رێگه‌کان ناچنه‌وه رۆما
رێگه‌کان ناچنه‌وه رۆما
ڕێگه‌کان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
رێگه‌کان نه دێنه‌وه بانه و
نه ده‌چنه‌وه رۆما
دواجار هه‌موو رێگه‌کان دێنه‌وه ئێره
دێنه‌وه به‌ر سه‌را
دواجار هه‌موومان له سه‌را یه‌کتر ده‌بینینه‌وه
له سه‌را به دوای یه‌کدیدا ده‌گه‌ڕێین و یه‌کتر ده‌دۆزینه‌وه
له سه‌را یه‌کتر ده‌ناسینه‌وه
له سه‌را گوێمان له ده‌نگی دڵی خۆمان
له ترپه‌ی دڵی یه‌کتر ده‌بێ
له سه‌را ده‌زانین د‌ڵمان چه‌ند خۆشه
تێده‌گه‌ین ده‌نگمان چ پڕ خرۆشه
له سه‌را بانگی یه‌کتر ده‌که‌ین و
ئاوڕ بۆ یه‌کتر ده‌ده‌ینه‌وه
له سه‌را به کۆمه‌ڵ راده‌وه‌ستین و
وێنه ده‌گرین
له سه‌را ده‌زانین چ عاشقین
له سه‌را به چاو ته‌ماشای یه‌کدی ده‌که‌ین
له سه‌را ده‌زانین چ به چێژه راوه‌ستان
له‌گه‌ڵ خه‌ڵک
چ به چێژه قوڵ کردن به قۆڵی هه‌ژاریی و
ماچکردنی ئه‌ملاولای قوربانیی
له سه‌را ڕاده‌وه‌ستین و
نه‌دیوبدییانه
وه‌ک ئه‌وه‌ی یه‌که‌م جار بێ له ژیانماندا ئازاد بین
خۆمان ده‌ده‌ینه به‌ر شنه‌بای ئازادیی
به خۆمان ده‌ڵێین
وای … چ فه‌وزایه‌کی جوانه ئازادیی!
ڕێگه‌کان ناچنه‌وه رۆما
هه‌ر هه‌موو رێگه‌کان دێنه‌وه به‌ر سه‌را
له سه‌را پێ ده‌گرین
له سه‌را روانین فێر ده‌بین
له سه‌را ئاوڕ بۆ دواوه ده‌ده‌ینه‌وه و ده‌بینین تا چاو بڕکا
باڵنده
له دوامانه‌وه راوه‌ستاون
بۆ پێشه‌وه ده‌نۆڕین و
ده‌بینین تا چاو بڕکا دره‌خت
سه‌وز سه‌وز
له پێشمانه‌وه راماون
ته‌ماشای ئه‌ملای خۆمان ده‌که‌ین و
ده‌بینین یه‌ک حه‌شامات ئینجانه‌ی چاو به‌فرمێسک
وان له‌لای ده‌ستی چه‌پمانه‌وه
سه‌یری ئه‌ولای خۆمان ده‌که‌ین و
ده‌بینین یه‌ک ئاپۆره برین
سه‌ریان وا به‌سه‌ر شانمانه‌وه
بۆ سه‌ره‌وه ده‌نۆڕین و
ده‌بینین هه‌زاره‌ها گه‌واڵه هه‌وری منداڵ
قاچیان به ملماندا شۆڕکردۆته‌وه
چه‌پڵه‌ی باران لێده‌ده‌ن و
هار و هاج
دانیشتوون به‌سه‌ر قه‌ڵاندۆشکانمانه‌وه
رێگه‌کان نه ده‌چنه‌وه بانه و
نه دێنه‌وه رۆما
دواجار هه‌موو رێگه‌کان دێنه‌وه
به‌ر سه‌را
دواجار لێره … دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه
لێره … له‌به‌ر سه‌رادا یه‌کتر ده‌بینینه‌وه
له‌به‌ر سه‌رادا منداڵ ده‌بینه‌وه و
له ریزی پێنجشه‌مموانی قوتابخانه‌دا راده‌وه‌ستینه‌وه
تا ده‌نگمان ده‌نووسێ سروود ده‌چڕین
تا ئاوی پێمان دایه‌ت .. راده‌وه‌ستین
له‌به‌ر سه‌رادا ده‌که‌وینه‌وه خوێندنه‌وه‌ی کتێبه زویره‌کان و
موتاڵای مێژوو
له‌به‌ر سه‌رادا گه‌نج ده‌بینه‌وه و ده‌ڕژێینه‌وه جادده و کافه و
کتێبخانه‌کان
له زانکۆکان‌دا ده‌بینه‌وه به قوتابی
له باخچه‌ی شاره‌کانیدا عاشق ده‌بینه‌وه
