
ڕاپه‌ڕینی لیبیا و بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش
له‌گه‌ڵ شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و خرۆشانانه جه‌ماوه‌ریه‌کانی تونس و میسر و ناوچه‌که به‌گشتی، لیبیاش یه‌کێک بوو له‌و ووڵاتانه‌ی ڕاپه‌ڕینی تێدا به‌رپابوو. قه‌زافی سه‌رۆکی لیبیا له‌کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕینی ووڵاتی تونس به خه‌ڵکی تونسی ووت: ( ڕاپه‌ڕین مه‌که‌ن، له بن عه‌لی باشترتان ده‌ست ناکه‌وێ بیکه‌نه سه‌رۆک)، ئه‌و یه‌که‌م سه‌رۆک بوو گاڵته‌ی به ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری تونس کرد. قه‌زافی له‌بیری چوو بوو که باوی دیکتاتۆریه‌ت نه‌ماوه و گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری له‌بنه‌وه ڕزاندویهتی، نه‌یده‌زانی هه‌موو زانایی ئه‌و و دیکتاتۆره هاوشێوه‌کانی، درۆ و خڵه‌تاندن و به‌زۆر ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رکوت هێشتونیه‌تیه‌وه. ڕوون و ئاشکراشه یان ده‌بێت دیکتاتۆره‌کان مل به‌خواست و داواکاری ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌شخوراو بده‌ن، یان ده‌که‌ونه‌به‌ر بڕیاری شۆڕشی توڕه‌یی خه‌ڵکی ناڕازیی و به‌هێزی پۆڵاینی جه‌ماوه‌ر ده‌ڕوخێنرێن، هه‌روه‌ک وه‌ک چۆن له تونس و میسر بن عه‌لی و موباره‌کیان وه‌ده‌رنا.
لیبیا له ساڵی 1986 دا یه‌که‌م لێدانی سه‌ربازی به‌ده‌ستی ئه‌مریکا خوارد، واجارێکی تریش هه‌مان سیناریۆ به پاڵپشتی بڕیارنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دووباره ده‌بێته‌وه، هه‌ر پێنج ووڵاتی فه‌رنسا و ئیتالیا و به‌ریتانیا و که‌نه‌دا و ئه‌مریکا، وههاوکاری ووڵاتانی که‌نداو، بڕیاری لێدانی سه‌ربازیان به‌کرده‌وه ڕاگه‌یاند، وه هێرشی سه‌ربازیان له ئاسمان و ده‌ریاوه ئاڕاسته‌ی لیبیا کرد. کاتێ ئۆپۆزسیۆن و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی لیبیا له‌لایه‌ن هێزه‌کانی قه‌زافیه‌وه خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرێن، کاتێ چه‌ند شارێکی لیبیا ده‌که‌وێته ده‌ستی خۆپیشانده‌رانه‌وه، ئیتر ده‌سه‌ڵاتی قه‌زافی ده‌که‌وێته مه‌ترسیه‌وه، زۆر دڕندانه و بێ به‌زه‌یانه هێزی تایبه‌تی قه‌زافی هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر ئه‌و شارانه، ئه‌مه‌ش وا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌کات بڕیاری لێدانی سه‌ربازی قبوڵبکات. ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا ئایا ئه‌م بڕیاره له‌خزمه‌ت به فریاکه‌وتنی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی لیبیاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ یان له‌پشت ئه‌م لێدانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری ئه‌و ووڵاتانه خۆی شاردۆته‌وه؟ وه ئایا به‌ڕاستی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ڕوخانی ڕژێمی قه‌زافیدایه؟.
له دوای بیست ڕۆژ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قه‌یرانه پڕۆسه‌ی لێدان ده‌ستی پیکرد. ناڕۆشنیهک له‌ڕای که‌سایه‌تیه سه‌ربازی و سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت لێدانی هێزه سه‌ربازیه‌کانی قه‌زافی به‌رچاو ده‌که‌وێت. له‌لایه‌ک ده‌ڵین ده‌مانه‌وێ ڕێگری له هێرشی سه‌ربازی قه‌زافی بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن له‌شاره‌کانی سه‌بها و مسراته و زاویه و ئه‌جدابیا بکه‌ین پاش پیشێل‌کردنی بڕیاری پشتێنه‌ی ئاسایشی ئاسمانی یوئێن له‌لایه‌ن قه‌زافی و هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی بۆ سه‌رشاری به‌نغازی بنکه‌ی ئۆپۆزسیۆن و کوشتنی دانیشتوانی سیڤیلی ئه‌و شارانه. له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌ڵێن ده‌مانه‌وێت ئه‌و ڕژێمه‌ی قه‌زافی بگۆڕین و ڕژێمێکی دیموکراسی بێنینه کایه‌وه. لیره‌دا که باسی دیموکراسی له‌ده‌می ئه‌مریکاوه ده‌بیستین، یه‌کسه‌ر عێراقمان به‌بیر دێته‌وه که چۆن دیموکراسی ڕۆژئاوایی له‌ڕێی داگیرکاریه‌وه ژیانی خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته‌ی تووشی ئیفلیجبوون و دواکه‌وتوویی کرد، وه ڕژێمێکی تایفی کۆنه‌په‌رستی تری له‌جێگه‌ی دامه‌زراند.
