
پلانی B بۆ ئه‌نجومه‌نی کاتیی سه‌رای ئازادی
له کاتی داڕشتنی پلان بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک، جا ئه‌و پڕۆژه‌یه بازرگانی بێ، زانیاری بێ یاخود سیاسی بێت شتێ دێته ئاراوه به ناوی پلانی B ه‌وه. واته له کاتی هه‌ره‌سهێنانی، یاخود جێ به‌جێ نه‌بوونی پلانه بنه‌ڕه‌تییه‌که، که به پلانی A ناو ده‌برێت، جا به هه‌رچ هۆکارێک بێت هێڵێکی گه‌ڕانه‌وه ده‌بێ هه‌بێت، ئه‌ویش پلانه B ه‌که‌یه. داڕشتنی پلانی B به‌رگرتنه له هه‌ره‌س، به‌رگرتنه له زیان و کاره‌ساتی گه‌وره و به‌رگرتنه له ڕوخاندنی ڕۆحی به‌رگری و ئازادی له پڕۆژه سیاسییه‌کاندا. ئاشکراکردن و جێکردنه‌وه‌ی ئه‌م پلانی B یه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌نێو پڕۆژه‌کانماندا وزه ده‌به‌خشێت به ته‌واوی کاراکته‌ره‌کانی نێو پڕۆژه‌که. هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی مۆدێرن، یاخود هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی سه‌رده‌میو ته‌کنۆقرات به‌بێ پلانی B پڕه له ڕۆحی هه‌ره‌س و داڕمان و به مانای ئه‌وه دێت پێشهات و پێشبینییه‌کان پشتگوێ خراون و خوێندنه‌وه‌یان بۆ نه‌کراوه.
ئه‌وه‌ی، که له سه‌رای ئازادی و شارۆچکه‌کانی تردا ده‌گوزه‌رێت جگه له پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی هیچی تر نییه. ده‌ستکاریکردنی جومگه‌کانی داموده‌زگای به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له هه‌رچ ئاست و به‌ر هه‌رچ قورساییه‌ک بێت پڕۆژه‌یه‌که و له سه‌ره‌تاوه پێی ده‌وترێت پڕۆژه‌ی A، به‌ڵام شتێ، که لێره‌دا گومه و جێگای بۆ نه‌کراوه‌ته‌وه پلانی B ه!
خه‌ڵکانی سه‌رای ئازادی
ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو به ده‌ستی هێناوه هه‌ڵداوه‌نه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌کی تازه‌یه له مێژووی خه‌باتی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یمان و ده‌شێت به جیا له ڕووداوه‌کانی تر خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێ و به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌ژمار ده‌کرێت، ئه‌ویش تێکشکاندنی دیواری ترسه، به‌زاندن و لابردنی هێڵه سووره‌کانه و پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیرۆزییه سێبه‌رییه‌کانه، که هه‌موویان له‌مپه‌ڕ بوون له به‌رده‌م فه‌زای ئازادی‌دا. له هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنێت، که مێژوو نانوێت، به‌ڵکو هه‌میشه به‌خه‌به‌ره.
ئه‌وه‌ی له لای هه‌مووان ئاشکرایه، ده‌سه‌ڵات له‌شکرێکی زه‌به‌لاحی میدیایی خستووه‌ته گه‌ڕ و کاری جددی له سه‌ر پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانمان ده‌کات. له به‌رامبه‌ریشدا ئۆپۆزسیۆن به گۆڕان و باڵه‌کانی تریه‌وه نه‌یانتوانیوه هاوسه‌نگی بکه‌ن و به ئاقارێکی پۆزه‌تیڤانه‌یدا ببه‌ن. دڵنیاشم له‌وه‌ی به‌شی زۆری خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕیو هه‌میشه له فیکری ئه‌وه‌دان، که گوایه ده‌بێ تاکو که‌ی له‌م سه‌رای ئازادییه‌دا بمێنینه‌وه و هاوار بکه‌ین. تاکو که‌ی ده‌بێت ماڵ و ئازیزانی خۆمان، کار و ژیانی خۆمان به‌جێ بهێڵین، لێره مۆڵ ببه‌ستین و خاڵ و به‌ند بۆ داواکارییه‌کانمان زیاد بکه‌ین. گومانم له‌وه‌شدا نییه، که به زیاد بوونی ژماره‌ی ڕۆژه‌کانی مانگرتن ژماره‌ی داواکارییه‌کان زیاد ده‌بێت و ئه‌رکی سه‌رشانیان ڕوو له هه‌ڵچون ده‌کات.
سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ئه‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه که‌وتۆته ژێر فشاری گوتاری سیاسیی جیاجیاوه و هه‌ریه‌ک له‌و گوتارانه له هه‌وڵی پچڕینی پشکی خۆیدایه. ئه‌مانه بوونه‌ته مایه‌ی بێهیوایی به‌شێکی زۆری جه‌ماوه‌ره ڕاپه‌ڕیو. هه‌ر چه‌نده بڕیار دراوه، که به هێمنی و بێ گێره‌شێوێنی درێژه به‌و ڕاپه‌ڕیه‌نه بده‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانن ئه‌و هێمنییه سنووری هه‌یه و کاتیش له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک نییه. لێره‌دا پرسیارێک دێته پێشه‌وه: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌هاته ژێر باری داواکارییه‌کان و هه‌میشه له هه‌وڵی تێکشکانیدا بێت، یاخود ئه‌گه‌ر ته‌نها له چوارچێوه‌ی سه‌رای ئازادی‌دا قه‌تیس ما و په‌لی نه‌هاویشت و ده‌سته‌خوشکی بۆ په‌یدا نه‌بوو! ئایا پلانی B مان هه‌یه؟
دیارده‌یه‌کی تر، که شایه‌نی باسه و مایه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه هه‌وڵی شێواندنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له ئارادایه. له‌و هه‌وڵه‌دا بۆشاییه‌کی گه‌وره که‌وتۆته نێوان ڕیزی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و ئۆپۆزسیۆنه‌وه، که هه‌ڵگری به‌شێکی زۆری داوا ڕه‌واکانی ئه‌و جه‌ماوه‌ریه. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته بۆشایی نێوان ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ری دروست کردووه و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش سه‌رکه‌وتوو بووه تێیدا. ده‌سه‌ڵات به جۆرێک کار له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌کات، وه‌کو ئه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن له هه‌ساره‌یه‌کی تره‌وه هاتبێ و به‌رهه‌می ئه‌و هه‌موو ئاڵؤزیانه نه‌بووبێت. مه‌گه‌ر ئه‌و داواکارییانه‌ی، که ئێستا خه‌ڵک بۆی ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قام، ئه‌وانه نه‌بوون کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیان پێک هێنابوو؟ ده‌سه‌ڵات ترسی گه‌وره‌ی له ئۆپۆزسیۆن هه‌یه، چونکو ئۆپۆسیۆن شه‌رعییه‌تی یاسایی خۆیی هه‌یه و متمانه‌ی خه‌ڵکی پێ به‌خشراوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌جه‌ندای سیاسیی پێیه و ده‌یه‌وێ ته‌وای جه‌سته‌ی حوکومڕانی ده‌ستکاری بکات. ده‌سه‌ڵات له‌وه دڵنیایه بوونی ئۆپۆزسیۆن له ڕیزی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیودا هه‌ڕه‌شه له سه‌ر ده‌سه‌ڵات توندتر ده‌کات و زیاتر سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌کات. ده‌سه‌ڵات ده‌زانێ ئۆپۆزسیۆن به چ ئه‌جه‌ندا و توانایه‌که‌وه له په‌رله‌مان و پالاسی سه‌رکردایه‌تیه‌کانیاندا داکۆکی له مافه‌کانی خه‌ڵک ده‌کات.
