کێ بڕیار بۆ شه‌قام ئه‌دات ..؟
شه‌قام بڕیار ده‌ری گه‌مه‌ی دیموکراسی :
له‌و سیسته‌مانه‌دا که به میکانیزمه‌کانی دیموکراسی کار ئه‌که‌ن و پرۆسه‌ی حوکمڕانی تیایاندا له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیه‌وه ئه‌نجام ئه‌درێن ، شه‌قام به‌و مانایه‌ی نوێنه‌ری جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوانه ، به توێژ‌و پێکهاته جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه ، پانتایی سه‌ره‌کی خودنماییش کردنی هێزه سیاسیه ڕکابه‌ره‌کان و کارلێکه‌رییانه له هه‌موو ئاسته‌کانی ئه‌و گه‌مه دیموکراسیه‌دا ، که بریتیه له قۆناغی پێش گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و قۆناغی دوای گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و شوێنی بڕیار. واته شه‌قام له‌و سیسته‌مانه‌دا به شێوه‌یه‌ک فه‌زای سه‌ره‌کی بزووتنه‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌کانه که قورسایی و مێژوو پرۆگرام و پره‌نسیپه‌کانی خۆیانی تێدا ئه‌خه‌نه کار له گه‌یاندنیاندا بۆ ده‌سه‌ڵات . له قۆناغی ده‌سه‌ڵاتیشدا هه‌مان ئه‌و میکانیزمانه ئه‌خه‌نه کار بۆ کۆنترۆلکردنی شه‌قام و به‌ده‌ستهێنانی ئارامی و متمانه‌ی . بێگومان له‌و گه‌مه دیموکراسیانه‌دا ئه‌و هێزانه‌ی له قۆناغی دووه‌مدا پێگه‌ی حوکمڕانی و بڕیاری سیاسی به‌ده‌ست ناهێنن و ئه‌که‌ونه به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه ، ئه‌وا دووباره خودنماییش کردنی خۆیان له ناو شه‌قامدا چر ئه‌که‌نه‌وه بۆ تێکدانی ئارامی هێزی نه‌یار له ده‌سه‌لاتدا. لێره‌شدا شه‌قام چه‌نده کارلێکراوو بابه‌تی خود ڕه‌نگپۆشینه به ئاڵا‌و ڕه‌نگی هێزه ڕکابه‌ره‌کان ، هێنده‌ش کاریگه‌رو بڕیارده‌ره له سه‌ر چاره‌نووس و شوێنی ئه‌و هێزانه له پێگه‌ی ده‌سه‌لات و بڕیاری سیاسی‌دا. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م پرۆسانه که زیاد له‌سه‌ده‌یه‌که مێژووی ژیانی کۆمه‌ڵگه دیموکراسیه‌کان به‌ڕێوه ئه‌بات ، له‌گه‌مه‌یه‌ک زیاتر هیچی دی نییه‌و بۆته جۆرێک له ناکۆکیه‌کی سروشتی نێوان هێزه سیاسیه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه که به‌شێوه‌یه‌کی ده‌وری ئه‌بنه کاراکته‌ری ئه‌و پرۆسه‌یه له‌ناو سه‌رجه‌م سیسته‌مێکی ده سه‌ڵاتیی ده‌سگایی و پێکهاته‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی – نه‌ته‌وه ، وه‌کو چه‌ترێکی ئارام بۆ گشت . چه‌ترێک که هه‌موو هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نیه‌کانی له ژێر سایه و به‌ر‌ژه‌وه‌ندی باڵایدا ، ته‌نها له ڕێگا‌ی جیاوازی له پرۆگرام و تێڕوانینی ئایدۆلۆجیان بۆ ڕكێخستنی قۆناغێکی سیاسی ، ئابوری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، کۆمه‌ڵگه یه‌کی خۆی له خۆیدا ڕێکخراو له ڕووی دامه‌زراوه‌یی و یاساییه‌وه ، ناکۆکیه‌کانیان ڕێک ئه‌خه‌ن و له شه‌قامدا یه‌کلایی ئه‌که‌نه‌وه . ئیدی ئه‌گه‌ر به میکانیزمه‌کانی دیموکراسی بێت ، یان به مافه دیموکراسیه‌کان له یاخی بوون و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی میتۆدی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کدی . ئه‌وه‌ی دواجار به پارێزراوی و پیرۆزکراوو هه‌ڕه‌شه لێ نه‌کراو له کۆتایی هه‌موو قۆناغێکی ناکۆکیه‌کندا ئه‌مێنێته‌وه ، کۆی سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتیه ده‌سگاییه‌که‌یه ، که به ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات و گۆڕانکاری له ڕه‌نگه سیاسیه‌کانیدا بونیاده سه‌ره‌کیه‌کانی کارکردنی تووشی تێکچوون و شڵه‌ژان نابێت ، تا ڕاده‌یه‌ک که ئێستا ئه‌بینین ئه‌م سیسته‌م و کۆمه‌ڵگه دیموکراسیانه له قۆناغێکدا ئه‌ژین که تیایدا دوور که‌وتنه‌وه‌یه‌کی ئاشکرا له نێوان خه‌ڵک و سیاسه‌تدا ئه‌بینرێت و تا دێت به‌شداری شه‌قام به تایبه‌تی نه‌وه‌ی نوێی له و گه‌مه دیموکراسیانه‌دا که‌م تر ئه‌بێته‌وه ، وه‌ک چۆن تێبینی ئه‌کرێت که له‌و وڵاته دیموکراسیانه‌دا ڕێژه‌ی به‌شداری کردن له هه‌ڵبژرادنه‌کاندا له ئاستێکی نزمدایه ، که‌ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر مانایه‌کی هه‌بێت ئه‌وه‌یه که زۆر جار به‌شێکی زۆری شه‌قام بێ باکانه له ڕکابه‌ری هێزه سیاسیه‌کانی ئه‌م وڵاتانه ئه‌ڕوانێت و گۆڕینی ڕه‌نگ و ئاڵاکانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌نده لا گرنگ نیه ، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هۆشیاره به‌وه‌ی که خودی سیسته‌مه‌که خۆی بۆته ڕێکخه‌ری هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان و زامنی ئارامی کۆمه‌ڵگه‌و، گرنگ ئه‌وه‌یه گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان و یان ڕه‌نگه‌کانی سیاسه‌ت هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه و بونیاده‌کانی دروست ناکات . بێگومان ئێمه باس له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه ئه‌که‌ین که پرۆسه‌ی سیاسی تیایاندا له هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا ته‌نانه‌ت له ساته‌کانی قه‌یرانی سه‌ختی سیاسی و ئابوری و ئیفلیج بوونی حکومه‌تیشدا بۆته گه‌مه‌یه‌کی دیموکراسی و گۆڕانکارییه‌کی هێمنانه که شکست و سه‌رکه‌وتن تیایاندا کۆتایی ته‌واو ناگه‌یه‌نێت.
