پرۆسه‌ی تواناسازی یان كوشتنی توانا
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ نادادوه‌ری پِرۆگرامه نوێیه‌كانی
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا
ده‌روازه‌یه‌ك:
سیسته‌می خوێندن هۆكارێكه بۆ ڕزگاری كردنی نه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی داگیر كرا‌و و روخاو له پرۆسه‌ی داگیركردنه‌وه.لێره‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ومه‌ده‌نی ده‌توانێ له ڕێگای فه‌لسه‌فه‌ی په‌رده‌وه‌رده‌یی یه‌وه بونیادی نه‌ته‌وه دابمه‌زرێنێته‌وه.
له‌مێژووی كه‌وتنی یان هه‌ره‌سی سیاسی وعه‌سكه‌ری ژاپۆن وئه‌ڵمانیا وكۆریا چه‌ند وانه‌یه‌ك هه‌یه بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه بیه‌وێ جارێكه تر له(كه‌وتن) (ڕوخان) به‌هێزه‌وه هه‌ڵبه‌ستێته‌وه.
سیاسهتمهدارو عه‌سكه‌رتاریه‌تی ئه‌و وڵاته وڵاتیان كرده چه‌ند به‌شێك وگه‌وره‌ترین باجیان به هاوڵاتیانی خۆیان دا ,به‌ڵام په‌روه‌رده‌كارانی ئه‌و وڵاتانه توانیان له‌ڕێگای فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی وڵات به ئاراسته‌یه‌ك داببهن كه ده‌وڵه‌تی زۆر به‌هێز تر له‌سه‌ر ئاستی جیهانی بونیادبنێننهوه.وێرایی ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و عه‌قڵیه‌ته مه‌ده‌نیه بوو توانی به‌ته‌كنه‌لۆژیای سه‌رده‌م هێنده په‌ره به ئابوری وڵات بده‌ن كه له داگیركارانی خۆیان پێشكه‌وتووتر بن.
له‌م كورته نووسینه هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ندێ رۆشنایی بخه‌ینه سه‌ر هه‌ر سێ پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام و تواناسازی.
سیسته‌می نوێی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا چه‌ند خالی پۆزه‌تیڤ له خۆ بگرێ به به‌راورد له سیسته‌می هاكه‌زایی پێشوو ,ئه‌وه له هه‌مان كاتیش چه‌نده‌ها فاكته‌ری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی وه‌ك ڤایرۆسێك هه‌ڵگرتووه….
سه‌ره‌تا با له هه‌ردوو پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام وئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌میان بدوێین.
پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام
ئه‌م پرۆسه‌یه ئه‌كادیمیه له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌كی زانستی دامه‌زراوه .ئه‌م پرۆسه‌یه خۆی له چه‌ند چاڵاكیه‌ك ده‌نوێنێ كه هه‌وڵ ده‌دات وه‌ڵامی گشت پرسیاره گرنگه‌كان بداته‌وه له‌وانه دڵنیاكردنی زانكۆ وپه‌یمانگاكان له پێدانی بڕوانامه‌یه‌كی ئه‌كادیمی متمانهكراوههروهها دڵنیا كردنی قوتابی له(جۆری خوێندن)وله(جۆری گۆتنه‌وه)وێرایی ئه‌مه‌ش له‌م پرۆسه‌یه‌دا قوتابی ده‌بێته كاراكته‌رێكی كارا له تۆڕی ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یی.
له نێو ئه‌م سیسته‌مه‌دا مامۆستا ناچارده‌بێ له‌ڕێگای خوێندنی به‌رده‌وامه‌وه هه‌م سمینار پێشكه‌ش بكات وههم له سمیناره‌كان ئاماده‌بێ هه‌روه‌ها له نێو ئه‌م سیسته‌مه‌دا شۆرشێك له دژی ( ماركه‌ر )به‌رپا ده‌بێ وڕۆڵی كه‌م دهبێتهوهچونكه مامۆستا ناچار ده‌بێ وانه‌كان به(لاپتۆب) و(داتاشۆ)بڵێته‌وه!
