Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆچوونێك لەسەر مێژووچەی 8 مارچ….هەژێن

بۆچوونێك لەسەر مێژووچەی 8 مارچ….هەژێن

Closed
by March 12, 2008 ژنان

– لەوانەیە بەڕێزانێك بپرسن، 8ی مارچ تێپەڕی، تۆ لە کوێ بووی، وا تازە داچڵەکاوی؟
– ئەوەی پیرۆز ڕاگیرا، مرد؛ بە واتایەکی تر ئەوەی پیرۆزکرا، ئەلف و بێیەکی ناچێتەسەر!
– 8ی مارچ چییە؛ جەژن، ڕۆژی ژن، یا شتێکی تر؟

ئەو چەند سەردێرە، بەشێکی ئەو سەرنج و تێڕوانینانەن کە لە ڕامان لە مێژووچەی 8ی مارچ دا لامان گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن.

پێش دوو ڕۆژ لەمەوبەر زەنگم بۆ هاوەڵێکم لێدا، تەنەنیا بۆ هەوڵپرسینی! بەدەنگێکی گڕ و نزمەوە وەڵامی دامەوە، زانیم لەناو پێخەفە و خەوم زڕاندووە، یەکسەر داوای لێبوردنم لێ کرد و وتم ئەوە چییە خۆ نەخۆش نیت، وا بەو پاشنیوەڕۆیە هێشتا بە ئاگانەهاتووی؟ لەوەڵامدا وتی" مەگەر نازانی، دوێنێ شەو مەراسیمی 8ی مارچ بوو، زۆر خۆشبوو، زۆرمان خواردەوە و زۆریش هەڵپەڕین و سەمامان کرد!"، بەخێرایی خۆم لە تێلەفۆنەکە کێشایەوە و داوای لێبوردنم لێکرد، وتم ببورە نەمزانی لە ئاهەنگ و شایی بووی!

ئەم چەند دێڕەم بۆیە لێرەدا نووسییەوە، تاوەکو سەرنجی خوێنەران بۆ مێژووچەی 8ی مارچ ڕاکێشم. ئەوەی من مەبەستمە لە نووسینی ئەم بابەتەدا دیسانەوە نووسینەوەی ئەو مێژووچەیە نییە، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو مێژووچەیە، کە لەپاش بەبۆنەکردنی ئەو ڕۆژەدا لەسەر دەستی چەپەکان لە ناوڕۆکە خەباتکارانەکەی خاڵیکراوەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی سیاسی و یەکانگیردنی لەگەڵ داخوازییەکانی سیستەمەکە.

مێژووچەی ئەم ڕۆژە لە مانگرتنی ژنانی ڕستنوچنینی نیۆیۆرك لە ئامریکا لە ساڵی 1857 دا دەستپێدەکات، لەو ڕۆژەدا ژنان بۆ بەدەستهێنانی کرێیکار و ماوەی کاری یەکسان بۆ ژن و پیاو مان دەگرن و لەوەڵامدا لەلایەن دەسەڵاتەوە تەقەیان لێدەکرێ و لێیان دەکوژرێ و لێیان بریندار دەبێ و لێیان زیندانی دەکرێت!

ئێمە ناتوانین ئەم ڕۆژە بە سەرەتای مێژووی خەباتی ژنان بۆ یەکسانی کۆمەلایەتی و مافی له‌گەڵ پیاوان لە مێژوودا دابنێین، بەڵکو دەکرێت بە خاڵی پەرەسەندنی دابنێین. هەروها لە 23*ی  فێبریوەری 1917دا کە بە ڕۆژمێری ڕوسی دەکاتە 8ی مارچ، ژنانی کارگەری ڕوسیە لە گەرانەوە بۆ سەرکار سەرپێچی دەکەن و بە مارشێکی گەورە بەرەو شارەوانی پترۆگراد بەڕێدەکەون. لە 26ی فێبریوەری دا واتە سێ ڕۆژ دواتر، میری سەربازەکانی دەنێرێت تاوەکو مانگرتنەکە تێكبشکێنن، لە ئەنجامدا پەنجا ژنەکارگەر دەکوژرێن و سەدانیش بریندار دەبن. بەلام لە ڕۆژی 27ی فێبریوەری دا سەربازەکان لە فەرمانەکەی میری سەرپێچی دەکەن و بە راپەڕیوانەوە پەیوەستن دەبن، بەمجۆرە ژنان چەخماخەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لیده‌ده‌ن.

ئەمانە دوو ڕۆژن لە مێژووچەی 8ی مارچ و گەر ئاوڕێك لە چوارلای خۆمان بدەینەوە ئەوا لەنێوان 8ی مارسی پار و ئەمساڵیدا تەنیا لە کوردستاندا چەندین قەسابخانە بۆ ژنان سازکراوە و تازه‌ترینیشیان بڕینی پرچی کۆمه‌ڵه‌ کچه‌ خوێندکارێکه‌ چه‌ند ڕۆژ له‌وه‌وبه‌ر له‌ خورماڵ!