گه‌مه‌ی سیاسی له‌ناو سیسته‌مدا:
شتێکی سروشتیه که له‌ژێر سایه‌ی دیموکراسیه‌تدا توخمێک نییه پێی بووترێت ئۆپۆزیسیۆنی بنیاتنه‌ر . کاری ئۆپۆزیسیۆن بریتیه له شکست پێ هێنانی ئه‌و حکومه‌ته‌ی که خۆی نه‌یتوانیوه له ڕێگه‌ی ده‌نگ و بڕیاری شه‌قامه‌وه به ده‌ستی بێنێت. ئۆپۆزیسۆن له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تێکدا که خۆی تیایادا به شدار نیه‌و له په‌رله‌مانێکدا که خۆی تیایدا زۆرینه نیه‌و بڕیار ده‌ری پرۆژه‌کان نییه ، خستنه کاری پلانی ڕووخاندنی حکومه‌ته له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ شه‌قام ، به‌ڵام بێگومان ئۆپۆزیسیۆن له‌و سیسته‌مه دیموکراسیانه‌دا ووشیاره به‌و ڕاستیه‌ی که ڕووخاندنی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ته‌نها گه‌مه‌یه‌ک نیه ، به‌ڵکو ئه‌بێت بزانێت له چ ئاستێک‌دا شکست و هه‌ڵه‌کانی حکومه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌خاته گه‌ڕ بۆ کۆتایی پێ هێنانی و خستنه کاری پرۆژه‌ی خۆی ، ئۆپۆزیسیۆن به بێ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه کوشنده‌کانی حکومه‌ت و سیاسه‌ته چه‌وته‌کانی و به بێ پرۆگرامێکی ئه‌لته‌ر‌ناتیڤ ته‌نها بۆ گه‌مه نا‌توانیت له شه‌قامدا جه‌نگی ڕووخانی حکومه‌ت راگه‌یه‌نێت که دواتر به‌شکست به‌سه‌ر خۆیدا بکه‌وێته‌وه . ئۆپۆزیسۆن ئه‌و کاتانه پلان وپرۆگرامی خۆی بۆ ڕوخانی حکومه‌ت ئه‌خاته کار که تیایدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شکستی سیاسه‌ت و پرۆگرامه‌کانی له‌شه‌قامدا ئه‌بینێت و کاتێک وڵات ئه‌که‌وێته قه‌یرانێکی بێ ده‌رچه‌وه که مانه‌وه‌ی حکومه‌ت تیایدا ئاسته‌کانی ئه‌و قه‌یرانه سه‌ختتر ئه‌کاته‌وه. لێره‌وه ئۆپۆزیسیۆن جه‌نگی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له حکومه‌ت و شکست پێهێنانی به‌رپا ئه‌کات، نه‌ک ته‌نها له ناو ده‌سگاکانی نوێنه‌رایه‌تیدا وه‌کو په‌رله‌مان ، به‌ڵکو ستراتیژی گه‌مه‌کان ئه‌گۆڕێت وزیاتر جه‌نگه‌که ئه‌گه‌ڕێنیته‌وه بۆ ناو شه‌قام وه‌کو دوا توخمی کاریگه‌رو بڕیار ده‌ر له کۆتایی قه‌یرانه‌کان و پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی پێکدادانی سیاسی و یه‌کلایی که‌ره‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان و جه‌نگی گه‌ییشتن به‌ده‌سه‌ڵات.
ئۆپۆزیسیۆن له‌و قۆناغانه‌دا ستراتیژی شکست پێ هێنان و ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵات ئه‌خاته کار که ئیتر خودی ده‌سه‌ڵات ئه‌بێته هۆکاری خوڵقاندنی قه‌یران بۆ سه‌رجه‌م سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌و هه‌موو پێکهاته‌کانی تووشی له‌کارکه‌وتن و ئیفلیج بوون ئه‌بن ، تائه‌و ڕاده‌یه‌ی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵات ناتوانن به‌رده‌وامی به‌و قه‌یرانه بده‌ن . بێگومان ئۆپۆزیسۆن ڕۆلی خوڵقاندنی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش پیاده ئه‌کات له ڕێگه‌ی بزاوندنی شه‌قامه‌وه ، واته له کاتێکدا ناتوانێت له ڕێگه‌ی میاکنیزمه‌کانی دیموکراسیه‌وه له په‌رله‌ماندا زۆرینه به‌ده‌ست بێنێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ، ئه‌وا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و میکانیزم و ده‌سگایانه‌وه ، له نێو جه‌ماوه‌رو شه‌قامدا به دوای زۆرینه‌دا ئه‌گه‌ڕێت . ڕۆلی شه‌قام لێره‌دا بڕیارده‌رو جاره‌نووس سازه‌و ته‌نها له دوای پرۆسه‌کانی ده‌نگدان و سنووقه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه کۆتایی نایه‌ت وبه‌ڵکو قه‌باره‌ی گرنگی شه‌قام له‌وه‌دایه که له هه‌موو ساتێکدا توانای دووباره گۆڕینی ڕه‌نگه سیاسیه‌کانی هه‌یه .
که‌لتوری سیاسی فه‌ره‌نسی خاوه‌نی مێژوویه‌کی پڕ رووداوی ئه‌و جه‌نگه‌ی نێوان هێزه سیاسیه‌کانیه‌تی که به‌ته‌نها ده‌سگا دیموکراسیه هه‌ڵبژێردراوه‌کانی ده‌سه‌لات تاکه پانتایی بڕیار و پێکدادانی ناکۆکیه‌کان نین ، وه زۆرینه‌و که‌مینه له په‌رله‌ماندا تاکه پێوانه‌ی پێگه‌و قورسایی هێزه سیاسیه کان نیه ، به‌ڵکو هێزێکی که‌مینه له هه‌موو کاتێکدا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له سه‌ر به‌ده‌نگهاتن له‌سه‌ر پرسیاره ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه گرنگه‌کان له ڕێگه‌ی شه‌قامه‌وه هه‌موو پێگه‌و قورساییه سیاسیه‌کان له شوێنه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا تووشی گۆڕان بکاته‌وه. کاتێک که ده‌وڵه‌ت ئه‌گاته ئاستێکی قه‌یرانی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌رکۆی سیسته‌مه‌که ئه‌بێت و تیایدا شه‌قام ئه‌بێته شانۆی نماییش کردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌و هۆکاری ئیفلیج بووونی سیسته‌مه‌که ، که له‌ڕووی سیاسیه‌وه هێزی ده‌سه‌ڵاتدار ڕووبه‌ڕووی له‌ده‌ستدانی دڵنیایی و متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌کاته‌وه، ئه‌و ساتانه خودی ده‌سه‌ڵات خۆی ناچار بووه به هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌چاره‌ی ئاشکرا کردنی شکستی خۆیی و خود هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و دووباره سازدانی پرۆسه‌یه‌کی دی سیاسی که تیایدا مه‌به‌ستی خستنه‌وه‌کاری سیسته‌مه‌که‌یه که به‌هۆی جۆرێک له میتۆدی سیاسی ، ئابوری یان کۆمه‌ڵایه‌تی هێزێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه تووشی له‌کارکه‌وتن و داخراوی بووه له بازنه‌یه‌کی قه‌یراناویدا . که‌واته ئه‌وه‌ی ڕوو ئه‌دات له‌م حاڵه‌تانه‌دا ڕووخاندنی سیسته‌مێک نیه که بونیاد‌و مێژووییه‌کی کاری خۆی هه‌یه له سه‌ر هه‌ندێک پره‌سنسیپی چه‌سپاوو نه‌گۆر، که هه‌موو پێکهاته هێزه دژ به یه‌که‌کانی ناوی ناکۆکیان نییه له‌سه‌ری ، که ئه‌ویش پرۆسه‌کانی دیموکراسیه‌ته ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته چۆنێتی کار کردن و خستنه کاری پرۆگرامه سیاسیه حیزبیه‌کانه له‌ناو خودی ئه‌و سیسته‌مدا و تا چ راده‌یه‌ک به‌ره‌نگاری خواست و یاخی بوونی شه‌قام نابێته‌وه. له مێژووی سیاسی فه‌ره‌نسادا له سه‌ره‌تای دامه‌زراندی جمهوریه‌ته‌وه که ئێستا فه‌ره‌نسا زه‌مه‌نی پێنجه‌م جمهوریه‌ت ئه‌ژی ، جگه له چه‌ندین گۆڕانکاری حکومی و کابینه وه‌زاریه‌کان ، له پێنج قۆناغی زه‌مه‌نی جیاوازدا که کۆمه‌ڵگه‌ی فه‌ره‌نسی تووشی قه‌یرانێکی سه‌رتاسه‌ری بۆته‌وه که به قه‌یرانی ئیفلیج بوونی سیسته‌می حوکم ناسراون و تیایاندا چی دی نه‌توانراوه به‌ردوامی به و په‌یوه‌ندیه‌ی نێوان هێزه سیاسیه‌کانی بدرێت ، بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌وپێكهاته ده‌سه‌ڵاتیه‌ی ئه‌و قۆناغه دراوه که ئه‌گه‌ر چی پێشتریش له ڕێگه‌ی پرۆسه‌یه‌کی سیاسی دیموکراسی ئاساییه‌وه بنیات نرابێت . ئه‌وه‌ی گرنگیشه له هه‌موو قۆناغه‌کاندا هێزی ده‌سه‌ڵاتدار که خاوه‌نی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان بووه‌و حکومه‌تی به‌ده‌سته‌وه بووه ئیتر چه‌پ بێت یان ڕاست خۆی ده‌سپێشخه‌ر بووه له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بڕیاره‌دا وه‌کو خواستێکی ناچاری و پێویست بۆ ده‌رباز کردنی سیسته‌مه‌که له‌و قه‌یرانه‌ی تێێ که‌وتووه‌و جگه له‌وه هیچ ڕێگه چاره‌یه‌کی دی له به‌رده‌مدا نه‌بووه.
