Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ویست و بیوپولیتیک لای ژیۆرژیۆ ئەگامبین

ویست و بیوپولیتیک لای ژیۆرژیۆ ئەگامبین

Closed
by April 10, 2011 فەلسەفە

لێرە پێناچێت بکارین دەرگا لەسەر گفتووگۆێکی قوول تایبەت بە فەلسەفەی فەیلەسوفی کۆنتنێنتالی ئیتالی ژیۆرژیۆ ئەگامبین یان لایەنێک لەم فەلسەفەیە بخەینە بەرچاو بەلکو ئەوەی زۆر بەکورتی ئێمە لێرە دەیکەین بەرچاوخستنی ئەو دیتنانەیە دوو ئێوارە کۆری ئەم فەیلەسوفە ئیتالیە لە پاریس لە هزرمانا دروستیکرد(1).
ئەگامبین لەم دوو ئێوارە کۆڕەیدا بینینە فەلسەفیەکانی لە سێرکردنێ فەلسەفیەوە سەرچاوەیدەگرت کە فەلسەفەی کۆنتنێنتالی ئەم چەند سالەی دوای ، چ فەڕەنسی و چش ئیتالی، خەریکی دەستکاریکردنیەتی لەپێش هەمووشیانەوە بابەتی بیوپولیتیک. ئەلبەتە ئەم بابەتە نەک هەر ئەگامبین بەلکو گەلێ لە بیریارانی کۆنتنێنتال لە توێژینەوەکانیانا دالدەیان بۆ سازاندووە و تاڕادەێزۆر بابەتی بیوپولیتیک لای ئەگامبین ، و گەلێ لەوانیتریش ،لەسەر هێلی هزری فوکۆ ڕێدەکا ئەگەرچی بەخۆی سەرچاوەێ یۆنانی هەیە. مەبەستی بنەڕەتیش لە گفتوگۆکردنی ئەم بابەتە هەولدانە بۆ ڕێگاکردنەوە لەبەردەم وتارێ سیاسی تازەی ڕۆژئاوای تایبەت بە ژیانی خود کە خاوەنی ئاڕاستەێ ڕاستبێت و ، ژیانێ بەختەوەر بۆ خود مسۆگەرکات بەدوورلە سەروەری سیاسی کە ڕیشەی بۆ زۆربەی سێستەمە زۆدرداریەکانی مێژوو داناوە. ئەمەش بەپێیئەوەی سیاسەتی سەروەری لەبنڕا سیاسەتێکە بۆ ڕامالینی تاک لە هەبوونی خۆی. ئەم جۆرە سیاسەتە کە سەروەری دەکا بە بناغە پشت لەهەموو ڕاسیۆنالیتێیێ لە سیاسەتدا دەکات. تراژیدیاکەش لەوەدایە لەژێرسایەی سیاسەتی سەروەری مرۆڤەکان مردویێکی زیندوون و ئەوەی پێیدەلێن “ژیانێ بەختەوەر” بوونی نییە. چونکە “تۆ”ی مرۆڤ لەو حالەتەی سیاسەتێ بەختەوەر لە کۆمەلگە پیادەناکرێ تەنیا ژیانێ ناجۆر دەژێت و لەخەمی ئەوەدایت ئەو سەروەریە سیاسیە بپارێزیت کە هەیە.  
