با یادی (113) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بكه‌ینه رۆژی ئازادی راده‌ربڕین
رۆژنامه‌نووسان.. راگه‌یاندنكاران..
به‌بۆنه‌ی (113) ساڵه‌ی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردییه‌وه، وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م ساڵیاده له سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكارانی كوردستانی له‌هه‌ر شوێنێكن، هیوای كاری به‌رده‌وام و زیاتر چه‌سپاندنی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له باشووری كوردستاندا بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازین.
ساڵیادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی ئه‌مساڵا (2011) له كاتێكدایه كه به‌هۆی ئه‌و ره‌وشه نائارام و نائاساییه‌ی باشووری كوردستانه‌وه، گه‌له‌كه‌مان به بارێكی ده‌روونی مه‌ترسیداردا تێده‌په‌ڕێت و خه‌ریكه دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی ترسناك ئاراسته ده‌كرێت كه چاوه‌ڕوانی ده‌رئه‌نجامێكی نه‌خوازراوی لێده‌كرێت و هیوادارین روو نه‌دات.
ئه‌وه‌ی زیاتر ئێمه‌ی نیگه‌ران كردووه ئه‌و ده‌ستدرێژییه زۆره‌ی سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یانكاران و ئاراسته‌كردنیانه به‌ره‌و ئاقارێك كه خه‌ریكه سنووری په‌یامی پیرۆزی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌به‌زێنێت و ناسنامه پیشه‌یی و زانستی و لۆژیكییه‌كه‌ی خۆی ون ده‌كات و ده‌بێته ئامرازێك و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییه‌كان ده‌خرێته گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی نه‌خوازراوه‌و تێكه‌ڵ به كارنامه‌ی سیاسیی حزب و لایه‌نه‌كان ده‌كرێت، به‌مه‌ش رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تیش له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا كه رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندن، كراونه‌ته ئامرازێك و وه‌كو چه‌كێك له شه‌ڕی نێوان به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه سیاسییه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت. نیگه‌رانین به‌وه‌ی كه رووپه‌ڕی رۆژنامه‌و شاشه‌ی تیڤی و ده‌نگی رادیۆكان، بكرێنه سه‌نگه‌رێك بۆ پاكتاوكردنی رقوكینه‌ی نێوان هێزه سیاسییه‌كان و هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی ویست و خواستی حزب و لایه‌نه‌كه‌ی رووماڵی رووداوه‌كان بكات و به‌جۆرێك تابلۆی هه‌لومه‌رجه‌كه پیشانی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان بده‌ن كه به ئاشكرا جۆره چه‌واشه‌كارییه‌كی ترسناكی پێوه‌دیار بێت و وا له تاكی كوردی بكات چیتر متمانه به رۆژنامه‌گه‌ری نه‌كات و به ترسیشه‌وه سه‌رنج بداته دیمه‌نی رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكاران، وه‌ك ئه‌وه‌ی خودی رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندن هۆكاری ئه‌م ره‌وشه نائارامه‌ی باشووری كوردستان بن.
رۆژنامه‌نووسان.. راگه‌یاندنكاران..
پێویسته هه‌موو لایه‌كمان ئه‌و راستییه باش بزانین كه په‌یامی ئێمه، په‌یامێكی پیرۆزه‌و گواستنه‌وه‌ی راستییه‌كانه وه‌كو خۆی و بێ رتووشكردنی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی لایه‌ن و ره‌وته سیاسییه‌كانه، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، ده‌بێ هۆشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا ره‌وشه‌كه‌دا بكه‌ن و ره‌ش به ره‌ش و سپیش به سپی پیشانی جه‌ماوه‌ر بده‌ن و رۆژنامه‌گه‌ریش وه‌كو سیاسه‌تكردن، سیاسه‌ت و رام و ده‌سته‌مۆ نه‌كرێت و لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ مه‌رامی خۆیان سه‌نگه‌ری پێ له‌یه‌كتری نه‌گرن. به دڵنیاییه‌وه ئێوه ده‌توانن ره‌وشه‌كه ئارام بكه‌نه‌وه‌و بێلایه‌نی خۆتان بپارێزن و بۆ هه‌موو لایه‌كی بسه‌لمێنن كه رۆژنامه‌گه‌ری چۆن هه‌میشه ده‌نگی هه‌ق و راستییه‌كان بووه، هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌و ئێوه‌ی رۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندنكار خاوه‌ن په‌یامی پیرۆزی رۆژنامه‌گه‌رین و نابنه بڵندگۆو دارده‌ستی هیچ هێزو لایه‌نێك. هه‌ر به‌ناوی لقی كه‌ركوكیشه‌وه به توندی په‌لاماری سه‌ر هه‌ر داموده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن ئیدانه ده‌كه‌ین و به ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانی داده‌نێین.
جارێكی دیكه وه‌كو لقی كه‌ركوكی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ساڵیادی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی پیرۆز ده‌كه‌ین و دروود بۆ گیانی سه‌رقافڵه‌ی رۆژنامه‌نووسان (مقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان)و تێكڕای رۆژنامه‌نووسانی شه‌هید ده‌نێرین و هه‌ر لێره‌شه‌وه خوازیارین و ده‌ڵێین: با یادی (113) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بكه‌ینه رۆژی ئازادی راده‌ربڕین.
لقی كه‌ركوكی
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان
21/نیسانی 2011