
هونه‌ری ره‌خنه مه‌سعوود محه‌مه‌د وه‌كوو نموونه
ئێستا ده‌نێو ئه‌ده‌بی كوردییدا هه‌رایه‌كی زۆر په‌یدابووه، ئه‌ویش هه‌بوون و نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه. ڕاسته ئێستا ئه‌و نووسینانه‌ی به‌ناوی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه له‌سه‌ر ده‌قه‌كان ده‌نووسرێن لهسرنج زیاتر هیچیتر نین. ئه‌ده‌بی كوردی هه‌ر له‌م ڕووه‌وه(ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی) ماڵ‌وێران نییه، به‌ڵكوو له زۆر ڕووی تری وه‌كوو : وه‌رگێڕان، ده‌قی خراپ، لاساییكردنه‌وه‌ی كوێرانه ماڵوێرانه. ئه‌وه‌ی دوو كتێب ده‌خوێنێته‌وه ده‌ست ده‌كاته قه‌ڵه‌م و نووسینمان بۆ فڕێده‌داته ناو ئه‌و پانتاییه‌ی پێی ده‌ڵێن ئه‌ده‌بی كوردی. زۆربه‌ی نووسه‌رانی كورد (خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت له نووسه‌ر و ڕۆژنامه و گۆڤاران) نابه‌رپرسان ده‌ق ده‌نووسن، به‌بێ ئه‌وه‌ی تۆزێك به‌زه‌ییان به‌و كائینه به‌سته‌زمانه‌دا بێته‌وه كه ناوی ئه‌ده‌بی كوردییه.ئه‌وه هه‌ر باسی ئه‌و نووسه‌رانه مه‌كه كه خۆیان به‌خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌زانن( ئه‌گه‌ر نووسه‌رمان هه‌بێ خاوه‌ن ئه‌زموون بێ، چونكوو خاوه‌ن ئه‌زموون بوون لێره به‌پێی ته‌مه‌نه، نه‌ك پێوه‌ری زانست و زانیاری) هه‌میشه خۆیان به‌مه‌غدوور ده‌زانن كه نووسه‌رانی گه‌نج له‌سه‌ریان نانووسن، لێ له‌بیری ئه‌وه‌دا نین ئایا دهقهكانییان تاچه‌ند بڕ ده‌كات، تاچه‌ند داهێنانییان تێداكردووه. به‌لایه‌كی تردا ڕقیان له نووسه‌رانی گه‌نجه.
ئێمه بۆ نووسینی ڕه‌خنه ده‌بێ خاوه‌ن پاشخانێكی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری فراوان بین، هه‌روه‌ها هه‌ر ڕه‌خنه‌گرێك پێویسته له‌سه‌ری چه‌ند زمانێك بزانێت، به‌تایبه‌تی یێكێك له زمانه زیندووهكان ئه‌وروپا وه‌كوو:(ئینگلیزی، فڕه‌نسی،ئه‌ڵمانی ،ئیسپانی…) ، ئه‌گه‌ر خۆی له‌بواری ڕهخنهنووسیندا نه‌دات. چونكوو به‌هۆی ئه‌مه‌وه شاره‌زای تیۆر و قوتابخانه ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌ییه‌كان ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌مه ئاگاداری ئه‌و زانیاریانه ده‌بێت كه له‌ڕابردوو و ئێستا له‌م بواره‌دا ده‌نووسرێن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه ئێمه به‌وهۆیه‌وه خۆمان بخه‌ینه ژێر كاریگه‌ری ئه‌و تیۆر و قوتابخانانه و موقه‌ده‌سیان بكه‌ین، نه‌خێر ئه‌م تیۆر و نووسینانه له‌م بواره‌دا هه‌ن نووسینێكی ڕه‌ها نین، قابیلی ده‌ستكاری و لێ یاخیبوونییان هه‌یه. بۆیه ده‌بینین ئه‌و كێشه‌یه، كێشه‌ی نه‌زانینی زمان و وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت كێشه‌ی بۆ نووسه‌ر و خوێنه‌ری كورد درووستكردووه، چونكوو ئه‌وه‌نده نووسین و وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌و تیۆر و قوتابخانانه