شارل دیگۆلی ڕابه‌ری ڕاستڕه‌وه‌ی سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا ، له 1962 دا بۆ ده‌رباز کردنی وڵات له‌و کێشه سیاسیه سه‌ختانه‌ی نێوان چه‌پ و ڕاست و نه‌بوونی بنه‌مایه‌کی ده‌ستوری بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک که تا ئه‌و کاته له ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵئه‌بژێردراو، جگه له کێشه ئابوری و کۆمه‌ڵایاتیه سه‌خته‌کان و هه‌ڵوێستیش له مه‌سه‌له‌ی جه‌زائیرو موسته‌عمه‌ره‌کانی دی که شه‌قامیان به‌دره‌وام هه‌ژاندبوو ، بڕیاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی په‌رله‌مانی دا بۆ ڕێگه خۆشکردن بۆ گۆڕینی ده‌ستورو هه‌ڵبژاردنی راسته‌وخۆی سه‌رۆکی وڵات له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتیه‌وه . هه‌روه‌ها له 1968 دا هاوکاتی یاخی بوون و خۆپیشاندانی مایسی نه‌وه‌ی لاوان و خوێنده‌وارو کرێکاران و چینی ناوه‌ندو هه‌ژار و ڕۆشنبیران ، که به هه‌موو هێزی خۆیانه‌وه ڕژابوونه سه‌رشه‌قام و ڕووداوه‌کان کاره‌ساتی خوێناوی لێ که‌وته‌وه ، دووباره شارل دیگۆل تاکه ڕێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌ڵبژارد که ئه‌وه خواستی سه‌ره‌کی شه‌قامیش بوو بۆ ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه.
فرانسوا میتێرانی ڕابه‌ری چه‌پی فه‌ره‌نسی له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی خۆیدا دووجار له 1981 و 1988 دا بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌تی دا ، ئه‌ویش وه‌کو وه‌ڵامێکی ئه‌و باره ئیفلیج بوونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تێوه‌ی گلا بوو به هۆی قۆناغی ناچاری پێکه‌وه حوکم کردنی چه‌پ و ڕاست له ده‌سه‌ڵاتدا و پێکه‌وه نه‌گونجان و کارنه‌کرنیان ، که سه‌رۆکی وڵات ڕابه‌ری چه‌پ بوو وه سه‌رۆکی حکومه‌ت به پێی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان له به‌ره‌ی ڕاست بوو، که پێکه‌وه توانای به‌رده‌وامی دانیان به سیسته‌مه‌که نه‌بوو ، بۆیه میتێران تاکه خواستی ده‌رباز کردنی سیسته‌مه‌که‌ی له هه‌ڵوه‌شنادنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و بڕیاری دووباره هه‌ڵبژرادنی پێشوه‌ختدا بینیه‌وه .
هه‌روه‌ها جاک شیراکی ڕابه‌ری به‌ره‌ی ڕاست له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی خۆیدا ،له کاتێکدا کۆتایی ساڵی 1996 فه‌ره‌نسا بۆ ماوه‌ی دوو مانگ سه‌خترین و درێژخایه‌نترین خۆپیشاندان و مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری به خۆوه بینی که سه‌رجه‌م شه‌قامی فه‌ره‌نسای هه‌ژاندوو پایه‌و ڕیشه‌کانی سیسته‌می ئابوری ، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ته‌واو ئیفلیج کرد ، ناچار شیراک له سه‌ره‌تای 1997دا پاش ملنه‌دانێکی دوومانگه بۆ خواستی جه‌ماوه‌رو شه‌قام دواجار بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ڕاگه‌یاند که دواتر به سه‌رکه‌وتنی ستراتیژی به‌ره‌ی چه‌پ و سۆشیالیست کۆتایی هات که توانیان تا ئه‌و ئاسته شه‌قام بهه‌ژێنن که ته‌واو متمانه‌ی له ده‌سه‌ڵات سه‌نده‌وه‌و له هه‌ڵبژرادنی دواتردا له گه‌مه دیموکراسیه‌که‌دا پێگه‌ی ده‌سه‌لاتیشیان له ژێر ده‌ستی ڕاست ده‌رهێنا . بێگومان ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێکی به‌رجه‌سته‌ی شوێنی شه‌قامه له‌و گه‌مه سیاسیانه‌دا که هه‌میشه وه‌کو دوا براوه‌و بڕیارده‌ری گه‌مه‌کان دێته‌وه سه‌ر شانۆی سیاسی و ئاماده‌یی شه‌قام له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌لاتدا هه‌رده‌م له وه‌ڵامی ئه‌و ڕسته ناوداره‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووتری فه‌ره‌نسا دا ده‌رئه‌که‌وێت، کاتێك له کاردانه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی فه‌ره‌نسای حوزه‌یرانی 2004دا ووتی ( ئه‌وه شه‌قام نییه که حوکم ئه‌کات ) به‌ڵام شه‌قام به شێوه‌یه‌ک وه‌ڵامیان دایه‌وه که حوکمیان لێ سه‌نده‌وه‌و شکستیان به کابینه‌که‌ی هێنا .
سیسته‌می نائارام و گه‌مه‌ی دیموکراسی:
بێگومان بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووانه‌و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و شێوازه دیموکراسیانه هۆشیارکردنه‌وه‌ی خۆمانه به‌وه‌ی که ئێمه لێره‌دا هه‌ر باس له کۆمه‌ڵێک پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌که‌ین له ناو سیسته‌مێکدا که ئه‌گه‌ر له زۆربه‌ی جاره‌کانیشدا به هه‌ژاندنی شه‌قام و کاری توند‌و تیژی و ئیفلیج بوونی ئابوری و زیانی سه‌خت و تا ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی شه‌ڕانگێزی فیکری هێزو پێکهاته‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌و یان به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌ی ئۆپۆزیسۆن و شه‌قام ته‌واو ئه‌بێت ، به‌ڵام ته‌واوی پرۆسه‌که له شێوه‌ی گه‌مه‌یه‌کدا روو ئه‌دات که هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و مه‌نزومه سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی وکه‌لتوریه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌و وڵاتانه دروست ناکات که ڕووداوه‌کان تیایاندا ڕوو ئه‌دات . به‌ڵکو هاتنه پێشه‌وه‌ی قۆناغێکی پێویستیه بۆ ده‌رباز کردنی سیسته‌مه‌که له ڕووخان ، هه‌رله به‌ر ئه‌وه‌شه له خوێندنه‌وه سیاسیه‌کاندا هه‌ر به زاراوه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی نێوان هێزه‌کان پێناسه ئه‌کرێت .
لێره‌وه ئه‌کرێت پرسیار بکه‌ین ئایا ئۆپۆزیسیۆنی کوردی که که‌مینه‌یه‌کی سیاسیه و هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات نییه مافی داوا کردن و یان بانگه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه حکومیه‌ی ئێستای کوردستانی هه‌یه …؟ که ڕاستتر ئه‌م داوایه له داوکارییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا به ئاشکرا ته‌عبیری لێ کراو دواتر به شیوه‌یه‌کی دی که‌وته پشتی داخوازیه‌کانی شه‌قام و ستراتیژی هه‌ژاندنی .
