Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
ئه‌نفال.. ئه‌و برینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌

ئه‌نفال.. ئه‌و برینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌

Closed
by April 18, 2011 جینۆساید

عیراق به‌گشتی‌و ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌ت، خاوه‌ن یاده‌وه‌رییه‌كی كورتین، یاده‌وه‌رییه‌ك كه‌ ناتوانین مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست‌و واقیعیانه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا بكه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ به‌دوێنێ گرێبده‌ین‌و پرۆگراممان بۆ سبه‌ی هه‌بێت. له‌وه‌شدا رووداوه‌كانمان له‌یاد ده‌چێت و كاره‌ساتێكی وه‌ك ئه‌نفال مافی خۆی وه‌رناگرێت، له‌یاده‌وه‌ری تاكی كورددا.
كه‌نعان مه‌كییه‌، نووسه‌رو گه‌وره‌ بیرمه‌ندی عیراقی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: “ناسنامه‌ی عیراقی، كورد بێت یان عه‌ره‌ب، نابێت له‌سه‌ر بنه‌مای له‌بیرچوونه‌وه‌ بنیادبنرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ڕوویداوه‌ بنیادبنرێت، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر هه‌موو عیراقییه‌كدا جێبه‌جێده‌بێت، چونكه‌ ئه‌نفال تاوانێكه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌موو عیراقییه‌كانه‌، ته‌نانه‌ت نه‌وه‌كانی داهاتووش.”
كه‌واته‌ ئێمه‌ی كورد نابێت له‌ ئه‌نفال بڕوانین وه‌ك ڕووداوێكی ڕاگوزه‌ری، كه‌وا دیكتاتۆرێك ده‌رهه‌ق به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی كردووه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌وشێوه‌یه‌ لێی بڕوانین، ڕووداوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیی، ئابورییه‌، هه‌روه‌ك چۆن كاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر مێژووی چه‌ند ساڵه‌ی نزیكی كورد، ئاواش كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووه‌كه‌ی.
ته‌وزیفكردنی ئه‌م ڕووداوه‌ش ئه‌ركێكی ده‌سته‌جه‌معییه‌ له‌سه‌ر ئه‌ستۆی تاك به‌تاكی ئێمه‌، به‌وپێیه‌ی ببێته‌ سیمبولێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و تێیدا وه‌ك مه‌زڵومییه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی كۆی میلله‌تی كورد كۆبكاته‌وه‌و مرۆڤی كورد یه‌كگرتووانه‌ یادی ئه‌و كاره‌ساته‌ بكاته‌وه‌.
به‌عس به‌ناونانی پرۆسه‌ی كۆمه‌ڵكوژیی‌و له‌ناوبردنی دێهاتییه‌ كورده‌كان به‌ ئه‌نفال، گه‌مه‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن ده‌كات‌و لێكترازان له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا دێنێته‌كایه‌وه‌، به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئاین‌و زاراوه‌ ئاینییه‌كان، وه‌ك چۆن له‌ شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌یدا له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌نجامیدا.
به‌عس هات‌و قورئان كه‌ ئاشۆترین په‌ڕاوه‌ له‌لای جیهانی ئیسلامی‌و وڵاتانی دراوسێ‌‌و ته‌نانه‌ت چینی ئه‌نفالكراویش، ده‌كاته‌ ئامرازو ناونان بۆ پرۆسه‌كه‌ی، ئه‌نفالچی هانا بۆ قورئان ده‌بات‌و لێكیده‌داته‌وه‌، بۆ قڕكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌كی چوون نه‌ته‌وه‌ی كورد.
كه‌واته‌ چه‌كی به‌عس له‌ناوبردنی به‌شێك بوو له‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردو په‌رته‌وازه‌كردن و لێكترازانی ئه‌و به‌شه‌كه‌ی تری، بۆیه‌ په‌یام له‌ئێستادا، به‌گژاچوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ به‌عس خوڵقاندی‌و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنایه‌ی به‌عسه‌ له‌ زیهنییه‌تی تاكی عه‌ره‌بیدا.
ته‌گبیر چییه‌؟
كورد له‌ئێستادا خاوه‌ن حكومه‌تێكی خۆماڵییه‌، حكومه‌تێك ده‌توانێت كاری باش بكات‌و هه‌نگاوی كارا بگێڕێت، هه‌روه‌ك له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییشدا ناویه‌تی.
حكومه‌ت مووچه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی زیادكردووه‌، به‌پێی توانا هاوكاری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان كراوه‌، له‌ شاره‌كانی كه‌لار، چه‌مچه‌ماڵ، كفری سه‌دان خانوویان بۆ دروستكراوه‌و وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی موهته‌م به‌و كه‌یسه‌ ئاشكرایده‌كات، دوای كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان له‌ئه‌نفالی ئه‌مساڵ كه‌وا د.به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجامیدا، هیچ كه‌سوكارێكی ئه‌نفال بێ خانوو نابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌موو شتێك نییه‌، حكومه‌ت ده‌بێت كار له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری هه‌موو ئه‌وانه‌ بكات، كه‌وا له‌و پرۆسه‌یه‌دا زیانمه‌ندبوون. به‌واتایه‌كی تر، كه‌شی گونجاوو نه‌خۆشخانه‌و سه‌نته‌ری تایبه‌ت بكاته‌وه‌، بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌یان له‌ ڕووی ده‌رونیییه‌وه‌، (ئاخر ئاسان نییه‌، مرۆڤ له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی زۆره‌ملێدا بۆ زیاتر له‌20ساڵ كۆبكرێته‌وه‌). هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری تایبه‌تیان بۆ بكاته‌وه‌، تاوه‌كو ئه‌وانه‌ی بارودۆخ نه‌گونجا بۆیان تاوه‌كو خوێندن ته‌واوبكه‌ن،  له‌ سه‌نته‌ری تایبه‌تدا فێری پیشه‌ بكرێن‌و داهاتوویان ڕۆشن بێت، ئه‌و كارانه‌ش ته‌نها خزمه‌تێكی بچووك ده‌بێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ مه‌غدورترین چینی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
هه‌رچی له‌ ئاستی تاكیشدایه‌، ده‌بێت ئه‌نفال ببێته‌ هه‌وێنی نزیكبوونه‌وه‌و ئاشته‌وایی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان‌و هه‌رناكۆكییه‌كی سیاسیی كه‌وا له‌ئارادایه‌، یادی ئه‌نفال بیسڕێته‌وه‌، له‌ئه‌نفالدا ناكۆكییه‌كان كاڵبێته‌وه‌و لێكنزیكبونه‌وه‌و گفتوگۆكردن شوێنی رق و توڕه‌یی بگرێته‌وه‌. 

 

عه‌دنان سه‌یدحسێن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.