هێرشەکەی بەغداد بۆ سەر حزبی شوعی عێراقی نۆرمی کۆنەپەرستانە
ئەوەی کە لە بەغداد روویداو دژ بە حزبی شوعی عێراقی، بۆ هەموو شوعییەکی هوشیار کردەیەکی چاوەڕوانکراوبوو لەو حکومەتە کۆنەپەرستە.
لە راگەیاندنەکەی حزبی شوعی کوردستان (ح.ش.ك)، کە بەرواری 7/03/2011 دەرچووە سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حزبی شوعی عێراقی لەلایەن بەغداوە ، کردەی حکومەتەکەی مالیکی مەحکوم کراوە. لە هەمانکاتیشدا، پێشنیارێکی ترسناکیش لەلایەن حزبەوە بۆ حزبی شوعی عێراقی کراوە لەو کاتەدا کە بەیاننامەکەی (ح.ش.ك) ئاماژە دەکات کە داخستنی بارەگاکان: “دەبوایە هەموو حزبەکان بوایە و لە بارەگاکانی خۆیانەوە دەستیان پیبکردایە و بێگومان ئەو کات حزبی شوعی عێراقیش خۆیان ئەو داوایەیان ئەنجام دەدا”
ئەمە بڕیارێکی مارکسیستانە نییە و دوور نییە کە بڵیین لە ڕووی سیاسییەوە پێشنیارێکی ترسناکە و پێدەچێت ئەم پێگە سیاسییەی (ح.ش.ک)، حزبی شوعی عێراقی بەرەو قەدەرێکی نادیار ببات. بەڵێ ،عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە جودایە، بۆیە ناکرێت پراکتیکی چونە ناو حکومەتی عێراقیەوە لە گۆشەی تاکتیکی چونە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستانە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. با بپرسین، بەشداریکردن لە حکومەتی عێراقی تاکتیکە یان پرەنسیب ، بەشداری کردن لە حکومەتێک کە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان دادەخات دەبێت چی پێشکەوتنخوازییەکی لێ چاوەڕوان بکرێت ، ئایا حزبی شوعی بەتەمایە لە حکومەتی عێراقیدا هەمیشە هەوڵی بەشدار بوون بدات و لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیدا هەمیشە هێزی خۆی لەگەڵ لایەنە کۆنەپارێزەکانی ئەم وڵاتەدا تاقی بکاتەوە ؟ بەپێی راگەیەندراوەکەی (ح.ش.ک) بێت، حزبی شوعی عێراقی بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی داوە کە ئەگەر دەنگ بێنێت (کە هەڵسەنگاندنێکی زێدە یۆتۆپییە)، بەشێکی لێنەبڕاوە بێت لەو حکومەتە، ئەگینا بۆ ئامادە بێت بارەگاکانی خۆی دابخات؟
زۆری خایاند بۆرژوازی و فیوداڵی عێراقی لە سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدا خۆیان یەکلایبکەنەوە لەگەڵ پرەنسیبە بنەڕەتیەکانی حزبی شوعی عێراقی. لە دەرەوەی دنیای سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەپەکان زۆر دەمێکە ئەم پێشبینییەیان کردبوو، ئەمە سەرباری چەندین گوتار و لێکۆڵینەوە و داواکاری لە لایەن روناکبیرانی باڵی چەپ ، نووسەرانی ناوداری سۆسیالیستە شۆرشگێرەکان و لایەنە دژە ئیمپریالیستە نوێخوازەکانی تری دنیا ، کە بانگەوازیان دەکرد حزب لەگەڵ ئەجێندای دەسەڵاتی سیاسی سێبەری پەیکەری هەیمەنەی ئەمریکی دەست تێکەڵاو نەکات. بە درێژای ساڵانی دوای داگیرکاری عێراق ئەم لێکۆڵینەوە و بۆچونانە لە تەواوی بڵاوکراوە چەپەکانی جیهاندا بەدی دەکرێن. لە ڕاستیدا لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراقدا، بۆ چەپ شۆک بوو کە چۆن سیاسەتی حزبێکی مارکسیست، حزبی شوعی عێراقی، لەگەڵ رەوتی ئەجێندای ئیمپریالیستی لە ناوچەکەدا رەوت دەگرێت، بەڵام ، ئەوەتا ئەمڕۆ ئەو زەنگە ترسناکە لێیداوە و بە پراکتیک حکومەتی عێراقی لەم حزبە دەدات، کە بێگومان مایەی ترسی حکومەتە لەم حزبە و ئەجێندای ئەڵتەرناتیڤی ئەم حزبە بۆ حکومەتی ئیستای حێراق.