بێگومان داواکاری هه‌ڵوه شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مان له لایه‌ن تاکه‌که‌سه‌وه بێت، یان توێژێکی دیاری خۆپیشانده‌ران یان جه‌ماوه‌ر یاخود ئۆپۆزیسیۆنی که‌مینه‌ی ناو په‌رله‌مانه‌وه بێت ، وه‌کو داواکاری له ناو میکانیزمه‌کانی دیموکراسیه‌تدا، ده‌رچوون نییه له هێڵه سوور‌و ده‌ست لێ نه‌دراوه‌کان و هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر ئاساییشی نیشتمانی و یان له‌قکردنی ئه‌و سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتیه‌ی که تا ئێستا خۆی نه چه‌سپاندووه و تا ئێستا خۆی له قۆناغی ئه‌زموونیدا هێشتۆته‌وه. وه ته‌خوین کردنی داوایه‌کی وا که ده‌سکاری ئه‌و ئارامیه هه‌میشه له ق و هه‌ڕه‌شه لێ کراوه‌ی یه‌کێتی نێوان پێکهاته‌کانی کوردی له ئه‌زموونێکدا که توانای نیه وه‌کو شوناسێکی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نماییش بکات ، له ڕاستیدا زه‌نگێک ببو که زیاتر ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی هه‌ژاند و ئه‌و ڕاستیه‌ی بیر خسته‌وه که خودی ئه‌م ئه‌زموونه خۆی له خۆیدا به‌و لێکدابڕاویه له‌ناو خۆیدا ، هه‌میشه بابه‌تی سه‌ره‌کی لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و په‌رت بوونه به‌شیوه‌یه‌کی تراژیدیانه وشه‌ڕی ناوخۆ له‌نێو ئه‌و پێکهاتانه‌دا که تا ئێستا وه‌کو هێز وگروهی جیاوازی ناوچه‌و خێل و پێكهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که ئایدۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت وابه‌سته‌یی ئه‌ندامه‌کانی ڕێکخستووه ، هه‌موو به گوتاری جیاواز و شه‌ڕانگێز به‌یه‌کدی به‌رامبه‌ر به یه‌ک ڕاوه‌ستاون . به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی له‌نێو هه‌ناوی ئه‌م ئه‌زموونه‌و پێکهاته‌کانیدا ڕوو ئه‌دات له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه ، جه‌نگی نێوان ئه‌و گوتاره جیاوازانه‌یه‌تی بۆ به‌خشینی شوناسی خۆیان به‌و ئه‌زموونه‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له پێکهاته‌ی ئه‌واندا، جا ئیدی پێکهاته‌ی عیلمانی ئایدیۆلۆژی ، دینی ، نه‌ته‌وه‌یی پێشکه‌وتنخوازی یان گروهی ناوچه‌یی خێڵ بێت . له‌پاڵ ئه‌م جه‌نگه سه‌ره‌کیه‌دا که هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی کورد که نوێنه‌رایه‌تی پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تیه ئاڵۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ئه‌که‌ن و تیایدا به‌شدارن ، هێشتا هیچ بیانوویه‌ک نییه بۆ ئه‌و هێزانه‌ی تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه‌و خۆیان به‌سه‌ر کۆی پێکهاته‌کانی ئه‌و ئه‌زموونه‌دا بلاو کردۆته‌وه ، که به ناوی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و شه‌رعیه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌میشه به‌ره‌دوامی به‌و شێوه ناڕێک و له مانای سیسته‌م به‌ده‌ره‌ی ئه‌م ئه‌زموونه ده‌سه‌ڵاتیه‌ی کوردستان بده‌ن ، که تا ئێستا ئیشکالیه‌تی به سیسته‌م بوونی هه‌یه و تا ئێستا له ڕاستیدا ناتوانرێت پێناسه‌ی ده‌زگایی پێ بدرێت . ئه‌و مۆدێله‌ی حوکمی کوردستان ئه‌کات ، سیسته‌مێکه تا ئستا به نادڵنیایی و نائاماده‌یی باوه‌ڕ به‌یه‌ک بوونی نێوان پێکهاه‌تاکانی به‌ڕێوه چووه‌و تا دێت مه‌ترسی له سیسته‌م نزیک بوونه‌وه‌شی ترسناک تر ئه‌بێت ، چونکه ئه‌و هێزانه‌ی که سه‌رجه‌م پایه‌و به‌شه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان بنیات ناوه هێنده‌ی ئه‌م ئه‌زموونه له سیسته‌م دوور ئه‌خه‌نه‌وه هێده‌ش زیاتر خۆیان تا دێت ئه‌بنه سیته‌مێکی تۆکمه‌و به‌هێزی له ناوخۆدا داخراو که توانای تێکه‌ڵ کردنی خواست و گوتار‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌ناو کۆی سیسته‌مێکی یه‌کگرتوودا که به‌رجه‌سته‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات ، له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن . تا به‌رژوه‌ندی و پایه ناوخۆکانی خۆی زیاتر‌و به هێز تر ئه‌بێت ئه‌وه‌نده زیاترئه‌م هێزانه له یه‌کدی نزیک بوونه‌وه‌و تێکه‌ڵکردنی خواستی ستراتیژی خۆیان دوور ئه‌که‌ونه‌وه چونکه هه‌ڵگری یه‌ک ستراتیژن که‌ئه‌ویش به‌خشینی ته‌نیا یه‌ک شوناسی خوده به کۆی سیسته‌مه‌که.
کام فۆرم بۆ دوای ڕوخان؟
پرسیاری سه‌ره‌کی لێرده‌ا ئه‌وه‌یه ئایا له کاتێکدا که ئۆپۆزیسیۆن داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێستای کوردستان ئه‌کات ، ئه‌و سیسته‌مه چ بونیاد و پێکهاته‌یه‌کی هه‌یه و مۆدێلی چاوه‌ڕوانکراوی دوای ئه‌و چییه ؟ له ساتێکدا ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌ک بۆ ئه‌م ساته‌وه‌خته مێژووییه‌ی ئێستای کوردستان ئه‌وه‌بێت که بریتیه له ئیشکالیه‌تی نائامه‌ده‌یی ده‌سه‌ڵات به مانا ده‌سگاییه‌که‌یی و مانا سیاسیه‌که‌ی که تیایاندا میکانیزمه‌کانی دیموکراسیه‌ت هاوکار نه‌بوون بۆ بنیاتنانی سیسته‌م ، ئه‌وا به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌وه‌ی له شه‌قامدا ڕوو ئه‌دا ت له چاوه‌ڕوانی ئه‌و به‌رنامه‌و هێڵه ستراتیژییه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ئاینده‌ی خۆیی و کۆمه‌ڵگه‌شی له‌سه‌ر داڕشتووه ، هه‌رگیز جۆرێک نیه له گه‌مه‌ی سیاسی و به‌شێک له‌و پرۆسانه‌ی که هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر میکانیزم‌و په‌یوه‌ندیه ناوخۆییه‌کانی کۆمه‌ڵگه دروست ناکه‌ن ، به‌ڵکو گه‌مه‌یه‌که که له پشتی هێـمنیه‌وه توخمه بارگاویه‌کانی جه‌نگ و توند‌و تیژی له ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌دا به‌ئاگادێنێته‌وه که ئه‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه‌ش که تائێستا به‌و ئیشکالیاتانه‌وه به‌رده‌وامی به خۆی داوه . وه کام له کاراکته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی گه‌مه‌ی په‌لاماردانی ده‌سه‌ڵات ، ئۆپۆزیسیۆن یان هێزی حوکمڕان ، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه تاکه‌ی شه‌قام له چوونه ناو پرۆسه‌و ئه‌زمونێکه‌وه به دوور ڕا‌بگیرێت و نه‌کرێته به‌شێک له‌به‌رداومی دان به مێژووی جه‌نگ و توند‌و تیژی و پێشووی خۆیان و لێ ئه‌گه‌ڕێن که شه‌قام له دۆزینه‌وه‌ی ئیراده‌یه‌ک بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و سیسته‌مه‌کی ، هێمنانه له خواسته‌کانی خۆی بدوێت بێ ئه‌وه‌ی ببێته قوربانی گه‌مه‌کان؟
