Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
له‌سۆزانیه‌كی به‌رباده‌وه‌ بۆ باوكێكی ڕه‌نج به‌خه‌سار

له‌سۆزانیه‌كی به‌رباده‌وه‌ بۆ باوكێكی ڕه‌نج به‌خه‌سار

Closed
by April 18, 2011 ئەدەب

سڵاو باوكی ئازیزو به‌دبه‌ختی من
ده‌مێكه‌ من نه‌له‌ هه‌واڵی تۆو، نه‌له‌هی دایكم و ،نه‌له‌هی ئه‌و برایانه‌م بۆ كوشتنم ئه‌گه‌ڕێن و، نه‌ئه‌و خوشكه‌ چكۆلانه‌شم  هه‌موو شه‌وێك به‌ حیكایه‌تێكی ئێسك سوك ئه‌مكرده‌خه‌و،بێخه‌به‌رم.نازانم له‌كوێوه‌ ده‌ست پێبكه‌م ،به‌هه‌رحاڵ من ئه‌مویست تۆڵه‌ی مناڵیه‌ كوژراوه‌كه‌ی خۆم به‌میهره‌بانی بۆ ئه‌و قه‌ره‌بوو بكه‌مه‌وه‌ ،ئه‌مویست ئه‌و نازه‌ی كه‌تۆ پێت نه‌ئه‌به‌خشی من بیده‌مێ‌،به‌ڵام ده‌ردی عیشق دیداری هه‌مووتانی لێحه‌رامكردم ،ئه‌بێت وابڵێم باوكی ئازیزم ،ئه‌بێت وابڵێم بۆ ئه‌وه‌ی تۆش ئه‌وه‌نده‌ له‌ئازاری ویژدانا نه‌سوتێی ،بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌گوناهی ئه‌و جۆری په‌روه‌رده‌كردنه‌ نه‌كه‌یت وایلێكردین بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ نه‌توانیین بیر له‌بینینه‌وه‌ی یه‌كتری بكه‌ینه‌وه‌ .ئه‌وه‌تانێ‌ تۆو كوڕه‌كان پێكه‌وه‌بۆ كوشتنم ئه‌گه‌ڕێن و ڕه‌نگه‌ له‌دوای كوشتنیش له‌ناخی دڵه‌وه‌ بۆم بگرین ،ئاخر هه‌رئه‌مه‌یه‌ وا له‌منیش ئه‌كات ده‌ردی دڵی خۆم‌و،مه‌ینه‌تیه‌كانی ژنبوون‌و، سۆزانیه‌كانت بۆ بنوسم له‌م وڵاته‌دا .
باوكی سته‌م دیده‌ی من …من‌وتۆ هه‌رگیز له‌یه‌كتری تێنه‌گه‌یشتین، هه‌رگیزیش ڕۆژێك سفره‌ی قسه‌كردن كۆی نه‌كردینه‌وه‌،تاوه‌ك دوو هاوڕێ‌ ده‌سته‌كانت بخه‌یته‌ ناوده‌ستم‌و، به‌ئێواره‌ی باخچه‌یه‌كدا پیاسه‌یه‌كی دۆستانه‌ بكه‌ین ،وه‌ك پێم وتی تۆ هه‌رگیز له‌من تێنه‌گه‌یشتنی ،ئه‌مه‌ش وایكرد من‌و تۆ ئه‌و دیواره‌ نه‌بینراوه‌ له‌یه‌كتریمان جیابكاته‌وه‌و من  هه‌وڵی ڕوخاندنی بده‌م ،ئیتر هه‌رله‌و دیوارانه‌وه‌ له‌سه‌رماو گه‌رمای وه‌رزه‌كان ئه‌یانپاراستم، تا ئه‌و دیوارانه‌ی قه‌ڵغانێك بوون بۆ ئه‌ووه‌ی ده‌ستی غه‌در نه‌گاته‌ جه‌سته‌ی من .ئه‌وه‌ تۆ بوویت منت كوشت ،كۆمه‌ڵگاكه‌ی تۆبوو ،ئه‌و كلتوره‌بوو له‌بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ پیاوێكی وه‌ك تۆدا دروست بووبوو،ئێستا من لێت ده‌پرسم ئایا هه‌مان كۆمه‌ڵگا سیخناخ نیه‌ به‌و پیاوانه‌ی ده‌رگای مزگه‌وت و ماڵه‌كانیان به‌ڕوی كڵۆڵێكی وێڵا  دائه‌خه‌ن‌و، ده‌رگای میهره‌بانیان به‌ڕودا كڵۆم ئه‌ده‌ن‌و، ده‌رگای مه‌ینه‌تیان بۆ ئه‌خه‌نه‌سه‌رپشت ؟ئه‌گه‌رلێشی بكه‌نه‌وه‌ ئه‌وا ته‌نیا بۆشه‌وێكی سوری خۆیانه‌و هیچی تر،به‌ڵام ئایا ئه‌مانه‌ش هه‌رئه‌و باوكانه‌ نین دیواری بڤه‌و قه‌ده‌غه‌و یاساغ به‌ده‌وری ژن‌و خوشه‌كه‌كانیان‌و كچه‌كانیانا هه‌ڵئه‌چنن؟؟من له‌تۆ ئه‌پرسم ئه‌وه‌ چ یاسایه‌كه‌ ڕێگا به‌وان ئه‌دات پاڵ به‌هه‌زاران ناچاركاری وه‌ك منه‌وه‌ ئه‌نێنن بۆئه‌وه‌ی شه‌وه‌كانی ئه‌وان سورو چاره‌نوسی خۆمان ڕه‌ش بكه‌ین؟؟به‌ڵام باوكه‌ بڕوابكه‌ هه‌موویان له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كانی خه‌وتنی ئێمه‌ ئه‌و كلتوره‌ دائه‌كه‌نن هه‌زار ساڵه‌ به‌رگری لێئه‌كه‌ن، هه‌ر له‌مامۆستاو نوسه‌رو ڕوناكبیرو ویژدانپه‌رستو گه‌وره‌ پیاوانه‌وه‌ بیگره‌ تابه‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌مامكی خواناسی ئه‌پۆشن.هه‌موویان خۆیان روت ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌شكۆ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیشیان به‌هه‌موو ئه‌و شێوه‌ نامرۆڤانه‌ له‌گه‌ڵمان جوت ئه‌بن ئاژه‌ڵیش بیری بۆی ناچێت. هه‌رچی ده‌مامكی ویقاره‌ له‌به‌ر پێمانا فڕێی ئه‌ده‌ن .ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و شاعیره‌ دڵناسانه‌ش عیشقێكی ساخته‌ هه‌ڵئه‌كێشن له‌پیرۆزی‌و له‌دڵی كڵۆڵی ژنێكی بێچاره‌و بێپه‌نا بێخه‌به‌رن و نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت ڕسته‌یه‌كیش ببیستن.
