Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
سمیناری بادیو  لەبارەی چ نیشانەێک جیهان دەگۆڕێت؟

سمیناری بادیو لەبارەی چ نیشانەێک جیهان دەگۆڕێت؟

Closed
by March 19, 2011 گشتی

ئالێن بادیو ، ئێوارەی 16/03/ 2011 ، لە “کۆلێژی نۆرمال سیپێریۆر ” لە پاریس ، لە دێپارتمێنتی (بەشی) فەلسەفەی هەمان کۆلێژدا ئێوارە سمینارێکی لەبارەی “”چ نیشانەێک “جیهان دەگۆڕێت”؟ “”سازکرد(1). لە سمینارەکەدا گەلێ توێژەرەوە و ڕوناکبیری بەشەکە و هەروەها گەلێ میوان لە زانگۆکانی تری پاریسەوە بۆ گوێگرتن لە سمینارەکە ئامادەببوون. سمینارەکە کە دەچێتە خانەی ڕیزێ ئێوارە سمیناریترەوە لەژێر هەمان ناونیشان (چ نیشانەێک “جیهان دەگۆڕێت”؟) سمیناری ئێوارەی ناوبراو بە “ستالین”ەوە تایبەت بوو وەلی دابڕاو نەبوو لە سێستەمی فەلسەفی بادیو و ئەو هەولە هەمیشەییانەی بادیو دەیدا تا گرێدانەوە لەنێوان سیاسەت و هزر، سیاسەت و دۆز و هەروەها سیاسەت و بیرکاری دا پێکبهێنێت.
پێشئەوەی بێینە سەر کرۆکی ئێوارە سمیناری ناوبراوەوە بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەوەبکەین کە، بەپێی بینینی فەلسەفی بادیو ، کە بیرۆکەی فەلسەفی بابەتی سمینارەکەش بەگشتی لەخۆدەگرێ، گوزارەی “گۆڕینی جیهان” بۆ دوو چاخ دەچێت جیهان شادماندەکات. چاخی یەکەم ، کە چاخی سەدەی 19 یە،بانگەشەی بۆئەوە کردووە کە ئەم گۆڕانە لە بەردەوامیەتی پەرەسەندندا دەتوانێ هەبێت. واتە کە پەرەسەندن و پێشکەوتن بەردەوامدەبێت ،بەردەوامێکی بێوەستان، گۆڕان دێتەبەرهەم. هەرچی چاخی دووەمە ،کە دەکات چاخی 20 م ، کە هەر ئەم چاخەشە ئێوارە سیمینارەکانی بادیو بەگشتی قسەیلەسەر دەکات، وەک چاخێ نەحلەتی بادیو دەیخاتەڕوو. ئەم چاخە کە سۆزێ تووندوتیژ داگیریکردووە لە دابڕانی ڕادیکال و درووستبوونی چەندین دەولەت و هەروەها درووستبوونی جۆرە گۆڕانێ یان جیهانێ شیاو و پێویست بریتیبووە. بادیو وایدەبینێت لەمەی پێیدەلێن وڵاتانی ڕۆژئاوا ،کە تیایا دەولەمەندی لە قەیرانە و ناسنامەی دیموکراسیەتیش بەپێیئەوەی دووچاری ڤایرۆس بووە لە پووکانەوەدایە ، گوزارەی “گۆڕینی جیهان” تیایا دوو ستاتۆسدارە. بادیو ووتەنی ، ئەو دەمەی کە جیهان لە گۆڕانێ نائاسای پەلەدایە دەبێبزانین ئێمە لەپشت گۆڕانەکانەوەین و گشت ڕیفۆڕمەکانیش دەکەونەژێر خواستەکانەوە. لەمحالەتەدا دەکرێ مرۆڤ بەو ئاکامەبگا کە گۆڕان بریتیە لە کردارێک. هاوکات باسی بادیو لە گۆڕان لەسەرێترەوە خۆیدەدا لە باس لە دۆزی ئابووری سەرمایەداری جیهانی. ئەمەو بادیو قسەی لە گۆڕان قسەکردنێ ڕووکەش نییە بەلکو قسەکردنە لە گۆڕانێ فیعلی(ڕیال) ، لەو گۆڕانەی بایەتییە، هەربۆیشە وەک هەموو کاتێک قسە لە بوونی خود دەکا. لێرە خود لای بادیو وەک تاکێ کاریگەر دێتەبەرباس. لە پرۆژەی فەلسەفی بادیوشدا خود لە سیاسەت دا شوێنێ تایبەت و گرینگی هەیە(2). 
