
هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤانه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران
نزیکه‌ی چوار هه‌فته‌یه به‌شێکی کوردستانی عێراق جمه‌ی دێ له‌خۆپیشاندان، به‌شه‌که‌ی تر، ده‌سه‌ڵات به‌زه‌برو زه‌نگ توانیویه‌تی تا هه‌نووکه خامۆش رایبگرێ. وه‌ک پێوه‌ندیی ئێسنیکیی و نه‌ته‌وه‌یی، کورده‌کان و هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران تێکهه‌ڵکێشییه‌کی زۆریان له‌گه‌ڵ کوردستانی عێراقدا هه‌یه. چ ئه‌وان و چ ئێمه‌ش له‌غه‌م و پرسه سه‌ره‌کیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵمان داوه‌تێ و بهسهریهکمانهوه هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ته‌واوی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران، جگه له کۆمه‌ڵه‌ی ئیبراهیمی عه‌لیزاده و په‌ژاک، رێک له‌سه‌نگه‌ری پارتیی و یه‌کێتییه‌وه بۆ رووداوه‌کان ده‌ڕوانن.
که‌سایه‌تییه سیاسیی و رۆشنبیر و ناودارهکانیشان، ژماره‌یه‌کی زۆر که‌میان نه‌بێت، پاساو بۆ حکومه‌تی دوو حیزبه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌هێننه‌وه. دیاره پێشتریش زۆربه‌ی حیزب و رێکخراوه سیاسیی و که‌سایه‌تییه سیاسیی و ئه‌کادیمیسته‌کانی کوردستانی ئێران، بهتهکلیفی پارتیی دیموکراتی کوردستان، قسه‌ی خۆیان له‌سه‌ر قانیعی فه‌رد کرد و به‌ده‌ستی ده‌ره‌کیی ناساندیان، له‌کاتێکدا به‌هه‌موویان ناتوانن ئه‌و حه‌قیقه‌ته مێژووییانه‌ی قانیعی فه‌رد باسیکردووه پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه، که به‌شێکی رووی خۆیشیان ده‌گرێته‌وه.
له‌کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کێتیی، منداڵ و لاوی کورد به‌ر ده‌ستڕێژی گولله ده‌ده‌ن، منداڵی 12 ساڵانی تێدابووه، ئۆفیس و په‌خشی سه‌ته‌لایتی نالیا به‌شێوه‌یه‌کی زۆر مافیاییانه ده‌سووتێنن، شاری هه‌ولێریان به‌ته‌واویی میلیتاریزه کردووه‌و رای جیاواز و ئازادیی راده‌ربڕین و خۆپیشاندانی تێدا قه‌ده‌غه‌کراوه، که‌چیی حیزبه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی کوردستانی ئێران به‌کۆمه‌ڵ دێن راگه‌یاندنی هاوبه‌ش ده‌نووسن و داکۆکییه‌ک له ده‌سه‌ڵاتی کوردیی ده‌که‌ن، که به‌رپرسه باڵاکانی ئه‌و دوو حیزبه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده داکۆکیی له‌خۆیان ده‌که‌ن.
حیزبه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی کوردستانی ئێران، به‌رده‌فڕکێی کۆمه‌ڵی گه‌نج و لاو به‌توندوتیژیی ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام خوێنی کوژراوه‌کان و ده‌یان بریندار هه‌ر باس ناکه‌ن. ئه‌وان خۆپیشاندان دژی گه‌نده‌ڵیی به نامه‌سئولانه ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام سوتاندنی باره‌گاکانی ئۆپۆزیسیۆن له هه‌ولێرو سۆران و بادینان نابینین، چونکه ده‌سه‌ڵات بۆی دیاری نه‌کردوون ئاماژه به‌وانه بده‌ن. له‌ناو هه‌موو هێزه‌کاندا، دیمۆکراته‌کان زۆر سه‌رسه‌ختانه داکۆکیی له ده‌سه‌ڵات به‌گشتیی و پارتیی به‌تایبه‌تیی ده‌که‌ن. کار به‌وشێوه‌یه بڕوات، ئه‌گه‌ری دووباره بوونه‌وه‌ی مێژووی موجاهیدینی خه‌لق له‌ئارادایه. موجاهیدینی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌عسدا، به‌شدارییان له سهرکوتکردنیخۆپیشاندانهکانی عێراقدا کرد، به‌داخه‌وه ده‌ڵێم به‌شێک له‌م حیزبه کوردییانه‌ی کوردستانی ئێران و هه‌ندێ له کوردستانییانی!!! کوردستانی ئێران، بۆیان هه‌یه وه‌ک موجاهیدین به‌شداریی له سه‌رکوتی خه‌ڵکدا بکه‌ن ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دوو حیزبه تینیان پێ بگات و ته‌کلیفیان لێ بکات.
به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ندێ نووسه‌ر و چالاکوانی بواره جیاوازه‌کانی کوردستانی ئێران به شێوازی جۆراوجۆر پرۆتیستۆی تاوانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان کرد، به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی که لایه‌نگریی له‌ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، زۆر زیاترن. ئاخر چۆن ده‌بێت کورده‌کانی کوردستانی ئێران، رابردووی پاکسازیی و کێوماڵکردنهکانیان له‌بیر بچێته‌وه که بۆ کۆماری ئیسلامیی ئه‌نجام ده‌دران، چۆن خوێنی ئه‌و هه‌موو سه‌رکرده حیزبییانهیان له‌بیر ده‌چێته‌وه بۆ رژێمی شا و کۆماری ئیسلامیی به‌زیندوویی و به‌مردوویی راده‌ستیان ده‌کرایه‌وه، چۆن ئه‌و هه‌موو تێرۆره‌ی پێشمه‌رگه‌کانیان له‌کوردستانی عێراقدا له‌بیر ده‌چێته‌وه که هه‌ردوو حیزب( پارتیی و یه‌کێتیی) کار ئاسانییان بۆ کۆماری ئیسلامیی ده‌کرد؟
گومانی تێدا نییه، زۆرێک له کورده‌کانی کوردستانی ئێران له‌ناوه‌و له‌ده‌ره‌وه دڵیان له‌گه‌ڵ گه‌نجانی خۆپیشانده‌ردایه. ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی پاکانه‌ش بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم ده‌که‌ن، جگه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسیی و حیزبیی نه‌بێ، هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به‌مه‌سه‌له نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه نییه. کورده‌کانی کوردستانی ئێران ده‌بێ زۆر وریابن، ئه‌مه مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵیی و سیستمی فاشیلی حیزبییه له کوردستانی عێراقدا و ئه‌وان بۆیان نییه خۆیانی تێههڵقورتێنن و لایه‌نگریی له ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌کان و پارتیی و یه‌کێتیی بکه‌ن و له‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی خۆپیشانده‌رو ناڕازیشدا بووه‌ستنه‌وه.
کامیار سابیر