گفتوگوَى ئەییوب بارزانی لەگەڵ ڕوَژنامەى هاوڵاتی
سازدانى كەمال ڕەئوف…..
هاوڵاتى: وەك هەموو لایەك ئاگادارن ئەمڕۆ لەكوردستاندا دیاردەى گەندەڵى هەموو كونو قوژبنێكى ژیانو هەموو ئۆرگانەكانى ئیدارەو حزبى گرتوَتەوە، چیتر ئەم دیاردەیە بووەتە شتێكى بەرچاوو خوَسەپێنو قورساییەكى زوَرى خستوَتە سەر ژیانو گوزەرانى خەڵك، لەوەش خراپتر گەندەڵى خەریكە ڕۆدەچێتە ناو ناخى تاكەكانى كوَمەڵ و دەبێتە بەشێك لەدابونەریتى ئاسایى ناو كۆمەڵ. بەڕاى ئێوە هۆكارەكانى ئەم گەندەڵییە چینو چوَن دەتوانرىَ بەرى پێبگیرێت؟ یان بەشێوەیەكیتر ئەكرىَ خوَشباوەڕبین بەوەى كە دەسەڵاتى ئێستاى كورد لەتوانایدا هەبێت ئەم دیاردەیە بەچارەسەرى گونجاو بگەیەنێت؟
ئەییوب بارزانی:
گەندەڵی لەكوردستان كێشەیەكی تازەنییە، ئەم دیاردەیەمان لەساڵانی شەستی سەدەی رابردووەوە بۆ ماوەتەوە، ئەگەر بپرسین ئایا دارایی بزووتنەوەی كوردیی بەسەرۆكایەتی مەلا مستەفا كە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو لەساڵانی نێوان 1961 ـ 1975 چۆن خەرج دەكراو چی لێدەهات، وەڵامەكەی ئەوەیە كە ئەم داراییو پارانە كە لەدەرەوە دەهاتن، راستەوخۆ دەخرانە دەستی فەرماندەی بزووتنەوەكەو سەرۆكی حیزب. بەكورتی ئەم داراییانە تەنها بۆ ئەو بوو، ئالێرەوە سەرەتای گەندەڵیی داراییو حیزبی میراتگیریی "بنەماڵەیی" وەك ئەمڕۆ دەیبینیین، دەستیپێكرد.
مەكتەبی سیاسیی حیزب هەبووو لەڕووكەشدا ئەركێكی لەسەرشان بوو، وەك بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكانو داراییو كاروباری ناوخۆو ئاسایشو پێشمەرگەو …هتد. بەڵام ئایا ئەوان دەسەڵاتی تەواویان هەبوو؟ ئایا رێز لەدەستووری حیزب دەگیرا؟ ئایا ئەو حیزبە، وەك هەر حیزبێكی دیكە وابوو كە سەركردایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی جیهانی سێهەمیان دەكرد بەرەو سەركەوتن؟
ئەگەر بەخێرایی چاو بخشێنین بەشێوازی خەرجكردنی دارایی بزووتنەوەكەدا، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە چۆن بەهاكانی شۆڕشو دەستپاكییو نەزاهەی ئەخلاقییو نیشتمانی گاڵتەی پێدەكراو چۆن حیزب بووبووە هۆكارێك بۆ كۆنترۆڵكردنو خراپ بەكارهێنان.
دیارە جێبەجێكەر لەخەرجكردنی بودجەی بزووتنەوەی كورد، سەروَكى حزب خۆی بوو، ئەو تەنها كەسێك بوو كە بڕیاری دەدا ئەو داراییە چۆن خەرج بكرێت. پارەو دارایی هەمووی لای خۆی بوو لەخانەوادەكەی خۆیدا هەڵیگرتبوو. رێینەدەدا دەستەیەكی نەزیهو پسپۆڕ لەناو حیزبدا درووست ببێت كە باری دارایی بگرنەئەستۆو لەژێر یاسادا كاربكەن تا ئەو پارەیە بەباشترین شێوە بۆ پێویستییەكانی بزووتنەوەكە خەرج بكرێت. ئەگەر ئەو ئەوەی بكردایە، ئێستا دەبووە سمبولێك، نموونەیەكی باش بۆ ئێمەش كە چاوی لێبكەین. بەڵام ئەو بەهیچ رازینەدەبوو تەنها دەیویست پارەكان لای خۆی بێت. بڕێكی دیاریكراوی وەك خێر دەبەخشییە مەكتەبی سیاسیی. ئێستا ئێمە لەبەردەم دیاردەیەكی نامۆداین، جیا لەهەموو شۆڕشەكانی جیهان، شۆڕشی كورد ئەم دیاردەیەی تێدابوو كە وێرانكەری شۆڕشەكەش بوو.
