بەختیار عەلی – ئارگومێنتیکی بەتاڵ بەرامبەر مارکسیزم
مه‌حاڵه بێ بیركردنه‌وه بتوانیت بیركردنه‌وه بخه‌یته ژێر پرسیاره‌وه‌و به‌بێ فه‌لسه‌فه ڕه‌خنه‌ی فه‌لسه‌فی بگریت‌و به‌بێ زانیاری مێژوویی ماتریالیزمی مێژوویی ره‌ت بكه‌یته‌وه. به‌ختیار عه‌لی، له نوێترین نووسینیدا له ژێر ناوی “ڕۆشنبیر و شۆرشگێر” كه له ژماره 268 ی هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌دا بڵاو بۆته‌وه . تیایدا وه‌ك زۆرێك له ڕووناكبیره نوێ-لیبڕاڵه‌كانی نه‌وه‌ده‌كان كه به ڕوخانی ستالینیزم و بلۆكی رۆژهه‌ڵات و دێڕه‌كانی فۆكۆیاما شاگهشكهكه ببون ، له نوێترین نووسینیدا، كۆنه هێرشێك بۆ سه‌ر ماركس بهخوێنهرانی كورد ده‌فرۆشێته‌وه كه له ئارگومێنتی ئه‌مڕۆی پۆست- مۆدێرنیستهكانیشدا جێگای نه‌ماوه. وه‌ك چۆن ئه‌وانه‌ی سه‌رده‌مێك ستالینیزمیان وه‌ك كۆتایی ماركسیزم پێناسه كرد، خوێندنه‌وه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆ باڵی ڕاستی كۆنهپارێزیش شه‌رم ده‌كات بیكات.
سه‌ره‌تا به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆشناییهك بخاته سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ماترلیازمی دایالیكتیك ، كه زانستیانه بڕوای به به‌رده‌وامی و جوڵانه‌وه هه‌یه‌و پێناسه بۆ نوێبونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام ده‌كات له ژیانی گهردیلهكانهوه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، به‌ختیار عه‌لی له شیكردنه‌وه‌ی دێڕێك و تێڕوانینێكی نادایالیكتیانهوه بۆ ئه‌و دێڕه، خوازیاره له ماركس و فه‌لسه‌فه و زانسته‌كه‌ی بدات. وه‌ك زۆرێك له “ڕووناكبیران”ی ئه‌مڕۆی كورد، كه به ستایلی باوی نه‌وه‌ده‌كان تا ڕاده‌یه‌كی بێوێنه‌و بێ‌ئاگا له فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم به ئارگومێنتی به‌تاڵ خوازیارن له‌و فه‌لسه‌فه‌یه بده‌ن. كه ئه‌مڕۆ له دوای داڕوخانی سیسته‌می ئابووری جیهانی و ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه سه‌رمایه تێیكه‌وتووه، دووباره مێزی دایالۆگ و ئه‌جێندای ئه‌ڵته‌رناتیڤی داگیركردۆتهوه . رۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك نیوۆرك – تایمز كه به‌شێكی تایبه‌تی به باس و لێكۆڵینه‌وه‌كانی ماركس كرده‌وه له دوای ئه‌و داڕوخانه و رۆژنامه‌ی فاینانشڵ تایمزی زمان حاڵی سه‌رمایه‌داری ئه‌مڕۆ كه له مانشێتی سه‌ره‌كیدا نكوڵی له‌وه نه‌كرد كه “ماركس گه‌ڕایه‌وه.” و چه‌ندین باره چاپكردنه‌وه‌ی كتێبی سه‌رمایه‌ی ماركس له ساڵی 2008 دا ، كه له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ئیفلاسی بانكه جیهانییه‌كان له بازاڕدا تیراژی نه‌ما، به‌هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێنه‌ران بۆ ره‌خنه‌كانی ئه‌و له سه‌رمایه، تێكڕا به‌ڵگه‌ی ئه‌و گه‌ڕانه‌وه چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ی ماركس و زانستی سۆسیالیزم و تێڕوانین و ئه‌ڵته‌رناتیڤه سیاسی و ئابوری و كۆمهڵایهتیهكانیهتی بۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه ئه‌مڕۆ قازانجی ئابووری تایبه‌تی ده‌خاته پیش هه‌موو پێداویستییه‌كی مرۆییه‌وه و له پێناو به‌رفراوانكردنی ئه‌و قازانجهشدا بێباكانه جه‌نگ و ماڵوێرانی و هه‌ژاری به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا ده‌سه‌پێنیت.
