەق نین)*
لە ژیانمدا حەزم بە کەوتن و لادانی مرۆڤ نەکردووە.. خوێن و کوشتنی مرۆڤ ئەوەیان هەر هیچ، من کەسێکم حەزم بە دیتنی خوێن نییه، بۆ من گرانە زەحمەتە بۆ خوێن رشتن، حەیران گۆتن..
(کێ بخوازێ
جیهان
وەک ئەوەی هەیە بمێنێتەوە
دیارە ناخوازێت
جیهان بمێنێت)*
جاران دەیان گوت کوڕم خۆ خین بەری چاوی نەگرتی لە کەری شەیتان وەرە خوارێ.. ئێستا لە مۆڵگهی مافیاکاندا خوێن بەری چاوی کلکە رەنگاڵهییهکانی گرتووە، لە کەری شەیتانیش نایێنە خوارێ، قەدەری وڵاتە، گەندوگەنی و گوونەپیاو، بەرد بەرامبەر بەرد نا، بە گوللە وەڵامی پاکیزەیی منداڵ و دەنگی ناڕەزایی هاولاتیان دەدەنەوە.. خۆش پەرلەمانێک لە نوکتەخانەکەی عەنتەردا گوتی برادەرانی ناو تەلارەکە بەردیان پێنەبوو بۆیە گوللەی لێکەوتەوە، با مامی شکۆدار و ئەزمووندارمان مامە حامۆرابی گەر گەرایەوە با گێزەر بخوا و چاوێک بە یاسا قەرەقووشیەکەی پاشا و جەنگەلەکەی هەرێمەکەم دابێنێتەوە.. بەرد و شووشە رووداوێکی بیرهێنامەوە؛ لە هەشتاکان لە هەولێر شێتێک هەبوو مام (ق)ی ناو بوو، هەر شتێک زرنگەی لێوەهاتبا دەیشکاند، هەموو بازارەکە دەمانناسی، بە شێتە شووشەشکێن ناسراو بوو، شەیدای زرنگانەوە بوو، شووشەو پەرداخ و پیالە و جامخانە و… هتد، بەڵام ئەگەر کەسێک پێیبگوتبا ئەو پەرداخە یان ئەو پیالەیە بشکێنە ئەویش پێی پێدەکەنی.. ئەو پێکەنینە بەو واتایە دەهات یان ئەو وەڵامە بوو، ئەو بە عەقلی ئێمە پێدەکەنی، وەک بڵێ هەی شێتینە وا دەزانن من شێتم، ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە رۆژێکیان جامخانەی وێنەگهیەکی زرمە لێوەهێنا و شکاندی، منیش لەوێ وەستابووم خاوەن وێنهگرهکه لێپرسی:
– مام (ق) ئەو جامخانەیەت بۆ شکاند؟
مام (ق) بۆ هەموو کەتنیک وەڵامی پێبوو.. ئەویش لە وەڵامدا پەنجەی بۆ وێنەی ناو جامخانەکە درێژ کرد و گوتی:
– ئەو کچە جوانە دەبینی؟
– وێنهگرهکه: بەلێ.
– زەنگەزۆرەیەک ویستی پێیوەدا منیش بەردێکم تێگرد نەمهێشت پێیوەبدا.
وێنەگرەکەش بێئەوەی تووڕە بێ گوتی:
– چاکتکرد بەڵام جارێکیتر لە جیاتی بەرد، فیکە و چەپلە لێدە باشە مامی خۆم،
مام (ق)لە وەڵامدا گوتی:
– من فیتە نازانم چەپرە لێدەدەم.
وێنەگرەکەش لە وەڵامدا گوتی:
– تەنیا جامخانەکە مەشکێنە چ دەکەی بکە.
ئەو (ق) شووشەشکێنە مام (ق) رۆژباشی بیر هێنامەوە، مام (ق)پیاوێکی بیرجوانی شارەکە بوو، رۆژباش سڵاوی ئەو بوو هەموو کاتێک گەر سڵاوی بکردبا دهیگوت رۆژ باش، وەڵامدەرەوەکەش گەر بیگوتبا رۆژباش مام (ق) کەیفی هەموو دونیای پێدەهات، لە بیرمە زۆر جار دەیگوت دەبێ خەلک فێری رۆژباش بکەی، دهشیگوت یەکەم کەسم لەو شارە رۆژباشم بەکارهێناوە ،ئێستاش هەر بە یادی ئەو مرۆڤە و ئەو ووشە جوانە دەڵێم رۆژباش ولات..
________________________________________________
* (غهمگینم بۆ ههموو شهوێکی بێ ئهڤین) ئیریش فرید، وهرگێڕانی له ئهڵمانییهوه: سیروان رهحیم
فةرهاد كةريم
Farhad4Hamad@yahoo.com