Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
كۆیادی جینۆسایدی کورد هەڵەبجە و ئەنفال

كۆیادی جینۆسایدی کورد هەڵەبجە و ئەنفال

Closed
by April 18, 2011 جینۆساید



کەمتر لە چارەکە سەدەیەک بەر لە ئێستا، هەڵەبجە و ئەنفال وەک بەشێک لە کردەیەکی جینۆسایدی سیستماتیک و پێشتر نەخشە بۆ کێشراو ڕووبەرێکی گەورەی لەژیانی تاکەکەسیی و کۆمەڵگەیی ئێمەی دروست کرد. ئەم تراژیدیایە تەنها ڕوداوێک نیە لە مێژوودا ڕوویدابێت و کۆتایی هاتبێت، وەک چۆن تەنها مەرگی ناوادەی ٢٠٠ هەزار مرۆڤی بێتاوان نیە. تاوانێک نیە تەنها بەرامبەر ئەو ژمارەیە لە مرۆڤ، کەسوکار و قوتاربوانی کرابێت.
کارکردی ئەم مەرگەساتە سنوری کەسەکان و شوێنی ژیانیان، پێکهاتەی ناوچەیی و ئیتنیکی تێپەر دەکات. ئەمە  تاوانێکە دژ بە کۆی مرۆڤایەتی، بەلەژێر پێنانی هەموو بەهاو یاساو نەریتە نێودەوڵەتیەکان کراوە. ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم جۆرە لە تاوان پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاگایی و دەربەستی سەرتاپا گیر و جیهانییە.
ئێمە وەک تاکی کورد، گروپ و ریکخراوەکان هەموو ساڵێک لەیادی ئەم کارەساتەدا ماتەم ئەگێڕین چونکە ئەزانین ئەمانە تەنها ڕووداوێک نین جیمانهێشتبن، بیرەوەرییەک نین تەنها لە دەفتەری یادگاریەکاندا بن. ئەم ڕووداوانە بوون بە بەشێک لەئێمە، ئێمەیان کردە بونێکی بریندار و لەمەش کارەساتتر زۆر جار هەستی ڕاستەقینەی ئێمە ئەم کارەساتە لە داهاتوشماندا ئەبینێت بە گشت ڕەهەندە تۆقێنەر و ترسناکەکانیەوە، ئەو دیدو بیرکردنەوانەی سۆفتوێری ڕوودانی کردەی جینۆسایدین زۆر ترسناکانە ئامادەن. پرۆژەگەلی لەناوبردن، سڕینەوە، دامەزراندنی دەوڵەتی یەکڕەگەزی تا ئەم ساتەش پڕۆژەی چەندین هێزی سیاسین.
چەندین پرسیار یان کیشە هەن کە ڕوبەڕوی هەڵسوڕاوانی دژی جینۆساید دەبنەوە لەوانە بۆچی لەبری یادکردنەوەی مردووەکانی ئەو کاراساتە بیر لە ژیانی زیندووەکان ناکەینەوە؟
سەرەتا یادکردنەوەی کارەساتی هەڵەبجە و ئەنفال لە هیچ دەرکەوتنێکدا ڕێ لە گرنگیدان بە ژیانی زیندوان ناگرێت. بەڵکو ژیاندۆستی بایەخدارتر داکات.  کۆمەڵگەی کوردستان و جیهانیش پێویستی بەگێڕانەوەی بەردەوامی چیرؤکی ئەم کارەساتە هەیە بۆ بەرز کردنەوەی ئاگایی گشتی دژی جینۆساید، هەوڵدان بۆ وەستاندنی و ڕێگرتن لەدووبارە بوونەوەی. ئەم کردارانە بەردەوام ئەگەری ڕوودانیان  هەیە لەڕووی ئامادەبونی بیرکردنەوەی جینۆسایدیو بونی شێوەیەک لەو کێشەو ململانێیانە کەدەکرێ دەروازەیەک بن بۆ ڕودانی کردەی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید.