ماركس كه ئاماژه ده‌كات “فه‌یله‌سوفه‌كان دنیایان به شێوه‌ی جۆراو جۆر پێناسه كردووه و قسه له سه‌ر گۆڕینییه‌تی، ” له ڕاستیدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و شیكردنه‌وه‌یه‌ی بهخیتارهوه نییه كه له وتاره‌كه‌یدا كردوویه‌تی. ماركسیزم وه‌ك زانستێك ، كه دڵی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی گۆڕانه، چۆن ده‌كرێت بڕوای به ته‌فسیركردنی نوێ نه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر خودی فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزم بناغه‌كه‌ی به‌رهه‌می ته‌فسیری جیاواز نه‌بوو بێت ، ئه‌و هه‌موو ڕه‌وت و ئایدۆلۆژیا و هێڵه تیۆرییه جیاوازانه‌ی لێوه درووست ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر له كاتی هه‌وڵدان بۆ پراكتیككردنی له هه‌لومه‌رجه جیاوازه‌كاندا و به كات و شوێن و كه‌شی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووری ناوچه جیایاكان پێناسه‌ی خۆی نه‌بووبێت ، چۆن ئه‌و دابه‌شبوونانه له تیۆر و تێگه‌یشتنیدا ده‌بن ؟ بێمانایه ته‌پڵی ئه‌وه لێبده‌یت كه ماركس و ماركسیزم بڕوایان به ته‌فسیری نوێ نه‌بووه و نییه، ئاخر ماركس و ئه‌نگلس له نیوه‌ی نووسینه‌كانی” مانیفێستی كۆمۆنیست” ی خۆیان و دواتر ره‌خنه ده‌گرن و ته‌نانه‌ت له شێوازی داڕشتنیشیدا په‌شیمان ده‌بنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه خاڵی بێت له ته‌فسیری نوێ ، چۆن ده‌كرێت نۆستالژیای خۆی بخاته به‌ر رۆشنایی ره‌خنه ؟ ماركس و ئه‌نگلس داوای شۆرشێكی ده‌ستبه‌جێی پرۆلیتاریا ده‌كه‌ن له مانیفێستی كۆمۆنیزمدا، كه‌چی سێ ده‌یه دواتر، به‌رنامه‌ی پارتی سۆسیالیستی فه‌ره‌نسا ده‌نوسنه‌وه و ، وه‌ك تاكتیك بۆ به‌شداری خه‌ڵك دیموكراسی له وڵاته پیشكه‌وتووه پیشه‌سازییه‌كاندا به ڕێگای سۆسیالیزم ده‌ناسێنن ، یان “داوا ده‌ستبه‌جێكان” كه زۆر پێش شۆرش به خه‌باتی سیاسی دێنه قۆناغی پراكتیكه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه، ئاخر ئه‌م بۆچون و پێناسه جیاوازانه چۆن په‌یدا ده‌بن ئه‌گه‌ر بڕوایان به گۆڕانكاری نه‌بێت ؟
