
مەجهول ! ….. ئاراس عەزیز عەبدولڵا
چڕنووكی باران ڕوومەتی پەنجەرەكەم دەڕنێ !
لە تاو تەنهایی خۆم ،
ئێواران – با – كان بۆ ماڵێ دەبەمەوە !
– با – یە تەنها ماندووەكان !
– با – یە بێ جێ و مەسكەنەكان !
كەس وەك من – با – كان ناناسێ !
كەس وەك من لە نهێنی خەفەبوون و ،
گەڕانەوەی – با – كان نازانێ !
من دەزانم كەی دەخەون ؟!
من دەزانم كەی پیر دەبن ؟!
من دەزانم كەی خەمبار و تووڕە دەبن ؟!
– با – كان هاوڕێی دێرینی منن !
– با – كان بەسەر پشتی زەریاكاندا ،
دوور دوور بۆنی فرمێسكەكانی ( جەمال ) م بۆ دێنن !
دوور دوور كەمدوویی و هێمنی یەكەی ( دڵشاد ) م بۆ دێنن !
دوور دوور تاسووی شار بینینەوەی ( دلاوەر ) م بۆ دێنن !
دوور دوور نسێ ی ماتی یەكەی ( بەرزان ) م بۆ دێنن !
دوور دوور ئاخە قووڵەكانی ( ڕەزا )
بۆ شۆخە پاڵتۆ سوورەكەی سابوونكەرانم بۆ دێنن !
دوور دوور تەنهایی ئێوارە ساردەكانی ( هۆخ ئاڵن ) ی
( سەردار ) م بۆ دێنن !
لێرەش – با – كان تا دەمەو بەیان
سەركەشی یەكەی ( محەمەد ) م بۆ باس دەكەن !
بۆنی بەدلە شینەكەی ( عوسمان ) ی جوانە مەرگم بۆ دێنن !
بۆنی خۆڵی باراناوی وردە پیاسەكانی
ئێوارانی سێتاقان – ی خۆم و ( سەباح ) م بۆ دێنن !
وا چل و پێنج ساڵە لەتاو تەنهایی
هاوڕێیەتی – با- كان دەكەم !
ئەو – با – یانەی بە ڕەوەیەك مێشی موزعیجەوە ،
تۆز و خۆڵیان دەكرد بەسەر و دەم و چاومدا و ،
خەوی قووڵی سەر سەربانی بەیانیانی
سلێمانى یان لێ تێك دەدام !
ئە و – با – یانەی چاویلكەكەمیان دەشكاند و ،
لە چەقی كۆڵاندا ، بەیانیان
نانی بازاڕی سەر دەستمیان دەفڕاند !
هاوڕێكانم ئێوە یەك یەك كۆچتان كردو ،
منتان دایە دەست ئازاری مەملەكەتێ بیرەوەری !
شەوان لە تاو تەنهایی خۆم
ڕوو دەكەمە دەریاكانی گەنجێتی
كەشتی یەك سوێ ی شیعر بە كۆڵ هەڵ دەگرم !
ڕۆیشتن و گەڕانەوەی ڕۆخەكان
بۆ لم و قەوزە و قرژاڵ و ماسی یە سنگ سپی یەكان
دەگێڕمەوە !
حیكایەتی دڵ شكان و كۆچكردنی تا هەتایی دۆلفینەكان
دەنووسمەوە !
ئێوە یەك یەك كۆچتان كردو
منیش لە تاو تەنهایی خۆم
خۆمدایە دەست ئەم – مەجهول – ە !
– مەجهول – وەك حەجاجەكەی نوگرە سەلمان !
– مەجهول – وەك قاتیلی براكەی من !
– مەجهول – وەك ئیمانە ئەزەلی یەكەی نەنە خاتوونم !
– مەجهول – وەك ڕۆژەكانی – تەیمور – ی تەنهای
ژێر دەوارە داخ بووەكانی ئال عمێش !
