
پایزی زه‌عیم …. ته‌ڵعه‌ت تاهیر
تێبینی : هه‌ر كه‌سێك هه‌ستی كرد ئه‌م ده‌قه ره‌فتاره‌كانی ده‌گرێته خۆی ، ئه‌وا هه‌ڵه‌ی ئه‌م نووسینه و رۆمانه‌كه‌ی گارسیا ماركیز نییه ، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ی كار و كرده‌وه‌كانی خۆیه‌تی . خۆ ئه‌گه‌ر خۆیشی تیادا دۆزییه‌وه ، ئه‌وا پێش هه‌مووان پێشكه‌شه به ئه‌و .
1
كه‌س بیری نایه له كه‌یه‌وه بۆته زه‌عیم ؟
ئه‌وه‌ی زانراوه كه‌سێكی ئاسایی نییه !
ده‌توانێ كانزاكانی ژێر زه‌وی بخوات و
پێده‌شت به دارستانه‌وه بجوێت و
روبار هه‌ڵقوڕێنێ و ئاسمان بخاته باخه‌ڵییه‌وه !
مێژوونوسه‌كانی ده‌ڵێن :
توانای زه‌عیم له ئه‌فسانه‌كانیش به‌ده‌ره ،
ده‌توانێت به فوێك چه‌ندین وڵات بڕوخێنێ !
به هێمایه‌ك مێژوو دروست بكا !
كاره‌با ده‌خواته‌وه و ناله‌رزێ !
نه‌وت ده‌خاته گیرفانیه‌وه و ناڕژێ !
2
زه‌عیم هه‌میشه گله‌یی له‌وه ده‌كا ،
وڵاتێكیان داوه‌تێ له هاویندا پله‌ی گه‌رمای ده‌گاته په‌نجا و قسوور !
له زستاندا فرمێسك له جاده‌كانیدا جۆگه‌له ده‌به‌ستێ !
پایزانیش له جیاتی گه‌ڵای دره‌خت ،
ئومێد له به‌ژنی مرۆڤه‌كانیدا هه‌ڵده‌وه‌رێ !
له دنیا هێنده نه‌گبه‌ت بوو ،
ته‌نیا ده‌زانێ فه‌رمان ده‌ربكا !
دایكی گوته‌نی بریا دارتاش بوایه ، یان معاون توبی ،
یان هیچ نه‌بێ ، هونه‌رمه‌ند .
به‌ڵام ته‌نیا ده‌زانێ فه‌رمان ده‌ربكا !
هه‌موو سامانه‌كه‌ی وڵاتێك و فتقێكه
كه ده‌نگی ژانی زۆر له فیكه‌ی كتریی ده‌چێ !
3
دایكی .. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی وڵاته‌كه‌ی به ناوه ،
به گسك راوی خزمه‌تكاره‌كان ده‌نێ ،
گوایه ده‌ستبڵاون و
شه‌كری زۆریان له چایه‌كه‌ی باڵیۆزی توركی كردبوو !
هیچ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی سه‌وزه فرۆش نه‌یده‌وێرا نزیك كۆشك ببێته‌وه ،
ئاماده بوو شین و مۆر ببێته‌وه له‌سه‌ر نرخی ده‌سكێك كه‌وه‌ر .
به بۆیه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره چۆله‌كه و زیقاوی ره‌نگ ده‌كرد و
به ناوی بولبول و كه‌ناریه‌وه به وه‌زیره‌كانی ده‌فرۆشته‌وه !
وێڕای پاڕانه‌وه‌مان ، له‌به‌ر چاوی میوانه‌كان و له ته‌نیشت هۆڵی كۆبوونه‌وه ،
ده‌ستی له عاده‌تی سوتاندنی قشپل هه‌ڵنه‌ده‌گرت ،
تا له دانیشتنه‌كاندا مێشووله نزیكی كوڕه‌كه‌ی نه‌بێته‌وه !