له‌زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه هاتۆته نێو ئه‌ده‌بی كوردی زۆربه‌ی خوێنه‌ر و نووسه‌رانی كوردی چه‌واشه‌كردووه، زۆر له وشه و زاراوه ڕه‌خنه‌یی و ئه‌ده‌بییه‌كان به‌سه‌قه‌تی له‌نێو نووسینی كوردی به‌كارده‌برێن. بۆیه زۆربه‌ی نووسینه ڕه‌خنه‌ییه‌كانیش پشت به‌و زاراوه ڕه‌خنه‌ییانه ده‌به‌ستن و به‌مه‌ش نووسینه‌كان پڕ ده‌بن له‌به‌كاربردنی وشه‌ی دوور له‌مه‌به‌ستی خۆی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا كهمێكێك قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، باسكردنی مامۆستا (مه‌سعوود محه‌مه‌د)ه وه‌كوو ڕه‌خنه‌گرێك، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگای ئه‌م باسه كورته‌وه له‌و زاته فێربین، چۆن ڕه‌خنه بگرین، هه‌روه‌ها چۆن ڕه‌خنه بنووسین، زمانی نووسین چۆن به‌كارببه‌ین، بۆیه به‌ڕای من كتێبه‌كانی مامۆستا(مه‌سعوود محه‌مه‌د) بۆ خوێنه‌ری كورد چی له‌كتێبه‌كانی نووسه‌رانی جیهان كه‌متر نییه، چونكوو له‌لایه‌ك ئه‌م زاته زۆربه‌ی نووسینه‌كانی پشتی به‌فیكر و بیركردنه‌وه‌ی خۆی به‌ستووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشت به‌سه‌رچاوه و كتێبی تر ببه‌ستێ، بۆیه ده‌كارێت وه‌كوو قوتابخانه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی و ئه‌ده‌بی و فیكری سه‌یری بكه‌ین، لێیه‌وه فێری وتار و كتێب نووسین بین.
پێشنه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بۆ بیر و بۆچوونه‌كانی ئه‌فلاتوون ده‌گه‌ڕێته‌وه،وه‌كوو شیكاركردنی ئه‌ده‌ب چییه؟ و دانانی شیعر له‌پله‌یه‌كی نزمتر لهژانرهكانیتر و ده‌ركردنی شاعیران لهكۆمارهكهی ئه‌مانه سه‌ره‌تایه‌كن بۆ پێشینه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی. ئیتر به‌درێژایی مێژوو تاكوو ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌یان و سه‌دان تیۆر و قوتابخانه‌ی ڕه‌خنه‌یی و ئه‌ده‌بیی دروست بوون وه‌كوو (فۆرمالیسته‌كان، پێكهاته‌خوازه‌كان، بونیادگه‌ره‌كان…) بۆیه ڕه‌خنه‌ی لێره‌وه زیاتر به‌ره‌و بهزانستبوون ڕۆیشت، به‌و مانایه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی لایه‌نی زانستی پێدا ڕهچاوكرا. له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا كاتێك بۆ نموونه دوو ده‌قت له‌به‌رده‌ستدایه(A) و (B)، لێره‌دا تۆی ڕه‌خنه‌گر هه‌وڵده‌ده‌ی بزانیت كامه‌یان له‌م دوو ده‌قه نایابترن، كامه‌یان جوانتره و داهێنانی تێداكراوه، ئه‌مه‌یه ئه‌ركی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی، هه‌رچی تیۆری ئه‌ده‌بییه، هه‌وڵده‌دا بزانێت پێكهاته‌ی هه‌ریه‌ك له‌م دوو ده‌قه چییه. مێژووی ئه‌ده‌بیش هه‌وڵده‌دا له‌مێژووی دروستبوونی هه‌ریه‌كه‌یان بكۆڵێته‌وه. تاكوو ئێره زانیمان ههرهیك له‌م زانستانه چین به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی (باتسن) بۆ هه‌ریه‌ك له‌و چه‌مكانه.
ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی تره، واته تۆ ده‌قێكت هه‌یه، ڕه‌خنه‌ی لێده‌گری ئه‌گه‌ر نه‌تتوانی وتاره‌كه‌ت، لێكۆڵینه‌وه ڕهخنهییهكهت داهێنانی تێدا بێت و خوێنه‌ر چێژی لێوه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا نا‌توانیت ڕه‌خنه‌یه‌كی زانستی و جوان بنووسیت، ئه‌گه‌ر له‌ده‌قێكی وه‌كوو ڕۆمان، چیرۆك نه‌مانتوانی كۆده‌كانی ئه‌و ده‌قه بكه‌ینه‌وه ئه‌وا ناتوانین داهێنان بكه‌ن.
مه‌سعوود محه‌مه‌دی ڕووناكبیر چ له‌ڕووی زمانی نووسینه‌وه، چ له‌ڕووی نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و فیكریه‌وه ده‌توانین سوودێكی زۆر له‌به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگرین، به‌تایبه‌تی هه‌رسێ به‌رگی(حاجی قادری كۆیی) و (چه‌پكێك له‌گوڵزاری نالی و ده‌سته‌ودامانی نالی). به‌بڕوای ئێمه ئه‌م كتێبانه به‌تایبه‌تی ئه‌مانه‌ی كۆتایی گوتاری ڕه‌خنه‌یی به‌رزن. چهرچهنده (مه‌سعوود محه‌مه‌د) له (ده‌سته‌ودامانی نالی)دا ده‌ڵێت مه‌به‌ستی من لێره‌دا زیاتر لێكدانه‌وه‌ی شیعره‌كانی نالییهبهجۆرێكی تر. لێ ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌سه‌ر بنه‌مای دیوانه‌كه‌ی نالی له لێكدانه‌وه‌ی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس). به‌جۆرێكی تر مانای شیعره‌كانی نالی لێكداوه‌ته‌وه كۆدی تری شیعره‌كان ده‌كاته‌وه كه (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) په‌ی پێنه‌بردووه. لێره‌وه ڕه‌خنه‌ی(مه‌سعوود محه‌مه‌د) له‌سه‌ر لێكدانه‌وه‌كانی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم) بۆ شیعره‌كانی نالی ڕه‌خنه‌یه‌كه كه خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات ئه‌م نووسینانه لێكۆڵینه‌وه‌ن، كه‌چی ئه‌گه‌ر قوڵتر تێی بڕوانین نووسنێكی ڕه‌خنه‌یی به‌رزه. به‌بێ ئه‌وه‌ی هێرش بكاته سه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی تر، ئه‌مه‌ش توانایی و ڕۆشنبیری ئه‌م زاته‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت. با نموونه‌یه‌ك بێنینه‌وه له تێبی(ده‌سته‌ودامانی نالی) له‌وێدا كاتێك دێره شیعرێكی نالی شه‌رح ده‌كات سه‌ره‌تا شه‌رحه‌كه‌ی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) ده‌هێنێته‌وه، ئینجا شه‌رحه‌كه‌ی خۆیشی دواتر ده‌كات، لێره‌وه خوێنه‌ر كاتێك هه‌ردوو شهرحهكه ده‌خوێنێته‌وه خۆی بڕیار ده‌دات كامه‌یان پڕ ماناتر و لۆژیكتره:
” صۆفییی مه‌ستووری ڕووت و موفلیسی خسته گهمهع
سه‌یری خاڵی بێ حیساب و ماچی له‌علی بێ به‌ها
شهرحهكه واداده‌نێ كه‌مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه كه خوا گفتی داوه به‌ئه‌هلی به‌هه‌شت هه‌تا ده‌توانن سه‌یری جوانی حۆرییه‌كانی به‌هه‌شت بكه‌ن و لێوی ئاڵیان بمژن، ئا ئه‌و گفته صۆفی خسته گهمهعهوه، به‌ڵام تا به‌ڕاستی نه‌بێته خواناس هیچی ده‌سگیر نابێ.