یادکردنەوەی ئەم برینانە باشترە بۆ بە‌هێزکردنی ئینتیمای دژە توندوتیژی بێت نەک گەشاندنەوەی پشکۆی ڕق و تۆڵەکردنەوە.
كێشەیەکی تر كێشەی ئەو تەرزە لەبیرکردنەوەیە کە ئەنجام و کارکردنەکانی ئەنفال و هەڵەبجە تەنها لەسەر ئەو ڕوبەرە جوگرافی و پێکهاتە مرۆییە دەبینێ کە ڕاستەوخۆی بەر کردەکانی جینۆساید کەوتوون. لەکاتێکدا پلانی لە پێشینە و بە نەخشە بۆ سڕینەوەی ڕەگەزی کورد تەنها دژی ئەو ناوچانەو ئەو بەشەی پێکهاتی کۆمەڵگەی کوردستان نەبوو، بەڵکو دژی کورد بوو وەک گشت.هەلەبجەو ئەنفال بڕیارێکی مەرگی کاتەگۆریانە بوو بۆیە ئێمە هەموومان سەرڤایڤەری ئەنفال و هەڵەبجەین، هەموومان ئامانجی لەناوبردن بوین و ڕزگاربوی ئەو کارەساتانەین. سەیریش نیە وەک قوتاربویەک رەفتار بکەین هەر ئەمەش دروستیی پێناسەی جینۆسایدیانەی کاراساتاکانی کورد ئەکات. بەشێکی تر لە كێشەکە ئەو جۆرە نزیکبونەوەیە کەپێیوایە کەدەبێ ئەم یادانە تەنها لە کۆنفرانس و بۆنەو کۆبونەوە جیهانیەکانداو بەزمانی بیانی و بۆ بیانی باسبکرێت. چونکە وەک ئەمان دەڵێن کورد هەموو دەزانن لە هەڵەبجە و ئەنفالدا چی ڕوویداوە. ئەمە ڕاستییەکی زۆر سەرەتاییە کە ناساندنی جینۆسایدی کورد لە ئاستی جیهاندا گرنگی زۆری هەیە لەوانە:
*  تێگەشتنی ڕاستی ئەو ڕوداوانەی سەدەیەکە ڕوبەڕوی کورد ئەبنەوە
*  دروستکردنی پشتیوانیەکی جیهانی بۆ کێشەی کورد و ڕێگرتن لەبەردەوامی و ڕونەدانەوەی کردەی جینۆساید
*  نێودوەڵەتی بونی كێشەی چارەنوسی سیاسی کوردستان
کەماسی ئەم ڕوانینە لەوەدایە کە (هەڵەبجە و ئەنفال) تەنها لە ڕەهەندە مێژووییەکەی و وەک ڕووداوێکی مێژووی ڕاگوزه‌ر تەماشا ئەکات. خۆنەبان ئەکات لەوەی کە ئەو ڕوداوانە کەسێکی تاکی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی گۆڕیوە. ڕەتکردنەوەی ڕیچوالی کۆیادی ئەو کارەساتە لەبەرژەوەندی پڕۆژەی سڕینەوەی بونی کوردە وەک نەتەوەیەک کەکراوەتە ئامانجی لەناوبردن.
بۆیە کۆیادی ئەم کارەساتەو هەوڵدان بۆ کردنیان بەڕیچواڵێکی ڕۆحیوو کۆمەڵایەتی، هۆکارێکی گرنگی ڕەتکردنەوەو بەرەنگاربونەوەیە دژی ئەو پرۆژانەی سڕینەوەیان کردۆتە ئامانج.
