ئیتر گۆزه‌كان له كانی نایه‌نه‌وه!*
له بیرم دێ له ساڵی1991دا، له پێنجی سه‌ره‌تایی بووم، چه‌ند دێڕێكم له باسی (ئه‌نفال)ا نووسی، زیاتر له وڕێنه ده‌چوون تاكو شیعر، هه‌ڵبه‌ت بۆ خۆمم نووسیبوون، بۆ یه‌ك دوو كه‌سیشم خوێندۆ، له جیاتی ئه‌وه‌ی بگریه‌ن به شیعره منداڵانه‌كه‌م پێده‌كه‌نین.. ئیدی ئه‌وه یه‌كه‌م و دوا نووسینم بوو. نازانم بۆ له‌و ڕۆژه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ نه ده‌ستم قه‌ڵه‌م ده‌گرێت‌و نه خورپه‌یه‌ك به دڵما دێ بۆ باسی برینی (ئه‌نفال)؟! وای بۆ ده‌چم گه‌وره‌یی ئه‌و كاره‌ساته كوانووی دڵمی كپ كردبێ، ئاخر كاره‌ساتی گه‌وره زمان لاڵ‌و خه‌یاڵ كپ و خامۆش ده‌كا.. ئه‌م بابه‌ته هه‌نگاوێكه بۆ ئه‌داكردنی قه‌رزێ، ساڵانێكه له‌ژێر باریا ده‌ناڵێنم..
ئه‌وێ ڕۆژێ (حوسێن عه‌لی)، به چڕینی (ته‌نكه ته‌نكه)و (وه‌ك ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژه) له ناو دڵی ئه‌ختیارێكی گه‌رمیانییدا دانیشتبوو، عه‌لی مه‌ردان به ده‌نگه پڕ له سۆزه‌كه‌ی (قوڵنگی یادی شیرین)ی هه‌ڵگرتبوو، بۆ (بناری گل) ده‌ڕۆیی، بۆ لای گۆڕی (باوه قه‌تاڵا)، گه‌ڕاوه‌كه. ده‌چووه سه‌ر (چه‌می گابازه)، به‌دوای شیرینا ده‌گه‌ڕا. شیرین نه یه‌ك بوون و نه دووان.. ئه‌وێ ڕۆژێ كوڕیچكه‌یه‌ك لای ساوه ده‌گه‌ڕایه‌وه. پۆلێ ژنیش له‌سه‌ر كانی، به ده‌م باسی ڕۆژگاره‌وه، كونه‌كانیان پڕ ده‌كردو ئازاری ناخیشیان به‌تاڵ.. منداڵێك له‌سه‌ر زبڵكوان به‌دوای وێنه‌دا ده‌گه‌ڕا، ڕه‌سمی سه‌ر به‌رگی شقارته، ئاخر ئه‌و وه‌خت منداڵی گوند پاپه‌زانیان به‌و جۆره ڕه‌سمانه ده‌كرد. زارۆیه‌ك دوو كه‌لای پێ بوو، به غاردانێ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕایه‌وه. چه‌ند ژنێ بۆ كانی ده‌چوون، هه‌ندێ كچۆڵه‌ی چاومه‌ستیش له كانی ده‌گه‌ڕانه‌وه، یه‌كێ كونه‌و یه‌كێ گۆزه‌ی له‌سه‌ر شان بوو. ڕۆژگارێ بوو هێشتا (سالار‌و جه‌بار)و، دونیایه‌ك گه‌نج و لاوی تر به‌ر مشتی ئه‌جه‌ل نه‌كه‌وتبوون ..
له‌پڕ بایه‌ك هه‌ڵیكردو خۆڵی ده‌شتی (نوگره‌سه‌لمان)، بۆنی بیابانی (عه‌عه‌ر) ڕوویان كرد له ده‌شتی گه‌رمیان، كانیاوه‌كان كوێربوونه‌وه، باران گۆڕا به خۆڵبارین، شنه‌با بوو به گه‌رده‌لوول، شایی به شین، گۆرانییش گۆڕا به گریان.. ئای خودایه ئه‌وێ ڕۆژێ چۆن وا له پڕ هه‌موو دونیا سه‌ره‌و بن بوو؟!
ده‌نگی هاڕه‌ی هه‌لیكۆپته‌ر، فڕه‌ی هه‌نته‌ر، زرمه‌ی تۆپ‌و گرمه‌ی هاوه‌ن، زایه‌ڵه‌و شین، ڕۆ ڕۆی دایكان، قروسكه‌ی گوجیله سه‌گ‌و، باعه‌ی مه‌ڕو باڕه‌ی كار‌و نووزه‌ی منداڵی سه‌ر بێشكه‌و هاشه‌ی گه‌ڵاو، گڤه‌گڤی ڕه‌شه‌بای ده‌شتی عه‌ره‌بان تێكه‌ڵ به ڕه‌نگی په‌ڕیوو خوێنی سوور‌و وێنه‌ی چاوی ده‌ركراوو سه‌ری به ناهه‌ق بڕاوو خونچه‌ی تازه هه‌ڵوه‌ریوو سه‌دان وێنه‌ی قه‌ت له‌وه‌وپێش كه‌س نه‌دیو بوون . .
هێشتا بۆنی خه‌رده‌ل ده‌هات شۆفڵه‌كان كه‌وتنه‌ڕێ، فڕۆكه‌كان به ته‌واوی ئاسمانیان جێنه‌هێشتبوو تانكه‌كان ڕێیان گرته‌به‌ر، وای خودایه! ئه‌وێ ڕۆژێ هه‌موو ماڵـێ ده‌رگاكانیان كڵۆم دابوو، په‌نجه‌ره‌كانیان توند توندێ داخستبوو، وه‌لـێ هه‌ر بۆنی خوێن ده‌هات، ده‌فرو قاپ‌و ته‌شت‌و جام‌و ده‌رو ده‌شت پڕببوون له خوێن. .
من منداڵ بووم، وه‌لـێ ده‌مزانی ئاسمانیش بۆ ئه‌و كۆسته شین ده‌گێڕێ، ئاخر ساتێكیش له گریان نه‌ده‌وه‌ستاو به‌رده‌وام ڕۆندكی ده‌ڕشت. .
* * * *
هه‌بوو نه‌بوو له‌و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه خۆڵ گرتووه‌دا، ژنێك كه مێردی نه‌مابوو، هه‌موو ئاوات‌و ئومێد‌و كه‌س‌و كار‌و ماڵا‌و حاڵی هه‌ر ته‌نها دوو زارۆكه‌ی بوو، به بێكه‌سی‌و به كه‌ساسی گه‌وره‌ی كردن، تا كردنی به دوو كوڕی جوان‌و جاحێڵ‌و له‌بارو ڕێك‌و سه‌لار. . وه‌ك ئه‌وانه‌ی له بیریانه ده‌یگێڕنه‌وه، سه‌رده‌مانێ ئه‌و ئافره‌ته هێند كه‌مده‌ست‌و ته‌نگ گیرفان بوو، پاره‌ی نه‌بوو به پیاڵه‌ی دا، ناچار شووشه‌ی بیبسی كۆلای فڕێدراوی مل په‌ڕیوی له قه‌راخی زبڵدان كۆده‌كرده‌وه‌و له جیای ئیستكان‌و په‌رداخ چای تێده‌كردو ده‌یدایه ئه‌و دوو كوڕه‌ی، چه‌ندین جار لێواری شووشه‌ی ناڕێك بڕاو، خوێنی له زوانیان ده‌هێناو ده‌م‌و لێویانی ده‌بڕی. . كات هات‌و چوو، هه‌ردوو كوڕ پێگه‌یشتن‌و بوون به دوو پیاو. . ڕۆژێك له پڕ، په‌رده‌یه‌كی ڕه‌ش له دووكه‌ڵ له ئاسمانه‌وه دابه‌زی‌و، كۆتایی هێنا به به‌شی یه‌كه‌می شانۆگه‌رییه‌كه. . دوای ئه‌وه‌ی په‌رده لادرا، له‌سه‌ر شانۆ ته‌نها دایكه‌كه ده‌بینرا. ئه‌و هه‌ڵوه‌دای دوای ئه‌وانه‌و وانیش ونن، وای خودایه ئه‌وان له كوێن؟ هاوار ئاسمان كێ بردنی؟ چی قووتی دان؟ زیاد له بیست ساڵه ئه‌م به‌شه‌ی شانۆگه‌ریی به‌رده‌وامه‌و، ته‌نها یه‌ك ئه‌كته‌ر ده‌بینرێ. دایكێكی پیر له‌ناو ژوورێكی تاریكا ده‌ست به ئه‌ژنۆ هه‌ڵكوڕماوه، جارێ سه‌یری ئاسمان ده‌كاو به لاچاوێ ده‌ڕوانێته عه‌رشی خودا‌و، جارێ وێنه‌ی سه‌ر دیواره‌كه‌ی به‌رده‌می به خۆیه‌وه ده‌یخافڵێنێ‌و هه‌ندێ جاریش به‌رماڵه‌كه‌ی ڕاده‌خات‌و دوو ڕكات نوێژ داده‌به‌ستێ، دوای ته‌وابوونی نوێژه‌كه‌ش له‌ژێر لێوه‌وه ورته‌یه‌ك له ده‌میه‌وه دێته ده‌رێ. زیاد له بیست‌و قسور ساڵه كاری ڕۆژانه‌ی ئه‌مه‌سا، تاكو ئێستا كه‌س نازانێ ئه‌و ورته‌ورته‌ی دوای نوێژی بۆڵه‌ن، نزان، جنێودانن، گله‌یی له به‌خت كردنن، یاخود تۆبه‌و ئیستیغفارن، كه‌س نازانێ..!
شانۆگه‌رییه‌ك بیست ساڵه ته‌نها یه‌ك ئه‌كته‌ری هه‌یه، ئه‌و ڕۆژانه له كاتێكدا هه‌ڵكوڕماوه، هه‌ر له‌و وه‌خته‌دا چالاكه، به دوای ئه‌واندا ده‌گه‌ڕێ، شار‌و لادێ. ده‌گاته هه‌ركه‌س ده‌پرسێ: (سالار)و (جه‌بار)م له كوێن؟ كه‌ی دێنه‌وه؟ من دڵنیام ڕۆژێ دێ ده‌گه‌ڕێنه‌وه.. هه‌موو ڕۆژێ جلی نوێیان بۆ ده‌كڕێ، خوازبێنی ژنیان بۆ ده‌كا.. ئه‌و داپیره له ته‌نهایی ته‌نیاتره.. زیاد له بیست ساڵه مردووه‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر شانۆیه‌كه دێت‌و ده‌چێ ڕووحی ئه‌وه نه‌ك خودی ئه‌و.. وای خودایه هاناو هاوار بۆ كێ به‌رم له ده‌ستی ئه‌م بێدادییه؟!
* * * *
شۆفڵێ به هه‌موو هێزی قه‌پی له دار‌و دیواری ماڵێك ده‌گرت، خشتێك كه دیار بوو برینێ به‌ر شانی ڕاستی كه‌وتبوو، هێنده گریا سۆزی سه‌گێك، كه له دووره‌وه وه‌ستا بوو هاته جۆش و په‌لاماری ده‌م‌و له‌وسی شۆفلی دا‌و خۆی خسته به‌رده‌م تایه‌كه‌ی، ئه‌فسه‌رێكی سمێڵ زل قاقا پێكه‌نی، گولله‌یه‌كی ناوه نێو چاوی سه‌گه‌وه‌و یه‌كڕاست كوشتی. .
* * * *
ئه‌وێ ڕۆژێ شۆفڵا كاری زۆری هه‌بوون، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ شه‌یتانا كردبوو، دیواری پاڵ پێوه ده‌نا، خانوو و ماڵی ته‌خت ده‌كرد، دره‌ختی له بن ده‌ردێنا، چاڵی بۆ خۆڵ هێنان ده‌كرد، خۆڵی بۆ ماڵان ده‌هێنا، له یه‌ك كاتا له ناڵی ده‌داو بزماریش.. ئاخر هه‌ر ئه‌و له ده‌شتی (نوگره سه‌لمان)و له (بیابانی عه‌رعه‌ر)ا، چاڵی قووڵی هه‌ڵده‌كه‌ندو به زیندوویی خاكی ده‌كرد به‌سه‌ر خه‌ڵكا.. ئای ئه‌و ڕۆژه ده‌بێ زیڕه‌ی چه‌ند زارۆ به‌رزبووبێته‌وه‌و له خوا‌و فریشته‌كان زیاتر، له ئه‌فسه‌رو ئه‌و شۆفڵانه به‌ولاوه هیچ كه‌سێ نه‌یژه‌نفتبێ؟! وای خودایه چه‌ند به سه‌بری! ئه‌وه چۆن هه‌ر له‌و ساته‌دا، ئه‌مرت به ئیسرافیل نه‌كرد شه‌یپوری كۆتایی دونیا بژه‌نێت‌و فوو به كه‌ڕه‌نادا بكا؟!
من هه‌ر كاتێ ده‌نگی شۆفڵـێ ده‌بیستم، زیڕه‌ی زارۆكێ له گوێما تووشی حه‌په‌سانم ده‌كا. من هه‌ر وه‌ختێ وێنه‌ی شۆفڵێ ده‌بینم، ده‌ستی دایكێ شاشه‌ی چاوم داده‌پۆشێ، ده‌ستێك كه پاڵی خۆڵ ده‌نێ نه‌بادا جگه‌رگۆشه‌كه‌ی بخنكێنێ، كه‌چی به‌ر له منداڵه‌كه‌ی، مه‌رگ ده‌ست له بینی گیر ده‌كا.. دوا هاواری هێنده به‌رزه فریشته‌كان مووچڕكه‌یه‌ك به گیانیانا تێده‌په‌ڕێ سه‌راپایان ده‌بێ به ئاو . .
وه‌رن با هه‌رچی شۆفڵه له‌و ڕۆژه‌دا ڕه‌شپۆشیان كه‌ین، عه‌یبه ئه‌وان به به‌رچاوی دایكانی جگه‌رسوتاوا به بێباكی دێن‌و ده‌چن، ئێمه‌ش هه‌موو قڕوقپمان لێكردووه . .
وای خودایه! به‌س نه‌بوو من شۆفڵا نه‌بووم، ئاخر ئێستا له شه‌رماندا یا ناوی خۆمم ده‌گۆڕی یا ده‌مردم!
* دێڕه شیعرێكی (جه‌مال غه‌مبار)ه.
ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com
هێمن خورشید