من وه‌ها نازانم مه‌به‌ستی بهیتهكهقیامهت بێ، چونكه هیچ ئیشاره‌تێك نییه تێیدا بۆ قیامه‌ت، وشه‌ی (مه‌ستوور)یش هه‌روه‌ك داپۆشراو ده‌گه‌یه‌نێ (زێدهمهست)یش ده‌گه‌یه‌نێ، وه‌ك ده‌گوترێ: چاوی مه‌ستوور.(له‌علی بێ به‌ها)ش نه‌ك بێقیمه‌ت و خۆرایی، به‌ڵكوو (له‌نرخ نه‌هاتوو)ی مه‌به‌سته.
دیمهنهكههی دونیایه، مه‌ستووری صۆفی هی حاڵه‌تی جهزبهیه، ده‌شكه‌وێته گهمهع به دیتنی دڵداران كه ده‌كه‌ونه حاڵی له‌زه‌ت بردن له دیتنی جوانی و مشتنی لێوی ئاڵی یارهكانییان” (1)
ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌م شه‌رحه بكه‌ین ده‌بینین (مه‌سعوود محه‌مه‌د) خاوه‌ن پاشخانێكی ڕۆشنبیری مه‌زنی ئه‌ده‌بی كلاسیكییه، ئه‌و پڕه له‌زانیاری ده‌رباره‌ی وشه و شیعری كلاسیكیی. بۆیه توانیویه‌تی درهقهتی شیعره‌كانی نالی بێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی هێرش بكاته سه‌ر نووسه‌رانی پێشتری شه‌رحی شیعره‌كانی نالی، ئه‌و هاتووه به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ئیشی له‌سه‌ر شه‌رحه‌كانی ئهوانكردووه، كه‌چی ئه‌گه‌ر ئه‌مه نووسه‌رێكی ئێستا بینووسیایهدنیایهك هێرشی ده‌كرده سه‌ر نووسه‌ره‌كه‌ی پێشتر و به‌نه‌زان و نهفامیشی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. بۆیه زۆر پێویسته ئه‌وانه‌ی له‌بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كار ده‌كه‌ن، هه‌میشه ئه‌م كتێبانه‌ی (مه‌سعوود محه‌مه‌د)یان له‌به‌ر ده‌ست بێت، چ له ڕووی شێوازی نووسینه‌وه، چ له‌ڕووی زمان و چۆنیه‌تی ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه سوودی لێوه‌رده‌گرن.
ئیشكردنی (مه‌سعوود محه‌مه‌د) ئیشكردنێكی زۆر زانستییانه بووه، هه‌رچه‌نده ئه‌و سه‌ر به‌هیچ ڕێبازێكی ڕه‌خنه‌یی نه‌بووه، واته له ئیشكردندا پشتی به‌هیچ تیۆر و قوتابخانه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی نه‌بووه. ئه‌و ته‌نها پشتی به‌فیكر و بیركردنه‌وه‌ی خۆی به‌ستووه. (مه‌سعوود محه‌مه‌د) كاتێك ڕه‌خنه‌ی له‌ده‌قێك گرتووه، له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ده‌قه، ده‌قێكی تری به‌رهه‌مهێناوه. ئه‌و لهڕهخنهگرتندا داهێنانی كردووه، بۆ نموونه له‌كتێبی(ده‌سته‌ودامانی نالی) ده‌بینین له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی لهشهرحهكانی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) بۆ شیعره‌كانی نالی گرتووه، ده‌قێكی تر و ڕاڤه‌یه‌كی تر بۆ شیعره‌كانی نالی به‌رهه‌مهێناوه. به‌ڕاستی ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر داهێنانه، ئافراندنی داهێنان و به‌رهه‌مێكی نایابه. نه‌ك ته‌نها شیكردنه‌وه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی به‌ناو ڕه‌خنه‌ی لێده‌گری وه‌كوو زۆربه‌ی نووسینه به‌ناو ڕه‌خنه‌كانی ئێستای سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، كه‌واته ڕه‌خنه‌گر ده‌بێت كه‌سێكی خولقێنه‌ر و داهێنه‌ر بێت، ده‌بێت خوێنه‌ر وا هه‌ست بكات كه ده‌قێكی تر ده‌خوێنێته‌وه. ” بۆیه نووسینی ده‌قێكی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ، عه‌ینی گۆڕینی ئه‌و ده‌قه‌یه” (2) . لێ لێره‌دا پرسیارێك دێته ئاراوه ئایا ئه‌م گۆڕانه‌ی ڕه‌خنه‌گر به‌سه‌ر ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا ده‌هێنێ گۆڕانێكی له‌خۆوه‌یه ،یان حه‌تمییه؟ ئێمه ئێژین گۆڕانه‌كه ده‌بێ به‌شێوه‌ی حه‌تمی ڕووبدات، چونكوو ئه‌گه‌ر گۆڕانه‌كه ڕووینه‌دا مانای وایه ڕه‌خنه‌گر هه‌مان ده‌قی نووسه‌ره‌كه‌ی دووپاته كردۆته‌وه، ڕه‌خنه‌گر ده‌بێت ئه‌و گۆڕانه به‌شێوه‌یه‌كی حه‌تمی بئافرێنێت. ده‌بێ داهێنان بكات ده‌نا ده‌بێت به‌كه‌سێكی لاساییكه‌ره‌وه. (مه‌سعوود محه‌مه‌د) كاتێك ده‌ستده‌كات به‌نووسینی وشه‌ی یێكهمی هه‌ر كتێبێك تا كۆتاییی كتێبه‌كه به‌بێ وه‌ستان و به‌كارهێنانی سه‌رچاوه نووسیویه‌تی. ئه‌مه یێكێكه له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی نووسینی ئه‌م زاته گه‌وره‌یه، ئه‌و زۆر كه‌م سه‌رچاوه‌ی به‌كارده‌برد، هه‌روه‌ها سهرهبابهته لاوه‌كی ده‌نێو كتێبه‌كان زۆر كه‌مه، یان هه‌ر نییه. ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌هه‌مه‌كانی وه‌كوو (حاجی قادری كۆیی) به‌هه‌ر سێ به‌رگییه‌وه،(ده‌سته‌ودامانی نالی)،(چه‌پكێك له گوڵزاری نالی)، (مرۆڤ و ده‌وروبه‌ر) به‌هه‌ر سێ به‌رگییه‌وه، ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنرێت. بۆیه ئه‌م زاته خوێنه‌ری خۆی گه‌ره‌كه، ده‌بێت خوێنه‌رێكی نه‌فه‌س درێژی هه‌بێت، ده‌نا وه‌كی دی هه‌موو خوێنه‌رێك توانای خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی نییه. لێ خوێنه‌ری به‌ئه‌زموون و جیدی چێژێكی زۆر له‌نووسینه‌كانی ئه‌م زاته وه‌رده‌گرن.