داراییو پارە بوویە هۆكارێك بۆ وێرانكردنی بەهاكانی كۆمەڵگەو پێكهاتە ئەخلاقییەكەی، لەجیاتی ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ بنیاتنانو پێشكەوتن.
ئەنجامی قبووڵكردنی ئەم حاڵەتە شازە لەلایەن ئەندامانی مەكتەبی سیاسییەوە، بووە هۆی ئەوەی كە ئەوانیش ببنە "شوێنكەوتەی تەواو"، واتە لەڕاستییدا ئەوان پیاوانی كۆشك بوونو بەس، كە چییان پێبوترایە جێبەجێیان دەكرد. ئەمەش دەرەنجامەكەی ئەوەبوو كە مەكتەبی سیاسیی لاوازبووو هەژموونی مەلا مستەفاش بەهێز بوو. كەس لەمەلامستەفای نەدەپرسییەوە، كەس جورئەتی ئەوەی نەدەكرد رەخنەی لێبگرێت یان هەوڵبدات بۆ گۆڕینی ئەو حاڵەتە شازە. دیارە پارەش خەڵكی پێدەكڕدرێت، ئەگەر ترساندنو توندوتیژییشی بخرێتە پاڵ، ئیتر رەوشتی كۆمەڵگەش لەڕییشەوەو بەخێرایی دەگۆڕێت. لەوێشەوە زۆردارییو كەلتووری ملكەچییو ملشۆڕكردن بۆ دەسەڵاتو خۆبردنە پێشەوە بۆ دەسەڵات، درووست دەبێت. ئەم دیاردەیە لەبادینان زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە لەوێندەر شێوازی دەسەڵاتی ئاغاو دەستوپێوەندەكانی، خۆیان سەپاندووە بەسەر كۆمەڵگەدا.
دواتر پاش كۆچیدوایی مەلامستەفا ئەم پارەو داراییە، بووە میراتیی بۆ كوڕەكەیو ئەویش هەمان هەنگاوەكانی باوكی درێژەپێدا لەمامەڵەكردنییدا لەگەڵ مەكتەبی سیاسییدا كە بەتەواوی تەسلیمی بووبوون. ئەوكات ئەندامانی هەردوو مەكتەبی سیاسییو تەنفیزیی لەلایەن سەرۆكی حیزب خۆیەوە دادەنران، بێگومان پاش ئەنجامدانی شانۆگەریی هەڵبژاردنێكی ئازادو حیزبییو بێدەستوەردان!! بەڵام كەلتووری ملكەچیی لەمەكتەبی سیاسییدا زیادیكردو بەشێوەیەك رەگی داكوتا كە بووە كارێكی رۆتینیو ئاساییو هیچ جێگەی شەرمەزاریی نەبوو. هەروەكو دەسەڵاتی خۆسەپێنی بنەماڵەییش زیادیكردو تۆڕی بەرژوەندییە داراییە ناوخۆییو دەرەكییەكانیش لەساڵی 1991ەوە فراوانبوون، هەر لەوەرگرتنی پارەوە بیگرە لەرژێمی سەددام حسەین كە تاسەرەتای 2003ی بەردەوامبوو، تا دەگاتە یارمەتییە داراییەكانی ئەمەریكاو دواتریش بوودجەی تەرخانكراوی كوردستان لەبەغدا.
كۆمەڵگەی كوردیی یەكێكە لەكۆمەڵگە ژێرپێخراوەكان، كێشەو گرفتو قەیرانەكانی ناو كۆمەڵگە ژێرپێخراوەكانیش بەرهەمی توندوتیژییو زۆرداریی ماوە درووودرێژەكانە. مەبەستم ئەو زۆردارییەیە كە سەدام حسەین پیادەی كردو پاشانیش ئەو سیاسەتەی كەنوخبەی دەسەڵاتداری حیزی كوردیی پیادەیان كرد.
هەموو ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی خۆیان تەسلیم نەكردبوو بەو حاڵە گەندەڵییە، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین كە ژمارەی ئەوانەی خۆیان تەسلیم بەو رەوشە نەكردبوو، بەبەراورد لەگەڵ ئەوانی دیكەدا، زۆر كەم بوون، دەتوانرا بەپەنجەكانی دەست ببژێردرێن. ئەوەبوو جەوهەر نامق یەكەم سەرۆك پەرلەمانی كورد لەسەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان جیابوویەوە، نەوشیروان مستەفای سەركردەی ناسراو لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان جیابوویەوە، چەندانی دیكەش. جا ئەگەر توڕەیی میللییانەی روولەزیاد باس بكەین، دەبینین دینامیكییەتی كۆمەڵگەی كوردیی نەمردووە.