ویست تاڕادەێ لە ئێوارە کۆڕی یەکەم بالی بەسەر تێگەیشتنەکانی ئەگامبین دا کێشا. ویست ،ئەگامبین ووتەنی ، بۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوا هەمیشە بوارێ بایەخدار بووە و نەرێتە فەلسەفیەکانی ڕۆژئاوا لەگەل ویست دا پێوەندی گەرمیان هەبووە و ویست وەک واتا لە ئیتیک، سیاسەت، ئاین و جوانکاری جێیدیارە و ، لەم بارەیەشەوە  ئەگامبین گەڕانەوەی خۆی بۆ واتای ویست هەیە ، ئەلبەتە بە وەستان لەسەر گفتووگۆی دیدی فەلسەفی نیچە و فوکۆ بۆ ویست. هەروەک ئەگامبین بۆیدەچێت ویست لای نیچە ویست (ڤۆلۆنتیێ) بووە بۆ هێز و ویست لای فوکۆ ویست بووە بۆ زانین. بەڵام سێرکردنی ئەگامبین بۆ ویست سێرکردنێ جیایە چونکە ئەگامبین ویست لەگەل فەرمانسازی (کۆماندەکردن) گرێدەدات، واتە ویست بۆ ئەگامبین ویستە بۆ کۆماندەکردن (فەرماندان). بۆیە وایپۆیستکرد ئەگامبین تەماشاکردنی خۆی بۆ ئۆنتۆلۆژیای فەرمان(ئیمپێرەتیڤ) دەستنیشانکا کە ئەمەش هەمیشە بیریاران دەگەڕێنێتەوە بۆلای کانت. گفتووگۆکەی ئەگامبین تایبەت بە ویست بردیەوە ناو فەلسەفەی زمانیش چوونکە تەنیا لەوێ مرۆڤ دەکارێ لە ڕیشەی بەکاربردنەکان لە واتاگەلێ وەک توانا، هێز و خواست بگات. بۆیە ئەوەی ڕوونکردەوە کە توانا وەک ناو و وەک کردار ، هەروەها خواست یاخود ویست وەک ناو و وەک کردار، لە زمانی فەڕەنسی چ ماناێک بەدەستەوەدەدەن و چۆنیش لە گفتووگۆ فەلسەفیەکانا نیشتەجێبوونە. 
بۆ ئەوانەی بە هزری ئەگامبین ئاشنان لەوەحالین، فەلسەفەی سیاسی ئەم بیریارە کە جۆرە چەپگەراێکی تیابەدیدەکرێ ، جوانکاری بۆ ئەم فەلسەفەیە بووە بە بوارێ بۆ تێهزرینێ قوول و ئەمەش لە ئێوارەکۆرەکەدا بەدیدەکرا ، بەڵام زۆر ناکراوانە ئەوەدەکرا چونکە کرۆکی ووتنەکانی تایبەت بوون بە بابەتی ویستەوە.
ئێمە نەک ئێستا و ئەمڕۆ بگرە پێش ئەم دوو ئێوارە کۆڕەش لەوە بەئاگاین کە تیۆری جوانکاری ژیۆرژیۆ ئەگەمبین پیێکی لەناو زانستی زمانە و پێیکەیتری لەناو سیاسەتە. ئەوەش ئەگامبین بەمجۆرە تیۆری جوانکاریەکەی هەلدەچنێت ئێمە لەلایەن خۆمانەوە بۆ ئەوەی دەگەڕێنینەوە کە ئەگامبین تێکەلیێ بەهێزی لەتەک کارەکانی بیریارانی هەلوەشانەوەگەری و پۆست مۆدێرنەی فەڕەنسی هەبووە (پێشهەمووشیان مۆریس بڵانشۆ ، دێریدا، لیوتار، ژاک- لۆک نانسی).   
