چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆماننوسی ئێرانی مەحمود دەوڵەت ئابادی
لەم چاوپێکەوتنەدا کە ئەندریاس فانیزادە لەگەڵ نووسەری ئێرانی مەحمود دەوڵەت ئابادی سازیکردووە، مەحمود دەوڵەت ئابادی قسەوباسی خۆی دەربارەی شکستی ڕاپەرین و نارەزاییە سەوەزەکەی ئێران و هەروەها دەربارەی ئەدەب و سانسۆر لە دەوڵەتی ئایین سالار ( تیۆکرات) دەکات .
ئەدەب نابێت لەناو سیاسەتی ڕۆژانە دا کورت بکرێتەوە .
کاری تایبەتی میدیا ئەوەیە کە ڕۆژانە هەواڵی باری گشتی وڵات بڵاوبکاتەوە، لێ ئەدەب کارێکی تری هەیە .
ئەمرۆ فەرهەنگی ئێمە بۆگەن بووە.
“مەحمود دەوڵەت ئابادی”
ئەندریاس : بەڕێز دەوڵەت ئابادی ئایا بۆ ئێوە زۆر زەحمەت بوو ، کە ڤیزەیەک وەربگرن بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا بکەن ؟
دەوڵەت ئابادی : هیچ کێشەیەکی تازەو چاوەڕواننەکراو ڕووی نەدا. ڕاستە زۆر کێشەی بچووکی بیرۆکراتیم تووش بوو ، بەڵام ئێمەی ئێرانی ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ ئەم کێشانە ڕاهاتووین .
ئەندریاس : ئایا لە ئێران کاتێک کەسێک بیەوێت ڤیزەیەکی دەستبکەوێت وسەردانی دەرەوەی وڵات بکات ، ڕووبەڕوی چی دەبێتەوە؟
دەوڵەت ئابادی : ئەگەر کەسێک ڤیزەیەکی هەبێت ، ئەوا بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانێت سەفەری دەرەوەی وڵات بکات . لێ گەر هاتوو ئەو کەسە لە سەفەری دەرەوەی وڵات قەدەغەکرابێت ، ئەو کەسە کاتێک دەزانێت کە دەچێتە فرۆکاخەنەوە، لەوێ ناهێڵن سەفەر بکات و ئاگاداری دەکەنەوە کەبۆی نییه سەفەری دەرەوەی وڵات بکات .
ئەندریاس : کاتێک لەئەڵمانیا بوون ، لە سیمینارێکدا کە بۆ خوێندنەوەی رۆمانە نوێکەتان (“Der Colonel”.، جەنابی عەقید ) سازکرابوو، ووتتان پێدەچێت لەپاش پرۆسەی هەڵبژاردن لە ئێراندا ڕەوشی سانسۆرکردن بەرەو باشی بڕوات . ئایا کەی رۆمانەکەتان لە ئێران چاپ و بڵاودەکرێتەوە ؟
دەوڵەت ئابادی : دیارە من ئاواتەخوازبووم کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و دوور لەساختە بەڕێوەبچوایە ، کەبە دڵنییایەوە گەر بەو شێوەیە بووایە ، ئەوا هەلوومەرجێکی تر لە ئێران دا دروست دەبوو . لەوکاتەدا چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئە وکتێبانەی لەو جۆرەی کتێبەکەی منیش کارێکی ئاسایی دەبوو . لێ بەداخەوە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە دەرنەچوو و تووشی گەلێک کێشەو ئالۆزی بوو. زۆرێکیش لە کێشەو بارەگشتیەکان بەرەوە ئالۆزتر و خراپتر ڕۆیشتن . من هێشتا لە ئاواتەخوازی خۆم بەردەوامم ، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کتێبەکەم لە ئێران چاپ و بڵاوبکرێتەوە .
