Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
غه‌ریبیتان ده‌که‌م یاران … زانا سامان

غه‌ریبیتان ده‌که‌م یاران … زانا سامان

Closed
by April 15, 2011 ئەدەب

چه‌ندم کرد نه‌متوانی
پێ به‌پێی ئێوه‌ بێم و
له‌ پشت چیاکانه‌وه‌
لای شانی ڕاستی گۆیژه‌وه‌
سڵاوێکتان وه‌کو جاران بۆ بنێرم،

کێ ده‌ستی ده‌گاته‌ دووریم
کێ وه‌ک جارانی باخ
هاورێیه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌نیاییم ده‌به‌ستێ
من بۆ سڵاوێکی شیرین
وا قوڵپی گریانم دێ،

من ئێستا
له‌ناو تاقه‌نه‌یی خۆمدا گیرمخواردووه‌
ره‌هێڵه‌یه‌ک هه‌ڵناکات
بۆ ته‌نها جارێ
بمباته‌وه‌ بۆ جارانی ئه‌وێم
دڵم هێند پڕه‌ له‌ گریان
مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم
ڕۆژ به‌ڕۆژ
چ کارێک به‌ ته‌نیاییم ده‌کات بێکه‌سیم
مه‌گه‌ر هه‌ر خۆم بزانم،

بێئه‌وه‌ی من بمه‌وێت
بوومه‌ته‌ میوانێکی دواکۆتاو
پێشئه‌وه‌ی هه‌ستیپێبکه‌م
چنارێک دابڕاو له‌ هه‌موو شتێک
بوو به‌ نازناوی غه‌ریبیم و
هه‌رکاتێک بمه‌وێ سره‌وتێ بکه‌م
په‌لکه‌کانیم تێده‌ژه‌نێ،

بیکه‌ن به‌خاتری باران
به‌رله‌وه‌ی ئه‌م گیانه‌م داڕزێ
سه‌رێ له‌ بێتاقه‌تیم بده‌ن و
نامه‌یه‌کم له‌سه‌ر وه‌زنی کۆنه‌ شیعرێک بۆ بنێرن
به‌خوێندنه‌وه‌ی
بمباته‌وه‌ بۆلای میهره‌بانی دایکم
بیکه‌ن به‌ خاتری نوور
ئاخر یاران
ئاوێزان بوون یه‌کجاربوو یه‌کجار
من سه‌فه‌رم هه‌ڵبژاردو
له‌ باوه‌شی ئه‌ودا جێمهێشت

بڕواناکه‌م که‌س دڵی بێت
پیت به‌ پیت و وشه‌ به‌ وشه‌ی ئه‌م شیعره‌م
له‌سه‌ر سووچی هه‌ر شه‌قامێکی سلێمانی نه‌خوێنێته‌وه‌و
زه‌ینیان نه‌چێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌مانه‌ی
کۆڕ به‌ کۆڕی هاوڕێیانمان دێتا به‌ڕێکرد،

بڕوا ناکه‌م که‌س دڵی بێت
به‌ لاستیکی ره‌شی ژیان
بۆ دواجار من بسڕێته‌وه‌
چوون من له‌م دووری دووره‌وه‌
بۆی هه‌مووتانم گرتووه‌و
ئومێدم له‌سه‌ر دیتنه‌وه‌تان هه‌ڵچنیوه‌و
غه‌ریبیتان ده‌که‌م یاران
غه‌ریبی هه‌رهه‌مووتان.

ئه‌ڵمانیا / هانۆڤه‌ر
15-2-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.