Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
بۆ یادی دوعا …. هۆزان محمود

بۆ یادی دوعا …. هۆزان محمود

Closed
by April 9, 2011 ژنان

به‌رده‌بارانکردنی دوعا کاره‌ساتێکی ئه‌وه‌نده‌ تراژیدی بوو که‌ تا ئه‌م ساته‌ش هیچ وشه‌و ده‌رىڕینێک ناتوانێت گوزارشت له‌هه‌ست و توڕه‌یی من بکات به‌رامبه‌ر بەو شێوه‌ له‌ به‌رده‌باران کردن،بلۆکبارانکردن، به‌رشه‌ق دان، جل له‌به‌ردا دڕین و بێکه‌رامه‌تی پێکردنی جه‌سته‌ی کچێکی عاشقی 17 ساڵه‌ که‌له‌سه‌ره‌تای ژیانیدا بوو.  دیتنی ڤیدیۆ کلیپه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته‌ و بینینی پۆلیس و سه‌دان پیاوی ئه‌و شاره‌ که‌ چ وه‌ک شاهید یان وه‌ک به‌شدار له‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ژیانی ئینسانێك به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک که‌س هه‌وڵ بدات ڕزگاری بکات، لوتکه‌ی به‌ربه‌ریه‌تی ده‌سه‌ڵات و کولتوری پیاوسالاری لە کۆمەڵگای کوردستاندا نیشان دا.
کێشه‌ی ئه م‌  کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ له‌وه‌دایه که‌ده‌سه‌ڵات خۆی ڕێگه‌ی داوه‌ پیاوان ببنه‌ بکوژی مێینه‌ی ناو خێزانەکانیان‌‌، زۆریان بۆ بهێنن خۆیان بسوتێنن، به‌زۆر به‌شویان بده‌ن، خه‌ته‌نه‌یان بکه‌ن، گه‌وره‌ به‌ بچوکیان پێ بکه‌ن، ژنی سێهه‌م و چوارهه‌می پیاوێک بن وه‌ کچ له‌ جیاتی خوێن و پاره‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری پێ بکرێت! تەنانەت کوشتنی کچانێك له‌سه‌ر ئەوەی ده‌ستدرێژی جنسییان کراوەتەسەر ، یان بەهۆی ئەوەی په‌رده‌ی کچێنی‌‌و “پاکیزەبوون”ی خۆیان لەدەستداوە تا ئه‌مرۆش له‌ کوردستان کوشنده‌ ترین فاکته‌رن بۆ کۆیله‌یه‌تی کچان. مێینەبوون کراوەته‌ به‌رپرسیارێتیه‌کی ئه‌وه‌نده‌ قورس که‌ کچان و ژنان ناچارکراون، وه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌ ناو په‌روه‌ردی خێزان، قوتابخانه‌، مزگه‌وت وه‌ کۆمه‌ڵه‌گاوە رۆژانه‌ وەبیریان بخرێتەوە که‌ ئاگاداری ڕه‌فتاره‌کانیان بن و تێکه‌ڵی پیاو نه‌بن و شه‌ره‌فی خێزانەکانیان‌ نه‌دۆڕێنن.
 جه‌سته‌ی ژن له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی سیکسدا ده‌بینرێت بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ به‌ حه‌زی پیاو و‌ مناڵ دروستکردن بۆ پێکهێنانی خێزان. له‌مه‌ش خراپتر جه‌سته‌ی مێینه‌‌ ده‌بێت ته‌نها و ته‌نها موڵکی یه‌ک پیاو بێت که‌ ئه‌ویش مێرده‌،  وه‌ ده‌بێت پاکیزه‌ بێت و که‌س پێش هاوسه‌رگیری یان دوای ئه‌وه‌دەستی لێنەدابێت. ئه‌مه‌ هێلی سوره‌ و سزای مه‌رگه‌ بۆ ژن. هه‌موو ئه‌م هۆکارانه‌ له‌ کوشتنی دوعادا به‌ ئاشکرا ده‌بینران. دوعا جیاواز له‌وه‌ی که‌ خێزانەکەی خاوه‌نی جه‌سته‌ و ڕۆحی ئه‌م بوون، عه‌شیره‌ته‌که‌ی و دینی یه‌زیدیش هۆکاری تری ئه‌م کوشتنه‌ بوون. چونکه‌ دوعا هه‌موو سنورەکانی به‌زاندبوو؛ سنوری دین، نه‌ته‌وه‌و عه‌شیره‌ت، وه‌ به‌ ئاره‌زوی دڵی خۆی عاشقی کوڕێکی عه‌ره‌بی موسڵمان بوو. ئه‌مه‌ ئه و “تاوانه‌” بوو که‌ بەهۆیەوە به‌ ئاشکرا لاشه‌ی ناسکی ئه‌م کچه‌یان شێواند و تێکیان شکاند، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ نمونه‌ بۆ كچانی هاوشاری و هاو زمان و هاو دین و هاوعه‌شیره‌تی دوعا. ئه‌مه‌ ئه‌و په‌یامه‌ ترسناکه‌ بوو که‌ له‌و ڕۆژه‌دا و تا ئێستاش ده‌کرێت ببینرێت. من نازانم کچانی یه‌زیدی ده‌بێت چ حاڵێکیان بوبێت له‌وڕۆژه دا که‌ هاوڕه‌گه‌زه‌که‌یان به و ده‌رده‌ چوو وه‌ ده‌بێت چ ترسێک سایه‌ی کردبێت به‌سه‌ر رۆحیاندا تا ئه‌مڕۆ؟. هه‌ربۆیه‌ش جه‌سته‌ی دوعا کرایه‌ ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی که‌ بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌، عه‌شره‌ت،  وه‌ پاراستنی دین و نه‌هێشتنی تێکه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ که‌سێک له‌ دینێکی تربه‌کارهێنرا.