سەركردایەتی ئێستای حیزبەكان ناتوانن خۆیان چاك بكەن، ئەوان بەشێكن لەكێشەكە، نەك لەچارەسەر. ئەمەش كێشەی ئەمڕۆو هەنووكەیی نییە، بەڵكو درێژكراوەی زیاتر لەچل ساڵ گەندەڵییو گشتگیركردنییەتی بۆ مانەوە لەدەسەڵاتدا.
هاوڵاتى: ئاشكرایە بەشێكى زوَر لەبەرپرسانو كاربەدەستانى حیزبى بەتایبەتى بەرپرسەكانى هەردوو حزبى دەسەڵاتدارى پارتییو یەكێتى بەشێوەیەكى فراوان گلاونەتە ئەو گەندەڵییەوە، ئایا پێتوایە كاك مەسعودو مامجەلال وەك بەرپرسانى یەكەمى ئەو دوو پارتە، بەرپرسى یەكەم بن لەو گەندەڵییە؟ یان بەجوَرێكیتر، لاتانوایە ئەو هەواڵانەى كە لەسەر ئەو دوو سەركردەیە بڵاودەكرێتەوە ڕاستییان تیادابێت؟
ئەییوب بارزانی: دیارە گەندەڵیی لەكۆمەڵگەی كوردییدا لەسەرەو دەستیپێكردووەو پاشان وردەوردە هاتۆتە خوارەوە بۆ بنكە جەماوەرییەكە. ئەم سیاسەتەش كە هەوڵدەدات بۆ گەندەڵكردنی كۆمەڵگە بۆ زیاتر هێشتنەوەی خۆی لەدەسەڵاتدا، بەشێوەیەكی هەڕەمەكیی نەهاتووە، بەڵكو سیاسەتێكی بەرنامەڕێژكراوە. ئەركی هەموو لایەكە كە دەستنیشانی هۆكارە سەرەكییەكە بكەینو بەئاشكرا بیڵێین، نەك بەچرپەچرپ. كاروكردەوەی بەرپرسە سەرەكییەكانی پارتییو یەكێتیی، ئەوەدەردەخەن كە چەندە پابەندن بەبەرژوەندییە بنەماڵەییەكانەوە، بەرژەوەندیی داراییو سیاسیی. ئەوانەی لەنیشتمان دەژین، نموونەی ئەو بەفیڕۆدانو خۆشگوزەرانییەی دەستەی دەسەڵاتدار دەبینن. ئەمەش ئێستا قسەی رۆژانەی شەقامی كوردییە. لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین ژمارەیەك رۆژنامەی سەربەخۆی وەك هاوڵاتیو ئاوێنەو سبەیو لڤین، ئاستێكی باڵای ئازایەتیو پابەندبوون بەبەها نیشتمانییو ئەخلاقییەكانیان سەلماندووە، بەتایبەتی لەوەدا كە پەیوەندیی هەیە بەئاشكراكردنی كارە ناشەرعییەكانی نوخبە حیزبییە خۆسەپێنەكەوەو رەفتاری دژ بەدیموكراتیو كەموكورتیی ئیدارەی كوردیی بەپەرلەمانە تەسلیمبووەكەی ویستی حیزبەوە.
ژمارەیەك لەرۆژنامەنووسان، كە زۆربەیان لەسلێمانیین، ویژدانی نەتەوەی كوردنو هیوای ئەو نەتەوەیەن بۆ ئایندە. من دڵنیام لەوەی سیاسەتی "رێككەوتنە ستراتیژییە دوولایەنەكان" كە لەپشت پەردەوە لەنێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتداردا واژۆكراون، لەنێوان ئەو شتانەی كە هەوڵدەدەن بۆی، یەكێكیان "وێرانكردنی جێگرەوە دیموكراتییەكان"ی لەباربردنیانە، كە بێگومان ئەو جێگرەوە دیموكراتییانە لەمنداڵدانی كۆمەڵگەی كوردییەوە دەردەكەون بۆ رزگاربوون لەچنگی حیزبیی ـ بنەماڵەیی كە ئیستیغلالی كێشە نەتەوەییەكانیان كردووە بەمەبەستی چەسپاندنی هەژموونیانو پتەوكردنی بەرژوەندییە بنەماڵەییەكان بۆ زیاتر لەنیو سەدە.
ململانێی نێوان گەلی كوردو نوخبەی دەسەڵاتداری كورد، بۆ چەند دەیەیەك دواخراوە، ئەوەش بەهۆی رووبەڕووبوونەوە بەردەوامەكانی نێوان حكومەتەكانی بەغداو ئەو هەڵمەتی لەناوبردنانەی كە لەسەر دەستی سوپای عێراقدا لەكوردستان تووشی گەلی كورد هات، نوخبەی حیزبیی ئەم رەوشە قورسەی قۆستەوە بۆ چەسپاندنی بەرژوەندییەكانو پتەوكردنی چنگی خۆی لەسەر كۆمەڵگە كە هیچ شتێكی لەبەردەمدا نەماوەتەوە جگە لەڕێگرتن لەدوژمنی دەرەكی. بەڵام رەوشی ئێستا زیاتر لەبارە بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، تا گەل بتوانێت هەستێتەوەو لەدەسەڵاتی دەرەبەگایەتیو كەلتوری "خێرپێكردن" بێتەدەرو رووەو سەردەمی نوێ هەنگاوبنێتو سنوورێك بۆ دەسەڵاتی هێزە دواكەوتووەكانو زۆردارییو داپڵۆسینی حیزبیی دابنێت.
