Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
خه‌ون …. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن

خه‌ون …. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن

Closed

ئه‌و به‌یانییه‌ (ئامانج) بڕێک دره‌نگ گه‌یشته‌ فه‌رمانگه‌. دوای سڵاو، وتی: ((گه‌لی خوشک و برا، خوا به‌خێری بگێڕێ، خه‌ونێکم دیوه‌، پێمخۆشه‌ گه‌رماوگه‌رم بۆتانی بگێڕمه‌وه‌.)) لێ ئه‌و‌ان‌ وێڵیان کردو هه‌ریه‌که‌ به‌ ئه‌رکی ڕۆژانه‌ی خۆیه‌وه‌ خجڵ ما. له‌و ده‌مه‌دا (ڕه‌سووڵ)ی کارگوزار ده‌رگه‌ی کرده‌وه‌، چه‌ند نووسرواێکی له‌سه‌ر مێزه‌که‌ی ئامانج دانا. ئامانج له‌سه‌ری ڕۆیی: له‌و خه‌ونه‌دا ساڵیان ناونابوو (ساڵی کۆنگره)‌. ته‌له‌ڤزیۆن به‌شوێن یه‌کدا هۆڵی کۆنگره‌ی حیزبه‌کانی پێشان ده‌دا. وه‌ک پێشتر له‌سه‌ری رێککه‌وتبن، ته‌واوی سه‌رۆک، سکرتێری حیزب و حیزبیله‌کان، له‌پێش ئه‌ندامانی کۆنگره‌دا ئاوایان وت: ((من سه‌رۆکێکی فاشیل بووم و ته‌مه‌نێکیشه‌ سه‌رۆکایه‌تیی حیزبم قۆرخ کردووه‌‌، بۆیه‌ بڕیارم دا‌، خۆم نه‌پاڵێومه‌وه‌، که‌سیش بۆ جێگه‌که‌م پێشنیارنه‌که‌م!))
هیچکام له‌ هاوه‌ڵانی هۆبه‌که‌ی مووشی به‌م خه‌ونه‌‌ نه‌بزوا. وه‌لێ ره‌سووڵی کارگوزار له‌سه‌رخۆ، پێیوت: ((وادیاره‌ به‌شێکی خه‌ونه‌که‌ت له‌بیرچووه‌ته‌وه، کاک ئامانج!))
ئامانج: ((کام به‌شه‌یم ‌بیرچووه‌ته‌وه‌؟))
ڕه‌سووڵ: ((هه‌ر ماستاوچییه‌کیش پڕکێشی بکات، به ‌چه‌پڵه‌ڕێزان‌ بمکاته‌وه‌ به‌ سه‌رۆک، لێی قه‌بووڵناکه‌م!))
ئامانج به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ پرسی: ((ئه‌وه‌ چۆنت زانی؟))
ڕه‌سووڵ: ((ئاخر شه‌وی ڕابوردوو، گشتمان هه‌مان خه‌ونمان بینیوه‌!))

کۆبنهاون
2011-03-21

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.