ئه‌و به‌ڕێزانه ( وه‌ستا ) ن يان ( مامۆستا ) ن.؟
سه‌رنجێک له‌و نامهيهی ئاڕاسته‌ی وه‌زيری په‌روه‌رده کراوه……
موحسين جوامێر……
له ئه‌نجامی هێندێک بۆچوونی وه‌زيری په‌روه‌رده د. دڵشاد عه‌بدوڕحمان له‌باره‌ی کاریگه‌ریی ئه‌رێنی و مه‌ترسیی هه‌بوونی دوو زاراوه‌ی کوردی له‌سه‌ر ڕه‌وشی زمان و گه‌لی کورد وه‌ک ميلله‌تێکی يه‌کگرتوو، چه‌ند هێژايهکی که له سوێدێ ده‌رسی کوردی به زاڕۆکان ده‌ڵێنه‌وه، نامهيهکیان به‌ناوی ( مافی خوێندن به هه‌موو زاراوه‌کانی کوردی؛ مافێکی نێونهتهوهيی و دێموکراتیکه ) ئاڕاسته‌ی وه‌زير کردووه و تێیدا گلهييان له قسه‌کانی وی که له ڕۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) دا بڵاو کراونه‌ته‌وه، کردووه و به هه‌وڵێکی ناکوردانهیان ده‌زانن بۆ بێبه‌شکردنی خاوه‌ن زاراوه کوردييه‌کان له مافی خوێندن و نووسین به زمانی دايك و به کارێک دژی پره‌نسیپ و پێوه‌ره مرۆڤايهتییهکانيان له‌قه‌ڵه‌م داوه و داواش ده‌که‌ن بێ هه‌ڵبواردن؛ بهجيددی کار له‌سه‌ر وه‌گه‌ڕخستنی هه‌موو له‌هجه‌کان بکرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڕێزانه له وڵاتێکی ئه‌فريقاوه يان له ناوچه‌يه‌کی دواکه‌وتووه‌وه، ئه‌و نامهيهيان بناردايه، عوزرم بۆيان ده‌هێنايه‌وه، به‌ڵام تۆ له وڵاتی سوێده‌وه ئه‌و تێزانه بنێريته کوردستان، ئا ئه‌مه‌يان پیاو ده‌خاته سه‌ربادان، چاوماللـهقبوون و پرسه‌دانان. له‌و بڕوايه‌دام، زۆرجار خوێنه‌ری کوردی نێووڵات به زانياریی هه‌ڵه و بۆچوونی چه‌وت و ههڵخهڵتێن، ده‌سخه‌رۆ ده‌کرێت. واته، وا زهن ده‌کا له سوێدا ـ بۆ نموونه ـ دێموکراسييهکی ئه‌وه‌نده به‌ڕه‌ڵا هه‌يه، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خوێندن و قوتابخانان، ههوسارێک به‌ده‌سته‌وه نييه تا به‌رزه‌فت بکرێت. بۆيه، هه‌رکه‌سێك به زمانی دايکی خۆی ده‌خوینێ و ده‌نووسێ و هیچ لايه‌نێک بۆی نييه مرۆڤان له‌م هه‌قه بێبه‌ش بکات. نازانن وڵاتی سوێد هه‌مووی هه‌ر ياسايه و سه‌راپای سيستهمهکهيان به‌سه‌ر ڕێسای هه‌بوونی ره‌وش و بارودۆخی گۆڕاو و نه‌گۆڕاو ( الثابت والمتغیر ) له ژياندا دابه‌ش کراوه. زمان له سه‌رله‌به‌ری ئه‌و وڵاته‌دا، يه‌که و سه‌ربه‌هه‌وێ نييه، ئه‌گه‌رچی شێوه‌زاری سوێدیی ئاوا هه‌يه، زمانێکی بيانی بۆ سوێدييه‌ک له‌م ئاسانتره. که‌س باسی مافی زمانی دایک ناکا بۆ منداڵان، چونکه دياره مه‌رج نييه زمانی خوێندن ـ هه‌موو ده‌مێ ـ له زمانی ماڵه‌وه نزيک بێت؛ جاری وا هه‌يه عه‌رز و عاسمان لهيهکدیيهوه دوورن. به‌ڵام ئه‌و مافه بۆ هه‌ر کوردێک ياخود هه‌ر بيانييهک، مه‌يسه‌ر ده‌کرێ. شايه‌نی باسه، له کورد بترازێ، نه‌مبيستووه کهمايهتییهک له سوێدا به زێتر له يه‌ک له‌هجه بخوێنن، مه‌گه‌ر دۆم و قه‌ره‌جه‌کان که له وڵاتانی جياوازه‌وه هاتوون.
