Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
نەورۆز و قسەکانی سەرۆکی هەرێم و ترسی دوبارەبونەوەی مێژوو

نەورۆز و قسەکانی سەرۆکی هەرێم و ترسی دوبارەبونەوەی مێژوو

Closed
by March 22, 2011 گشتی

 دوێنێ 20. 03. 2011 لە ئاگرکردنەوەی نەورۆز و یادکردنەوەی نەورۆز و سەری ساڵی 2711 کوردیدا بووم، کە پێم وایە هەموو کوردێک لەم ڕۆژەدا هیوای ژیانێکی بەختەوەر و سەرفرازی خۆشگوزەرانی بۆ خۆی و خۆشەویستانی ئەخوازێت، و لە ڕێی سەماکردن لەدەوروبەری ئاگری نەورۆز و لەژێر ئاڵای کوردستاندا ئەیەوێت هەموو ڕووداو و شتە ناخۆشەکانی ساڵی ڕابوردوو بداتە بەر کڵپەی ئاگری نەورۆز و باری خخۆی ئاسان بکات، هەروەها دەیەوێت بە ڕوناکی هەمان ئاگر پێشوازی لە ساڵی نوێ بکات و ئاواتەکانی بێنێتە دی.
کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە گوێبیستی سەرۆکی هەرێم بووم کە پەیامی نەورۆزی بە گەلی کوردستان گەیاند، ئای چەند خۆشە کە ووڵات بیت و سەرۆکی ووڵاتەکەت وەک سەرۆکی هەموو ووڵاتانی دونیا پەیامی خۆی بۆ گەلەکەی بنێرێت و وەک باوک و دایکی گەل بەسەرهاتەکانی ساڵی پێشو و ئامۆژگاری و ئومێدەکانی بۆ ساڵی داهاتوی گەلەکەی باس بکات. هەڵبەتە سەرۆکی هەرێمیش چوە سەر کۆمەڵێک خاڵی گرنگ کە پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستای کوردستان و وەبیرخستنەوەی سەروەرییەکانی مێژووی گەلی کورد لەدێر زەمانەوە و ئەو سەروەریانەی تۆماریان کردوە بۆ وەدیهێنانی ئەمڕۆ. وتەکانی سەرۆکی هەرێم و ئەو شێوەی قسەی پێدەکرد جۆرە بارقورسی و خەمبارییەکی زۆری پێوە دیار بوو و لە میانی قسەکانیدا چووە سەر زۆر بابەت و هۆشیاریدان و پەیمانی هەمەجۆریش کە بوو بەهۆی نوسینی ئەم بابەتەم.
ئەوەی زیاتر لە قسەکانی سەرۆکی هەرێمدا جێی سەرنج بوون، یەکێکیان باسی ئەوەی کرد کە حیزب ئەتوانێت لەگەڵ حیزبەکانی ووڵاتانی دیکەدا پەیوەندی دروست بکات نەک لەگەڵ حکومەتەکانیاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و حکومەت ئەتوانێت دانیشتن و پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکاندا بکات نەک حیزب. ئەوی دیکەشیان یادکردنەوەی کاوەی ئاسنگەر بوو کە دەستەواژەی کاوەی شۆڕشگێڕی بەکارهێنا، ئەو دوو دەستەواژە لەم بارودۆخە و بەو شێوە ووتنە، زەنگێکی سەرنج ئامێز لای خەڵکی نەتەوەیی دروست دەکات، و لەگەڵ هاوڕێیەکی نەتەوەی تەرەقە سوری وەک خۆم باسی دوبارەبوونەوەی مێژوومان دەکرد و مەترسی دوبارەبونەوەی یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە مێژوویەی پێش 2711 ساڵمان دەکرد کە کاوەی ئاسنگەری کوردی چەوساوە، چیتر پێی نەما و هاتە مەیدان دژ بە زوحاکی خوێنمژی حاکم کە ئەویش هەر کورد بوو، ڕاپەڕی و توانی سەری پان بکاتەوە و پاشایەتیەکەی بڕوخێنێت،  و فەرەیدون بکات/ بێتە سەر حوکم لەجیاتی زوحاکی، لێرەدا یەک کرتە هەیە لای من بوو بە پرسیار، ئەویش ئەوەی کە فەرەیدونی پاشا فارس بوو.
تۆ بڵێی قسەکانی سەرۆکی هەرێم لە مەترسی دوبارەبونەوەی ئەو مێژووە بوبێت؟ و لەبەر ئەوە شێوەی داڕشتن و ناردنی پەیامەکانی وا خستە ڕوو؟  یان هەستیاری و ناهەمواری بارودۆخەکە وای کردووە کە پەیامی سەرۆکی هەرێم ئەو شێوە داڕشتنە بەخۆیەوە ببینێ، و بە شێوەیەکی (عەفەوی) ووتویەتی.
 دیاردەیەکی تر کە لە ڕۆژی نەورۆز و لە یادی هەڵەبجە و ووتار خوێندنەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرکۆماری عیراقیش بەڕوونی هەموو ئاڵا زەرد و سەوزە کۆنەکان دەرکەوتنەوە و لە کۆبونە جەماوەریەەکاندا ئەشەکانەوە، و لەنێوان غەڵبە غەڵبی شەکانەوەی سەدان یان هەزاران ئاڵای زەرد و سەوزدا، تاک و تراکیش ئاڵای کوردستان خۆی ڕائەوشان و بەدوای هاوشێوەیەکی خۆیدا ئەگەڕا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خەمی دڵی بۆ باس بکات، بەڵام هێندە ئاڵاکان لەیەک دور بوون بە هاواریش دەنگیان نەدەگەیشتە یەکتر، تۆ بڵێی ئەمەش ئاماژە بە دوبارەبوونەوەی مێژوویەکی نزیکی پڕ نەهامەتی نەکات؟  پێشتر کە خەڵکی کوردستان لە نێوان شەڕی دوو ڕەنگدا ئەو هەموو نەهامەتیانەیان بینی، ئەی ئێستا کە ڕەنگی شینیش هاتوەتە مەیدانەوە و بەهەمان ئاست ئاڵاکەی بەرز دەکاتەوە، تۆ بڵێی حاڵی گەلی کوردستان چۆن بێت ئەگەر ئەو مێژووە بە سێ ڕەنگەوە دوبارە بێتەوە.
زۆر لە مێژووناسەکان دەڵێن مێژوو خۆی دوبارە ئەکاتەوە، بەڵام مێژوونوس جێمس بلفۆر ئەڵێت مێژوو خۆی دوبارە ناکاتەوە بەڵکو مێژوونوسەکان یەکتری دوبارە ئەکەنەوە، ئەگەر لەهەردو ووتەکان بکۆڵینەوە و بەراوردی بکەینەوە لەگەڵ مێژووی پڕ مەینەتی گەلی کوردا، دەردەکەوێت دوبارەبوونەی مێژوو لەلایەن خۆیەوە بێت یان لەلایەن مێژوونوسەکانەوە، ئەوا هەر کارەسات بەخۆیەوە دێنێ.

20 . 03 . 2011
colnadar@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.