بەڵام بەگشتی و لەخودیخۆیشیدا ئەگامبین تێهزرینەکانی لە سنووری جوانکاریدا قەتیسنابن و خۆ ڕووەو مافی مرۆڤ دەربازدەکەن کە لەوێووە پرسیارە هزرییە سیاسیەکان تایبەت بە تیۆری دۆزی ڕیزپەڕ (یان ئەحکامی عورفی)  و خوێندوەی هۆمۆساکەر (مرۆڤی پیرۆز) لەدایکدەبن. بەئاشکرا دەرکبەوەشدەکرا ئەگامبین دەیویست ئەو تەماشاکردنە فەلسەفیە لای گوێگر دروستکات کە تیۆری جوانکاری و تیۆری ماف ناکارن لە سیاسەت دابڕدرێن. بەڵام ئەوەی لێرە دەشێ جێیسەرنجبێت ئەوەیە کە، لە بۆچوونە فەلسەفیە سیاسییەکانی ئەگامبین دا تێکەلیێکی تیۆری لەنێوان ماف (یاسا) و جوانکاری و زمانەوانیدا ئامادەیە کە خۆیان وەک پێکهاتەێک نیشاندەدەن کە لەسەرێترەوە ئەو پێکهاتەیەی دێتەبەرهەم پرسیارە ئاینیەکان فەرامۆشناکا و لە قالبێ سیاسیشدا دووبارە دەیانهێنێتەوە ناو گفتووگۆکانەوە. هەربۆیە ستاتۆسی سیاسەت لە فەلسەفەی ئەگامبین لەبەردەوامیدایە و پرسیارە لەسەر چۆنیەتی ژیان. ئەو جۆرە پرسیارە سیاسیەی ئەگەمبین بەهۆی ئەم لایەنەوە دەیوروژێنێ ( واتە ئەوەی سیاسەت قسە لەسەر ژیان بکا) لە گەڕانەوەدایە بۆ بایەخدان بە خود، بەو کەسەی سیاسەت دەیخەسێنێ. هەموو ئەوانەش دەچنە خانەی تیۆری بیوپولیتکەوە.
ئەلبەتە تیۆری بیوپولیتیک لەم ساڵانەی دوایدا بووە بە شوێنی تێڕمانێ سیاسیانەی گەلێ لە فەیلەسوفانی کۆنتنێنتالی فەڕەنسی و ئیتالی و لەوانەش ئەگەمابین و لەم ڕەوەشەوە کاریگەری میشێل فوکۆی بەسەر  گەلێ لەو فەیلەسوفانەی گفتووگۆی بیوپولیتیک  دەکەن ، ئەلبەتە ئەمە ئەگامبینیش دەگرێتەوە، دیارە. هۆی سەرەکیش لەم حالەتەدا ئەوەیە کە ژیانی خود و جەستەی ئەم خودە لەناو گەمە سیاسییەکانا دەبێتە قووربانی و فوکۆش لە “مێژووی سێکسوالیتێ”دا ، کە دوا پڕۆژە هزریەکانیەتی پێش مردنی، بناغەی بۆ ئەو گفتووگۆیانە داڕشتووە (2).
ئێمە پێمانوایە گفتووگۆکەرانی بیوپۆلیتیک هەمیشە لەو دەرگایە دەدەن کە سیاسەت چی بەسەر ژیانا هێناوە و چۆن ئەم ژیانە لەژێرزەبری سیاسەت لەوەکەوتووە ببێ بە ژیان. ئەمەش بەپێیئەوەی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سیاسەت هەموووکاتێک کاریبۆئەوەکردووە ژیانی تاک قۆرخکات و ، تاک بەجۆرێک مەجبوورکا ژیانی خۆی وەک خۆی نەژیت و تاک لە شێوەژیانێ ناچۆنایەتیدا ژیان بەسەربەرێت. ئەوەش کە سیاسەت لەم ڕوەوە دەیەوێت بیپێکێت ئەوەیە کە چۆن وابکات تاک پشت لە ژیان بکات و ژیان ببێ بە ئامرازێ بۆ پاراستنی سەروەری سیاسی. گەر ڕەخنەی ئەگامبین لێرە ئەوەبێت کە لە ڕۆژئاوای تازەدا بیوپولیتیک شوێنی وەک ئەوەی لە یۆنانی کۆن هەبووە نەماوە ئەم ڕەخنەیە بەخۆی بەلگەیە لەسەر دەستنیشانکردنی سێستەمی ویست لە ڕۆژئاوای ئەمڕۆدا.