باوكی ئازیزم …تۆ هه‌میشه‌ خه‌یاڵت لای سزایه‌كه‌ گیانی من بكێشێ‌ ،به‌ڵام من به‌هه‌زار ڕێگا بۆت ئه‌سه‌لمێنم كه‌من مردووم، ئایا گیان كێشانی منیش ئه‌توانێت ئه‌و په‌ڵه‌ڕه‌شه‌ بسڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌تانێ‌ به‌نێو چاوی هه‌ردووكمانه‌وه‌ ؟چی ئه‌ڵێیت باوكه‌ ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌ته‌ من ئه‌خاته‌ ناو زه‌لكاوی هێڵنج‌و په‌ڵه‌ی ڕه‌شی نێوچاوانی من ئه‌خاته‌ سه‌ر نێوچاوانی تۆش،به‌ڵام بیری لێبكه‌ره‌وه‌ ئایا ئه‌وه‌ش سزانیه‌ ته‌مه‌نت له‌(40) ساڵی چووبێت به‌و دیواو مناڵێك نه‌بێت له‌باوه‌شی بگری‌و حیكایه‌تی بۆبگێڕیته‌وه‌و پێت بڵێت (دایكه‌)؟تۆ نازانیت چه‌نێك سه‌خته‌ ته‌مه‌نت گه‌یشتبێته‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌و نه‌بووبیت به‌دایك!كاتێك هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ده‌بینم له‌بازاڕده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و ده‌ستی مناڵه‌ خنجیلانه‌كانیان گرتووه‌، نازانیت چه‌نێك ئیره‌ییان پێئه‌به‌م !!نازانیت چه‌نێك خه‌مبارو نیگه‌ران ئه‌بم به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ هاوسه‌رێكم نیه‌ خۆشم بووێ‌‌و خۆشی بووێم !نازانیت چه‌نێك مه‌راق‌و كه‌سه‌ر سه‌رئه‌كه‌نه‌ سه‌ر سه‌رینه‌كه‌م‌و شه‌وانه‌ خه‌وی ناخۆش ڕام ئه‌چڵه‌كێنن‌و،تۆ به‌چه‌قۆیه‌كه‌وه‌ به‌دواما ڕائه‌كه‌یت‌و، منیش له‌ده‌ست تۆ هه‌ڵدێم‌و خۆم ئه‌خزێنمه‌ باوه‌شی پیاوێكه‌وه‌ ئه‌و به‌شتێكی تر ئه‌مكوژێ‌.نازانیت چه‌ند خه‌وی تاڵو ترسناك ئه‌بینم‌و چه‌نێك كابووس ئه‌كه‌یت به‌میوانم،شه‌وێك له‌خه‌ومدا سه‌ری بڕاوی خۆمم به‌قژ هه‌ڵگرتبوو به‌پێكه‌نینه‌وه‌ باوه‌شم ئه‌كرد به‌مردندا،شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا نیوه‌ی ده‌موچاوم كرم ئه‌یخوارد له‌تاریكیاو ئه‌ونیوه‌كه‌ی تری له‌به‌ر بارانا سه‌گ ئه‌یخواردو به‌بێده‌نگی سه‌یرم ئه‌كردن ،شه‌وێكی تر خه‌ریكبووی به‌چه‌قۆ چاوه‌كانت هه‌ڵئه‌كۆڵیم‌و ئه‌تخسته‌ گیرفانته‌وه‌ كاتێك خه‌به‌رم بووه‌وه‌ هه‌ستم ئه‌كرد هه‌ربه‌ڕاستی چاوه‌كانم له‌گیرفانی تۆدایه‌ ،شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا ته‌رمێك له‌حه‌وشه‌كه‌دا كه‌وتبوو حه‌شاماتێك پێی پێئه‌كه‌نین‌و سێكسیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌رمه‌ بۆگه‌نكردووه‌دا ئه‌كرد ،خۆم بینی له‌ناو حه‌شاماته‌كه‌دا به‌ته‌نیا بۆ ته‌رمی بۆگه‌نكردووی خۆم ئه‌گریام به‌هه‌زارن شێوه‌ كوژرابووم،شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا پاساری مردوو ئه‌باری ،شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا سمۆره‌كان دڵی خۆیان له‌ناو دڵی دره‌خته‌كانا ئه‌ناشت ،شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا كۆمه‌ڵه‌كچێك مناڵكار له‌خوێنی خۆیان هه‌ڵئه‌خلیسكان و ملیان ئه‌شكا، شه‌وێكی تر له‌خه‌ومدا چاوی كوڕێكی به‌دبه‌ختت هه‌ڵئه‌كۆڵی و فڕێت ئه‌دایه‌ناودڵی من ،شه‌وێكی تریش كۆمه‌ڵێك كچم ئه‌بینی به‌كفنه‌وه‌ ئه‌چوونه‌ ئاهه‌نگی گواستنه‌وه‌یان‌و كۆمه‌ڵێكی ترم ئه‌بینی به‌ ئاگره‌وه‌ سه‌مایان ئه‌كرد .باوكه‌گیان ئه‌م كابوسبارانه‌ ژیانی شه‌وانی كچه‌كه‌ته‌ ،ئاخر تۆنازانیت چ ئازارێكی په‌نهان له‌ناوه‌وه‌ ئه‌تسوتێنێ‌ و نازانیت هۆكاره‌كه‌ی چیه‌ ،ئه‌و قریشكه‌ی ئه‌وكچانه‌یه‌ كه‌سو كاری تۆنین و له‌ئازارا ئه‌سوتێن ،به‌ڵام من ئه‌زانم ده‌نگی كوڕێك هه‌میشه‌ له‌كۆڵی خه‌ونه‌كانم نابێته‌وه‌ ، ئاخر( كه‌وێرانیه‌ك ڕوئه‌كاته‌ دڵ وه‌ك ئه‌وسا ژیان ناگوزه‌رێ‌‌و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و وێرانیه‌ سه‌راپای ته‌مه‌نیش بگرێته‌وه‌) .من ئه‌و كوڕه‌م خۆشئه‌ویست‌و ئێستاش هه‌ندێك جار به‌ناو ئه‌و هه‌موو كابووسه‌دا دێته‌وه‌ خه‌وم ،ئه‌مه‌ ئه‌و كوفره‌ گه‌وره‌یه‌ لای تۆ لێخۆش بوونی بۆ نیه‌و لێخۆشبوونی بۆ نه‌بوو ،چجای ئه‌وه‌ی بتوانیت له‌سۆزانیه‌كی ناودارو مه‌خسه‌ره‌ ببوریت !باوكه‌ من ته‌نیا ئه‌و كوفره‌م كرد له‌ژیانمدا ،ئیدی هه‌موو كوفره‌كانی تر تۆكردتن نه‌وه‌ك من .تۆ له‌ئامێزی دایكما بوویت من هه‌ڵاتم‌و له‌شه‌قامه‌سارده‌كانی شه‌وا هه‌ستم به‌فڕێنێكی شێتانه‌ ئه‌كرد ،دره‌نگ تێگه‌یشتم هه‌ر ئه‌و فڕینه‌ شێتانه‌ باڵه‌كانمی شكاندو ئه‌گه‌رتۆش له‌و قه‌فه‌زه‌ تاریكه‌دا دیلت نه‌كردبام‌و ئاسمانی حه‌وشه‌كه‌ت لێقه‌ده‌غه‌ نه‌كردبام ئه‌وا نه‌باڵه‌كانی من ئه‌شكان‌و نه‌ئاسمانی ئه‌مشه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌تاریك ئه‌بوو ،ئه‌گه‌ر تۆ به‌ڕوناكی ڕۆژت نامۆ نه‌كردبام ئه‌وا وه‌ك سه‌رخۆشه‌ بێپه‌ناو فه‌رامۆشه‌كانی شه‌وم لێنه‌ئه‌هات.
ئاخر تۆ له‌باوه‌شی ژنێكدا ڕۆژت ئه‌كرده‌وه‌ ئه‌بوو به‌عیشق بتسوتێنێ‌ نه‌ك به‌ئاره‌زوو ،به‌ڵام ئه‌و هه‌رگیز ئه‌مه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا نه‌كرد ،ئاخر نه‌تۆ بۆدیوه‌ په‌نهانه‌كه‌ی ئه‌و گه‌ڕایت كه‌پڕبوو له‌خیانه‌تی ناودڵو به‌خه‌یاڵی كه‌سێكی تره‌وه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ئه‌خه‌وت، نه‌ئه‌ویش ویستی لاپه‌ڕه‌به‌لاپه‌ڕه‌ی ڕۆحت بخوێنێته‌وه‌ ،ئه‌مه‌ش دروستكاری ئه‌و كینه‌ بوو وایلێكردی نه‌توانیت هه‌رگیز له‌ئازاری ئه‌و كچه‌ بێنازه‌ت تێبگه‌یت‌و له‌و گۆڕ فه‌رامۆشه‌ت گه‌ڕێیت هێشتا وه‌كو باوكێك خۆشی ئه‌وێیت و له‌هه‌موو ئه‌و كوفرانه‌ش ئه‌تبوورێت تۆ كردنت نه‌وه‌ك ئه‌و .ئاخر خۆ دنیا هه‌رئه‌وه‌نیه‌ هه‌ركه‌س له‌ئامێزی كه‌سێكی تردا ڕوتبووه‌وه‌ ئیدی ئه‌قڵیشی ڕوت ئه‌بێته‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌و عیشق‌و عاتیفانه‌ی زه‌مانه‌یه‌ك ئه‌ویان داگیر كردووه‌.تكات لێئه‌كه‌م لێم تێبگه‌ ،به‌خودا له‌گۆڕی یه‌كێك له‌فیر عه‌ونه‌كانا به‌زیندویی ڕاكشێی له‌وه‌خۆشتره‌ تا ئه‌وه‌ی ماسیه‌ك بیت و له‌م زه‌لكاوی شه‌هوه‌ته‌دا مه‌له‌به‌كه‌ی .تۆ نازانیت ئه‌و ئازاره‌ چۆن له‌دڵه‌وه‌ وه‌كو نه‌شته‌رێك ئه‌تبڕێت سۆزانیه‌ك بیت و هیچی تر!ئه‌وه‌ش جۆرێكی تری كوشتنه‌ له‌ئامێزی هه‌موو كه‌سێكدا ڕوتبیته‌وه‌و ئیحساست هه‌میشه‌ پێت بڵێت :ئه‌مانه‌ هه‌موویان تۆ وه‌كو ئاوده‌ستێكی خۆ خاڵیكردنه‌وه‌ ئه‌بینن‌و كارێكی تریان پێت نیه‌ ،تۆ نازانیت ئه‌وه‌ش چه‌ند تاڵو ده‌ردناكه‌ هه‌موو دنیا له‌سه‌ر جێگاكه‌ت تێر بكه‌یت واش  هه‌ستبكه‌یت ته‌نیاترین مرۆڤی سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌یت ،شه‌وی هه‌مووان سوربكه‌یت و چاره‌نوسی خۆت ڕه‌ش!
