شه‌قامی جێ هێڵراو بۆ خۆی ، ململانێ و ئه‌گه‌ره‌کان
نه‌وه‌یه‌ک بۆ گشت:
له نێوان نه‌وه‌یه‌کی تووڕه‌ی ئه‌م ساته وه‌خته‌ی مێژووی کوردی که ئه‌شێت له ڕاستیدا ئێنتیمای بۆهیچ یه‌کێک له نه‌وه‌کانی پێش خۆی نه‌بێت ، چ له رووی ئاستی ته‌مه‌نه‌وه، چ له ڕووی ئه‌و ڕووداوه مێژووییانه‌ی که ئه‌و تیایاندا نه‌ژیاوه ، چ له رووی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری ئیجباری ئه‌و یاده‌وه‌ریه مێژووییه ئاڵۆزه‌ی خه‌بات وکاره‌ساته تراژیدیه‌کان و شکست وهه‌ڵسانه‌وه‌کان وشه‌ڕه ناوخۆییه‌کان ودان و سانی نێوان براکانی نه‌وه‌ی پێشوو نیه، وه چ له‌ڕووی ئه‌وه‌ی که هه‌ڵگری هه‌مان خه‌ون و ستراتیژی ئه‌وانیش نییه بۆ ئایینده و له‌وه‌ش گرنگتر تائێستا له هیچ شێوه فۆرمێکی ئه‌و خۆڕێکخستنانه‌ی که دیاررترینیان حیزبی کوردیه خۆی ڕێک نه‌خستووه ، ئه‌وحیزبانه‌ی هه‌میشه کاراکته‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌کان بوون به خوڵقاندنی جه‌نگو ئاشتی و بڕیاری سیاسیشه‌وه . ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت که ئه‌م ماس مرۆگه‌له له هه‌ندێک شێوه ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و گروپی هاو ته‌مه‌نی و خوێندکاری و که‌لتوریدا خۆی کۆکردۆته‌وه . مرۆگه‌لێک که ئێستا له شه‌قامدا نماییشی خۆی ئه‌کات له پشتی پرۆژه‌و ستراتیژ‌و سیناریۆ داڕێژراوه‌کانی کاراکته‌ره‌کانی نه‌وه‌ی پێشووه‌وه ، ئایا هاوارو ده‌نگی کێ یه وکێ گووێی لێ ئه‌گرێت ؟ به‌رجه‌سته‌ی خه‌ونی کێ ئه‌کات ؟ وه نماییشی چ ئاستێکی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌کات ؟ له کاتێکدا خواسته‌کانی به‌ربڵاوو گشتگیر‌و به‌رجه‌سته‌که‌رو ئاو‌ێته بووی خه‌ونی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری به‌شه‌کانی کۆ‌مه‌ڵگه‌یه، هه‌ر له چینی هه‌ژارو لاوانی بێ کار و توێژی ڕۆشنبیرو خوێنده‌وارو خاوه‌ن بڕوانامه‌ی په‌رواێز خراوو هه‌زارن که‌س له توێژ‌و ئه‌ندامانی نێو حیزبه سیاسیه‌کانی وه‌ده‌رنراو له هه‌موو بڕیار‌و ستراتیژی حیزب و ،چینی بۆرژوای ناوه‌ندو به‌شێک له و سه‌رمایه‌دارانه‌ش که بێزار بوون له هه‌میشه شه‌ریکایه‌تی کردنی گروهی ده‌سه‌ڵات و حیزب له سه‌رمایه‌کانیانداو بوون به شێک له هه‌موو جووڵه ئابوریه‌کان . نه‌وه‌یه‌ک به‌رجه‌سته‌ی هه‌موومان ئه‌کات وخه‌ریکه له نێو دروشمه‌کانیشدا په‌یامی خۆی لێ ئاڵۆزئه‌بێت.