بەپێی حالیببونمان لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتی بادیو ناوبراو واتای گۆڕان وەک واتاێ فەلسەفی شیدەکاتەوە و لە واتای گۆڕان شیاویێ نوێ بەدیدەکا هەروەها بە بەرپرسیاریەتییەوە ،بەرپرسیاریەتی لە فەلسەفەش، دەیبەستێتەوە و خوێنەرانی فەلسەفەش لە ڕۆژئاوا لەسەر ئەو هەقیقەتە ڕادێنێ کە بە واتای بەرپرسیاریەتیەوە خۆببەستنەوە. لە سمینارەکەدا ئەو وێنەیەی تیا دروستکردین کە پێویستە فەلسەفە دەرک بە ڕاستیەکان بکات. بەبێکومانیشەوە گوزارشت لەوەدەکەین کە، لەم ڕوەوە بادیو سەرکەوتنی باشی لەم چەند سالەی دوای لە نێوەندە فەلسەفییە فرانکۆفۆنی و ئەنگلۆفۆنیەکانا بەدەستهێناوە بەوەی ڕەخنەی تووندی ئاڕاستەی سیاسەتی ناسنامە (بۆنموونە ژیندەر) و ئەو هیچگەرا کولتووریە کردووە کە لەڕێگای تێزە فەلسەفیە پۆست مۆدێرنەکانەوە لەدایکبوون.
لە هزری بادیو دا،کە ئەمە لە ووتنەکانی ئێوارە سمینارەکەشدا بەرگوێدەکەوت، سیاسەت واتاێ گرینگە بۆ توێژینەوەی فەلسەفی و شوێنێ بەرینی لە نووسینە فەلسەفیەکانیا داگیرکردووە. سیاسەت کە لە پێوەندیدایە بە دۆزەوە ئەم دۆزە دەکارێ کردەی سیاسی دەستنیشانکا ئەوەش کە پێیدەلێن مێژووی سیاسەت ،کە بەخۆی لە مێژووی دەولەتیش بریتییە، مێژووێکە لە هزر. واتە سەرنجخستنەسەر مێژووی سیاسەت وەک مێژووی هزر باسێ بەردەوامی بادیوە لە نووسینە فەلسەفیەکانیشیدا. بەدەم قسەکردنەوە لە دۆز و سیاسەت بادیو قسەی لە دۆزی سیاسی تازەش کرد بەتایبەت ڕووداوەکانی ئەم دواییەی جیهانی عەرەبی. بەڵام لە کرۆکی باسەکانیدا هەمیشە باس دەهاتەپێش لەسەر ستالین، ستالین وەک بەشێ لە مێژووی سیاسەت و دۆز. ستالین وەک مێژووی تاوان و تیرۆر. بەڵام بەگرێدانەوەی ئەم لایەنە بە دۆزی سیاسی ئەو دەمەی ستالین تاوانەکانی تیا ئەنجامداوە. واتە باری سیاسی جەنگی جیهانی دووەم و دەرکەوتنی هێزگەلێ نامرۆی وەک نازیزم و فاشیزم. بەڵام بادیو چ لەو ئێوارەکۆڕە و چش لە توێژینەوە هزرییەکانیا نکولیلەوەناکات کە ستالینیزم دیرۆکێکە لە زۆرداری و زیانێ مەزنی لە سیاسەت داوە. بۆ بادیو ستالین ناوێکە پڕ لە ئالۆزی. ئەم ناوە پرسیارێکە لەسەر دیرۆکێ سیاسی و دۆزێ زێدە ئالۆز.