کاتێك کە وەڵامی هاوەڵە چەپەکەم لەگەڵ ئەم مێژووچەدا دەخەمە تای تەرازوو، ئەوا مرۆڤ شەرم لەخۆی دەکات کە لەسەردەمێکی وادا بژیت کە مرۆڤەکان لە ڕۆژی کوشتوبڕی خۆیاندا شایی و ئاهەندەگێڕن! ئایا ئەمە ڕێکەوتە، نەزانییە یا دەسەڵاتداران و دەسەلاتخوازەکان بەمەبەستەوە کار بۆ ئەمە دەکەن؟

8ی مارچ جەژنە؟ جەژنی کامە سەرکەوتن، کامە دەستکەوت؟ ئەی پێرۆزبایی بەبۆنەی چییەوە؟ ئەی کێ ئەمەی کرد بە جەژن؟

8ی مارس ڕۆژی ژن یا ڕۆژی جیهانی ژنە؟ کاتێك کە گوێمان لەم دەستەواژەیە دەبێت، یەکسەرە بیرمان بۆ 364 ڕۆژی پیاو لە ساڵێکدا دەچێت! ئایا بەراستی پیاوان ئازادن و نەك 364 ڕۆژ بەڵکو یەك ڕۆژیانیان هەیە؟

ئەمە ئەو پرسیارانەن، کە وەك ئەلف و بێ، پێوسیتە لەبەردەم هەر ئازادیخواز و یەکسانیخواز و شۆڕشگێڕێکدا قوتبنەوە!

مەبەستی من ڕەتکردنەوەی ڕۆژی هەشتی مارس نییە، بەلکو دژایەتیکردنی ئەو هەوڵەیە، کە دەیەوێت لە مەرگی خۆماندا هەڵمانپەڕێنێ و سەرچۆپی گەمژەیی خۆمان بگرین!

دەکرێت کەسە یەکسانیخواز و سۆشیالیستخواز و ئازادیخوازەکان لەو ڕۆژەدا هەر لەو یانانەدا کە سەما بۆ کۆیلەتی خۆیان دەکەن، سیمنار و کۆرو کۆمەڵ و قسەوباس لەسەر کارکردی خۆیان لەماوەی نێوان 8ی مارچی پار و ئەمسای خۆیان بکەن و نەخشە بۆ ساڵێکی تری پڕ خەبات و پەیگیرانە داڕێژن، نەك 8ی مارچ بکەن بە قرتێلەیەك و بیدەن لە بەرۆکی پارت و گروپە دەسەلاتخوازەکەیان!

دەکرێ و دتوانین لە بری چەپکەگوڵ و وشەی پیرۆزبایی لە ئیمەیل و نامەکانماندا قسە و باس بگۆڕینەوە و بۆچوونی نوێ و سەرنجی کارا پێشکەشکەین.

ئەمە بەرەنجامی کارکردی چەوتی ژنانێکە کە لە ڕوانگەی دەسەڵاتخوازییەوە، ویستویانە و دەیانەوێت ژنان وەك پاڵپشتی بەدەسەلاتگەیشتنی پارتەکانیان بەکاربەرن و هەر هوشیاربوونەوە و سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەمێژوو لەبەرژەوەندی ڕامیارییە چەپەڵەکانیان نییە و لەبەرامبەردا ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز دەکێشنە پای شاییگێڕان بە بۆنەی کۆیلەبونیانەوە.

بەبڕوای من ئەرکی ئەوڕۆکە و دەستبەجێی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز هەر لەم ڕۆژەوە تا یادی 8ی مارچی داهاتوو، کاردنە بۆ چۆڵکردنی شایی و ئاهەنگی پارت و گروپە رامکارەکان له‌ ساڵیادی 8ی مارچ دا. چۆڵکردنی ڕێکخراوە بەناو ژنەکانی پاشکۆی دەسەڵاتە. کارکردنە بۆ هوشیارکردنەوە و لەبارکردنی زەمینەکانی خەباتی یەکسانیخوازانە لە شوێنی کار و ژیاندا و گرێدانەوەی ئەم خەباتە بە خەباتەی سەرتاسەری کۆمەڵگە و ڕزگارکردنی لەو چوارچێوە ژێندەرییەی کە بەمەبەستەوە بە بالایدا بڕاوە.

هه‌ر به‌و پێیەی کە ئازادی ژنان، ئازادی کۆمەڵگەیە، کەواتە ژنانیش بە بێ ئازادبوونی کۆمەڵگە ناتوانن ئازاد بن. کاتێك کە ژن دایکە، خوشکە، هاوسەرە، درواسێیە، کارگەرە، مامۆستایە، بێکارە، … هیتر، چۆن ژن یەكلایەنە ئازادی دەبێت. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە باوەی کە پێیوایە ئەرکی پیاوانە ژنان هوشیاربکەنەوە، بەلکو ئەوە ئەرکی ژنانە کە پێویستە پیاوان هوشیار بکەنەوە! تاوەکو ژنان لە کۆمەڵگەدا کۆیلە و دەستی دووبن، ئەوا بوونی پیاواێکی ئازاد لە کۆمەڵگەدا دەچێتە خانەی خەونەوە!

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە چیتر گوێ لە وڕێنەی ڕامیارەکان و پارت و گروپە دەسەلاتخوازەکان  نەگرین و لەبری ئەوەی کلیلەکە بدەینە دەست ئەوان، ئەوا پێویستە لە هەوڵی گۆڕینی قوفڵەکەدا بین!**

* 8ی مارچ بەپێی ڕۆژمێری ڕۆژئاوایی لە ڕۆژمێری ڕوسیدا دەکاتە 23ی بێبریوەری، واتە 13 ڕۆژ لەدواوەیە.

** ئەو دەستەواژەیە لە وتەیەکی (کرۆپۆتکین)ەوەوەرگیراوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.