بۆچی راپه‌ڕین روویدا…..؟
چۆن ده‌کرا وانه‌بوایه؟ ده‌شێ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه بووایه، که ده‌سه‌ڵات به ستوونی و ئاسۆیی قه‌ڵه‌مره‌وییه‌کانیه‌وه له خۆی بکردایه! به‌ڵام بۆ نه‌یکرد؟
له کاتێکدا وه تایبه‌ت له ژیانی سیاسی ئێستاماندا.. به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان، هه‌موو ده‌خوازین له‌و ته‌نگژه‌یه‌ی که لولی داوین به خۆیه‌وه، به که‌مترین زیان لێی ده‌رباز ببین! که‌چی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوه، هیچ گروپێکی گه‌وره و بچوک، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که له نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بوون و پێگه‌یه‌کی هه‌یه، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش ئاماده‌ی ئه‌و قوربانیدانه نیه و نه‌بووه، چونکه به‌و هه‌موو گرێکوێرانه‌وه که له‌گه‌ڵ خۆیدا ، گێڕاوێتی و ده‌یگێڕێت، نه‌یتوانیوه و ناتوانێت گیرۆده‌ی ته‌وه‌هومه ئایدۆلۆژی و سیاسیه‌کانی نه‌بێت، که هه‌میشه وه‌همه سیاسیه ورده‌کانی خۆی لێکردۆته‌وه حه‌قیقه‌تێکی گشتی کۆمه‌ڵگا.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، له قوڵایی بڕواکانی خۆیدا، ئاماده نیه، ده‌ستی لێبورده‌یی، بۆ ئه‌وی تر درێژ بکات و بچێته هیچ هاوپه‌یمانیه‌که‌وه و ببێته فریادره‌س بۆ ته‌نگژه‌کان. ده‌سه‌ڵات، هیچ هه‌نگاوێک له خۆوه ناهاوێت، ئه‌گه‌ر جوڵانه‌وه‌که‌ی بۆنی دیمه‌نسازی و وه‌همه ئایدۆلۆژییه‌کانی ئه‌وی لێنه‌یه‌ت.. و له‌و فه‌زایه‌شدا پێشره‌وایه‌تیش به باڵایدا دانه‌بڕێنێت.. و ئافه‌رین و ده‌ستخۆشی نه‌کرێت بۆ ئه‌و پله و پایه و ده‌سه‌ڵاته به شکۆیه‌ی گروپه‌که‌ی به درێژایی مێژوو به دویه‌وه‌یه‌تی، که خه‌یاڵدانی گروپه‌که‌یه‌تی، نه‌ک سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه.
ده‌ست پێوه‌گرتن به‌سه‌رئه‌و میراته‌ی که ده‌ڵێت: “ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی هه‌رکه‌س بۆ خۆی” که گیانی پاوانخوازی له هه‌ریه‌کێکیاندا بوژانه‌وه، هه‌ریه‌ک به جیا ئاگری بۆ ته‌نووری خۆی ده‌دزی.
نه‌ک له ته‌نگژه‌کان نه‌یهێنانه ده‌رێ، له ئاکامدا ئه‌و متمانه‌یه‌ی له به‌رامبه‌ر یه‌کتریشدا له ده‌ستیان دابوو، نه‌ک نه‌یگێڕایه‌وه، به‌ڵکو نه‌هامه‌تی له‌وه‌دا بوو، ئه‌وه‌ی که‌مێک زیندوو مابوو له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌واندا ئه‌ویشیان له‌ت له‌تکرد. به‌ڵێ که‌سیان له که‌لی خۆیان نه‌ده‌هاتنه خوارێ، گه‌ر جاره جاره‌ش ملیان دابێت بۆ یه‌ک، مه‌گه‌ر شه‌قی زه‌مانه‌یه‌ک که له که‌له ره‌قیه‌که‌یان ره‌قتر بوبێت، ناچاری کردبێتن. نه‌ک له تێگه‌یشتنێکی شارستانیانه‌وه بوبێت ده‌رباره‌ی ئه‌رکه مێژوییه‌کانی که ده‌بوو بۆ نه‌ته‌وه هه‌ڵبهێنرایه، نه‌ک بۆ هه‌یمه‌نه حیزبیه‌کان.