ژنانی کوردستان زۆر ده‌مێکه‌ گیرۆده‌ی داب و نه‌ریت و کولتوری دینی و پیاوسالارین. به‌ درێژایی مێژوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش کێشه‌کانی ژنان وه‌ کوشتنی رۆژانه‌یان هیچ کات نه‌بوه‌ مه‌سه‌له‌. ئه‌وه‌نده‌ی توندوتیژی له‌ دژی ژنان و “به‌رپه‌رچ”دانه‌وه‌ی کارێکی پروپاگه‌نده ی‌ ده‌سه‌ڵات بووە بۆ خۆڵکردنه‌ ناو چاوی بیانیه‌کانی که‌ سه‌ردانی کوردستان ده‌که‌ن ، نیو ئه‌وه‌نده‌ نه‌بوه‌ کێشه‌یان تا‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی بۆ بدۆزنه‌وه‌.
زۆر سه‌خته‌ گۆڕینی مێنتالیتی ده‌سه‌ڵاتێک وه‌ یان ڕاکێشانی هه‌ستیان به‌لای خواسته‌کانی ژنان دا بۆ ماف و ئازادی و یه‌کسانی وه‌ بۆ بنه‌بڕ کردنی کوشتاری ژنان، چونکه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌لسه‌فه‌ی دروست بونی له‌سه‌ر بنه‌مای دژه‌ ژنی و نۆرم و به‌ها دواکه‌توه‌کان و پیرۆزیی بنه‌ماڵه و پیاوسالاری بنیات نراوه‌.
ئه‌و هه‌زاران ژنه‌ی که‌ له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا کرانه‌ قوربانی جیهادی ناموس  و پاراستنی شه‌ره‌ف ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوه‌ که‌ وه‌کو ئینسان ویستویانه‌ خۆشه‌ویستی خۆیان هه‌ڵبژێرن یان عاشق بن. ئه‌مه‌ نه‌ تاوانه‌ نه‌ گوناح، نه‌ عه‌یب، نه‌ بێ ئابڕویی، نه‌ بێ شه‌ره‌فی یه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تا یییه‌ی مرۆڤه‌ که‌ پێ ی ده‌وتری مافی هه‌ڵبژاردن وه‌ بڕیاردان له‌سه‌ر حه‌ز و ئاره‌زو و جه‌سته‌ی خودی ئینسان.
کوشتن، سوتاندن، لێدان، ئه‌شکه‌نجه‌، دین، یاسا، ده‌سه‌ڵات هیچ کام له‌مانه‌ ناتوانێت و نه‌یتوانیوه‌ سنور بۆ حه‌ز و خۆشه‌ویستی ئینسان دانێت، هه‌ربۆیه‌ش جیاواز له‌و هه‌موو ڕێگری یه‌ کچان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک بەرەنگارییان کردوه‌ و ویستویانه‌ ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک ساتیش بوبێت به‌ خواست و ئیراده‌ی خۆیان که‌سێکیان خۆش بوێت و وه‌لامی حه‌زو ئاره‌زوه‌ ئینسانیه‌کانی خۆیان بده‌نه‌وه وه‌ هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن که‌ خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆیانن‌.
هه‌ربۆیه‌ش له‌ ساڵڕۆژی به‌رده‌بارانکردنی عیشق و ئینسانیه‌تی دوعادا نه‌فره‌ت ده‌که‌م له‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌، پیاوسالاری، داب نه‌ریتی کۆن و دژه‌ ژن، وه‌ هه‌ر یاسایه‌ک که‌ ڕێگه‌ له‌ ئازادی و سه‌ربه‌رزی ژنان ده‌گرێت.
وه‌ هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ده‌مه‌وێت به‌ کچان و ژنانی کۆیله‌ی وڵاته‌که‌م بڵێم که‌ ئیتر به‌سه‌ کۆیله‌تی خۆتان قبوڵ مه‌که‌ن، ببنه‌ خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆتان و ڕێگه‌ مه‌ده‌ن هیچ که‌س بۆتان دیاری بکات چۆن ژیان بکه‌ن. وه‌رن په‌یوه‌ست بن به‌ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ خواسته‌ ڕه‌واکانی خۆتانه‌وه‌ بۆ ئازادی، یه‌کسانی و بۆ هه‌موو مافه‌ زه‌وتکراوه‌کانتان. بڕژێنه‌ سه‌رشه‌قام بۆ سه‌پاندنی داواکانتان.  پێویسته‌ ئێوه‌ هه‌موو ڕۆژێ له‌ مه‌یدانەکانی ئازادی بن و داوای یه‌کسانی، پاراستنی که‌رامه‌ت و ئازادی یه‌کانی خۆتان بکه‌ن با چی تر هه‌موو رۆژێک دوعایه‌کی تر به‌رده‌باران نه‌کرێت.

 

08/04/2011
له‌نده‌ن
houzan2007@yahoo.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.