رۆژێكیان ئابڕووی بردین ،
كاتێ كوڕه‌كه‌ی به به‌رگی سه‌ربازی و به ته‌واوی میدالیا ئاڵتونیه‌كانی سه‌ر سنگی
له ته‌ك سه‌رۆكی میواندا سه‌رقاڵی پشكنینی پاسه‌وانی شه‌ره‌ف بوو
خانم ، به ته‌نگه‌تاو سندوقێك شوشه‌ی به‌تاڵی بیبسی دایه ده‌ستی زه‌عیم و گوتی :
مادام هه‌ر ده‌چیته ده‌ره‌وه ،
له‌گه‌ڵ ده‌ستی خۆت ئه‌م شوشانه بده‌ره‌وه دوكانی سه‌ری فه‌رعه‌كه !
به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستا و هاواری كرد :
گه‌ر ده‌مزانی كوڕه‌كه‌م ده‌بێته شت و
ئه‌و هه‌موو سه‌ره سۆده و مێخ زنجیره ده‌به‌ستێ ،
ده‌منارده مه‌تكه‌ب .
4
زه‌عیم ئه‌و رۆژنامه‌یه ده‌خوێنێته‌وه ،
كه خۆی بۆ خۆی ده‌ریده‌كا .
پێی سه‌یره چۆن نووسه‌ره‌كان ،
له‌و (نه‌خێر)ه گه‌یشتبوون كه بیری چوو بوو بیڵێ ؟
یان ئه‌و زۆڵانه چۆن زانیان مه‌به‌ستی له‌و نه‌خێره ( به‌ڵێ ) بوو ؟
5
زه‌عیم له یاری شه‌تره‌نجیشدا قه‌ڵای خۆشناوێ ،
چونكه راسته‌ڕێ ده‌ڕوا .
حه‌زی له بازه خواره‌كانی فیله !
( قه‌ڵا له پاشا دووره و فیل نزیك )
6
له منداڵییه‌وه دوژمنی بیركارییه
تێناگا چۆن هه‌موو ژماره‌كان یه‌كسان نین به یه‌ك ؟
وه‌ك چۆن میلله‌تێك یه‌كسانه به ئه‌و !
7
له مێرد منداڵییه‌وه رقی له فیزیایه !
خۆی گوته‌نی : زه‌عیم پێویسته دوو ته‌مه‌نی هه‌بێ ،
یه‌كێك بۆ پاره كۆكردنه‌وه و
یه‌كێك بۆ خه‌رچكردنی !
8
له ئه‌زه‌له‌وه حه‌زی له كیمیایه ..
سه‌ری مامۆستایه‌ك بگوازه‌وه بۆ له‌شی جاشێك !
سه‌ری تاوانبارێك بگوازه‌وه له‌شی پارێزه‌رێك !
كیمیا رێگه‌ی پێده‌دا
چۆنی بوێت سه‌ره‌كان بگوازێته‌وه !
9
زه‌عیم هه‌موو شتێكی له پێناو ئێمه‌یه ، ئێمه‌ی بێ وه‌فا :
كارگه‌ی جگه‌ره‌ی داناوه بۆ ئه‌وه‌ی به دیار ده‌سكه‌وته‌كانه‌وه به بای ده‌ین .
كارگه‌ی كلێنسی داناوه فرمێسكی خۆشیی پێ بسڕین .
كارگه‌ی ده‌رمانی داناوه و هێند په‌رۆشه
له گه‌چیش حه‌ب دروست ده‌كا .
باخچه‌ی كردۆته‌وه تا به پاره‌یه‌كی كه‌م
منداڵه‌كانمان كه‌روێشك ببینن .
كه‌چی له پاشمله ده‌چرپێنین :
لای ئه‌و .. ته‌نیا پاره ، ریوایه‌ی سه‌حیحه .
له راستیدا هێند نه‌داره ، ئاو چییه ئاو ؟
ئاو ده‌خاته بتڵه‌وه و ده‌یفرۆشێ !
10
دروستكه‌ری وه‌رزه‌كانه
به قسه‌كانی به‌هار دێنێ ،
به كرده‌وه‌كانیشی پایز !
11
تاكه كه‌سه بتوانێت
به گوفتاری ، مانا بسڕێته‌وه !
به كرداری ، جووڵه له جووڵه بخات !
12
زه‌عیم راستی له دواوه‌ی ناڕوا ،
راستی بۆته فه‌رشی سوور و به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كا .
خه‌ڵاتی ئازایه‌تی ده‌داته ئه‌و كه‌سانه‌ی شتی ده‌گمه‌نیان هه‌یه :
چاویان ده‌بینێ و سه‌ریان كوێره !