هاوڵاتى: لەسەر ڕاپۆرتەكەى مایكڵ رۆبن ڕاتان چییە؟
ئەییوب بارزانی: ئەو گرنگییپێدانەی كە بەو بابەتەی مایكڵ رۆبن نووسیبووی، لەناوەندە رۆژنامەوانییو میللییەكاندا، درا،و ئەو كاردانەوە شڵەژاوو ترساوەی كە سەركردەكانی یەكێتییو پارتیی دەریانبڕی، دیاردەیەكی ئازاراوییمان پیشان دەدەن. دیارە رۆژنامەنووسە كوردەكان پێش مایكڵ رۆبن ئەركی خۆیان جێبەجێكردووە لەئاماژەدان بەحاڵەتەكانی گەندەڵییو پارەدزیین لەڕەفتاری سەركردایەتی كورد، بەڵام ئیشەكەی ئەوان تەنها گرنگییەكی سنوورداری هەبوو،و سەركردەكانی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە بەئاسانیی پشتگوێیان خست. بەڵام هەرئەوەندەی هەمان قسە لەڕۆژنامەنووسێكی بێگانەوەو بەتایبەتی لەئەمەریكاوە دووبارەدەبێتەوە، گرنگییەكە زیاد دەبێتو دەبێتە سەرباسی قسەو گفتوگۆكان. ئەمە، ئەگەر بەڵگەبێت لەسەر شتێك، تەنها بەڵگەیە لەسەر لاوازیی متمانەبوون بەخود لەكۆمەڵگەی ژێرپێخراوی كوردییدا. هەروەها بەڵگەیە لەسەر نەترسانی سەركردایەتی حیزبیی لەجەماوەری كورد كەملكەچكراوەو تواناكانی بۆ ناڕەزاییو داواكردنی مافەكانی، تووشی ئیفلیجی كراوە.
راپۆرتەكەی مایكڵ رۆبن ئەوەشی سەلماند كە جووڵەی دارایی چاودێری كراوەو ناكرێت نە لەكوردستانو نە لەدەرەوەیش، بشاردرێتەوە. جیهانگیریی ئەم هەسارەیەی كردووە بەجیهانێكی بچووك، كە شەفافییەتێكی زۆر هەیە لەبارەی حسابی بانكیو حەواڵە داراییە نێودەوڵەتییەكانو پرۆژەكانی وەبەرهێنان. بەڵام ئەوەی جێی رەشبینییە، نەمانی هەستكردنە بە ویستی گەلی كوردو ناسۆرەكانی لەلای سەركردە كوردەكان. رەفتاری سەركردە كوردەكان كاری كردۆتە سەر پەیوەندیی هاوسۆزی نێودەوڵەتیی لەگەڵ مەینەتیی گەلی كورد. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیریی دیموكراتیو شەفافییەت دەكاتو رێز لەمافی مرۆڤ دەگرێتو دەمەزراوە مەدەنییەكان پتەودەكات. بەڵام رەفتاری سەركردایەتی ئێستا ئەو ئاماژەیە بەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات كە پێگەیشتنی سیاسیی لەبنیاتنانی ئیدارەیەكی هاوچەرخی دیموكراتی خاوەن میسداقییەت، بوونی نییە. نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو ئەم سەركردانەی ئێستا، بیری ئەو سەركردانەی دیكەمان دەخەنەوە كە سامانی وڵاتەكانی خۆیان بردو گەلەكانی خۆیان هەژارخستو سەرشۆڕیان كردنو لەكۆتاییشدا لەترسی لێپرسینەوەی قورس، هەڵهاتن.
دەربارەی نووسینەكەی رۆبن، ئەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت كە چۆن رۆبن ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمو سەرۆك كۆمار كردیان، قۆستییەوە بۆ لێدانی میسداقییەتی گەلی كوردو كشاندنەوەی پشتگیریی نێودەوڵەتی لەو گەلە. بەپاساوی ئەوەی گەلی كورد تاوانی نییە لەوەدا. ئالێرەدا گەلی كورد دەبێتە قوربانیی تێرنەبوونو چاوچنۆكیی سەركردەكانی. ئەمەش بێگومان لەبەرژەوەندیی دەوڵەتانی دراوسێدایە كە كار بۆ بێبەشبوونی گەلی كورد دەكەن لەبەرهەمی رووخانی رژێمی سەدام حسەین.
هاوڵاتى: ئێوە ئاماژەتان بەوەدا كەنزیكەى نیوسەدەیە كورد بەدەست شێوازى حیزبى تاكو سەركردەى نادیموكراتىو بنەماڵەییەوە دەناڵێنێت، ئاماژەت بەوەشدا كە ئێستا ئیتر كاتێكى گونجاوو لەبارە بۆئەوەى خەڵكى كوردستان خوَیان لەهەژمونى پارتە تەقلیدییەكان دەربازبكەنو شێوازێكى نوىَو شارستانى بگرنەبەر بۆ خەباتكردن، ئایا بەڕاى ئێوە ئەو شێوازو هەوڵانە چوَنن كە دەتوانێت كورد لەهەلومەرجێكى ئاوا دژوار قوتاربكات؟ بەتایبەتى ئەمڕۆ لاى هەموان ئاشكرایەو خوَشت ئاماژەت بەوەدا كە پارتە سەرەكییەكان واتە پارتىو یەكێتى ئیمكاناتێكى ماددیى زۆرو پەیوەندییەكى فراوانى دەرەكییان هەیە كە بێگومان هەموو ئەوانە بەكاردەهێنن بۆ درێژكردنەوەى تەمەنى خوَیان، بەكورتى پێتوانییە قسەكردن لەخوَقوتاركردن لەئێستادا تاڕاددەیەك كارێكى مەحاڵ بێت؟
ئەییوب بارزانی: راستە سەركردایەتی هەردوو حیزبەكە داراییەكی زۆرو میلیشیای چەكدارو دەزگای "پاراستن"و "ئاسایش"یان هەیەو هەموو هۆكارەكانی راگەیاندنیان قۆرخ كردووە بۆ خۆیان. هەروەها ئەزموونیان هەیە لەخۆسەپاندنو ملكەچكردنی جەماوەر بۆ دەسەڵاتی خۆیان. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە كۆمەڵگەی كوردیی بەچەند قۆناغێكی بەیەكداچوودا تێدەپەڕێت. حیزبەكان تائێستاش سەرەڕای هەڵگرتنی چەند درووشمێكی پێشكەوتنخوازیی، بەڵام هەستێكی عەشایەریی بەسەریاندا زاڵە. سەرۆكی حیزبو پاشان كوڕەكانیو خاڵۆكانیو برازاكانی، یاخود براكەیو پاشان ماڵی خەزوورانی، لەسەرەوەی هەڕەمی "دەسەڵاتی سیاسیی"و لوتكەی "سامانی دارایی"دان. حیزب لەڕاستییدا عەشیرەتە. لێرەدا دیاردەیەكی سەیر دەبینیت، جەماوەرە بەرفراوانەكە "بنكە جەماوەرییەكە" پێشكەوتووترن لەسەركردایەتیی "لوتكە". لەكاتێكدا دەبێت بەپێچەوانەوە بێت. سەركردایەتی بزووتنەوەی كورد لەساڵی 1961 ـ 1975دا دواكەوتووبوو بەبەراورد بەخواستەكانی جەماوەری كورد لەوكاتەدا. هەمان دیاردە ئێستاش بوونی هەیە. گوند حوكمی شار دەكات، ئاغا بووە بەسەرۆك. ئەم دیاردەیە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر قەیرانی متمانەی قووڵی نێوان جەماوەری بەرفراوانو سەركردایەتی كەهەموو ئیمتیازێكی بۆ خۆی قۆرخ كردووە. سەركردایەتی كورد بەمشێوەیەی ئێستا رێگرە لەپیادەكردنی دیموكراتیو دابەشكردنی سامانی وڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەناو رۆڵەكانی گەلدا. لەبادینان حوكمی ئاغا بەبەرگی نەتەوەییو نیشتمانییەوە خۆی سەپاندووە، كە زۆریان پێشتر جاشی حكومەتەكانی بەغدا بوون.
لەبەرئەوە ئێمە پێویستمان بەگۆڕانێكی گشتگیر هەیە لەسەركردایەتی كوردا، باشتروایە چەندێك بكرێت گۆڕانەكە بەشێوەیەكی رێكخراوو دیموكراتی بێت. بەڵام ئەمە وەستاوەتە سەر هەڵسوكەوتی سەركردایەتیو ئەوەی كە چۆن رووبەڕووی داواكاریی جەماوەر دەبێتەوە لەئەنجامدانی گۆڕانكارییدا.