له کاتێکدا، ئه‌و وزه رۆحیه‌ی که ده‌بوو به خاتری هه‌مووان په‌یوه‌ست بونایه پێیه‌وه، که هاوشان و زه‌مانه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی وزه‌به‌خشینه‌وه بوو به ژیانی سیاسیشمان، به‌داخه‌وه به سه‌رکێشیه ئایدۆلۆژییه‌کان، نه‌ک رۆڵی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆیان نه‌گێڕا، به‌ڵکو بۆ چه‌نده‌مین باره ” رێز له خودی نه‌ته‌وه‌ی” پارچه پارچه و به کۆمیدیا کرده‌وه.
ئه‌و وزه‌یه‌ی که ده‌بوو گوزراشت و پارێزگاریکردن بێت له خه‌یاڵدانی جه‌ماوه‌ر و رۆحی هه‌مووان وه‌کو بکه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و خۆپه‌رستیه حیزبیه‌ی لێکه‌وته‌وه ، که له ئاییننامه و کارنامه‌ی نێو حیزب حیزبێنه‌کاندا کردویانه و هه‌تا ئێستاش به موماره‌سه‌کردنه‌کانیان بۆ ناکۆتا درێژی ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ی له نێو ژیانی سیاسی ئێمه‌دا ئیشی پێکراوه و تا هه‌نوکه‌ش بره‌وی هه‌یه، خودایا به‌ر له هه‌رکه‌س ئه‌و ده‌سه‌ڵاته به‌ر نه‌عله‌تی خۆی که‌وتووه . ئه‌و نه‌عله‌ته‌ی شازمانێکه، به‌وپه‌ڕی حه‌ماسه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌رفه‌تێک بدات به‌وی تر، یه‌کبینه به هه‌موولایه‌کدا تۆوی یه‌قینه‌کانی خۆی له هه‌موو زه‌وییه‌کدا ده‌وه‌شێنێ و ده‌چێنێته‌وه.
به‌ڵێ.. کرۆکی ئه‌و توندوتیژییه ئایدۆلۆژییانه، ئه‌و گروپانه له شاخه‌وه، وه‌ک په‌تایه‌ک، که ده‌توانرێ ناوی بنێین په‌تای ئایدۆلۆژی، له‌گه‌ڵ خۆیاندا بۆ نێو شاره‌کانیان هێنا، و له بری ده‌ستبه‌رداربوون له‌و نه‌خۆشیانه، به‌ره به‌ره مرۆڤی ئێمه‌شیان توش کرد و هێنده‌ی پێیانکراو لوا ئه‌وانیشیان له‌یه‌کتر دابڕاند.
به‌ڵێ له بری ئه‌وه‌ی ببنه هۆی کارلێکی ئه‌گه‌ره جیاوازه‌کان، بوونه به‌ریه‌ککه‌وتنی توندوتیژانه‌ی ئه‌گه‌ره‌کان له ژیانی سیاسی‌دا. ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی که چیدی له توانایاندا نه‌مابوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌زودابه‌زی پرسیار و وه‌ڵامه‌کانی یه‌کتردا له جێگه‌ورێیه‌کدا پێکه‌وه دیالۆگ بکه‌ن و هه‌ڵبکه‌ن. ئا لێره‌دایه، له‌وه ده‌گه‌ین بۆچی ویستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان بۆ کارلێک له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کۆ نابنه‌وه، و بارته‌قای ئه‌وه له سه‌نگه‌ره‌کانیاندا یه‌کتر ده‌سڕنه‌وه؟
زۆر ساده له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، هه‌ریه‌ک، گه‌ر بۆی لوا بێت به تۆپزی و بۆی نه‌ره‌خسا بێت دیماگۆگیانه ده‌ستی به لانه و یه‌قینه پیرۆزه‌کانی خۆیه‌وه گرتووه.
واته نه‌دۆزینه‌وه و ئاماده نه‌بوونی مه‌یدانێک، فه‌زایه‌ک، که هه‌موو ئه‌و ناکۆکیانه به ئاراسته‌یه‌کدا ببات، که له خۆگرتن و ئاوێزانبوونی په‌لوپۆ و ریشه جیاوازه‌کان بگه‌ێنێت له هه‌مبه‌ر ، هه‌ڵویست و گومانێک که نه‌ریته جیاوازه‌کان له‌سه‌ر ئاستی سیاسی‌دا و له به‌رامبه‌ر یه‌کتریدا هه‌یانه.