ئه‌و براده‌رانه‌ی ئه‌و نامهيهيان بۆ به‌ڕێز دڵشاد عه‌بدوڕه‌حمان ناردووه و فه‌لسه‌فه‌ی ماف و گه‌ڕه‌لاوژه‌ی له‌هجانی پێ ده‌فرۆشن، دهبووايه سووديان له ئه‌زموونی سوێد وه‌ربگرتايه، له‌وه‌ی چۆن ماڵی زمانی خۆيان ڕێک و جوان کردووه، نه‌ک ئه‌زموونی سوێدييهکان له‌گه‌ڵ بيانييهکاندا نه‌قڵی کوردستان بکه‌ن و گه‌لی کورد لێک بکه‌ن به گه‌لانی لێکنهگهيشتوو و ڕه‌نجی هاوبه‌شی يه‌ک سه‌ده‌مان بکرێته ئاردی نێو دڕکان. دهبووايه ئه‌و به‌ڕێزانه ـ له کاتی نووسینی نامهکهياندا ـ ئه‌و کۆنفرانسه هاوبه‌شانه‌ی مامۆستايانی کوردی سوێديان بهاتايهتهوه بیر، که تێیاندا سه‌باره‌ت به ئاهه‌نگی له‌هجان ـ يان ڕاستتر پرسه‌ی له‌هجان ـ ته‌نانه‌ت کوردێکی باکوور له هاووڵاتی خۆی ناگات، ناچار په‌نا بۆ تورکی يان سوێدی ده‌به‌ن، بگره بادينييه‌ک به‌ته‌واوی له کرمانجێک ناگات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش.. دهبووايه، بيانزانيايه که له مێژووی ميـللهتاندا يه‌ک جار زمانی ستاندارد هه‌ڵده‌بژێردرێ، ئه‌ويش به پرۆسه‌يه‌کی خۆڕسک نه‌ک به ده‌نگدان. دهبووايه، فامی ئه‌وه‌يان بکردايه که له‌و سه‌روبه‌نده‌ی مسته‌فا که‌مال قه‌سابخانه‌ی بۆ کورد و زمانی کوردی دانا، کوردی باشوور ڕابوون و زمانی کوردييان پاراست و به تێکۆشانێکی پڕ له قوربانی؛ زمانێکی ستاندارد که ئه‌مڕۆ زمانی پايته‌خته و به هه‌موو دنيامان ده‌به‌ستێته‌وه، له‌دايک بوو، به‌مه‌شه‌وه قه‌ره‌بووی زيانهکان بووه‌وه، زمانی يه‌کگرتووی کوردی په‌يدا بوو، له باشووری وڵات‌دا گه‌شه‌ی سه‌ند و کوردی هه‌ر چوار پارچه په‌سنديان دا و به هی خۆيان زانی. ڕاستیيهکه و ده‌بێ هه‌موو سه‌يدا و مامۆستايه‌ک، هه‌روه‌ها هه‌ر قوتابييهک، خوێندکارێک و شا‌گردێک بیزانێت، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ وه‌ک يهکمیللهتی تۆکمه بمێنینه‌وه، گه‌ره‌که ئه‌و زمانه‌ی ته‌مه‌نی له‌هه‌موو کوردێکی ئه‌مڕۆ زێتره، بکرێ به بنچينه و ژێرخان و شێوه‌زاره‌کانی ديکه ـ به‌شێوه‌يه‌کی زانستی ـ ببن به سه‌رخان و زێتر بيخهمڵێنن، هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دڵان گران بێ، بڕواش ناکه‌م زۆر وا بێت. ئه‌گه‌رنا زمانێکی سه‌قه‌تمان بۆ له‌دايک ده‌بێت، هه‌روه‌ک به‌م دواييه ديمان. هه‌ر هه‌وڵێکیش بۆ بره‌ودان به خوێندن به ديالێکتی ديکه ـ به هه‌ر ناوێک و له‌به‌ر هه‌ر هۆيه‌ک بێت ـ سهرهتايهکه بۆ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی کورد لهيهكدی و په‌يدابوونی گه‌ل و زمانی نوێ و کێبه‌ڕکێی