لایه‌نه پۆزه‌تیڤه‌كانی پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی
پێشتر وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هیچ سیسته‌م وپرۆگرامێكی نووسراوی نه‌بووه كه‌له‌سه‌ر شه‌نگست وبنهمایهكی ئه‌كادیمی نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زرابێ هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه هه‌ر مامۆستایه‌ك له كۆلیژێك, له به‌شێك به ئاره‌زووی خۆی وانه‌كان بڵێته‌وه.له‌م ڕوانگه‌وه دڵنیایی جۆریی و خوێندنی به‌رده‌وام دوو پرۆسه‌ی نوێ بوون!ئه‌و(نوێ)بوونه‌ش زۆر هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤی لێكهوتهوه له‌وانه:
1-دیاركردنی بابه‌ته‌كانی ساڵی خوێندن syllabus و coursebook
2-به پرۆگرامكردنی بابهتهكان وچاودێری كردنی مامۆستا
3-شێوازی گوتنه‌وه‌ی بابهتهكان
4-دیاریكردنی میكانیزمی گۆتنه‌وه‌ی بابهتهكان
5-سه‌پاندنی پرۆسه‌ی فیدباكfeedbak
6-كێشانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی موتله‌قی مامۆستا به‌سه‌ر چاره‌نووسی قوتابی
7-به‌شداریكردنی قوتابی له پرۆسه‌ی خوێندن وهه‌تا فیدباك كردنی مامۆستا
8. كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نائه‌كادیمی سه‌رۆك به‌ش به سه‌ر مامۆستایانه‌وه, چونكه مامۆستا بۆی هه‌یه ئاستی كارگێڕی ..سه‌رۆك..هه‌ڵبسه‌نگێنێ
ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه
بێگومان چه‌نده‌ها ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه هه‌ن.له‌لایه‌ك هه‌م خودی پرۆسه‌كه ڕوئیا (vision)و په‌یامی(message)ته‌واو روون نیین هه‌تا وه‌زاره‌تیش وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی زه‌ینی پرسیاركهرانی لانییه ئه‌م خاڵه چه‌ند گرفتتێكی بۆ پرۆسه‌كه دروست كردووه جۆرێك له‌نا متمانه‌یی له هه‌مبه‌ر پرۆسه‌كه به‌رپاكردووه .
به‌شی دووه‌می گرفته‌كه په‌یوه‌سته به :
1- به ده‌سه‌ڵاتی حیزب به زانكۆ ودام وده‌زگاكانی
به حوكمی ئه‌وه‌ی وه‌زیر سه‌ر به‌باڵێكی یه‌كێتیه ئه‌وه پرۆسه‌كه له زانكۆكانی هه‌رێم به نیوه‌چلی په‌یره‌و ده‌كرێ ئه‌وه بیست ساڵه هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات به شێوازێكی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی دواكه‌وتوو مامه‌له له‌گه‌ڵ زانكۆ ده‌كه‌ن پۆسته‌كان له(سه‌رۆكی به‌ش)ه‌وه هه‌تا( سه‌رۆكی زانكۆ) له‌باره‌گاكانی حیزب دیاری ده‌كرێن و هیچ پۆستێك له‌و پۆسته ئه‌كادیمی وكارگێرییانه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌كادیمی , كه‌سی ئه‌كادیمی بۆ دیاری ناكرێ به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبی كه‌سه‌كان دیار ده‌كرێن جا ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆستدارانه له‌گه‌ڵ وه‌زیر دۆست نه‌بن ئه‌وه هیچ بریارێكی وه‌زاره‌ت جێ به‌جێ نابێ!هه‌ر له‌و روانگه‌وه له هه‌ندێ كۆلیژ هه‌ردوو پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام ههركارییان پێ ناكرێ هه‌تا دكتۆرێكی (قسه‌خۆش)ده‌ڤه‌ری كه‌سك وتی:ئه‌و دوو پرۆسهیهشمولی ئێمه ناكات ,چونكه ئێمه قری اریاف ین .
هه‌ر لهناویهك زانكۆش چه‌نده‌ها كۆلیژ یان په‌یره‌وی ناكه‌ن یان به نیوه‌چلی په‌یره‌وی ده‌كه‌ن .جا هه‌تا مۆته‌كه‌ی حیزب به‌سه‌ر زانكۆ و وه‌زاره‌ته‌وه بێ ئه‌وه ته‌مه‌نی ئه‌و پرۆسه‌یه هێنده درێژ و به‌رده‌وام نابێ!
2-به ئاستی مامۆستا وبیركردنه‌وه‌ی مامۆستای زانكۆ
به‌شێ له‌مامۆستایانی زانكۆ هێنده له‌گه‌ڵ مۆدیلی كۆن راهاتوون ناتوانن به ئاسانی له‌و تۆره جالجالۆكه بێنه ده‌ره‌وه چونكه له‌ناو پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام دا مامۆستا ناچار ده‌بێ چاڵاك _active _بێ نه‌ك سست_passive _هه‌روه‌ها هه‌تا ئێستا به‌شێ له مامۆستایان هیچ ئاگایان له دنیای زانیاری سه‌رده‌م نییه بۆیه هه‌موو هۆكارێك به‌كاردێنن بۆ ئه‌وه‌ی شكست به‌و دوو پرۆسهیهبێنن!