ساڵی پار كه له زانكۆی كۆمۆنیزمدا ئاماده بووم و له زانكۆی (گۆڵد سمیس)ی له‌نده‌ن به‌ڕێوه چوو و چه‌ندین پرۆفیسۆر و تیۆریزانی زانسته‌كانی كۆمه‌ڵناسی و ئه‌نترۆپۆلۆژیا ئاماده‌ی بوون. كریس نایت، كه پرۆفیسۆرێكی به‌ڕیتانیه له زانستی ئه‌نترۆپۆلۆژیادا ، وه‌ك ماركسیستێك سیمینارێكی به‌نرخی پێشكه‌ش كرد له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له كتێبی “خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و خێزان و ده‌وڵه‌ت”دا، ئه‌نگلس چه‌ندین هه‌ڵه‌ی كردووه و پێناسه و پرسی خۆی له ته‌ك لێكدانه‌وه و پێشنیاره تیۆریه‌كانی خۆیدا پێشكه‌ش كردن.هه‌روه‌ها پرۆفیسۆری كه‌نه‌دی، لارس تی لی، كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ” لینینی پێش شۆرش و دوای شۆرش” كرد. ئه‌مه چه‌ند نمونه‌یه‌ك له‌و ماركسیستانه‌ی كه خودی فه‌لسه‌فه‌ی گۆڕانكارییه‌كان ده‌رگاكانی ته‌فسیری نوێی بۆ خستونه‌ته سه‌ر پشت. پاشان ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆر نه‌ڕۆین، ئایا قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت، كه یه‌كێكه له بنكه ئه‌كادیمیه‌كانی دنیای ئه‌مڕۆ، قوتابخانه‌ی نوێ- ماركسیسته‌كان نییه ؟ ماركسیزم وه‌ك زانست، بابه‌ته سایكۆلۆژییه‌كانی به بنچینه‌یه‌كی كۆنكرێتی نه‌گرتبوو و ته‌نانه‌ت له تیڕوانینێكی كۆمه‌ڵناسییه‌وه ده‌یڕوانییه نامۆیی له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا، به‌ڵام ئه‌وه قوتابخانه‌ی فرانكفۆرت و هاوشێوه‌كانی بوون، كه چه‌ندین بیرمه‌ندی ماركسیستیان له زانستی سایكۆلۆژیادا درووست كرد. ده‌ره‌نجام ئێرك فرۆم و چه‌ندان ئه‌كادیمی تر له به‌رامبه‌ردا ئه‌و بابه‌ته زانستییه‌یان بۆ ماركسیزم زیاد كرد، ده‌كرێت بڵیین له پرۆسه‌یه‌كی دایالێكتیكیدا وه‌ك ماركسیزم لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. ئاخر با زۆر سانا بپرسین، گه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌ك ته‌فسیری نوێ هه‌ناوی نه‌بێت، ده‌كرێت ئه‌و شێوه گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییانه له خۆیدا بكات ؟ ڕه‌خنه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی بۆچونه‌كه‌ی (هال دراپه‌ر) ی بیرهێنامه‌وه كه ده‌ڵێت :” ماركسیزم زۆرترین پێناسه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ كراوه و یه‌كه‌مینیان له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات كه وشه‌ی دیكاتۆری پرۆلیتاریای ماركس به دیكتاتۆرییه‌ت لێك ده‌داته‌وه.”