پیت ده‌ناسنه‌وه و رسته نازانن !
ده‌نگیان نایه و ده‌نگ ده‌ده‌ن !
زه‌عیمی موفه‌دا ،
له رۆژی مافی ژناندا پرێمز دابه‌ش ده‌كا !
له ساڵڕۆژی منداڵاندا باس له‌و موعجیزه‌یه ده‌كا
كه چۆن به‌ر له‌وه‌ی پێ بگرن ، فێری كڕنۆش بوون !
ئه‌و لاوانه‌ی خۆشده‌وێ ته‌سبیحی قه‌زوانیان پێیه و
بۆینباخ نه‌بێ هه‌موو شتێكیان ده‌چێته‌وه سه‌ر باپیران !
ئه‌و ژنانه‌ی به دڵه ،
به شیله ریشیان ده‌كه‌ن و
به دا‌و سمێڵیان هه‌ڵده‌گرن !
13
زه‌عیم گوناحه ..
تا ئێستا كه‌س خه‌به‌رێكی راستی پێنه‌داوه !
ژه‌مێكی به تێری نه‌خواردووه !
پاسه‌وانه‌كانی به پاساوی ژه‌هر ،
نیوه‌ی چێشته‌كه‌ی ده‌خۆن .
له ترسی ئه‌وان ، هه‌نگوین له كونی دیوار ده‌شارێته‌وه .
ناچاره به دزی دكتۆره‌كان ساوار به گۆشت بخوا .
ژیانی تایبه‌تیشی نه‌ماوه ،
ناتوانێت بكۆكێت ، بپشمێ ، ده‌یخه‌نه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌كان و
تیشكی ده‌خه‌نه سه‌ر و له ژێر رۆشناییدا وتار ده‌نووسن !
بێ به‌ختیه‌كه‌ی گه‌یشته ئه‌وه‌ی تووتی ماڵه‌كه‌ی رایكرد و
قسه نهێنیه‌كانی شه‌و و ترسه‌كانی له كوده‌تا و
فیكه‌ی كترییه‌كه‌ی برده سه‌ر جاده و ناو خه‌ڵك ،
به ده‌نگه زیقنه‌كه‌شی لاسایی قاقای ژنه خزمه‌تكاره‌كان و ئامۆگارییه‌كانی دایكی ده‌كرده‌وه :
– رۆڵه هه‌ندێ پاره له پشتییه‌ك بشاره‌وه . گیانی دایه له‌و كورسییه بتهێننه خواره‌وه هیچ ئیشێك نازانی . ئاخر تۆ قه‌سابیش نه‌بووی ! یان خۆزگه ده‌نگت خۆشبایه ! ئێستا شوكر ، وه‌زیره‌كان مریشكم به ناوی چین و ماچینه‌وه لێده‌كڕن ، له‌و كورسییه بتهێننه خواره‌وه ئه‌وه‌ش نامێنێ . كه‌سی دایه ، هه‌ردووكمان پیر بووین ، بتهێننه خواره‌وه ده‌بێ ته‌نیا سه‌یری ئه‌لبومی وێنه‌كانت بكه‌یت ، منیش حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ماوه ، چیتر سه‌ڵكه پیاز و دۆشاوی ته‌ماته و ژێرپیاڵه خوێ ، له دراوسێكان قه‌رزكه‌م .
مه‌یبینن له وێنه‌كاندا پێده‌كه‌نێت ، زه‌عیم گوناحه .
گندۆره‌یه‌كی به قه‌ڵه‌مبڕ پاك نه‌كرد و ترسی ژه‌هری نه‌بێ !
له نیوه‌شه‌واندا سه‌لاجه‌ی بۆ قومێ ئاو نه‌كرده‌وه و ترسی ته‌قینه‌وه‌ی نه‌بێ!
بۆینباخێكی نه‌به‌ستا په‌تی سێداره‌ی بیر نه‌هێنێته‌وه !
ژنێكی نه‌بوو پشتی بشوات و ئێواران شۆربای نیسكێنه‌ی بۆ لێنێت و
بڵێ پیاوه‌كه خۆشمده‌وێیت و په‌تاته‌شمان نه‌ماوه !