باوكی بێباكی من …بڕوابكه‌ گریان نه‌بووایه‌ ئه‌م ژیانه‌ بۆمن هیچ مانایه‌كی نه‌ئه‌بوو،بۆمن ژیانێك ئه‌بوو خاڵی له‌جوانی ،تۆبیری لێبكه‌ره‌وه‌ كێ‌ له‌وكه‌سه‌ هه‌ناسه‌ساردتره‌ هه‌موو ڕۆژێك چه‌ند جارێك كارێك له‌گه‌ڵ كه‌سێك ئه‌نجام بده‌یت‌و دواتر هه‌ست به‌سه‌ر شۆڕی و گوناه و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌رونی و ته‌ریقبوونه‌وه‌ بكه‌یت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دا له‌ززه‌تی ئه‌ده‌یتێ‌‌و سزاو سوكایه‌تیت ئه‌داتێ‌؟له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جوانیه‌شدا له‌له‌شتدا بۆ خۆشویستن‌و توانه‌وه‌ی دوكه‌س دروستكراوه‌ به‌سه‌ر یه‌كتریدا تۆكارێكی تری پێبكه‌یت كه‌بازرگانیه‌و هه‌رگیزیش تۆ ئه‌و له‌ززه‌ته‌ له‌و كه‌سانه‌دا نه‌بینی ئه‌وان له‌تۆدا ئه‌یبینن.دواتریش له‌گه‌ڵ چركه‌ به‌چركه‌ی سێكسكردن هه‌ستی خه‌یانه‌ت له‌ناخه‌وه‌ بتكرۆژێ‌‌و كه‌سێك نه‌بێت په‌ی به‌نهێنیه‌كانی ئازاری تۆ ببات، لای هه‌مووشیان تۆ ئه‌و ئامێره‌ ئاڵۆشاویه‌بیت تێر خواردنت بۆنیه‌و باوه‌شێك نه‌بێت به‌كامی دڵی خۆت تیایدا بگریت ،كۆی هه‌موو ئه‌م ئازارانه‌ش هێنده‌ی ئه‌و ئازاره‌ ده‌رون داڕزێنه‌ قورسنیه‌ هه‌میشه‌ له‌خه‌یاڵ‌و خه‌وی شه‌وان‌و داڵغه‌تا، ئه‌و كوڕه‌ عاشقه‌ بێته‌وه‌ یادت له‌پێناوی تۆدا كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێناو هه‌رده‌میش ئه‌و ڕسته‌ی له‌خه‌یاڵتدا ده‌نگ بداته‌وه‌ (بۆ خیانه‌ت له‌عیشقی من ئه‌كه‌یت ،بۆ؟)
تۆ نازانیت چ كاره‌ساتێكه‌ نانی داوێنت بخۆیت !به‌درۆوه‌ بخه‌ویت و به‌درۆوه‌ خه‌یاڵ بكه‌یت و به‌درۆوه‌ سێكس بكه‌یت ،به‌درۆوه‌ ژیانت پڕكه‌یت له‌(ئاخ ، ئۆف ، وه‌یش ، ئاه ، وه‌ی ،نا،گیانه‌كه‌م‌و ،ئازیزم )ی ده‌ستكردو به‌درۆوه‌ كلێنسیان بده‌یتێ‌ خۆیان پاكبكه‌نه‌وه‌،به‌درۆوه‌ ماچی ناو ده‌میان بكه‌یت و بۆنی مه‌ی و جگه‌ره‌و مردن بچێت به‌ڕوتا ،به‌درۆوه‌ پێیان بڵێت :(ئازیزه‌كه‌م خێره‌ موده‌تێكه‌ سه‌رمان لێناده‌یت ؟له‌دڵا شیرین نازانیت چه‌نده‌ بیرم ئه‌كردیت ،له‌ده‌وری ئه‌و چاوه‌ جوانانه‌ت گه‌ڕێم له‌چی نیگه‌رانی ؟)و هه‌زار قسه‌ی قۆڕی تر ،نه‌چاویشی جوانبێت‌و نه‌ له‌ دڵا شیرین بێت و نه‌ئازیز بێو نه‌ ته‌ڕه‌ماش،به‌درۆوه‌ هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ قبوڵ بكه‌یت له‌دڵه‌وه‌ پێیان ناڕازیت و زیاتر له‌داواكاری بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دراوێكی ناوزیندانێك ئه‌چن به‌شه‌رم‌و ته‌ریقی و لاقه‌ كردن ئه‌شكه‌نجه‌ی ئه‌ده‌ن، تا كه‌سێك بۆ تێكه‌ڵاو بوون ڕوتبێته‌وه‌ .ئاخر سێكس جوانیه‌ ،توانه‌وه‌ی دوومۆمه‌ به‌سه‌ر یه‌كتریدا ،ئاگرتێبه‌ردانی یه‌كتریه‌ به‌خۆشه‌ویستی ،سێكس پیشه‌ نیه‌ ،هه‌موو ئه‌وانه‌ی سێكس ئه‌كه‌ن به‌پیشه‌ جوانی ئه‌و تێكه‌ڵاو بوونه‌ ڕۆحی‌و جه‌سته‌ییه‌ ئه‌كه‌ن به‌كڕین‌و فرۆشتن،ئه‌وانه‌ سێكس له‌دیوه‌ ڕۆحیه‌كه‌ی دائه‌ماڵن و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ سێكس له‌گه‌ڵ لاشه‌یه‌كدا بكه‌ن ،ئه‌وانه‌ی سێكس ئه‌كه‌ن به‌پیشه‌ جوانی ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه‌ ئه‌گۆڕن به‌ئه‌شكه‌نجه‌ی دووباره‌و هه‌زار باره‌ بۆ مردوویه‌ك ،تۆ ئه‌زانیت زیندوویه‌ك وه‌ك مردوویه‌كیش ئه‌شكه‌نجه‌ بدرێت چ مه‌ینه‌تیه‌ك ئه‌چێژێ؟!چه‌ند تاوانباره‌ لای ئه‌و خوادایه‌ی له‌پێناوی ئه‌ودا  كه‌سێك به‌م ده‌رده‌ی من ئه‌كوژێت؟؟لێت ناشارمه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌موو پیاوه‌ ئاڵۆشبازو دڵڕزێن‌و دڵمردووه‌دا، ڕێ‌ ئه‌كه‌وێ‌ كه‌سێكیانت خۆشبووێ‌‌و به‌دڵ بۆی ڕوتبیته‌وه‌ ،مه‌گه‌رده‌كرێت تاسه‌ر هاواری گه‌ده‌ت سه‌ركوت بكه‌یت و هاواری له‌شت بكه‌یته‌ قه‌فه‌ز، له‌سه‌ر ئه‌م شه‌قامه‌ هه‌وه‌سبازو هه‌ژار كوژه‌؟؟دیسان له‌دیدی ئه‌وانه‌وه‌ تۆجگه‌له‌ئاوده‌ستێك بۆ فڕێدانی ئاوی زیاده‌ شتێكی ترنیت ،كاتێكیش تۆ به‌وپه‌ڕی سه‌لیقه‌و تاسه‌ی دڵه‌وه‌ بۆیان ڕوت ئه‌بیته‌وه‌، ئه‌وان ده‌موچاوت به‌عه‌وره‌تیان ئه‌شۆن و خه‌یاڵی خۆڕوتكردنه‌وه‌كه‌ت ئه‌كه‌ن به‌بڵقی سه‌رئاو.تۆ ئه‌گه‌ر سزات ئه‌وێت ئایا ئه‌مه‌ بۆخۆی سزانیه‌ كه‌سێك نه‌بێت خۆشی بووێیت ،له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ك دڵێكی عاشق‌و دووپه‌ڕه‌ی گوڵ سه‌یری مه‌مكه‌كانت بكه‌ن ئاوده‌ستێك بیت به‌هه‌موو ئه‌وشێوانه‌ پیساییت تێ فڕێبده‌ن زیاتر له‌تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ئه‌چێت تا چێژوه‌رگرتن.ده‌ڵاڵه‌كه‌شت  به‌شێكی كه‌می حه‌قی ئه‌و سوكایه‌تیه‌تبداتێ‌ ؟به‌ ئه‌شكه‌نجه‌مناڵی زۆڵت پێ له‌بار به‌رن؟ئایا هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره‌ به‌مێشكتا گوزه‌ری كردووه‌ تۆ به‌شێكی هه‌ره‌گه‌وره‌ی گوناهی ئه‌مكاره‌ی منت ئه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆو دواتریش كۆمه‌ڵگا دڕنده‌كه‌ت‌و سێهه‌مین گوناهكاریش منم؟!