ئه‌م هێزه ڕاپه‌ڕیوه‌ی کوردی که به‌شێکه له‌و هێزه ڕاپه‌ڕیوه‌ی ئێستای ناوچه‌که، که له خاڵێکدا هه‌موویان یه‌ک ئه‌گرنه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌رگیز ڕاناوه‌ستن و هه‌رگیز شه‌قام چۆڵ ناکه‌ن تا ده‌رئه‌نجامێکی داواکانیان ده‌ست نه‌که‌وێت . سیمای ئه‌م هێزه ئه‌وه‌یه له دوای چه‌ندین ساڵی بێ ئومێدی و بێ ده‌نگ بوون و خۆ خواردنه‌وه‌و تۆران له نیشتمان ئێستا بۆته هه‌ڵگری په‌یامی ڕزگار کردنه‌وه‌و پاککردنه‌وه‌ی نیشتمان له دیمه‌نه ناشرینه‌کانی . ئه‌م هێزه نوێنه‌رایه‌تی کێ ئه‌کات و کێ بزوێنه‌ریه‌تی ، ئه‌گه‌ر شه‌قام هه‌موومان بین ، کێ له ده‌ره‌وه‌ی شه‌قامدایه ؟ تووڕه‌یی شه‌قام ته‌عبیر له کێ ئه‌کات و ئاراسته‌ی کێ کراوه ؟ ئه‌وه چ لایه‌نێکه ئه‌خوازێت به‌رهه‌م و ده‌ره‌ئه‌نجامی شۆڕشی لاوان و نه‌وه‌ی نوێ بدروێته‌وه ئه‌گه‌رچی له دوای ڕژانی خوێنی مناڵانیشه‌وه بێت؟ کێ سه‌رکه‌وتنه‌کانیان به هی خۆی ئه‌زانێت کاتێک له به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌وه‌ستنه‌وه؟ وه کاتێک له ڕێ‌و ڕه‌سمی هێمنانه ده‌رئه‌چن ئه‌وه کێ یه خۆی به خاوه‌نیان نازانێت و به گێره شێوێن ناویان ئه‌بات ؟ نه‌وه‌یه‌ک له کاتێکدا هاواری کپ کراوی ناڕه‌زاییه‌کانی زۆرینه‌ی توێژ‌و پێکهاته‌کان بێت ، نه‌وه‌یه‌ک که به ساده‌یی و به دڵنیاییه‌کی پڕ ئومێد له پشتی ڕسته ساده‌کانیه‌وه تێروانینی خۆی بۆ ئایینده نماییش ئه‌کات ، پێویستی به ململانێی نێوان میرابۆو لامارتینه‌کان نیه که ڕۆژانه به گووتاره قه‌شه‌نگه‌کان فێری گه‌مه‌ی شۆڕ‌شیان ئه‌که‌ن و دنیایه‌کی داهاتووی ئاڵۆز له خونه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌نه‌خشێنن و دوژمنه‌کانی ده‌و‌ریان لێ زۆرتر‌و فراوانتر ئه‌که‌ن . ئه‌م هێزه ته‌نها پێویستی به‌وه هه‌یه که ته‌عبیر له ناڕه‌زاییه‌کان بکات به‌و سیما ڕاشکاویه‌ی له ژیانی ڕۆژانه‌یدا هه‌ستی پێ ئه‌کات ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی به نێو هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا کۆبۆته‌وه و دیوارێک له په‌رواێزی و پشتگوێ خستن له لایه‌ن توێژێکی که‌م له سه‌رکرده‌کانی ئه‌م گه‌له لێکی جیاکردوونه‌ته‌وه . ئه‌و ده‌نگی ناڕه‌زاییانه هه‌موو ساتێک و له هه‌مووشوێنێکدا ئاماده‌ن ، له نێو خێزان ، مه‌یدانی کار، خوێندنگا‌و زانکۆ، ده‌سگاو دامه‌زراوه‌کان ، له نێو شانه‌ی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا ئاماده‌ن ، زۆرینه‌یه‌که‌ی هه‌ره‌زۆری بێ ده‌نگی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ن که ترسی له ته‌عبیر کردن له خۆی نه‌بووه ، به‌ڵکو نا‌ئومێد بووه که هه‌میشه وه‌کو هاوارێکی کپ کراوو گوێ لێ نه‌گیراو ماوه‌ته‌وه، ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی له شه‌قامدا له بڵندگۆکانه‌وه ئه‌بیسترێت ده‌نگی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌ندامانی حیزبی نێو ده‌سه‌ڵاتن که ئومێده‌کانیان له نێو دوو کۆنگره‌ی یه‌ک به‌دوای یه‌کدا هه‌ڵوه‌رێنرا ، که له لایه‌کیاندا له پرۆسه‌یه‌کی ئاماده‌کراودا جه‌نگاوه‌ره‌کان و که‌مینه گه‌نجێکی ڕامکراووی هێنایه سه‌رکردایه‌تی کردنی ئه‌و حیزبه‌و له لاکه‌ی تریشدا له پاڵ گوێ رایه‌ڵی و بێ ده‌نگی ئه‌ندامانیدا پێگه‌ی پیرۆزی بنه‌ماڵه‌ی داسه‌پانده‌وه. ئه‌و ناڕه‌زاییانه هه‌مان ده‌نگی ئه‌و نه‌وه‌و توێژه نوێ یه‌ن که به هیوای گۆڕانکاری ڕاسته‌قینه‌وه له دوو کۆنگره‌دا فڕێ درانه ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو هاوکێشه‌و بینا کردنه‌وه‌ی داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌و به په‌رواێز خراوی خۆیان له نێو ئومێده‌کاندا به‌ند کرده وه. ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن که‌له دوای په‌یمانی ئاکاره‌وه به‌یه‌ک چاو سه‌یر نه‌کران و کرانه‌وه قوربانی ده‌سته‌گه‌ری و دابه‌شکردنه‌وه‌کانی روقعه‌کان له‌سه‌ر شه‌تره‌نجی ململانێی براکانی حیزب که له جه‌نگی جێ چۆڵ کردن و ک‌ش له یه‌کدی کردندا ئێستا له به‌رده‌م مه‌ترسی که‌وتندان . به‌گشتی ئێستا ئێمه له به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌ی تووره‌ییه‌کداین که گشت تیایدا به‌ر پرسیاره‌و گشت تیایدا لێپرسراوو داوالێ کراوه به ئاشت کردنه‌وه‌یی و خۆی به خاوه‌نی بناسێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م ساته ئه‌یخوازێت به‌ستنی په‌یمانێکی نێو خودی کوردیه به سازدانی گۆڕانێکی هێمنانه دوور له توند‌و تیژی.