=تواناسازی بۆ هه‌ندێك و كوشتنسازی بۆ هه‌ندێكی تر
تواناسازی پرۆسه‌یه‌كی دی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای كابینه‌ی شه‌شه‌مه. به كورتی ئه‌و پرۆسه‌یه پێكۆڵێكی ئه‌كادیمی وه‌زاره‌ته بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی كورد هه‌م به ژیان و كه‌لتووری رۆژئاوا ئاشنا بێ هه‌میش برۆانامهیهك له زانكۆكانی ئه‌وێ به ده‌ست بێنێ…پرۆسه‌كه خۆی له خۆیدا دهرگاكردنهوهیهكه به رووی قوتابی كورد هه‌روه‌ها پرۆسه‌یه‌كی مه‌عریفی ئهكادیمیشه بۆ بونیادنانی مه‌عریفی قوتابی كورد.ئارێشه‌ی سه‌ره‌كی پرۆگرامه‌كه بێوهریكردنی چینێك له هه‌ڵگرانی بروانامه‌ی ماسته‌ره كه به هه‌موو پێوه‌رێكی زانستی و دینیی له رووی ئه‌زموون و تێگه‌یشتنی مه‌عریفی و میتۆدییه‌وه له پێش تازه-مامۆستاكانن!!
ئه‌گه‌ر وه‌زیر و سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌و كه‌سانه نه‌بووان كه ته‌مه‌نێكی زۆریان له ده‌ره‌وه به سه‌ربردووه , ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌م نه‌ده‌نووسی .نازانم ئه‌وان به چ پێوه‌رێك و بنه‌مایه‌كی یا لۆژیكی مه‌رجی ته‌مه‌ن ده‌كه‌نه به‌ربه‌ستی عه‌قڵی مه‌عریفییه‌وه! ئێ خۆ زۆرێك له پێغه‌مبه‌رانه‌وه ,به تایبه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له چل ساڵییه‌وه ئاراسته‌كراون له لایه‌ن خوداوه به زانست و به‌ڵگه‌ی عه‌قڵی و نه‌قڵی قسه بۆ خه‌ڵك بكه‌ن و میتۆدی ئه‌وانیش میتۆدێكی قه‌ناعه‌تپێكه‌ری مه‌عریفی بۆ وه‌رگری مه‌عریفی!!
با له نالۆژیكی و نائه‌كادیمی دیاركردنی ته‌مه‌ن بۆ دكتۆرا بدوێیین:
دیاركردنی ته‌مه‌ن هه‌روه‌ك ههڤدژبوو له گه‌ڵ روئیا و جیهانبینی دینی به هه‌مان شێوه هه‌ڤدژ و ناكۆكه له گه‌ڵ بنه‌ما ئه‌كادیمییه‌كانی خوێندنی باڵا! به گوێره‌ی یه‌كێ له مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی خوێندنی دكتۆرا له ده‌ره‌وه ئه‌وه‌یه كه نابێ داواكار ته‌مه‌نی له چل ساڵ زیاتر بێ هه‌روه‌ها له كوردستانیش نابێ ته‌مه‌نی له چل و پێنج ساڵ زیاتر بێ!
جارێ ئه‌و (داواكارهی) ته‌مه‌نی له چل و چل و پێنج ساڵ زیاتره له %99 مامۆستای زانكۆن و هه‌نده‌كیان وه‌ك خۆم ئه‌وه پێنج ساڵه پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌رم و سه‌رپه‌رشتی چه‌ند قوتابییه‌كی ماسته‌ریش له هه‌ندێ زانكۆكانی هه‌رێم ده‌كه‌م و زۆرێك له كتێبه‌كانیشم له ده‌یان ماسته‌رنامه و دكتۆرانامه وه‌ك سه‌رچاوه به كارهاتوون! ئه‌مه چ ماف و لۆژیكێكه قوتابیه‌كانی ماسته‌ر كه مامۆستای وه‌ك ئێمه ده‌رسیان پێ ده‌ڵێیین و سه‌رپه‌رشتی ماستهرنامهكانیان ده‌كه‌ین و تاوتوێی ماستهرنامهكهشیان ده‌كه‌ین , به‌ڵام ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه دكتۆرا بخوێنن , ئێمه ئه‌و مافه‌مان نییه كه ئه‌وانمان پێگه‌یاندووه؟؟!! ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ت هه‌ر ده‌ڵێی ده‌قاوده‌ق له یاسای سه‌ربازی حكومه‌تی به‌عس وه‌رگیراوه ,چونكه ئێمه وه‌ك ” نائیب زابتی” عیراقی مافی ئه‌وه‌مان نییه ببینه زابت!!به‌ڵام ده‌كرێ سه‌دان زابت پێبگهیهنیین!