پێكهێنانی بزووتنەوەیەكی نوێ كارێكی زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی "حیزبی عەشیرەت"و دیكتاتۆرییەتی. ئەمەش پێویستی بەكۆبوونەوەی كەسایەتیو هێزە پێشكەوتنخوازو دڵسۆزەكانو خاوەن پێشینە باشەكان هەیە كەخاوەنی جورئەتن تا كاربكەن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی سیاسیی كە هەنگاونان رووەو شارستانیو دیموكراتییەتو رێزگرتن لەكەرامەتی مرۆڤی كوردو سەروەریی یاسا لەبەرچاوبگرێت.
ئێستا رێگری گەورە داراییو داپڵۆسینە، حیزبەكان پارە وەك ئامێرێك بۆ سڕكردنو كڕینی ژمارەیەك رۆشنبیر بەكاردەهێنن، ئەو پارەیەی كە سەرەتا لەلایەن دوژمنانەوە بەخشراپێیانو دواتر سەرچاوەكانی زۆربوون. ئەركێكی گرنگە بەرەنگاریی ئەم دیاردە ترسناكە ببینەوە. مەبەستم گەندەڵیی (الإنتلجنسیا)ی كوردیی تا بێدەنگ بێت لەبەردەم ئەو كارە نایاساییانەدا. ئەو كۆمەڵگەیەی كە گەندەڵیی (الإنتلجنسیا) تێدابێت، ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی هەموو جۆرەكانی ئیستیغلالكردنو ستەم ببێتەوەو بەرگریی نەمێنێت. ئەمەش دیاردەیەكە كە داگیركەر لەكۆمەڵگە داگیركراوەكاندا ئەنجامی دەدات. قورسە لەڕەفتاری سەركردایەتی كورد تێبگەین لەپیادەكردنی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتەدا بەرامبەر رۆڵەكانی میللەتەكەی.
مانەوەی شێوازی ئێستای دەسەڵات لەكوردستان بۆ ئەو هاوپەیمانێتییانەیان دەگەڕێتەوە كە لەچەند قۆناغێكی دیاریكراودا لەگەڵ دوژمندا بەستوویانە. هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ توانای دەسەڵات لەگەندەڵكردنی كۆمەڵگەداو سڕكردنیو چاندنی بەها هەلبازییەكانو داماڵینی لەرێزوكەرامەتی، لەپێناو رازیبوون بەبەرژەوەندیی كاتیی لەسەر حسابی بەرژەوەندیی دوورمەودا.
هەروەك ئەوەش كە سیستەمی "حیزبی عەشیرەتیی" توانی هەموو جێگرەوەكانی دیكە لەناوببات، حیزبی "پاسۆك" ون بوو، "حیزبی گەل" توایەوە، حیزبە سیاسییەكانی دیكە بوونە حیزبی پاشكۆ، كە خێرو سەدەقە لەسەركردایەتی یەكێتییو پارتی وەربگرن.
جا ئایا كۆمەڵگەی كوردیی توانای ئەوەی لەدەستداوە دژ بەگەندەڵیی ئەم سەركردایەتییەی ئێستا جووڵەیەك بكات؟
من وەك خۆم، سەرەڕای ئەوەی هەندێك دیاردەی لاوازییو تەسلیمبوونیش دەبینم! بەڵام پێموانییە كۆمەڵگەی كوردیی توانای جووڵەی دژ بەگەندەڵیی لەدەست دابێت، چەندین توێژی گرنگ هەن لەكۆمەڵگەی كوردییدا كە بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێن، رەوەندی كوردیش لەدەرەوەو بەهۆی ئاسانیی گواستنەوەو پەیوەندیی ئەلیكترۆنییەوە، كار بۆ ئەوە دەكەن خوێنێكی نوێ بكەنەوە بە بەر عەقڵییەتی سیاسیی پیرو رزیوی كوردییدا كە خۆی لەو سەركردانەدا دەبینێتەوە كە بەعەقڵییەتی دواكەوتوویانو هەڵپەكاریی بێسنووریانو خۆویستییە دیارەكەیان، سەر بە رابردوونو لەئێستادا ناژین.