– مەجهول – وەك مرۆڤ و گیانەوەری بێ سەروشوێنی
هەزارەها دێی ئەنفال كراوم !
ئێوە یەك یەك كۆچتان كردو
منتان لەتەك ئەم – مەجهول – ە بە جێهێڵا !
خوایە من نە ڕێگای هات و نەهاتم گرت !
خوایە من نە لە جەنگەڵ و شارولادێ غەریبەكاندا
سەگ و پۆلیس لێم وەڕین !
خوایە من نە لە نێو بەلەمێكی
پڕ لە گەنجی چڵكن و ڕیش هاتوودا ،
شەپۆلە زەبەلاحەكانی دەریا شایەتمانیان پێهێنام !
خوایە من نە ماڵئاواییم لە كەس وكارم كرد !
خوایە من نە شیعرەكانم بە ئەمانەت دایە دەست كەس !
خوایە من نە موڵك و سامانی باب و باپیرانم فرۆشت !
خوایە من نە قەدەری خۆم دایە دەست قاچاخچی یەكان !
خوایە من ئەمانەم هیچی نەدی و هیچی نەكرد !
كەچی لەم تاراوگەیەدا خۆم بینیەوە !
ئەم – مەجهول – ە هەر ئەمێنێت !
ئەم – مەجهول – ە تەمەنی نی یە ، پیر نابێت !
ئەم – مەجهول – ە چاوەڕوانی دایكمە بۆ كوڕە ونەكەی !
ئەم – مەجهول – ە بیرەوەری یەكانمە ، بە پێ ی پەتی
بە مەڵكەنی و ئیبراهیم پاشا و كەمپی خوارەوەی دەربەندیخاندا
ڕا ئەكات و شیعرەكانم ئەخوێنێتەوە !
خوایە ئەم – مەجهول – ە م بۆ بكە بە قەسیدەیەك
گریانەكەی دایكم بۆ بكات بە ستران !
خەمباری یەكەی دایكم بۆ بكات بە تریقە !
چاوەڕوانی یەكەی دایكم بۆ بكات بە هەڵپەركێ !
ئەم – مەجهول – ە شەوان پەلم دەگرێ و
بە بۆشایی یەكاندا دەمگێڕێ !
بەیانیان پێش سەڵای مزگەوتان ،
بەیانیان پێش وەی لە ماڵ بێمە دەرێ
خۆشەویستەكانم ماچ دەكەم !
نەك ئەجەلێ لەپڕ بمبات !
نەك بە تەنیشت دیوارێكدا ڕەت ببم و
درەختێكی بە ساڵا چوو
بەسەر سەرما لاربێتەوە !
نەك بە هەڵە كەلەپچەیەك بكرێتە نێو مەچەكمەوە !
ئیتر نەیانبینمەوە !
ئێوە یەك یەك كۆچتان كردو
منتان دایە دەست ئازاری مەملەكەتێ بیرەوەری !
وا دەفتەری ڕۆژەكانم لێوان لێوە
لە شەوانی ( گەنم گرد و جۆ بڵاو ) !
لە شەوانی فڕیوەكەی كوچەكانی مەڵكەنی !
لە ڕۆژانی پڕ لەزەتی شیشە ( خەو ) و ( جگەر ) ە كەی
بەیانیانی ( ئەحەی گوڵە ) !
لە شیرینی چایە گەرم و خەلیسەكەی ( مام عومەر ) !
وا دەفتەری ڕۆژەكانم لێوان لێوە ،
لە فوتبۆڵە تەقیوەكانی نێو حەوشی ماڵەكەی ( حاجی عاێم ) !
لە باڵە مەلەی نیوەڕوانی ( گۆمەكەی سابیر ) !
لە دەنگە پیرۆزەكەی وانەكانی حەزرەتی ( مەلا قادر ) !
چیتان لێهات هاوڕێكانم وا تا ئێستاش
لەسەر سووچی كۆڵان تەنها ڕاوەستاوم !