ئەگامبین، هەروەک لایسەرەوەش ووتمان، لە بینینە فەلسەفیە سیاسیەکانیدا جۆرە ئاڕاستەێ چەپگەرای نیومارکسیزمی زالە ، ڕێک ئەو ئاڕاستە نیومارکسیزمیەی لەناو بەشێ لە فەیلەسوفە کۆنتنێنتالە فەڕەنسی و ئیتالیەکانا باوە. بەڵام ئەوەی لەملایەنەوە پێوەندی بەم هزرەڤانە ئیتالیەوە بێت ئەوەیە کە فەلسەفەی ئیتالی لە پێوەندی کردن بە تیۆری سیاسیەوە و ئەمجار گرێدانەوەی ئەوەش بە مارکسیزمەوە جۆرە نەرێتێ فەلسەفیە کە لە ئەگامبینەوە دەستپێناکا و لەسەر دەستی ئەویش کۆتایناێت. ئەم مەسەلەیە لەناو هزری ئیتالیدا درێژەی هەیە و دۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیتالی لەپێش هەمووشتێکەوە کاریگەرخۆی لە زالکردنی ئەو نەرێتەدا هەیە. بەدلنییاوە ئەم نەرێتەش لە شوێنێ وەک پاریس شتێ نامۆ نیە و تەنانەت لە نێوەندە ئەکادیمیەکانیشیا، بۆنموونە لەو شوێنانەی ئەم بیرمەندە ئیتالیە سمیناری تیادەگێڕێت و میوانی شەرەفە(3) پێشوازی لێدەکرێ و ئەلبەتە گفتووگۆی گەرمیش لەسەر بینینەکانی دەکرێت.  
هەرتایبەت بەوی لایسەرەوە وروژاندمان ئەوەش ئێژین کە لای ئەگامبین و لە ڕوانینە کولتووریەکانیدا ، بەتایبەت لەو شوێنەی باس لە کولتووری ڕۆژئاوا دەکا بیرێ سیاسی نیومارکسیزمانە زالە. ئەم بیرمەندە ئەو دیاردە زمانەوانیانەش کە لەناو ئەو کولتوورەدا چالاکن لە پێوەندی بە سیاسەتەوە ڕاڤەیاندەکا. چونکە نیشانە کولتووریەکان (ئەلبەتە جوانکاریەکانیش) بۆ ئەگامبین ئیشی سیاسی دەکەن. ئەو دەمەش جوانکاری ئیشی سیاسی لەناو ژیانادەکات سیاسەت پتر قابیلە بە ڕاڤەکردن و هەربۆیشە سیاسەت لە فەلسەفەی ئەگامبین دا بوارێ بەپیتە بۆ گفتووگۆکردن. ئەم جۆرە خۆچڕکردنەوەیەش لەناو سیاسەت دا دواتر باسی جڤات دێنێتەپێشەوە کە پێمانوایە پڕبایەخترین تێزی ئەگامبین لەبواری سیاسی لێرە خۆی پووختدەکاتەوە.
ئەگەرچی ئەگامبین سەبارەت بە پرسیاری بوون لەدەوروخولی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی هایدیگەر دا دەخولێتەوە وەلی بەگشتی ئەگامبین لەم بارەوە خاوەنی فەلسەفەێکی فینۆمینۆلۆژی خۆشیەتی و ، هەرئەم پرسیارە لای ئەگامبین دالدەی گەلێ تێزیتر دەدات بەتایبەت ئەوەی کە لە کۆمەگەی نوێی ڕۆژئاوا دا پێوەندی بە دۆزی جڤاتەوەیە.
 جڤات لە هزری سیاسی ئەگامبین دا کولتووری سیاسی ڕۆژئاوا دەخاتە ژێرپرسیارەوە و، ئەمە و بابەتی جڤات مشتومڕی تێمای “سەروەری سیاسی”ش دێنێتەپێشەوە، ئەو بابەتە هەستیارە سیاسیەی لە مێژووی سیاسی ڕۆژئاوا دا هەمیشە باس بووە لەسەر ژیانی تاک کە چۆن لەلایەن ئەوانەی کاریان بۆ سەروەری سیاسی خۆیانکردوە (قەیسەر بۆنموونە) تاکیان خستۆتە ژێرڕکێڤی خۆیانەوە. بۆیە لە هزری سیاسی ئەگامبین دا تێمای جڤات و ژیان یەکدەگرنەوە و ئەو تێزانە پێکدێنن کە ناوبراو لە نووسینە سەرەکیەکانیدا کاری لەسەرکردوون ( هۆمۆساکەر 1: سەروەری دەسەڵات و ژیانی ڕووت، جڤاتی ئەویدێت، هۆمۆساکەر 2: دۆزی ڕیزپەڕ ، پاشماوەکانی ئۆشویتز و….).