ئه‌و دێڕه‌ی كارڵ ماركس، كه به‌ختیار عه‌لی ره‌خنه‌ی لێگرتووه، “فه‌یله‌سوفه‌كان دنیایان به شێوه‌ی جۆراو جۆر پێناسه كردووه و قسه له سه‌ر گۆڕینییه‌تی، ” له نامیلكه‌ی فه‌لسه‌فی “تێزه‌كان ده‌رباه‌ری فیورباخ” دایه‌و، ماركس تیایدا ره‌خنه ده‌گرێت له بیرۆكه‌كانی فیۆرباخی گه‌نجه هێگڵی هاوڕیی و، له‌وێشه‌وه ته‌واوی ئایدیالیزمی هێگڵی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. له‌و تێزانه‌دا، ماركس له ره‌خنه‌كانییه‌وه ده‌گاته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه هۆشیاری تاكه‌كان به‌رهه‌می گۆڕانكارییه ماتریاله‌كانی چواردهوهرن و، دواتر ئه‌و هۆشیاریه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنه‌ری بیرۆكه‌كان و هه‌وڵده‌دات چوارده‌ور بگۆڕێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر دیكتاتۆره‌كان نه‌بونایه سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی دنیای عه‌ره‌بی نه‌ده‌بوون. به پێچه‌وانه‌ی به‌ختیار عه‌لییه‌وه كه له نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا ده‌ڵێ “من بڕوام به تاكه نه‌ك كۆمه‌ڵ” كه له ڕاستیدا جیاوازییه‌كی نییه له ئارگومینتی هێزه كۆنه‌پارێزه‌كان كه درووستكه‌ری ڕۆحی دێوه‌زمه‌ی كاریزمان به سه‌ر خه‌ڵكه‌وه. به‌ختیار عه‌لی دواتر ده‌ڵێت “دهستۆیڤسكیم پێباشتره له شه‌عبی رووسی” به‌ڵام به‌داخه‌وه كه له‌خۆی ناپرسێت ئه‌گه‌ر گه‌لی ڕووسی و هه‌لومه‌رجی ژیانی ئه‌و گه‌له نه‌بوایه، دهستۆیڤسكیش نه‌ده‌بوو. له‌وێوه ماركس كاردانه‌وه‌ی سیاسی به هه‌ناوی راسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فه ناساند و ته‌واوی بیرۆكه و ویژدانی ئایدیالیستهكانی خسته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی مێژووییه‌وه، .ئه‌و كاته ئایدیالیسته‌كان ته‌نها خه‌ریكی پێناسه جیاوازه‌كانیان بوون و له كۆشكی پاشاكاندا و له دڵی شانشینی پروسیا كه به‌شێك بوو له كۆنفیدراسیۆنی ئه‌ڵمانی، نوخبهییانه تاقێكیان بۆ خۆیان داگیر كرد بوو، په‌تایه‌ك كه له ڕه‌وتی ڕۆشنگه‌ری ئه‌مڕۆی كوردیدا به‌رچاو ده‌كه‌وێت و “ڕوناكبیره”نوێ – لیبڕاڵ و پاسیڤه‌كان نوێنه‌رایه‌تییه‌كی جدی ده‌كه‌ن.
له ڕۆمانی شاری مۆسیقاره سپییهكانیشدا، به‌ختیار هه‌مان ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ی ماركس كردووه كه ئاماژه ده‌كات پێش ئه‌وه‌ی ماركس بیری له جوانی كردبێته‌وه بیری له گۆڕینی دنیا كرده‌وه. من نازانم به‌ختیار عه‌لی له كام جوانی ده‌دوێت؟ مردنی ملیۆنێك منداڵی برسی له كیشوه‌ری ئه‌فریكا به‌هۆی هه‌ژارییه‌وه، جه‌نگ و هه‌ژمونی میلیتاریزم، تیرۆری ئاشتی، نه‌ژاد په‌رستی ، پیسبوونی ژینگه، پیشێلكردنی مافی میلله‌تان له دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیاندا وه‌ك كورد، كۆنتڕۆلی میدیا و گۆره‌پانی بیركردنه‌وه، ترافیكی سێكس به ژنان ، كام جوانیانه؟ نادادپه‌روه‌ری و نایه‌كسانی و داپڵۆسین ، هه‌موو ئه‌وانه كه ماركس و زانستی ماكرسیزم خوازیاره بنبڕیان بكه‌ن له كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا بۆ دنیایه‌كی باشتر؟
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م كاتێك دنیا له ژێڕ فه‌رمانڕه‌وایی ڕژێمی پاشایه‌تیدا بوو له ده‌وڵه‌ته پیسكهوتوخوازهكانی ئه‌و ده‌مانه، له به‌رامبه‌ردا، ئه‌وه سۆسیالیسته‌كان بوون پراكتیكی دیموكراتییان ده‌كرد له‌ناو رێكخراوهكانیاندا. زۆرجار ئه‌و به‌راوردكارییه ده‌كه‌م.