هاوڵاتى: پێتوایە بوونى كەسانى وەك جەوهەر نامیق لەلاى پارتىو نەوشیروان مستەفا لەلاى یەكێتیى، دڵخوَشكەرەو سەرەتاى پێچەوانەبوونەوەى ئەو مێژووە بێت كە ئیتر كەسانێك هەبن لەسەركردایەتى ئەو پارتانەو نەیانەوێت هەر بەڵىَ بوَ سەركردە تەقلیدییەكانیان بكەن؟ خوَ ئەگەر وایە كاتى خوَشى بەشێك لەمەكتەب سیاسى پارتیى كە ئەوكات تاڵەبانیشیان لەگەڵ بوو، هەر ئەو كارەیان كردو لەڕیزەكانى پارتیى هاتنەدەرەوەو هەر خوَشیان پارتێكى ترى هاوشێوەى پارتە كوَنەكەیان دامەزراندەوە، بەكورتى ئایا درووستكردنى شتى نوىَ هەنگاونانى نوىَو دوور لەتەقلیدییەت، پێویستیى بەكەسانێكى ترو پێویستیى بەنەفەسێكى تازە هەیە؟
ئەییوب بارزانی:
ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، چەند لێكترازانێك لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا روویدا، حیزبی نوێ پێكهاتن، بەڵام كە ئەمە زۆر گرنگیشە، هەمووی هەر لەهەمان منداڵدانی پارتییەوە لەدایكبوون. واتە كۆمەڵگەی كوردیی سەرەڕای نسكۆی 1975، بەڵام نەیتوانی خۆی دیاری بكات. ئێمە پێویستمان بەشتێكی نوێیە كە رێبدات بەگرتنەبەری سیاسەتێكی هاوچەرخ. بەڵام دەبێت ئەو هەڵوێستە بەشەرەفو نیشتمانییەش لەیاد نەكەین كە هەندێك لەسەركردەكانی پارتییو یەكێتیی، ئەگەرچی كەمیش بوون، دژ بەگەندەڵیی هەردوو سەركردایەتییەكە گرتیانەبەر. من ئاگاداری ئەوە هەم كە كاك جەوهەر نامق سەرۆكی یەكەم پەرلەمانی كوردستان، دژ بەو هەڵوێستەی بەڕێز مەسعودی مەلامستەفا وەستایەوە لەهانابردن بۆ سوپای سەدام حسەین بۆ داگیركردنی هەولێری پایتەخت لە1996دا. كاك جەوهەر پێیوت ئەم هەڵوێستە مێژوو وەك "خیانەت" تۆماری دەكات. لەكۆتاییشدا هەڵوێستی خۆی یەكلاییكردەوەو لەسەركردایەتییە گەندەڵەكە دووركەوتەوە.
هەروەها كاك نەوشیروان كە یەكێكە لەخاوەن ستراتیژە پایەبڵندەكانی سیاسەتی كوردیی، ئەو دژ بەگەندەڵیی بەڕێوەبردن وەستایەوەو داوای چاكسازیی ریشەیی كرد، بەڵام بێ سوودبووو بە با رۆی. ئەویش دووركەوتەوەو هێڵێكی سیاسیی سەربەخۆی هەڵبژارد.
گۆڕانە سیاسییەكان بەهۆكاری جیاواز دەردەكەون، ئەوە سەلما كە حیزبە خاوەن شێوازە عەشایەرییەكە بەهۆی هەستی بەبەردبووو چەقبەستووی سەركردایەتییەكانیەوە، رێگانادات بەچاكسازیی لەناوخۆیدا. لەبەرئەوە من پێموایە دەبێت لەدەرەوەی حیزبەوە كاربكەین، بێئەوەی ئەوە لەبیربكەین كە هەوڵی بەهێزكردنی لایەنە ریفۆرمخوازەكان بدەین كە لەناو هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەكەدان. هۆكاری هاندەری گۆڕانیش هەن، لەوانە بەرزبوونەوەی تووڕەیی میللەت دژ بەگەندەڵیی داراییو ئیداری. هەروەها بەرگریی سەرسەختی ژمارەیەك رۆژنامەنووسو رۆژنامە لەكوردستان دژ بەهەستی دیكتاتۆرییو زاڵبوونی حیزبیی. ئەمە جگە لەتوێژی رۆشنبیری سەربەخۆی كورد جا چ لەكوردستانو چ لەدەرەوە، كە لەهەوڵی گۆڕاندانو رۆژ بەڕۆژ دەنگیان بەرزدەبێت.
