Skip to Content

Saturday, May 4th, 2024
مێدیای کوردستان لەم ڕەوشەدا لە خزمەتی کێدایە؟

مێدیای کوردستان لەم ڕەوشەدا لە خزمەتی کێدایە؟

Closed
by March 26, 2011 گشتی

کوردستان ئێستا بە ڕەوشێکی ئاسایی-نائاساییدا دەڕوات، هەرچەندە گرژیی و تەنگەژیی بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا ڕوون و ئاشکرا بێت. لە لایەکەوە ئاساییە چونکە ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییە ئەنجامی ئەو بەڕێوبردنەوەیە، کە دەسەڵاتدارانی کورد بەجێیان هێناوە لە ناوچەکەدا. لە هەمان کاتدا خۆپیشاندانەکان چمکێکی دیموکراسی پیشان دەدات، ئەگەرچی خودی خۆپیشاندانەکانن و کاردانەوەکانی لە هەندێک کاتدا لەوانەیە لە ڕەوتی دیموکراسی دەربچێت. لە لایەکی دیکەوە ئەم بارە دەتوانین بە نائاسایی بخەمڵێنین ئەویش لەبەر ئەو بارە تایبەتییەی، کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لە ناو جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا، کە تیایدا هەموو سیستێمە سیاسییەکانی دەوروبەر هەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکەن ئەم ئەزمونە بەرەو شکست بەرن و کێشەی تیادا دروست بکەن، بەڵام ئەوەی کە دەوروبەر نەیانتوانی پێی بگەن، ئێمە بۆمان جێبەجێ کردن، ئەویش بەرهەمی هەڵەی بەڕێوبردنی ناوچەکەیە لە لایەنە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، ئابووریی و پەروەردەیی و . . . هتد
ئەو پرسیارەی دەمەوێت بیخەمە بەردەمی خوێنەر ئەوەیە، ئایا ڕۆڵی مێدیای کوردی لەم ڕەوشەدا چۆن بووە، چی بووە و لە خزمەتی کێدا کاری کردووە و کار دەکات؟
گەلێک جار باس لە بوونی مێدیایەکی “سەربەخۆ و بێلایەن” لە کوردستاندا کراوە. واقیعی حاڵیش هەمیشە ڕاستیی ڕووی خۆی درەنگ بێت یان زوو پیشان دەدات.  ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستانیش ڕاستییەکی دەرخست، کە مێدیای کوردستان بێلایەن نییە و کە بێلایەنیش نەبێت واتە سەربەست نییە. لەم بابەتەدا زیاتر دەمەوێت کار لەسەر کەناڵە تەلەفزیۆنەکان بکەم وە دەبینین بە درێژایی کاتی ئەم ڕەوشە کەناڵەکان ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخستووە، کە بە کورتی لەم چەند خاڵانەدا دەتوانرێت دەستنیشان بکرێن:
– سەرتاپا کەناڵە کوردییەکان لە خزمەتی بۆچوونە حیزبییەکاندا کار دەکەن، ئەویش هەمیشە لە بوارێکی تەسکی زانیاریی و بۆچووندا خۆی دەبینێتەوە، چونکە لە دەرخستنی ڕاستییەکان، شیکردنەوەکان، بۆچوونەکان هەمیشە پابەندە بە ئاراستە و بۆچوونی حیزبەکەوە. لێرەدا ئەمە دەتوانین بە دوور لە کاری مێدیای ڕاستەقینە هەڵیبسەنگێنین، بەڵکو هەندێک جار دەکەوێتە کاری چەواشەکاری و کوێرکردنی بینەر لە ئاستی ڕاستییەکاندا.