له ڕاستیدا ئیشکالیه‌تی سه‌ره‌کی که له‌وانه‌یه له‌م ساته وه‌خته‌دا ئه‌م ئه‌زموونه‌ی کوردستان تیایدا بژی و ئه‌گه‌ری ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌بنه‌وه ، ئه‌وه‌یه که تایبه‌تمه‌ندێتیه‌که‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێکهاته سیسته‌می ناوچه‌که‌و گۆڕانکاریه‌کانی هه‌یه‌و به‌ته‌نیا بۆ خۆی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی ئێستای ناوچه‌که‌و دنیا ئه‌ژی و به‌هیج شێوه‌یه‌ک ناکرێت به به‌شێک له و بزووتنه‌وه‌و جوڵه‌ی ئه‌و میلله‌تانه‌ی دابنێین که له هه‌نگاو ناندان بۆ چوونه ناو مێژوو و چوونه ناو جیهانه‌وه . ئیشکالیه‌ته‌که لێرده‌ایه که تا ئێستا نازانرێت له‌سه‌ر گۆڕین و هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی کام سیسته‌م قسه ئه‌کرێت ، ئێمه له‌به‌رده‌م کام مۆدێلی ده‌سه‌ڵاتداین که بۆته ڕێگرمان له چوونه ناو جیهانه‌وه ، وه هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه خۆیان به‌شێکی دانه‌بڕاوو تێكه‌ڵ نین له‌و سیسته‌مه‌ی که له‌سه‌ره‌تاوه به شێواز‌و مۆدێلێکی زۆر ئاڵۆز‌و هه‌میشه بارگاوی به جه‌نگ ، ناکۆکی شه‌ڕانگێزی پێکهاته‌کانی ناو خۆی تا ئێستا به‌ردوام پێ داوه ؟ ئێمه له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک و جۆرێک له مۆدێلی ژیان و دسه‌ڵاته‌که‌یداین که له‌سه‌ر پێکدادان و ململانێ په‌ره‌ی سه‌ندووه ، شێوازێک له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه که هه‌میشه له په‌یوه‌ندیه‌کی ئیشکال ئامێزی ململانێ و شه‌رانگێزی هێزه‌کانی ناویدایه که تائێستا کاری له‌سه‌ر نائاماده‌یی و دوور خستنه‌وه‌ی سیسته‌م له خۆی کردووه ، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که له نائاماده‌یی سیسته‌مداو به خودنمایش کردنیش له وه‌همی سیسته‌مدا ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئیشکالیه‌ی خۆی شاردۆته‌وه .ئه‌م ڕسته‌یه ئه‌وه‌ندی له‌وانه‌یه له خوێندنه‌وه‌دا ئاڵۆز بێت ئه‌وه‌نده‌ش ڕوون و ئاشکرایه ، که له واقیعدا به‌رجه‌سته‌که‌ی ببینین ، ئه‌ویش خود نماییش کردنی ئه‌م ساته وه‌خته‌ی کورده له ناو وه‌همی سیسته‌می ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا به بونیاد و مه‌رجه‌کانیه‌وه وه‌کو پرۆسه‌ی دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن و بوونی ده‌سگاکانی په‌رله‌مان و حکومه‌ت وه‌کو ئامێره‌کانی ده‌سه‌ڵات و له پاڵیشیاندا شۆڕ بوونه‌وه‌ی بۆ هه‌موو پێکهاته کانی دی ناو کۆمه‌ڵگه‌و نیشاندانیان له شێوه‌ی پێکهاته‌ی ده‌سگاییدا . به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌موو ئه‌م ده‌سگایانه له ده‌سه‌ڵاتی باڵای ده‌وڵه‌ته‌وه تا خواره‌وه هه‌مووی ئاماژه‌ی وه‌همێکه له نه‌بوونی سیسته‌مێک که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و پێکهاته‌کانی له یه‌ک پێکهاته‌ی شوناسیدا کۆ بکاته‌وه ، دوور خستنه‌وه‌ی سیسته‌م له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له په‌رله‌مان و حکومه‌ته‌وه شۆڕ بۆته‌وه بۆ ناو هه‌موو شانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و به‌ش و پێکهاته زیندووه‌کانی و به‌و پێ یه‌ش هه‌موو خانه‌کانی کۆمه‌ڵگه له بوون به سیسته‌م دوور خراوه‌ته‌وه ، ئه‌وه ته‌نها حکومه‌ت و په‌رله‌مان نین که به‌رجه‌سته‌یه‌کی وه‌همیانه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌لاتی نوێ ئه‌که‌ن له کوردستاندا ، ئه‌وه هه‌موو پێکهاته‌کانی دی کۆمه‌ڵگه‌یه که تووشی هه‌مان خود هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن بوونه‌ته‌وه ، ئه‌وه سه‌ندیکاو ڕێکخراوه پیشه‌یی و مه‌ده‌نی و که‌لتوری وچینایه‌تیه‌کانیشن که کۆپی هه‌مان بزر بوونی سیسته‌م له پێکهاته‌ی خۆیاندا دائه‌ڕێژنه‌وه. ئامرازی سه‌ره‌کی دوور خستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش له سیسته‌م بوون پێکهاته‌ی حیزبی کوردیه به هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه که له چه‌سپاندنی نائاماده‌یی سیسته‌مدا ڕۆلی کاریگه‌رو مێژوویی و هه‌میشه به‌ردوام ده‌ریشی بینیوه ، به شێوه‌یه‌ک که ژیانی حیزبایه‌تی له کوردستاندا ئه‌وه‌ندی به‌شداری ناکات له پێکهێنانی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی نوێ‌دا و ئه‌وه‌نده‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له چوونه ناو جیهان دوور ئه‌خاته‌وه ، که‌چی خودی خۆی پایه‌و پێکهاته‌کانی خۆی له‌سه‌ر سیسته‌مێکی پێکه‌وه گرێدراوو پته‌وو وابه‌سته‌ییه‌کی چاره‌نووس سازی نێوان ئه‌ندام و لایه‌نگرو دۆست و ئه‌وانه‌ی ئه‌که‌ونه سنووری پێگه‌یه‌وه بنیاتناوه، که به بێ گۆڕاناکاری ڕیشه‌یی له بونیاد و ئۆرگانی ئه‌و حیزبانه‌ی کوردی‌دا ناکرێت باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیسته‌مێک یان بنیاتنای سیسته‌مێک بکرێت . بۆیه بۆ پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌ی سیسته‌می له کورستان‌دا ئه‌بێت پێکهاته‌ی حیزبی کوردی له‌و فۆرمه تۆتالیتاری و ئاڵۆزه‌ی ڕزگار بکرێت و دووباره په‌یوه‌ندیه‌کانی حیزب به کۆمه‌ڵگه‌وه له‌سه‌ر بنه‌ما نوێکانی سیاسه‌ت و ژیانی حیزبایه‌تی که به‌نده له‌سه‌ر ئایدۆلۆژیا و پرۆگرام و پره‌نسیپ دابڕێژرێته‌وه ، نه‌ک له سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندی پاتریارکی حیزب و کۆمه‌ڵگه که حیزب هه‌موو کۆمه‌ڵگه به شوێنی پاوانکاری خۆی بزانێت . ئێمه ئێستا به‌ره‌و قۆناغێک هه‌نگاو ئه‌نێین که ئیدی ئه‌بێت حیزبی کوردی له وه‌همی په‌لاماردانی کۆمه‌ڵگه‌و به‌خشینی شوناسی خۆی به سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتیه‌کی ووشیار بێته‌وه و له چه‌ندایه‌تیه‌وه به‌ره‌و چۆنایه‌تی بڕوانێت . حیزبی کوردی له به‌رده‌م خواستی هه‌ڵبژاردنی شوناسی خۆیدایه له ده‌ره‌وه‌ی کۆی هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌وه ، ئێمه له ساته وه‌ختێکداین که هه‌رگیز هه‌موو جه‌ماوه‌ر موڵکی هه‌موو حیزبێک نیه ، وه حیزب به‌رجه‌سته‌کاری خه‌ونی هه‌موو جه‌ماوه‌ر نیه، به‌ڵام ئه‌م ئیشکالیه‌ته تا ئێستا هه‌موو حیزبه‌کانی کوردستانی گرتۆته‌وه که له‌وانه‌یه باشترین نممونه‌ی ئێستای ئه‌و جه‌نگه ڕاگه‌یاندنه‌ی نێوان هه‌موو حیزبه‌کان بێت له سه‌ر به خۆ خاوه‌ن زانینی خۆپێسانده‌ران هه‌ر له حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه تاوه‌کو ئۆپۆزیسیۆن. له کاتێکدا که حیزب خۆی به خاوه‌نی کۆمه‌ڵگه کردووه ، هه‌ر ئه‌ویش ئه‌یه‌وێت بڕیاری بۆ بدات و ئه‌م ساته وه‌خته‌ی دیاری بکات و هه‌روه‌ها ببێته داڕێژه‌ری فۆرمی داهاتووی ده‌سه‌ڵاتیشی . ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م قۆناغه پێویستی به کارکردن هه‌یه بۆ بنیاتنانی سیسته‌مێک تاوه‌کو تیایدا هه‌موو پێکهاته ئاڵۆزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بتوانن ململانێ یه‌کی هێمنانه‌ی تیایدا بکه‌ن ، هێنده پێویستی به‌وه نییه که تاکه ڕێگه چاره‌کان به ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بونایادێکی وه‌همی ببینرێت که تا ئێستا نه‌یتوانیوه ببێته فۆرمێک ، وه یاخود سیسته‌مێک که تا ئێستا خۆی وه‌کو ده‌سگای حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت نماییش بکات .