ئەبێت ئەم کۆیادە لەسەر ئاستی تاک، گروپ، کوردستانو جیهانیش زۆر بە بایەخەوە، بکرێتەوە بۆ بەرەنگاربونەوە و وەستانی جینۆساید دژی کورد یان هەر گروپ و ئتنیکێکی تر. گەرەنتیش بۆ ئەمە دەنگ هەڵبڕینو گێڕانەوەی چیرۆکی کارەساتەکانە بۆ خۆمانو نەوەی نوێ و مرۆڤایەتی. تابتوانین فەرهەنگێکی پلورالیستی، پر لەلێبوردەیی و جیهانێک ئارا بێنێن کەجێی هەموومانی تیا ببێتەوە.
خەباتی دژی جینۆسایدی کورد چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە لەوانە ناسینی کارەساتی ئەنفال وەک کردەی جینۆسایدی دژی کورد لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ناسینی هەڵەبجە وەک جینۆساید لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی عێراقەوە، ناسینی هەڵەبجە وەک کردەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە پەرلەمانی کەنەدا و کردنە باسوخواسی جدی لەناوەندکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتی نێودەوڵەتی و کۆڕوکۆبونەوەی مافناسەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.ڕێکخستنی چەندین کۆبونەوەی و کۆنفرانسی گەورە لەسەر ئەم کارەساتانە.
ئەمانە و چەندینی تر هەموو دەسکەوتی گەورەن بەڵام دەزانین دەکراو ئەشکرێت دەسکەوتی باشترمان هەبایە هەم لە ئاستی جیهانی و هەم لەئاستی ناوخۆیشدا.
ئەم یادە وەک پێویست نەبۆتە ڕێچواڵێکی کۆمەڵایەتیی و ڕۆحی بۆ تاکی کورد لەناوخۆو دەرەوەی کوردستان. لەئاستی قوتاربوانی هەڵەبجەو ئەنفالیشدا. هەرچەندە قوربانیاکانی هەڵەبجەو ئەنفال بونە نوێنەرو سەفیری نەناسراوی کێشەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ئاستی جیهاندا، جیهانیان توشی شۆک کردو ڕایانپەڕاند و چاویان کردنەوە بەرامبەر کێشەی کورد. كەچی کەسوکاری قوربانیانی ئەم کارەساتەو قوتاربوانی ئەو مەرگەساتە تا ئێستاش گرنگیان بەقەد قوربانیدانەکانیان پێنەدراوە بەڵکو زۆر پەراوێز خراون و زۆربەیان لە کوخ و ماڵە قوڕینەکانیان بەدور لەهەر خزمەتگوزاری ی ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە چاوەروانی هەواڵی ئازیزەکانیانن.
بۆیە ئەرکی هەرەدەستبەجێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە ئاستی قوربانیدان و زیانلێکەوتوی مادی و مەعنەوی ئەم بەشەگرنگەی كۆمەڵگەی کوردستان تێبگات و بەقەد گرنگی و قوڵی زامەکانیان گرنگیان پێبدات.
کۆیادی هەڵەبجە و ئەنفال نەبنە ساڵانە بەڵێنی سیاسی و بەتاڵ. پێویستە ئەم كێشەیە وەک كێشەیەکی سەنتەری و ستراتیژ کە بەشێکی گەورە لە شوناسی ئێمە پێک دە‌هێنێت تەماشابکرێت بۆیە با کۆیادی ئەمساڵمان پڕبێت لە پلانی کار بۆ:
*  باشکردنی جۆری ژیانی قوتاربوانی جینۆسایدی کورد
*  کۆیادی هەڵەبجەو ئەنفال بکرێتە ڕێچواڵێکی كۆمەڵایاتی لە كۆمەڵگەی کوردستانی و لە ناو   کوردستانیانی دەرەوەدا
*  کاردکردنی زیاتر بۆ ناساندنی لە ئاستی سیاسی و یاسایی جیهاندا
*  هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ژینگەیەکی پڕ تەناهی و لێبوردەی بۆ گەلی کوردستان و هەموو ئەو ئتنیک و نەتەوانەی لەگەڵ و دەوروبەری دەژین.


دارای محامی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.