چاوەڕوانی ( مامە قالە ) م دەربكەوێ
زەمیلەی بە قووماش قەراخ ورد ورد دووراو
لە كۆڵ داگرێ ،
لەتێ نانی گەرمی بازاڕی خشت بڕاو
دەربهێنێ و دوو كەوچك قاورمە سواخ داو ،
لەگەڵ سێ چوار چڵە كەوەری تەڕی پاك شۆراو
لەفەیەكم بداتێ !
چیتان لێهات ؟ چاوەڕێمە ( مامە عەبە ) ش سەرهەڵبدا
هاوار بكات : عەمبەر وەری
هەڵپەمە ئەو شیرینی یە ڕەنگاو ڕەنگە
لە چیلكەیەك بئاڵێنێ و لیمۆن دۆزی پێدا بكا !
چیتان لێهات ؟ وا دەفتەری ڕۆژەكانم لێوان لێوە
لە شیرینی ساتەكانی شەكرلەمە و شروب شكاندن !
لە ڕۆژانی خۆ هەڵواسین
بە خەرەكە شكاوەكەی ( ڕەشە لۆری ) یەوە !
پڕە لە ڕاكردنی دەمە و ئێواران
بە دوای سەیارەی دوكەڵی مێشەكەدا !
پڕە لە دەست گرتن بە پشتی
عەرەبانەی تریشقەوە !
پڕە لە هاواری كوڕە چەتوونەكان !
(( خاڵە قامچی یەك بۆ دواوە ! ))
پڕە لە خامۆشیی نیوەڕوان و
پڵیتەی ئاگر دروست كردن ،
بۆ شارە زەردەواڵە وروژاندن !
پڕە لە دارلاستیكی تەل گرتنە
قاچ و قولی ڕووتی كچان !
پڕە لە فیشكەی تەمتەمە پەڕین و
خەفەتی نەهاتنە سەر لەپی دەستی مزراحی گدگدە !
پڕە لە تیپ تێكدانەوە و ،
بەش كردنەوەی ئابوونەكان !
پڕە لە خەمی كۆكردنەوەی ناوی چل كەچەڵى شار !
تاكو باران خۆشكاتەوە و
یاری یەكەمان بۆ دوا نەخرێ !
كەی دێنەوە دەستم پڕكەم لە تەوقەتان ؟!
كەی دێنەوە سنگم پڕكەم لە باوەشتان ؟!
كەی دێنەوە چاوم پڕكەم لە شێوەتان ؟!
كەی دێنەوە لێوم تەڕكەم
بە فرمێسكی قەسیدەتان !
كەی دێنەوە وەكو جاران ،
توێكڵە شووتی بكەینە ناو تەنەكەی خۆڵ !
سەری مانگای تیا عاسی بێ !؟
كەی دێنەوە ئێستا پاشای بەساڵا چووی
مەملەكەتێ بیرەوەریم ؟!
شەوان لە تاو تەنهایی خۆم ،
ڕوو دەكەمە ڕۆخەكانی گەنجێتیم !
ئەم – مەجهول – ە پەلم دەگرێ و
بە بۆشایی یەكاندا دەمكێڕێ !
كەی دێنەوە لەسەر سووچی كۆڵانەكەی
جاری جاران ڕادەوەستم ؟!
یەكەیەكە جانتاكانتان لێ وەردەگرم !
لەگەڵ هەموو باوەش بەیەك كردنێكدا
هاوار دەكەم :
(( هاوڕێكانم لە مێژەیە ئێوە بوون بە ئازیزی من !
لە مێژەیە ئێوە بوون بە پێغەمبەری
ڕۆژەكانی گەنجێتی من !! ))
*****************
پەراوێزەكان
ئازیزانی تاراوگەم :
جەمال / جەمال غەمباری . شاعیر لە ئوسترالیا دەژی .
دڵشاد / دڵشادی عمر كاكی . شاعیر لە ئەڵمانیا دەژی .