ئه‌وه‌ی له هه‌ڵوێستی ووڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا هه‌ستپێده‌کرێت، دڵسۆزی ئه‌و ووڵاتانه نیه بۆ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی لیبیا، به‌ڵکو خۆ هه‌ڵقورتاندنی ئه‌وانه بۆ له‌باربردنی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی له جیهانی عه‌ره‌بیدا. یه‌که‌م شتێک له‌کاتی ده‌رکردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسیشدا، قه‌زافی هه‌ڕه‌شه‌ی له ڕۆژئاوا کرد به پشتگیریکردنی قاعیده دژی ئه‌و ووڵاتانه، ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وان بوو، بۆ زیندووکردنه‌وه و به‌هێزکردنی ئیسلامی سیاسی له‌و ووڵاتانه‌دا که ئێمه بینیمان له شۆڕشی تونس و میسردا په‌راوێزخرابوون. وه پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌کانی ڕۆژئاوایه به تایبه‌تی سامانی نه‌وتی لیبیا که قه‌زافی هه‌ڕه‌شه‌ی فرۆشتنی به هیندستان و ڕوسیا و چین ده‌کرد. له کاتێکدا کۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌کان گرێبه‌ستی بازرگانی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ لیبیا هه‌بوو به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا. له‌لایه‌کی دی هه‌ڵوێستی ووڵاتانی عه‌ره‌بی ئه‌ڵقه له‌گوێی ئه‌مریکا و ڕۆژئاوایه، که پاڵپشتی له لێدانی قه‌زافی ده‌که‌ن، به‌ڵام پشتگیری له سه‌رۆکی یه‌مه‌ن و پاشای به‌حره‌ین دژی خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌ریه‌کان له‌و دوو ووڵاته‌دا ده‌که‌ن.
دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌ساتی داگیرکاری وه‌ک عێراق و ئه‌فغانستان له قازانجی خه‌ڵکی لیبیادا نیه، چونکه ئه‌و ووڵاتانه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووری و سیاسیه‌کانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕین و له‌پاش له ده‌ستدانی بن عه‌لی و موباره‌ک به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤی هاوپه‌یمانی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێن، هه‌روه‌ها ڕێگرتن و به‌لاڕێدا بردنی شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی و پشتکردنه خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م مێژووه بۆ دواوه له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی توندوتیژی و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕه‌وه. وه تێکدان و خاپوورکردنی بنه‌مای ئابووری ئه‌و ووڵاته و گه‌رمکردنی بازاری چه‌ک فرۆشتن. ده‌ست خستنه کاروباری ئه‌و ووڵاتانه و قه‌رزاربار کردنیان به تێچوونی خه‌رجی شه‌ڕ که ڕۆژانه ملیۆنه‌ها دۆلار نرخی موشه‌کی تۆماهۆ و فڕۆکه جهنگیهکانیانه، که سعودیه خستویه‌تی سه‌ر شانی خۆی، سه‌ره‌ڕای به‌شداری ڕاسته‌وخۆی قه‌ته‌ر له‌شه‌ڕه‌که‌دا. که‌واته به‌ڕوخانی قه‌زافی یان نه‌ڕوخانی، ئه‌وان له ئێستاوه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ئه‌و ووڵاته بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان و ژێر باری قه‌رزه‌وه.
مه‌ترسی ده‌ست خستنه کاروباری ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا له ووڵاتانه‌دا به یارمه‌تی و له‌ڕێی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه، ڕێگریه له دیاریکردنی چاره‌نووس و ئایینده‌ی خه‌ڵکی ئه‌و ووڵاتانه به‌ده‌ستی خۆیان، وه ده‌یانه‌وێ ئه‌مه بکه‌نه پاساو خویه‌ک بۆ خۆهه‌ڵقورتاندن له کاروباری ووڵاتان. ئه‌ویش به سیاسه‌تی خه‌ڵک هه‌ڵخڵه‌تاندن، ووڵاتانی ڕۆژئاوا به‌رگری له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی و ستراتیژ و هه‌ژمونی خۆیان له‌ناوچه‌که‌دا ده‌که‌ن. ئه‌گینا کاتێک ئیسرائیل له ساڵی 2009دا په‌لاماری غهزهیدا خه‌ڵکێکی زۆری سڤیل کوژران و ئاواره‌بوون، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش نه‌ک دژی ئیسرائیل بڕیاری شه‌ڕی سه‌ربازی نه‌دا به‌ڵكو نه‌یتوانی بڕیاری وه‌ستانی هێرشی ئیسرائیل بدات و پشتێنه‌ی ئاسایشی بۆ خه‌ڵکی سڤیل دروست بکات،. بگره کۆندۆلیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا هه‌ڕه‌شه‌ی ڤیتۆی کرد له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و لایه‌نگریان له هێرشی سه‌ربازی ئیسرائیل ده‌کرد سه‌ره‌ڕای وێرانکردن و کوشتارگه‌ی غه‌زه.
به‌رپرسیارێتی ئه‌م کاره‌ساته‌ش له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی لیبیایه، له‌لایه‌ک به‌چه‌ک وه‌ڵامی داخوازی خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌نه‌وه و له‌لایه‌کی تر پاساو ده‌ده‌نه ده‌ست ووڵاتانی ڕۆژئاوا له‌ژێر په‌رده‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش‌دا به مه‌رامه سیاسی و ئابووریه‌کانیان بگه‌ن. کاتێ 17 ی شوبات جه‌ماوه‌ری شاری به‌نغازی ئاشتیانه داوای ماف و ئازادیه‌کانی خۆیان ده‌کرد، قه‌زافی دوای 40 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری زۆر دڕندانه به‌ربووه گیانی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی، قه‌زافی و سه‌یف ئیسلامی کوڕی و بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ته‌ما نین واز له ده‌سه‌ڵاتی حوکم بێنن، ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر وێرانکردنی ووڵات و سه‌رکوت و کوشتنی خهڵکیشدابێت. هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا خه‌ڵکی به‌نغازی ده‌ستیان بۆ چه‌ک نه‌بردبوو، به‌ڵام دڕنده‌یی ده‌سه‌ڵات و ده‌ستگرتنی خه‌ڵک به‌سه‌ر جبه‌خانه‌کانی ناو به‌نغازیدا ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی چه‌کداری لێکه‌وته‌وه.
سه‌ره‌ڕای په‌نابردنی ڕژێمه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه بۆ توندوتیژی و سه‌رکوتی خه‌ڵکی ناڕازی ڕاپه‌ڕیو و کوشتن و بریندارکردنی سه‌دان که‌س له‌هه‌ر ووڵاتێکدا، به‌ڵام له‌باره‌ی باردۆخی لیبیاوه گه‌وره لێپرسراوێکی ئه‌مریکی ووتی: ( فرسه‌ته چاوێک به بهرژهوهندیهکانمانا بخشێنینه‌وه). واته مه‌سه‌له‌ی لیبیا هه‌لێکه بۆ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی تا بێنه‌وه ناو هاوکێشه‌ی سیاسی و ڕووداو ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه و هاوسه‌نگیه‌ک به‌هێز و هه‌ژمونی خۆیان بده‌ن. ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌یانه‌وێ خامۆشی و ساردیهکیش بده‌ن به خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک، دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاپه‌ڕینانه له سعودیه و ووڵاتانی تری که‌نداو، وه خه‌ریک کردنی جیهانیش به‌م شه‌ڕه‌وه. وه ده‌ست به‌سه‌راگرتنی پاره و سامانی قه‌زافی له ئه‌مریکا که 31.5 ملیار دۆلار (هه‌رچه‌نده قه‌زافی ئۆبامای به‌کوڕی خۆی ناوبرد) و 10 ملیاریش له بانکه‌کانی به‌ریتانیا.
کاتێک باهۆزی ئه‌م ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه گه‌یشته سوڵتان قابوسی میرنشینی عومان، ئیتر ئه‌مریکا و ڕۆژئاوا ته‌واو نیگه‌ران بوون و به‌دوای پیلانێکه‌وه بوون، بۆ له‌باربردنی ئه‌و شۆڕشه و ته‌شه‌نه‌کردنی، بۆیه ده‌بێت خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی لیبیا ئاگایانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا بکه‌ن و نه‌هێڵن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له خواست و داواکاریه شۆڕشگێڕیه‌کانیان دووریان بخه‌نه‌وه. هه‌رگیز ئایینده‌ی ئه‌و ووڵاته نه‌ده‌نه ده‌ست ئه‌مریکا و لایه‌نگرانیان. چونکه ئه‌وانه هه‌میشه داگیرکه‌ر و چه‌وسێنه‌رن، ئه‌وانه هێزی سه‌رمایه‌دارانی جیهانن و داگیرکردن و کوشتن و وێرانکاری پیشه‌یانه، نابێ به به‌ڵێن و گفتاریان هه‌ڵنه‌خڵه‌تێن و عێراق و ئه‌فغانستان وه‌بیر بێنه‌وه که‌چۆن و به چ ده‌ردێکیان برد. ته‌نیا یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی خه‌ڵکی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و شۆڕشگێڕ بۆ ڕزگاربوون له دیکتاتۆری و چه‌وسانه‌وه زامنی سه‌رکه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی خواسته ڕهواکانتانه له پێکهێنانی ئایینده‌یه‌کی ڕووناک و گه‌شدا.
ئازاد به‌کر
23.03.2011