– هیچ یەکێک لە کەناڵەکانی کوردستان لەسەر بنەمای دایەلۆگ و لەیەکگەشتن کاری نەکردووە، بەڵکو هەموو زمانی زبر و چەکوش کوتانیان بەکارهێناوە، کە ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆر نێگەتیڤی دەبێت لەسەر تاکی کورد بە تایبەتی لەسەر نەوە نوێکان، کە پێویستیان بە فێربوونی دڵی لێبوردن و لەیەکگەشتن و دایەلۆگ هەیە، چونکە گەر ڕۆحی دیموکراسی لە تاکی کۆمەڵدا بوونی نەبێت، ئەوا لە هیچ کۆمەڵگایەکدا دیموکراسی بنیات نانرێت. ئەم خەسڵەت و وێنە سەرلێشێواوەی کە مێدیای کوردی نمایشی دەکات کارێکی زۆر نێگەتیڤی هەیە لەسەر باری دەروونیی و تەنگەژیی تاکی کورد.
– بە داخەوە سەرتاپای مێدیاکان زمانێکی شۆڕشگێڕانەی توندڕەویان بەکارهێناوە، کە زۆرجار ڕەخنەکانیان ڕاستەوخۆ لەسەر بابەتی کێشە و ڕەوشی ئێستای کوردستان نییە، بەڵکو شەڕە قسەی نێوان مێدیاکانیان لە کەناڵەکاندا ئاشکرا کردووە. ئەمەش کارێکی زۆر ناکارمەندانە و دوورە لە خەسڵەتەکانی بنەمای مێدیا لە جیهانی سەربەستدا. لایەنە سیاسییەکان لە بواری مێدیاکانەوە خۆیان لەوە دوور خستۆتەوە، کە ئەم خۆپیشاندانە جوڵانەوەیەکی ناو کوردستانە بۆ چاکسازی لە بەڕێوەبردنی هەرێمدا، نەک شۆڕش دژی سیستمێک یاخود گێرەشێوێنییەک بە بۆچوونی ئەمیان یان ئەویان.
– مامەڵەکردن لە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە وە لە میانی مێدیاکانەوە لەم ڕەوشەی ئێستادا ئەوەی دەرخست، کە ڕۆحی دیموکراسی لە لوتکەی لایەنە سیاسییەکان و بیروباوەڕە جیاوازەکانەوە هێشتا زۆر دوورە لە ڕۆحی دیموکراسییەوە. چونکە خۆپیشاندان و پاراستنی خۆپیشاندەران و داکۆکیکردن لە ڕەوتی دەسەڵات خەسڵەتێکی ئاسایی هەموو سیستمێکی دیموکراسین، بەڵام لە کوردستاندا هەر سێ خاڵەکە کرا بە تراجیدیایەک. بە شێوەیەک قەوارەیەکی زۆر گەورەتری پێدرا لەوەی کە هەیە یان پێویست بوو هەیبێت، وەک ئەوەی لە هیچ شوێنێکدا خۆپیشاندانێک ڕووی نەدابێت تەنها لە کوردستاندا نەبێت.
– نەبوونی هێڵێکی دیاریکراو لە سیاسەتی مێدیاکانی کوردیدا، کە ئەویش ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ئەو لایەنە سیاسییانەیە، کە ئەو مێدیایە بەڕێوە دەبەن. جا لەلایەک خۆپیشاندەران بە گێرەشێوێن و جارێکی دیکە بە خاوەن حەق لە داواکارییەکانیدا، جارێک بە تێکدەر و جارێکی دیکە بە هۆکارێک بۆ چاکسازی، ئۆپۆزیسیۆنیش جارێک داوای بەشدارنەکردنی پارتی و یەکێتی دەکات لە دەسەڵاتدا، بەڵام لە لایەکی دیکە ئامادەسازی دەکات بۆ دانیشتن لەگەڵیاندا.
– کارکردن لەسەر بەحیزبیکردنی هەموو بوارێک، کە بتوانێت بۆچوونی لایەنە سیاسییەکە بە شێوازێک لە شێوازەکان بخاتە ڕوو. جا لە لایەکەوە خۆپیشاندەران بە موجاهید و لە لایەکی دیکە بە خەواریج دادەنێن، کە مینبەری هەندێک مزگەوت و دەسەڵاتی ئاینیان خستە ناو خۆپیشاندانەکەوە، لە نەورۆزدا هێندەی ئاڵای لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکاندا بەرزکرابوونەوە هێندە ئاڵای کوردستان دیارنەبوو، بە شێوەیەک مرۆڤ زیاتر هەستی دەکرد ئەم کۆبوونەوانە بۆنەیەکی زیاتر حیزبییە نەک نەتەوەیی.
– چەواشەکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست بە ئامانجی کارتێکردن لەسەر بینەر یان گوێگر. ئەمە لادانە لە هەموو بنەماکانی کارمەندێتی ئەم بوارە. ئەمەش کاریگەرێکی نێگەتیڤانەی هەبووە لەسەر ئەوەی، کە ڕاستییەکان دەشاردرێنەوە و هاووڵاتی نازانێت کامە هەواڵ ڕاستەیە و کامەیان ناڕاست وە چ ئامانجێک لەپشت هەموو بڵاوکردنەوەیەکدا خۆی حەشار داوە. ئەمەش بێمتمانەیەک ئەنجام دەدات لە نێوان کۆمەڵگا و مێدیاکاندا. ئەمەش واقیعی حاڵی ئێستای کوردستانە.
– ناوچەگەرێتی لە هەندێک کەناڵی تەلەفزیۆنی هەرێم دیاردەیەکی قزێون بوو لەم ڕەوشەدا، چونکە گەر کێشە هەبێت، ئەوا بۆ سەرتاپای هەرێمە نەک تەنها شارێک. جا لە شارێک ڕۆڵەی کورد بکوژرێت (هۆکارەکە هەرچییەک بێت) ئەوا مانای ئەوە نییە، کە لە شارێکی دیکە ئاهەنگ بکرێت. یاخود لە نەورۆزدا لە کەناڵەکانی حیزبەکانی دەسەڵاتدا لە هەموو چاوپێکەوتنێکدا دووپاتی ئەوە دەکرایەوە، کە (جەژنی ئەمساڵ زۆر خۆشە و هیج کێشەیەک نییە و لە ساڵانی دیکە شادترە). بە بۆچوونی من ئەمە تێکەڵاوکردنی کارتەکانە، چونکە هەرچەندێک کێشە و ڕەوشێکی ناخۆش هەبێت، بەڵام هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بۆ هێورکردنەوەی خۆی خۆشی لە ڕۆژێکی نەورۆز وەربگرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، کە کێشە هیچ بوونێکی نەبێت. گەر مرۆڤ هزری خۆی بەکاربهێنێت بە شێوەیەکی واقیعانە، ئەوا لە ناو شەقامی ئێستای کوردیدا چەندەها بریندار و کوژراومان لەم چەند هەفتەیەدا کۆکردۆتەوە، بەبێ ئەوەی بڕوانینە ئەوەی سەر بە چ لایەنێک و هۆکارەکان چی بوون. کەواتە لەم بار و دۆخە گرژەدا بە بێڕێزیی دادەنێم بەرامبەر هەموو ئەو زیانلێکەوتووانەی ڕووداوە ناخۆشاەکانی شەقامی کوردی گەر بڵێین، کە نەورۆزی ئەمساڵمان نەورۆزێکی بێکێشە و پڕ شادی بووە یاخود شاردنەوەی ڕاستییەکانە و لم کردنە چاوی تاکی ئەم کۆمەڵگایەیە.
کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان لە سەر هەر تەوەرێک کاریان کردبێت، ئەوا کاریان لەسەر تاکی کورد نەکردووە، چونکە بارگرژیی، فشاری دەروونیی، چەواشەکردن و بە حیزبکردنی دیاردەکان بریتیی بوون لە دەسکەوتی تاک لە ڕەوشی ئێستای مێدیای کوردیدا، کە دەبوایە لەم خەسڵەتانە دوور بوەستنایە بەپێی ئەو پێناسە بێلایەنە سەربەستەی، کە دەدرێتە پاڵ مێدیای ناوچەی هەرێم. بەڵام دووبارە دەڵێم واقیعی حاڵ هەمیشە ڕاستیی ڕووی خۆی پیشان دەدات درەنگ بێت یان زوو.

 

کامەران چروستانی
chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.