به‌ڕای من ئێستا له هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه هه‌یه ئۆپۆزسیۆن بخه‌ینه ناو هاوکێشه‌که‌وه، سوود له ئه‌زموونه‌کانیان وه‌ربگرین و ئه‌جه‌ندای هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ دابڕ‌ێژین. با ئه‌و تارمایی ترسه لا به‌رین، که گوزارش له‌وه ده‌کات، گوایه ئۆبۆزسیۆن خاوه‌ن ئایدۆلۆژیایه و جێگای ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی تیادا نابێته‌وه. به‌ڕای من ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی به‌دی ده‌کرێت مۆزایکێکه و جێگای جۆره‌ها ئایدۆلۆژیای جیاوازی تیادایه و ده‌کرێت جێگای ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌شی تێدا بکرێته‌وه. ئایا پێتان وانییه خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌ن ترسیان له‌وه هه‌یه، گه‌ر کابینه‌ی حوکومه‌ت و په‌ڕله‌مان هه‌ڵوه‌شایه‌وه ئه‌رکی درووستکردنه‌وه‌یان و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی داموده‌زگاکان ده‌بێته ئه‌جه‌ندای کێ و چۆن کاری بۆ ده‌کرێت؟
ده‌مه‌وێ بڵێم هۆکار زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن، که هه‌ڵبژێردراوی توێژێکی فراوانی خه‌ڵکی ناڕازیی ئه‌م کوردوستانه‌یه ده‌بێت ئاکتیڤ بکرێته‌وه و وزه‌کانی وه‌گه‌ڕ بخرێن. ده‌بێ ئه‌وه بزانین، گه‌ر ئێمه به‌م ئاراسته‌یه کار بکه‌ین ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن پشتگوێ بخه‌ین ئه‌وه ئۆپۆزسیۆن بۆ هه‌تاهه‌تایه له گۆڕ ده‌نێین، که دڵنیام له‌وه‌ی له داهاتوویه‌کی نزیکدا دووباره کارمان پێی ده‌بێت و مه‌رجیش نییه کاری ئێمه بۆ هه‌میشه هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام به ئه‌نجام بگه‌ێنرێت! ئێمه له دوای ئه‌م شه‌قامه‌وه کاره‌کانی خۆمان دووباره ده‌خه‌ینه‌وه ئه‌جه‌ندای په‌ڕله‌مانتارانی داکۆکیکه‌ر له مافه‌کانمانه‌وه، بۆیه ده‌بێت له ئێستاوه کار بۆ به‌خشینی ئه‌و متمانه‌یه بکه‌ین و هێڵی گه‌ڕانه‌وه‌مان دیاری بکه‌ین.
به بۆچوونی من سه‌رای ئازادی و جه‌ماوری ڕاپه‌ڕیو له هه‌رکوێیه‌ک هه‌ن ده‌بێت هه‌ڵگری ئه‌جه‌ندایه‌کی سێ خاڵی له‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بێت:
1/ ئه‌م بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه تاکو ئێستا چی به‌ده‌ست هێناوه:
بۆ داڕشتنی پلان B له‌م ساته‌وه‌خته دره‌نگه‌دا پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌ک به‌وه‌دا بکه‌ین، چی به ئه‌نجام گه‌ێندراوه، چی ماوه به ئه‌نجامی بگه‌ێنین، ئایا دوورین له ئامانجه‌که‌مانه‌وه یاخود نزیکین. به ڕای من ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، که له ئارادایه تاکو ئێستا ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندووه:
• گفتی گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵکانی سیڤیل له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و حیزبه سیاسییه‌کانه‌وه.
• ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکی هه‌رێم به‌وه‌ی، که خۆی بۆ خولی داهاتوو ی هه‌ڵبژرادنه‌کان کاندید ناکات.
• وروژاندنی بودجه‌یه‌کی چوار ملیارد دۆلاری له نێوان کابینه‌ی پێنجه‌م و کابینه‌ی شه‌شه‌مدا و چاککردنی بودجه و ده‌رماڵه‌ی هه‌ندێک توێژی کۆمه‌ڵگا.
• هێنانه زمانی سه‌رۆککۆمار و سه‌رۆکی هه‌رێم له قه‌یرانه‌که‌دا و مل که‌چ کردنیان به که‌مترین لایه‌نی که‌می داواکارییه‌کان.
• به‌رزنرخاندنی خوێنی شه‌هیدانی ئازادی نه‌ک به ته‌نها دوای 17 ی شوبات به‌ڵکو ته‌واوی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری.
• هێنانه ناوه‌وه‌ی ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان بۆ ناوڕیزی جه‌ماوه‌ر و بینینی ڕۆڵی ئارامکاریی هۆشیارانه‌ی چاره‌نووسساز له قه‌یرانه‌کاندا.
• خستنه ژێر پرسیاری هاوکێشه‌یه‌کی ناهاوسه‌نگی سیاسیی نێوان شاره‌کانی هه‌رێم. واته جیاوازیی ئاسانیی ده‌ربڕینی ده‌نگی ناڕه‌زایی له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی له به‌رانبه‌ر ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵات پارتیدا.
• ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه و کۆمه‌ڵێک خاڵی تری جوان ڕه‌نگه پێویست نه‌کات ئاماژه به هه‌موویان بکه‌ین، هه‌موو ئه‌مانه ده‌ستکه‌و‌تن و به‌دی هاتوون، مێژوو یاداشتیان ده‌کات.
2/ یه‌کگرتنه‌وه‌ی خه‌ڵک و ئۆپۆزسیۆن له ڕێگای دۆزینه‌وه‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌کان له‌نێوان داواکارییه‌کانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو و ئۆپۆزسیۆندا: گومانم له‌وه نییه، که خاڵی هاوبه‌شی زۆر له ناو ئه‌و داواکاریانه‌ی له سه‌رای ئازادی داڕێژراون له‌گه‌ڵ ئه‌و داواکاریانه‌ی ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵگرێتی، به دی ده‌کرێت. لێره‌دا ئه‌نجومه‌نی کاتیی سه‌رای ئازادی ده‌کرێت خاڵی هاوبه‌شی داواکارییه‌کانی خۆیان و به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی ناو په‌ڕله‌مان بدۆزێته‌وه و یه‌ک لیستی هاوبه‌شی لێ پێک بهێنێت. ئه‌م شێوازه له کارکردن متمانه‌یه‌کی زیاتر به خه‌ڵک ده‌به‌خشێت له گۆشه‌ی ئه‌وه‌ی، که له گه‌مه سیاسییه‌کاندا هه‌میشه پێویستمان به خه‌ڵکانی خاوه‌ن ئه‌زموونی ناو فه‌زای ئه‌و گه‌مه سیاسیانه هه‌یه. که‌سانێک، که ده‌بێت له مێنتاڵیتیی سه‌رانی سیاسیی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات شاره‌زا بن، بیانناسن و مامه‌ڵه‌ی سیاسیان له‌گه‌ڵ کردبێتن. له‌م میانه‌یه‌دا ئۆپۆزسیۆن ده‌کرێت وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌یه‌ک سوودی لێ وه‌ربگیرێت به حوکمی بوونی ئه‌و ئه‌زموونه دوورودرێژه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه‌تی هه‌ر له شاخه‌وه تاکو شار. جگه له‌وه‌ش ئه‌م شێوازه له هه‌نگاونان ڕیزی یه‌کگرتووی داکۆکیکه‌ری داخوازییه‌کان فراونتر و فراوانتر ده‌کات، ده‌سه‌ڵاتیش زووتر چۆک داده‌دات، جگه له‌وه‌ی هه‌لێکیشه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌جه‌ندای کۆن و تازه و بره‌و پێدانیان.
3/ ئه‌رکی هه‌ڵسوڕاوانی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له داهاتوودا: ئه‌مه ده‌شێت کارکردن بێت له‌سه‌ر فراوانکردنی سنووری جه‌ماوه‌ریی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه، هه‌وڵدان بێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ له ده‌وری داواکارییه‌کان له ڕێگای ئه‌م میکانیزمانه‌ی خواره‌وه:
خه‌ڵکی شار و شارۆچکه‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی به تایبه‌ت پایته‌ختی هه‌رێم، که یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی کێشه‌کانن و سه‌نگێکی زۆریان له‌م هاوکێشه سیاسیه‌دا هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانن بێنه سه‌ر شه‌قام، ده‌کرێت له ڕێگای ئه‌نته‌رنێت (فه‌یسبووک و پاڵتۆک)ه‌وه خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه، لیژنه پێک بهێنن، داواکارییه‌کانی خۆیان ڕیزبه‌ند بکه‌ن و له ڕێگای نوێنه‌رانیانه‌وه پێوه‌ندی به هه‌ڵسووڕاوانی سه‌رای ئازادییه‌وه بکه‌ن، بگره سه‌ردانیشیان بکه‌ن و له‌وێوه ئه‌نجومه‌نێکی باڵا و سه‌رتاسه‌ری پێک بهێنن. ئینجا نوێنه‌ری باڵای ڕاپه‌ڕین ده‌بێت له ڕێگای ماڵپه‌ڕه‌کانه‌وه، به فه‌یسبووک و