یه‌كێتی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو
به بنه‌ست گه‌یشتنی عه‌قڵیه‌تی واقیعیانه‌ی سیاسی یه‌كێتی له‌وه‌دا ده‌ركه‌وت كاتێك كه هه‌ستیكرد پارتی له‌م یاریه‌دا براوه‌ی یه‌كه‌مه، ئه‌مه له‌كاتێكدا دۆڕاوی هه‌ره گه‌وره تا هه‌فته‌ی رابردوو پارتی بوو، چونكه ره‌فتاری ئه‌و هێزه له رابردوودا ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماندوه كه ته‌زوی نێوان گه‌ڕانه‌وه بۆ دنیای دیموكراسی ده‌مێكه پچڕاوه. ره‌فتاره‌كانی ئه‌مڕۆی “جه‌نراڵه تۆقێنه‌ره‌كان”ی یه‌كێتیش هه‌ر هه‌مان هه‌ڵه به‌سه‌ر حزبه‌كه‌یاندا ده‌هێنن، ئه‌مه ئه‌و شیكردنه‌وه خراپه‌یه كه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ دۆخه‌كه‌ی كردووه و دۆستێكیشی نیه پێیبڵێت: ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه و پاڵنانه به یه‌كێتیه‌كی نه‌خۆشه‌وه بۆ مه‌رگێكی هه‌میشه‌یی.
ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا سلێمانی و ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی پێدا تێده‌په‌ڕێت هه‌موومانی گه‌یانده ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه “یه‌كێتیه ره‌فتار پارتیه‌كان”ی ناو یه‌كێتی خاوه‌ن بڕیارن و ده‌یانه‌وێت له‌مڕۆدا راشكاوانه یه‌كێتی له‌سه‌ر فۆرمی پارتی بۆیاخ بكه‌ن و به كرده‌یش ئه‌مه‌یان بۆ چووه‌سه‌ر و بوار و هه‌له زێڕینه‌كانی یه‌كێتیه‌كان سوتاند و به لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان ئه‌و قه‌ڵه‌مه یهكێتیانهشیان رهشتركرد كه هێشتا ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێین: “یه‌كێتی دیموكراسیتر و فره‌جه‌مسه‌ر و ئازادتر و…تاد،یه” دیاره چیتر له‌م رسته‌یه بێماناتر نابێت گه‌ر وه‌ك پێناسه به‌باڵای یه‌كێتیدا بیبڕین.
ئه‌وه سلێمانی بووبه سه‌ربازگه و یه‌ك كه‌سی به‌ناو باڵی ڕادیكاڵی یه‌كێتی نه‌هاته قسه. ئه‌وه ئینسان له‌م شاره ده‌كوژرێت و قه‌ڵه‌مه‌كانی یه‌كێتی نه بایان دیوه و نه‌بۆران! ئیتر نوكته‌یه‌كی گه‌وره‌یه باس له باڵی ڕادیكاڵ و خوێنده‌واری ناو یه‌كێتی بكه‌ین. جیاوازی نێوان به‌رپرسه سه‌ربازیه‌كانیان و قه‌ڵه‌مه‌كانیان نیه، ئه‌وان ئینسان ده‌كوژن و ئه‌مانیش ئاگره‌كه خۆش ده‌كه‌ن و دوژمن بۆ یه‌كێتی داده‌تاشن، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆیان بزانن ئێستا دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كێتی كه‌س نیه جگه له خۆیان و هێزه‌كانیان كه خه‌ریكن ئه‌م ڕێكخراوه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن. به ئاگاییه‌كی رێكخراوه‌وه سه‌رگه‌رمی پرۆسه‌ی تۆقاندن و كێبهركێكردنن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه پارتیهكهیاندا بۆ سه‌ركوتكاری و كۆتكردنی ئازادیه‌كان.
دوو ڕۆژی ڕابردوو زۆر شت یهكلاییبوویهوه. ئه‌و درۆیه‌ش نه‌ما یه‌كێتی بڵێ له سلێمانی خه‌ڵك له دهۆك و هه‌ولێر ئازادتره و دیموكراسی و ئازادی له‌سایه‌ی یه‌كێتیدا به‌رقه‌راره. ئه‌وه بوو به سهراب و زانرا سروشتی ئه‌م شاره خۆی پڕه له سه‌ركێشی و هێزه‌كان تێكده‌شكێنێت نه‌ك دروستكردنی ئه‌و فه‌زایه “دیموكراسیه‌تی” یه‌كێتی به‌رهه‌مهێنه‌ری بێت.
ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا له سلێمانی ده‌بینرێت چه‌ند ده‌ركه‌وته‌یه‌كی پێوتین ده‌كرێت هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین. پارتی زۆر وریایانه یه‌كێتی ڕاكێشایه مه‌یدانی سهركوتكاریهوه، ئه‌مه‌ش جارێكی‌تر سه‌لماندنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه بوو كه له ئێستادا ئه‌م هێزه ئیراده‌ی نه‌ماوه و زۆر به ئاسانی ده‌چێته ژێر كاریگه‌ری كرده‌وه‌كانی پارتیه‌وه. لێره‌وه ئه‌و ره‌خنه گه‌وره‌یه‌ش دهسلمێتهوه كه ده‌یانووت رێكه‌وتنی ستراتیژی جگه له قوتدانی له‌سه‌رخۆی یه‌كێتی شتێكی‌تر نیه. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌م ناوچه‌یه شانازی پێوه ده‌كرد كۆتایی هات و له ئێستاشدا هیچ جیاوازیه‌ك له ڕه‌فتاری یه‌كێتی و پارتیدا نیه. ئه‌مه‌ش به‌دیوه سهركوتكردنهكهیدا سه‌یری بكه‌ین به پارتیكردنی كوردستانه.
ڕه‌نگه بۆ زۆرێك مایه‌ی سه‌رسوڕمان بێت هێزێكی سوسیال دیموكرات په‌نا بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی به‌رێت، په‌نابردنی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی مایه‌پووچی سیاسی ئه‌م هێزه‌ی سه‌لماند، لانیكهمی مایهپوچیهكهش حورمهتنهگرتن بوو له ڕابردووی خۆی. په‌نابردنه به‌ر چاره‌سه‌ری سه‌ربازی له‌لایه‌ن یه‌كێتی بۆ سه‌ركوتكردنی خه‌ڵك وای لێكردین ئیدی نه‌توانین له‌مه‌ودوا خاتری یه‌كێتی بگرین. چونكه هه‌میشه جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه یه‌كێتی له پارتی میانڕه‌وتره. پرۆسه‌ی به سه‌ربازگه‌كردنی سلێمانی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن وامان لێده‌كات چیتر خه‌و به‌وه‌وه نه‌بینین یه‌كێتی ڕۆژێك بێت له پارتی باشتر بێت و هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو جه‌ماوه‌ر تاقیبكاته‌وه.
ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌و سه‌روه‌ریانه‌ی كه یه‌كێتیه‌كان باسی ده‌كه‌ن ئه‌وه بووبێت كه ئه‌م هێزه بۆچوونی جیاوازی تیایه، دۆخی نائارامی ئه‌م دواییه و قورسی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ڕێگه‌ی مه‌ده‌نی یان سه‌ربازی و دواتریش هه‌ڵبژاردنی ئه‌گه‌ری سه‌ربازی، سه‌لماندی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌ناو یه‌كێتیدا به‌دوای ڕێگه‌چاره‌ی مه‌ده‌نیدا بگه‌ڕێت ته‌نها خۆی ماندوو ده‌كات، یاخود ده‌یه‌وێت گیرفانی بژێوی خاڵی نه‌بێت و ده‌ستی له ههمبانهكه و پۆسته‌كان به‌رنه‌بێت. چونكه هه‌ر له كۆنگره‌ی سێی یه‌كێتی و سه‌رخستنی باڵی سه‌ربازی بۆ شوێنی بڕیاردان (مه‌كته‌بی سیاسی) به‌سبوو بۆ هه‌مووان له‌و مه‌سجه بگه‌ین، كه ئیتر یه‌كێتی به‌ره‌و پارتێكی چه‌كداری ده‌چێت و هه‌ڵگرانی چاره‌سه‌ری مه‌ده‌نی له‌ناو ئه‌م ڕێكخراوه‌دا به‌ره‌و كه‌مینه و پوكانه‌وه ده‌چن. ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه و بێده‌نگی هه‌موو یه‌كێتیش له‌م دۆخه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی هه‌ڵگرانی بۆچوونی مه‌ده‌نی و خه‌باتی شار به‌یه‌كجاری له‌ژێر تفه‌نگی به‌رپرسه سهربازیهكانیدا بكاته بێژه‌ر و وته‌بێژی به‌لاغه عه‌سكه‌ریه‌كانی “جه‌نراڵه تۆقێنه‌ره‌كانی تاڵه‌بانی”.
ئه‌وه‌ی ئێستا به‌رپرسه سه‌ربازیه‌كانی یه‌كێتی ده‌یكه‌ن و بێده‌نگی قه‌ڵه‌م و به‌ناو لیبراڵهكانیان سه‌لماندی كه ئه‌م هێزه ناتوانێت چیتر مه‌ده‌نی بێت. ناتوانێت چیتر سلێمانی بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخی جارانی، چونكه یه‌كێتی جڵه‌وی ئه‌م سهركوتكركردنهی داوه‌ته چه‌ند به‌رپرسێكی سه‌ربازی كه به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه خه‌ریكه تابوته‌كه‌ی یه‌كێتی له خه‌ره‌ندێكی به‌رزه‌وه به‌رده‌ده‌نه خواره‌وه و به‌یه‌كجاری ده‌یكه‌نه شه‌ریكی دراوسێ سته‌مكاره‌كانی.