به‌ڵێ نه‌بینینه‌وه‌ی ئه‌تمۆسفێرێکی هاوپه‌یوه‌ند، که گوزارشتێک بێت له رێز و دانپیانان به دینامیکیه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و جیاوازی و تایبه‌تیه‌ته‌کانی پله و ئاستی ئه‌ندێشه سیاسیه‌کانی یه‌کتریدا .
ئه‌مه‌ش له جه‌وهه‌ردا غیابی لێبورده‌یی.. و غیابی یه‌کتر قبوڵنه‌کردنی له‌گه‌ڵ خۆیدا تروکاند و هێنایه گۆڕێ. ئه‌و نه‌خۆشیه سیاسیه‌ی که نه‌ک رۆژ به رۆژ بوو به شوناسی سیاسه‌تی ره‌سمیان، به‌ڵکو بۆ جیاکردنه‌وه‌ی دۆست و دوژمنی ناوخۆش، بوو به دیسپلین و پره‌نسیپی گوتاره‌کانیشیان هه‌تا کار گه‌یشت به‌وه‌ی، لێره‌وه وه‌لانانی گشت ئه‌و ئۆرگان و ستراکتۆره نه‌ته‌وه‌یانه‌شی که له پێودانگه‌کانی منی حیزبی ناچن!
سه‌ره‌نجام.. و کورت و پوخت ئه‌م پێداگرییانه‌یان، هه‌ر ده‌یبردین و ده‌مانباته‌وه سه‌ر غیابی کلتوری دیمۆکراتیه‌ت!! که بنه‌مای پێکه‌وه‌به‌ستراوی جیاوازییه‌کان، یه‌کێ له نیشانه‌کانی ناسینه‌وه‌ی ئه‌و کلتووره‌یه. ئه‌مه دیسپلینی ئه‌و کلتووره‌یه و که ره‌وشتێکی فلێکسه‌بڵانه‌ی هه‌یه. که به پێچه‌وانه‌وه له کلتووری دیکتاتۆرییه‌تدا، ره‌وشتی سروشتێکی دیسپۆتیسیانه‌ی هه‌یه!
کلتووری دیمۆکراسی، بۆ ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌کان، به دووی ئارگۆمێنته‌وه‌یه و بۆ یه‌کتر سه‌لماندن، ته‌نها و ته‌نها ئه‌و رێگه‌یه ده‌گرێته به‌ر.. که‌چی کلتووری دیکتاتۆری به دووی ملکه‌چ پێکردن و داسه‌پاندن رێگا ده‌گرێته به‌ر! کلتووری دیمۆکراتی هێنده‌ی قسه ده‌کات گوێش راده‌دێرێ بۆ ئه‌وانی تریش، که‌چی کلتووری دیکتاتۆری به‌س قسه ده‌کات و وه‌عز ده‌به‌خشیته‌وه و هێڵی سور ده‌نه‌خشێنێ، خۆ ئه‌گه‌ر گوێشی رادێرا ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که چۆن وه‌سفی قسه‌کانی ئه‌و ده‌کرێت و ده‌ڕازێنرێته‌وه. کلتووری دیمۆکراسی چاوه‌ڕێی، ئه‌و چاوه‌ڕێکردنانه‌یه که جه‌ماوه‌ره‌که‌ی لێیان هه‌یه، هه‌تا قورسایی خۆی بزانێت له هاوکێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و چاره‌نوسسازه‌کاندا.. له کلتووری دیکتاتۆری‌دا چاوه‌ڕێی چاوه‌ڕێکردنه‌کانی جه‌ماوه‌ر ناکات، چونکه جه‌ماوه‌ر ته‌نها به خۆی ده‌زانێ و له تان و پۆی یه‌قینی خۆی دڵنیایه.
