ئاکادیمیا …… ئه‌حمه‌دی مه‌لا
ئه‌گه‌ر بێت و ده‌سپێک، ئه‌کادیمیا(ئه‌کادیمۆس)به‌و باخچه‌یه ده‌وترا که ئه‌فلاتوون وانه‌کانی تیا ده‌وته‌وه، به‌ڵام دواتر ئاماژه بۆ کۆبوونه‌وه‌ی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و زانایان له شوێنێکی دیاریکراو ده‌کات. هه‌روه‌ها به تێپه‌ڕینی کاتیش ئه‌م تێرمه ئاماژه بۆ چه‌ندین واتای دیکه ده‌کات. ئێمه ته‌نها هه‌ڵوێسته له سه‌ر یه‌ک واتای ده‌که‌ین، ئه‌ویش ئه‌کادیمیای زمانه.
با سه‌ره‌تا ئاوڕێک له دروستبوونی ئه‌کادیمیای فه‌ره‌نسی بده‌ینه‌وه و پاشان سه‌یری ئه‌کادیمیاکه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان بکه‌ین. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه به مه‌به‌ستی بهرواردکردن نییه، چونکه دوو کو‌لتوور و دوو زمان و دوو سیاق و کۆنتێکستی مێژوویی له یه‌کتر جیایان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی دیکه گرینگیی خۆی هه‌یه.
له ساڵی 1635 ریشلیو، ئه‌کادیمیای فه‌ره‌نسی له پاریس داده‌مه‌زرێنێت، سه‌ره‌تا ته‌نها پێنج ئه‌ندامی ده‌بێت، پاشان ده‌بنه چل ئه‌ندام و له رێگای ده‌نگدانه‌وه ئه‌ندامه‌کانی هه‌ڵده‌بژیردرێن. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی له دروستکردنی ئه‌م ده‌زگا باڵایه، ئه‌وه بوو که یاسا‌و رێسا، به واتایه‌کی دی رێزمان بۆ زمانی فه‌ره‌نسی دارێژرێت. بۆ ئه‌وه‌ی زمانی فه‌ره‌نسی ببێته زمانێکی ره‌وان و له توانای دابێت، به‌رامبه‌ر به هه‌موو هونه‌ر و زانسته‌کان له سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت. ته‌نها گوزارش له هه‌ست و نه‌ست نه‌کات، به‌ڵکو وه‌ڵامی عه‌قڵ و بۆچوونه راسیۆنالیستهکانیش بداته‌وه. ئه‌مه به ههنگاوێکی گرینگ له گواستنه‌وه‌ی زمان له ئاستێکه‌وه بۆ ئاستێکی دیکه له مێژووی زمانی فه‌ره‌نسی ده‌ژمێردرێت. ئه‌مه قۆناغێکه که ئیتر زمان تیکه‌ڵی مێژوو ده‌بێت و بۆ یه‌که‌مجاریش له مێژووی فه‌ره‌نسادا، پیاوانی سیاسی هاوشان له گه‌ڵ نووسه‌راندا له یه‌ک ئاست ده‌وه‌ستن. نووسه‌رانی وه‌کو لا فۆنتێن و تراژیدیانووسێکی وه‌کو کۆرنه‌ی، یا یه‌کێکی وه‌کو راسین له ته‌نیشت سیاسه‌تمه‌دارێکی وه‌کو کۆلبێر له سه‌ر یه‌ک ته‌خت داده‌نیشتن.
ئه‌م کۆبوونه‌وانه له پێناو داڕشتنی “فه‌رهه‌نگ” و “رێزمان” و “ره‌وانبێژی” و ” شیعرییه‌ت” بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر زمانی فه‌ره‌نسی بتوانێت به روونی و ره‌وانی هه‌موو پێداویستییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی فه‌ره‌نسی دابێن بکات. ئه‌وه‌ی لێره ده‌بێت ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌و هه‌وڵ و تهقهللایانهیه که‌له پێش دروستبوونی ئه‌کادیمیاش له کارا بوون، بۆ نموونه کۆرنه‌ی، تراژیداینووسێکێ به‌ناوبانگ، له پێناو ئه‌وه‌ی ده‌قه‌کانی وه‌کو، نووسه‌ر ده‌یویست له سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ بوترێنه‌وه، داشێکی داده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ر بزوێن دابنرێت. هه‌ر ئه‌م ده‌سکاریی و گۆڕانکارییانه، دواتر ئه‌کادیمیا به شێوه‌یه‌کی فه‌رمیی ده‌یخاته نێو رێنووسی رێفۆرمکراوهکهی خۆییه‌وه.