ئەگامبین لێرە و پێشتریش باسیلەوەکردووە جیاوازی لەنێوان دوو جۆر لەژیان هەیە.ئەوەی ژیانێ ڕووت بژیت، واتە ئەوەی کە هەموان پێکەوە چ ئاژەل و چ مرۆڤ و چش خواکان ژیانێ هاوبەشمان هەیە، و ئەوەش کە ژیانێ چۆنایەتی بژیت. ئەگامبین ڕەخنەی سێستەمی سیاسی ڕۆژئاوای دەکات کە شوێنێکی نەک تەنیا بۆ ژیانێ چۆنایەتی دابینەکردووە بەلکو ئەوەی کە پێشیدەلێن ژیانی گشتی(کە بە ژیانێ ڕووت ناویدەنێت ) ژیانێ پڕ لە کێشەیە ئەمەش بەهۆی بەسیاسیکردنی ئەم جۆرە ژیانەوە. ئەلبەتە بەندکردنی خەلک و ڕەفتاری بەدی ڕۆژئاوا لەتەک موهاجریەکان و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان و پێشێلکردنی مافەکان و کوشتن بەشێکن لەو کێشانە کە ژیانە گشتیەکە تێکدەدات. کەوابێ خەلکانێ زۆر لەسەر ئەم زەویە مافی ئەوەشیان پێنابەخشرێت ژیانێ گشتی، ژیانێ ڕووت، یش بژین کە بەخۆی ئەو جۆرە ژیانە بەدوورە لەگشت چۆنایەتیێکیشەوە.
بۆئەوەی بەسەر ئەولایەنەدا تێنەپەڕێین کە لە ساڵانی 1990 کانا ئەگامبین پێیناسرابوو  ، واتە تیۆری “مرۆڤی پیرۆز- هۆمۆ ساکەر” ، دەمانەوێت ئەوەبلێین کە بەپێی ئەم تیۆرە ئەوی سەروەرە ئەوە ئەو کەسەیە بڕیاردەدات کێ ببێ بە هۆمۆساکەر (مرۆڤی پیرۆز) هەروەها کێش لەناوەوە یان دەرەوەی کۆمەلگە بژیت. کەواتە هەر ئەم کەسە بڕیاری ئەوەشی بەدەستەوەیە کێ ژیانێ چۆنایەتیش بژیت. واتە، چ مافێک بە ژیان بدرێت و خود لەناو ژیانا چۆن بژیت ئەوە کاری کەسی سەروەری سیاسیە دەستنیشانیکات.
هۆمۆساکەر (مرۆڤی پیرۆز) لە کۆمەلگەی ڕۆمانیدا هەبووە و ئەمە ئەو کەسەبووە کە تاوانێدەکا و دەبێت بە هۆمۆساکەر بەڵام ئەوەی ئەم مرۆڤە بکوژێ سزانادرێت و کارەکەشی بەتاوان لەقەلەمنادرێت ئەلبەتە ژیانی ئەم کەسە دەچێتە خانەی ئەو جۆرە ژیانەی کە ژیانێ چۆنایەتی نییە، ئەمە ئەگامبین ناویدەبات “زوی” و ئەوەش کە ژیانێ چۆنایەتی دەژی ناوبراو ناویدەبات بە “بیوس”.