كه‌سێكی نه‌بینی هێنده‌ی سڵ له قسه‌كردن ده‌كاته‌وه ،
نیو هێنده له پیربوون بترسێ !
نه‌ك وه‌همی سه‌ركه‌وتن ، كه‌س نه‌بوو تامی دۆڕاندنێكیشی بداتێ ،
دۆڕاندنی ده‌سته دۆمینه‌یه‌ك .
كه‌س نه‌بوو له به‌رامبه‌ریدا پێڕێكی پۆلیسیش دروستكا و دابه‌زێ !
له تاوڵه‌دا قاپوتێكی بۆ بكا !
به حه‌سره‌ت بوو سه‌ر بۆیاخكراوێك ،
داشێكی دامه‌ی به خۆڕایی بداتێ و له‌بریدا داوای شتێك نه‌كا !
ئای .. له یاریشدا كه‌س راستی پێ ره‌وا نه‌بینی !
14
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیانگوتین : چه‌نده منداڵێكی ساوا پێویستی به فێربوونی ژه‌نینی شمشاڵه ، ئه‌و ، نیو ئه‌وه‌نده پێویستی به زانینی راستییه !
ناچاربووین بۆ قه‌رزی سه‌ر بۆیاخكراوه‌كان بچینه لای زه‌عیم . رێگه‌یاندا سێ كه‌سمان بچینه ژووره‌وه . یه‌كه و جزمه‌یه‌كی سه‌قف تێكردنیان له پێ كردین ، له ناو قوڕاوی ره‌نگاوره‌نگ به بۆیه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره ، سه‌ربازێك كه هه‌ر پێده‌كه‌نی به پێشمانكه‌وت ، له حه‌وشه‌كه‌دا مریشكی نیوه ره‌نگكراومان بینی ، ده‌نوكیان له وه‌همی گوڵه به‌ڕۆژه‌ی ئه‌و فه‌رشانه ده‌دا بۆ وشكبوونه‌وه به په‌یكه‌ره‌كانی زه‌عیمدا هه‌ڵخرابوون ، پیرێژنێكمان بینی مانگای ده‌دۆشی و پرته و بۆڵه‌ی بوو ، سه‌ربازه‌كه گوتی : ئه‌مه دایكی وه‌ته‌نه . تێگه‌یشتین پرته و بۆڵه‌كان بۆ ئێمه‌یه : چیتان له كوڕه‌كه‌م ده‌وێ ؟ هه‌یه‌تی و نیه‌تی كورسیه‌ك و فتقێك ، نه‌ك خۆی ، ئه‌م مانگایه‌ش له ماڵه‌كه‌یدا هیچ نییه بیخوات ، قازانی شیره‌كه‌ی لار كرده‌وه نیوه‌ی به تاڵ بوو . ئه‌وه نییه كاغه‌ز كاوێژ ده‌كا ؟ خۆزگه كاغه‌زی ره‌نگداریش بوایه ، نه‌خێر رۆڵه ، له‌و كاغه‌زه جووت په‌ڕه خه‌تداره خورشیدیانه‌یه كه ئه‌و میلله‌ته چاو برسییه شه‌كوای لێ ده‌نووسن !
بینیمان : زه‌عیم به ته‌نیا له‌سه‌ر مێزێكی نانخواردنی نۆزده كه‌سی دانیشتبوو ، به چاكه‌تێكی سپی كه‌تانه‌وه چاویلكه‌ی خوێنده‌نه‌وه‌ی هێنابووه سه‌ری لووتی ، زۆر پیرتر بوو له‌و وێنانه‌ی به‌یانیان له رۆژنامه‌كانیدا سفتاحی مه‌راقمان پێده‌كرد ، جه‌سته‌ی بۆنی گیای زه‌ردباوی سه‌ر ئه‌و سه‌تڵه ماستانه‌ی ده‌دا له‌به‌ر هه‌تاوی چاوه‌ڕوانیدا ترشابن . ره‌نگی ده‌سته‌كانی ، كه‌سكێكی ره‌شباو بوو ، له‌بری موو ، قه‌وزه‌ی ته‌نكاو و پونگه و كوزه‌ڵه‌ی ته‌نیشت جۆگه‌له‌ی گرتبوو كه له مه‌نجه‌ڵی شه‌ونخوونیدا به ئاگری كزی ده‌سه‌ڵات كوڵابوون ، لووتی گرنج گرنج بوو له شێوه‌ی به‌رده‌پێی حه‌مام كه چه‌ندین سه‌ده له ژێر ره‌حمه‌تی كه‌فاو بووبێ ، چاوه‌كانی له چاوی ئه‌و پیره‌مێردانه ده‌چوو له به‌رده‌می مزگه‌وته‌كاندا مووس و سیواك و لاستیكی بێجامه ده‌فرۆشن و هه‌موو گفتوگۆكان به‌ره و ئاقاری رۆژانی رابردوو ده‌به‌نه‌وه . هێنده بێكه‌س و ماندوو ده‌هاته به‌رچاو پێمان سه‌یر بوو ئه‌و هه‌موو ساڵه رقمان له‌و خێر و عه‌شق له‌خۆ نه‌دیوه بۆته‌وه !