گۆڕانکاری ڕیشه‌یی، خواستی گشت :
هه‌موو لایه‌ک له‌سه‌ر همه‌وو شته‌کان کۆک و هاوڕان . هه‌موو یه‌ک تێڕوانین و تێگه‌ییشتنیان هه‌یه بۆ ده‌رباز بوون له قه‌یرانه‌کان و چاره‌سه‌ی کێشه‌کان . به‌ڵام له دوو جه‌مسه‌ری دژ به یه‌کدا به‌رامبه‌ر یه‌کدی وه‌ستاون و هه‌نگاوێک به ره‌و پێشه‌وه ناڕۆن . ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره دیالۆگه داخراو‌و لێک تێنه‌گه‌ییشتوو لێک نه بیستراوه‌ی نێوان لایه‌نه‌کانی کێشه‌کان و پێکدادانی جه‌مسه‌ری قه‌یرانه‌کان پێمان ئه‌ڵێت ئه‌وه‌یه که ئێمه له‌به‌رده‌م ڕێگه داخراوه‌کانداین . له به‌رده‌م دیار نه‌بوونی ئاسۆ‌و ده‌رچه‌یه‌کداین ، له تاریکیه‌کداین که‌س ئه‌و دی نابینێت . ئه‌گینا که هه‌موو لایه‌نه‌کان ، ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وخۆپیشانده‌ران و جه‌ماوه‌ری تووڕه له به‌کار‌هێنانی هه‌ندێک ده‌سته‌واژه‌و زاراوه‌دا یه‌ک ڕاو کۆک بن ، هه‌موو باسی چاکسازی و به‌دیهێنانی گۆڕانکاری ڕیشه‌یی بکه‌ن ، لێره‌دا کێن ئه‌وانه‌ی خۆیان له گۆڕانکاری ڕیشه‌یی ئه‌دزنه‌وه‌و کێن ئه‌وانه‌ی که‌ئه‌و خواسته‌یان لا نیه‌و ئه‌وانه‌ش که ته‌نها له پشتی ئه‌و خواست و داواکاریه‌وه پرۆژه‌و ئه‌لته‌رناتیڤ وگۆڕانکاریه‌که‌ی سه‌رجه‌م سیسته‌مه‌که‌یان له نه‌خشه‌ی ڕێگای دهاتویاندا هه‌ڵگرتووه ؟
کێشه‌که له به‌کار هێنانی موجه‌ره‌دی ده‌سته‌واژه‌کاندایه ، که سیاسی ئێمه ته‌نها له ڕووی خوتبه‌دانی سیاسی جۆرێک له به‌ڵێنه هێور که‌ره‌وه‌کان ، وه‌ک به‌ڵێنه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌ولاوه ، له ڕه‌هه‌ند و مانا ڕاسته‌قینه‌کانی ئه‌و زاراوانه تێ نه‌گه‌ییشتوون و هیچ پرۆژه‌یه‌کی ئاماده‌کراویان له پشتی ئه‌و زاراوه‌نه‌وه پی نیه که وه‌ڵامده ره‌وه‌ی مانا‌و به‌رجه‌سته‌کردنی بێت ، به تایبه‌تی له ساته وه‌ختی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که ڕووبه‌ڕووی سه‌راپا کۆمه‌ڵگه ئه‌بیته‌وه به ده‌سه‌لات و خه‌ڵکه‌وه‌و، سه‌رئه‌نجام ته‌واوی مه‌نزومه‌ی سیسته‌مه سیاسی و ده‌سه‌ڵاتیی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که ئه‌خاته ژێر پرسیاری مان و نه‌مانه‌وه . له نێوان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و زاراوانه‌دا که به ئاسانی له لایه‌ن هه‌موو لایه‌که‌وه فڕێ ئه‌درێته شه‌قامه‌وه و له نائاماده‌یی به‌دیله‌کان دا، به ناچاری کۆمه‌ڵگه‌و سه‌رجه‌م سیسته‌مه که خۆی له که‌ناری داڕمانێکدا ئه‌بینیته‌وه . که‌نارێک که له‌پێشدا به لێکترازانی هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌کان ، پاشان به هه‌ڵوه‌شانه‌ی شانه‌و گرێچنی په‌یوه‌ندیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و دواتر به نه‌مانی هیچ جۆره دیالۆگ و خاڵێکی هاوبه‌ش و لێک تێگه‌ییشتن له نێوان سه‌رجه‌م کاراکته‌ره‌کانی ناو سیسته‌مه‌که کۆتایی دێت . بارودۆخێک که تیایدا که‌س له یه‌کدی تێ ناگات وه‌ئیدی که‌س ئاماده نیه له‌وی تر تێ بگات و گوێی لێ بگرێت . کاراکته‌ره‌کان جۆرێک له شه‌ڕانگێزی خۆیان و پرۆژه نادیاره‌کانیان له ناو شه‌قامدا نماییش ئه‌که‌ن که ئه‌مان گه‌یه‌نێته قۆناغ و ئاستی لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی قه‌واره‌که . له کاتێکدا له پشتی به کارهێنانی زاراوه‌کانی گۆرانکاری و چاکسازی ڕیشه‌یی که به‌دیلی نه ده‌سه‌ڵات و نه ئۆپۆزیسیۆن دیار بێت ، وه له کاتێکدا که ئۆپۆزیسیۆن داواکانی خۆشی له داوای شه‌قام جیا بکاته‌وه ، ئیدی چاره‌یه‌ک نامێنیت له ڕووی لێکدانه‌وه‌ی سیاسیانه‌و سۆسیلۆجی کۆمه‌ڵگاوه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت . ئه‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆپێناسه‌کردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ی تیایدا هێزه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌رامبه‌ر یه‌کدی بوونه‌ته‌وه . ئایه حاڵه‌تێکی شه‌ڕانگێزی و سه‌نگه‌ر له‌یکدی گرتنی نێوان دوژمنه‌کانه یان ململانێ یه‌که له نێو میکانیزمه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراسی و فره‌لایه‌ن خوازدا. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانمان شه‌ڕانگێزی بێت ئه‌بێت ماناکانی ئه‌و زاراوانه له چه‌مکه‌کانی شۆڕش و ده‌رکه‌وتنی قۆناغێکی نوێ له کۆمه‌ڵگه‌دا ولێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه و دووباره بنیاتنانه‌وه‌یدا بدۆزینه‌وه . ئه‌مه‌ش مانای ئه‌و قۆناغه‌مان پێ ئه‌ڵێت که ئیدی ئێمه ئه‌که‌وینه به‌رده‌م خوڵقاندنی ساته‌وه‌ختێکی مێژوویی نوێ و به جێ هێشتنی ساته‌وه‌ختێکی مێژووی پێشتر . ئه‌که‌وینه به‌رده‌م چه‌مکی شۆڕشه‌وه که مانای گۆڕین و هه‌ڵته‌کاندنی سه‌رجه‌م سیسته‌مه‌که‌یه ، ئه‌مه ئه‌و ڕاستیه یه که له‌نێوان هه‌ڵچوون و ڕاپه‌ڕینی شه‌قام و هێور نه‌بوونه‌وه‌یی و، هێزێکی خۆ ئاماده که‌ر بۆ خودنماییش کردن له ده‌ره‌ئه‌نجامی دوای ڕووداوه‌کاندا ، ده‌سه‌ڵات له مه‌ترسی ئه‌و هه‌ڕه‌شه یه تێ ناگات که کۆتایی ئه‌می هه‌ڵگرتووه‌و ته‌نها به کۆتایی هێنان به قۆناغی ئه‌و، سه‌ره‌تای ئایینده‌و مێژووییه‌کی نادیاری دی ده‌ست پێ ئه‌کات که جارێ که‌س، هیچ لایه‌ک له کاراکته‌ره‌کانی پرۆژه ئه‌لته‌رناتیڤه‌کانیان ئاماده نه‌کردووه‌و له ئه‌گه‌ره‌کانی دواتری نادوێن ته‌نها له هه‌ندێک له‌و هێڵه سه‌ره‌تاییانه دا نه‌بێت که ئه‌ویش دووباره به‌شێکن له گووتاره سیاسیه‌کان که دواتر قابیلی به‌دیهێنان و یان پاشه‌کشه‌و یان سست بوونه‌وه‌و چه‌قبه‌ستن ئه‌بن به ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڕێگره کانیان ، چ له ناو خودی کۆمه‌ڵگه‌و چ له نێو کاراکته‌ره‌کان و چ له و هه‌ڕه‌شانه‌وه‌ی گه‌مارۆی ئه‌دات.
گؤرانکاری هێمن یان شۆڕش:
ئه‌گه‌ر باس له گۆڕانکاری ریشه‌يی بکرێت و خواستی ده‌سه‌ڵات بێت و به‌ڵام توانای به‌دیهێنانی نه‌بێت و یان میکانیزمی ئه‌و گۆڕانکاریه ڕیشه‌ییانه نه‌خاته روو، وه که شه‌قام هه‌میشه سه‌رگه‌رمی خود نماییش کردن بێت و له گه‌ڵ درێژ بوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کاندا تابێت داواکانی زیاد بکات ، وه که ئۆپۆزیسیۆن نه‌بێته به‌شێک له گۆڕانکارییه ڕیشه‌ییه‌کان له ڕێگه‌ی ده‌ستپێکردنی ڕیفۆرمی یه‌کبه‌دوای یه‌ک و دانانی قۆناغی زه‌مه‌نی بۆ ئه‌و ڕیفۆرمانه، به شێوه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان به‌وه هه‌بێت که کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به هێمنی کار له‌سه‌ر چاک کردنه‌وه و خودبنیاتنانه‌وه‌ی خۆی ئه‌کات ، ئه‌وه مانای وایه ئیدی ته‌نها چه‌مک و میکانیزمه‌کانی شۆڕش له‌م ساته‌دا کار ئه‌کات و ئێمه له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هێمندا نین ، به‌ڵکو له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی توڕه له یه‌کدی و شه‌ڕانگێزبه‌رامبه‌ر به یه‌کدی و پێکدادانی هێزه‌کانیداین بۆ گه‌ران به‌دوای فۆرمێکی دی کۆمه‌ڵگه‌و سیسته‌می به‌ڕیوه‌بردنه‌که‌یدا . ئایا ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ساته وه‌خته ؟ ئه‌گه‌ر پرسیارمان له ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م سیسه‌مه‌که هه‌بێت ، تا ئێستا ئه‌وه‌ی له ئاستی رووداوه‌کاندا ئه‌یبینین له نێوان سنوور‌و پانتایی به شێکی ده‌سه‌ڵات تێپه‌ڕی نه‌کردووه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نیه ئه‌و سیسته‌مه به‌گشتی نه‌خراوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه چونکه پرسیاری ئینسانی کوردی ڕووبه‌ڕوی سه‌رجه‌م پێکهاته‌یه‌که که له به‌شێکیاندا خۆی له قه‌ڵایه‌کی داخراودا قایم کردووه ، تا ئه‌و ئاسته‌ی خۆشی به به‌شێک له‌و مێژووه‌و گۆڕانکاریه‌کانی دانانێت و ئاماده‌یه له دواجاردا بگه‌رێته بۆ قۆناغی جیاکردنه‌وه‌ی سنووری خۆی له‌و به‌شه‌ی که تیایدا پرسیار له ده‌سه‌ڵات هاتۆته سه‌رشه‌قام . که‌واته ئێمه ڕوبه‌ڕووی گۆڕینێک له ده‌سه‌ڵات ئه‌بینه‌وه که له لایه‌که‌وه به‌شێکه له‌سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان به حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌که‌یه‌وه، وه له‌لایه‌کی تره‌وه به‌شێکی تاڕا‌ده‌یه‌ک ته‌نیاو دابڕویشه لێی و لێپرسراوێتی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری سه‌رجه‌م گۆڕینی سیسته‌مه‌که‌ی ڕووبه‌ڕوو کراوه‌ته‌وه .
ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌نه‌توانێت هێمنانه گۆڕانکاری له سیسته‌مه‌که‌یدا بکات ، وه‌ک ئه‌وه‌ی که به‌شێکه له گه‌مه‌ی دیموکراسی و پێکدادانی هێزه سیاسیه‌کان که باوه‌ڕیان به گۆڕانکاری دیموکراسی هه‌یه له ناو ده‌سگاکانیدا، ئه‌وا ئیدی ته‌نها ڕێگه چاره‌ی لادانی خودی ئه‌و سیسته‌مه دێته پیشه‌وه، ئیدی یان له خودی ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه بێت که‌خۆی بکاته به‌شێک له شه‌قام و کۆمه‌ڵگه و ده‌رگا بۆ گۆڕینێکی هێمنانه بکاته‌وه، یان له ڕێگه‌ی گۆڕینێکی شه‌ڕانگیزو تووڕه‌ی شه‌قامه‌وه که به فڕێ دانه ده‌ره‌وه‌ی لایه‌نێکی کاراکته‌ری بزووتنه‌وه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه بۆ ده‌ره‌وه‌ی دووباره بنیات نانه‌وه‌ی سیسته‌مه‌که کۆتایی دێت . ئه‌مه‌ش هه‌ڵگری مه‌ترسی شه‌ڕانگێز تری له دواوه‌یه له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا که تا ئێستا ئه‌زمونی چۆڵ کردنی هێمنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بینوه له ده‌ره‌وه‌ی پێکدادان و جه‌نگی ناوخۆ زیاتر. چونکه به جێهێشتنی ده‌سه‌ڵات لای هێزو پێکهاته‌کانی کورد مانای ته‌نها شکستێكی سیاسی کاتی و یان ده‌ره‌ئه‌نجامی هه‌ڵه کانی حیزب و لایه‌نێکی ده‌سه‌ڵات نیه له ئیدراه کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا، که به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی له نێو هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و هێزه کۆتایی دێت بۆ قۆناغێکی سیاسی و، تا ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی گه‌مه‌یه‌کی دیموکراسی نوێ . به‌ڵکو چۆڵ کردنی ده‌سه‌ڵات لای کورد مانای چۆڵ کردنی شوێن ، جوگرافیا ، وه هه‌ره‌سهێنانی پێکهاته‌یه‌ک له‌ناو شوێنی خۆیداو له به‌رده‌م دوژمنێکی ده‌ره‌وه‌یدا ، مانای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پێکهاته‌و شوناسی ئه‌و ، لێره‌دا هیچ گه‌مه‌یه‌کی دیموکراسی مانا‌و بوونی نیه له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که به وه‌همی دیموکراسی خۆی نماییش کردووه به‌ڵام هه‌موو پرۆسه هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێمه له پشتیانه‌وه مه‌ترسیه‌کی له خوێن هه‌ڵكێشانی کۆ‌مه‌لگه‌ی کوردی تیایاندا ئاماده بووه، وه یان دواتر به ته‌وافوق کۆتایی هاتووه. له بیرمانه له‌یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بۆ په‌رله‌مانی کوردستان ، شه‌وی ئاشکرا کردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌موو هێزه کانی به‌شداری ئه‌و پرۆسه‌یه به تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی ده‌ستیان له‌سه‌ر لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان بوو ، وه شاره‌کانیان گه‌مارۆ دابوو ، تا دواتر به ته‌وافوق و دابه‌ش کردنی پانتایی شوێن و ده‌سه‌ڵات کۆتایی هات. هه‌مان سیناریۆ له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزی 2009 دا به‌دوور نه‌بوو. که‌واته له کوردستان پێکهاته‌کان گه‌مه‌ی دیموکراسی ناکه‌ن به‌ڵکو شه‌ڕ له سه‌ر مانه‌وه‌ی شوناس و پێکهاته ومانه‌وه‌ی خۆیان ئه‌که‌ن . ئێمه ئێستا له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کوردی زۆر ئاڵۆزداین له رووی پێکهاته‌ی ئه‌و هێزو کاراکته‌رانه‌وه‌ی که له پرۆسه‌ی گۆرانکاری وده‌سکاری کردنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌بێت بگۆڕدرێن یان ته‌نانه‌ت که‌نار بخرێن . چونکه ئه‌م چه‌مکی که‌نار خستن و گۆڕرانه له‌گه‌ڵ شێوازی