ئه‌زمونێک له جه‌نگ یان ته‌بایی:
ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی که ماوه‌ی بیست ساڵه به‌رده‌وامه بریتیه له ده‌ره‌ئه‌نجامی لێک دڵنیا نه‌بوون و شکستی هه‌موو ئه‌و پێکهاته‌و هێزانه‌ی پێکه‌وه خۆیان له بزووتنه‌وه‌و یان فۆرمی ناسیۆنالیزمی کوردی‌دا نماییش کردووه ، له نه‌گونجان و پێکه‌وه کار کردن بۆ شوناسێکی کوردی . وه ده‌رئه‌نجامی کۆی کار‌و خه‌باتی لێک جیا‌و دژبه یه‌کی ئه‌م لایه‌نانه‌یه چ له قۆناغی خه‌باتی چه‌کداری و له ژێر ناوی ڕزگاریخوازی کوردی‌دا که هه‌ریه‌که به جیا‌و له سه‌نگه‌رو ناوچه‌ی جیادا دژی یه‌ک دوژمنی ( گشت) پیاده‌یان کردووه ، وه تا قۆناغی به ناچاری گواستنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته له شاخه‌وه بۆ شار‌و تێکه‌ڵ بوونی به پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی شار ، ئه‌م ئه‌زمووونی ده‌سه‌ڵاته ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شکسته به‌رده‌وامه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی یاخود ئه‌و هێزانه‌یه‌تی که بڕیارده‌ری چاره‌نووسسازن له بنیاتنانی فۆرمێک بۆ یه‌کخستنی ئه‌و هێزانه‌ی کورد و به‌خشینی شوناسێک پێی ، دواجارئه‌کرێت سه‌رجه‌م شکستی ئه‌زموونه‌که له شکستی پێکهێنانی یه‌که‌مین حکومه‌ت وپه‌رله‌مانی کوردی‌دا بخوێنرێته‌وه که هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پێکهێنانیه‌وه به که‌رت بوون و دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاوزه‌وه له‌دایک بوو، که دواتر شه‌ڕی ناوخۆ ئه‌و وه‌همه‌ی ئاشکرا کرد‌و پاش ململانێ یه‌که‌ی سه‌خت و بێ هوده ی ئه‌م هێزانه و داوی چه‌ندین گه‌مه‌و دان و سان و ئاشتبوونه‌وه، دواجار له ڕێککه‌وتنی ستراتیژیدا کۆی سیسته‌مه‌که چر کرایه‌وه وه‌کو ده‌ست پێ کردنی قۆناغێکی ئایینده نادیار بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هۆکاری به سیسته‌م نه‌بوونی کوردی و وه ڕاگرتنی قۆناغێک له ترس و تێوه‌گلانه‌وه له جه‌نگ . له ڕاستیدا ڕێککه‌وتنی ستراتیژی نێوان ئه‌و دووهێزه سه‌ره‌کیه‌ی کوردستان که نه‌یانتوانی پێکه‌وه له ناو میکانزم و پێکهاته‌یه‌کی ده‌سگایی ده‌سه‌ڵاتدا به شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌و دوور له جه‌نگ و توند‌و تیژی ململانێ و جه‌نگه‌کانی خۆیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات ڕێک بخه‌ن ،وه یاخود به‌خشینی شوناسه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌م ساته وه‌خته‌ی کوردی ڕێک بخه‌ن ، به دوورخستنه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کانی خۆیان ونه‌گه‌یشتنه ئه‌نجامی ستراتیژی تایبه‌تی هه‌رلایه‌کیان ، په‌یمانێکی ستراتیژی دییان ئیمزا کرد که ئه‌گه‌رچی جۆرێک له ئارامی به کۆمه‌ڵگه به‌خشیوه‌ته‌وه‌و تارمایی جه‌نگی لێ دوور خستۆته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ئایینده‌یه‌کی نادیاری به کۆمه‌ڵگه به‌خشیوه که له لایه‌که‌وه نازانرێت تا که‌یی و تا چ ئاستێک ئه‌م هێزانه له سه‌ر حسابی دوورخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له به سیسته‌م بوون به‌رده‌وامی به ڕێکه‌وتنێک ئه‌ده‌ن که ئیشکالیه‌تێکی ترسناک بۆ خۆشیان و بۆ ئه‌و شێوازه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات دروست کردووه ؟ چونکه له ساتێکدا ئه‌م هێزه سه‌ره‌کیانه‌و به‌شێکیش له‌و هێزانه‌ی که ئێستا ڕۆلی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌بینن به‌رژه‌وه‌نددار بوون له‌و شێوازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا ، له وه‌همی پێکهاته‌کانی حکومه‌ت و په‌رله‌مان دا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به ڕێکه‌وتنێكی ستراتیژی نێوان خۆیان به‌ڕێوه ئه‌به‌ن که تا ماوه‌یه‌کی زۆریش ڕێکه‌وتنێکی شاراوه‌و نهێنی بوو نه‌ک لای کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی که بابه‌تی سه‌ره‌کی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یه ، به‌ڵکو لای به‌شێکی زۆری سه‌رکرده‌و ئه‌ندامانی حیزبه‌کانیش ، ڕێکه‌وتنێکی ستراتیژی که تیایدا جۆرێک له هێشتنه‌وه‌ی هه‌موو دابه‌ش بوونه ده‌سه‌ڵاتی و جوگرافی و ناوچه‌یی و خێڵی و کۆمه‌ڵاتیه‌کانی کۆمه‌له‌گه‌ی کوردی وه‌کو خۆی هێشتۆته‌وه و له نێو پێکهاته‌کانی حکومه‌ت و په‌رله‌مانی دابه‌ش کراودا به‌رده‌وامی پێ ئه‌دات . بێگومان ئیشکالیه‌تێکی سه‌ره‌کی ئه‌م جۆره شێوزاه‌ی ئیداره‌کردنی کوردی به ڕێکه‌وتنی ستراتیژی توانای هه تاسه‌رو ئه‌به‌دی به‌رده‌وام بوونی نییه ئه‌گه‌رچی جۆره ئارامیه‌کیشی به کۆمه‌ڵگه به‌خشیبێت ، چونکه ئیدی له ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا و له‌و قۆناغه زه‌مه‌نیه‌دا نه‌وه‌یه‌ک پێگه‌ییوه و مه‌زن بووه‌و هۆشیاری لا دروست بووه که ژیانی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه ده‌سه‌ڵاته‌دا یه‌ک ناگرێته‌وه . ئه‌بێت فۆرمێکی نویی پێ ببه‌خشرێت که هاوتاو هاوکاتی خواست و تێڕوانینه‌کانی ئه‌و بێت ، وه یاخود ئه‌وه‌تا خۆی له شه‌قامدا داوای ئه‌کات .