دلاوەر / دلاوەر قەرەداخی . شاعیر لە سوید دەژی .
بەرزان / بەرزان هەستیار . ی شاعیر لە ئەڵمانیا دەژی .
رەزا / رەزای حەمە . ی شاعیر لە ئەڵمانیا دەژی .
سەردار / سەردار فەتاح ئەمین . ی نووسەر و ڕۆشنبیر لە سەرەتای ژیانی تاراوگەیی دا لە دێی – هۆخ ئالن- ی هۆڵەندیدا دەژیا .
*********
محمد / محمد عومەر عوسمان . ی شاعیر لە سلێمانی دەژی .
عوسمان / عوسمان شەیدا . ی شاعیری جوانەمەرگ لە سلێمانی دەژیا .
سەباح / سەباح ڕەنجدەری شاعیر لە هەولێر دەژی .
*********
حەجاج / پیاو كوژەكەی ئەنفال كراوەكانی نوگرە سەلمان كەلەبەر نادیاری وەكو كاراكتەرێكی ئەفسانەیی لێهاتووە .
تەیمور / كوڕە ئەنفال كراوەكەی لە تەمەنی ( 12 ) ساڵی دا بە موعجیزە بە برینداری ڕزگاری بوو ، هەتاكو لە دەوارەكانی سارای خێڵی ( ئال عمێش ) گیرسایەوە و بەخێویان كرد .
نەنە خاتوون / نەنكی خوالێ خۆشبووم ، بەخێوی كردم و فێری ژیانی كردم .
گەنم گرد و جۆ بڵاو / یارییەكی فۆڵكلۆری منداڵانە .
فڕیوە / یارییەكی فۆڵكلۆری منداڵانە .
ئەحەی گۆڵە / جگەر فرۆشێكی ناوداری شاری سلێمانی یە . تەمەن درێژ بێت .
مام عومەر / باوكی خوالێ خۆش بووی هاوڕێ ی ئازیزم ( جەمال غەمبار ) ی شاعیرە ، لە سەروو پۆلیسخانەی سلێمانی یەوە لە شەقامی پیرەمێرد چایخانەی هەبوو .
حاجی عاێم / لە كۆڵانەكەی ماڵی ( نەنە خاتوون ) م دەژیاو لە ناوەڕاستی حەفتاكاندا چەندین فوتبۆڵی تەقاندین كاتێك دەكەوتنە حەوشەكەیانەوە .
گۆمەكەی سابیر / بە شێكە لە ئاوی ( سیروان ) لە دەربەندیخان بە منداڵی لەو گۆمەدا فێری مەلەوانی بووم , بە ناوی ( مام سابیر )ە وە كە ماسی تێدا ڕاو دەكرد ناونراو .خوالێی خوَش بێت.
ماموَستامەلا قادر / مامۆستای ئایینی هەرگیز لە یاد نەچووم ، لە پۆلەكانی خوێندنی سەرەتاییمدا وانەی پێدەوتم ، باوكی شاعیر ( د . ئەنوەر جاف ) ە . خوالێی خوَش بێت.
مامە قالە / قاورمە فرۆش بوو بە كۆڵانەكانی ئیبراهیم پاشادا بە زەمیلەیەكەوە دەگەڕاو لەفەی قاورمەمان لێ دەكڕی .
مامە عەبە / فرۆشیاری عەمبەر وەری بوو لە كۆڵانەكانی مەڵكەندی و پیرمەنسوردەگەڕا .
ڕەشە لۆری / كەسێتی یەكی ڕێزدار و ناودار بوو لە سەرەتای حەفتاكاندا پیكابێكی كۆنی دەگێڕا و نەفەراتی هەڵدەگرت بۆ گەرەكی ئازادی ( خانوە قوڕەكانی جاران ) ، بە شەقامی دارۆغادا سەردەكەوت و چەندین كەس خۆیان پێدا هەڵدەواسی .
سلێمانی 2007