Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاوکوژەکان قوربانین …. ڕزگار شێخانی

پیاوکوژەکان قوربانین …. ڕزگار شێخانی

Closed
by March 30, 2011 گشتی


نزیکەی پەنجا ساڵە ڕقوکینەیەکی ئەستوور لەناو شادەمارەکانی فیکرە سیاسییەکانی کوردیدا دێت و دەچێت و وزە دەبەخشێتە میکانیزمی پێڕەوی حیزبەکان، کە خۆیان بەرهەمیانهێناوە و پێیدەڵێن سیاسەت. نکۆڵیکردن لەم ڕقوکینەیە و بەهەندوەرنەگرتنی، بۆ ئەوەی نەمێنێت و ژیانێکی سیاسیی تەندروست بێتە ئاراوە، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن و کۆمەڵگە بەرەو هەڵوەشاندەوە دەبەن. یان ڕاشکاو تر بڵێین، شەڕێکی پیس بووە لەپێناو دەستەڵات و سڕینەوەی یەکتردا.
لە شەڕیشدا قانوونێکی نەنووسراو هەیە: لایەنی دۆڕاو دەبێت یان ون ببێت، یان دەبێت بە مەرجەکانی لایەنی براوە ڕازی ببێت. لە ”شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی”دا، یەکێتی دۆڕا. کاک نەوشیروان کە کەسی دووەمی ناو یەکێتی بوو، نەیویست ددان بەم دۆڕانەدا بنێت و بە مەرجەکانی پارتی ڕازی بێت، بۆیە لە حیزبەکەی جودا بووەوە، کردی بە دوو لەت و لەتە گەورەکەی لەگەڵ خۆی برد و بزووتنەوەی گۆڕای دروست کرد. لە ڕاستیدا، بێجگە لەم هۆیە، من هیچ هۆیەکی تر نابینم لە جودابوونەوەی نەوشێروان و دامەزراندنی گۆڕاندا. کە ئەمەیش درێژکردنەوە و زیندوو کردنەوەی ئەو ڕقوکینەیەیە، کە ئاماژەم پێ کرد.
خوێندنەوە و هەڵسوکەوتی پارتی لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی ژیانی سیاسیدا ، هەڵە بوو. وەک لایەنێکی براوە و زۆر لەخۆبایی هەڵسوکەوتی کرد. لەوە نەگەیشت، کە ئەو کێشانەی نزیکەی پەنجا ساڵە میکانیزمی ژیانی سیاسی بەڕێوە دەبا، بە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان ئەوان و لەتێکی یەکێتی، نابڕێتەوە.

ڕووداوەکانی ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەکان زۆر کەسی لە ناخەوە هەژاند و کاردانەوەی توندیان لێکەوەتەوە. ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکرانەوە، بوون بە بەشێک لە مێژووی هەردوو حیزب و لە زەینماندا دەمێنن. شێوازی بەگژداچوونەوەی خۆپیشاندەران و هەڕەشەی دەستبڕینەوەیان، ئەو وێنانەی شەڕی دووەم و شەڕی ڤێتنامیان هێناینەوە زەین، کە دەستەڵات لەپێناو مانەوەیدا، ئامادەیە بە هەموو شیوەیەک بەرگری لە خۆی بکات. شەڕیش قانوون و ڕێسای خۆی هەیە. کە کەسێک بە جلی مەدەنییەوە تەقە دەکات، ئەو کەسە شەڕێکی پیس دەکات و قانوونەکانی شەڕ دەشکێنێت. ئەوان دەیانتوانی ئەم ڕووداوانە نەکەن بە بەشێک لە مێژووی خۆیان، ئەگەر یەکسەر بە داواکانی خۆپیشاندەران ڕازی بووبوان و تاوانبارانەیان بدایەتە دادگە. بەڵام، ئەو پیاوکوژانە، خۆیان قوربانین. قوربانی ئەو ئەقڵیەتە توند و هەڵەیەی حیزبەکانن، کە خۆی لە گوتە باناوبانگەکەی سکرتێری پارتیدا ”ئەوەی تەعەدا لە پارتی بکات دەستەکانی دەبڕینەوە” دەرخست. داوای خۆپیشاندەران و ئۆپۆزیسیۆنیش کە ئەم پیاوکوژانە بدرێنە دادگە، داوایەکی ڕووکەشە و گرفتە سەرەکییەکە چارەسەر ناکات. کێشەکە ئەو چەند پیاوکوژانە نین، کێشەکە ئەو ئەقڵییەتەیە، کە حیزبەکان وزەی لێ وەردەگرن و پیاوکوژی وا پەروەردە دەکەن. دەبێت کار بۆ ئەوە بکرێت، حیزبەکان، بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە دەست لەو ئەقڵییەتە توندە بەربدەن، کە هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز چارەی گرفتەکان دەکات. ئەو هەڕەشانەی فازیل میرانی، کەمتر نیین لەو گوللانەی ڕوو لە خەڵک تەقێنران. ئەگەر پارتی بەڕاستی گۆڕانکاری دەوێ، دەبێ هەتا زووە فازیل میرانی ناچار بکات دەست لە پۆستی حیزبی بکێشیتەوە. چونکە ئەو پیاوە بارگارنییە لەسەر حیزب. ئەوان ناتوانن، کەسێکی وا سکرتێریان بێت و هاوکاتیش لە هەڵبژاردندا چاوەڕێی ئەوە بن خەڵک دەنگیان پێ بدات.