باوكی بێچاره‌ی من …هه‌ژاری بیر كوژه‌ ،تاقه‌تكوژو عیشقكوژه‌ ،هه‌موو شتێكی مرۆڤ زینده‌ به‌گۆڕ ئه‌كات جگه‌ له‌خه‌یاڵ،من له‌هامشۆی ئه‌و پیاوانه‌وه‌ له‌سه‌ر جێگاكانمان ڕوتئه‌بنه‌وه‌ تێگه‌یشتم عیشق مرد،جوانی له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت ،ئه‌زانم ئێمه‌ كۆپیه‌كی خراپی ڕۆژاواو هه‌ڵگری به‌شه‌ناشیرینه‌یكه‌ی كلتوری خۆرهه‌ڵاتین ،ئه‌زانم گیرفانی خاڵی كڵۆڵه‌كان‌و هه‌وای ناوگه‌ڵی ده‌وڵه‌مه‌ندان ئه‌وینی له‌گۆڕنا ،ئه‌زانم پیاوانی به‌ناوخواپه‌رست‌و كلتورپه‌رست‌و ده‌ردی خێرای جیهانگیری پێكه‌وه‌ بوونه‌ گۆڕ هه‌ڵكه‌نی جوانیه‌كان ،ئێستا لاشه‌كان به‌بێ رۆح ئه‌ژین ،ئه‌جوڵێن‌و سێكس ئه‌كه‌ن ،تۆ پێم بڵێ‌ چ جوانی‌و چ له‌ززه‌تێك له‌تێكه‌ڵاو بوون له‌گه‌ڵ پیاوێكدا بوونی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ڕوت ئه‌بێته‌وه‌ به‌عه‌وره‌تی ده‌موچاوت بشوات ؟؟نا باوكه‌ گیان ،ئه‌وه‌نده‌ پێت وتم دنیا بڤه‌یه‌ هه‌تا مودمینی هه‌موو بڤه‌كانت كردم ،مودمینی تاقیكردنه‌وه‌یانت كردم ،تۆ به‌داركاریت فێرت كردم هه‌موو بڤه‌كانم خۆشبووێت ،بیرم نایه‌ت وه‌ك دووهاوڕێ‌ شه‌وێك به‌كۆڵانی دڵغه‌یه‌كا پیاسه‌مان كردبێ و بۆت ڕونكردبێتمه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ر پشكۆكانا ئه‌ڕۆن بۆچی قاچیان ئه‌سوتێت ،ئاخر هه‌رئه‌م ڕاستیه‌ دڵكوژه‌ بوو وایلێكردم ببم به‌و سۆزانیه‌ی له‌ گه‌نجیا سه‌ره‌ بۆ گه‌وره‌ پیاوان دابنێم‌و له‌ چل ساڵیا پاره‌بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئاره‌زووه‌كانم تێربكه‌م .
بیرم دێت شه‌وان له‌سه‌ر كار ئه‌گه‌ڕایته‌وه‌ ماندوو مردوو ،شه‌ڕت به‌منو به‌و خوشكه‌ بچوكه‌كه‌ی ترم ئه‌فرۆشت ، سه‌ری براكانمت ئه‌خسته‌ سه‌ر ڕانت‌و پێت ئه‌وتین ئێوه‌ ئاینده‌ی منن‌و له‌ئێمه‌ت ئه‌دا ،ئه‌مه‌ وایئه‌كرد خۆم‌و (ژینۆ)ی چكۆلانه‌م وه‌ك دووتوته‌ڵه‌ سه‌گی نه‌فره‌تی بێته‌ به‌رچاو ، ئه‌وه‌ له‌ده‌رونمدا جێگیربێت ئێمه‌ له‌خاكێكی نه‌فره‌تلێكراودا له‌دایك بووین‌و ئه‌وان له‌كێڵگه‌یه‌كی پیرۆزدا ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ تۆڵه‌ی خۆمان له‌م دنیا لاسه‌نگه‌ بكه‌ینه‌وه‌ نیوه‌ی له‌سه‌ر خواردنی  گۆشتی دڵی ئه‌و نیوه‌كه‌ی تری ئه‌ژی .وه‌ك ئه‌وه‌ی بزانیت ئێمه‌ له‌چاره‌مان نوسراوه‌ له‌م لیتاوی خوێنه‌دا عاقیبه‌تمان سه‌رشۆڕكردنی تۆبێت ،به‌ڵام ئه‌بوو چیبكه‌م جگه‌له‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ بمكرۆژێ‌‌و وابیر بكه‌مه‌وه‌ دیاره‌ باوكی ئه‌زمووندیده‌م شتێك له‌مه‌ڕ ئاینده‌ی ئێمه‌ ئه‌زانێت .دواتریش له‌ژوره‌كه‌ی ئه‌و دیو خۆتت ئه‌خزانده‌ ئامێزی دایكم‌و ناڵه‌و ئاخ‌و ئۆفت وه‌ك پشیله‌یه‌كی هه‌وه‌سباز ئه‌گه‌یشته‌ ژوره‌كه‌ی ئێمه‌،له‌و ساته‌دا من پشتیه‌كه‌م له‌مه‌مكه‌ چكۆله‌كانم ئه‌خزاندو هه‌زاران خه‌وی ڕه‌نگاڵه‌ییم به‌سوارچاكی خه‌یاڵو خه‌ونه‌كانمه‌وه‌ ئه‌بینی ،چۆن به‌لێوی ستیانه‌كه‌م ئه‌كاته‌وه‌و ئاگر له‌مه‌مكه‌كانم به‌رئه‌دات و به‌زمان هه‌موو گیانم ئه‌كات به‌یه‌ك پارچه‌ له‌ززه‌ت،دواتر به‌شته‌كه‌ی تریشی ئه‌مباته‌ ئه‌و دنیاخه‌یاڵیه‌ی هه‌سته‌كانم ئاگری تێبه‌رئه‌ده‌ن و ئاگر ئه‌گرم.بیرم نایه‌ت تاقه‌ شه‌وێك له‌ماڵه‌وه‌ بووبیت و ژوره‌ خۆشه‌كه‌ی خۆتت جێهێڵابێ‌و ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ری نه‌كرۆشتبم ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره‌ ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ونه‌ بۆچی تۆ بۆ تاقه‌شه‌وێك فه‌رامۆشی ناكه‌یت ؟بیرم نایه‌ت بۆسه‌فه‌رێك چووبیت‌و دایكمت له‌گه‌ڵ خۆتا نه‌بردبێت .پیاوی هه‌وه‌سكوشته‌، سه‌رباری ئه‌مه‌ش تاخواحه‌زكات له‌مه‌ڕ چاره‌نوسی من دڵڕه‌ق بوویت و وه‌ك دیلی جه‌نگ سه‌یرت ئه‌كردم نه‌وه‌ك به‌شێك له‌جه‌رگی خۆت،ئاخر تۆش وات ئه‌زانی تێكه‌ڵاو بوون ته‌نیا خۆخاڵیكردنه‌وه‌یه‌و هیچی تر ،لات وابوو ئه‌وه‌ كارێكه‌ پێویستی به‌شته‌كه‌ی نێو ڕانی مرۆڤ هه‌یه‌ نه‌وه‌ك به‌ڕۆح‌و به‌موحیبه‌ت ،تۆش هیچ جیاوازیت نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ی بۆ پاره‌ ژن‌و كچه‌كانیان ئه‌نارده‌ سۆزانیخانه‌كان ،ئه‌وان بۆپاره‌ پاڵیان به‌كچه‌ كانیانه‌وه‌ ئه‌ناو تۆش به‌ئازار و دیقكردنو دیلكوژی ئه‌تنارد،من ئه‌زانم ئه‌گه‌ر ڕۆژێك ته‌نیایی یه‌خه‌ت بگرێ‌ هه‌رگیز ئه‌و ته‌نیاییه‌ وێرانكه‌ره‌ نیه‌له‌دڵه‌وه‌ بتكرۆژێ‌ كه‌سێكت هه‌بێت ئاگری ڕۆح بۆی هه‌ڵتگرێ‌‌و له‌دڵه‌وه‌ بۆی ببیت به‌قه‌ره‌بروت، بتوانیت بۆچه‌ند شه‌وێك به‌بێ ئه‌و له‌ڕۆحتا هه‌ڵیگریت‌و دوای له‌ززه‌تی كه‌سێكی تر نه‌كه‌ویت.به‌ڵام تۆ بیری لێبكه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ چه‌ند سه‌خت‌و غه‌مهێنه‌ره‌  بۆكچێكی بێپه‌نا هه‌موو دونیا به‌چاوی سۆزانیه‌ك لێی ئه‌ڕوانن ،چه‌ند سه‌خته‌ بۆكه‌سێك بسوتێت تاهه‌تایه‌ نایبینێته‌وه‌و هه‌تا زیندووش بووایه‌ بێگومان ئه‌ویش نه‌یئه‌ویست چاوی به‌ناوچاوت بكه‌وێته‌وه‌؟؟نه‌ئه‌بوو واتبكردایه‌ باوكه‌ گیان ،ئاخر خوداش ئه‌وه‌ی پێناخۆشبوو كچێك له‌سه‌ر گۆڕی كوڕێك بكوژیت تاهه‌تایه‌ له‌عیشقی ئه‌وت بێبه‌ری كردووه‌، له‌دیواره‌كانت هه‌ڵهاتووه‌ به‌ره‌و سه‌رشۆڕی .كه‌له‌نه‌خۆشخانه‌ هاتمه‌وه‌ هۆش و گوله‌كانیان له‌گیانما ده‌رهێنا هیچ كه‌سێك باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌ئه‌كرد جارێكی تر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ناو ئه‌م خه‌مخانه‌ی دونیا ،ته‌نانه‌ت پزیشكه‌ چاویلكه‌ له‌چاوه‌كه‌ وتبووی (ڕه‌نگه‌ به‌رد گیانی بچێته‌به‌ر به‌ڵام ئه‌مه‌ گیانی تێنا گه‌ڕێته‌وه‌ )بریا باوكه‌ هه‌رله‌وێدا مردبام و له‌ئێشی ئه‌و گولله‌ ڕزگارم بووایه‌ له‌ناو دڵابوو،سه‌یركه‌ دكتۆره‌كانیش توانییان هه‌مو گولله‌كان ده‌ربهێنن جگه‌ له‌وه‌ی ناودڵ!تۆش به‌خه‌یاڵێكی ئاسوده‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ت جێهێڵا بوو كاتێك دڵنیا بووی له‌وه‌ی مردووم،به‌ڵام من له‌و ڕۆژه‌دا مردم كوڕی ناو ئه‌وگۆڕه‌ به‌فیشه‌كێك كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێنا ،ئه‌گه‌ر دیسان به‌دوای منا ویڵی ئه‌وا پێت ئه‌ڵێم تۆو كۆمه‌ڵگاكه‌ت هه‌زارانجار منتان كوشت‌و ئیتر ئێخه‌ی خه‌یاڵم به‌رده‌ن بابه‌م خه‌یاڵی پیرێتیه‌دا پیاسه‌بكه‌م ،وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌نجیمتان خسته‌گۆڕ، تۆو كلتوره‌كه‌ت هه‌میشه‌ ئه‌تانخستینه‌ ناو قه‌ره‌وڵی تفه‌نگه‌كانتانه‌وه‌ ،جارێك تۆپه‌له‌پیتكه‌ت ئه‌گرت‌و جارێك ئه‌وان ،جارێك تۆته‌قه‌ت ئه‌كردو جارێك ئه‌و پیاوانه‌ی به‌پاره‌ سێكسیان له‌گه‌ڵا ئه‌كردم و جارێك ئه‌و یاسایه‌ی ڕۆژێك له‌ڕۆژان قسه‌یه‌كی خێری بۆ من نه‌كرد‌و، وه‌ك ئه‌و شه‌ره‌فه‌ له‌خورافه‌ دروستكراوه‌ی ئێوه‌ لێوان لێو بوو له‌بێشه‌ره‌فی‌و، وه‌ك ویژدانه‌خوابڕیوه‌كه‌ی ئێوه‌ لێوان لێو بوو له‌بێخودایی‌و له‌بێویژدانی .ئاخر له‌كوێی دونیادا كه‌سێك نیه‌ گوێ‌ له‌ئازاری مه‌ینه‌تیه‌كان بگرێت‌و به‌ویژدانه‌وه‌ گوناهو سزا دیاری بكات؟!