له‌ناکاو بای سه‌فه‌ر هه‌ڵمانده‌پێچێ و
دوای چه‌ندین ساڵ هه‌مدیس
هه‌موو رێگه‌کان بۆ سه‌را … بۆ ماڵی ئازادییمان ده‌هێننه‌وه
هه‌موو رێگه‌کان نه ده‌چنه‌وه بانه و
نه دێنه‌وه رۆما
دواجار هه‌موو رێگه‌کان دێنه‌وه به‌ر سه‌را
له‌به‌ر سه‌را ئێواره‌یه‌ک ڕێژوان ده‌ناسین
ده‌فته‌ری شیعره‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه
تا بۆمان بخوێنێته‌وه و رای خۆمانی پێ بڵێین
تا باسی سه‌فه‌ری بۆ بکه‌ین و
حه‌کایه‌تی شاره دووره‌کانی بۆ بگێڕینه‌وه
یه‌کێکمان حه‌کیمانه ده‌ڵێ: رێژوان گیان را و مای چیی
تۆ خۆت غه‌مگینترین شیعری
تۆ خۆت غه‌ریبترین حه‌کایه‌تی
ڕاده‌وه‌ستین و پێده‌که‌نین و ده‌گرین
ئیدی هه‌ر کۆتره و له ده‌ورمان ده‌نیشێته‌وه
هه‌ر هه‌وره به‌سه‌ر سه‌رمانه‌وه راده‌وه‌ستێ و
ده‌نمێنێ
چوار ده‌ورمان ده‌درێ
به سورکێو و به سه‌رکار و به بیلال و به ئومێد و
به شێرزاد و به شێخ محمه‌ممه‌د
به‌و پیره‌مێرده‌ی که بۆ خۆی به ته‌نیا دانیشتووه و
تا ئه‌به‌د خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕژێ
چوار ده‌ورمان ده‌درێ به باوکی بیلال
به‌و دایک و خوشک و به‌و پیاوه ریش سپییه خۆڕاگر و ژیرانه‌ی
که خودا هه‌ر ده‌ڵێی بۆ ئه‌وه دروستی کردوون
که ڕۆژێک له ڕۆژان بیلالێکیان شه‌هید ببێ و
کۆست که‌وتن و منداڵ کوژران هه‌ر له خۆیان بێ
وێنه‌گره‌که خه‌ریکه وێنه‌یه‌کی ره‌ش و سپی
به کۆمه‌ڵمان بگرێ
کۆترێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی منداڵ به زوبانێکی فس ده‌ڵێ
به‌ثاقه توو خوا جارێ مه‌یگره …
راوه‌ثته با گه‌رمیانیش بێ!
رێگه‌کان نه ده‌چنه‌وه بانه و
نه دێنه‌وه رۆما
ڕێگه‌کان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را
قافڵه‌کانی مێخه‌ک له سه‌مه‌رقه‌ند و شیرازه‌وه
دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌ک لێره لاده‌ده‌ن
به هه‌یوان و تاق و ژووری شه‌هیده‌کانیدا ده‌گه‌ڕێن و
تاوێک له‌به‌ر ده‌رگه‌ی به گوڵ ئاورشێنکراویان داده‌نیشن
بۆ به‌یانی که ده‌ڕۆن
لێره‌وه سه‌روو گوڵدانێک له گوڵاوی غه‌میان
به‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ و شام
بۆ دیداری نالی و مه‌ولانای غه‌ریبان ده‌به‌نه‌وه
رێگه‌کان هه‌ر هه‌موو دێنه‌وه به‌ر سه‌را
سه‌را کۆتایی سه‌فه‌ره و
کۆتایی رێگه‌کان
لێره‌وه خۆر هه‌ڵدێ و
لێره‌دا ئاوا ده‌بێ
لێره‌وه باکان هه‌ڵده‌که‌ن و
ده‌گه‌ڕێنه‌وه ئێره و لێره پشوو ده‌ده‌ن
ڕێگه‌کان نه ده‌چنه‌وه بانه و
نه دێنه‌وه رۆما
ڕێگه‌کان ڕۆژێک له رۆژان هه‌ر دێنه‌وه ئێره
ڕێگه‌کان لێره له‌به‌ر ده‌رکی ئازادییدا
ته‌واو ده‌بن!
ئازارى 2011
سلێمانى