Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
گوڵپیی رچەشکێن .. پەیامێک بۆ چاکسازانی بێکردار؟!

گوڵپیی رچەشکێن .. پەیامێک بۆ چاکسازانی بێکردار؟!

Closed
by March 19, 2011 گشتی

هەواڵی دەستهەڵگرتنی د.فایەق گوڵپی لە موچەی خانەنشینیەکەی، تەنها ئەو مانایە هەڵناگرێت کە 6 ملیۆن دیناری عێراقی دەگەڕێنێتەوە خەزێنەکەی حکومەت. روونە ئەمە هەڵوێستێکە جگە لە هەڵگری مانا روخساریەکانی، هەڵگری چەندین پەیامی گرنگە و رچەشکاندنیشە بۆ ئەو هاوڕێیانەمان تا هەنووکە بە دروشم و قسە لەگەڵ گۆڕانکاری ریشەیی هەرێمدان، بەڵام لە کرداردا هێشتا نەیانتوانیوە لەو ئیمتیازاتانە دەستبەرداربن کە دەسەڵاتێکی گەندەڵ پێیانیبەخشیوە.
پەیامی پشت دەستهەڵگرتنی گوڵپی لە موچەیەکی لەو شێوەیە، پێماندەڵێت لە راستیدا تەنها دزی و چەتەییکردن بەسەر موڵک و دارایی گشتیەوە گەندەڵی نیە، بەڵکو وەرگرتنی ئیمتیازاتێک کە هاوسەنگ نەبێت لەگەڵ ئەرک و پیشە و ئەو شەقامەی تێیدا دەژین، دیسانەوە هەر گەندەڵیە، پێماندەڵێیت ئیمتیازێک کە دەسەڵاتێک بیبەخشێتە هاوڵاتیەکەی کە خۆی لە بنەماوە پشتیوانی لەگەندەڵی دەکات و کار بۆ بەیاسایی کردنی دەکات، بەرهەمهێنانەوەی گەندەڵیە.
پێشماندەڵێت، کەمکردنەوەی درزی گەورەی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتەکەیان لە پلەی یەکەمدا پشتکردنی بەرپرسانە و خاوەن ئیمتیازە قەبەکانە لە “پارە و موچە”.. چونکە بوونەتە وەهمێک کە ئەمڕۆ بووەتە نەریت و دیاردەیەکی ترسناک و زۆرینە هەوڵی دەستخستنی دەدەن، کە لەدواجاردا لەسەر فراوانترکردنی پانتاییەکانی گەندەڵی دەشکێتەوە. بۆیە گرنگە بەر لە هەرشتێک گەر ئومێدێک هەیە بۆ ئەوەی چاکسازی ببینرێت، ئەوا دەبێت “وەهمی پارە” بخرێتەکەنارەوە، بە جۆرێک ئیرادەی مرۆڤ و نزیکی بەرپرس و هاوڵاتیەکانی ببێتەوە نەریت و ئەرک، نەک قەبەکردنی ئیمتیازات و ملدانەواندن بۆ بێئیرادەیی لەبەرامبەر ئیمتیازاتدا.
راستیەکەی خۆ فریودانە گەر چاوەڕێی ئەوە بکرێت ئەوانەی پەرەپێدەری ئەم مۆدێلەن لە حوکمڕانی کوردستان، وەک گوڵپی بێنەسەرشەقام و بڵێن ئەوا دەستمانهەڵگرت لەو ئیمتیازاتانەی کە لەگەڵ ویژدانی خۆمان و ژیانی ئێوەدا تەبانیە، چونکە ئەوان خۆیان بەرهەمهێنەری ئەو دۆخەن و پاساوە بێماناکانیان روونەو پێیانوایە ئەم ئەزمونە نەک پێویستی بە هیچ نیە بەڵکو دەبێت “بپارێزرێت”..
دیسانەوە خۆفریودانیشە “بۆ ئێمەی هاوڵاتی” چەندین توێژی جیاجیا لەناو هەرێمدا هەن لە “رۆشنبیران، پەرلەمانتارانی کۆن و نوێ، وەزیر و بریکار و ئەوانەش بەو ناونیشانانەوە ئیمتیازاتیان هەیە، بەرپرسانی دەزگا دیارە بودجە فراوانەکان”، کە لێرەو لەوێ دەم لە چاکسازی دەکوتن و پێیانوایە “نیشتمان پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە”، ئەمانە دەبێت خۆیان یەکلابکەنەوە، چونکە لەراستیدا بەرتەسککردنەوەی روبەری گەندەڵی تەنها بە وتارێک، شیعرێک، دروشمێک، وێنەیەک، بەیاننامەیەک نایەتەدی، لەکاتێکدا موچە و ئیمتیاز و گیرفانی ئەم بەڕێزانە هەر هەمان گیرفان و موچە و ئیمتیازاتی ئەوانەبێت کە بە گەندەڵکاران ناونراون. ئاخر زۆرن ئەو رۆشنبیر و نوسەر و قەڵەمبەدەستانەی بە وەیزر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و …تاد خانەنشینکراون و لە گوڵپی زیاتر داوای چاکسازی دەکەن، بەڵام بە گیرفان و ئیمتیازاتەکانیان سەرگەرمی بەرهەمهێنانەوەی گەندەڵین!
زۆریشن “پیاوانی چاکسازی” لە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کە لە ریزی خۆپیشاندەرانن و تریبۆنەکانی خۆپیشاندەران چۆڵناکەکان، بەڵام نیازێکی لەو شێوەیە دەرناخەن کە ئیمتیازات و خاڵیکردنەوەی دەخیلەکانی حکومەت بەشێکی لە ئەستۆی ئەمانەیە و دەبێت دەستبەجێ بکشێنەوە لە “بەرهەمهێنانی گەندەڵی” بە کردار.
گەر بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا توانیبێتی سەدان کەس لە ڤێلاکانی گەندەڵیەوە بهێنێتە گردەکەی گۆڕانەوە ئەوا ئەمڕۆش دەتوانێت زیاتر لە سەد کەس بهێنێتە سەر تەلەفزیۆنەکەیی و بڵێت ئێمەش وەک فایەق گوڵپی ئەوەندە 6 ملیۆن دیناری رەتدەکەینەوە و دەمانەوێت چیتر بەشێک نەبین لە بەرهەمهێنەرانی گەندەڵی.
گەر یەکگرتووی ئیسلامی پێشتر شانازی بە چاکسازی و فایلپاکی و ناتوندوتیژیەوە کردبێت و گوتارەکەی لەمەدا چڕکردبێتەوە، ئەوا ئەمشەو دەتوانێت لانیکەم 20 لە موچە بەرزەکانی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی حزبەکەی بهێنتە سەرشەقام و بڵێت “ان الله لایغیر ما بقوم حتی ان یغیروا بڕنفسهم”.. کۆمەڵی ئیسلامیش گەرچی لە کاروانی خانەنشینکردنی بەرپرسەکانیدا کەمێک لەدواترەوەیە بەڵام دەتوانێت بە پێنج کەس لەم رەوتی هەڵوێست وەرگرتنەدا شوێن فایەق گوڵپیی بکەوێت و بڵێن: “حیکمەت رێگای باوەڕدارانە لە هەر شوێنێک بێت موسڵمان دوای دەکەوێت”..
دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان لەوە تێپەڕیوە ئەم نەوەیە بە وتار و قسەی توند بخەڵەتێنین، بەڵکو ئەوان کرداریان دەوێت، فایەق گوڵپی لە هیچ یەکێک لەو سێ حیزبە نارازیە نەبوو بەڵام بەکردار لە پێشەوەبوو، بۆیە ئۆپۆزسیۆن چاوەڕێتانین.

 

هەردی مەهدی و عەزیز رەئوف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.