بونیادیی ئه‌و پێکهاتانه‌دا یه‌ک ناگرێته‌وه که هه‌رده‌م ناچار‌و ئاماده‌ی به‌رگری کردنن له شوێن و شوناس و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان که ده‌سه‌ڵاتێکی ئاڵۆز‌و به‌یه‌کداچووه له نێو سه‌رجه‌م یه‌که‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کدگیردا ، که هه‌ندێکیان یه‌کڕاست به‌رجه‌سته‌ی پێکهاته‌و بونیادی خێڵه له ناو ده‌سگاو دامه‌زراوه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا ،وه هه‌ندێکیشیان جۆرێکه له هه‌مان میکانیزمی کارکردنی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ده‌سه‌ڵاتییه له‌ناو پێکهاته‌ی ئه‌و هێزه‌دا. لێره‌وه ئه‌گه‌ر خودی ده‌سه‌ڵات به‌رجه‌سته‌ی خێڵ و ناوچه بێت، یاخود به هه‌مان میکانیزم خۆێ ڕێکخستبێت ، ئه‌وا پرۆسه‌ی لابردن و گۆڕینی به بێ خوێن و توند‌و تیژی تێ ناپه‌ڕێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ناتوانرێت که‌نار بخرێت و له شوێنی خۆی دوور بخرێته‌وه ، چونکه خێل ڕاناکات ، ڕاکردن دووره له به‌ها ئاکاریه‌کان و هه‌یبه‌تی خێله‌وه ، خێڵ به‌شێکه له شوێن و جوگرافیا و مه‌حکومه به به‌رگی کردن لێی. شوناسی خێل شوێن و جوگرافیا وکۆ‌مه‌ڵێک به‌های پیرۆزن که به‌مه‌رگی ئه‌ندامه‌کانی به‌رگرییان لێ ئه‌کات . بۆیه پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه ئایا له‌م هاوکێشه ئاڵۆزه‌دا له نێوان ئه‌م هێزه ته‌قلیدیه به‌رگریکاره له خۆ‌و، نه‌وه‌یه‌کی ڕاچه‌نیوو که به‌بێ گۆرانکاری ئه‌و سیسته‌مه هێمن نابێته‌وه ئایا ئه‌کرێت شێوه میکانیزمێک بۆ گۆڕینی هێمنانه‌ی ئه‌و سیسته‌مه بدۆزرێته‌وه ؟ ئێمه له کاتێکدا باسی ئه‌وه ئه‌که‌ین که شێوازی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا له سه‌ر بنه‌ماکانی دیموکراسیه‌تی نوێ و سیسه‌ته‌می نوێنه‌رایه‌تی به ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن دامه‌زراوه ، که نموونه‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی کوردستانه وپرسیاره‌کانیش ئاراسته‌ی ئه‌و ده‌سگایانه کراونه‌ته‌وه ، ئه‌بێت لێره‌وه خودی ئه‌م ده‌سگایانه بکه‌ینه هۆکارو میکانیزمێک بۆ ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه سه‌خته‌ی ئێستا کوردستانی تێدا ئه‌ژی که نابێت و وه به‌بێ ده‌رئه‌نجامیش کۆتایی نایه‌ت. من پێم وایه که ئێستا دۆخه‌که گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی که حکومه‌تی هه‌رێم له کوردستاندا ئیتر ناتوانێت به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات وه ئه‌گاته ئاستی ئیفلیج بوون و دۆڕاندنی متمانه‌و مانه‌وه‌ی له شه‌قامدا . هه‌ر حکومه‌تێکیش که له شه‌قامدا متمانه‌ی نه‌ما ئه‌وا ته‌نها ڕێگه چاره‌ی گۆڕینی و بنیات نانه‌وه‌ی له‌به‌رده‌مدایه ، وه‌له‌ده‌سه‌تدانی کات و به‌فیڕۆدانی له چاوه‌ڕوانی هێمن بوونه‌وه‌ی شه‌قامدا له ڕێگه‌ی هه‌وڵی پیاوچاکان و ڕیش سپیان و خه‌ڵکانی خانه‌دان و خزمان و پیاوانی ئایینی و هێزو لایه‌نی ناو ساحه‌که ، که هیچ کارلێکه‌ریه‌کیان نیه، هیچ فریادڕه‌سیه‌ک بۆ حکومه‌ت مه‌یسه‌ر ناکات . دواخستنی کات و زیاتر تووڕه بوونی شه‌قام که‌وتنه‌وه‌ی کاره‌سات و ڕژانی دڵۆپه خوێنی زیاتر چاره‌نووسی حکومه‌ت به‌ره‌و کۆتاییه‌کی تراژیدی ئه‌بات و لێپراسراوێتی هه‌موو دواییهاتنێکی خوێناوی و دراماتیکی ئه‌که‌وێته ئه‌ستۆ . به‌ڵام هێشتا گۆڕانکاری هێمنانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بۆ قۆناغێکی داهاتووی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌چوووه و‌ئێستا باشترین ساته‌وه‌ختیه‌تی.
