واده‌ی لێدانی دوا بزمار …. فه‌ره‌یدون عارف
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان ده‌گوزه‌رێ، رستێك رووداوی زووتێپه‌ڕ و بێ كاریگه‌ر نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانی ده‌رباری ده‌سه‌ڵات و هه‌ندێك سیاسی خه‌ڵه‌فاو راڤه‌ی ده‌كه‌ن. به‌پێچه‌وانه‌وه دوو مانگ مانه‌وه له‌سه‌ر شه‌قام و به‌رده‌وام هه‌ڵكشان و فراوانبوون و سیستماتیزه‌كردنی بازنه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و ئاراسته‌كردنی گوتارێكی یه‌كگرتوو و به‌رزبوونه‌وه‌ی كێرڤی داواكاری خۆپیشانده‌ران، تا ئاستی راگه‌یاندنی لێسه‌ندنه‌وه‌ی شه‌رعییه‌ت له سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌رێم، به‌ڵگه‌ی گه‌وره‌و گرنگن له‌سه‌ر زیندوویی شه‌قام و هۆشیاری جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌رو وره به‌رزی و توانای خۆڕاگرییه‌كی بێ وێنه، كه له راستیدا ده‌سه‌ڵاتی تووشی شۆكێكی كوشنده كردووه. هه‌ر بۆیه پێویسته به‌هه‌مان گوڕوتین، شۆكێكی كاریگهرترو به‌هێزتر له دوو زلحزبهكهی ده‌سه‌ڵات بدرێت، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌و په‌راوێزخستنه‌ی شه‌قام و دوای ئه‌و وه‌ڵامه هه‌ڕه‌شه‌ئامێزه‌ی له به‌رامبه‌ر داواكانی ئۆپۆزسیۆن دایانهوهو ئێستاش، كه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر په‌تی (كات) یاری بكات، خه‌ریكه ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته كاره‌كته‌رێكی پاسیڤ له گهمهكهدا. له راستیدا ئه‌و وه‌ڵامه شتێكی چاوه‌ڕوانكراوبوو، به‌ڵام به‌و راده‌یه نا، كه سه‌رتاپای بێباكی و بێ ئهرزشكردن و بێڕێزییه به ئیراده‌ی هه‌زاران مرۆڤی توڕه‌و ناڕازی و گه‌روو پڕ له هاواری دژه گه‌نده‌ڵییه.
ئه‌و وه‌ڵامه پێیگوتین، هێشتا (پارتی و یه‌كێتی) مه‌ستی شه‌رابی شه‌رعییه‌تی زۆرینه‌ن و هه‌ر به‌و لۆژیكه‌ش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ن. به مانایه‌كی تر ئه‌مه ته‌نها وه‌ڵامێك نییه بۆ ئۆپۆزسیۆن وه‌كو پارت و هێزگه‌لێكی سیاسی، به‌ڵكو وه‌ڵامێكی خه‌مساردانه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ره بۆ هاوڵاتیانی خۆی، كه باكی به رژانی خوێنی هاوڵاتیانی خۆی نییه، ئه‌گه‌ر له دیدی ئه‌وانه‌وه هاوڵاتی بین. به هه‌موو مانایه‌ك به‌یاننامه‌كه، دوا په‌له‌قاژه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مگه‌رو ناشه‌رعی ئه‌م دوو حزبه‌یه، كه جگه له زمانی هه‌ڕه‌شه‌و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و ته‌خوینكردنی بهرامبهرو چه‌واشه‌كاری شتێكی تر نازانن.
له‌دوای وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌ی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆن بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پدك و ینك، سه‌رۆكی پارتی پاشه‌كشه‌ی كرد‌و داوای به‌رده‌وامی دیالۆگی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنی كرد، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به شه‌قام بدات. ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه پاش ئه‌م په‌یامه، كه سه‌رتاپای خۆڵكردنه چاوه، خه‌ریكه ئۆپۆزسیۆن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای شه‌قام بچێته‌وه سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات. له ساتێكی وا هه‌ستیاردا نابێت ئۆپۆزسیۆن ئه‌م هه‌ڵه ستراتیژییه بكات و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای شه‌قام و مه‌رجی لانیكهمی جێبه‌جێكردنی داواكارییه هه‌نوكه‌ییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی، بچێته‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ. هاوكات ئه‌وه‌ی كه نابێت ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی بهێڵن به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت، گفتوگۆ‌و هه‌ر ئه‌گه‌رێكی رێكه‌وتنی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه له‌سه‌ر حسابی په‌راوێزخستنی شه‌قام.