ئیمایل شێوازی ڕێکخستنه‌کانی خۆیان، داواکارییه‌کانیان و ته‌نسیقیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا بڵاو بکه‌نه‌وه تاکو خه‌ڵکی ناڕازی قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و توێژه فراوانه‌یان له به‌رچاو بێ. ئه‌مه ده‌بێته پاڵپشتی ده‌روونی فره ڕه‌هه‌ند بۆ ته‌واوی خه‌ڵک، ده‌بێته هۆکارێک بۆ زیادبوونی فشار له سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌خشینی هه‌رچی زیاتری شه‌رعییه‌ت به داواکارییه‌کان. کارێکی تری گرنگی سه‌رشانی ئه‌نجوومه‌نی باڵا بریتی ده‌بێت له نزیکبوونه‌وه و به‌ستنی پێوه‌ندی له گه‌ڵ ته‌واوی په‌ڕله‌مانتارانی کوردستان، داوای هاوکاریی نه‌ته‌وه‌ییان لێ بکرێت و ئه‌زموونی وڵاتانی ناوچه‌که‌یان وه‌بیر بهێنرێته‌وه و ساته‌کانی توڕه‌یی خه‌ڵکیان بیر بخرێته‌وه. دواتر لیژنه‌که ده‌کرێ سه‌قفێکی زه‌مه‌نیی شه‌ش مانگی یاخود یه‌ک ساڵی بۆ حوکومه‌ت دابنێ و لیژنه‌یه‌کی چآودیری بێلایه‌نیش پێک بهێنێت بۆ ئاگاداربوون له شێواز و نه‌زاهه‌تی جێبه‌جێکردنه‌کان.
هه‌روه‌کو هه‌موو ئاگادارین جموجوڵێکی فراوانیش له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان له لایه‌ن ڕه‌وه‌ندی کوردییه‌وه له ئارادایه. ده‌کرێت لیژنه‌ی ناوبراو له‌گه‌ڵ ئه‌و کامپین و گروپانه‌دا په‌یوه‌ندی ببه‌ستێ و تۆڕێک به مه‌به‌ستی ئاگاداربوونی هه‌واڵ و هه‌ڵوێسته‌کان درووست بکات.
میکانیزمێکی تری ناڕه‌زایه‌تی، که به هێمنترین شێواز ناسراوه، مانگرتنه. له هه‌رێمی کوردستان ده‌یان ڕشته‌کاری جیاجیامان هه‌یه له جۆری کرێکارانی کارگه‌ی جگه‌ره، کارگه‌ی چنین، ئاسن و چیمه‌نتۆ و دائیره و زانکۆکان و ته‌واوی ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی، که حیزبه سیاسییه‌کان به سه‌رچاوه‌ی ئابووری و هێزی سیاسی و مه‌عنه‌وی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕاپه‌ڕین لیستێک به‌و ناوانه ئاماده بکات و که‌سانی پسپۆر دیاری بکرێن بۆ به‌ستنی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵیاندا و گفتی هاوکاری و پاڵپشتییان لێ وه‌ربگیرێت و ده‌ستبه‌جێ کاتێک دیاری بکرێت بۆ ڕاگه‌یاندنی مانگرتن، مانگرتنێکی سه‌رتاسه‌ری به هاوکاری ڕه‌وه‌ندی کوردیه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌نجومه‌نی کاتیی جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو له هه‌ر جێگایه‌کی کوردستان بێت، ئه‌رکی سه‌رشانییه‌تی پلانی B بۆ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو ئاشکرا کات و ئامانجێکی ڕۆشنیان بۆ پێناسه بکات. ئه‌وه‌ی، که ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی بۆ ده‌دات جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌جه‌ندای خه‌ڵکه له ئه‌جه‌ندای سیاسیی ئۆپۆزسیۆن. ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکانی ڕاپه‌ڕیو بکات، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت سوود له‌و کاته وه‌ربگرێت، که خه‌ڵک خۆیی تیادا ڕێک ده‌خاته‌وه، که ئه‌مه ئاکامه‌که‌ی به تێپه‌ڕبوونی کات و کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌وه ده‌شکێته‌وه.
ئاراس وه‌هاب
کۆپنهاگن
25 ی ئازاری 2011