كه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، پارتی سۆسیال دیموكراسی ئه‌ڵمانیا 120 رۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی هیڵه سیاسییه ماركسیسته جیاوازه‌كانی ناوخۆی پارته‌كه‌ی ده‌رده‌كرد. هه‌روه‌ها سه‌رباری هه‌بوونی چه‌ندین پارتی ماركسیستی جیاواز له وڵاتی روسیا وه‌ك مهنشهفییهكان باڵی پلیخانۆفی باوكی ماكرسیزمی رووسی له‌گه‌ڵ پارتی سۆسیالیسته شۆرشگێره‌كان، ته‌نها له ناو پارتی كرێكارانی سۆسیالیست دیموكرات باڵی به‌لشه‌فیدا زیاتر له 90 فراكسیۆنی جیاواز هه‌بوون. له‌شۆڕشی شكستخواردوی ساڵی1917 ی روسیا و دواتر له شۆرشی ئیسپانیای 1936دا، شانبه‌شانی پیاوان، بۆ یه‌كه‌مین جار ژنان خه‌باتیان ده‌كرد و یه‌كسانی ته‌واوی ئابووری و كه‌لتووری خۆیان له ڕێی ئه‌و بزووتنه‌وانه‌وه به‌ده‌ستهێنا. ئه‌مڕۆكه مێژووناسان ، وه‌ك پرۆفیسۆری مێژووی یاسا له زانكۆی ئۆكسفۆرد، مایك مهكنیر، ئه‌وه ناشارنه‌وه كه فشاری فه‌راهه‌مكردنی مافه یه‌كسانییه‌كان له روسیای دوای 1917 مافی ده‌نگدانی بۆ ژنان له به‌ڕیتانیا و چه‌ندین وڵاتانی تری ئه‌وروپا به‌ده‌ستهێنا. وڵاتی به‌ڕیتانیای نوێنه‌ری دیموكراسی بۆرژوازی ئه‌مڕۆ، هه‌نوكه‌ش له ژێر فه‌رمانڕه‌وای شانشیندایه و به باجی كاری تاكه‌كان خانه‌واده‌ی شاژن باشترین ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن سه‌رباری ئه‌وه‌ی لهڕاپرسییهكی گشتیدا خه‌ڵكی ئه‌و سیسته‌مه‌یان ره‌تكرده‌وه. ئێستاش كرێی كار بۆ ژنان و پیاوان له‌و وڵاته یه‌كسان نییه و ئاینیش له ده‌وڵه‌ت جوێ نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه ته‌فسیره نوێگهریهكانی ماركسیزم بوون سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له پراكتیكدا، كه ڕاسته دوای هاتنی ستالینیزم گۆرانكاری زۆر نیگه‌تیڤیان به‌سه‌ردا هات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌ی لافی “دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری” لێده‌ده‌ن نهیاتنتوانهوه نیوه‌ی ئه‌و دادپه‌روه‌ریانه بخه‌نه بواری جێبه‌جیكردنه‌وه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا.