به هێمنیی ئه‌و كه‌سانه‌ی له هه‌ژاری راهاتوون و به منگه‌ی حووتێكی به ساڵاچوو ، فه‌رمووی قسه‌كردنی لێكردنین .
بۆمان روونكرده‌وه كه سه‌ر بۆیاخكراوه‌كانی حاشییه‌ی هیچ نه‌ماوه لێمانی نه‌به‌ن !
چونكه به‌ڕێزیشی یه‌كه‌كانی پێوان و پرۆسه‌ی لۆگاریتم و بڕگه قوچه‌كیه‌كان و هاوكێشه‌ی لێكه‌وته و خشته‌ی لێكدانی نه‌ده‌زانی ،
ناچاربووین له‌سه‌ر شێوه‌ی داپیره‌مان ژماره‌كانی بۆ روونكه‌ینه‌وه :
گوتمان : سه‌ر بۆیاخكراوه‌كان (سێ بیست و ده )كه ده‌كاته ( حه‌فتا ) جار زیاتر له به‌رهه‌می ساڵانه‌ی باخه‌كانی بۆكان ، میوه‌یان به قه‌رز بردووه !
به هێمنی له‌به‌رخۆیه‌وه چرپاندی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ زه‌عیم : پیاوه‌كانت ، به ڕووبه‌ری دووجاری هاتوچۆی نێوان ماردین و مه‌خمور ، قوماشی كشمیری توركی و كرێشه‌ی هندی و كریپ و مۆزلین و جه‌رسه و هینم دیاره و سه‌ته‌ن و تیترۆن و چاوماریان ، بۆ ژنه‌كانیان بردووه !
گوتی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ قوربان : به قه‌د قورسایی قه‌ڵاتی هه‌ولێر ،
قه‌ڵه‌م و بۆینباخ و نه‌علی توبی و جانتای دبلۆماسی و موعه‌ته‌ری ژێرباڵ و مقه‌ویات و عه‌ینه‌كی شه‌مسی و كه‌ڤه‌ر و مه‌قڵی و شیشی كه‌باب و په‌رداخی سه‌فه‌رییان بردووه !
گوتی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ چاوه‌كه‌م : به قه‌د قوڵایی شه‌ش سه‌د و حه‌فتا و یه‌ك مه‌سبه‌حی چوار مه‌تری ،
وێسكی ده‌مپڵ و شیفازی سالوت و بلو لێیبڵ و ئۆڵپار و به‌لانتاینیان به خۆڕایی خواردۆته‌وه،
وه‌ك داشكاندنێكیش بۆ جه‌نابتان باسی مه‌ززه‌كان ناكه‌ین ، كه ته‌نیا بابه‌غه‌نوجه‌كه‌ی به قه‌د رووبه‌ری یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ ده‌بێ !
گوتی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ گه‌وره‌م : به قه‌د درێژایی ته‌لی عه‌موده‌كانی كاره‌بای نێوان پێنجوێن و غازی عه‌نتاب ، ته‌سبیحی عاج و كرمان و كه‌هره‌ب و سه‌نده‌لوس و قه‌زوانی لاسووره‌یان له په‌نجه ئاڵاندووه !
گوتی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ جه‌ناب : به قه‌د خه‌رمانی هه‌موو گه‌نمی ده‌شتی قه‌راج ،
بۆیاخی ره‌ش و ره‌شی بۆز و باینجانی و قاوه‌یی و خورماییان بۆ سه‌ر و سمێڵیان بردووه !
