هێڵی سوور …. دارا عهلی
هێڵی سوور
پیرۆزی موقەدەساتی بتەکانی دەسەڵاتە؟
یا شەقامی لە خوێن گەوزاو!
تێکشانی دیکۆری شووشەدانی باڵەخانەکانی حیزبە؟
یا سەربڕینی بێ باکی سەمای گوڵەگەنمی سەر جادەکانە بۆ ئەبەدی!
مل کەچ کردن و تاوانی زۆرە ملێ یە؟
یاخود کوژانەوەی گڕی پڕ بێزاری بورکانێکی تازە هەڵچوو!
بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی فۆبیای ترس و سەرکوتی یە؟
یاخود کپ کردنی سەدای هاوارێکی ئازادی یە لە گوێ ی بیستنی ئێوەدا!
نغرۆ کردنی ژیانە تا سەر ئێسقان لە دنیای تاریکیتاندا؟
یا ووشککردنەوەی خولیای چرۆکانە لە خەو بینین!
پاشاگەردانی حوکمی پڕ لە خورافاتی بیری تەسکی ئێوەیە؟
یا سەرکووتی دەنگی ئەو دروشمانەیە،
کە دڵی ئێوە ناخاتە سەر سەفا و سەما و پێکەنین!
مانگی ئازاری نەوە و یەک91
کاتێ هاتن، وەک تاڵانکەری داهاتی مێژوویەک بن
ڕۆحی سارد و تەزیووی باڵای سیاسیتان
به سیکۆتینی دووڕوویی و ئیفلاسیتان
نووسان بە سنگ و بەرۆکی خۆرەتاوی قوربانیانی ڕۆژانی ڕاپەڕینەوە و
تا توانیتان تین و توانیانتان هەڵلووشی
ئێسک و پرووسکیان کرایە کورسی دەسەڵاتی خێڵ و
دواتر لە سەریان دانیشتن،
دواتر لە سەریان کڕ کەوتن.
ئەو سەردەمەی ئێوە تیایا گەڕانەوە
سەردەمی مفاوەزات و بوون بە جاش و خۆتەسلیم کردنەوەتان و کاتی ئاشبەتاڵی نەبوو.
ئەو ڕۆژگارە روونەی ئێوە سەرتان پیا کرد،
خۆری ئازادی میللەت بوو… هێندە نەبوو هەڵهاتبوو.
ئێوە هاتن،
چوون قوتابی قوتابخانەی سەرکووتی بن.
چوون شاگردی بن دەستی دکتاتۆرێ بن.
یا وەستای مێژووی خوێن ڕشتن
یا بیرمەندی توندووتیژی،
خۆری ئازادتتان داگرت و
بە پێ ی پرۆتۆکۆڵە شاراوە و نهێنی یەکان، خستانە ژێر پوستاڵی چەکدارەکانتان.
هێڵی سوور،
پاراستنی وێنە و پەیکەرەکانی سەرۆکە لە دڕاندن و شکاندن؟
یاخود زریکەی پڕ نزای خوێن لێڕۆیشتووی شۆستەیە بۆ فریادڕەسێ!
قەسابخانەکانی بێ دادی پیاوانی سوونەتی یە؟
یا کێبڵە بۆ لیدان و ئەشکەنجەیە بە کارەبا و مانەوەیە لە ژێر ڕەحمەتی بلۆک و چەقۆکانتان!
زەمانی چاوسوورکردنەوە و زمانی هەڕەشە و چەکە؟
یاخود ئاڕاستەی لوولەی تفەنگی گڕپژێنتان، ڕوو لە سینە و لە بەرۆکی “نا”یەکانمان!
مێژووی ڕەشی پیشەی ڕاوکردنی “تەڕ و ووشک”تانە لە سەرشاخ و لە شاراندا؟
یا لەوەڕین لە سەر جەستە و لاشەی زیندووان!
نامیهرەبانی باوکانەی حوکمی ڕەهای بنەماڵە و بتەکانە؟
یاخود هە ڵچنینی دیوارەکانە بە دەوری بێزاریمان!
قومار و یاری کردنە بە کەسایەتی کوردبوونمان؟
یا دڵ و قودسەکەی کەرکووک، لەسەر دووفاقی زمانتان!
16ی ئاب و دەستگرتنی میت و چونە ژێرباڵی ئاخوندەکانە؟
یاخود مەیدانی ئازادی و دەرکی سەرا و پێناسەیەک بۆ کوردبوون و
بوون بە شنە و سروود چرین بە یەک ئاواز و یەک گەروو!
دەسەڵاتتان زەلکاوێکە لێڵ و لیخن، تەژی نە خەیاڵی کەسیف
ئێوە لە چەک و مشار و لە لاستیک و لە گڕەبا و دەمامکی درۆ چیترتان لە سەردا نییە و
گەرەکتانە
لە کونجەکانی تاریکی، وەک قالۆنچە و مێروو و مشک
ممارەسەی ژیان کەین و
پڕاوپڕ بین لە تاریکی و
خەونهکان بە چاوەڕوانی و
باخچەی خەیاڵ بە خەزان و
نیشتمانێک به نامۆیی و
نەوەکانیش، بە چارەنووسێکی نادیار ڕاسپێرین.
سەردەمێکە درۆکانتان، وەکو بڵقی سەرئاو کەوتوو
دەمامکی سەر ڕووی سەروەری و بەڵێنتان هەڵوەرین و
فۆبیاس سام و مۆتەکەی ئەژدیهاکانتان،
وەکو شووشەی داڕماوی باڵەخانەی بارەگاتان
کەوتنە ژێر پێ و وردووخاش بوون
ئەم ئێستاکەش،
وەک ئەوەی لەسەر لێواری خەرەندێ بن
ئەی بتە بەدبەختەکانی عەقڵی خەباتی سوونەتی
کاریزما چارەڕەشەکەی پڕ لە درۆی کوردایەتی
سەردەمێکە
هەر خۆتانن و مێژووی ڕەش و ڕووزەردیتان
هەر خۆتان و چەکەکانتان
هەر خۆتان و بانقەکانتان
هەر خۆتان و بێ باکیتان
بۆ کوێ دەڕۆن
ئێوە زەمانتان بەسەرچوو
تەم و مژی ترسناکی سەر هێڵی سوورتان ڕەوییەوە و کۆتایی هات
دەمامکی درۆی کوردایەتیتان بوو بە هەواڵ و به مانشێتی سەر گۆڤار و ڕۆژنامەکان
ئەم ئێستاکە خهیاڵێکی بۆگەنکردووی کۆشکهکانن
لە دوا هەناسەکانی سەرەمەرگیش دا،
ئارەزوو بە مەرگی ئێمە گشت دەخوازن و
لەگەڵ داڕمانی خەونی دەسەڵاتی ئەبەدی خێڵەکیتاندا
وەک بێباکی هەمیشەتان
ئامادەی وێرانکردن و داهێنانی دژوارترین مۆدێلهکانی دۆزهخن
ژیانمان لێواولێو پڕکهن له کارهسات،
خەونەکانمان بۆ بکەن بە خۆڵەمێش و
بیدەن بە دەم باگڕەی هەڕەشەکانتان
بۆ کوێ دەڕۆن
ئێوە زەمانتان بەسەر چوو
بۆ کوێ دەچن
بۆ کوێ دەچن
30/03/ 2011
دارا عهلی