لە کاتێکدا تەواوی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین لە سەر ڕەوەڕەوەی گۆڕانکاریدایە. لێدانی ئەم حزبە لەلایەن بەغدادەوە، پێویستە هۆشداری بداتە حزبی شوعی بۆ ئەوەی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە و بڕیارێکی مارکسیستانە لە هەمبەر ئەم حکومەتە و دەسەڵاتە دواکەوتوەکەیەوە بدات.
ئەوەی کە ئەمڕۆ حکومەتی بەغدای داردەستی ئیمپریالیزمی جیهانی لە عێراقدا بە حزبی شوعی کرد، کردەیەکی چەندەهەمین بارەی دەسەڵاتی بۆرژوازی و دیکتاتۆرئاسای داردەستی هێزە دەرەکیەکانە. ڕاستە وەک مارکسیست. پێویستە لە چەندین بەرەی یەکگرتوودا بەشدار بین، وەلێ بەرە لەگەڵ ئەو باڵانەی کە تەنها مردنی یەکجارەیەکی شوعیەت ئەجێندای سیاسییانە، تەنها مەرگی لێبۆتەوە و وا حکومەتی عێراقیش هەمدیسان ئەوەی سەلماندەوە. ئەوەی کە حکومەتی عێراق کردی، درێژکراوەی مێژووی هێرشی کۆنەپەرستییە بۆ سەر شوعییەکان لە جیهاندا، بۆ بەرەنگاربوونەوەشی، پێویستە لە مێژووی بزووتنەوەکەمانەوە وانە وەربگرین.
لە ساڵێ 1918 باڵی ڕاستی سۆسیال دیموکراسی بووە بەربەست لە بەردەم ڕەوتی شۆڕشی دیموکراتی لە ئەڵمانیا و پرۆسەی شۆرشی رزگاری روسیشی کۆت و بەند کرد ، دەرەنجام هەردوو سەرکردەی شۆڕشگێری مارکسیست، رۆزا لوکسومبێرگ و کارل لیکبنیکت لەلایەن سۆسیال دیموکراتەکانەوە شەهید کران. لە شۆرشی سۆسیالیستی ئیسپانیای ساڵی 1936 -38 و یەکەم خەباتی جیهانی دژی فاشیزم، خۆ بینینەوەی حزبی شوعی کە ئەوکاتە کۆیلەی ستالینیزم بوو لە بەرەی” دیموکراتی” و وەلاخستنی چینی کرێکاری ئیسپانی و داواکانیان کە شۆڕشی سۆسیالیستی بوو، دەرەنجام پەکی شۆڕشی خست و فاشیزمی گەورە کرد و مرۆڤایەتی لە جەنگی جیهانی دووەهەمیندا باجەکەیدا. لە شۆرشی خوێندکارانی فەرەنسای ساڵی 1968 هەمان سینارۆ خۆی دووبارە کردەوە، هەروەها لە ئەمریکای لاتین شکستی حکومەتە سۆسیالیستیەکەی ئەلێندا لە وڵاتی چیلی لە ساڵی 1973 بە هەمان تراژیدیا کۆتای هات ، کە یەکەمین مارکسیست بوو لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگرێتە دەست. نزیکترین و گرنگترین نمونە پەیوەست بە ناوچەی خۆمانەوە، شۆڕشی گەلانی ئێرانی ساڵی 1979 یە، کە چەپ و مارکسیستەکان سەرکردایەتیان کرد، بەڵام بە چونە ناو بەرەی ئیسلامی سیاسی و باڵی ڕاستی مەزهەبی لەو وڵاتە، کۆماری ئیسلامی بنیات نراو شوعییەکان زۆرترین قوربانی گیانی و سیاسی و مەعنەویان تیادا ، لەسەردەستی ئیسلامۆ-فاشیەکان، ئەو شکستە، هەتاوەکو ئەمڕۆ سەر و سیمای شەکەتی و لاوازی بە سەر روخساری چەپی ئێراندا بەجێهێشتووە. شۆڕشی گەلانی ئێران ، بەهاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئۆکتۆبەری گەلانی چەوساوەی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام هەڵەکان ئەو دەرەنجامە پێشبینینەکراوەی بۆ شوعییەکان بەجێهێشت.
هەتاوەکو بە مێژووی بزوتنەوەکەماندا بچینەوە، بە سەدان نموونەی دیار و بەرچاو و دڵتەزینمان دێتە ڕێگا، بەڵام گرنگ ئەوەیە وانەیان لێوە فێربین. ئاخر وەک ترۆتسکی ئاماژە دەکات، کە مێژوو بەڵگەی مارکسیستەکانە و فێرنەبوون لێیانەوە هەمان هەڵە چەندبارە دەکاتەوە. کە تەماشای مێژووی سەدەی بیستی بزووتنەوەکەمان دەکەین، دەردەکەوێت کە بە شێوەی پێویست وانە وەرنەگیراوە، هەروەک چۆن ئەمڕۆ خەریکە (ح.ش.ك) هەمان میتۆدی هەڵە بۆ حزبی شوعی عێراقی پیشنیار دەکات.
ئەگەر حزبی شوعی عێراقی خواستیەتی دەنگی ئەمڕۆی نوێخوازی بێت و خۆی لە فەوتانی سیاسی بپارێزێت و بەرەنگاری ئەو نایەکسانییە ببێتەوە، کە هەنووکە بەرامبەر ئەجێندای سیاسی و شەهیدان و تەنانەت مێژووەکەشی دەکرێت لە عێراقدا، دەبێت لە سەر باڵانسی هێزی چینایەتی هەنگاوەکانی دیاری بکات و لە بەرامبەر هێزە کۆنەپارێز و نوێنەرانی بۆرژوازی عێراقیدا، ئەم دەبێت لەبەرەی هێزی ژێرەوەدا سیاسەتی رەنگبداتەوە، هەروەها پێویستە بەردەوام داخستنی بارەگاکانی رەتبکاتەوە هەروەک خۆشبەختانە حەمید مەجید موسا رایگەیاند. بە پێچەوانەی ڕاگەیاندنەکەی (ح.ش.ک) نەوە، پێم وایە تەنانەت ئەگەر تێکڕای پارتەکانی تریش لەعێراق پراکتیکانە بارەگاکانیان داخست ، دەبێت حزبی شوعی ئەو بڕیارە رەت بکاتەوە، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە هەلومەرجی ناوچەکە لە بەردەم دوڕیانی گۆڕانێکی ریشەییدایە لە ڕووی ستراکتۆری سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەوە.
نیشتمان پەروەری بۆ عێراق کە پێویستی نییە، دەکرێت ژیانی سیاسی چەپ بە گشتی بەرەو داهاتویەکی تاریک ببات لەو وڵاتە، وەک هەمیشە هێزە کۆنەپەرستەکان لە جیهاندا کردوویانە بەرامبەر ئەجێندای حکومڕانی خەڵک و دیموکراتی بنەڕەتی شوعییەکان. کاتی ئەوە هاتووە مارکسیستانە ژیانی شوعیەکانی عێراق ئاراستە بکرێت، بەرەو خەباتێک کە کۆماری دیموکراتی خەڵك لە ناوچەکەدا بکاتە مەشخەڵی پێشرەوی ئامانجە سیاسییەکانی، هەتاوەکو ببێتە ئەڵتەرناتیڤ لە بەرامبەر ئەجێندای ئیمپریالیستی ئەمریکی ، کۆنەپەرستی مەزهەبی و نیشتمانپەروەری بۆرژوازی عێراقیدا .