گه‌ر ئێمه توانیمان ئه‌و پێگه‌یه بناسینه‌وه، که کلتووری دیموکراتی تیایدا فۆرمی خۆی وه‌رده‌گرێت و هه‌ر به‌وه‌ش نه‌شونما ده‌کات، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌و فیگه‌رانه‌ش، پایه‌ماڵ بکه‌ین، که کلتووره‌که‌ی پێ راوه‌ستاو ده‌بێت. ئه‌و کلتووره سیاسییه کراوه‌یه‌ی هه‌ست به لێپرسراوییه‌ت ده‌کات به‌رامبه‌ر ورد‌و درشتی هه‌موو گروپه‌کان و زیندومانه‌وه‌یان، ئه‌م هه‌ست به لێپرسراوییه‌ته‌یه، ده‌بێته سه‌پۆرت و زه‌مانه‌تی زیندوو مانه‌وه‌ی خۆیشی. داخوا غیابی ئه‌و جۆره کلتووره نه‌بوو، که خه‌ڵکی بێچاره‌ی ناچار کرد، رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، که بیست ساڵه به سه‌بری ئه‌یوبه‌وه، له نه‌خشه‌ی سیاسی ئه‌و گروپه داخراوانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه نه‌یبینیه‌وه، ئه‌م راپه‌ڕینه بۆ ئه‌وه نیه، هه‌تا خۆی نه‌خشه بۆ خۆی و سنووره‌کانیشی بکێشیته‌وه ،ئێوه ده‌ڵێن چی گه‌نجانی راچه‌نیو، که گه‌ره‌کتانه به‌ره‌و خۆیبوونه‌وه‌ی خۆتان ببنه‌وه…؟
ئه‌و خۆخستنه رووه به‌و سه‌نگینیه‌وه، ئه‌و رووبه‌رووبوونه‌وه و خۆیبوونه‌وه‌یه‌ی گه‌نج، ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌بوو، که ویستیایه‌تی چیتر بزر نه‌کرێ و نابینا نه‌گیرێت، له نه‌خشه‌ی نیشتمانه‌که‌یدا. بۆیه پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، ده‌بێ به به‌هره‌دارییه‌وه به خۆیدا رابگاته‌وه، چونکه هه‌موو نیشانه‌کان پێیانگوتۆته‌وه، خودێتی خۆی له دنیابینی و به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه‌دا نه‌بینیوه‌و نابینێته‌وه. ئه‌مه‌ش گه‌یاندنی به‌وه‌ی، له ده‌ستدانی متمانه به گفت و لفته بێ بنه‌ماکانی ده‌سه‌ڵات، که ته‌مه‌نێکه به هه‌ر فریو و ئارایشتدانێکه‌وه بۆیان ره‌خسا بێت، خۆیان به نماینده‌ی گه‌نج داوه‌ته قه‌ڵه‌م. ئا لێره‌وه‌یه، گه‌نج به‌و هه‌موو نائومێدیانه‌وه، جارێکی تر پشت به‌ستوو به خه‌یاڵدانی خۆی، به ده‌ست و په‌نجه و پێهه‌ڵگرتنه‌کانی خۆی، یه‌کبینه، چووه ئه‌و مه‌ته‌رێزه‌وه، که ئومێدی پێده‌به‌خشێته‌وه، چونکه هه‌ست ده‌کات ئه‌و مه‌ته‌رێزی خود پیشاندانه بۆنی شوناسی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی. به‌و مانایه‌ی گه‌ره‌کێتی ئه‌جێنداکه‌ی له‌مه به‌دوای هه‌ڵقوڵاوی حوکم و پێداویسته ده‌روونی و ئینسانیه سه‌رده‌میانه‌که‌ی خۆی بێت. نه‌ک درێژبووه‌وه‌ی رابردووی رابردوو په‌رستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بێت. که‌واته هه‌نووکه گه‌نج به‌و خودپیشاندانه‌ی ئه‌و شێوه‌یه به ژیانی ده‌به‌خشێته‌وه ، خۆی سنووری سه‌روه‌رییه‌کانی بۆ بکێشێت، له نێو رابردووی ده‌سه‌ڵات و ئه‌مێستاکه‌ی خۆیدا.
