Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
پرسیارێک بۆ مێژوو…. هه‌ورامان علی

پرسیارێک بۆ مێژوو…. هه‌ورامان علی

Closed
by March 12, 2008 گشتی

دیمه‌نێك له‌ كاره‌ساتی هه‌له‌بجه……‌             
  ئێواره‌یه‌کی  دره‌نگی کۆتایی زستانی  سالی  هه‌زارو نۆسه‌دو هه‌شتاو هه‌شت بوو، تازه‌ سروشت رووه‌و به‌هار هه‌نگاوه‌ی هه‌لگرتبوو، هێشتا به‌فری میری مێزه‌ره‌ سپیه‌که‌ی  سه‌ری لانه‌دابوو ، هێشتا گولاله‌ سوره‌کانی لاقه‌تپالی شنرۆێ چرۆیان ده‌ر نه‌کردبوو ، هێشتا باخه‌کانی هه‌ورامان بۆن و به‌رامه‌یان رێبوارانی کاس نه‌کردببو ، هێشتا ده‌نگی کنا له‌یلا ره‌نگ و بۆی هه‌ورامانی  ره‌نگین نه‌کردبوو، هێشتا به‌فراوی ئاوێسه‌ر خواردنه‌وه‌ی ئاشقانی مه‌ست نه‌کردبوو ، چناره‌ بالا به‌رزه‌کانی گولان پرچه‌کانیان به‌ نه‌سیمی شاره‌زوو شانه‌ نه‌کردبوو ، له‌ ناکاو دنیا ره‌نگی خۆله‌مێشی گرت ، له‌چه‌ند ساتێکی که‌مدا  له‌گه‌ل بارینی مه‌رگدا شارێک به‌ پێوه‌ مرد ! ، یه‌که‌م جاربوو له‌ شاره‌زووره‌که‌ی نالی و حه‌بیبه‌دا له‌جیاتی بارانو ره‌حمه‌تی خوا  مه‌رگ ببارێ ، یه‌که‌م جاربو بۆنی سێو   نێردراوی خوا بێو پاسپۆرتی مه‌ره‌گ و ئه‌و دنیای هه‌ل گرتبێ ، یه‌که‌م جاربوو بۆنی سیر مژده‌ی قیامه‌تبدا ، یه‌که‌م جار بوو گوله‌باخه‌کانی  باخی میری پێش ئه‌وه‌ی چرۆبکه‌ن هه‌لوه‌رین.. یه‌که‌مم جاربوو له‌ مێژووی دوورو درێژی ئه‌م وولاته‌دا  باوک بۆ رزگار کردنی گیانی خۆی به‌سه‌ر ته‌رمی  منداله‌که‌یدا باز هه‌لبدا‌…… چه‌ند رۆژێکی تر به‌هار بوو ، به‌هارێک له‌ جیاتی بۆنی چنورو رێحانه‌ بۆنی مه‌رگ ده‌هات ، له‌ قه‌تپالی ده‌ره‌تووێی  ژوروه‌وه‌و چۆراوگه‌ی به‌فراو رێچکه‌ی به‌ستبوو ، به‌لام له‌ سه‌وزه‌لانی ئه‌و چیا ره‌نگینه‌دا که‌وه‌کان گۆرانیان بۆ پێشوازی به‌هار نه‌ده‌ چری .. ..            
 ئێواره‌یه‌کی ساردی 18.3.1988 بوو کاروانێکی دوورو درێژی ئینسانی ماندو شه‌که‌ت له‌سه‌ر چیاکه‌وه‌ رووه‌و دامێنی به‌نێو كێلگه‌ی میندا رێچکه‌یان به‌ستبوو ، خوارو خێچی رۆیشتنیان  له‌ گه‌رانه‌وه‌ی له‌شکرێکی شکست خواردوو ئه‌چون، ‌‌دورو‌ درێژیان له‌دوره‌وه‌  له‌ دیواره‌که‌ چین ئه‌چون ،ئه‌و ئێواره‌یه‌ شاهدی تاوانێکی گه‌وری مێژوو بوو ، له‌ دامێنی چیاکه‌دا له‌ رۆخی روبار‌ی سیرواندا ، له‌ په‌نا چناره بالابه‌رزه‌‌کانی گوندی شێخانی سه‌رسنوری ئێراندا ژنێکی بالا به‌رز له‌تاو ئازار راکشا، دوو پیره ‌ژن ئه‌ملاو ئه‌ولایان گرتببو  له‌ بن تاشه‌ به‌رده گه‌وره‌‌که‌دا ، له‌ دامێنی ئه‌و ژنه‌وه‌  زریکه‌ی منالێک مژده‌ی په‌یوه‌ست بوونی  ئینسانێکی تری به‌کاروانی ژیانه‌وه‌ راگه‌یاند، یه‌کیک له‌ پیره‌ژنه‌کان به ئه‌ملاو ئه‌ولای خۆیدا روانی…..سه‌ره‌ته‌نه‌که‌یه‌کی ژه‌نگاوی که‌ شه‌پۆلی ماندوی ئاوه‌که‌ له‌ قه‌راخه‌وه‌ له‌نگه‌ری پێگرتبوو سه‌رنجی راکێشا، هه‌ر به‌و سه‌ره‌ ته‌نه‌که‌یه‌ و له‌و ئێواره‌ سارده‌دا ناوکی کۆرپه‌ ساواکه‌یان بری.. دایکه‌ پاش که‌مێک کۆرپه‌که‌ی له‌ ئامێز گرت… هه‌ستایه‌ سه‌رپێ… دوو سێ جار ناوچه‌وانی کۆرپه‌که‌ی ماچ کرد…. پاشان به‌ ده‌نگێکی ئارام و خه‌ماوییه‌وه‌ یه‌که‌مێن ووشه‌کانی چپان به‌ گوێی منداله‌ ساواکه‌دا……. 