هاوڵاتى: رەنگە بەشێك لەگرفتى ئێستاى كورد ئەوەبێت كە پارتە گەورەكان واتە یەكێتیىو پارتى ئوپۆزسیۆنى جددییان نەبێت، چونكە پارتە بچوكەكان بەجوَرێك لەجوَرەكان برابچوكییان قبوڵ كردووەو بوونەتە شەریك لەدەسەڵاتدا، هەتا ئێستا توێژى روَشنبیرانى ناڕازییش قسەیەكى جددییان نییە بۆ ئەلتەرناتیف، پێتوانییە ئەگەر هێزێكى جددیىو كاریگەرو مەدەنیخواز درووست نەبىَ، ئەوا لەئاكامدا كوردستانیش وەك فەلەستینى لێدێتو هێزێكى وەك حەماس دێتە پێشەوەو هەلەكە دەقوزێتەوە؟
ئەییوب بارزانی:
پێموایە ئەو حیزبە بچووكە كوردییانەی كە رازیبوون بەبێدەنگیی بەرامبەر بەكارو كردەوەی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە، بەرامبەر بەو موچەیەی وەریدەگرن، بەو شێوازە رازی نیین. بەڵام بەهۆی ئەو مووچەیەی پێیاندەدرێتو بەهۆی هەندێك ئیمتیازاتی بچووكەوە، چاوی لێدەنوقێنن. ئەم حیزبانە هەركاتێك گۆڕانێك لەهاوسەنگیی خۆسەپێنی دیكتاتۆریی دوو حیزبەكەدا روویدا، سەربەخۆ دەبنەوەو هەڵوێستی نیشتمانییترو دیموكراتیتر وەردەگرن لەكاتی روودانی گۆڕاندا. پێموایە هۆشیارییەكی روولەزیاد لای سەركردایەتی كورد درووستبووەو بۆیان دەركەوتووە جەماوەر لێیان دووركەوتۆتەوەو رقو تووڕەیی دژیان زیادیكردووە. ئالێرەوەیە هاوپەیمانیی ستراتیژیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی جەماوەریی كەڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەبەسترێت. هاوپەیمانیی "ستراتیژیی" ئەوان هیچ پەیوەندییەكی بەپتەوبوونی دیموكراتیو ئازادیی رادەربڕینو رێزگرتنی مافی مرۆڤو درووستكردنی پەرلەمانێكی سەربەخۆی ئازادەوە نییە. هەروەها پەیوەندیی بەگرتنەبەری بنەمای شەفافییەتو دادگاییكردنی پارەخۆرەكانو كۆتاییهێنان بەشێوازی دیكتاتۆرییەوە نییە. بنەمای هاوپەیمانێتییان بریتییە لەمانەوە لەدەسەڵاتداو بەردەوامبوون لەئیستیغلالكردنی داهاتەكان بۆ بەرژەوەندیی دەستەی دەسەڵاتدارو سڕكردنی جەماوەرو گومڕاكردنیان.
ئێمە لەكوردستان دەژین، لەناوچەیەكی جوگرافییدا كە پەڕگیریی ئاینییو نەتەوەیی دەوریداوە، ئێمە دەزانیین گەندەڵییو پارەخۆرییو سەركوتكردنی ئازادییە دیموكراتییەكانو پیادەكردنی داپڵۆسینو تیرۆر، ژینگەیەكی لەبارن بۆ گەشەكردنی پەڕگیریی بەهەموو جۆرەكانیەوە، لەناویشیاندا ئاینیی. بێگومان حیزبە كوردییە دینییەكان پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییەكانی ناوچەكەدا. مەترسییەكە لەمەدایە كاتێك بزاڤی ئیسلامیی كوردیی بەسرابێتەوە بەفەرمانەكانی دەرەوەوە. بەڵام پێویست ناكات لەئیسلامیی میانڕەوو بینا لەسەر سەربەخۆییو پاشكۆنەبوون بۆ بێگانە بترسین. ئەم جۆرەیان دەتوانێت هۆكاری پێكەوەبوونێكی ئەخلاقیی بێت لەناو كۆمەڵگەی كوردییدا كە سەركردەكانی ئێستای ئەو كۆمەڵگەیە بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتیان خەریكی گەندەڵكردنیین. دەبینیین میللەتان لەوڵاتانی دراوسێ بەهۆی گەندەڵیی دەسەڵاتدارە نەتەوەییەكانیانەوە، دەنگ بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەكان دەدەن، هەروەك لەتوركیا روویداو لەفەلەستین لەگەڵ حەماسو لەمیسریش لەگەڵ ئیخوان موسلمین كە كێشی سیاسییان روو لەزیادییە. بڵاوبوونەوەی مەحسووبییەتو مەنسووبییەتو گەندەڵیی لەكۆمەڵگەی كوردییدا وا لەسەركردە كوردییە دەسەڵاتدارەكان دەكات بیانەوێو نەیانەوێ ببنە دۆستو هاوپەیمانی پەڕگیرییو تیرۆر لەكۆمەڵگەدا.
گەر بڕوانینە كۆمەڵگەی ئێستامان، دەبینین هێندە هۆكاری مەعنەوییو سیاسیی تێدایە كە پێكهێنانی بزووتنەوەیەكی سیاسیی كە لەگەڵ گیانی سەردەمدا بگونجێو كار بۆ درووستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی بكات، ئاسان بێت. ئەو بزووتنەوەیە بەجۆرێك بێت كە هەموو لایەك مافی لەسامانی نیشتماندا هەبێتو مافەكانی هاوڵاتیو كەرامەتی بپارێزرێتو یاسا بەبێ هەڵاوێركردن بەسەر هەموواندا جێبەجێبكرێت. بەبێ ئەوە، كۆمەڵگەی كوردیی لاوێتییو زیندووییو بەرەوپێشچوونە مێژوویییەكەی لەدەستدەدات.
ئهم چاوپێکهوتنه له ژماره 402 و 403 ی هاوڵاتی بڵاو بۆتهوه……