گوتی : ئاخ .. ئاخ .
– به‌ڵێ حه‌یاتم : به كرێنی گه‌وره گه‌وره : وێڕای كانی و سه‌وزایی ، گرد و گردۆڵكه و هه‌ورازی گونده‌كانیان بۆ مه‌زره‌عه‌كانیان گواستۆته‌وه . به ده‌ڕاسه‌ی گه‌وره گه‌وره : سڵاوی به‌یانیان و سه‌ره‌خه‌وی دوای نیوڕۆ و سه‌رخۆشیی شه‌وانی شاره‌كانیان دروێنه كردووه .
ده‌خیله‌ی ساواكانیان كردۆته ئینجانه‌ی په‌نجه‌ره‌كانیان .
مانگیان وه‌ك ده‌رهه‌مێكی زیو كردۆته زینه‌ی ماڵ .
هه‌تاویان وه‌ك لیره‌یه‌كی ئاڵتون خستۆته قاسه‌وه .
نیوه‌ی خه‌ڵكیان فرۆشت و به پاره‌كه‌ی ، ده‌یانه‌وێت نیوه‌كه‌ی تر بكڕن .
قه‌ڵه‌می مه‌كته‌بی منداڵه‌كانیان بردین ، مێژووی خۆیان به ئاوه‌ژوویی بنووسنه‌وه .
شیری گوانی مه‌ڕ و ماڵات و مه‌مكی ژنه‌كانیان بردین ، وه‌چه‌ی خۆیان پێ گه‌وره‌كه‌ن .
دوعای به‌ربانگیان بردین ، تا له‌و دنیاش هه‌ر ئێمه بسوتێین .
گوتی : ئاخ .. ئاخ ،
ئاخ .. ئه‌مانه به پیری ئه‌و شتانه‌یان ده‌سكه‌وت ،
كه له منداڵی‌دا پێویستیان بوو !
15
ئای دایه .. دایكی من و ئه‌و وه‌ته‌نه‌ی پله‌ی گه‌رمای ده‌گاته په‌نجا و قسور ،
هه‌رچه‌نده موسه‌نا و سولاس و روباع و توساع ، ژنم ناسیوه ،
به‌ڵام كه‌سیان خۆشینه‌ویستووم !
ژنێك .. ترسه‌كانمی له په‌نادا بشارمه‌وه و
جوانییه‌كی روون بداته دنیای ئاڵۆزم .
بمكاته‌وه ناوێكی ساده .
به چاو تام بكرێت و تامێكی ئاشكراش بێ بۆ میوه‌یه‌كی شاراوه .
نه‌خێر .. له ژیانمدا ژنێك خۆشینه‌ویستم !
شه‌وان ورده غه‌زه‌ل و خۆشیی درشتم ده‌خسته باوه‌شیانه‌وه ،
كه‌چی ئه‌وان به ناوی یارییه‌وه ماچیان به پاره ده‌دامێ !
لێوگه‌ستن و ئاخ و ئۆفیان په‌یوه‌ست بوو به ژماره‌ی لیره‌كانه‌وه !
چاوقایمانه ده‌یانگوت : لیره‌ی زیاتر بده و نقه‌ی زیاتر ببیسته !
میدالیاكانت فڕێده ، چونكه له سینگم ده‌چه‌قن !
گۆزی فتقه‌كه‌ت لێكه‌وه ، بۆنی ئیسفنجێك ده‌دا ته‌پڵه‌كی جگه‌ره‌ی سڕیبێته‌وه !
به بێزاریی بێوه‌ژنێك ، له گۆڕستاندا به شوێن قه‌برێكدا بگه‌ڕێ ،
له شمشێری پیاوه‌تیم ده‌گه‌ڕان !
به‌یانیانیش له جێگه‌كه‌مدا ده‌ستم بۆ ده‌گێڕان و له پاڵمدا نه‌مابوون :
گیرفانه‌كانیان پشكنیبووم ،
موروی سه‌وڵه‌جانه‌كه‌میان بردبوو ،
یان چوارچێوه‌ی ئاڵتونیی چاویلكه‌كه‌میان ده‌دزی ،
یان به ددان ئه‌ستێره‌ی ئه‌ڵماسی سه‌ر شانی پاڵتۆ سه‌ربازییه‌كه‌میان قرتاندبوو !