بادیو لە سمینارەکەدا واتای سیاسەت و ماتماتیک (بیرکاری) ی وەک هەموو جارێ پێکەوەگرێدا و لەو گرێدانەوەیەدا واژە و دیدی نوێی لێوەبەرهێنا کە هزری گوێگری (لە نووسینەکانیا هزری خوێنەر) پیێبەرین و کراوە دەکرد. بەباوەڕێ ئێمە ، گەر خوێنەرانی دیتنە فەلسەفیەکانی بادیو بیانەوێت لەوە حالیبن کە سیاسەت لە هزری فەلسەفی بادیو دا چیدەگەێنێت گرینگە بزانن نەک هەر چۆن بادیو پێناسەی ئەو شتە دەکات کە پێیدەلێن سیاسەت بەلکو ئەوەش کە پێیدەلێن ناسیاسەت. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی ئێمە پێمانوایە ناسیاسەت کە گۆڕان بەرهەمناهێنێت شتێ تریش دروستدەکا کە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە دەکارین ناوینێین ئاگای (هوشیاری) خراپ. بۆئەوەی ئەم جۆرە ئاگایە بەرهەمنەێت پێویستمان بە سیاسەتە، بەو شتەی ئیتیکی خراپ سەرکوتدەکا. بەڵام پێویستمان بەوەدەبێت بزانین کامە سیاسەت ،کامە گۆڕانی سیاسی ،ئاگای باش(نەک بەد) دروستدەکا. ئەلبەتە لێرەدا دەشێ ئەوەش بووترێ ئەو دەمەی گۆڕان ڕوودەدات دەبێ سیاسەتێک هەبێت بەو جۆرەبێ کە ئاکام هەبێت و ، بۆئەوەی ئەمەش ڕووبدات، واتە سیاسەت ئاکامداربێت، زۆرئاساییە قووربانی هەبێت بەڵام لەکۆتایدا پێویستە لەوەبگەین ئەی کوا کۆڕان؟ واتە پێویستە بەلگە بەدەستەوەبێت کە گۆڕان هەیە یان گۆڕانکاریکراوە. ئەو وەختەی سیاسەت ڕاستەقینەنابێت شتێ نییە پێیبلێن گۆڕان بەڵام زۆرئاسایە قووربانی و تاوان و چی و چیش هەبن وەلی ئەوەی مەبەستبووە وونە، کە گۆڕانەکەیە. بەکورتی کە باس دێتەسەر گۆڕان لە سیاسەتدا پێویستە ئەم گۆڕانە ببینرێت و ئەمەش تەنیا سیاسەتی ڕاستەقینە دروستیدەکات.
لەکۆتایدا دەمەناوێت ئەوە وەبیرخەینەوە کە بادیو لەسەر ئاستی ئەکادیمی مەستی گۆڕینە، وێلی هێنانەکایەوەی گۆڕانکارییە لە تێگەیشتنە فەلسەفیەکان. ئەم بیرمەندە هەرزوو وەبەتایبەت لەکارە فەلسەفیە قەبەکەیدا ( بوون و ڕووداو، 1988) نەخشەی ئەو گۆڕانە فەلسەفییە بەرچاودەخا کە فەلسەفەی فەڕەنسی بەتایبەت و ئەمجار فەلسەفەی ئەورووپای (بەشە کۆنتنێنتالەکەی ئەم فەلسەفەیە) پێویستیەتی. ئەوەش کە ئەم گۆڕانە لەسەر ئاستی فەلسەفی نەهاتۆتەکایەوە ناوبراو لەزۆربۆنە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گرفتانەی فەلسەفەی پۆستمۆدێرنی فەڕەنسی لەبەردەم فەلسەفەدا دروستیکرد .
مایەوە ئەوەش بێژین لەگەل ئەوەش کە بادیو لە ئێستادا فیگورێ دیاری ناو فەلسەفەی کۆنتنێتالی فەڕەنسی و ئەورووپاییە وەلی لە مێدیای فەڕەنسی دەرناکەوێت و زۆرخۆی لەو مێدیا بازرگانییەی فەڕەنسا بەدوورگرتووە لەبڕیئەوە بەزۆری کار لەسەر توێژەرەوان و ڕوناکبیرانی فەڕەنسی لە زانگۆکانا دەکا و ئەمەو گەشتێ زۆر بۆ زانگۆکانی ولاتانی ئەووروپا و ئەمەریکاش دەکات.  