هەر جارێک، کە قەیرانێک دروست دەبێت، چەند ڕۆژنامە و چەند نووسەرێک، خۆیان بۆ کۆنتڕۆڵ ناکرێت و دەمامکیان لێ دەکەوێت. لە شەڕی ناوخۆدا، بە هەزاران دەمامک کەوتن. ئەوسا، هەردوو لایەنی شەڕکەر هەوڵیان دەدا ناوەندی ئەدەبی و هونەری هەڵوێست بنوێنن. مەبەستیان لە هەڵوێستنواندن، بەرگریکردن لەوان و دژی لایەنی نەیاریان بن. تاکوتەرا نەبێت، زۆربەی نووسەر و هونەرمەندان هەڵوێستی وایان نەنواند. چونکە ئەوان دژی شەڕەکە بوون و دەیانزانی، شەڕەکە لە نێوان خێر و شەڕ، یان لە نێوان دیکتاتۆر و دیموکراتخوازدا نییە، بەڵکە شەڕە لەپێناو دەستەڵات و پارەدا. ئێستایش دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی شەڕی ناخۆ لەئارادایە و هەموو لایەنەکان بە دەنگێکی بڵند ئەو داوایە دەکەن و چەند نووسەر و هونەرمەندێک کەوتوونەتە ناو تەڵەی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەکانی ترەوە. لە دۆخی وادا، بەرگریکردن لە لایەنێک و دژی ئەوانی تر، کەوتنە ناو تەڵەوەیە. ئەو تەڵەیەکی کە لەمێژە شیرکۆ بێکەس کەوتووەتە ناویەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەڵەیەکی گەرموگوڕە، ناخوازێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هەر ئەوەیە، جارجار نووزەیەکی لێوە دێت.

من ڕۆژانی سەرەتای خۆپیشاندانەکان، بە گەرمی پشتگیریم لە داواکانی خۆپیشاندەران دەکرد، چونکە پێموابوو خۆپیشاندانی جەماوەرە و داوای ڕێفۆڕمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن، کە داوای ڕەوان و دەبێ بکرێن. دۆخەکە زوو گۆڕا. کۆمەڵیک حیزب خزانە ناویەوە و ڕەوتی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕی. ئەوەی ئێستا هەیە، فشاری ئۆپۆزیسیۆنە بۆ سەر حکوومەت و ئەو مودێلەی حکوومڕانی. ئەو حکوومڕانییەی کە شکستی هێناوە. دداننەهێنان بەم شکستە و هەوڵنەدان بۆ چارەسەرکردنی، ڕەنگە هەموو ئەزموونەکە بڕووخێنێت و بمانگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا. بۆیە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن و حیزبەکانی ناو حکوومەتە، لەپێناو بەها و ئامانجی هاوبەشیاندا، یەکدی قەبووڵ بکەن و بەیەکەوە چارەی کێشەکان بکەن.

rizgar_shekani@yahoo.se
ڕزگار شێخانی – ستۆکهۆلم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.