Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
کەس و کاری قوربانیان پاشماوە نین و هەڵەبجەش هەمیشە زیندوە

کەس و کاری قوربانیان پاشماوە نین و هەڵەبجەش هەمیشە زیندوە

Closed
by April 15, 2011 گشتی

لە دوای تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەموو کوردستان  و بەتایبەت شاری هەڵەبجە، کۆمەڵێک دەستەواژەی نوێ هاتە نێو فەرهەنگی کوردیەوە وەک کۆمەڵکوژی، پاکتاوی نەژادی، گەلکوژی و…هتد . بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ووشەیەکی زۆر نیگەتیڤی وەک پاشماوەی ئەنفالیش جێگەیەکی ناشیاوی گرتوە لەنێو ئەو فەرهەنگەدا، کە بۆ پێناسەکردنی یەکێک لە پیرۆزترین توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەکاردەهێنرێت، ئەوانەی بەبەرچاویانەوە خۆشەویستانیان لە ژن و مێرد و دایک و باوک و منداڵەکانیان بە دڕندەترین و نامرۆڤانەترین شێوە ڕەوانەی مەرگ کران، و ئێستاش لەگەڵ خەم و دڵەڕاوکێی و ترسی ئەو ڕۆژە سەختانەوە ئەژین و کەسیش نیە فرمێسکەکانیان بسڕێتەوە.
زۆر سەیرە ڕۆشنبیران و میدیا بەتواناکانی بواری زمانەوانی ڕێگە بەخۆیان ئەدەن دەستەواژەیەکی لەو جۆرە بەکار بهێنن بۆ کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال یان کیمیاباران کە ناسنامەی نەتەوەیەکی ستەمدیدەی مافزەوتکراو کە ڕۆژانە بەدەم ئازارەکانیانەوە دەناڵێنن و لەلایەکەوە ئەبینن ئەنفالچیە تاوانبارەکانیان لەدەوروبەری سفرەی دەسەڵاتی کوردستاندا بەردەوامی بە خۆشگوزەرانیە هەمیشەییەکانیان دەدەن، وەک ئەوەی پاداشتی سەرکەوتنیان بەسەر کوردستانیانی سڤیل و بێتاوانی گەلەکەماندا پێدرابێت. لەلایەکی دیکەشەوە ئەبینن بکوژەکانی خۆشەویستەکانیان لە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا، جێگیر دەبنەوە لە پلە و پایە بەرزەکانی دەسەڵاتی ئەو حکومەتە عێراقیەی لە سایەیدا کەرامەتی نەتەوەیەکیان ڕوشاند و ئێستا کە سەرۆکی ووڵاتەکەی کوردێکە کە مووی سەری لە بەرەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستاندا سپی کرد و ئێستا پارێزەر و لانەی ئەفسەرە دڕندەکانی ئەنفالە، ئەو بوێرەی کە ساڵانێک ڕووبەڕوی ئەژدیها ئەبوەوە ئامادە نیە بە ناوی حکومەتی عێراقەوە کە خۆی سەرکۆماریەتی داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات  لەسەر ئەو تاوانانەی لەژێڕ ئاڵای عێراق و بەناوی ئەو حکومەتەوە دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراوە.
بەکارهێنانی ووشەی (پاشماوە) بۆ کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال لە شکۆی کەس و کاری ئەو سەروەرانە کەم دەکاتەوە، بەهەمان شێوەش بە بەردەوام بەکارهێنانی ووشەی هەڵەبجەی شەهید، ڕەنگی مەرگ بەبەردەوامی باڵ بەسەر شاری هەڵەبجەدا ڕائەکێشێ، بە مەرجێک هەڵەبجە هەزاران شیهیدی داوە لە پێناو سەربەرزی خۆی و هەموو کوردستاندا، خۆیشی هەر بە زیندویی و سەربەرزی ماوەتەوە.
لەم ڕۆژە پڕ لە برینە نەتەوەییەدا داوا لە هەموو ڕۆشنبیران و سیاسەتمەداران و کەس و کاری سەروەران و سەرجەم چالاکەوانی دۆزی گەلکوژی گەلی کورد دەکەم : دەبا چیتر ئەو دوو ووشیەی بەکارنەهێنین و لە جیاتی ووشەی (پاشماوەی ئەنفال) ووشەی کەس و کاری سەروەران بەکاربهێنین، و لەجیاتی ووشەی (هەڵەبجەی شەهید) هەڵەبجەی سەربەرز بەکاربهێنین. هەروەها فشار بخەینە سەر مام جەلالیش بەناوی حکومەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە گەلی کوردستان بکات، و مێژوویەکی شکۆدار بۆ خۆی تۆمار بکات.

14 . 4 . 2011
colnadar@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.