( کۆرپه‌ی شرینم میوانی دنیای تازه‌ خولقاوم….. له‌ نێو شاردا دوێنێ ئێواره‌ چل و دوو که‌سم… چل و دوو ئازیزم له‌ نێو ژه‌هردا به‌ مردویی جێهێشت…. تۆش برۆره‌وه‌ بۆ لایان … با هه‌ست به‌ ته‌نیایی نه‌که‌ی ، به‌ گیانی بابه‌ خۆشم ده‌وێی ، به‌لام با وه‌ک من بێ بابیی نه‌ چێژی )……. دایکه‌  چه‌ند هه‌نگاو چوه‌ نێو ئاوه‌که‌… له‌ کاتێکدا هۆن هۆن فرمێسک به‌ چاوه‌کانیا جۆگه‌له‌ی به‌ستبوو ده‌سته‌کانی بۆ نێو ئاوه‌که‌ شۆر کرده‌وه‌ …. ده‌سته‌کانی شلل بون…. له‌گه‌ل ورده‌شه‌پۆلی ئاوه‌که‌دا ورده‌ورده‌  منداله‌که‌ش له‌ چاو ون بوو…..له‌وكاته‌دا به‌رچاوم ره‌شبوو  ، هه‌موو ده‌ماره‌کانی له‌شم گرژبوون …تفم له‌ دنیا….. له‌ ژیان… له‌ ئینسان ..له‌ هه‌مووشتێ کرد ………له‌ حه‌سره‌تی ئه‌و دیمه‌نه‌ ئه‌گه‌ر چی زمانم شكابوو ،به‌لام ده‌نگێك له‌ قولایی ده‌رونمه‌وه‌ هاواری ده‌كرد ….هۆ دنیای که‌رو لال   ئه‌زانم نامانبینی ….نامانناسی…. ئێمه‌ نه‌وه‌ی سه‌رده‌مێکن هێشتان به‌رژه‌وه‌ندی پێوانه‌ی دیاریکردنی ئامانجه به‌رزه‌‌کانی ئینسانه‌ ، هێشتا بریاری ده‌سه‌لاتداره‌کانی  دنیا له‌ سه‌ر بناغه‌ی  قازانجه‌ نه‌ک یه‌که‌مین زه‌رده‌خه‌ی منالان … له‌ دنیای ئێمه‌دا هێشتا وه‌ک باقی گیان له‌به‌ره‌کانی تر  به‌هێزه‌کان بێ هێزه‌کان ده‌خۆن … هێشتا منی ئینسان شه‌رم له‌ ئینسان بوونی خۆم ده‌که‌م…… له‌وکاته‌دا کۆمه‌لێک بالنده‌ به‌ ئاسمانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا گۆرانیه‌کی خه‌مباریان بۆ ژیان ده‌ووت ، ده‌تگوت گۆرانی لاوانه‌وه‌ بۆ منداله‌که ‌ده‌لێن تا خه‌وی یه‌کجاری بیباته‌وه‌…..،ئاه‌…له‌و ئازاره‌….. ئاخر ئه‌وه‌ کام ویژدانه‌ ، کام دل و ده‌رونه‌ ، ئه‌وه ‌کام هه‌لومه‌رجی کۆمه‌لایه‌تیه‌ به‌م شێوه‌یه‌  بونه‌وه‌ر له‌خۆی بێگانه‌و نامۆ ده‌کات؟! …ئه‌وه ‌کامه‌ دنیایه‌ ئینسان والێده‌کات به‌م شیوه‌یه‌ دل ره‌قانه‌ له‌گه‌ل  نه‌وه‌که‌ی خۆیدا ره‌فتار بکات ؟، ئێوه‌ وه‌لامم مه‌ده‌نه‌وه‌ لێگه‌رێن بۆ مێژوو ، ئه‌و له‌ هه‌گبه‌که‌ی خۆیدا ، ده‌یان پرسیاری تر ، ده‌یان گرێکوێره‌ی تری له‌ خۆ گرتووه‌……منیش وه‌كو ئێوه‌ دلنیام  رۆژی دادی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ فرمێسك و زامه‌کانمان پێده‌که‌نین یان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا بێده‌نگیان هه‌لبژارد…….هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌م مه‌رگه‌ساته‌دا رۆلیان هه‌بوو شه‌رمه‌زاری نێو لاپه‌ره‌کانی مێژوو ئه‌بن و له‌ به‌رده‌می په‌یكه‌ری به‌شنو بالای ئه‌و ساوایه‌دا شه‌رمه‌زارو ملكه‌چ راده‌وه‌ستن  ، داوای لێبوردن ئه‌كه‌ن……  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.