ئه‌زانم خۆشت ئه‌وێم بۆیه‌ ئه‌ته‌وێ‌ بمكوژی.ئه‌مه‌ ڕاستیه‌كه‌یه‌ مرۆ هه‌رگیز ناتوانێت چاوێكی ده‌رنه‌هێنێت سه‌ره‌تانی گرتووه‌و هه‌موو گیانی ئه‌گرێته‌وه‌ ،ئێستاش باوه‌ڕناكه‌م وێڕای ئه‌و هه‌موو ڕقه‌ت سه‌راپای ژیانمی وێرانكرد له‌دڵه‌وه‌ جه‌رگت بۆم نه‌سوتێت ،ئاخر مه‌گه‌ر ده‌كرێت پارچه‌یه‌ك له‌جگه‌رت فڕێ‌ بده‌یت و ئازار نه‌چێژیت؟به‌شێك له‌دڵت ببڕیت‌و خوێنی لێنه‌یه‌ت ،به‌شێك له‌ڕۆحت بكوژیت‌و ئاگری دڵ هه‌ڵت نه‌گرێ‌؟هاوڕێكانم ئه‌م بۆچوونه‌ی منیان پێ سه‌یره‌!من ئه‌زانم منیش هه‌ر ئه‌و چاوه‌تم سه‌ره‌تانی گرتووه‌و تۆش ئه‌ته‌وێت من له‌م ڕه‌زاله‌تخانه‌یه‌دا له‌ده‌ست ئازار ڕزگاربكه‌یت‌و خۆشت نه‌مریت ،كه‌چی مندڵنیام تۆش تاهه‌تایه‌ له‌ئازارا ئه‌سوتێت ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش له‌مردن سه‌ختتر بێت .باوكی جه‌فادیده‌م وه‌ره‌ منو تۆ سه‌ره‌تایه‌كی تر ده‌ست پێبكه‌ین كه‌سمانی تیادا نه‌كوژرێین،(ئاخرمن‌و تۆ فێری یاریه‌ك نه‌كراوین هه‌موومانی تێدا براوه‌بین)،هه‌ردووكمان قسه‌ی ئه‌و بێوژدانیه‌ بخه‌ینه‌ ژێرپێ سه‌ری كچێك به‌بلۆك پان ئه‌كاته‌وه‌و لای وایه‌ دڵی خوای ڕازیكردووه‌ !وه‌ره‌ پشت له‌م زه‌لكاوه‌بكه‌ین، من دڵنیات ئه‌كه‌م هه‌رئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ئازارو میحنه‌ته‌ سزا ئه‌كێشیت بۆ چه‌ندساڵێك ، من ئه‌زانم كاتێك گولله‌كان به‌رجه‌سته‌ی من ئه‌كه‌ون ئازاریان ئه‌گاته‌ ڕۆحی تۆش،به‌ڵام ئایا ئه‌وانه‌ی تفه‌نگه‌كه‌ت ئه‌ده‌نه‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ نه‌بوون هه‌موو ده‌رویه‌كیان به‌ڕومدا داخست و پاڵیان پێوه‌ نام له‌ئامێزی ئه‌و ڕۆحه‌ ساردو سڕانه‌دا شه‌وم بكه‌م به‌ڕۆژ خاڵی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ویژدان ،له‌به‌رامبه‌ر جێكردنه‌وه‌ی شه‌وێكدا به‌چه‌ند كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رماو ترسو تاریكی شه‌قامه‌كه‌ تابه‌یانی ئه‌تكت ئه‌كه‌ن‌و دوایی تفت لێئه‌كه‌ن.باوكی من تۆ ئه‌بوو بیری كوشتن و لێدان‌و ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌ كردنه‌ له‌خۆت‌و ئه‌وانیتردا بكوژی نه‌وه‌ك من .
باوكی ئازیزم، تۆ ناتوانیت له‌حه‌قیقه‌تێك خۆت بشاریته‌وه‌ ناچاریت بگه‌ڕێیته‌وه‌ ناوی،تۆناتوانیت گوێ‌ له‌ویژدانی خۆت نه‌گریت ،ده‌نگێك هه‌رگیز بێده‌نگ ناكرێت ،له‌كاتی گوناهیشدا فه‌رامۆشی بكه‌یت ئه‌وا له‌زه‌مه‌نێكی دیدا به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر له‌ناخه‌وه‌ ئێخه‌ت ئه‌گرێت ،به‌ڵام تۆ عه‌یبه‌ ویژدانی كوشتووی.تۆ ناتوانیت ڕوبارێك خوێن به‌دوای خۆتا به‌جێبێڵی و خۆتی تیا نه‌خنكێیت.من پێموتیت تۆ له‌حه‌قیقه‌تێك هه‌ڵدێیت ئه‌بێت ڕوبه‌ڕوی بیته‌وه‌ نه‌وه‌ك دایپۆشیت،ئاخر حه‌قیقه‌ت به‌سه‌ریدا سه‌رنه‌كه‌ویت ئه‌تخاته‌ ژێر پێ .تۆ له‌ئاریشه‌یه‌ك هه‌ڵدێیت پێویسته‌ ڕووبه‌ڕوی بیته‌وه‌ ،به‌ڵام ده‌كرێت تاهه‌تایه‌ ویژدانت سه‌رخۆشبكه‌یت‌و له‌مه‌ستیا بژیت‌و به‌و بێباكیه‌وه‌ ئاگر له‌جه‌رگی خۆت به‌ربده‌یت ؟!به‌دیار خۆڵه‌مێشی خۆته‌وه‌ ته‌ماشا بكه‌یت و هه‌لهه‌له‌ لێبده‌یت ؟؟نا باوكی ئازیزم ،نیوه‌ عومرێك دامركانه‌وه‌ی ئاڵۆشی پیاوه‌ ئاره‌زوو په‌رست‌و داوێنپیسه‌كانی شار هیچیان به‌خواستی من نه‌بوون ،خه‌تای من نه‌بوو كاتژمێره‌كانی ته‌مه‌نم له‌ناو ئه‌و خه‌مخانه‌دا به‌وشێوه‌ تێپه‌ڕی.هه‌موو ئه‌وانه‌ش وه‌ك تۆ له‌و حه‌قیقه‌ته‌ هه‌ڵدێن له‌ڕۆژێكدا به‌خۆیان ئه‌زانن خه‌ریكه‌ له‌ناو لیتاوه‌كه‌دا ئه‌خنكێن .من ئه‌مویست شه‌وه‌كانم له‌ناو دڵی یه‌ك پیاودا ڕۆژبكه‌مه‌وه‌ ئه‌ویش به‌دڵی من بێت نه‌وه‌ك تۆ ،،ئاخر دڵی من‌و تۆ دووشتی لێكتری جیان ،دوو خواست‌و دووئاره‌زوی جیایان هه‌یه‌ ،به‌ڵام تۆ وات نه‌ئه‌ویست. بۆیه‌ ئه‌بوو بیرێكی ئاقڵانه‌ له‌ئاكامه‌كه‌یشی بكه‌یته‌وه‌ .تۆ تاكه‌ ئومێدو ‌واواتی منت له‌گۆڕنا ،كۆمه‌ڵگاكه‌یشت كه‌رامه‌تم ،تۆ به‌كوشتنی خه‌ونه‌كانم منت كوشت ،ئه‌وانیش به‌كوشتنی كه‌سایه‌تیم ،ئاخر كۆمه‌ڵگاكه‌ی ئێمه‌ بیه‌وێت كه‌سێك نابووت بكات به‌سێكسكردن ئه‌یكوژێ‌،تۆ ئه‌زانیت ئه‌وه‌ چه‌ند ناشیرینه‌ به‌و شێوه‌ تۆڵه‌ له‌كه‌سێك بكه‌یته‌وه‌ ؟!ئاخر سێكس به‌شێكی ئه‌و خۆشبه‌ختیه‌یه‌ خودا به‌مرۆڤی به‌خشیوه‌ ،نا.. باوكی خۆشه‌ویستم، هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی ئه‌هاتنه‌ سه‌رجێگاكه‌م ،له‌وپیاوه‌ بێدڵ‌و ڕۆحمردووانه‌ بوون تۆڵه‌ی ژنه‌ ساردو سڕه‌كانیان ،تۆڵه‌ی شه‌ڕو شۆڕ و خیانه‌ته‌كانیان له‌ئێمه‌ ئه‌كرده‌وه‌ ،وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هۆكاری چاره‌ ڕه‌شی ژیانی ئه‌وان بین !وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ دروستكاری جه‌نگ و ڕۆژه‌ ڕه‌شی‌و كوشتار‌و كێشه‌كانی ژیانی ئه‌وان بین!