(1). بەشی فەلسەفەی “کۆلێژی نۆرمال سیپێریۆر ” “(کە بە قووتابخانەی باڵا ناسراوە) دەشێ وەک باخچەی هزری فەڕەنسی تەماشاکرێ و لەم بەشەی ئەم کۆلێژەدا و لە بەشەکانی دیشیدا(ئەدەب و وانستی زمان و کۆمەلناسی) گەلێ لە ڕوناکبیر و فەیلەسوفە کۆنتنێنتالە فەڕەنسیەکان وانەیان تیاوتووتەوە (لوی ئالتیسێر، دێریدا، بێرگسون، هیپۆلیت، فوکۆ، ژۆرژ کانگلیم ، سارتەر، میرلو- پونتی ، بێکت، پول سیلان، ژۆرژ دیمیزیل، بوردیو، دیرکهایم و.. هتد). خودی ئەم کۆلێژەش لەگەل شۆرشی فەڕەنسی،سالی 1794،هاتۆتە دروستکردن. لە ئێستادا بادیو لەم کۆلێژە پرۆفیسۆری فەخریە(ئمێریتیۆس)، بەمانای ئەوەی کە خانەنشینکراوە وەلی بۆی هەیە سەردانیبکا و هەندێ ئەرک بەجێبێنێ. بادیو کە ئێستا 74 ساڵانە بەرچاوترین بیریاری ئەم کۆلێژە و فەڕەنساشە ئەمەش بەبێگومانەوەپاش مردنی گەورەبیریارانی ئەم کۆلێژە و ئەمجار فەڕەنساش لەم دوو یان سێ دەیەی دوایدا (وەک: لاکان، فوکۆ، دولۆز، دێریدا، لیوتار، بۆدریار، بلانشۆ، ودواترینیان وەک ڤیلیپ لاکۆ- لابارت ، و شتراوس و دانێل بینسەئید و..هتد) و هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بادیو لەئێستادا پڕبەرهەم و تێزە و کارەکانیشی بەردەوام وەردەگێڕدرێنە سەر زمانە گەورەکان (ئینگلیزی، ڕووسی، ئیسپانی، ئەلمانی، ئیتالی).
بەلێ لەئێستادا لە فەڕەنسا چەند بیریارێکی تر لە ژیانان کە لە بادیو بەتەمەنترن، وەک ئێدگار مۆغان(کە 4 مانگی تر دەبێ بە 90 سال) و میشێل سیر (80 ساڵانە)، وەلی لەئەمڕۆدا ناوی بادیو لەوان زێدەتر نێودەولەتیە ئەمەش بەپێی بینینی ئێمە لەلاێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوی لایسەرەوە باسکران و لەلاێدی بۆئەوەی کە بادیو لە سیاسەتی هەنووکە قسەدەکا و فەلسەفە بە ژیانی تاکەوە دەبەستێتەوە و نووسینەکانیشی فەلسەفین تا کۆمەلناسی بەبەراورد بە مۆغان و کەمتریش ئەبستراکتن بەبەراورد بە سێر. ئەمەو بەهۆی نووسینە هزریەکانی بادیو وە خوێنەر دەکارێ تێگەیشتن لەسەر ڕەوتی مێژووی هزری فەلسەفی ڕۆژئاوا پەیداکا و ئەو چالوچێڵانەش دەستنیشانکا لەو مێژووەدا هەبوونە. بێگومان ئێمە وەک پسپۆرێک لە فەلسەفەی هاوچەرخی فەڕەنسی ڕۆلی بیریارهاێکی وەک ئیتێن بالیبار (68 ساڵانە) و ژاک ڕانسیێر (61 سڵانە)، کە هەردووش دوو قووتابی فەلسەفی لوی ئالتیسێرن ، لە وتاری فەلسەفی هاوچەرخی فەڕەنسی کەمناکەینەوە.  
(2). ئێمە ئەو دەمەی تێزی دکتۆرانامەکەمان (( سیاسەت و ڕووداوی ڕاستی. هەنووکەی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی ئالێن بادیو)) لەسەر بادیو نووسی بە ووردی ئاماژەمان بۆ ئەم لایەنە کردووە (واتە خود و سیاسەت) و ئەوەمان ڕاڤەکردووە کە خود چیدەگەێنێ بۆ سیاسەت و سیاسەتی بێ خود چی بەسەردێت و ئەمانە بەسەریەکەوە لە هزری فەلسەفی بادیو دا چۆن کاردەکەن و مانا بەیەکتر دەبەخشن، بەهیوای ئەوەی لە دەرفەتێکا بکارین تێزی ناوبراو وەرگێڕینە سەر زمانی کوردی.

ئازاد حەمە/ پاریس
17-03-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.