ئەلبەتە ئەو شێوە دابەشکردنەی لایسەرەوە لە یۆنانی کۆندا سەبارەت بە ژیان هەبووە و لەئێستا بەوجۆرە نییە. چونکە ،ئەگامبین ووتەنی، ئێستا ژیانی مرۆڤ سیاسیکراوە ئەمەشوایکردوە جەستەش بەسیاسیکرێت بۆیە ناشێ جیاوازی لەنێوان ژیانێ ڕووت و ژیانێ چۆنایەتیدا بکرێت. چونکە ژیانی چۆنایەتی بوونی نییە خودی جەستەش بەشێکە لەو شتەی دەسەڵات قۆرخیکردوە. لێرە دەکرێ باس لە سەروەری سیاسیش بکرێت. چونکە سەروەری سیاسی هەولێکە بۆ قۆرخکردنی ژیان، بۆ بەسەرتاپاکردنی ژیانی خود. ئەو دەمەش لە کۆمەلگەدا ، جا چ کۆمەلگەی کۆنی ئەورووپای بێت و چش کۆمەلگەی نوێی ئەورووپای، “دۆزی ڕیزپەڕ” (کە بە ئەحکامی عورفیش دێت) پیادەدەکرێت ئەمەش هەر بۆ پاراستن و شکۆدارکردنی سەروەری سیاسیە. بەواتاێ بەرینتر، ئامانجی سەرەکی لە بوونی “دۆزی ڕیزپەڕ” ، بەپێی تێگەیشتنی فەلسەفی ئەگامبین، بۆئەوەیە کە دەسەڵات بتوانێ بمێنێتەوە. ئەو دەمەش کە ئەو دۆزە پیادەدەکرێت ئەوەی پێیدەلێن مافی مرۆڤ فەرامۆشدەکرێت چونکە پاراستنی سەروەری بۆ ئەو هێزە سیاسییەی لەپشت داڕشتنی ئەو دۆزەوەیە سەرووی گشت شتێکە.
کەمترین شتێک کە لێرە تایبەت بە تیۆری “دۆزی ڕیزپەڕ” ی ئەگامبین دەیلێین ئەوەیە کە ئەگامبین لەو نووسینانەی لەژێر ناوی دۆزی ڕیزپەڕ (یان ئەحکامی عورفی) نووسیویەتی باسلەوەدەکات ئەو کاتەی سێستەمە سیاسیە دیموکراسیەکان ئیعلانی ئەحکامی عورفی دەکەن جیاوازێ ئەوتۆ لەنێوان سێستەمی سیاسی دیموکراسی و دیکتاتۆری دا نامێنێتەوە. بائەوەش بێژین کە ، لەهەندێ شوێن لە بینینە فەلسەفیە سیاسییەکانی ئەگامبین تایبەت بە تیۆری “دۆزی ڕیزپەڕ” و هەندێ سێرکردنی سیاسی تر کاریگەری تیۆری سیاسی دوو هزرەڤانی ئەلمانی ، والتەر بنیامین و کارل شمیت،  بە ڕوونی دەرکیانپێدەکرێت.
دوا سەرنجیشمان ئەوەیە کە، ئەم بیرمەندە ئیتالیە کارێ زۆر لەسەر خوێندنەوەی شارستانیە کۆنەکان و ئاین و ڕووداوە سیاسیەکان دەکات و شارەزایشی لە فەلسەفەی زمان کارێوایکردووە گەلێ لەو واژە و واتا لاتینیانەی لە سمینارەکانی یانیش لە نووسینەکانیدا (بۆنموونە : هۆمۆساکەر، جڤاتی ئەویدێت ، دۆزی ڕیزپەڕ و….)  بەکاریاندەبات گوێگر یان خوێنەر مەجبووربێت پێویستی بە جۆرە شیکردنەوەێ ئیتمۆلۆژی (ڕیشەی وشەناسی)  ئەو واژە و  واتایانە هەبێت.