ئەندریاس : رۆمانە نوێکەتان (“Der Colonel”.، جەنابی عەقید ) کارێکی زۆر دڵسووتێنە . ئەم رۆمانە کەلە کۆمەڵە باسێکی ( کۆمەڵایەتی ، خێزان ، پیاوسالاری ، توندوتیژی ) لەپاش شۆرشی 1979 لەخۆدەگرێت. بۆچی جارێکی تر گەڕانەوەو خۆتان بە قۆناغەکانی پێشووتر سەرقاڵ کردووە ؟
دەوڵەت ئابادی: دیارە ئەم رۆمانە پێش چەند ساڵێک پێش ئێستا ، دەستنووسەکەیم پێشکەش بە دەزگای سانسۆری ئێرانی کردبوو، بە واتایەکی تر ئەم رۆمانە باسی ڕووداوەکانی پێش ئێستا دەکات. ئەم رۆمانە پێش 25 ساڵ بەر ئێستا نووسیومە . لێ من هەمووکاتێک دوام دەخست ، چونکە حەزم نەدەکرد رۆمانەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکوو ووتارێکی سیاسی بخوێنرێتەوە. هەربۆیە خۆم لە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دواخست . بە بڕوای من ، ئەدەب نابێت لەناو سیاسەتی ڕۆژانە دا کورت بکرێتەوە . کاری تایبەتی میدیا ئەوەیە کە ڕۆژانە هەواڵی باری گشتی وڵات بڵاوبکاتەوە، لێ ئەدەب کارێکی تری هەیە .
ئەندریاس : لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانتدا ووتت ، کە دەزگای سانسۆری ئێرانی ، کتێبەکەتییان وەکوو ( کارێکی نایاب ) وەسف کردووە. بەڵام لەهەمانکاتیشدا بۆتان نییه ئەم کارە لە ئێران چاپ و بڵاوبکرێتەوە. ئایا ئەمە زەنگێکی گاڵتەئامێز و هیچ وپووچ نییه ؟
دەوڵەت ئابادی : ئەمە بۆ من کارێکی هیچ و پووچ نییه ، بەڵکە کارێکی دژ بە یەک و دژوارە ، بەداخەوە ئەمە ماوەیەکی زۆرە لە ئێران دا خۆی سەپاندووەو ، باری کولتووری ئێمەش بەڕێوەدەبات . ئەو کەسانەی کە دەستنووسی رۆمانەکەی منیان خوێندبوەوە و لێیان کۆڵیبوەوە ، بەکارێکی ئەدەبی تۆمارییان کردبوو ، هەروەها بە یەکێک لەکارە ئەدەبییه نایابەکانیان وەسف کردبوو. لێ لە بەرامبەردا دەبێت ئەوان وەکوو فەرمانبەرێکی حکومی هەڵسووکەوت بکەن و لەڕووی ئایدۆلۆژیەوە دژی بوەستنەوە، هەربۆیە نووسیبویان باشترە ئەم رۆمانە لە ئێران چاپ و بڵاونەکرێتەوە.
ئەندریاس : ئایا ئێوە لەوکاتەدا کە وەڵامەکەتان وەرگرتەوە چۆن هەڵوەستەتتان کرد ؟ ئایا توانیتان لە ئێراندا ئەم نووسینە ڕابگرن ؟ ئایا هیچ دەزگایەکی کولتووری هەیە ، کەلە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت دا نەبێت ؟
دەوڵەت ئابادی : هیچ ڕێگایەک نییه کە بتوانیت ئەم رۆمانە بڵاوبکەیەتەوە. یان بیخوێنیتەوە تەنها ئەوەنەبێت کە مرۆڤ دەکارێت ، لەگەڵ چەند کەسێکی هاوڕێ و دۆستی خۆی ، لەماڵێکدا ، ئەم رۆمانەیان بۆ بخوێنیتەوە. لێ بڵاوکردنەوەی کارێکی نایاسایی دەبێت ، کاتێکیش بتەوێت رۆمانەکە بیخوێنیتەوە ، ئەوا یەکسەر دەزگای سانسۆری ئێرانی پەیدا دەبێت و ڕێگات لێ دەگرن .