خۆپیشنادانه‌کانی عێراق ، ئه‌گه‌رێک بۆ گۆڕانکاری هێمنانه له کوردستاندا:
ئێستا که ته‌وژمی هه‌ڵچوون و خۆپیشاندانه‌کان گه‌یشته به‌شه‌کانی دی عێراق و به تایبه‌تی به‌غدادو شاره گه‌وره‌کانی دی ، ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوونی ئه‌م شه‌پۆله‌و نه‌وه‌ستانی وه‌کو به‌شێکی به‌رده‌وامی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راست ، مه‌سه‌له‌کان بۆ گه‌لی کورد له لایه‌که‌وه ئه‌شێت ئاڵۆزتر بکات کاتێک به‌و لێک داپچراویه‌وه ئه‌بێته به‌شێک له گۆڕنکارییه‌کانی ناو عێراق، وه له لایه‌کی تره‌وه ئه‌شێت ئه‌گه‌رێکی ئیجابی بۆ کوردستان واڵا بکات به به‌ره‌و پێکهێنانی ناوچه‌یه‌کی زۆر ئازاد تر‌و سه‌ربه‌خۆتر له ده‌سه‌ڵاتی مه‌رکه‌زی و گێرانه‌وه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کان ئه‌گه‌ر به‌پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی به حوکمی واقیع ته‌واو نه‌بێت. چونکه ئاشکرایه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌وژم و شۆڕشی ناڕه‌زاییانه‌ی ناوچه‌که‌ی گرتۆته‌وه ، به‌شدارن له سه‌ربه‌د‌یهێنانی هه‌ندێک به‌های سیاسی و ئینسانی هاوبه‌ش، وه‌کو دامه‌زراندنی سیسته‌می دیموکراسی ڕاسته‌قینه‌و کۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری و گه‌نده‌ڵی و به دیهێنانی عه‌داله‌تی کۆمه‌لایه‌تی و ئابوری ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر وڵاته‌و کۆمه‌ڵگه یه جۆرێک له تایبه‌تمه‌ندێتی خۆی هه‌یه‌و گۆڕانکارییه‌کان به شێوه‌ی جیاواز تیایاندا ڕوو ئه‌دات . بۆ نموونه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پابه‌ند له سه‌ر بنه‌مای خێڵایه‌تی وه‌کو یه‌مه‌ندا به هێزترین سیناریۆی دوای ڕووخانی رژێمی ئێستا دابه‌ش بوونه‌وه‌ی یه‌مه‌نه به‌سه‌ر دوو ده‌وڵه‌ته‌که‌ی جاران و ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆی جیاوازدا. هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه له لیبیا دابه‌ش بوونی وڵات به سه‌رچه‌ندین ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خێڵایه‌تیدا به‌هێزترین ئه‌گه‌ری چاوه‌ڕوانکراوه . له عێڕاقدا که خۆی له ڕاستیدا ئێستا پیكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی و مه‌زهه‌به‌گه‌رایی و ئه‌تنی دامه‌زراوه و له عێراقدا یه‌ک ده‌سه‌لات بوونی نییه ، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵاتی جیاواز هه‌ن ، ئه‌وا به‌رده‌وام بوونی خۆپیشاندانه‌کان و ته‌شه‌نه سه‌ندنی و توند‌و تیژ بوونی به داڕمانی سه‌رجه‌م وڵاتی عێراق کۆتایی دێت ، که نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌که یه‌کێکه له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به شێوه‌یه‌کی دروستکراو پێکهێنراو تا ئێستا نه‌توانراوه شوناسێکی عێراقی هاوبه‌ش له نێوان پێکها‌ته‌کانیدا پێک بهێنرێت . وه له‌پاڵ داواکاریه ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌بنه پێشه‌وای گۆڕانکاری له عێراقدا خۆیان ئه‌بنه فاکته‌ری لێکهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی تا ئێستا نه‌بۆته نیشتمانێکی هاوبه‌شی خه‌ڵكه لێک جیاوازه‌کانی ناوی ، بۆیه ئه‌گه‌ری به‌هێز بۆ کۆتایی ئاراسته‌ی رووداوه‌کان له عێراقدا کۆتایی هاتنی چه‌مکی یه‌کێتی عێراقی به زۆر سه‌پێنراوه . ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش ئه‌و ساته مێژووییه چاوه‌ڕوان کراوه‌و ئه‌شێت ساتی ئه‌و خه‌ونه‌ش بێت بۆ پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی تا ئاستی ده‌وڵه‌ت له م گێژاوه‌دا .به ڵام به‌رجه‌سته بوونی ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌ستراوه‌ته‌وه به دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌یه‌ک بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بۆته‌وه ، ڕێگه چاره‌یه‌کی هێمنانه که تیایدا زمانی جه‌نگ و خوێن نه‌دوێت .
بۆیه پێم وایه ئه‌بێت ئه‌م به‌شه‌ی حکومه‌ت له سلێمانی ناچار بێت بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگه‌ی هێمنانه‌و سیناریۆی گۆڕینی سه‌رجه‌م حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان و دانانی حکومه‌تێکی کاتی و دیاری کردنی ساتی هه‌ڵبژاردنێکی نوێ بخاته به‌رده‌م غرورو ڕازی بوونی ئه‌و هێزه‌ی دی که له قه‌ڵای سه‌خته‌وه بێ باکانه سه‌یری رووداوه‌کان ئه‌کات ، وه‌یان ئه‌بێت ئه‌و تووڕییه‌ی شه‌قام ته‌نها به هه‌ره‌سی خۆیی و داڕمانی بابانێکی دی کۆتایی بێت.
