Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دوو پۆسته‌ر له‌ ڕه‌نگه‌كانی‌ ئه‌نفال

دوو پۆسته‌ر له‌ ڕه‌نگه‌كانی‌ ئه‌نفال

Closed
by April 13, 2011 ئەدەب

        

-1

كه‌باسی‌ شه‌ره‌ف ده‌كه‌ن    
خه‌یاڵ‌ ده‌مباته‌وه‌ سه‌ر رابردوویه‌ك
به‌ڕه‌نگی‌ گریان…

كاتێك هه‌ناره‌ نه‌گه‌یوه‌كان
قیژه‌یان باركرا…
له‌ناو گۆڕه‌پانی‌ زیلله‌كاندا،
به‌ده‌ستی‌ چڵكنی‌ پێخاوسه‌كان
یارییان پێده‌كرا…

دووكه‌ڵی‌ ئه‌م خه‌جاڵه‌تییه‌ ئه‌وه‌نده‌
مه‌دلولی‌ كردم به‌لوولی‌
سه‌رئه‌نجام ئازادیی‌ پێ‌ ئه‌زبه‌ر كردم…
ده‌ڵێم ئه‌ی‌ ئازادیی‌
تۆزێك سه‌رت نه‌ویكه‌
گه‌ر شه‌ره‌ف ئه‌وه‌بێ‌ په‌رده‌ی‌ زركی‌ كچێنی‌
تینوێتی‌ ساراكانی‌ نوگره‌ سه‌لمان بشكێنێ‌
تف له‌شه‌ره‌ف چه‌ند وه‌رزێكی‌ ووشكه‌…!!

-2

ده‌ستم پڕه‌ له‌قاقایه‌كی‌ تاڵ‌‌و
گه‌رووم ماسكه‌ به‌دووكه‌ڵی‌ ئه‌نفال
ئه‌نفال مێخه‌كی‌ لادێیه‌ك بوو
ته‌جرید له‌ڕه‌ونه‌قی‌ ره‌نگ‌و
هه‌ناسه‌سوار به‌كوشتنی‌ ئینجانه‌یه‌ك…

جۆلانه‌ی‌ مناڵێك بوو
ته‌جرید له‌ئاسه‌واری‌ گڕوگاڵ‌‌و
له‌ئاخه‌لێوه‌ی‌ لای‌ لایه‌…

ئه‌نفال سه‌عاتی‌ مه‌چه‌كی‌ كچێك بوو…
ته‌جرید له‌هاتوچۆی‌ چركه‌،
كاڵبوونه‌وه‌ له‌هه‌ژانی‌ ده‌قیقه‌…!
درزی‌ په‌چه‌ی‌ ژنێك بوو
پڕ له‌شه‌ره‌فی‌ قامچی‌‌و
ته‌جرید له‌هه‌موو قوڵپێكی‌ جوانی‌
كه‌ گۆران بووه‌ دیلی‌…!!   

ئه‌نفال چاویلكه‌ی‌ لاوێك بوو
تژی‌ له‌حه‌په‌ی‌ حه‌جاج‌و
 ته‌جرید له‌ناسنامه‌ی‌ خوا…

گۆچانی‌ پیره‌مێردێك بوو
سیخناخ له‌فه‌توای‌ ریش‌و شمشێر،
ته‌جرید به‌سه‌ر گوزشته‌!

rozhhalabjay@yahoo.com
ڕۆژهه‌ڵه‌بجه‌یی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.