بۆچونكهی ماركس ، له بنچینه‌وه پێچه‌وانه‌ی ڕه‌خنه به‌سه‌رچووه بێبناغهكهی به‌ختیار عه‌لییه. به‌ڕاستی هیچ نه‌بوایه ، به‌ختیار عه‌لی كه وه‌ك نووسه‌رێك ده‌بوو باكگراوندێكی گشتی له سه‌ر فه‌لسه‌فه و مێژوو و ململانێ فكرییه‌كان وێنا بكردایه، نه‌ك هێنده ساویلكانه به غروره‌وه رۆتینیانه ره‌خنه بگرێت. به‌ڵام بۆ به‌ختیار عه‌لی كه له نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا ده‌ڵێ ” گه‌لی ڕووسی ستالینیزمی درووستكرد” له كاتێكدا ئه‌م زانیارییه هه‌ڵه‌یه و گه‌لی ڕووس كه‌مترین دانیشتوانی ڕوسیا بوون، ته‌نانه‌ت له پێش شۆڕشی ئوكتۆبه‌ر، له سه‌دا 58% ی دانیشتوانی ڕووسیا به نه‌ژاد ڕووس نه‌بوون، ده‌توانین هه‌رئه‌وه‌نده‌ی لێچاوه‌ڕوان بكه‌ین له وروژاندنی ئه‌م بابه‌تانه‌دا، ئه‌و هه‌ڵانه‌ش بێئاگایی به‌ختیار عه‌لی ده‌رده‌خه‌ن له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی كه خوازیار بووه رۆتینیانه تێكی بشكێنێت، ئاخر ئه‌مه ئه‌گه‌ر غرورێكی ساویلكانه نه‌بێت ده‌كرێت پێناسه‌یه‌كی باشتری بۆ بكه‌ین؟ بریا، بیرمه‌ندێكی كوردمان هه‌بوایه وه‌ك ماركس بیوتایه “تاكه شتێك ده‌یزانم ئه‌وه‌یه كه من ماركسیست نیم.”
ئه‌گه‌ر به‌ختیار عه‌لی له‌و ڕووه‌شه‌وه ره‌خنه‌كانی ئاراسته بكات، كه ئه‌و دێڕه‌ی ماركس بۆته به‌هانه‌یه‌ك بۆ نهخویندنهوه و نه‌چونه قوڵایی بابه‌ته‌كانه‌وه، دووباره تیڕوانینێكی هه‌ڵه‌ی پێشنیار كردووه. وه‌ك هه‌ندێك له بیرمه‌ندان ئاماژه ده‌كه‌ن كه مێژووی مۆدێرنی مرۆڤایه‌تی له نووسینی مانیفیستهوه هه‌تاوه‌كو ئێستا “دایالۆگه له‌گه‌ڵ ماركسیزم”دا، هیچ زانستێك نییه له ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵی مرۆڤدا ماركسیزم ته‌فسیری نوێی خۆی بۆ نه‌بێت، ته‌نانه‌ت له‌و بوارانه‌شدا كه خودی ماركس و ئه‌نگلس وێڵیان كردبوون، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی زیندوێتی ڕه‌خنه و لێكدانه‌وه و چاره‌سه‌ر و رێگاچاره نوێخوازییه‌كانی ماكرسیزمن. پێویست ناكات نموونه‌ی هه‌زاران بیرمه‌ند و زانایان و ئه‌دیبانی جیهانی وه‌ك ژۆژیك و ئهنشتیان و برێخت بهێنینه‌وه، هه‌ر له كوردستان ئه‌وه ماركسیزم و دیموكراتی- سۆسیالیزم بوو كه بووه بهرههمهینهری یه‌كه‌مین بزووتنه‌وه‌ی پێشكه‌وتوخوازی شۆڕشگێر- دیموكرات سۆسیالیستی وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی ژێ-كاف له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، یان زانایانی كوردی وه‌ك عه‌بدول ڕه‌حمان زه‌بیحی زمانه‌وان و هاوه‌ڵانی كه به چه‌ندین تێڕوانین و تێگه‌یشتنی جیاوازه‌وه بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری كوردیان برده قۆناغه جیاوازه‌كانییه‌وه. یه‌كه‌مین ڕۆژمێری كوردی كه له رۆژنامه‌ی كوردستانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێ- كافدا بڵاو بۆته‌وه به‌رهه‌مه‌ی ئه‌و زانسته بووه و یه‌كه‌مین فیلمی كوردی كه خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی كانی پێبه‌خشرا له ساڵی 1983، به‌رهه‌می ده‌رهێنه‌ری ماركسیستی كورد له باكور یه‌ڵماز گیوناییه و، له سوریاش محه‌مه‌د شێخۆ و چه‌ندانی تر، ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌ش سیاسه‌تی ماركسیزمیان پراكتیك كردبێت ده‌ره‌نجام هونه‌ر و داهێنانیان له په‌روه‌رده‌ی ئه‌و قوتابخانه فه‌لسه‌فییه‌وه به‌رهه‌مهێنراون. ئه‌گه‌ر زانستی ماركسیزم لێوان لیو نه‌بێت له خه‌یاڵ و ته‌فسیری نوێ، چۆن ده‌كرێت له هونه‌ر و سینه‌ما و داهێنانه‌كاندا رۆڵی زێده گرنگی خۆی بگێڕێت؟
به‌ختیاری عه‌لی بێگومان ئه‌دیبێكی پڕ نوێگه‌رییه ، هه‌تاوه‌كو ئه‌ده‌بی كوردی هه‌بێت شاری مۆسیقاره سپییه‌كان یه‌كێكه له شاكاره‌كانی. بیگومان نووسینه‌كانی كاریگه‌ری جدی خۆیان به‌سه‌ر هه‌زاران گه‌نجی وه‌ك منه‌وه به‌جێ هێشتووه، گه‌رانه‌وه بۆ غه‌زه‌ل و پاكی سۆفیزم له ژانره خهێاڵیهكاندا له ده‌قی ئه‌ده‌بی مۆدیرنی كوردیدا بێوێنه‌ن، به‌ڵام كاتێك پێده‌خاته ناو سیاسه‌ت و راسته‌وخۆ خوازیاره فه‌توای فه‌لسه‌فی بدات له دیدگایه‌كی پاسیڤی نوێ – لیبڕالییهوه، هه‌وڵه‌كانی زۆر كورت ده‌هێنن، به تایبه‌تی بابه‌ته‌كانی وه‌ك ئه‌م نووسینه‌ی، كه هه‌وڵده‌دات به كۆپیكردنی میتۆدێكی به‌سه‌رچووی نووسه‌ره نوێ- لیبڕاڵه‌كان به ئارگومێنتێكی خاڵی له فیكر و فه‌لسه‌فه و زانیاری درووست له ماركسیزم بدات، ڕه‌خنه‌كانی به‌ختیار عه‌لی هه‌ر وه‌ك ئه‌وانه‌ی فۆكۆیاما له دنیای ئه‌مڕۆدا باوی نه‌ماوه و چیدی له ناو دایالۆگه مهنقیهكاندا جێگایه‌كیان بۆ نهماوهته. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی به‌ختیار عه‌لی ، سه‌لماندی و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه بیرۆكه‌كانی ئه‌ویش به‌شێكی لێنه‌بڕاوه‌ی ئه‌و تێڕوانین و لێكدانهوانهن ، به قه‌ولی ماركس، ئایدیاكانی چینی فه‌رمانڕه‌وا كه ئایدیای باوی سه‌رده‌می خۆیانن و بۆرژوازی له ڕێگای ده‌سه‌ڵات و داپڵۆسین و ئاشتهوانییهوه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیدا سه‌پاندوونی “جارێك به كۆمیدیا و جارێكی تر به تراژیدیا” وه له ڕێگای كه‌ناڵه كهلتورری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و ئابووری و سیاسییه‌كانیه‌وه، بۆرژوازی به سه‌ر ته‌واوی كۆمه‌ڵگه و به سه‌ر به‌ختیار عهلییهكاندا په‌خشیان ده‌كات.
ئەم وتارە لە ژمارە ٩٣١ هەفتەنامەی “ڕێگای کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە.