هاوارێک..! ….. کامەران عەزیز
هەڵوێستی پێنجەم:
ڕاوەستانی خۆپیشاندەران..ئەنجامەکەی بێئومێد کردن و خۆکوژی گەنجانە..!
گەنجان لە هەر توێژێکی دیی کۆمەڵایەتی زیاتر خاوەنی ئەو هەیاجان و ووزە و ئێنەرژیەن کە دەتوانێت ببنە پاڵنەری خێراترکردنی گۆڕانکاری و رووداوەکان..ببنە خێراترکردنی هەنگاو و داهێنانەکان، وە ئەم ووزەیە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ توانای زیاتریان تا بتوانن بە زوویی دیوار و سنورەکانی ئەودیوی ژیانی خۆیان بەبێ ماندوو بوون ببڕن، بۆ کەشفکردن و ئاشکراکردنی هەموو نهێنییەکانی دیی ژیانیان، تا ژیانی گەنجیەتی خۆیان بەرەو ئاییندەیەکی باشتر بگوێزنەوە..وە بەراووردکردن دەتوانن کەمی ئاستی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بدۆزنەوە، وە ئەم ئاستە کەمە لە گوزەرانیان بکەنە بنەمای هەستان و خرۆشانەکانیان..وە هەر ئەم ئاستە کەمەی ژیانیان بکەنە چرای روونکردنەوەی ویست و پێداویستەکانیان،..تا بەبێ ترس و بەبێ گوێگرتن ڕووبەڕووی هەر بەڵێنێکی درۆینەی دەستەڵاتداران ببنەوە، بێدەنگ نەبن و ڕانەوەستن..!
وە گەنجیەتی بۆ گەنجان مانای سەلماندن و ناساندنی بون و کەسایەتیانە..مانای بەکارهێنانی توانای جەستەیی و ئازایەتی خۆیانە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دەستەڵات، بۆ ئاییندەیەکی ڕوون و پێشکەوتو..بۆ ئاییندەیەکی پڕ لە داهێنان و گەشە کردو..!
گەنجان ئەو توێژەن کە خاوەنی دەروونێکی ئۆقرە نەگرتوو و نا ئارامن..هەموو شتێک بەلای گەنجانەوە زوو کۆن دەبێت و باوی نامێنێت..بۆیە هەمیشە بیر دەکەنەوە لە وێنەو ستایلێکی نوێ بۆ ژیانی ئێستا و داهاتویان..وە بیر دەکەنەوە بۆ گٶڕینی هەر دەستەڵاتێکی چەقبەستوو ونەگۆر و ڕۆتین و دووبارە لە ژیانی ئێستایاندا، تا هەمان ستایل و چۆنیەتی دەستەڵات لە ئاییندەیاندا دووبارە نەبێتەوە و دیسان ئاییندەیان بە مۆدێل و باوەڕی کۆن داگیر نەکرێتەوە..! گەنجان بۆ ئەم ئامانج و مەبەستە هەمووکات بەبێ ترس ئامادەن بێنە مەیدان و سەر شەقام، تا ئازایانە ڕووی بە ڕووی دەستەڵاتداران ببنەوە، بە ئومێدی بەدیهێنان و سەرکەوتن..!
وە لە بەر بوونی ئەم ووزە و ئێنەرژیەیە کە هەموو حیزب و دەستەڵاتێک، پێوەری توانا و هێزی خۆی بە بونی زۆرینەی ڕێژەی گەنجان لە حیزب و دەستەڵاتیاندا بپێون..وە حیزب و دەستەڵاتە کۆنسەرڤاتیڤ و سەربازیەکان شا گەشکە دەبن بە بونی ڕێژەی زۆری گەنجان لە ڕیزی هێزەکانیاندا. وە بە پێچەوانەشەوە بە زوویی توشی لەرزین دەبن و هەست بە مەرگ دەکەن، کاتێک تووشی ڕوو بە ڕوو بونەوە بون لەگەڵ هێزی نا ڕازی گەنجاندا..کاتێک بینیان زۆرینەی ڕێژەی گەنجان دژ بە خۆیان وەستاوەتەوە..کاتێک کە نەیانتوانی هێزی گەنجان دەستەمۆ بکەن و چەواشەیان بکەن..!
بەڵام، بۆ نمونە؛ لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا ئەگەر هاتوو گەنجان بە هەر هۆیەک توشی شکست و پاشەکشە بوون، لە گۆڕانکاریەکانی ژیانیاندا و نەیانتوانی خواستەکانی ڕۆژانەیان بەدیبهێنن، ئەوا خەمۆکی و بێزاری دڵ و دەروونی گەنجان داگیر دەکات..! ئەم خەمۆکیەش گەنجان بەرەو چەند حالەتێکی ترسناک دەبات؛ لە حاڵەتی یەکەمدا، گەنجان تووشی بێومێدی و نامۆیی دەکات، وە دەبێتە پاڵنەری گەنجان بەرەو هەڵبژاردنی کاری خۆکوژی و مەرگ..! وە لە حاڵەتی دووەمدا گەنجان تووشی توڕەبون و بەگژاچوون و توندوتیژی هیستریایی دەکاتەوە و لە هەموو شوێنێکدا ئامادە دەبن بۆ کاری توندتیژی و ئاژاوە و تێکدان و وێرانکاری و ئازاردانی هەر مرۆیەک کە بەرەو ڕوویان ببێتەوە..! لە حاڵەتی سێیەمدا توشی هەڵوێستەیەکی سەیر دەبن..توشی دڵشکان و تۆران و بێزاریەکی گەورە دەبن..! هەموو بەهایەکی نیشتمانیان لە لا قێزەون دەبێت و هەموو دەستەڵاتێکی نێو نیشتمان بە دوژمنی خۆیان دەزانن..! بۆیە ناوەستن و بڕیاری خێراو توند دەدەن لە بەرامبەر شوێنەکانی ژیان و پەروەردەبونیاندا، بڕیاری بەجێهێشتنی نیشتمان..بڕیاری ماڵ ئاوایی لە بیرەوەریەکانی منداڵی و گەنجیەتی بریندار و شکاو دەدەن..کە کۆچی ساڵانی نەوەدەکان بەڵگەیەکی زیندووی ئەم بڕیارانەن..!
بۆیە هاوار دەکەم و دەڵێم ئەوانەی دەیانەوێت خەون و ژیانێکی نوێ لە ژیانیانیاندا ببینن..ئەوانەی دەیانەوێت ئاییندەی ڕوون و باشتر بۆ نەوەکانیان بەدیبێنن.. ئەوا با هەموو پێکەوە بە هەموو جیاوازیەکانمانەوە نەهێلین ئەم هەستان و خرۆشانەی گەنجان و لاوانی کوردستان، بۆ گۆڕانکاری و ئیدارە و دەستەڵاتێکی نوێ..بۆ بەدیهێنانی داواکاری و داخوازیەکانمان..بۆ چاکسازی و درووستبونەیەکی نوێ ڕابوەستێت.
من لێرەوە بە هەموو هاوڵاتیەکی هوشیار و خەمخۆر..بە هەموو کەسێکی سیاسی ناڕازی..بە هەموو ڕٶشنبیر و نوسەر و هونەرمەندێکی ڕەخنەگر ڕادەگەیەنم کە ئەمڕۆ ڕۆژی گەیاندنی پەیامەکانتانە..ئەمڕۆ ڕۆژی بە کردەوە کردنەوەی ڕەخنەکانتانە..ئەمڕۆ ڕۆژی بە زینووڕاگرتنی ووشە و ووتەکانتانە..ئەمڕۆ ڕۆژی دەرهێنان و بەکارهێنای قەڵەمەکانتانە..ئەمڕٶ ڕٶژی ڕێنمایی کردنی هاوڵاتیانە..ڕۆژی بەرز کردنەوە و پیشاندانی مانیفێستەکانتانە ..ئەمڕۆ ڕۆژی دەستگرتنی هەمووانە دژ بە دەستەڵاتدارنی گەندەڵ و مشەخۆر و نا عەدالەت و سەرکوتگەری کوردستان..!
15.03.2011