ئەندریاس : لەپاش پرۆسەی هەڵبژرادنی سەرۆکایەتی لە مانگی حوزەیرانی 2009 دا ، لەئێران کۆمەڵێکی زۆری خۆپیشاندان و نارەزایی ، بۆ ماوەی چەندین هەفتە تەواوی ئێرانی گرتەوە. لە دەرەوە خەڵکی پێیان وابوو ، کەلە ئێران بزاڤێکی ئۆپۆزسیۆنی نوێ لەدایک بووە ، کە دژی ئەو بیروباوەرو فەرهەنگەیە کە شۆرشی 1979 لەگەڵ خۆی هێناویەتی . ئەم بزاڤەش لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەدا دەرچووە. ئایا ئێوە بۆچوونتان بۆ ئەم بزاڤی ناڕەزاییانە چۆن بوو ؟
دەوڵەت ئابادی : ئەم باری نائارامی و نارەزاییانە ، ناتوانین بیخەینە ناو قاڵبی شۆرشەوە، هەروەها ناشتوانین بەهەمان باری 1979 ی دابنێین . بەڵکە ئەم بارە بریتیی بوو لە کۆمەڵێک بزاڤی نارەزایی ئاشتیخوازانە ، کەهەموویان بەپێی یاسا و دەستووری وڵات ڕێگەی پێدرابوو ( واتە کارێکی نایاسایی نەبوون) ، لەهەمانکاتیشدا دژی بەکارهێنانی خراپی دەستوور و یاسا بوو . گەر ئەم بارە بە شۆرش وەسفی بکەین و شرۆڤەی بکەین ،بە بڕوای من تەنها ئاواتەخوازێک و بیرێکی خەیاڵاوییه .
ئەندریاس : چۆن لەکاتی نارەزاییەکاندا ژیانتان بەسەر دەبرد ؟ ئایا خۆتان بەشداریتان لە نارەزاییەکانتان دەکرد و دەچوونە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان ؟ یان ئەوە بۆ ئێوە کارێکی ترسناک بوو؟
دەوڵەت ئابادی : دیارە من خۆم نەمتوانی بەشداری نارەزاییەکان و خۆپیشان دانەکان بکەم ، بەڵام بە ووردی چاودێریم دەکرد و هەروەها لەسەریم دەنووسی . هەروەها ووتارێکم لەسەر ئەم خۆپیشاندانانە نووسی و لە رۆژنامەی ( Die Zeit ) بڵاوکردەوە . من لەوکاتەدا زۆر دەترسام ، کەسەرانی وڵات لە دژی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی ، توندتیژی زۆر و چەک بەکاربهێنن . هەربۆیە من خۆم لەم بارە دوورگرت و بەشداری خۆپیشان دانەکان نەبووم .
ئەندریاس : ئایا ئەمە شتێکی سەیر نییه ، کە پیاوێکی وەکوو حوسێن موساوی ، کە بەشداربووە لەو رژێمە داپڵۆسێنەرو خوێنمژەی کەساڵی 1980 دروست بوو، ئەمڕۆ ئەم پیاوە ببێتە هیوای ئۆپۆزسیۆن و ئێرانی نوێ ؟
دەوڵەت ئابادی : دیارە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بۆگەنبوونی فەرهەنگی ئێمە ، پاشان ئەم جووڵانەوەیە خۆی لەخۆیەوە بوو ( سەربەخۆ بوو) . ئەم جووڵانەوەیەش پێویستی بە پێشەوایەک ، سیمبۆڵێک هەیە . وە مووساویش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە باشترین شانسیان هەبوو ، کەلەگەڵ یاسا و ریالیتێتی ئەم بزاڤەدا بگوونجێت و ببێت بە باشترین کاندیدای جووڵانەوەکە . بە بڕوای من ، تەنانەت مووساوی بۆ خودی خۆشی ، ئەو هێز و دینامیکیەی خەڵکی چاوەڕوان نەدەکرد ، من لەو باوەڕەدام کە کەس چاوەڕێی ئەم ئەنجامە نەبوو .
ئەندریاس : ئێوە لە سەردەمی دەسەڵاتی شادا ، دژی سەرکووتکردن و زەبروزەنگی دەسەڵات ڕاوەستان ، هەورەها دوو ساڵیش زیندانی کران . ئایا ڕەوشی ئێستای ئێران چۆن دەبینیت ، پاش ئەوەی هەموو ناڕەزاییەکان لەناوبران و سەرکووتکران ؟
دەوڵەت ئابادی : جیاوازییەکی ئێجگار گەورە هەیە . ڕژێمی شا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ، سیستەمێکی سەرکووتکەرانە بوو . شا دەیوویست بە شێوەیەکی سیستەماتیکی هەموو بزاڤێکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن سەرکووت بکات و لەناوبەرێت . لێ ئێستا هەلوومەرجەکە جۆرێکی ترە. ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێرانی بەسەر دوو بەش یان گرووپ دابەش بووە. هەر گرووپەو دژی گرووپەکەی ترە . ئەم هەلوومەرجەی ئەمڕۆ لەچاو هەلوومەرجی پێشوودا زۆر نێگەتیڤانەیە ، چونکە ئەوکات بە جوانی و ڕوونی سنوورەکان دیاربوون . ئەمەش بارەکە زۆر ئاڵۆز و زەحمەتتر دەکات . لە کۆتایی ساڵانی 1970 دا ، ڕژێمێکی دیکتاتۆری دروستبوو ، کە سیستەمێکی داخراو سەرکووتکەرانە لەدژی تەواوی گەل وەستابوو. لێ ئەمڕۆ بارەکە بە رەو دابەشبوونی کۆمەڵگا بۆ دووبەش دەچێت .