له‌بری نامه‌ی دڵداری ، له‌جیاتی له دڵه‌وه بۆ گوڵ ،
عه‌ریزه‌ی عه‌رزه وه‌رگرتنیان بۆ ده‌ناردم !
له دواییشدا ، له دانیشتنی به‌رده‌رگا و جلشۆرین و چنینه‌وه‌ی لیفكه‌دا
به ته‌نزه‌وه ده‌یانگوت : زۆری دانا و كه‌می برد !
هه‌تا ئه‌و مه‌دره‌سه‌ی كچانی ته‌نیشت كۆشكه غه‌مباره‌كه‌شم ،
ده‌رچوو مه‌دره‌سه نه‌بوو :
سه‌ر بۆیاخكراوه‌كانی حاشییه‌م كچه‌كانیان هێنابوو ،
گۆره‌وی سپی و كورت به قردێله‌یان له پێ كردبوون ،
به ته‌وقه كه‌زی ده‌سكردیان به‌ستا بوو !
منیش .. ئای دایه ..
به حه‌ربه‌كه‌م كونێكم له ته‌لبه‌ندی مه‌دره‌سه‌كه كردبوو ،
ده‌مه و عه‌سران له‌سه‌ر ئاگر چاوه‌ڕێی ئه‌و كۆتره كچانه‌م ده‌كرد ،
به پسكویتی باڵیۆزی هۆڵه‌ندی و
به‌و له‌ته كه‌بابه ساردانه‌ی له پاسه‌وانه‌كانم شاردبۆوه ، راوم ده‌كردن !
ده‌لاقه بوون له گۆڕی ته‌نهاییم ،
قسه‌یان ، موتوربه كردنی ره‌عشه بوو به دره‌ختی جه‌سته‌مه‌وه .
به نیگایان ، ئاوی وه‌ستاوی گۆمی گۆشه‌گیریم ده‌بووه هه‌ڵم .
فتقه‌كه‌م له فیكه ده‌كه‌وت !
وه‌ك ئه‌وه‌ی گونكه هه‌ویر بێ ،
ده‌یانخسته ناو له‌پی به ئاره‌ق ته‌ڕیان و به میهره‌بانی ده‌یانلاوانده‌وه :
( بنوو ، بچكۆله‌كه‌م ، بنوو ) .
ده‌زوو بوون بۆ به‌ستنه‌وه‌ی برینم به سرووسته‌وه .
درزێك بوون لێیه‌وه باران ،
به گونیه‌ی وشكی ده‌سه‌ڵاتم ده‌كه‌وت ،
كه به‌سه‌ر باینجانی پیری رۆژه‌كانمدا دادرا بوو .
تا رۆژێك .. ئای دایه ،
دایكی من و ئه‌و خه‌راباته‌ی پله‌ی گه‌رمای ده‌گاته په‌نجا و قسور
تا رۆژێك به رێكه‌وت له كچێكیانم پرسی : پۆلی چه‌ندی ؟
گوتی پۆلی چی به‌ڕێز ؟
من ناخوێنم !
ده‌ستی برد و كه‌زییه ده‌سكرده‌كه‌ی لێكرده‌وه !
سه‌دریه‌ی له‌سه‌ر سكه پڕه‌كه‌ی لابرد !
پێی گوترابوو : مه‌ترسه ، خه‌ڵه‌فاوه و هیچی پێ نه‌ماوه و
ته‌نیا له‌ته پسكویت به گێلاسی لێوت و
به قۆخی ته‌ڕ و توكنت دادێنێ و تامی ده‌كا !
ئای دایه ، دایكی من و ئه‌و قیامه‌ته‌ی پله‌ی گه‌رمای ده‌گاته حه‌فتا و قسور
سكم به خۆم سووتا كاتێ گوتی :
پێم سه‌یره تۆ پسكویت به ژێره‌وه‌مان دادێنیت ،
له كاتێكدا له‌سه‌ره‌وه نانمان نییه بیخۆین !
16
زه‌عیم ده‌یه‌وێت ساده بژی .