گومانی تێدا نییه، كه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، جگه له هه‌وڵی بێ ئاكامی ساردكردنه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران، هاوكات نه‌بوونی متمانه‌ی هاوڵاتیان به ده‌سه‌ڵات، یه‌كێك بووه له‌و شتانه‌ی، كه مه‌ودای نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری ناڕازی فراوانتر كردووه. ئه‌وه‌ش پێشینه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌و سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. زۆر به دیاریكراویش ساڵی 1994 كاتێك ئه‌م دوو هێزه جارێكی‌تر كوردستان به‌ره‌و خه‌ره‌ندی شه‌ڕێكی ناوخۆیی پاڵ پێوه ده‌نێن. ئاخر ئه‌و ده‌میش هه‌روه‌كو ئێستا هیچ ئه‌رزشێكیان بۆ میلله‌ت دانهناو له ماوه‌ی ته‌نها 3 ساڵدا، (تا سه‌رهه‌ڵدانی دۆخی نه‌شه‌ڕ نه ئاشتی) هه‌زاران دایكیان جه‌رگ سووتاو، و سه‌دان هه‌زار منداڵیان بێ باوك كرد. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت نه‌ك هه‌ر نه‌یانتوانیوه لانیكهمی برینه‌كان ساڕێژبكهن، به‌ڵكو ده‌یان خێزان چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوك و براكانیانن له دۆزه‌خی زیندانه زه‌ردو سه‌وزه نهێنییهكانداو له‌ولاشه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی بێ شه‌رم و خوێنساردی هه‌رێم ئه‌و خێزانانه‌یان په‌راوێزخستووه‌و ئاماده‌ش نین ته‌نها وه‌ڵامێكیان بده‌نه‌وه. زیاده‌ڕۆیی نییه گه‌ر بڵێین، له مێژووی دوور‌و نزیكی مرۆڤایه‌تییدا هیچ مۆدێلێك ناشرینتر له مۆدێلی سیاسه‌ت و حزبایهتیكردنی ئه‌حزابی كوردی نابینیته‌وه. ئه‌فسوس له غیابی به‌رپرسیارێتی ده‌سه‌ڵاتیشدا، تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن نه‌یتوانیووه به ئه‌ركی راسته‌قینه‌و گرنگی خۆی هه‌ڵسێت و بگره هه‌ندێجار زۆر شه‌رمنانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان ده‌كات. هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌رو ئازادیخوازی سه‌ر شه‌قام، متمانه‌ی ته‌واویان به‌م هێزه لاواز‌و وه‌كو پێویست نه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نكوڵی ناكرێت، كه هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌وه، ئۆپۆزسیۆن له رێگه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی و گوتاری راگه‌یاندنییه‌وه به شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری له فراوانكردنی ناڕه‌زایی و ئاراسته‌كردنی شه‌قامدا كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له مامه‌ڵه‌ی سیاسی‌دا ده‌یبینین له ئاستی پێویست و چاوه‌ڕوانی شه‌قامدا نه‌بووه‌و نییه.
هه‌موو ئاماژه‌كان پێمانده‌ڵێن: ده‌سه‌ڵات و زۆر به دیاریكراویش پارتی دیموكرات وه‌ك كۆنزێرڤاتیڤترین و ستهمگهرترین هێزی سیاسی گۆڕه‌پانه‌كه، گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی كات و ماندووبوونی خۆپیشانده‌ران ده‌كات. له حاڵێكی ئاوادا، كه ئه‌م حزبه له گه‌وره‌ترین ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدایه، مافی خۆیه‌تی كه بیه‌ویت به‌كه‌مترین زیان لێی ده‌ربچێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین، ده‌یه‌وێت وه‌ك هه‌میشه به فێڵ و به‌لاڕێدابردنی جه‌ماوه‌رو رێگایه‌كی ناشه‌رعی كۆتایی به‌م دۆخه بهێنێت.
هه‌روه‌ك ئه‌و گرژبوون و خاوبوونه‌وه‌یه‌ی له گوتاری ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكی پارتی ده‌بینرێت، هیچ نییه جگه له هه‌وڵێك بۆ ساردكردنه‌وه‌ی شه‌قام و بردنه‌وه‌ی گره‌وی كات و پشتگوێخستنی داوا ره‌واكانی جه‌ماوه‌ر.