جا له‌به‌رئه‌وه‌ی هۆشیاری سیاسی ده‌سه‌ڵات، به نه‌ریتێک بارگاوی کراوه که توندوتیژی و شه‌رئه‌نگیزییه، پێده‌چێ ئه‌م په‌تایه‌ش گه‌نجانیش به خۆیه‌وه تێبگلێنێ. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجان نه‌که‌ونه ئه‌و یارییه‌وه‌و خۆیان له نه‌ریتی شه‌ره‌نگیزی ده‌سه‌ڵات به‌دوور بگرن، که ره‌گ و ریشه‌که‌ی له شاخه‌وه ره‌گاژۆیه و هێناویانه، ده‌بێ به ئاگابن له‌وه‌ی، ئیراده‌که‌یان، وه‌ک هه‌ر ئیراده‌یه‌کی تری سه‌ر به ژیان، جیدییه له خۆ به‌یانکردن و خۆ به‌ڕێوه‌بردندا، واته ئیراده‌ی خودپیشاندانه‌که‌یان جگه له خۆی شوێنکه‌وته‌ی هیچ شتێکی تر نه‌بێت، هه‌تا به ئه‌فیونی هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ک راچه‌نینه‌که‌ی سڕ و له هۆش خۆ نه‌برێت! به دیوێکی تردا ئه‌م هێڵ کێشانه له نێوان نه‌ریتی ژیاندۆستانه‌ی گه‌نجان و نه‌ریتی شه‌ڕه‌نگیزانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌و به‌هانه‌یه‌ش له ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌سێنێته‌وه، که ده‌یکاته بڕوبیانویه‌ک هه‌تاوه‌کو به ئاژاوه‌گێڕ و تێکده‌ر ناوزه‌دیان بکات و مافی خود پیشاندان و خۆده‌ربڕینه‌کانیان، چه‌واشه بکات، هه‌تا خۆی له داواکارییه‌کانی جه‌ماوه‌ر بدزێته‌وه و هه‌م به ده‌مکوتکردنیان جۆش و خرۆشه‌که‌یان له بار ببات.
گه‌نجانیش بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌م راستیه بۆ خودی راچه‌نینه‌که‌ی به‌رجه‌سته بکات، بڕوای به پلۆڕالیزمی فیکری.. پلۆڕالیزمی ئه‌خلاقی.. پلۆڕالیزمی ئینسانی.. پلۆڕالیزمی سیاسی.. پلۆڕالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئیداری و کلتووری هه‌یه، و ده‌یه‌وێ هه‌ر ئه‌م راستیه فره ره‌هه‌ند و هه‌مه‌چه‌شنیانه‌ش بکاته: کۆبه‌ند و فۆرومی ئه‌و به‌ریه‌که‌وتن و کارلێکانه‌ی گوزارشت له گشتیه‌تی مرۆڤی ئێمه ده‌که‌ن. ئه‌م راستیه سادانه‌ش وه‌ڵامێکه بۆ ئه‌و قاڵب و چوارچێوه دانانه‌ی که بیست ساڵه ده‌سه‌ڵات، به هه‌ر خشته بردنێک بێت، به باڵای مافه‌کانیاندا دابڕیبون.
لێره‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌بێت، له‌وه تێبگات.. گه‌نجانی ئه‌مڕۆ له دایکبووی دنیای سبرینتیک و کۆمۆنیکه‌یشنن، هه‌ر له ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه. نه‌ک ده‌زانێ گه‌ڕه‌ک و شار و نیشتمانه‌که‌ی به‌ڵکو دنیاش چ باسه. به‌ڵێ ئه‌و ساده دڵه نیه، چیتر به هه‌موو شتێک بڵێت به‌ڵێ، چه‌ندین ساڵه گوێ بۆ وه‌عزه‌کانی ئێوه راده‌دێرێت، ئیتر له‌مه‌و دوا ده‌بێ ئێوه ئه‌و گوێیانه بن بۆ زارکردنه‌وه‌کانی ئه‌وان.
گه‌ر په‌ی به قوڵایی ئه‌و راستیه نه‌برێت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بی و ئایدۆلۆژییه‌ته یه‌قین دۆسته‌کانه‌وه، ئه‌وا به‌و چه‌پاندنه یه‌کبه‌دوایه‌ک و که‌ڵه‌که بووانه له سنگی گه‌نجاندا، نازانین چی و کوێ و کێ و چه‌ند ده‌سوتێنن. گه‌ر ئاراسته‌که‌ش به‌و شیوه‌یه ببه‌ن، ده‌توانین بڵێینه‌وه، ئه‌وه‌ی هاته ئاراوه، به‌رهه‌می خه‌یاڵی گه‌نجانێک بوون، که نامانده‌بینین وه‌ک خۆیان.. نه‌مانده‌بیستن وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ، ئه‌و ده‌مه‌ش دره‌نگه و گه‌ل گێل نه‌بووه، به‌ڵکو ئه‌وه درشته ده‌سه‌ڵات و ورده ده‌سه‌ڵاته‌کانن، به‌ر شه‌واره‌ی گومڕایی یه‌قین و گه‌وجێتیه‌کانی خۆی که‌وتووه!
ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌وڵا/ فینلاند