ئه‌گه‌ر ئه‌م شێوازه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به جۆرێک له شکستی هێزه کوردیه‌کان و یان سه‌رجه‌م ناسیۆنالیزمی کوردی دابنرێت که هه‌موو تیایدا به‌شدارن ، ئه‌وا ده‌ر‌که‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆران له سه‌ره‌تاوه‌و تا دواتر‌و به‌شداربوونی وه‌کو هێزێکی نوێ له هه‌ڵبژاردنه‌کان و تا ئه‌گاته ئه‌وه‌ی دوای ته‌قینه‌وه‌ی رووداوه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و خۆپیشندانه‌کان دژی ئه‌و ڕژێمه سیاسیانه و چر بوونه‌وه‌ی داواکاریه‌کان له کۆتایی هێنان به ده‌سه‌ڵاتی تاک حیزبی و تۆتالیتاری و گه‌نده‌ڵی ئه‌و سیسته‌مانه ، وه به که‌ڵک وه‌رگرتن له وڕووداونه ، په‌له‌کردن یان خێراییه‌کی چاوه‌ڕون نه‌کراوی به ستراتیژی خۆی دا که بریتیه له شکست پێ هێنانی ئه‌و شێوازه حوکمڕانیه‌ی کوردستان وه‌کو ڕێگرێک له به‌سیسته‌م بوون . گۆران وه‌کو ئۆپۆزیسیۆنێکی که‌مینه به‌ده‌ر له هێزو توانای خۆی به‌شوێن ئه‌و خاڵانه‌دا گه‌ڕا که ئه‌کرێت پێگه‌و قورسایی ئه‌و بگۆڕیت ، به گه‌ڕانه‌وه بۆشه‌قام ، لێره‌وه ئه‌بێت به‌لای هه‌ردوو هێزی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌ڵوێستی گۆڕان و چۆنێتی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌قام و یان ووردتر هه‌ژاندنی شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نه‌بێت و له‌نێو گه‌مه سیاسی و میکانیزمه دیموکراسیه‌که‌ی ده‌سه‌لاتدا به هه‌ڵوێستێکی سروشتی سه‌یر بکرێت ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌دارێژراویش بێت ، وه حاڵه‌تێکی سروشتیه که ئۆپۆزیسیۆن کارله‌سه‌ر شکستی هێزی ده‌سه‌ڵاتدارو پێکهاته‌کانی بکات تا حاڵه‌تی ئیفلیج کردنی و ناچاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی . گۆڕان هێزه‌کانی فشاری خۆی خسته‌کار بۆ کۆتایی هێنان به‌و ئه‌زموونه حوکمڕانیه‌ی کوردی که ئه‌و تیایدا ناتوانێت به مانه‌وه‌ی به‌و شێوازه پرۆژه‌کانی خۆی به دی بهێنێت ، لێره‌وه له ده‌رکردنی به‌یاننامه‌وه‌و داواکاری ئاشکرای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حکومه‌ت ده‌ستی پێ کرد که دواتر ئه‌م داوایه‌ی تێکه‌ڵ خواسته هه‌نکوییه‌کانی شه‌قام کرد‌و به کلیلی سه‌ره‌کی سه‌رجه‌م خواسته‌کانی شه‌قامی دانا . بێگومان ئه‌شێت ئه‌مه له سیاسته‌دا جۆرێک له تێڕوانینێکی ستراتیژی و به‌رنامه دآڕێژراوی زیره‌کانه بێت که هه‌موو که‌مینه‌یه‌ک دواجار کاتێک له ناو ده‌سگاکانی ده‌وڵه‌تدا ناتوانێت شکست به ده‌سه‌ڵات بهێنیت ، جارێکی دی به هه‌ژاندنی شه‌قام پرۆژه سیاسیه‌که‌ی خۆی ئه‌خاته قۆناغی یاخی بوونی گشتی و کردنی به خواستێکی زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ر . به‌ڵام ئه‌وه‌ی دواتر تێکه‌ڵ کردنی ئه‌م ئه‌جێندا سیاسیه به خواستی شه‌قام و یان ئه‌جێندای هه‌ندێک لایه‌نی دی ئۆپۆزیسیۆن ، که ئه‌شێت هه‌رگیز له ئایینده‌دا له‌سه‌ر هه‌مان فۆرمی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ گۆران‌دا یه‌ک نه‌گرن ، تووشی ئێسکالیه‌ت ئه‌کات و ئه‌شیت کارلێکه‌ری له سه‌ر له ڕێ لادانی شه‌قام هه‌بێت به ئاراسته‌یه‌کی سلبیدا که ئه‌شیت هه‌رگیز خواستی ئه‌و نه‌وه نوێ یه نه‌بێت که ئه‌وه‌نده‌ی له‌م ساته وه‌خته‌دا ته‌عبیر له خواسته‌کانی خۆی ئه‌کات ، هێنده خولیای پیاده‌کردنی سیاسه‌تی نییه به‌و شێواز‌و که‌لتوره‌ی که له‌کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا پیاده ئه‌کرێت . نه‌وویه‌ک خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه که سیاسه‌ت له کوردستاندا مانا سروشتیه‌کانی خۆی وه‌رگرێته‌وه و له‌گه‌ڵ خه‌ون و پێداویسته‌کانی ئه‌م ساته‌ی ئه‌ودا یه‌کبگرێته‌وه و پێکهاته ده‌سگاییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ببنه به‌شێک له‌و له‌دایک بوونه نوێ یه‌ی ئه‌و ، نه‌ک سیاسه‌ت ببێته چۆنێتی جه‌نگ له‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تی کردنی جه‌ماوه‌ر و شه‌قام و چۆنێتی لێ سه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له یه‌کدی و یه‌کدی سڕینه‌وه‌و دواتر تێوه‌گلانی نه‌وه‌یه‌ک له جه‌نگێک که چاوه‌روانی نه‌کردووه . ئه‌وه‌ی که ئۆپۆزیسیۆنی به گشتی له خرۆشانێکی جه‌ماوه‌ری ساته‌وه‌ختی شه‌قامدا تووشی ئیشکالیه‌تی هه‌ڵه خویندنه‌وه‌ی روداوه‌کان کرد ئه‌وه‌یه که ، ئه‌و هێزانه‌ی خۆیان به خاوه‌ن شه‌قام ئه‌زانن ، که‌وتوونه‌ته حاڵه‌تێکه‌وه که مه‌ترسی ئه‌وه ئه‌کرێت خواستی شه‌قام به‌ره‌و جۆرێک له بێهوده‌یی و دووباره بوونه‌وه‌ی ڕۆژه‌کانی خۆپیشاندانی بێ گۆڕان و بێ ده‌رچوون له ئاسته داخراوه‌کانی خۆی به‌رن ، که ئه‌مه دواتر به شکستی نه‌وه‌یه‌کی نوێی خاوه‌ن خه‌ون ئه‌که‌وێته‌وه که ئێستا ئه‌کرێت هه‌موو تواناکانیان بخرێنه کار بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌م ساته وه‌خته‌ی کوردی . ڕاسته ئۆپۆزیسیۆن له دیاری کردنی شکستی به سیسته‌م نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتدا خاوه‌ن حه‌قیقه‌ته، ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ش به دقخه‌وه هه‌موومان لێی به ئاگاین و ئه‌شێت هه‌مووشمان له شاردنه‌وه‌یدا به‌شدار بین ، به‌ڵام هه‌مووشمان ئه‌زانین که ناکرێت ئه‌م شێوازه‌ی ئێستای ده‌سه‌ڵات تا ماوه‌یه‌کی زۆر درێژ خایه‌نی تر به‌و شێوه ڕێکه‌وتن ئامێزیه ستراتیژیه‌ی ئیداره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بکات ، وه ئێستا زه‌مینه‌ی په‌لکێس کردنی ده‌سه‌ڵات بۆ چوونه ناو پروسه‌ی به سیسته‌م بوون له باره به به‌شداری هه‌موو پێکهاته‌کان و نه‌وه‌ی شه‌قام که ڕۆلی سه‌ره‌کی ببینن له به‌خشینی مانایه‌ک به‌م ساته ، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌وه ئاراسته‌ی ڕووداوه‌کان دواتر له که‌نارێکی بێ هوده‌یی و بێ ماناییدا ته‌وا