ڕۆژێك كچه‌ هاوڕێكه‌م پێی وتم: (تۆبه‌خه‌یاڵی كێوه‌ له‌گه‌ڵ له‌شكڕه‌كانا جوت ئه‌بیت ؟)ئه‌مه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ بوو كه‌ئه‌و له‌دڵی منا جێی هێشت ،وایلێكردم بیر بكه‌مه‌وه‌و ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنوسم و پێت بڵێم جیاوازی من وتۆ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك تۆ ئه‌گه‌یته‌ لێواری مردن هه‌ناسه‌ بۆ ئه‌و ساته‌ جوان و له‌دڵا شیرینانه‌ هه‌ڵئه‌كێشیت فانیانه‌ تێپه‌ڕی،هه‌ركات بته‌وێت به‌خه‌یاڵ ئه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ڕۆژانی گه‌نجی‌و شه‌یدایی عه‌شقێك هه‌رگیز تۆی خۆش نه‌ویست‌و تۆ به‌ئاواتی خۆت گه‌یشتی‌و ئه‌ویش به‌دۆزه‌خی خۆی،به‌ڵام من ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌شم نیه‌ به‌و خه‌یاڵه‌ دڵخۆشكه‌رو ماته‌مهێنه‌رانه‌ ترسی مردن له‌بیری پیری به‌رمه‌وه‌ .تۆ ئێستا سه‌فه‌ر به‌ناو خه‌یاڵی ڕابردوویه‌كدا ئه‌كه‌یت ،لێ‌ من به‌خه‌یاڵ ڕابردوویه‌ك بۆخۆم دروست ئه‌كه‌م بوونی نه‌بوو.ئاخر مرۆ كه‌ڕۆژێكی نه‌بوو خۆزگه‌ی پێبخوازێ‌، ناچاره‌ هه‌رئه‌مه‌ بكات .ئێستا تۆشه‌وه‌ جوانه‌كانت له‌ئامێزی دایكمدا به‌تێكه‌ڵ بوون ئه‌ڕازێنیته‌وه‌و منیش ئه‌بێت جارجاره‌ له‌باوه‌شی كه‌سێكدا ،یه‌كێك له‌وانه‌ی خاوێن و دڵبه‌رن و ناچاریان ئه‌كه‌م وه‌ك مرۆڤ به‌رخوردم له‌گه‌ڵابكه‌ن‌و به‌خه‌یاڵ ئه‌چمه‌ ئامێزی ئه‌و كوڕه‌ی له‌ناچاریا مردنی هه‌ڵبژارد ،به‌ڵام بڕوابكه‌ نه‌مرۆڤی برسی به‌خه‌یاڵ تێر ئه‌كرێ‌ نه‌مه‌مكی فریشته‌كانی خه‌یاڵیش به‌ده‌ست‌و په‌نجه‌ی ئاسایی.مرۆ له‌سه‌ر ڕابردوو قسه‌بكات ئاسنی سارد ئه‌كوتێ‌، به‌ڵام ئاسنی سارد كوتانیش خراپ نیه‌ ،ئایا ژیان شیرین نه‌ئه‌بوو ئه‌گه‌ر منیش له‌م زه‌لكاوه‌دا مه‌له‌م نه‌كردایه‌و عیشقی ڕۆحی ئه‌و كوڕه‌شم هه‌ڵنه‌كێشایه‌ له‌ هێڵنج؟باوكه‌ ئه‌شێت ژیان غه‌در له‌و ده‌رده‌دارانه‌ بكات ڕۆژه‌ تاڵ‌و ده‌ردناكه‌كانیان به‌ژیان بۆ ئه‌ژمێرێت ،من ئه‌زانم تۆیش وه‌هایت ،قوربانی بیركردنه‌وه‌یه‌كیت ئه‌بێت به‌كه‌ڵكی دونیاكه‌ی ترت بێت ،ته‌نیا شتێكیش من و تۆ تیایدا له‌یه‌كتری ئه‌چین ئه‌وه‌یه‌ له‌م دونیایه‌دا كه‌سێكمان نیه‌ به‌دڵ خۆشی بووێین  ،تۆ بڵێی خودا كه‌سێك ببه‌خشێت كه‌سێكی نیه‌ خۆشی بووێت؟
من له‌گه‌ڵ خه‌مو ئازار ڕاهاتووم ،مرۆڤ كه‌له‌گه‌ڵ خه‌مو ئازار ڕادێت ئیتر شتێكی ترنیه‌ ئازاری بدات ته‌نانه‌ت مردنیش ،تۆ ئه‌زانیت ئه‌وه‌ یانی چی له‌چله‌كانی ته‌مه‌ن تێپه‌ڕیبیت و ڕۆژێكت نه‌بێت به‌كامی دڵ تیایدا پێبكه‌نیت ،یادگاریه‌كت نه‌بێت بۆی بگریت ؟هه‌موو ئه‌و ناسكی‌و جوانیانه‌ش له‌له‌شتابوون له‌برئه‌وه‌ی ئه‌وین‌و دڵخۆشیت بۆ بهێنن كڵۆڵی‌و چه‌رمه‌سه‌ریان لێبار كردبیت؟له‌سه‌ر سیسته‌مه‌ ڕه‌قو ته‌قه‌كه‌ی ژیان له‌ژوری ڕوتبوونه‌وه‌دا بنی پێت بلێسنه‌وه‌و له‌شه‌قامه‌كانی شارا به‌تفی نه‌فره‌ت بتشۆن؟!من ئه‌زانم تۆش حه‌زناكه‌یت له‌م زبڵخانه‌دا كچه‌كه‌ت له‌ئاوی بۆ گه‌نی ئه‌و پیاوه‌ ده‌رون نه‌خۆشانه‌دا بخنكێت له‌سه‌ر دزه‌نیگایه‌ك سه‌ری كچه‌كانی خۆیان ئه‌بڕن ،هه‌ندێكیان له‌هه‌ژاری‌و له‌ناچاریا دێن‌و هه‌ندێكی تریشیان له‌و په‌ڕی تێریا گو به‌ئیحساستا ئه‌كه‌ن ،تۆش حه‌زناكه‌یت كچه‌كه‌ت له‌به‌رده‌می ئه‌و دزو قوماربازو سیاسی و پیاو كوژانه‌دا ڕوتبێته‌وه‌ ،ئه‌شێت هه‌ریه‌كێكیان قوربانی دنیایه‌كی ناته‌واو بن‌و جه‌للادیش بن،دوای ئه‌وه‌ی له‌بۆ گه‌ناوی له‌شیانت هه‌ڵئه‌كێشن هه‌ندێكیان پاره‌كه‌شت ناده‌نێ‌ و جگه‌ره‌ له‌سه‌ر مه‌مكه‌ كانیشت ئه‌كوژێننه‌وه‌.