پرسیاری ئه‌وه‌ی، بۆچی فه‌ره‌نسییه‌کان له‌و ساته‌وه‌خته‌دا بیر له دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌زگا گرینگه ده‌که‌نه‌وه؟ له لایه‌ک، سه‌ده‌یه‌ک به سه‌ر قۆناغی راپه‌ڕیندا تێپه‌ڕیبوو، چاپخانه و دروستکردنی کتێب ببووه کارێکی رۆژانه، له سهرههمووشییهوه، زمانی فه‌ره‌نسی ده‌مێک بوو به‌نده‌کانی یاسای پێ ده‌نووسرایه‌وه و له قوتابخانه‌کانیشدا ببووه زمانی خوێندن و نووسین. هه‌روه‌ها ده‌یان نووسه‌ری مه‌زن ده‌مێک بوو به‌و زمانه ده‌یانووسی و فه‌ره‌نسی له‌وه ده‌رچووبوو که ته‌نها مه‌لحه‌مه شیعرییه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ندی پێ بنووسرێته‌وه و سوارچاکان بۆ شه‌ڕه‌کانی خاچپه‌رستان هان بدات، به‌ڵکو به‌و زمانه رۆمان نووسرا ( رابلێ) و لێکۆڵینه‌وه‌ی پێ ئاماده‌کرا ( مۆنتێن). هه‌روه‌ها، سه‌ده‌یه‌کیش پێشتر، گرووپی لا پلهیاد که له حه‌وت شاعیر پێکهاتبوون، جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه که ده‌بێت زمانی فه‌ره‌نسی هاوشان له گه‌ڵ لاتینی و یۆنانی و ئیتالیایی بوه‌ستێت و به وردی بیریان له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمانی فه‌ره‌نسی ده‌کرده‌وه و له‌و باره‌وه‌یه ده‌یان نامێلکهی شیعریی نوێیان خسته پێش ده‌ستی خوێنه‌رانه‌وه و وێڕای چه‌ند کتێبێکی ره‌خنه‌یی که لێکۆڵیه‌نه‌وه بوون له سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی. واته، ده‌مێک بوو کتێبی له‌مه‌ڕ ره‌وانبێژیی و رێزمان و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و کتێبی زانستی که‌وتبووه کتێبخانه‌کانه‌وه. به واتایه‌کی دی، مادده‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل له ژێر ده‌ستی ئه‌کادیمیسته‌کان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی چێ بکه‌ن و یاسا و رێسای لێههڵهێنجێنن.
له لایه‌کی تریشه‌وه، زمانی فه‌ره‌نسی ببووه ئامرازێک نه‌ک ته‌نها بۆ قسه‌کردن و ئاڵوگۆڕی رۆژانه، به‌ڵکو چووبووه نێو دیوان و داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته‌وه. ئیتر سیاسه‌ت به بێ زمان نه‌یده‌توانی له‌وه زیاتر بڕ بکات. ده‌وڵه‌ت بایه‌خێکی ته‌واو به زمان ده‌دات و ده‌بێته یه‌کێک له ئادات وکه‌ره‌سه‌کانی له بواره‌کانی به‌ڕێوه‌بردن و کۆکردنه‌وه‌ی له‌هجه و دیالێکته دوورده‌سته‌کان و هه‌روه‌ها له رێگای زمانیشه‌وه، خه‌مڵاندنی گووتارێکی کۆکه‌ره‌وه که له ده‌وری نه‌ته‌وه‌ی فه‌ره‌نسی خۆی رێکخات.
به کورتی ئیتر زمان ده‌بێته جیهانبینییه‌ک له‌مه‌ڕ خۆرێکخستنه‌وه. چونکه دروستبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که هه‌ست به‌نه‌ته‌وه‌بوونی خۆی بکات، ته‌نها له رێگای هه‌ستکردنێکی رووته‌وه دروست نابێت، ته‌نها به ختووکه‌دانی سۆز و یژدان مه‌یسه‌ر نابێت. ته‌نها به‌وه ناکرێت که له بۆنهجیاوازهکان ئه‌و هه‌سته بگه‌یه‌نرێته ترۆپک و دوای بۆنه‌که هه‌ڵوه‌رێت و بتوێته‌وه. به‌ڵکو ده‌بێت هۆشیارانه مامه‌ڵه له گه‌ڵ زمان بکرێت و بکرێته سه‌نته‌ر و چه‌قێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ له رێگای ئه‌و زمانه‌وه هه‌ست به بوونی خۆیان بکه‌ن. ئه‌مه به دامه‌زراندنی کۆڵه‌گه و ستوونێکی ده‌ژمێردرێت که بنمیچی نه‌ته‌وه ده‌پارێزیت.
چی ماوه‌ته‌وه بوترێت ؟ به پێویست ده‌زانرێت به شێوه‌که‌ی شێلگیرانه و له سه‌ر بناغه‌یه‌کی زانستی و له رێگای پسپۆران و زمانناسانی کورده‌وه، ئاوڕێکی جیدیی له‌م کێشه بنه‌ڕه‌تییه بدرێته‌وه. چونکه کاتێک له گشت ئه‌و نووسراونه ( رۆژنامه، گۆڤار، کتێب، ته‌له‌ڤیزیۆن، رێکلام، وتاری سیاسه‌تمه‌داران، هتد) ده‌ڕوانین، هه‌ست به پاشاگه‌ردانییه‌کی بێوێنه ده‌که‌ین. ئه‌م پاشه‌گه‌ردانییه هیچ په‌یوه‌ندیی به بوونی له‌هجه و دیالێکته‌وه نییه، به‌ڵکو نه‌بوونی سه‌نته‌رێکه که ئیش له رێکخستن و خه‌مڵاندنی ئه‌م که‌ره‌سه زۆر گرینگه بکات که ئه‌ویش زمانه.
ئه‌م پاشاگه‌ردانییه له زۆر بواری جیاوزادا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، وه‌کو تێکه‌ڵوپێکه‌ڵیی رێنووس و بوونی چه‌ندی شێوه بۆ نووسینی وشه‌یه‌ک، نه‌بوونی رێزمانێکی یهککهرهوه و جیاکه‌ره‌وه، هه‌روه‌ها نه‌بوونی فه‌رهه‌نگێکی زانستی بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رچاوه و مه‌رجه‌عێک بۆ نووسین و وه‌رگێڕان و به تایبه‌تیش بۆ به‌کارهێنانی له بواره‌کانی په‌روه‌رده، له سه‌ر هه‌مووشییه‌وه بۆ قووتابیان.
بۆیه ئه‌م کاره ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تی سیاسه‌ته وه‌کو ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا له پێناو رێگاخۆشکردن بۆ نه‌وه‌کانی دی و زمان بکاته فاکته‌رێکی زیندوو بۆ نوێبوونه‌وه و بنیاتنانه‌وه. بۆیه کارێکی گرینگه که یه‌کخستنی رێنووس ببێته ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م ده‌زگایه، نه‌ک ته‌نها ببێته مادده‌یه‌ک و پێشکه‌شی بکرێت، به‌ڵکو سه‌پاندنی به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کاندا و چاودێریکردنیشی له پێناو جێبه‌جێکردندا. بۆیه ئه‌م کاره به بێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ناچێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی تا ئێستا تێبینی ده‌کرێت : هه‌ر گۆڤار و رۆژنامه‌یه‌ک خاوه‌ن رێنووسی تایبه‌تی خۆیه‌تی، هه‌ر نووسه‌ر و شاعیرێک، تا راده‌یه‌ک خاوه‌ن رێنووسی تایبه‌تی خۆیه‌تی. ئه‌م حاڵه‌ته، ئه‌گه‌ر پێش ده‌یان ساڵ شتێکی سروشتی بووبێت، به‌ڵام له‌م قۆناغه مێژووییه گرینگه‌ی ئێمه، ئیتر ته‌نها ته‌عیبر له‌و پاشاگه‌ردانییه ده‌کات که له سه‌رووتر ئاماژه‌مان بۆی کرد. به بێ ئه‌م رێکخستنه‌وه‌یه، هه‌موو ده‌زگاکانی چاپه‌مه‌نی به بێ گوێدانه هیچ پێوه‌رێکی زانستی و به ئیجتیهادی شه‌خسی خۆیان، لیستێک له کۆتایی کتێبه چاپکراوه‌کانیان بڵاوده‌که‌نه‌وه و ده‌یکه‌نه ئینجیلی رینووس. ئه‌م که‌رتبوون و پهرتوبڵاوییه، نه خزمه‌ت به کلتوور ده‌کات، نه له کۆتاییش خزمه‌ت به به‌هێزکردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌کات.
بۆیه، تاکو ئه‌کادیمیای کوردی به ته‌واوی چالاکنهکرێت و نه‌بێته ده‌سه‌ڵاتێکی باڵا، ته‌نها وه‌کو قاوغێکی لێ دێی و هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت له ناویا پشووێکی میرانه بدات.
ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 11 لۆمۆندی دیپلۆماتیک بڵاوبۆته‌وه.
1- مامۆستای زمان و ئه‌ده‌بییاتی فه‌ره‌نسی، له زانکۆی کاستییا لامانچا-ئیسپانیا.