ئه‌بن . ئه‌بێت ئه‌وه بزانرێت که هێزه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌شی به تایبه‌تی ئۆپۆزیسیۆن هه‌موو له به‌رامبه‌ر یه‌کدیدا پیاده‌یجۆرێکی تایبه‌ت له ساسیه‌ت ئه‌که‌ن و له گه‌مه‌یه‌کدان که قورسایی و پێگه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر یه‌کدی ڕائه‌گرن جۆره سیاسه‌تێک که سیمایه‌کی کوردانه‌ی هه‌یه‌و هه‌میشه له نێوان جه‌نگ و ئاشتی نێوانیاندا تاڵه موویه‌ک هه‌یه . خۆپیشنادانه‌کان له سه‌ره‌تای ده‌ست پێ کردنیه‌وه تا ئه‌م ساته‌ی ئه‌وه‌مان پێ ئه‌ڵێن که له ده‌ره‌وه‌ی خواستی شه‌قامه‌وه کۆمه‌ڵه هێزێک به‌رامبه‌ر یه‌کدی وه‌ستاون و گه‌مه‌یه‌کی کوشنده ئه‌که‌ن که له‌گه‌ڵ پاراستنی هێمنانه‌ی خۆیدا له هه‌موو چرکه ساتێکدا بابه‌تی ته‌قینه‌وه‌و خوێناوی بوونی شه‌قامی هه‌ڵگرتووه . خۆپیشاندانه‌کان ئه‌وه ده‌ر‌ئه‌خه‌ن که ده‌ربازنه بوونی له چوارچێوه‌یه‌کی جوگرافی داخراو‌و له نێو گه‌مه‌ی سیاسی هه‌ندێک لایه‌ن و زاڵ کردنی به سه‌ر خواستی ڕاسته‌قینه‌ی شه‌قامدا ، وه چه‌قبه‌ستنی له نێو بازنه‌ی وونبوونی داواکاریه‌کان له نێوئه‌وه‌ی هه‌نوکه‌ییه و ئه‌وه‌ی هێڵی ستراتیژی گشتیه ، ئه‌و هێزانه‌ی کاراکته‌ری سه‌ره‌کی ئه‌و گه‌مه‌یه‌ن تا ئێستا نه‌یانتوانیوه سیسته‌مه‌که یان ئه‌وه‌ی پێی ئه‌وترێت ده‌سه‌ڵات تووشی ئیفلیجی و له‌کار که‌وتن بکه‌ن ، که ئه‌مه ستراتیژی سه‌ره‌کی بزواندنی شه‌قامه به ئاراسته‌ی ئیفلیج کردنی سیسته‌م له ڕووی سیاسی ، ئابوری ، کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی و ئه‌خلاقیشه‌وه تا ناچار کردنی به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و گۆرێنی . له ڕاستید ئه‌وه‌ی له‌م ساته‌وه‌خته‌ی کوردستاندا روو ئه‌دات نه‌بۆته هۆی له‌کار خستنی سیسته‌مێک و گه‌یاندنی به بن به‌ست ، چونکه له لایه‌که‌وه خودی سیه‌تمه‌که خاوه‌نی ئه‌و پێگه گرنگ و زیندووانه نییه که به له کار که‌وتنیان ببێته هۆی ڕووخانی ده‌سه‌ڵات ، وه له کوردستاندا هیچ بونیادی ئابوری به‌هێزو شاده‌ماری زیندووی ئابوری کۆمه‌ڵگه نییه تاوه‌کو به هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵات له‌ق بێت و ناچاری ماڵئاوایی کردن بێت . له ڕاستیدا ئێمه له سیسته‌مێکداین که هه‌موو پێکهاته‌کانی ، حکومه‌ت ، په‌رله‌مان ، ده‌سگاکانی دی ده‌سه‌ڵات ، دام‌و ده‌سگا ئیدرایی و خزمه‌تگوزاری و په‌روه‌رده‌ییه‌کان تا ئه‌گاته پێکهاته‌کانی حیزبه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و میدیا و سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه هه‌موویان توخمی به‌کارهێنن نه‌ک به‌رهه‌مهێن ، ئیدی وه‌ستانی هیچ به‌رهه‌مێک نییه که کار بکاته سه‌ر وه‌ستانی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵات ، کۆبونه‌وه‌و کۆنه بوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانێک هیچ مانایه‌کی سیاسی به خودی سیسته‌مه‌ک نابه‌خشێت و کار له ئیفلیج کردنی ده‌سه‌ڵات ناکات ، حکومه‌تێک که هێستا هه‌ر دابه‌ش بوو بێ کار‌و سه‌رۆکایه‌تیه‌ک که ڕۆژانه له میدیا‌کانه‌وه زۆر به سه‌ربه‌رزی و خۆشحاڵیه‌وه چاوپێکه‌وتنی سه‌رۆک له گه‌ڵ کۆنسولی یان نوێنه‌ری کۆنسولیه‌تێکی یه‌کێک له وڵاته‌کان بکه نه هه‌واڵی سه‌ره‌کی میدیاکان، ئیتر به چ خۆپیشنادانێک ئیفلیج ئه‌کرێت ، شکستی ئۆپۆزیسیۆن له‌وه‌دایه که تا ئێستا نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵات بخاته سه‌ر که‌ناری به بنبه‌ست گه‌یشتنی خۆی .
له سیسته‌مه دیموکراسیه‌کاندا ئۆپۆزیسینێک هه‌یه که هاوشانی شه‌قام ئه‌بێته‌وه‌و ڕۆلێکی سه‌ره‌کی له ئاراسته‌کردنی خواستی شه‌قام ئه‌گێڕێت به به‌رجه‌سته کردنی و به‌دیهێنانی و دواتر به گۆڕینی بۆ خواست و ستراتیژی سیاسی داهاتووی . ئۆپۆزیسیۆن شه‌فافانه خواستی سیاسی خۆی تێکه‌ڵ خواستی شه‌قام ئه‌کات و شه‌قام به ته‌نیا بۆ جۆرێک له ناڕێکی و بێهوده‌یی جێ ناهێڵیت و هه‌روه‌ها له‌و سیسته‌مانه‌دا رابه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن خۆیان به خاوه‌نی شه‌قام ئه‌زانن و لێێ جیا نابنه‌وه‌و به‌ڵکو له ڕیزی پێشه‌وه‌ی خۆپیشانده‌راندان ، وه سیاسه‌تی له میدیادا خۆ به خاوه‌ن نه‌کردنی شه‌قام پیاده ناکه‌ن و له لایه‌کیشه‌وه هانده‌ری شه‌قام بن به‌ره‌و نادیار له کاتێکدا خۆیان چاوه‌ڕوانی ئاستی په‌ره‌سه‌ندنی ڕووداوه‌کان بکه‌ن . لێره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌مه‌کان له‌وه زیاتر نه‌وه‌یه‌ک به‌ره‌و بێ هوده‌یی نه‌به‌ن ، باشتر وایه کاراکته‌ره‌سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌و گه‌مانه شه‌قام له‌و ستراتیژه شه‌رانگێزیه‌ی خۆیان دوور خه‌نه‌وه‌و لێگه‌ڕێن شه‌قام بڕیار له‌سه‌ر ویسته‌کانی خۆی بدات و ئه‌وانیش پێکه‌وه له بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌م ساته‌وه‌خته قه‌یراناویه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا به‌شدار بن، که ئه‌شیت به دووباره ڕێکخستنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌که ، به‌ده‌ر له ڕێککه‌وتنه نهێنی و ستراتیژی و دوولایه‌نی وچه‌ند لایه‌نیه‌کان تاکه ده‌روازه‌ی گواستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی بێت له قۆناغی ئه‌زموونی حوکمه‌وه بۆ قۆناغی پێکهێنانی سیسه‌تمی حوکم کردن به میکانیزمه دروست و سروشتیه‌کانی .
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه . له نێوان خواستی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بونیادی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ویان دان و سان له گه‌ڵیا . ئایا شه‌قام له کوێی بڕیاره‌کاندایه‌و کێ بڕیاری بۆ ئه‌دات ؟ له کاتێکدا له‌هه‌موو ئه‌و سیسته‌مانه‌دا که پرۆسه‌ی سیاسی تیایاندا گه‌مه‌یه‌کی شارستانییه ، شه‌قام بڕیارده‌رو یه‌کلایی که‌ره‌وه‌یه…؟