چه‌ند خاڵێكی دی نا لۆژیكی له كوشتنی مامۆستا به هۆی ته‌مه‌نه‌وه:
1.ئه‌م پرۆسه‌یه ته‌واو تواناسازی نییه, چونكه ئه‌و مامۆستایانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی مه‌رجی ته‌مه‌نن هه‌تا ئه‌گه‌ر پرۆفیسۆری هاریكاریش بن, مافی ئه‌وه‌یان نییه هه‌تا له ژیان ماون په‌ره به توانای مه‌عریفی خۆیان بده‌ن…..جا ئه‌مه كوشتنسازی مه‌عریفی نییه؟؟َََ!
2.ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له كوردستان 63 یه!!
به گوێره‌ی بڕیاری ته‌مه‌نی خانه‌نشین بوون ته‌مه‌نی 63ساڵی دیاریكراوه،ئه‌وه مامۆستا 41ساڵه‌كه ده‌بێ بیست و دوو ساڵی دی به ماسته‌ری له ناو زانكۆ”بسۆرێتهوه” ئه‌مه خولانه‌وه له بازنه‌ی بۆش نه‌بێ چی یه؟! ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی 46 ساڵیشه ئه‌وه ده‌بێ حه‌ڤده ساڵی‌تر هه‌ر”ساڵ” بژمێرێ نه‌ك په‌ره به مه‌عریفه بدات!!
3- به گوێره‌ی سیسته‌می وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم مامۆستای هه‌ڵگری ماسته‌ر بۆی نییه ببێته “پرۆفیسۆر”كه ئه‌مه‌ش رێگرێكی تره له‌به‌رده‌م توانای مه‌عریفی و زانستی مامۆستا!
ئه‌و هه‌موو پارادۆكس و ههڤدژیه له ناو سیستمی خوێندنی باڵای وه‌زاره‌تی موئه‌سه‌ساتی جگه له كوشتنی توانای مه‌عریفی مامۆستا هیچی تر نییه.
ئه‌نجام
زانكۆنهك هه‌ر له ڕۆژئاوا ،به‌ڵكو له‌به‌شێكی ئاسیاش مه‌ڵبه‌ندێكی مه‌عریفی و هۆكارێكی زانستیهبۆ په‌ره‌پێدان و پێشخه‌ستنی پرۆسه‌ی بیناكاری مه‌عریفی و ته‌كنه‌لۆژیایی وهه‌تا بونیاتنانه‌وه‌ی تاكه‌كانی نه‌ته‌وه.ئێمه‌ی كورد به حوكمی ئه‌وه‌ی سه‌رده‌مێكه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆمان نه‌بووین و هه‌ره‌وه‌ها له ژیانی سیاسیداههرتوشی شكستی عه‌سكه‌ری وسیاسی وبووین ئهوهچاوهرێ بووین له ناو قهلهمرهوهی حكومه‌تی كوردیدا هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه وخوێندنی باڵا دوو ده‌سه‌ڵاتی مه‌عریفی و په‌روه‌رده‌یی بن وببنه پێشه‌نگ له بونیاتنانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌كادیمی و ته‌كنه‌لۆژیی نه‌وه‌ی نوێ ,به‌ڵام ئه‌فسۆس ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی و خوێندیان زۆر ئالۆز تر كرد به جۆرێ له په‌روه‌رده هه‌ر ساڵه‌و سیسته‌مێك جاڕ ده‌درێ له خوێندنی باڵاش هه‌رسێ پرۆسه‌ی دڵنیایی جۆریی و زانستخوازی به‌رده‌وام له لایه‌ك نه‌یانتوانی هیچ گۆرانكاریه‌كی ئه‌و تۆ به‌رپابكه‌ن.لێره‌وه گرنگه عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی سیسته‌می سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بگۆڕدرێن نه‌ك ته‌نها ته‌نیا میكانیزمی وانه‌وتنه‌وه!هه‌رچی پرۆسه‌ی تواناسازییه ئه‌وه هێنده نادادوه‌ری تێدایه, به جۆرێ ئه‌و مامۆستایانه‌ی ته‌مه‌نیان له 40 ساڵ زیاتره ده‌بێ وه‌ك په‌ككه‌وته‌كانی به ساڵاچووان و “ته‌مبه‌ڵخانه” له خه‌فه‌تان هه‌ر بقنێنهوه و خه‌ریكی كوشتنی خانه زیندووه‌كانی خۆیان بن!!!
گرنگه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و پرۆسه‌یه‌ی حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت ئاگاداربكرێته‌وه , چونكه دیاركردنی ته‌مه‌نی خوێندنی دكتۆرا هیچ بنه‌مایه‌كی لۆژیكی و زانستی نییه! له لایه‌كی تریش, زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له دكتۆرا دواكه‌وتوون یان دكتۆرا له بواره‌كه له كوردستان نه‌بووه یان فاكته‌رێكی حیزبی به‌ربه‌ست بووه!