زمانه‌وانیی تازه، هه‌روه‌ک ئه‌م ديارده‌يه خه‌ریکه سه‌ر هه‌ڵبدات. دۆستێکم که مامۆستای کوردیيه و له شاری لوندی خوارووی سوێدا دامه‌زراوه، باسی به‌ڕێوه‌به‌ره سوێدييهکهی خۆی بۆ کردم که چۆن سه‌ری له خوێندنی ئه‌وه‌نده زمانه کوردييانهی له قوتابخانه‌کانی سوێد به‌ڕێوه ده‌چن، سوڕ ماوه، هه‌روه‌ها ئه‌و کێشهوبێشه و سهرئێشهيهی بۆ ده‌زگه جۆراوجۆره‌کانی سوێد دروست کراون. لێره‌دا ده‌کرێ بگوترێت تا ئه‌مڕۆ به حوکمی ئه‌وه‌ی له باشووری کوردستاندا يه‌ک زمانی يه‌کگرتوو سه‌ردار بووه، کوردانی ئه‌م به‌شه ـ به سۆرانی و بادینی و ئهوانيديکهش ـ زۆر زێتر له‌يه‌کدی ده‌گه‌ن وه‌ک کوردی باکوور له‌نێو خۆيان‌دا، هيوادارین ڕۆژێک بێت هیچ پهردهيهک له‌به‌ينی کوردان‌دا نه‌مێنێت.!
نامه‌وێ زۆران بۆ که‌مان بڵێم، وه‌لێ فه‌رموون بڕگه‌ی پێش دوابڕگه‌ی په‌يامه‌که بخوێننه‌وه، ئه‌وجا نه‌خشه‌ی زمانگه‌لی کوردان بخه‌نه به‌رچاوتان و بشزانن سبه‌ی ڕۆژێ خه‌ڵکانی غه‌يره‌کورد چۆنمان لێ ده‌ڕوانن و ـ وه‌ک گه‌لێک ـ کام پله‌مان ده‌قه‌به‌ڵ ده‌کرێ :
" بلا زاراوه‌ی ( کرمانجیی ژووروو )، ( کرمانجیی ژێری )، ( زازاکی )، ( هه‌ورامی ) و ( ئه‌وانيديکه ) قسه‌يان پی بکرێ، پێیان بخوێنرێ و بنووسرێت. کوردانی به زمانی ناوچه‌کان ده‌په‌يڤن، چاوله‌ڕێن له زانکۆکانی کوردستاندا، به‌شگه‌ليان بۆ بکرێنه‌وه. زمانی زانکۆش به‌و زاراوايه بێت که له‌و ناوچه‌يه‌دا سه‌رده‌سته.. ئێمه، ئه‌م مافه به مافێکی نه‌ته‌وه‌یی و دێموکراسیی ده‌زانین، نه‌ک وه‌ک خه‌ته‌رێک له‌سه‌ر کوردبوونی خۆمان و ئه‌وانی ديکه‌ی به زاراوه‌ی ديکه ده‌خوێنن ".
ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی زمانی کوردی وه‌ک ئه‌وه‌ی لێ بێ که ئه‌و فێرکارانه پلانيان بۆ داڕشتووه و زیکر و فيکری بۆ ده‌که‌ن، دوای ده ساڵی ديکه، کوردستانت بۆ ده‌بێته ديالێکستان و ده‌بێته شه‌ڕه‌قۆچی له‌هجه‌کان، ئه‌وسا مه‌گه‌ر زمانی گه‌لێکی سه‌ر ده‌ست ـ وه‌ک تورکی که وێده‌چێ فێربوونی بۆ کوردان له زمانی يه‌کگرتووی کوردی ئاسانتر بێت و هاوکات قوتابی به پاره و واسیته وه‌رده‌گيرێن ـ ببێته سه‌رده‌ست، ده‌نا حکوومه‌ت نييه له‌و ناوچه‌يه‌دا ئه‌وه‌نده زمان و قه‌ومانه‌ی پێ به‌ڕێوه بچێت ..سه‌رباری ئه‌وه، کاتێ پياو له‌و په‌يامه‌ی ئاڕاسته‌ی وه‌زير و به‌رپرسانی کوردستان کراوه، ڕاده‌مێنێت، سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ و نازانێت ئايا ئه‌و به‌ڕێزانه ( وه‌ستا ) ن ياخود به‌ڕاستی ( مامۆستا ) ن ئانژی ( هیچ کام ) يان نین..؟!
2008/02/21