Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024

من و ئه‌نفال و میری جه‌نگ ….به‌ندی عه‌لی

Closed
by April 6, 2011 هۆنراوە

.. به‌هاری 2011

بۆ من
خه‌وێکی تاڵتره‌ له‌ژه‌قنه‌بووت
له‌قه‌ترانیترین شه‌وی بێ چرپه‌یا
هه‌موو گوڵه‌ ئه‌ستێره‌کانی ملکه‌چن
هه‌موو مرۆڤه‌کانی ، بێ روخسار
هه‌موو گه‌ڕیده‌کانی ، بێ هه‌وار
هه‌موو دڕنده‌کانیشی له‌یه‌ک ئه‌چن
بۆ ئه‌وی شاره‌زاو لێزان
به‌هه‌موو جۆره‌کانی قومار
سه‌ر مێزی کازینۆیه‌که‌و
سواڵکه‌رانی سیاسه‌تی تێدا ئه‌بن
به‌ملیاردێر
ملیاردێره‌کانی عیشقیش
له‌نێویدا ئه‌بنه‌ سواڵکار
بۆ من ، ئه‌نفال
باگرۆیه‌کی شه‌یتانه‌یه‌و
له‌توونه‌ تاریکه‌کانی دۆزه‌خه‌وه هه‌ڵئه‌کات
هه‌موو جه‌سته‌ ئه‌سوتێنێ
روح له‌چوارچێوه‌ی گڕ ئه‌نێ و
له‌خه‌زێنه‌ی زاکیره‌یا هه‌ڵیئه‌گرێت
ئه‌وسا ده‌رزی ئاژنی ئه‌کا
بۆ ئه‌وی دڵ لێوان لێویش
له‌ترس و سامی میهره‌بان
سروه‌یه‌کی به‌هه‌شتیه‌و
هه‌رچه‌نده‌ بۆن و به‌رامی حوزنی لێدێ
له‌وه‌رزی جورم و گوناهدا
ئاره‌قه‌ی شه‌رمی بۆ ئه‌سڕێت
بۆ من ، ئه‌نفال
له‌نێوان پوش و په‌ڵاشی
کات و شوێنا
ته‌نیا بن ده‌وه‌نێک نیه‌ له‌جوگرافیای
دورگه‌یه‌کی به‌خت سیاچه‌مانه‌یا
هه‌ر خۆی بۆ خۆی
کیشوه‌رێکه له‌زریکه‌و
ئۆقیانوسێکه له‌گریه‌و
هه‌ساره‌یه‌که له‌برین
بۆ ئه‌و
چه‌ند وورده‌ خاڵێکه له‌سه‌ر کوڵمی
په‌یکه‌ری بێ گیانی مێژووی
له‌بۆنه‌و ساڵیاده‌کانا
پێشانگه‌یه‌کیان بۆ ئه‌کاو
له‌گه‌ڵ حاشیه‌و مه‌یته‌رو سوارچاکه‌کانی
نێو سوپاکه‌ی
وه‌ک نه‌ریتێکی شاهانه
به‌کۆڕاڵ بۆی ، به‌کۆڵ ئه‌گرین
بۆ من ، ئه‌نفال
بزمارێکی ژه‌نگاویه‌و
ئه‌هریمه‌نه‌ شێته‌کانی شه‌ڕو کوشتار
ئه‌و پاڵتۆیانه‌ی پێدا هه‌ڵئه‌واسن
که‌شه‌ڵاڵه‌ به‌خوێنی مه‌له‌ کۆچه‌ریه‌کان
ئه‌و خاولیانه‌ی پێدا هه‌ڵئه‌واسن
که‌شوێن په‌نجه‌ سووره‌کانی تیا ده‌رچووه‌و
ده‌ڵێی چه‌ند تابلۆیه‌کی سوریالین
بۆ ئه‌و
به‌شێکه‌ له‌چێژ ، له‌تام ، له‌له‌زه‌ت
له‌زه‌تی ڕاوچی
به‌بینێنی لینگه‌فرتێی نێچیرکانی
له‌زه‌تی ڕه‌شه‌با
به‌له‌رزی درخته‌ رووت و قووته‌کان
له‌زه‌تی ڕه‌هێڵه
به‌زه‌لیلی چۆله‌که‌ ته‌ڕو هه‌ڵکوڕماوه‌کانی
وه‌رزی زریان
بۆ من .. ئه‌نفال
هه‌ر له‌زریانی روح ئه‌چێ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.