له‌به‌ر چاوی كامێرا‌كان ،
به‌ری نه‌شۆراوه‌ی باخچه‌كان ده‌خوات و
وه‌ك پسپۆرێكی كشتوكاڵی به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێت :
په‌یینی كه‌مه و
پاشه‌ڕۆی بیست و شه‌ش گوێدرێژی نه‌خه‌ساوی بۆ ته‌رخانكه‌ن .
بۆ ئه‌وه‌ی له میلله‌ت نزیك بێ ،
چوارلای لاندگرۆزه‌ره‌كه‌ی نارنجی كردووه ،
گوایه ته‌كسییه و به نهێنی به شوێن گرفته‌كانی خه‌ڵكدا ده‌گه‌ڕێ .
17
وێنه‌كانی , وشه‌كانی , قسه‌كانی , ماناكانی , رۆژه‌كانی , بورجه‌كانی كۆشكه‌كانی
پارچه‌ی گومانن و به‌سه‌ر شۆسته‌كاندا رژاون ,
چوونه‌ته ناو پیاسه‌ی خه‌ڵك و
شه‌ربه‌تی مێووژ و
پاقله‌ی كوڵاو و
زه‌رفی چه‌ره‌زات و چای خه‌ڵووز .
چوونه‌ته ناو نوزانه‌وه‌ی نزمی منداڵه كلێنس فرۆشه‌كانی سه‌رجاده .
ناوی ، كۆمه‌ڵه حه‌رفێكی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌لف و بێن و
نوقمی مه‌ره‌كه‌بی خه‌مه نه‌نوسراوه‌كانه .
ئه‌و ئاڵایانه‌ی له باڵه‌خانه‌كانیدا ده‌شه‌كێنه‌وه ،
ده‌سرۆكه‌ی خواحافیزین .
ده‌سه‌سڕی فرمێسكن .
ده‌سرۆكه‌ی خواحافیزین له‌و ته‌یرانه‌ی ژێر باڵیان پڕه له متمانه .
ده‌سه‌سڕی سڕینه‌وه‌ی فرمێسكی ئه‌و منداڵانه‌یه ,
به ڕۆژ.. عه‌بای دایكیان ڕاده‌كێشن بۆ كڕینی قه‌ڵه‌می ڕه‌نگ ،
شه‌ویش .. به‌دیار فانۆسه‌وه سه‌عی له نه‌خشه‌ی نیشتمان ده‌كه‌ن !
18
هه‌موو شه‌وێك له خه‌ودا ، خه‌ون به نووستنه‌وه ده‌بینێ !
هه‌موو رۆژێك له ئاگاییدا ، كه‌سێك تیایدا نیشته‌جێیه كه نایناسێ !
به‌ر ده‌خوات ، به‌ڵام ده‌ستی له جوانییه‌كانی دره‌خت به‌ربووه .
له كۆشكدایه ، به‌ڵام پێی له خۆشییه‌كانی پیاسه به‌ربووه .
كۆتری هه‌یه و بێ په‌نجه‌ره‌ی دۆست .
ترێی هه‌یه و شه‌رابی نییه !
هاواری هه‌یه و نابێته گۆرانی !
بۆ نه‌ده‌كرا لیره و جوانی له‌سه‌ر یه‌ك چرپا بخه‌ون ؟
ئاخر ناشێت نان و زنجیر له‌سه‌ر یه‌ك سفره دانیشن .
ئه‌وه‌ی كه‌شتی هه‌بێت ، نابێته خاوه‌نی _ با
جوانی ناتنوسێ ، گه‌ر دزێوی بتخوێنێته‌وه .
ئه‌وه‌ی دیواری هه‌بێت ،
له‌وانه‌یه لێنه‌گه‌ڕێ نه‌خۆشی بێته ژووره‌وه ،
به‌ڵام مردنی به‌ستاوه‌ته‌وه !
ده‌شێ شوراكان رێگه له وه‌ڵام بگرن ،
به‌ڵام پرسیاریان پێ زیندانی ناكرێ .
19
هێڵی ته‌مه‌ن له ده‌سته‌كانیدا نابینرێ .
ناو له‌پی ، وه‌ك پێستی سكی بۆقێكی پیر ،
ساف و جیڕه !
زه‌عیم :
زیندووێكی دیاری ،
مردنێكی نادیاره !
ته‌ڵعه‌ت تاهیر