بابه‌تێكی تر كه زۆر به‌لامه‌وه گرنگه له‌نووسینی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌م زاته باسی بكه‌م، ئه‌ویش زمانه. زمان لای (مه‌سعوود محه‌مه‌د) گرنگ و بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌و چه‌نده له‌كاری ڕه‌خنه‌دا ئیشی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه كردووه، دوو ئه‌وه‌نده بایه‌خی به‌زمانی نووسینكهداوه. بۆیه تاكوو ئێستاش كه‌سێك نادۆزینه‌وه لهنووسهرانمان زمانی نووسینییان به‌قه‌د زمانی نووسینی (مه‌لا شوكر و مه‌سعوود محه‌مه‌د و هه‌ژار) وان و زانستییانه بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری نووسینی ناو كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان بكه‌ین هه‌ر كه‌سه و به‌كه‌یفی خۆی جۆره ستایلێكی له‌نووسیندا داهێناوه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و نووسه‌رانه زمانی ناوچه‌یی خۆیان به‌كارده‌به‌ن و وشه داده‌تاشن، بۆیه زمانی نووسینی كوردی ئێستا زۆر كۆلهواره، به‌بڕوای ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زمانێكی ستاندارد، زمانی نووسینمان جوان بێت، ده‌بێت چاو له‌زمانی نوسینی ئه‌م زاتانه‌ی باسمكردن بكه‌ین.ئه‌م زاته شه‌ڕی زۆر له‌سه‌ر زمانی ستاندارد و نووسینكردووه، لێ كه‌س گوێی لێنه‌گرتووه، ئه‌و داهێنانی لهزمانیش كردووه. له‌به‌شی یێكهمی كتێبی(حاجی قادری كۆیی)دا ده‌ڵێت” تا توانیبێتم نووسینه‌كه‌م، بۆ مه‌به‌ستی ئاسانی و ئاشكرایی، به‌وشه‌ی عاده‌تی و ئاشنا له‌به‌ر گوێی كوردهواری نووسیوه. به‌كارهێنانی ڕسته‌ی كوردی په‌تی له‌دوا ئه‌و مه‌به‌سه هاتووه، پهروام نه‌بووه له‌ڕوونكردنه‌وه‌ی واتا به‌وشه‌ی بێگانه”(3) ئه‌مه‌یه نووسینی ناسكی كوردی كه چێژ و مه‌به‌سی خۆی هه‌بووه. ده‌بینین له ڕێكخستنی وشه‌كان، ڕه‌چاوكردنی ڕێزمان، به‌كاربردنی وشه‌ی كوردی په‌تی ئه‌مانه هه‌موویان له‌نووسینه‌كانی ئه‌م زاته به‌رچاوده‌كه‌ون، وا ده‌كه‌ن چێژ له‌كاره‌كانی ئه‌م زاته وه‌رگرین، بۆیه زمان له‌نووسینی ڕه‌خنه‌دا ده‌توانێت ڕۆڵی خۆی هه‌بێت، جوانی به نووسینه‌كه بدات. هه‌روه‌ها یێكێك له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌م نووسه‌ره ه‌وه‌یه تێكه‌ڵی ناو ده‌قه‌كه ده‌بێت، بۆ شه‌رحكردنی شیعره‌كانی نالی و حاجی قادری كۆییی، ده‌گه‌ڵ شیعره‌كانیان ژیاوه، پاشخانێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكی هه‌بووه، ڕه‌نگه به‌چه‌ندین ساڵ ده‌گه‌ڵ ئه‌و شیعرانه‌دا ژیا بێت،ئه‌وجا توانیویه‌تی به‌م شێوه‌یه داهێنان بكات، لێ نووسه‌ره به‌ناو ڕهحنهگرهكانی ئێستامان، هه‌ر له یێكه‌م خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه ده‌ستده‌كات به‌نووسینی ڕه‌خنه، به‌بێ ئه‌وه ده‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌دا ژیا بێت، چووبێته ناو قوڵایی ده‌قه‌كه، بۆیه ئێمه ده‌توانین سوودێكی زۆر له‌ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه وه‌ربگرین، هیوادارین هه‌موو ڕه‌خنه‌گرێك چاو له‌و زاته بكات، ئه‌وجا ده‌ست به‌نووسینی ڕه‌خنه‌یی ئه‌ده‌بی بكات.
حه‌مه مه‌نتك
سه‌رچاوه‌كان:
1.ده‌سته‌و دامانی نالی، مه‌سعوود محه‌مه‌د، ده‌زگای ئاراس، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر،2007، ل39.
2.دایه‌لۆگ و داهێنان، عه‌بدولخالق یه‌عقووبی، كۆمه‌ڵه وتووێژی ئه‌ده‌بی، ده‌زگای موكریان، هه‌ولێر، 2009، ل59.
3.حاجی قادری كۆیی، مه‌سعوود محه‌مه‌د، به‌شی یه‌كه‌م، ده‌زگای ئاراس، چاپی دووه‌م،2010، ل7.