ئەندریاس : ئەوەی لە دەرەوە جێگای شانازی و ڕێزێکی گەورەبوو ، بەشداربوونی خەڵکانێکی زۆری ئێرانی لە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان دا ، لە کاتێکدا هەموو دەزانیین چەندە نارەزایی دەربرین لە ئێراندا ، ترسناک و هەرەشە ئامێزە. بە بڕوای ئێوە ئەم ئازایەتی ، هێز و گیانی شۆرشگێڕییه لە کوێوە هات ؟
دەوڵەت ئابادی : ئێوە نابێت ئەوەتان لەبیر بچێت ، ئەوانەی کە ئەمڕٶ ڕاپەڕییون و خۆپیشاندان دەکەن ، کوڕ و کچی ئەو نەوەیەن ، کەبە سنگێکی ڕووتەوە بەشداری جەنگی عێراقییان کرد و دژی هێرش و پەلاماری عێراقی سەدام حوسێن وەستانەوەو بەرگریان لە وڵاتەکەی خۆیان کرد . ئەوان لەماوەی هەشت ساڵی جەنگ دا ، قووربانی زۆریان داوە ، لە ترسناکترین باری ژیاندا ، ڕووبەڕوی دوژمن بوونەوە. هەربۆیە ئەوان هەروا بەئاسانی قبووڵی ناکەن سووکایەتییان پێبکرێت . لەهەمانکاتیشدا ئەمە وڵاتی ئەوانە .
ئەندریاس : واتە ئەو کەسانەی کە بەشداربوون لە ناڕەزاییەکان سەر بەخۆیان بوون ، بەڵام پاشتر لێێان وەرگەڕانەوە ؟
دەوڵەت ئابادی : بەڵێ ڕاستە ، بەڵام ئەم وەرگەڕانەوەیە ، بە پرۆسێسێکی دوورودرێژدا تێپەڕیوە . ئەمان پێشتر هیچ هەلوومەرجێک یان بارێكی وایان بۆ نەرەخسابوو ، کە بە ژمارەیەکی زۆر و بەئاشکرا خۆیان ڕێک بخەن و خۆیان بەیان بکەن ( ڕابگەیەنن) .
ئەندریاس : ئەم ساڵ باراک ئۆباما خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا . ئایا ئەمە پەیامێکیش نییه بۆ ڕژێمی ئێرانی ؟
دەوڵەت ئابادی : بە دڵنییایەوە ئەمە سیگناڵێکی گرنگە بۆ حکومەتی ئێرانی ، بۆئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە هەڵسووکەوت بکات . بەڵام بۆ من ، کە کەسێکم خۆم لە ناوەڕاستدا دەبینمەوە ، دەتوانم پێشنیاری ئەوە بۆ باراک ئۆباما بکەم ، کە ئەم پەیامە بە شێوەیەکی یەک لایەنانە تەفسیر نەکات . بە دڵنییایەوە من دەنگ بەم ڕژێمەی ئێران نادەم . لێ گەر ئۆباما بیەوێت لە پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت ، دەبێت بەو پەڕی ڕاشکاوانەو جددیەوە ، ئێران وەکوو نەتەوەیەک و دەوڵەتێکی سەربەخۆ قبووڵ بکات .