له‌دوای حه‌ڤده‌ی شوباته‌وه ده‌یان سكانداڵی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵات ئاشكرا بوون و ده‌یانی تریشیان له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو مانگه‌دا ئه‌نجامداوه. گومانی تێدا نییه، كه ئه‌مانه ئوستادی خوڵقاندنی سكانداڵن. به‌ڵام له هه‌مووی خراپتر ئه‌و په‌تا پیس و به‌ده‌یه، كه ئێمه ناوی ده‌نێین (هونه‌ری پشتگوێخستن). ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ئه‌زموونیكی گه‌وره‌یان هه‌یه له برده‌نه‌وه‌ی گه‌مه‌كان به‌ڕێگه‌ی په‌راوێزخستن و پشتگوێخستن و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان و داڵده‌دانی تاوانباران. ره‌نگه له رابردوودا ئه‌م هونه‌ره سوودێكی باشی بۆیان هه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ نا، چونكه ئه‌وه‌ی له رابردوودا هه‌بوو، شتێك بوو له خۆدزینه‌وه‌و به لاڕێدابردن و خۆگێلكردن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێ شتێك نییه جگه له به گێل سه‌یركردنی میلله‌ت زیاتر. وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رو ده‌ستی ده‌ستی پێكردنیان، یه‌ك ته‌فسیری هه‌یه، كه بێ ئه‌رزشكردنی داوای ره‌وای شه‌قامی ناڕازی و هه‌وڵدانه بۆ ساردكردنه‌وه‌و ناردنه‌وه‌یان بۆ ماڵه‌وه به‌بێ جێبه‌جێكردنی لانیكهمی داواكارییه‌كان. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌گوزه‌رێت به‌هه‌موو پێوه‌رێك گاڵته‌كردنه به عه‌قڵی ئازادیخوازان و نه‌وه‌یه‌كی هۆشیار، كه له‌ژێر عه‌با شڕه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه نه‌هاتووه‌ته ده‌ره‌وه. نه‌وه‌یه‌ك چاوی به شه‌ڕی ناوخۆ‌و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی بێ سنوور‌و سكانداڵی سه‌رۆكه‌كاندا كردۆته‌وه‌و نایه‌وێت به‌و رێگه‌یه‌ی ئه‌واندا بڕوات، كه وڵاتیان به‌م پاشاگه‌ردانییه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌یاندووه. گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی به‌ناو سیاسه‌تمه‌داران و سه‌ركرده‌ی ئه‌م دوو حزبه ئه‌وه‌یه، كه به‌چاوێكی كه‌م له‌م نه‌وه‌یه ده‌ڕوانن و به‌رده‌وام تووشی نائومێدی و توڕه‌ییان ده‌كه‌ن. هاوزه‌مان راوێژكار‌و چاودێره سیاسییه خهواڵووهكانیشیان په‌یتا په‌یتا ته‌فسیری ئه‌وه‌نده نالۆژیكی و گاڵته‌جاڕییانه بۆ رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، خوێنه‌ر شه‌رم له خوێندنه‌وه‌ی وتار‌و به‌ناو شیكردنه‌وه سیاسییه‌كانیان ده‌كات.
له ساتێكی ئاوادا پێویسته زۆر به جدی بیر له شێوازی نوێ بكرێته‌وه، كه به پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی به‌رپرسیارن له داڕشتنی ئاراسته‌ی نوێی كاركردن. به‌بڕوای ئێمه كاریگه‌رترین رێگهچارهو شێوازی ناڕه‌زایی له ئێستا فراوانكردنی بازنه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان و پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی سه‌رپه‌رشتیارییه له گشت ئه‌و جێگایانه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی تێدایه. له‌وه‌ش گرنگتر ئاماده‌كارییه بۆ راگه‌یاندنی مانگرتنێكی سه‌رانسه‌ری له كاتێكی دیاریكراودا، به‌جۆرێك، كه زۆرینه‌ی داموده‌زگا حكومییه‌كان ئیفلیجبكرێن و ده‌سه‌ڵات ناچار به چۆكدادان بكات. گه‌رچی ئه‌مه بڕیارێكی ئاسان نییه‌و پێویسته زۆر به ئاگایی و داناییه‌وه ئه‌و كاته دیاری بكرێت، به‌ڵام پێویسته له ئێستاوه كاری جدی بۆ ئه‌و ساته وه‌خته بكرێت و هه‌موو شتێك یه‌كلایی بكرێته‌وه. به‌كورتی وه‌ك چۆن له رابردوودا پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی وه‌ك (خوێندكار‌و مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رو وه‌رزشه‌وان و كرێكار‌و … هتد). به‌كارده‌هێنا بۆ ده‌رخستنی هێزو كاریگه‌ری خۆیان، كه له راستیدا ئه‌وه وێنه‌یه‌كی موزه‌یه‌فی واقیعی حاڵ و ده‌ره‌نجامی نێگه‌تیڤی هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌توانرێت ئه‌و دۆخه به شێوازێكی زۆر پۆزه‌تیڤانه دووباره‌و له خزمه‌تی شه‌قام و ئه‌و توێژانه خۆیاندا دووباره بكرێته‌وه. هه‌ر بۆیه پێویسته له‌ناو هه‌موو چین و توێژه‌كاندا ئاماده‌كاری و زه‌مینه‌سازی بكرێت، به‌جۆرێك وه‌كو فشارێكی به‌هێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌پێناو یه‌ك ئامانجدا، كه جێبه‌جێكردنی داخوازییه رهواكانه كارا بكرێن.
زۆر راشكاوانه، پێویسته ئه‌نجومه‌نی سه‌رای ئازادی به‌هاوكاری هێزه ئازادیخوازه‌كانی نێو گۆڕه‌پانه‌كه، كارێكی به په‌له‌و جدی له‌سه‌ر گۆڕینی شێوازی كاركردنیان بكه‌ن. دواجار ده‌بێت پێ له‌و راستییه بنێین، كه هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك نییه به‌م شێوازه‌ی ئێستا تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌رده‌وام بین و له سه‌رای ئازادی بمێنینه‌وه، بۆیه پێویسته به خۆمان بڵێین: ئیدی واده‌ی لێدانی دوا بزماری جه‌ماوه‌ر له تابوتی ده‌سه‌ڵات هاتووه‌و دواخستن و كات كوشتن له‌به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قامدا نییه.