ئازاد حەمە، پاریس
09/04/2011

(1). ئەم دوو ئێوارە کۆڕەی ژیۆرژیۆ ئەگامبین یەکێکیان لە 5/4 لە “کۆلێژی نێونەتەوەی فەلسەفە” لە پاریس سازکرا لەسەر تێمای “”ئارکیۆلۆژیای فەرمانسازی و ویست”” و ئەویتر لە 8/ 4 لە “زانگۆی پاریس 8 ” لەسەر تێمای “”ژیانی پاشایەتی وەک فۆڕمی ژیان”” ، کە ناوبراو لەهەردوو زانگۆکە پرۆفیسۆری میوانە.  ئەلبەتە ئەگامبین تێزی دکتۆرانامەکەی لەسەر ژنە فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن ڤای نووسیوە کە هەمووی ئەم خانمە بیرمەندە 34 سال ژیاوە.
(2). بڕوانە ئەم کتێبە:  ئازاد حەمە. فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی یان پاتوچکە لە “”سەرووتارە هەڕتەقیەکان لەمەڕ فەلسەفەی مێژوو”” و گفتووگۆی ئیتیکی ژاک دێریداش لەوبارەیەوە. چاپییەکەم سلێمانی 2010 .
ئێمە داوا لە خوێنەر دەکەین بگەڕێتەوە سەر ئەو کتێبەی لایسەرەوە کە لەم دواییە لەسەر فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژی یان پاتوچکە نووسیومانە. یان پاتوچکە فەیلەسوفێکی فینۆمینۆلۆژی چیکیە و دوا قووتابی فینۆمینۆلۆژی هۆسڕل- هایدگەر بووە. پاتوچکە ، ئەم بیرمەندە چیکیە کە قووربانی زۆرداری سیاسی سەردەمی خۆی بووە ،لەسەر ڕێچکەی فەلسەفی سوکرات دەگەڕێتەوە سەر تێمای “بایەخدان بە ڕۆح” ، ئەو تێمایەی دواتر لای فوکۆ و لە زنجیرە کتێبی “”مێژووی سێکسگەرای”” قوولبوونەوەی بەخۆوەدی. فوکۆ بە سێ بەش لە زنجیرە کتێبی “”مێژووی سێکسگەرای””گرنگی بەو تێمایانە دەدات کە بابەتی سێکسگەرای لە شارستانی کۆن و نوێی ڕۆژئاوا لەخۆدەگرێت.
 زنجیرە کتێبی “”مێژووی سێکسگەرای”” فوکۆ لەمانە پێکدێن: ویست بۆ زانین، بەکاربردنی چێژ، بایەخدان بە خود ، ئەلبەتە بەشی چوارەمی لەژێرناوی ” دانپیاهێنانی گۆشت” دا نووسراوە ، کە تائێستا لە ئەرشیفی فوکۆ دا ماوەتەوە ، و ناوبراو پێش مردنی بەماوەێک کاریلەسەرکردوە.
(3). لێرە مەبەست “کۆلێژی نێونەتەوەی فەلسەفە” و “زانگۆی پاریس 8 “ن، کە ئەگامبین پڕۆفیسۆری میوانە تیایانا. کۆلێژی نێونەتەوەی فەلسەفە لە 1983 لەسەر داوای دێریدا و چەند بیرمەندێ تری فەڕەنسی (لەوانە فڕانسوا شاتلێ و دۆمنیک لێکور و ژان-پێر فای) دامەزرا و ئامانج لە دروستکردنی ئەم شوێنە دوورخستنەوەی خوێندنی فەلسەفە بوو لە زانگۆکان و ، هەرچی زانگۆی پاریس 8 ە، کە دەشکرێ ناونرێت زانگۆی پاریس ڤینسین لە سانت- دێنی، پاش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دامەزرا وەک وەڵامێکی ئەوسای دەسەڵاتی فەڕەنسی بۆ چاکسازی لەبواری خوێندن و پەروەردە کە دواتر ئەم زانگۆیە بوو بە دالدەێ بۆ گەلێ لە بیرمەندە چەپەکانی ئەوکاتەی فەڕەنسا (دۆلۆز، فوکۆ، بادیو، گۆتارێ، لیوتار، ڕانسیێر، دانیێل بینسەعید، نیگری و…). 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.