ئەندریاس : مەحمود ئەحمەدی نەژاد ، زۆر حەزی لێیه دروشمی ئەنتی سامی ( دژە جوولەکە) بەکاربهێنێت . ئایا گەلی ئێرانی لەم بارەیەوە چۆنی دەبینن ؟ ئایا بەڕاستی هیچ جۆرێک لە بزاڤی ئەنتی سامی ( دژە جوولەکە) لە ئێران دا بوونی هەیە ؟
دەوڵەت ئابادی : دیارە زەحمەتە بزانیت بۆچی ئەحمەدی نەژاد ئەم جۆرە دروشمانە بەکاردەهێنێت. من لێی تێناگەم . لێ من بەهەموو شێوەیەک دژی ئەم دروشمانەم و بەهیچ شێوەیەکیش ئەم قسانە قبووڵ ناکەم . بەڵام نابێت ئەم لێدوانانە ، وەکوو بیانوویەک لەدژی ئێران بە خراپترین شێوە بەکاربهێنرێت . ئێمە پێویستیمان بە ئیرادەیەکە کە گیانی لێک تێگەیشتن دروست بکات، وە من زۆر دڵنییام کە ئێمە دەتوانین ئەم کارە بە ئەنجام بگەیەنین . لەهەمانکاتیشدا زۆر گرنگە ، کە خەڵکی پشتگیری کۆمەڵگای مەدەنی ئێرانی بکات .
ئەندریاس : ئایا کولتوور لەم ڕووداوانەی دواییدا چ ڕۆڵێکی بینی ؟ من واهەست دەکەم و گەیشتوومەتە قەناعەتێک ، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو فیلمانە دەکەم کەلەم چەند ساڵەی ڕابووردودا لە ئێران بەرهەم هێنراون ، قسەوباسی سەرەکییان لەسەر ئەوەیە ، کە کێ بە ( راستی) و تەواوەتی ئێران کۆدەکاتەوە. هەروەها گەڕانەوە بۆ عادات و تەقالیدی کۆن و ، پرسی دەسەڵاتی نەتەوەیی و زلهێزی ئێران لەناوچەکەدا. ئایا هەموو ئەمانە بریتیی نین لە پرۆگرامێکی کۆنەپارێزی ؟ .
دەوڵەت ئابادی : بە دڵنییایەوە ئەم قاعیدەیە ( بنەڕەتە) بوونی هەیە . وە ئەمەش ئێجگار بەوە بەهێزکراوە، کە ئێمە بەهیچ جۆرێک خاوەنی میدیای ئازاد نین . سنوور و چوارچێوەی گفتووگۆکان ، هەمووی لەسەرەوە دادەنرێت ، هەربۆیە ئێستا باسەکان زۆر ئایینی و ناسیۆنالیستین . کەس ناتوانێت ئازادانە گفتووگۆ لەسەر پرسی کولتووری بکات . هەروەها ئێمە ناتوانینن باسی مێژووی ئێران و ڕووداوەکانی پێشووتر بکەین . تۆ سەیری ئەوە بکە، من لە ئەڵمانیا دەتوانم رۆمانەکەم بخوێنمەوە و باسی لێوەبکەم ، بەڵام لە ئێران ناتوانم . ئەم نەبوونی ئازادی ڕادەربڕینەش ، ڕووبەروی کاردانەوەیەکی توند دەبێتەوە. پارادۆکسی گەورە لەوەدایە ، کە خەڵکانێک بۆیان هەیە چییان حەز لێبێت بیڵین ، بەڵام خەڵکانێکی تر بۆیان نییه قسەبکەن و دەبێت بێ دەنگ بن .
a.abdulla@araspress.com
—————————————————————————–
چەند دێرێک لەسەر مەحمود دەوڵەت ئابادی :
مەحمود دەوڵەت ئابادی لە ساڵی 1940 لە باکووری رۆهەڵاتی ئێران لەدایک بووە . ئەمڕۆ بە یەکێک لە باشترین و ناسراوترین رۆمانووسی ئێران دەژمێرێت . ساڵی 2010 لەلایەن دەزگای Zürcher Unionsverlag رۆمانی “Der Colonel”.، جەنابی عەقید ) کراوە بە ئەڵمانی . دیارە جگە لەم رۆمانە ، کۆمەڵێک رۆمانی تری نووسیوە.
——————————————————————-
سەرچاوە :
www. Qantara. De. Interview mit Mahmud Doulatabadi
تێبینی/ ئەم ووتارە لە ژمارە 8 ی گۆڤاری واتە بڵاوبۆتەوە