پێم وایه ئه‌رکێکی مێژوویی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی ئه‌گه‌ر هه‌ردوو هێزه به‌شداره‌کای ده‌سه‌ڵاتیش تیایدا به‌شدار نه‌بن بریتیه له به دیهێنانی پرۆسه‌یه‌کی هێمنانه‌ی گۆڕینی ده‌سه‌ڵات به به‌شداری شه‌قام و هه‌موو کاراکته‌ره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه ئه‌ویش :
1- له چاوه‌ڕوانی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی که ئێستا ڕووبه‌ڕووی عێراق بۆته‌وه ، کورد ته‌نها وه‌کو یه‌ک شوناسی یه‌کگرتوو خۆی له به‌رامبه‌ر ئه‌وی دی‌دا ڕابگرێت و به یه‌ک گوتار‌و کرده به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شکان بێته‌وه. لێره‌وه هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کان له هه‌موو ململانێ یه‌کی ناوخۆیی دوور بخرێنه‌وه‌و بکرێنه پارێزه‌ری سنووره‌کانی کوردستان و هێشتنه‌وه‌ی قه‌واره‌که‌ی .
2- حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ست له کار کێشانه‌وه‌ی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت بۆ هه‌نگاو نان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێکی کاتی فراون و تا دیاری کردنی ماوه‌یه‌کی زه‌مه‌نی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی گشتی. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا کشانه‌وه‌ی یه‌کلایه‌نی سه‌رۆکی حکومه‌ت و وه‌زیره‌کانی یه‌کێتی نێشتمانی کوردستان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی که ئیدی ته‌نیا لێپرسراوێتی هه‌موو تووڕه‌ییه که‌ڵه‌که بووه‌کانی چه‌ندین ساڵ ، له سه‌ر خودی یه‌کلایه‌نی خۆی لا به‌رێت و هه‌موو هێزه به‌شداره‌کانی ناو حکومه‌ت بخاته‌وه به‌رده‌م ئه‌و لێپرسراوێتیه‌وه، چونکه پرسیاری شه‌قام ڕووبه‌ڕووی هه‌موو حکومه‌ته نه‌ک ته‌نیا یه‌ک لایه‌نی.
3- له قۆناغی چاوه‌ڕوانکردنی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌شدرای پێ بکرێت بۆ داڕشتنی پرۆژه‌ی جیدی چاکسازی و دانانی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سگایی و جیا کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و سه‌ربه‌خۆییان . بێگومان ئه‌مه ده‌روازه‌یه‌ک بۆ هێزو کاراکته‌ره باڵاده‌ست و خاوه‌ن بڕیاره‌کانی ئه‌م ساته ئه‌کاته‌وه که به سه‌روه‌ری و گه‌شی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌ره‌و مێژوو پیاده بکه‌ن و بتوانین ببینه به‌شێک له دنیای مۆدێرن .
4- حاڵه‌تێکی سروشتی داواکراویشه لای هه‌موو هێزێکی سیاسی به تایبه‌تی لای حیزبه سۆشیال دیموکراته‌کان، له ناویاندا بۆ نموونه پارتی سۆشیالیستی فه‌ره‌نسا که هه‌ر ساتێک ڕووداوێکی چاره‌نووسسازو ناکاوو قه‌یرانێک ، نه‌ک ته‌نها له فه‌ره‌نسا به‌ڵکو له ئه‌وروپاو دنیادا ڕووبدات که هه‌ست بکه‌ن کارلێه‌که‌ری له‌سه‌ر ئه‌و حیزبه‌و به‌هاکانی هه‌یه یه‌کسه‌ر کۆنگره‌یکی ناکاو یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی ساز ئه‌که‌ن به به‌شداری بوونی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری نوێنه‌رانی ئۆرگانه‌کانی حیزبیان بۆ گفت‌و گۆی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌و به‌شداری پێ کردنی ئه‌ندامان له داڕشتنی سیاسه‌ت و تێروانین و بڕیاری حیزب بۆ ئه‌و مه‌سه‌لانه . بۆیه پێویسته یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان پلینیۆم یان کۆنگره‌یه‌کی ناکاو ساز بکات تا ده‌روازه بکرێته‌وه بۆ زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری کادرانی ی ن ک تا بتوانن به شداری له خوێندنه‌وه‌و بڕیاره ستراتیژیه‌کانی ئه‌م ساته وه‌خته مێژووییه‌دا بکه‌ن و ی ن ک وه‌کو حیزب لێپرسراوێتی ئه‌م ساته وه‌خته بگرێته ئه‌ستۆ، نه‌ک ته‌نها که‌سانێکی که‌م له توێژی سه‌رکرده‌ی حیزب که تائێستا له هیچ کاتێکدا ته‌نانه‌ت گوێمان له خوێندنه‌وه‌یه‌کیان نه‌بووه بۆ هیچ یه‌کێک له مه‌سه‌له گرنگه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ، له جیاتی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی که‌نار خراوو گوێ لێ نه‌گیراوی ی ن ک بڕیار بده‌ن، که به شێکی هه‌ڵه کوشنده‌کان له‌و لێکدووری و لێک تێنه‌گه‌یشتنه‌و دیواره سه‌خته‌ی نێوان سه‌رکرده‌کانی ی ن ک و ئه‌ندامانیه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه .