ڕۆشنبیر له ته‌نگه‌ژه‌ی فیکریدا ….. ئازاد به‌کر
ئه‌م ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌ی ئێستا ناوچه‌که‌ی داگرتووه، بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌ی پێشکه‌ونخواز و ئازادیخواز و جه‌ماوه‌ری به‌شخوراوه بۆ گه‌یشتن به مافه سه‌ره‌تاییه ئینسانیه‌کانیان، وه ڕزگاربوونه له‌ڕژێمه تۆتالیتاره دیکتاتۆره‌کان، نه‌ک شۆڕشێکی چینایه‌تی و ڕیشه‌یی قووڵ بۆ هه‌ڵپێچانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. ئه‌وه ڕۆشنه په‌رچه‌م و ئاسۆیه‌ک ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌رزیکردۆته‌وه، له خواست و داواکاریه هه‌نوکه‌یی و سه‌ره‌تایه‌کانی گشت چین و توێژه‌کاندا به‌رجه‌سته‌بووه. به‌ڵام خه‌باتی چینایه‌تی، ئاواتی زۆر له‌وه زیاتر و گۆڕانکاری قوڵتری له‌ناخی به‌شی ڕادیکاڵ و چه‌پ و کرێکارانی کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ڵگرتووه. له ساڵی 1991 دا ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری به‌رپاکرا، به‌ڵام ناسیۆنالیزمی کوردی، هێرشی بۆ سه‌ر شوراکانی خه‌ڵک ده‌سپێکرد و خواستی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی له‌باربرد، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه ڕۆشنبیرانی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد ده‌یانه‌وێ له‌ژێر په‌رده‌ی گۆڕین و نوێگه‌ری‌دا هێرش بکه‌نه سه‌ر حیزب و ئایدیای چه‌پ و مارکسیزمی، چونکه هه‌ست ده‌که‌ن ڕۆڵی ئایدۆلۆژیا و فه‌لسه‌فی بۆرژوازی ڕزی و به‌سه‌رچوو.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا ڕاپه‌ڕیوه ڕووی ڕه‌خنه‌و په‌نجه‌ی تاوانی ڕوو له‌ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبی کوردیه، که‌چی ئه‌وه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه، ئه‌م ڕۆشنبیرانه ڕووی ڕه‌خنه‌یان کردۆته مارکسیزم و بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و خه‌ریکی ڕێکخستنه‌وه‌ی ماڵی ناسیونالیزمن. شانازیش به مێژووی چه‌ند ساڵی تاوانکاری ناسیونالیزمی کوردیه‌وه ده‌که‌ن و به مێژووی پاراستن و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه وه‌سفی ده‌که‌ن، به‌قسه‌ی خۆیان ئه‌م هه‌نگاو و پڕۆژه‌یه‌ی ئێستاشیان، به‌بێ بوونی میکانیزم و پلاتفۆرم و به‌رنامه‌یه‌کی ڕۆشن، ئیشکردنه له‌سه‌ر گۆڕینی وێنه‌ی خود و نه‌ته‌وه و مۆدێرنکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی. ئاشکرایه کاتێک بزووتنه‌وه‌یه‌کی خۆڕسکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ر‌هه‌ڵده‌دات، هه‌ر حیزب و گروپ و ڕێکخراوێک به ئه‌جندای فیکری و ئایدیۆلۆژی خۆیه‌وه کار له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌که ده‌کات و هه‌وڵده‌دات به‌قازانجی بزووتنه‌وه‌ی فیکری خۆیدا ڕایبکێشێت، ئیتر ئه‌وه ڕاست نیه بڵێی له‌پشتی بزووتنه‌وه‌که‌دا ئایدۆلۆژیا بوونی نیه. هه‌موو ئایدۆلۆژیاکان کار له‌سه‌ر ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌که‌ن به ئایدۆلۆژیاکه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌شه‌وه، هه‌ر لایه‌نێکیش ده‌یه‌وێت بزووتنه‌وه‌که له ڕوانگه‌و دیدی خۆیه‌وه ئاڕاسته بکات و ڕابه‌رایه‌تی به‌ده‌سته‌وه بگرێت.
هه‌مووکات بۆرژوازی خه‌و به شکستی فیکری کۆمۆنیزمه‌وه ده‌بینێت، له‌مێژه ده‌هۆڵی نه‌مانی کۆمۆنیزمی خستۆته به‌رنامه‌ی کاریه‌وه. ئێستاش تێناگات و خۆی گێل ده‌کات، له‌وه‌ی که له‌شوره‌وی دوای مه‌رگی لینین‌دا ڕوویدا سۆسیالیزم نه‌بوو. به‌ڵکو مۆدیلیکی تری سه‌رمایه‌داری بوو له‌ژێر په‌رچه‌می سۆسیالیزمدا، که ئه‌ویش سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی بوو، وه ستالینیش سه‌رکرده‌یه‌کی دیکتاتۆری ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆرژوازیه بوو. ئیتر هه‌ره‌سی کۆمۆنیستی چی؟ کاتێک ئه‌و ده‌وڵه‌ته هیچ ڕایه‌ڵێکی به کۆمۆنیزمه‌وه نه‌مابێت. من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌وه ده‌ڵێم، لاوازی و نائاماده‌یی ئایدۆلۆژیایی مارکسیزم له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا، یه‌کێکه له‌هۆکاری چه‌ق به‌ستن و نه‌چوونه پێشه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که. وه نه‌هاتنی به‌شی فراوانی هێزی کرێکار و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی چینایه‌تیش یه‌کێکی تره له لاوازیه‌کانی ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕۆشنبیرانه له قسه‌کانیاندا دان به‌وه‌دا ده‌نێن بێ بوونی ئایدۆلۆژیا ئه‌سته‌مه بتوانی سیسته‌می سیاسی و ئابووری کۆمه‌ڵگه بگۆڕیت. چونکه کاتێک تۆ سیسته‌مێک ڕه‌تده‌که‌یته‌وه ده‌بێت به لۆژیکی دیالیکتانه ئه‌لته‌رناتیڤی خۆت ئاماده کردبێت، ڕۆشنبیریش ئه‌و که‌سه‌یه جیاوازی له‌نێوان ئایدۆلۆژیایی سته‌م و سه‌رکوت له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیایی ئینسانی و شۆڕشگێڕانه‌دا بکات.
له‌شوێنێکی تردا باس له پراکتیز ده‌کرێ، به‌پێچه‌وانه‌ی لینینه‌وه ده‌ڵێن، ده‌کرێ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه بێ تیۆری سیاسی ئه‌نجام بدرێت. ئه‌گه‌ر فیکر په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌ژیانی ئینسانه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا تیۆریش به‌رهه‌می پراکتیکی فیکری ئینسانه، واته تیۆری قوڵبوونه‌وه‌ی فیکری ئینسانه له‌پراکتیکدا. وه هه‌رگیز له‌زانستی سیاسی بۆرژوازیشدا سیاسه‌تێک نیه بێ تیۆری سیاسی، وه تیۆری سیاسی یه‌کێکه له بابه‌ته سه‌ره‌کیه‌کانی زانستی سیاسی و له کایه‌ی زانستی سیاسیش‌دا پشتی پێده‌به‌سترێت، ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌که له گه‌شه‌ی فیکری سیاسی. هه‌موو فکرێکی سیاسیش له‌چوارچێوه‌ی تیۆریدا داده‌ڕێژرێت، واته سیاسه‌ت ته‌نها زاراوه و چه‌مکێکی ڕووت و گشتی و دوور له‌واقیع نیه. تیۆری سیاسی زاره‌وه‌یه‌کی ووشک و ئه‌قڵگه‌رایانه نیه، به‌ڵکو ڕاست و دروستی خۆی له مه‌یدانی کاردا پراکتیزه ده‌کات. بۆ نموونه، تیۆری سیاسی بۆرژوازی کوردی، له‌واقیعی کوردستاندا خۆی تاقیکردۆته‌وه، له‌نێوان واقیع و ئه‌و تیۆریه‌دا له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌وه که‌لێنێکی گه‌وره هه‌یه، له‌گه‌ڵ ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نه‌گونجاوه، به‌ڵام تیۆری سۆسیالیزم مرۆڤه‌کان ئازاد ده‌کات له حوکم کردنیاندا.
دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیرانی بۆرژوازی، له تیۆری و حیزب و ئایدۆلۆژیا و نایه‌کسانی لایه‌نی ئابووری کۆمه‌ڵگه، پوچ بوونی ناواخنی فیکری بۆرژوازییه، بۆچوونیشیان ده‌رباره‌ی دابڕانی تیۆری له پراکتیک و پشتگوێخستنی ئایدۆلۆژیا شتێکی تازه نیه و له‌مێژه ئه‌و ڕه‌خنه کرچانه له‌لایه‌ن بیرمه‌ندانی بۆرژوازیه‌وه ئاڕاسته‌ی مارکسیزم کراوه و وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه. ئه‌مانیش جارێکی دی ده‌بنه‌وه یاوه‌ری قوتابخانه‌ی وابه‌سته‌یی ئه‌نارشیستی و تیۆری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی، له ووتاره‌کانیشیاندا ڕه‌خنه‌یه‌ک له سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه به‌دی ناکرێت. له‌دیدگای فیکری ئه‌م جۆره ڕۆشنبیرانه‌دا هه‌ڵوێستێک هه‌یه، ئه‌ویش ڕه‌تنه‌کردنه‌وه و تێپه‌ڕاندنی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری، به‌لایانه‌وه ده‌رچوونه له مێژوو، سه‌ره‌ڕای به‌رهه‌مهێنانی جیهانێکی نایه‌کسان و پڕ که‌موکوڕی و چه‌وسانه‌وه له سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا. ئه‌م به‌ڕێزانه نازانن، له‌هه‌ر شوێنێکدا خه‌ڵک چه‌وسا‌وه و به‌شخوراو بوون، هه‌موو چرکه ساتێک چاوه‌ڕوانی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینیان لێده‌کرێ، نه‌ک ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر ده‌رئه‌نجامی ووتار و خیتابه‌کانی ئه‌وان بن، به‌ڵکو شۆڕش ده‌رئه‌نجامی بارودۆخێکی سه‌ختی په‌یوه‌ندی دواکه‌وتوانه‌ی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگه‌یه، وه گۆڕینیشێتی بۆ په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نوێ و سکۆلار و شارستانی و پێشکه‌وتوو.
هه‌لومه‌رجی شۆڕش، به‌جیا له ئیراده‌ی حیزب و چینه‌کان، له‌هه‌ر شوێن و کاتێکدا بارودۆخی بابه‌تی له‌باربوو پێکدادان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازیدا ڕووده‌دات و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی لێده‌که‌وێته‌وه، هه‌رچۆن ئێستا دروشمی نان و کار و ئازادی خه‌ڵکی هێناوه‌ته سه‌رشه‌قام، به‌ڵام کۆمۆنیسته‌کان ده‌زانن کرێکاران یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی شۆڕشن، هه‌وڵی هاتن و به‌شداریکردنیان ده‌که‌ن، خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کانیش به‌رگریکردنه له چینی کرێکار. بۆیه هه‌میشه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه سه‌رکوتکراون، وا ئێستاکه‌ش ڕۆشنبیرانی بۆرژوازی سیاسیانه به‌شداری له‌و سه‌رکوتکردنه‌دا ده‌که‌ن. ئه‌مان به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بزووتنه‌وه‌که‌یان بۆ گرنگ نیه، هێزی شۆڕشگێڕ و ناشۆڕشگێڕ، سکولار و مۆدێرن و ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و پێشکه‌وتنخواز له کۆنه‌په‌رستان جودا نا‌که‌نه‌وه. به‌ڵکو ده‌یانه‌وێ ئێستا و ئایینده‌ی جوڵانه‌وه‌که به ئاره‌زوو و تێگه‌یشتنی ناواقعیانه‌ی خۆیان پێناسه بکه‌ن. ئیتر ڕێکخستن و فراوانکردنی خه‌بات و تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری بێ منه‌ت ده‌که‌ن و له ئاکامدا شۆڕش و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی سته‌مدیده به‌ره‌و سازش و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌به‌ن.
هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه ده‌رکه‌وتنی جوڵانه‌وه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له‌ناو فۆرمێکی تایبه‌تی و خۆیه‌تیدا قه‌تیس بکه‌یت. چونکه ئه‌و ده‌رکه‌وتنه دیارده‌یه‌کی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماوه‌ریه له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا، به‌ڵام خیتابی سیاسی لیبرالێکی گڵۆبالیزمی و ئیسلامێکی سیاسی له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک ناوه‌رۆکی چینایه‌تیان هه‌یه و هه‌ردوو پێکه‌وه هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی هۆشیاری کێشه‌ی چینایه‌تی ده‌ده‌ن. ستراتیژیه‌تی ئه‌م جۆره ئایدیۆلۆژیانه‌ش خۆی له هێشتنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و گوێنه‌دان به ململانێی چینایه‌تیدا ده‌بینێته‌وه. هه‌روه‌ها کێشه‌ی چینایه‌تی له‌بواری ناکۆکیه کۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌کانه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ جیهانێکی خه‌یاڵی، ئه‌وه‌ش سیفه‌تی گڵۆباڵیزمی سه‌رمایه‌دارییه، له‌ژێره‌وه کار له‌سه‌ر به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌کان ده‌کات.
له‌م قه‌یرانه سیاسی و ئابووریه‌ی ئه‌مڕۆ کوردستانی پێدا تێده‌په‌ڕێ، کاری بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وه‌ڵام دانه‌وه‌یه به‌و کێشه و ناکۆکی و گرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی کۆمه‌ڵگه بوونه‌ته‌وه. دوای 20 ساڵ ئه‌زموونی تاڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردی، ناکرێ جارێکی تر به هه‌مان فۆرم و تێڕوانینه‌وه، پرۆسه‌ی گۆڕانکاری بنیادبنرێته‌وه. به‌هه‌مان سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی شکستخواردو ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگه له‌باری ئابووری و سیاسیه‌وه به‌ڕێوه‌ببرێیت. بۆیه پێویستمان به شۆڕشێکی ڕیشه‌ییه له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ئینسانه‌کاندا، تا مرۆڤه‌کان له چنگی سته‌م و چه‌وسانه‌وه ڕزگاریان بێت، وه کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دابمه‌زرێ نه‌ک ته‌نها ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵکو یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر و خۆشگوزه‌ران بۆ هه‌موان بێ جیاوازی.
تێبینی: ئه‌م وتاره له‌په‌راوێزی قسه‌کانی به‌ختیار عه‌لیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه که‌له ماڵپه‌ڕی ده‌ستوردا بڵاو بۆته‌وه.
25.03.2011