لێگه‌ڕێ‌  سێ یادگاریت  بۆ بگێڕمه‌وه‌ ،پایزێكیان پیره‌ پیاوێك هاتبوو بۆ سۆزانیخانه‌كه‌،له‌وكاته‌دا من سه‌یری وێنه‌ی ناو تابلۆكه‌م ئه‌كردو له‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا بووم كه‌ سێك بمباته‌ ناوی‌و هه‌رگیز نه‌یه‌مه‌ ده‌ره‌وه‌ ،چه‌ند خۆش ئه‌بوو مرۆ بیتوانیبا له‌ناو تابلۆی خه‌یاڵه‌كانی خۆیدا بژی!له‌ناكاو ڕایان چڵه‌كاندم به‌لاقرتیه‌كه‌وه‌ وتیان پیره‌پیاوه‌كه‌ وێنه‌كه‌ی تۆی به‌دڵه‌،به‌ڵام من له‌ژوره‌كه‌ی ئه‌و دیو له‌سه‌ر سیسته‌می تێكه‌ڵاو بوونه‌كه‌ ڕیش سپیه‌كی ئاخرشه‌ڕم بینی  بۆ چێژكڕین نه‌هاتبوو،به‌ڵكو به‌سه‌ر بێچاره‌یی كچۆڵه‌ له‌شفرۆشه‌كه‌یدا ئه‌گریا،ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و كچه‌ بوو هه‌ژاری وایلێكردبوو باوكی به‌باندێكی له‌شفرش به‌كرێی  بدات ، له‌پێناوی پاره‌ی داوو ده‌رمانی دوومناڵه‌ نه‌خۆشه‌ كه‌ی تریدا كه‌سه‌ره‌تانی خوێنیان بوو ،بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌ی تریان كه‌مێك زیاتر بژین، دانه‌ ساغه‌كه‌یانی فرۆشتبوو و خۆشی پاره‌بدات بۆ بینین!ی.تۆ پێم بڵێ‌ كاتێك ئه‌م پیاوه‌ بێپاره‌ ئازاری جه‌رگ ئه‌یكرۆژێ‌ بۆ كڕینی بتڵێك خوێن‌و گیرفانی به‌پاره‌ی ده‌رمانی جگه‌رگۆشه‌كانی ناوێرێ‌ ،هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌كوێن هه‌ریه‌كه‌یان به‌ناوی شه‌ره‌ف‌و دین و ئینسانیه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌و ……هیتره‌وه‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ئه‌تكوژن؟؟
كچێكی ترمان له‌گه‌ڵا بوو براكه‌ی هه‌مووڕۆژێك لێیدابوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌بێت ئه‌ویش كارێك بكات و خوشك و برا هه‌تیوه‌كانی له‌گه‌ڵدا به‌خێو بكات ،كچه‌ی به‌سته‌ زمان هه‌ركارێكی كردبوو داوای شتێكیان لێكردبوو كه‌ئه‌و پێی ناڕازی بوو ،بۆیه‌ وازی له‌كاره‌كه‌ی ئه‌هێنا،چه‌ند جار ئه‌مه‌ دووباره‌ بووایه‌ براكه‌ی لێدانه‌كه‌ی بۆ دووباره‌ ئه‌كرده‌وه‌ ،ئاخر نه‌یئه‌توانی به‌براكه‌ی بڵێت ئه‌وان داوای جۆرێكی تری كاركردنی لێئه‌كه‌ن.تا ناچار بوو بوو ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی خاوه‌نكاره‌كانی  جێبه‌جێبكات‌و برا كه‌شی به‌مه‌ی زانیبوو ،ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌هه‌ڵات‌و ڕێی كه‌وته‌ سۆزانیخانه‌كه‌ بیگوناهی لێئه‌باری ،به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك براكه‌ی دۆزیه‌وه‌و بردی كوشتی !پێم بڵێ‌ باوكه‌ بۆچی كۆمه‌ڵگاكه‌ی كارێكی شه‌ریفانه‌یان نه‌دایه‌ تاكو له‌به‌رامبه‌ردا داوای شتی تری لێنه‌كه‌ن،تاكو له‌به‌رامبه‌ردا كارێكیان له‌گه‌ڵا بكات له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ ئه‌یكوژن!!
كچێكی ترم ناسی كاره‌كه‌ری ماڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێك بووه‌و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌رو باوكی هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكردووه‌، هه‌رخۆشی له‌وێ دایمه‌زراندووه‌ .باوكه‌ تۆوه‌كو ئه‌وانیتر مه‌كه‌ ،لێگه‌ڕێ‌ هه‌ركه‌س دیوی ئازاره‌كانی خۆیت نیشانبدات پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌كوشتنی بكه‌یته‌وه‌ ،تۆ ویژدانت له‌شه‌ره‌فت به‌لاوه‌ گرنگتر بێت ،ئاخر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌ناتوانێت نانی ئه‌و بێوه‌ژنه‌ بدات مناڵه‌كه‌ی له‌برسا ئه‌مرێ‌و كارێكی شه‌ریفانه‌ی ناداتێ‌،بۆچی له‌سه‌ر بێشه‌ره‌فی ئه‌یكوژێ‌،مه‌گه‌ر له‌برسا مردنی مناڵه‌كانی بێشه‌ره‌فی نیه‌؟؟!یا نایه‌وێت پاره‌ی خوێنی مناڵی پیاوه‌ پیره‌كه‌ بدات‌و ده‌ست درێژی ئه‌كاته‌ سه‌ر ئه‌و كچه‌ی باوكی ناردوویه‌تی بۆكار ،ئاخر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌لێناگه‌ڕێت ژیانێكی شه‌ریفانه‌ بژیت مافی ئه‌وه‌شی نیه‌ له‌سه‌ر بێشه‌ره‌فی بتكوژێت.
بیرمه‌ یه‌كه‌مین شه‌و ڕێم كه‌وته‌ خانه‌كانی له‌شفرۆشتن ،پێیان ئه‌وتم ستیانی سوربكڕه‌ ،شۆرتی گوڵ گوڵی له‌به‌ر بكه‌ ،جلی وروژێنه‌رو جوان بپۆشه‌،به‌ڵام من پاره‌ی شۆرت‌و ستیانێكی گرانبایم وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان داوایان ئه‌كرد پێ بووایه‌ ،ئه‌مدا به‌نان‌و له‌چۆڵه‌وانیه‌كدا وه‌ك سه‌گ هه‌ڵئه‌تروشكام و به‌عیشقی ئه‌و كوڕه‌هه‌ژاره‌وه‌ ده‌ره‌تانم ئه‌كرد ،به‌ڵام باوكه‌ تۆش باوكیت ته‌نیا خراپیت ئه‌وه‌یه‌ ناتوانیت گوێ‌ له‌ویژدانی خۆت بگریت ،ویژدانی خۆت‌و كه‌سی ترنا ،من ئه‌زانم ئه‌وه‌ی گوێ‌ له‌ویژدانی خۆی نه‌بێت خوداش گوێ‌ لێناگرێت ،تۆ ترسی برسێتی‌و تاریكی ناو گۆڕ وێرانی كردویت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  خراپی تۆ له‌وێدایه‌ گوێت لێنیه‌ ئه‌و كوڕه‌ چۆن له‌گۆڕه‌كه‌یدا ئه‌گری.
ئێستاش هه‌ر به‌خه‌یاڵ له‌ماڵه‌كه‌ی تۆدا ئه‌ژیم ،ڕۆژێك له‌م ڕۆژانه‌ش ملوانكه‌ی كچه‌بچوكه‌كه‌ت له‌گیرفانما بوو ،ده‌ستم كرد به‌گریان بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی پێكه‌وه‌ یاریمان ئه‌كرد و به‌دزی تۆوه‌ ئه‌چوینه‌ كۆڵان‌و پێكه‌وه‌ میزه‌ڵانمان ئه‌كڕی‌و ئه‌مان ته‌قاند ،به‌ڵام تۆ زۆر زوو ئه‌مه‌ت لێتێكدام،نه‌ئه‌بوایه‌ ئه‌و ژیانه‌ تێك بده‌یت باوكه‌ ،ئاخر هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌ره‌فی من ئێخه‌ی كراسه‌كه‌ی تۆیان ئه‌گرت‌و ئه‌یانكرده‌ هه‌ڵا بۆ له‌برسا مردنی من له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆچی بێده‌نگ بوون ؟هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ كوشتنی من ئامۆژگاری تۆیان ئه‌كرد بۆچی  ده‌رویه‌كیان به‌ڕوی منا نه‌كرده‌وه‌و دووقسه‌ی خێریان له‌سه‌ر چاره‌نوسی من پێنه‌بوو ،تاتۆ كه‌سایه‌یه‌تیت ورد نه‌بێت و من ژیانم ؟به‌ڵام ئه‌وان هیچیان به‌ته‌نگ ژیانی تۆ وه‌نه‌بوون تا ئه‌وه‌ بپارێزم له‌ده‌ستمدا ،ئایا ئه‌وان هه‌رئه‌و پیاوانه‌ نه‌بوون زنجیری پانتۆڵه‌كانیان بۆ ده‌می سۆزانیه‌كان ئه‌كرده‌وه‌ ؟كه‌میان له‌و كچانه‌ به‌دناوكردووه‌و ناردوویانه‌ته‌ سۆزانیخانه‌كان خۆشیان ویستون ؟ئایا ناكرێ به‌خه‌یاڵ جارێك خۆت له‌شوێنه‌كه‌ی منا دابنێی‌و بیر له‌وه‌ بكه‌یته‌وه‌ ئایا خه‌ڵكی ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای به‌دیه‌كانی ئه‌وانی دیدا ئه‌گه‌ڕێن،بۆچی ئه‌وه‌نده‌ عه‌وداڵی ئازاره‌ په‌نهان و ئاگره‌ سوتێنه‌ره‌كه‌ی ناخی ئه‌وانی ترنین؟باوكی ئازیزم ،ئه‌گه‌رتۆ هه‌موو دنیام له‌سه‌ر تاپۆ بكه‌یت هێشتا ناتوانیت قه‌ره‌بووی ڕۆژێكم بكه‌یته‌وه‌ له‌ ڕیسواییدا تێپه‌ڕی ،ناتوانیت ئه‌و خه‌مانه‌ له‌ده‌رونمدا بخه‌یته‌ گۆڕ،خه‌می بیست ساڵ مه‌ینه‌تی‌و سوكایه‌تی قبوڵكردن‌و ڕوتبوونه‌وه‌ی نابه‌دڵ له‌ده‌رونمدا بسڕیته‌وه‌ .ئاخر ئه‌وه‌ شێتیه‌وه‌ك شاعیره‌ خه‌یاڵ پڵاوه‌كان بڵێت مادام هیچم نیه‌ له‌دونیادا ئه‌م شه‌قامانه‌ ماڵی منن،مادام ژورێكم نیه‌ گۆرانی بۆ ئه‌و ئاسمانه‌ ساماڵه‌ ئه‌ڵێم ،مادام هیچم نیه‌ تریفه‌ی مانگ هی منه‌ ،ناباوكه‌ ئه‌مانه‌ درۆی ڕوتن بۆ ئه‌و سۆزانیه‌ برسیه‌ی شوێنی شه‌وی نیه‌و نانو شوێنی شه‌ویش ته‌نیا به‌بازرگانیكردن به‌ڕیسوایی خۆته‌وه‌ بده‌ست دێت.ئه‌مانه‌ ته‌نیا قسه‌ی قۆڕن بۆ ئه‌و ژنه‌ ئاقیبه‌ت شه‌ڕه‌ی ڕابردوویه‌كی نیه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌یی بۆ هه‌ڵكێشێت و ئاینده‌یه‌كی نیه‌ تۆزێك له‌مردن شكۆدارتر بێت .سه‌یركه‌ باوكه‌ من درۆی ئه‌وه‌ت بۆ ناكه‌م بڵێم سێكس به‌شێك نیه‌ له‌ له‌ززه‌ت، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا تێكه‌ڵاوی ئازارێكی قورسه‌ ،من ئه‌زانم تۆ ئێستا ئه‌و له‌ززه‌ته‌ت هه‌یه‌و له‌وه‌ تێده‌گه‌یت من مودمینی بووم ،تۆ بۆ چێژ به‌دوایدا وێڵی و من بۆ پاره‌ به‌دوایدا وێڵبووم تا ئولفه‌تم پێوه‌گرت ،به‌ڵام ئه‌و كاره‌ش ڕاهاتن له‌گه‌ڵی‌و مودمین بوون پێی شتێكه‌ گاڵته‌ی له‌گه‌ڵ ناكرێ‌‌و ده‌ست به‌رداربوونیشی هه‌روا سانا نیه‌ ،منیش حه‌زم ئه‌كرد له‌باوه‌شی یه‌كێك له‌و پیاوه‌ ئاڵۆشاویانه‌دا شه‌وانه‌ بتوێمه‌وه‌ ،به‌ڵام ده‌ردی برسێتی شتێكی تره‌و ده‌ردی له‌ززه‌ت شتێكی تر ،ده‌ردی بێكه‌سی شتێكه‌و ده‌ردی هاوسه‌ر گیری شتێكی تر ،ده‌ردی ڕیسوایی‌و كۆمه‌ڵگا شتێكه‌و هاوسه‌ر گیری شتێكی تر،ده‌ردی عیشق شتێكه‌و له‌ناچاریا ڕوتبوونه‌وه‌ شتێكی تر،ده‌ردی له‌ش له‌گه‌ڵ چێژ شتێكه‌و ده‌ست به‌رداربوونی شتێكی قورستر.

باوكی خۆشه‌ویستم ….تۆ پێت وایه‌ من له‌ناو چێژ په‌رستیا خنكاوم‌و نازانیت زیندوو بوون چه‌ند ئازارم ئه‌دات،نازانیت ئه‌م ژیانه‌ بێزاركه‌ره‌ چۆنچۆنی له‌ناخه‌وه‌ ئه‌تڕوخێنێ‌.ئاخر كێ‌ گوێ‌ هه‌ڵئه‌خا بۆ حیكایه‌تی سۆزانیه‌كی پیر عیشق به‌و ده‌رده‌ی بردووه‌ خوداش خۆشی نه‌وێ‌؟؟!من ئه‌ترسم له‌دوای مردنیشم كه‌سێك نه‌بێت ئه‌م ژیانی من وه‌ك خۆی تێبگات‌و له‌گۆڕه‌كه‌شدا دیسان تفم لێبكه‌ن ،به‌ڵام تۆ نازانیت له‌ناخه‌وه‌ چه‌نێك وردت ئه‌كات هه‌موویان له‌ناخی خۆیاندا تفت لێبكه‌ن ،ئه‌ترسم له‌گۆڕه‌كه‌شدا دیسان تفم لێبكه‌یت ،ئه‌ترسم تۆش له‌وێدا به‌نه‌فره‌تم بكه‌یت ،یا له‌و دنیاشدا نه‌ته‌وێت گوێم لێبگری و لێم تێبگه‌یت .ئه‌ترسم مۆمه‌كانی ناوسه‌رت هه‌رگیز نه‌سوتێن و له‌تاریكی‌و ته‌ریقبوونه‌وه‌ی ئه‌وكچه‌ تێنه‌گه‌یت ڕۆژگارێك وه‌ك ماسیه‌ك كه‌وتبێته‌ ناوبتڵێك شه‌رابه‌وه‌ ،خه‌یاڵی عه‌شقێك به‌ره‌و ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌برد كه‌تۆ نه‌ته‌ویست ،بۆ ناو دڵی ئه‌و كوڕه‌ی ئه‌برد ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ لای تۆ چاره‌ گران بوو نوێژی بۆ عیشقی كچه‌كه‌ت ئه‌كرد ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بنه‌ ماڵه‌یه‌كی نه‌دارو سیابه‌خت بوون ،خه‌ڵك ئێستاش ئه‌ڵێن خوای ئه‌و كوڕه‌ی ئه‌م دنیا پوچو بۆگه‌نه‌ی جێهێڵا تۆی به‌م ڕۆژگاره‌ گه‌یاند خه‌ڵكی له‌قه‌ره‌ باڵغیه‌كانا بڵێن ئه‌وه‌ باوكی كچه‌ (…….)یه‌،به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خه‌ڵكانه‌نه‌بوون وه‌كو كۆمه‌ڵێك كرمی برسی دڵت بخۆن؟ئایا ئه‌وان نه‌بوون چاره‌نوسی من‌و تۆیان به‌م ڕۆژه‌گه‌یاند ؟من له‌تۆ ئه‌پرسم به‌ر له‌خۆ كوشتنی عاشقه‌ سه‌ره‌ ڕۆكه‌ی من‌و،به‌رله‌وه‌ی كچه‌كه‌ت له‌ماڵه‌وه‌ هه‌ڵبێ‌ و شه‌رمه‌زاری ده‌نگۆی خراپی كچه‌كه‌ت توشی ئه‌و ده‌ردی سه‌ریانه‌ت بكه‌ن سه‌رت بكێشی به‌دیواری مه‌راقا،ڕێگاچاره‌یه‌كی باشتر بوونی نه‌بوو؟
باوكی خۆشه‌ویستم ….وه‌ك لاشه‌یه‌كی بۆگه‌نكردو كرم سێبه‌شیان خواردبێت ،ئه‌م خاكه‌ساریانه‌ منیان خوارد،تكایه‌ تۆش له‌و كه‌مه‌ ته‌مه‌نه‌ی تری بگه‌ڕێ بابه‌ئاسوده‌یی بیر بكاته‌وه‌و به‌ئاسوده‌ییش له‌گۆڕه‌كه‌یدا بخه‌وێ‌ ،ئه‌گه‌ر شه‌وێكیش به‌دزیه‌وه‌ هاتیته‌سه‌ردانم، یا له‌ناو داڵغه‌یه‌كا ڕێت كه‌وته‌ سه‌ر گۆڕی من ،یا ویژدانت توانی له‌ئازارا به‌سه‌ر ئابڕوتدا سه‌ركه‌وێ‌ بۆمن مه‌گری ،ته‌نیا بیر له‌ئازارو نه‌هامه‌تی ئه‌و مناڵانه‌ بكه‌ره‌وه‌ كۆمه‌ڵگا و كلتورو فتواو یاساو سیاسه‌ت فڕێیان ئه‌داته‌ زه‌لكاوی نه‌هامه‌تی و به‌هه‌مان جێپێی منا ئه‌ڕۆن و كه‌سیش له‌خه‌میاندانیه‌.


     Jgarsoz8181@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.